ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە ئەمریکیەوە)
Jump to navigation Jump to search
ویلایەتە یەکگرتووەکان
United States of America
[[ی ویلایەتە یەکگرتووەکان |]]
دروشم: In God We Trust
"بەخودا متمانە دەکەین"
سروود: ئاڵای پڕ لە ئەستێرە
پایتەختواشینگتۆن دی سی
38°53′N 77°02′W / 38.883°N 77.033°W / 38.883; -77.033
گەورەترین نیویۆرک
زمانە فەرمییەکان زمانی فەرمی نییە لە ئاستی فیدڕاڵی
گرووپە ڕەگەزییەکان  ئەوروپیە-ئەمریکیەکان (سپی)%٧٢٫٤، ئەفریقە-ئەمریکیەکان (رەش)%١٢٫٦، ئاسیایە-ئەمریکیەکان (ئاسیای)%٤٫٨، ئەمریکیە ھیندیەکان و رەسەنەکانی ئالاسکا%٠٫٩، ھاوایە رەسەنەکان%٠٫٢، ئەوانی تر%٦٫٢
دەوڵەت کۆماری فیدڕاڵ
 -  سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ
 -  جێگری سەرۆک جۆزێف بایدن
سەربەخۆیی
ڕووبەر
 -  ٩٨٢٦٦٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە 
ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "٩" مایلی چوارگۆشە 
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی ٢٠١٠ ٣٢٢٫٣٦٩٫٣١٩ لە ساڵی (٢٠١٦). وەلاساڵی (٢٠١٠) ٣٠٩٫٣٤٩٫٦٨٩. (٣)
دراو دۆڵار (٤٢١٧)
ناوچەی کاتی ٥ ‏تا ١٠-
لای لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت .us .gov .edu .mil .um

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بەئینگلیزی: United States of America، یونایتد ستەتیس ئۆف ئەمریکا) کۆمارێکی دەستووریی فیدراڵییە کە لە پەنجا ویلایەت و یەک ھەرێمی فیدراڵ پێک ھاتووە. زۆربەی خاکی ئەم وڵاتە لە ناوەندی ئەمریکای باکووردایە. ئەم وڵاتە بریتییە لە ٤٨ ویلایەتی پێکلکاو و ھەرێمی پایتەخت و دەکەوێتە نێوان ئۆقیانووس ئارام و ئۆقیانووسی ئاتلانتیک و لە باکوورەوە لەگەڵ کەنەدا و لە باشوورەوە لەگەڵ مەکسیکدا ھاوسنوورە. ویلایەتی ئالاسکا دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای کیشوەری ئەمریکای باکوور و ھەروەھا ویلایەتی ھاوایی کۆمەڵە دوورگەیەکە لە پاسیفیکی ناویندا.

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٧٧٦ زایینی بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و یەکگرتنی ١٣ داگیرکراوی بەریتانیای گەورە پێک ھاتووە. ئەم وڵاتە ٩٬٨٣ میلیۆن کیلۆمتری چوارگۆشە پانتاییەکەیەتی و نزیکەی ٣٠٨ میلیۆن حشیمەتەکەیەتی. وا مەزەندە دەکرێ فرەنەژادترین وڵاتی جیھانە و ئەم جۆراوجۆرییە بەرھەمی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وڵاتانی ترە بۆ ئەو وڵاتە. ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان گەورەترینە لە جیھاندا.

جوگرافیا[دەستکاری]

ئەم وڵاتە ٩٬٨٢٦٬٩٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە پانتاییەکەیەتی و پاش ڕووسیا و کەنەدا سێھەمین وڵاتی گەورەی جیھانە. پێک ھاتووە لە ٥٠ ویلایەت کە ٤٨یان پێکەوە لکاون، ئەلاسکا و ھاوایی لەوانی دیکە دابڕاون. بەشێک لە زنجیرە شاخەکانی ڕاکی لە لای ڕۆژئاواوە دێتە نێو ئەم وڵاتە و میسیسیپی درێژترین ڕووباری باکووری ئەمریکا لەم وڵاتەدایە.

