بۆ ناوەڕۆک بازبدە

محەممەد سەعید نەججاڕی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

محەممەد سەعید نەججاڕی ناسراو بە ئاسۆ (لەدایکبووی ١٩٥٦ لە سارۆقامیش، بۆکان) نووسەر و شاعیرێکی کوردە.

محەممەد سەعید نەججاڕی

لەدایکبوون١٩٥٦
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترئاسۆ
پیشەشاعیر، نووسەر


ئاسۆ بەپێی ناسنامە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٩٥٦ لە ئاوایی سارۆقامیشی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ھەر لەوێ کە بۆ یەکەم جار بە حەولی برایم خان خوێندنگە کراوەتەوە، نراوەتە بەر خوێندن. لە شارەکانی سەقز و بۆکان درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی ١٣٨٠ لە زانکۆی تەورێز ماستەری (ئەدەبیات و وێژەی فارسی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکاندا وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردراوە. لە قوتابخانە و زانکۆکانی شاری بۆکان مامۆستای ئەدەبیاتی فارسی بووە و پاشان خانەنشین کراوە؛ دواتر بۆ وانە گوتنەوەی فارسی لە کۆلێژی پەرەستاریی شاری بۆکان بانگھێشت کراوەتەوە.[١]

ناوەرۆکی ھۆنراوە

[دەستکاری]

ئاسۆ سەر بە بەرەی شاعیرانی پاش ھێمن و ھەژار و ھێدی و ئاواتە. ھونراوەکانی ئاسۆ زۆربەیان شیعری کلاسیک و لەسەر شێوازی غەزەلن. غەزەلەکانی تەژین لە باس و خواسی دڵداری و خۆشەویستی و لەسەر زاران نەرم و ڕەوانن. ھەروەھا باسی خاک و نیشتمانپەروەریشی ھاوپێچی غەزەلە عاشقانەکانی کردووە. ئاسۆ شیعری نوێشی نووسیوە، بەڵام بەھۆی غەزەلەکانییەوە ناسراوە.

بەرھەم

[دەستکاری]

بەرھەمە چاپ کراوەکانی بریتین لە:

  1. دیوانی تەوژمی خەیاڵ (شیعرەکانی تا ١٣٧٠ی ھەتاوی)
  2. دیوانی گەزیزە[٢](شیعرەکانی ١٣٧٠ تا ١٣٧٣ی ھەتاوی)
  3. دیوانی پەیکی شادی (شیعرەکانی ١٣٧٣ تا ١٣٨٦ی ھەتاوی)
  4. دیوانی جومعەکان[٣] (شیعرەکانی ١٣٨٦ تا ١٣٩٢ی ھەتاوی)
  5. ڕۆمانی ڕێبوار
  6. شەرح و لێکدانەوەی شیعرەکانی میسباحودیوان "ئەدەب"[٤]
  7. شەرح و لێکدانەوەی شیعرەکانی میرزا عەبدولڕەحیمی سابڵاغی "وەفایی"[٥]
  8. وەرگێڕانی بەشێک لە شیعرەکانی دیوانی "ناڵەی جودایی"ی ھێمن بۆ زمانی فارسی

نموونەی شیعری

[دەستکاری]

بازنشەست

لەو ھەموو یارانە، ئێستا تاقە یەکیان دیار نییەدۆست و یاری ئەم زەمانەش تاقە یەکیان یار نییە
کوانێ ئەو یارەی کە ئاوێزانی بووم ترسام شەوێپێی کوتم: لە منت کەوێ! پەلکەن! مەترسێ مار نییە
عاشقیش زۆرن بەڵام عەشق و ئەوین بۆتە ھەوەسدڵ ھەمووی بەسوێن کەچی ھیچ دڵبەرێ دڵدار نییە
ھەر دەڵێی دونیا ھەوارێ کۆنە جێی بێری چەلەنگڕانەمەڕ خەوتوون و لوورەی گورگە، شوان ھەر دیار نییە
ھێندە گریاوم مژۆڵم وا تەڕ و جووت جووت بووەپێی لەسەر دانێ مەترسێ چاوەکەم، بزمار نییە
پێت لەسەر چاوم ئەگەر دووبارە ئاشتت بێتەوەماڵی دڵ ئی خۆتە قوربان، جێگە پێی ئەغیار نییە
بارەگای عیشقە بە پیریش، عەیب نییە و بۆ چوون دەبێگەرچی ماڵی دڵ وەھاش ڕووخاوە، جێی بۆ بار نییە
شیعری من ئاوێنەیە خۆی تیا دەبینی دەم بە دەمگەرچی خودبینی خراپە، بۆ ئەویندار عار نییە
گەر کرێکارت دەوێ بۆ دەرکەوانی ماڵەکەتبازنشەستە ئێستە «ئاسۆ» کەس وەک ئەو بێکار نییە[٦]

کانی شێتە ١٣٨٧

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «وتووێژی تایبەتی ھاژە لەگەڵ شاعیر و نووسەری کورد مامۆستا ئاسۆ». ھاژە. لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢١ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ڕەوشی ناونیشان (بەستەر)
  2. ^ نەججاڕی، محەممەد سەعید، گەزیزە، بڵاوکەرەوە نووسەر، ١٩٩٣
  3. ^ نەججاڕی، محەممەد سەعید، جومعەکان، انتشارات آرمان نگار، تاران ١٣٩٤
  4. ^ نەججاڕی، محەممەد سەعید (شەرح و لێکدانەوە)، دیوانی مصباح الدیوان ئەدەب، انتشارات صلاح الدین ایوبی، ورمێ ١٣٨١
  5. ^ نەججاڕی، محەممەد سەعید (شەرح و لێکدانەوە)، دیوانی وەفایی، بڵاوکردنەوەی کوردستان، چاپی دووھەم، سنە ١٣٩٣
  6. ^ نەججاڕی، محەممەد سەعید، جومعەکان، لاپەڕەی ١٤١ و ١٤٢، انتشارات آرمان نگار، تاران ١٣٩٤