بێخود

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بێخود

مەلا مەحموودی موفتی ناسراو بە بێخود (لەدایکبووی ١٨٧٩ سلێمانی – مردووی ٢٥ی ئابی ١٩‌٥٥ ) موفتی و مامۆستای ئایینی و شاعیرێکی بەناوبانگی کورد بووە.بێخود لە بنەماڵەی بەناوبانگ عەللامە مامۆستا مەلا ئەبوبەکری موسەنیفی چۆڕییه.

ژیان[دەستکاری]

بێخود ناوی مەحموود بووە و کوڕی موفتی «حاجی مەلا ئەمین» کوڕی موفتیی گەورە «حاجی مەلا ئەحمەدی چاومار» ناسراو بە (پیر حەسەن)ە. لە ساڵی ١٨٧٩ زایینیی بەرامبەر (١٢٩٦ کۆچی)ی لە دایک بووە. لای زانایانی ناوداری ئەو سەردەمەی سلێمانی خوێندنی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٠٠ کراوە بە حاکمی ھەڵەبجە، دوای ئەوە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییی بووە لە سلێمانی لەگەڵ مامۆستایان ڕەفیق حیلمی و زێوەردا مامۆستایەتیی کردووە، بێ ئەوەی بەرامبەر بەوە ھیچ مانگانەیەک وەربگرێت. لە پاش ماوەیەک لەم کارە دوورکەوتۆتەوە و بە درێژایی ژیانی لە کاروباری میریی نزیک نەکەوتۆتەوە. ھەموو ژیانی لە سلێمانی بردووەتە سەر.

پێش مردنی «مەلا عەبدولعەزیزی موفتی» کاکی، چەند ساڵێکی لە ھەڵەبجە بەسەر بردووە. ئەوجا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و تا مردنی لە جێگاکەی ئەودا موفتی بووە.

مردن[دەستکاری]

پاش نیوەڕۆی ٢٥ی ئابی ١٩٥٥ بەرامبەر (١٣٧٥ی کۆچی) لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.

ھۆنراوە[دەستکاری]

بێخود لە ساڵی ١٩٥١.

شیعری چوارینە بەندی «لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە» لە نێوەندی ئەدەبیدا بەناوبانگ و دڵگیرە. بێخود لەم شیعرەدا باس لە دووری پێغەمبەر دەکات کە ماوەیەکی زۆر بوو لە خەودا نەیبینیبوو.

لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی منھەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی منیا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من
ئەو ھەمدەمی غەمخوار و نەدیمی منە یا ڕەبئەو مەحرەمی ئەسرار و قەدیمی منە یا ڕەب
ئەو گەوھەری شەھوار و یەتیمی منە یا ڕەبکەوتۆتە چ بەحرێکەوە، خنکاوە دڵی من
مەجنوونی دوو گیسوویی چ لەیلایێکە ئاخۆیا وامیقی جادوویی چ عەزرایێکە ئاخۆ
دێوانەیی ئاھوویی چ سەحرایێکە ئاخۆکام چیھرەپەری دیوە کە ترساوە دڵی من
ئەتلێتەوە گاھێ بە خەیاڵی خەت و خاڵیئەخولێتەوە گاھێ بە چرای شەوقی جەماڵی
نازانی ئەگەر چۆنە بەدەس دەردەوە حاڵیوەک پووش و پەڵاشێکە بەدەم باوە دڵی من

لەو بەندانەدا بێخود تەواو بێتاقەتی خۆی بۆ دووری پێغەمبەر دەر دەبڕێت.

لەو چۆڵ و بیابانە ئەبێ یاوەری کێ بێیا بەو کەژ و کێوانەوە سەوداسەری کێ بێ
یا لەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری کێ بێچۆن ماوە لە سەد لاوە کە کوژراوە دڵی من
بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشکم وەکوو بارانبۆچی وەکوو یەعقووب نەبمە شوھرەیی شاران
لەو یووسفە پرسیومە لە بێگانە و یارانھەرگیز نییە سۆراغی لە ھیچ لاوە دڵی من
بۆ خۆی بگریم یا نەفەسی پەردەدڕاوییا بۆ جگەری کون کون و سەدپارەکراوی
چی کردووە یا ڕەب، کە خەو و خواردن و ئاویدایم غەم و بێداریی و خوێناوە دڵی من
چ بکەم، چ بڵێم، بۆ دڵەکەم کارییە دەردمشاھێدی منن موویی سپی و چیھرەیی زەردم
خۆڕایی نییە ناڵەیی گەرم و دەمی سەردمھەڵبەت بە بەڵایێکەوە ئاڵاوە دڵی من

لێرەدا شاعیر باسی دڵی دەکا کە بە دوای دەگەرێ نەیدۆزێتەوە بۆیە وا دەزانێت فەوتاوە دڵی بەڵام دواتر دەڵێ: نەفەوتاوە دڵی من.

ئەو سینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕق و کینەئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میللەت و دینە
مەعلووم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینەوام زانی کە فەوتاوە، نەفەوتاوە دڵی من
قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێوەک بەندە سەگی دەرگەھی شاھی عەرەبی بێ
شاھی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێجەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من
زاتێکی وەھای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەوشاھان شەو و ڕۆژ دێنە قەدەمبۆسی گەدای ئەو
بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بە تەمای ئەونایێتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من
ئەو سینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕق و کینە

ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میللەت و دینە

مەعلووم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە

وام زانی کە فەوتاوە، نەفەوتاوە دڵی من

قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ

وەک بەندە سەگی دەرگەھی شاھی عەرەبی بێ

شاھی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێ

جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من

زاتێکی وەھای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو

شاھان شەو و ڕۆژ دێنە قەدەمبۆسی گەدای ئەو

بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بە تەمای ئەو

نایێتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من

بێخود دڵی بەوە خۆشە کە داڵدە و پەنای لە پێغەمبەردا دۆزیوەتەوە، دڵی کە ھەمیشە لەگەڵ جوانەمەرگ دایە ھەردووکیان چوون بۆ خزمەتی سالاری شاری مەدینە. ئیتر شاعیر دەکەوێتە ستایش و پێدا ھەڵدانی پێغەمبەر. بەوە زۆر بەختیارە کۆچ کردوو جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە، ئەوەی بە دیدەنی پێغەمبەر شادبێ لە شاری مەدینە چۆن لەو خاکە پیرۆزە دووردەکەوێتەوە!؟.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی بێخود، ھۆنراوەی: مەلا مەحموودی موفتی (بێخود)، کۆکردنەوە و ڕێکخستن و لەسەر نووسینی: محەممەدی مەلا عەبدولکەریم. سنە: بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠٠٧.
  • مێژووی ناودارانی کورد، بابە شێخی مەردۆخ ڕۆحانی، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٧٨١.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، مارف خەزنەدار، بەرگی شەشەم، لاپەڕە ٧٣ تا ٩٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر – ٢٠٠٦.
  • کتێبی: گوڵستانی ئیرەم لە وەصفی فەخری عالەم، ئامادەکردنی:عوسمان سەنگاوی.
  • مێژووی وێژەی کوردی، سدیق بۆرەکەیی، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٧٣٧ تا ٧٤٥، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر – ٢٠٠٨.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]