لە باکوورەوە لکاوە بە کەنەداوە کە لە سەر سنووری لەگەڵ ئەم وڵاتە، تاڤگەی نییاگارا ھەڵکەوتوە و ناودارترین تاڤگەی جیھانە. لە ڕۆژھەڵاتەوە بە ئەتلانتیک و لە ڕۆژاواوە دەگات بە ئوقیانووسی پاسیفیک. لە باشوورەوە دەگاتە کەنداوی مەکسیک.

مێژوو[دەستکاری]

دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا و ھاتنی ئەورووپییەکان[دەستکاری]

وێنەیەک لە پێکدادانی کلتوورەکان، لە نێوان ئەورووپییەکان و دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا

دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا پێیان وایە کە ١٢٠٠ تا ١٤٠٠ ساڵ پێش ئەمە لە کیشوەری ئاسیاوە ھاتوونەتە ئەم وڵاتە نوێیەوە. لە ڕاستیشدا نیشانەی شارستانیەتیێکی کۆن لە قەراخ ڕووباری میسیسیپی دۆزراوەتەوە کە پیشەیان کشتوکاڵ بووە. ئەگەرچی پاش ھاتنی ئەورووپییەکان بۆ ئەم وڵاتە، بە ھۆی ھاتنی نەخۆشییە نوێیەکانەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆریان تێدا چوون.

لە ساڵی ١٤٩٢دا کریستۆف کۆلۆمب، گەشتیاری ناودار، کاتێ لە ژێر فەرمانی پاشای ئیسپانیادا بوو، گەیشتە دوورگەکانی کارائیب و لەوێدا بۆ یەکەم جار ئەورووپییەکان چاویان کەوت بە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە. بە ھۆی ئەوەی کە مەبەست لەو گەشتە، گەیشتن بە وڵاتی ھیند بوو، کاتێ گەیشتنە ئەو وڵاتە بە ھیندیان دەزانی و دانیشتوەکانی بە ھیندی ناسران. پاش ئەوە ھەر یەک لە وڵاتانی دیکە بە سوپایەکەوە لە گۆشەیەکی ئەو وڵاتە دادەبەزین و پارچەیەکیان دەکرد بە بەشی وڵاتی خۆیان؛ وەک ئیسپانیا، ھۆڵەندا و فەڕەنسا.

لە ساڵی ١٧٣٢ ئەم وڵاتە بریتی بوو لە سێزدە ویلایەت کە موستەعمەرەی بەریتانیای گەورە بوون. ھەریەک یاسا و ھەڵبژاردنیان ھەبوو بەڵام لە کۆتاییدا ھەموو یاساکان لەژێر حوکمی بەریتانیادا بوون.

سەربەخۆیی[دەستکاری]

کیشراوەیەک لە کۆبوونەوە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ٤ی ٧ی ١٧٧٦

ئەو خاکەی ئەمرۆ ناوی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدایە لە ڕابردوودا خاکی نەتەوەیەک بووە کە ناویان ھیندیی سوور (sioux indian) بوو. ئەمریکا پێشتر ١٣ ھەرێم بووە کە لە نێوان ئەم ھێزانەدا دابەش کرابوو (ئیمپراتۆریەتی ڕووسی، بەریتانیا، ئیمپراتۆریەتی فەڕەنسی، ھۆلەندا، دانیمارک، ئیتاڵیا، ساکۆنی، پۆلەندا، بەلجیکا، ئیسپانیا، پرتوگال و …) وە بەشێکی کەم ھی ڕەشپێستەکان و ھیندییە سوورەکان بوو.

ئەم جەنگە لە ١٧٥٦ لە لایەن ١٣ کۆلۆنیەکەی بەریتانیا دژی سیاسەتی کۆنگرێس و پەرلەمانی بەریتانیا ھەڵگیرسا. سەرەتا پێشبینیی ئەوەیان نەدەکرد کە شۆڕشەکەیان جەنگی لێ بکەوێتەوە و لە وشکانی و دەریاوە ھێرش کرێتە سەر ئینگلیز.

لە ساڵی ١٧٦٨ بەرەی شۆڕش پێک ھێنرا و چەکیان ھەڵگرت و چەند شارێکیان گرت، بەتایبەت بۆستن و نیویۆرک بەرەی شۆڕش لە ١٨ یەکەی سەربازی پێک ھاتبوو:

یەکەی بۆستن ھۆرم

بەدەست ئەلیکرۆس گریکۆی ئیسپانی بوو کە توانیی لە پەنەما دژی ئینگلیز لە دەریاوە شەڕ بکات و پاکی کاتەوە.

یەکەی دووەم

بەدەست ژەنڕاڵی فەرەنسی گرات فۆنس بوو کە تۆپخانە و ھێزی پیادەی لەبەردەست بوو، توانیی دەوروبەری بۆستن داگیر بکات.

یەکەی سێیەم

بە دەست بنیامین ئەمریکانۆ بوو کە ھێزی تۆپخانە و ئەسپسواری پێ بوو لە دەوروبەری نیوجێرسی شەڕی کرد و داگیری کردن.

یەکەی چوارەم

بە دەست پۆرتگس ھارۆل بوو کە ژەنڕاڵێکی پرتوگالی بوو، و لە دەریاوە ھێزی وشکانیی ئینگلیزی لاواز کرد.

یەکەی پێنجەم

بە دەست مانسۆن گریکۆی ئیسپانی بوو کە ھێزی شۆڕشی گەل بوو و پاڵپشتیان بوو.

یەکەی شەشەمی بۆستن

. بە دەست ژنڕاڵ ماجۆر بنیامین بوو کە جولەکە بوو و بنکە سەربازییەکانی ئینگلیزی داگیر کرد لە دەرەوەی نیویۆرک.

شۆڕش فراوان بوو تا لە ١٧٧٤ توانییان گشت بەرپرسانی ئینگلیز لە کۆنگرێس دەرکەن. بەریتانیا لە ١٧٧٥ جەنگی ڕاگەیاند کە پۆلندا و ھیندییە سوورەکان ھاوپەیمانی بوون. بەڵام لە ڕووی ھێزەوە بەریتانیا زۆر ناوچەی ستراتیژیی لەدەست دابوو؛ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نەمابوو. ھەروەھا بەریتانیا دەیزانی کە کۆتاییی دێ بەڵام دەیویست ھیندییە سوورەکان بە کوشت بدات. لە ١٧٧٨ بەریتانیا ھێزی «دۆزەخی دەریا» یانژی (مارشاڵ)ی داوا کرد کە نیویۆرک بگرێتەوە، بەلام مارشاڵ تەنھا توانیی لە دووریی چەند میلێکەوە تۆپبارانی نیویۆرک بکات. ھەر لەم جەنگانەدا بەریتانیا ٢ میلیۆن ھیندیی سووری کۆمەڵکوژ کرد ھەر لەو ساڵەدا فەڕەنساش جەنگی ڕاگەیاند دژی بەریتانیا. لە ١٧٨١ بەریتانیا ٤٥ ھەزار سەربازی ھێزی تایبەت لەلایەن ژەنڕاڵ جۆرج واشنتۆنەوە بە دیل گیران. لە ١٧٨٣ بەریتانیا پەیمانی ئاشتیی مۆر کرد. ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرەتا کە دامەزرا ١٣ ویلایەت بوو، ئێستا ٥٠ ویلایەتە. لەم جەنگەدا نابێ ڕۆڵی بنیامین فرانکلین لەیاد بکرێت کە ڕێکخراوی ماسۆنیی بەکارھێنا بۆ لاوازکردنی ئینگلیز.

شەڕی ناوخۆ[دەستکاری]

OOjs UI icon article-ltr.svg وتاری سەرەکیشەڕی ناوخۆی ئەمریکا

لە کلتوری بڕێک لە ویلایەتەکانی باشووردا ڕاگرتنی کۆیلە باو بوو؛ بەڵام لە ویلایەتەکانی باکووردا وا نەبوو. بۆیە کاتێک ئەبراھام لینکۆڵن، نوێنەری زۆربەی ویلایەتەکانی باکوور و نوێنەری کۆمارییەکان، لە ساڵی ١٨٦٠دا بووە سەرۆک کۆمار، بانگەوازی لابردنی ئەو یاسا و کلتوورەی دا و ھەموو بەندەکانی بە پێی یاسا ئازاد ژمارد. ئەوە بووە ھۆی ئاڵۆزیی نێوان ویلایەتەکانی باکوور و باشوور. لە ساڵی ١٨٦١ ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ساز بوو کە تا ١٨٨٦ درێژەی کێشا و تێیدا ٦٢٠ھەزار کەس کوژران، بۆیە بە خوێناویترین شەڕی مێژووی ئەم وڵاتە دەناسرێت. لە ئاکامدا باکوورییەکان سەرکەوتن و کۆیلەداری بەپێی یاسا نەما. ئەو ئەفریقی-ئەمریکییانەش کە بەپێی یاسا ئیتر کۆیلە نەبوون، بوونە خاوەن مافی شارومەندی و مافی دەنگدان.

جەنگی جیھانیی یەکەم، سستیی ئابووریی گەورە، جەنگی جیھانیی دووەم[دەستکاری]

لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا، لە ساڵی ١٩١٤ ئەمریکا بێلایەن مایەوە ئەگەرچی زۆربەی خەڵک پاڵپشتیی فەڕەنسا یا بەریتانیایان دەکرد. ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٧ ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی کرد بەڵام گرێبەستی کۆتایی جەنگ کە لە پاریس واژوو کرا پەسەند نەکرد.

لە ساڵانی ١٩٢٠دا چەرخی وڵاتەکە بە تایبەت دۆخی شارە گەورەکانی بە شێوەیەک پێش ئەڕۆیشت کە ئابووری وڵاتی ڕۆژلەدواڕۆژ بێ‌ھێز دەکرد. ساڵی ١٩٢٩ سستی ئابووری ڕوویدا و تێیدا یەک لە چواری خەڵک کار و پیشەی خۆیان لە دەست‌بووەوە، بۆیە ئەو ڕووداوە بە سستی ئابووری گەورە دەناسن.

لەشەڕی جیھانیی دووەم، ئەمریکا دیسان بێلایەن بوو بەڵام پاش داگیرکرانی پۆلەند لە لایەن نازییەکانەوە، ئەمریکا بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بو ھێزەکانی ھاوپەیمانی و دواتر، کە ژاپۆن ھێرشی کردە سەر شارێکی ئەمریکا، بە فەرمی بووە ئەندامی ھاوپەیمانان و تێکەڵ بە شەڕ بوو. ئەمریکا یەکەم وڵاتبوو کە دەستی گەیشتە چەکی ناوەکی و بۆ یەکەم جار لەسەر ھیرۆشیمای ژاپۆندا تاقی کردەوە. شەڕەکە بە کۆڵدانی ژاپۆن کۆتایی ھات.

ئاکامی شەر ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەورووپادا، بەڵام ئەمریکا دوورترین وڵات لە گەرمەی شەڕ بوو بۆیە بێ ئەوەی تووشی خاپووری و تێکچوونی ئابووری بێت بە درێژەی شەڕ گەشەی ئابووری ھەبوو. بە شێوەیەک کە پاش شەڕی جیھانی دووھەم، ئەمریکا بووە زلھێزی ئابووری دونیا.

شەڕی سارد و ململانێی ناوخۆ[دەستکاری]

پاش جەنگی جیھانیی دووەم و لە درێژەی ئەوەی بە جەنگی ساردی دەناسن، ئەمریکا و سۆڤیەت کێبڕکێیان بوو بۆ گرتنی نازناوی زلھێزی جیھان. ھەڵبەت ئەم شەڕە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تێدا نەبوو. ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکوور و چین لە ساڵی ١٩٥٠ تاکوو ١٩٥٣ بە شەڕ ھات کە بە شەڕی کۆریا دەناسرێت. لە ناوخۆشدا بەرنگاری بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان دەبوونەوە.

لە ساڵی ١٩٦١دا سۆڤیەت یەکەمین کەشتیی ئاسمانی بە بنیادەمەوە نارد بۆ بۆشاییی ئاسمان و ئەمە بە جۆرێک نیشانەیەکی پیشکەوتنی سۆڤیەت بوو و ھەروەھا جێگەی مەترسی بۆ ئەمریکا، لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجیای ئەو کەشتییە بۆ بۆردومانی ئەمریکاش دەکرا کەڵکی لێ وەربگیرێت. کێبڕکێی ناوەکیی دوو زلھێزەکە لەم سەردەمەدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەمریکا لە ناوخۆ بەرنگاری بزووتنەوە نەتەوەپرستەکان و ھەروەھا بزووتنەوەی مافخواز بە سەرکردایەتیی مارتین لوسەر کینگ دەبووەوە.

جۆن ئێف کێنێدی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٣دا تیرۆر کرا. کاتێ ڕیچارد نیکسۆن بووە سەرۆک کۆمار، ئەمریکا دەستی بە شەڕێک کرد لە باشووری ئاسیادا (ڤیەتنام) کە سەرکەوتنێکی نەبوو. پاش ڕیسواییەکەی واتێرگەیت، نیکسۆن یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو کە دەستی لە کار کێشاوە.

ھاتنەسەرکاری جیمی کارتێر لە ساڵانی ٧٠دا ھاوچەرخ بوو لەگەڵ بەدیلگیرانی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. بە لەیەکجیابوونەوەی کۆمارەکانی سۆڤیەت، شەڕی سارد کۆتاییی ھات.

سەردەمی ھاوچەرخ[دەستکاری]

لە کاتی دەسەڵاتداریی جۆرج بووش (باوک)، ئەمریکا لە شەڕی کەنداودا بەشداریی کرد. ساڵی ١٩٩٨ کلینتۆن، سەرۆک کۆمار، توشی ڕیسواییەکی سێکسی بوو بەڵام لە دەسەڵات مایەوە. ساڵی ٢٠٠٠ پاش ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کە دادگای باڵای ئەمریکا ڕای کۆتاییی سەبارەت بە ئاکامەکەی دەڕبڕی، جۆرج بووش (کوڕ) بووە سەرۆک کۆمار.

گرووپی ئەلقاعیدە لە ١١ی ٩ی ساڵی ٢٠٠١، زنجیرەیەک جووڵانەوەی تیرۆریستیی لە شارەکانی نیویۆرک و واشینگتن ئەنجام دا کە نزیک بە ٣٠٠٠ کەس کوژراوی لێ کەوتەوە. ئەمریکا بە ھاوکاریی ناتۆ ھێرشی کردە سەر ئەفغانستان و تاڵیبان، دەوڵەتی ئەو کاتی ئەفغانستان، و پاڵپشتی فەرمیی ئەلقاعیدەی سەرەوخوارکرد. لە ساڵی ٢٠٠٣دا و ھەر لە کاتی بووشی کوڕدا ئەمریکا لە درێژەی کێشەکانی لەگەڵ سەدام حوسەین سەرۆک کۆماری عێراق، بە ھاوکاریی زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیھان ھێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە و دەسەڵاتی سەدامی ڕووخاند.

حکوومەت و ڕامیاری[دەستکاری]

ویلایەتە یەکگرتووکان کۆنترین حکوومەتی فیدراڵە. حکوومەتێکی دەستوورییە کە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی بنیات نراوە کە تێیدا تەنانەت مافی کەمینەکانیش لەلایەن دەستوور و یاساوە پارێزراوە. حکوومەت بە پێی یاسای بنچینەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە سەرەکیترین یاسای وڵاتە، لەسەر بنەمای جوداییی ھێزەکان دانراوە.

لە سیستەمی فیدڕاڵی ئەمریکیدا، حکومەت بە سێ بەشی ناوچەیی، فیدڕاڵی و ویلایەتی دابەش کراوە. بەشی ناوچەیی وەک شارەوانی ئەو ناوچە ئەرکەکانی خزمەتگوزاری لە ئەستۆیە.

بەشی فیدڕاڵی خۆی لە سێ ژێربەشی دیکە پێک ھاتووە:

  • دەستووری: پێک ھاتووە لە مەجلیسی پیرانی ئەمریکا و ماڵی نوێنەرەکان و ئەم ئەرکانەیان لەئەستۆیە: پەسندکردنی یاسای فیدڕاڵی، ڕاگەیاندنی شەڕ، چاودێریی بەشەکانی دیکەی حکوومەت و لێپرسینەوە کە لە ئاکامی ئەمەدا دەتوانن کەسانێک لە حکوومەت لابەرن.
  • جێبەجێکار: سەرۆک کۆمار، سکرتێری گشتیی ھەموو ھێزە سەربازییەکانە، دەتوانێ پەسندکراوەکانی پەرلەمانەکان (پێش ئەوەی ببن بە یاسا) ھەڵوەشێنێتەوە. ھەروەھا دەتوانێ وەزیرەکانی کابینە ھەڵبژێرێت (پێویستی بە پەسندکران لە لایەن سەناوە ھەیە)
  • دادوەری: دادگای باڵا و دادگاکانی فیدڕاڵ کە سەرۆکەکانی لەلایەن سەرۆک کۆمار و بە پەسەندی سەنا دادەنرێ، چاودێریی یاسا و چۆنێتیی جێبەجێکردنی دەکەن.

ماڵی نوێنەران ٤٣٥ نوێنەری ھەیە کە مافی دەنگدانیان ھەیە و ھەریەک نوێنەرایەتیی ویلایەتی خۆیان بۆ وادەی ٢ ساڵ دەکەن. ژمارەی نوێنەرانی ھەر ویلایەتەک بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ویلایەتە دادەنرێت کە ھەر دەساڵ جارێک ژمارەی حەشیمەت مەزەندە دەکرێت. بۆ نموونە چەن ویلایەت کەمینەی ژمارەی نوێنەرەکان واتا ١ نوێنەریان ھەیە و ویلایەتی کالیفۆرنیا ٥٣ نوێنەری ھەیە.

سەنا ١٠٠ نوێنەری ھەیە واتە ھەر ویلایەتەک ٢ نوێنەری ھەیە. سیناتۆرەکان بۆ ماوەی لانی زۆر ٦ ساڵ ھەلدەبژێردرێن، ئەگەرچی ھەر ساڵناساڵێ یەک لەسەر سێی کورسییەکان دیسان ھەڵبژاردنی بۆ دەکرێت. وادەی خزمەتی سەرۆک کۆمار ٤ ساڵە و دەتوانێ ھەتا دووجار سەرۆک بمێنێتەوە. سەرۆک کۆمار بە ڕای ڕاستەوخۆی خەڵک پەسند ناکرێ بەڵکوو لە لایەن لێژنەی ھەڵبژاردنەوە دەستنیشان دەکرێت. دادگای باڵای ئەمریکا خاوەنی ٩ ئەندامە و ھەتاھەتاییشە.

حیزبەکان[دەستکاری]

ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ زۆربەی مێژووەکەی خاوەنی سیستەمێکی دوو حیزبی بووە. ئەو دوو حیزبە ئەمانەن: حیزبی دیموکرات لە دامەزانی ١٨٢٤ و کۆماری لە دامەزرانی ١٨٥٤. لە ھەلبژاردنەکانیشدا، نوێنەرانی ئەو دوو حیزبە وەک نوێنەرانی سەرەکیی جەماور لە قەڵەم دەدرێن. تەنھا لە ساڵی ١٩١٢دا بوو کە ثیئۆدۆر ڕوزوێڵت بووە سەرۆک کۆمار کە ئەندامی ھیچ یەک لەم دوو حیزبە سەرەکییە نەبوو و لە سەدا بیستی ڕای جەماوەری ھێنا. پاش ئەم دوو حیزبە گەورە، سێھەمین حیزب، حیزبی ئازادیخوازەکانە.

لە کلتووری ڕامیاریی ئەمریکادا، کۆماریخوازەکان زیاتر بە خۆپارێز (لایەنی ڕاست) دەناسرێن و دیموکراتەکان بە لیبەڕاڵ (لایەنی چەپ) بەناوبانگن. ویلایەتەکانی باکوور-ڕۆژھەڵات و کەناری ڕۆژاوا بە «شین» و پشتیوانی دیموکرات و ویلایەتەکانی باشوور و زۆربەی ویلایەتەکانی ڕۆژاوا «سوور» و پشتیوانی کۆماریخوازەکانن.

باراک ئۆباما نوێنەری دیموکراتەکان، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا کە ساڵی ٢٠٠٨ ھەڵبژێردرا، ٤٤ـەمین سەرۆک کۆماری وڵاتە (٤٣ کەس). لە ئێستادا مەجلیسی پیرانی ئەمریکا ٥١ ئەندامی دیموکراتی ھەیە، ٢ ئەندامی سەربەخۆ کە ھاوکاری دیموکراتەکان دەکەن و ٤٧ ئەندامی کۆمارخوازی ھەیە. ماڵی نوێنەرەکان ٢٤٢ ئەندامی کۆماریخواز و ١٩٢ دیموکراتی ھەیە (کورسییەک بەتاڵە).

پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوە[دەستکاری]

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاریگەریی ھەیە لەسەر دۆخی ئابووری، ڕامیاری و سەربازیی جیھان. ئەندامی ھەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و شاری نیویۆرک خاوەنماڵی بارگەی سەرۆکایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەندامی ھەردوو جی-٨ و جی-٢٠ و ھەروەھا ڕێکخراوی ھاوکاریی ئابووری و ئاوەدانییە. زۆربەی وڵاتانی جیھان لە واشنگتن دی سی باڵوێزخانەیان ھەیە و بە ھەمان شێوە ئەمریکاش لەم وڵاتانە باڵوێزخانەی ھەیە. بێجگە لە ئێران، کووبا، کۆریای باکوور، بۆتان، و کۆماری چین (تایوان).

ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تایبەتی ھەیە لەگەڵ بەریتانیا و پەیوەندییەکی قایمی ھەیە لەگەڵ کەنەدا، ئۆسترالیا، نیوزیلاند، فیلیپین، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئیسرائیل و ھەروەھا چەن وڵاتێکی دیکەی ئەوڕوپی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا. ھەروا ھاوکاریی تەواوی ئەندامانی ناتۆ لە ھەوڵە ئاسایشی و ئەمنییەکان دەکات. بەردەوام ھاوکاریی وڵاتانی کیشوەری ئەمریکا دەکات. بۆ نموونە، ڕێکەوتننامەی بازرگانیی ئازادی ھەیە لەگەڵ کەنەدا و مەکسیکدا.

ھێزە سەربازییەکان[دەستکاری]

سەرۆک کۆمار سەرۆکی ھەموو ھێزە سەربازییەکانە و وەزیری بەرگری لە لایەن ئەوەوە دەستنیشان دەکرێت. وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ھەموو ھیزە سەربازییەکانی لەژێر فەرماندایە: ھـێزی زەمینی، ھـێزی دەریایی، چەکدارانی دەریایی و ھـێزی ئاسمانی. پاسەوانیی کەنارئاوەکان لە ژێر دەسەڵاتی وەزارتی ناوخۆدایە لە کاتی ئاشتیدا بەڵام لە کاتی شەڕ دەڕواتە ژێر چاودێری ھێزی دەریایی.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا ھێزە چەکدارەکان ١٫٤ میلیۆن کەس بوون. ھێزە پاشەکەوتکراوەکان و پاسەوانانی نەتەوەیی ژمارەکە تا ٢٫٣ ملیون کەس دەبات.

خزمەتگوزاری سەربازی لە ئەمریکادا بە دڵخوازییە بەڵام لەوانەیە لە کاتی شەڕ ژمارەیەکی نیشانکراو بخرێنە ژێر فەرمانی خزمەتی سەربازییەوە. ئەمریکا یازدە کەشتیی فڕۆکەھەڵگڕی ھەیە کە بە فڕۆکەکانی ھێزەکانی ئاسمانی، ھێزە سەربازییەکان بەئاسانی و لە ھەموو کاتەکانی شەو و ڕۆژدا دەگوازنەوە بۆ ئەم شوێنانە. ئەمریکا لە سەرانسەر دنیادا ٨٦٥ پێگەی سەربازیی ھەیە و ئەمەیە ھۆکاری ئەوەی بە «ئیمپڕاتۆری پێگەکان» ناوی لێ دەبەن.

ئابووری[دەستکاری]

ویلایەتە یەکگرتووەکان سیستەمێکی ئابووریی سەرمایەداریی تێکەڵی ھەیە کە بە سەرچاوەی سرووشتیی فراوان و ژێرخانی بەھێز و کلتووری بەرھەمھێنەری دەوڵەمەند کراوە. بەپێی لێژنەی نێودەوڵەتی پارە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە داھاتی ناپوختی ١٥٫١ تریلیون، لە سەدا ٢٢ی ھەموو داھاتی ناپوختی دونیای بەخۆی تەرخانکردووە. ئەم ژمارە بەپێی حەشیمەتی وڵاتەکە، پلەی ٩ی لە دونیادا بۆ بەدەست ھێناوە لە داھاتی ناپوختی ناوەکی. دۆلار، دراوی ئەمریکا، سەرەکیترین دراوی سەرتاسەری جیھانە.

ئەمریکا گەورەترین ھاوردەکاری شتومەکە و لە ھەناردندا پلەی دووەمی ھەیە. کەنەدا، چین، مەکسیک، ژاپۆن و ئەڵمانیا گەورەترین ھاوکارانی بازرگانی و ئابووریی ئەمریکان. لە ساڵی ٢٠١٠دا نەوت زیاترین ھاوردەی ھەبوو و کەلوپەلی ماشین زیاترین ڕاژەی ھەناردنی ھەبوو. چین گەورەترین قەرزڕاگری ئەمریکایە.

بەرھەمە کیماییەکان یەکێ لە گەورەترین کاروبارەکانی درووستکردنە لە ئەمریکا. ئەم وڵاتە سێھەمین بەرھەمھێنەری نەوتە لە دونیادا و ھاوکات گەورەترین ھاوردەکاری نەوتیشە. پلەی یەکەمی ھەیە لە بەرھەمھێنانی کارەبا و وزەی ناوەکی و ھەروەھا گازی سروشتیی شلە، سولفور، فۆسفات و خوێ. لە ڕێژەی داھاتی ناپوختەی ناوەکی، کشتوکاڵ کەمتر لە یەک لە سەد بەشیەتی و لە ھەمان کاتدا ئەمریکا گەورەترین بەرھەمھێنەری گەرمەشانی و سۆیایە. کۆکاکۆلا و مەک دۆناڵد دوو ناسراوترین نیشانەکانی دونیان.

ژمارەی کرێکارانی ئەم وڵاتە لە ٢٠١٠دا ١٥٤ میلیۆن کەس بوو. حکومەت بە ٢١ ملیون کەس زیاترین ژمارەی کارلەدەستانی ھەیە. خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و کۆمەڵگایی بە ١٦٫٤ ملیون کەس گەورەترین کاروباری تایبەتی (غەیری حکومەتی) ھەیە.

زمان[دەستکاری]

تا ئەم کاتەش زمانی تایبەتی و فەرمی نییە بۆ ئەمریکییەکان سەرەڕای ئەوەش کۆنگرێسی ئەمریکا بەھۆی زۆری قسەکەران بە ئینگلیزی بەزمانی سەرەکی ئەمریکا ھەڵبژێردرا.

زمان بەپێی ٢٠٠٧ ژمارەی دانیشتووان
ئینگلیزی ٢٢٥٫٥ میلیۆن
ئیسپانی ٣٤٫٥ میلیۆن
چینی ٢٫٥ میلیۆن
فەڕەنسی ٢٫٠ میلیۆن
تاگالۆگ ١٫٥ میلیۆن
ڤیەتنامی ١٫٢ میلیۆن
ئاڵمانی ١٫١ میلیۆن
کۆری ١٫١ میلیۆن

سەرۆک کۆمارەکانی ئەمریکا[دەستکاری]

تا ئێستا ٤٥ کەسایەتی بوونەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە دووانیان کوڕ و باوکن کە ئەوانیش جۆرج دەبلیوو بوش و جۆرج .ھ.و.بۆش کە ھەردووکیان بەربژێری پارتی کۆمارییەکان بوونە. لەنێوان ٤٤ کەسایەتییەکە تەنیا یەکێکیان ڕەنگ پێستی ڕەشە، ئەویش باراک ئۆبامایە کە بەربژێری پارتی دیموکرات بووە.

Map of USA with state names.svg

سەرچاوەکان[دەستکاری]