جەواھرپۆش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جەواھرپۆش یان جەواھرپووش چیرۆکێکی پاڵەوانانەیە کە وەکوو یەکێک لە بەزمەکانی شانامەی کوردی لەو کتێبەدا نووسراوەتەوە. ھەڵبەستبێژی جەواھرپۆش مستەفا بن مەحموود گوورانییە. ڕێکەوتی ھۆندنی ئەم چیرۆک-ھەڵبەستە و شوێنی ژیانی بێژەرەکەی ئاشکرا نییە و تەنیا وازانراوە لە ناوچەی جافنشینی کرماشاندا بووە.[١]

ناو[دەستکاری]

کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکی جەواھرپۆش بارام شای تەبەردارە کە بە نازناوی جەواھرپۆش ناسراوە، و ناوی چیرۆکەکەش لەم نازناوە گێڕاوە.[٢]

کەسایەتییەکان[دەستکاری]

بارام شای تەبەردار لە نەوەکانی ڕووسەمی زابولییە، و زۆر و ھێزی لە ئاستی ڕووسەمە.[٢] کەسایەتییەکانی دیکەی چیرۆکی جەواھرپۆش بریتین لە: کەیخەسرەو، ئەفراسیاو، زالی زەڕ، ڕووسەم، گۆدەرز، تووس، پیرانی وەیسە، گەرسیوەز.[٢]

بابەت[دەستکاری]

چیرۆکی جەواھرپۆش سەبارەت بە شەڕەکانی ئێران و تۆران لە سەردەمی پاشایەتیی کەیخەسرەوە.[٢]

بێژەر[دەستکاری]

بێژەری چیرۆکی جەواھرپۆش مستەفا بن مەحموود گوورانییە. ئەو لەناو چیرۆکەکە ناوی خۆی ھێناوەتە و گۆتووە کە ناوی باوکی مەحموودە و ھەر دوو چاوی کوێرە.[٣]

ھاوسازی لەگەڵ شانامەی فیردەوسی[دەستکاری]

کەسایەتییەکانی چیرۆکی جەواھرپۆش وەکوو شانامەی فیردەوسین. بەڵام ڕووداوەکان بە تەواوی جیاوازن و ھیچ ھاوکۆکییەکیان لەگەڵ شانامەی فیردەوسی نییە. سەرەڕای ئەمە بێژەری چیرۆکەکە نووسیوە کە لە کتێبی شانامە و فەتحنامەی ڕووسەم وەکوو سەرچاوە کەڵکی وەرگرتووە. وازانراوە کە فەتحنامەی ڕوسەم کتێبێکی جیا لە شانامەی فیردەوسی بووە و یەکێک لە سەرچاوەکانی تایبەتی بێژەری جەواھرپۆش بۆ ھۆندنی ئەم چیرۆکە بووە.[١]

دەوران وەرین نەدینم وە چەم

نە ڕووی شانامە و فەتحنامەی ڕووسەم

مەواچم پێتان ھەم ڕەزم شاھان

ڕەزم دلێران و زەڕین کولاھان[١]

زمان[دەستکاری]

چیرۆک-ھەڵبەستی جەواھرپۆش بە زمانی کوردیی گۆرانی ھۆندراوەتەوە.[٢]

دەستنووس[دەستکاری]

دەستنووسی سەرەکیی چیرۆکی جەواھرپۆش لە کتێبخانە و مۆزەخانەی مەلەک لە تاران دەپارێزرێت و بە ژمارەی ٤٦١٦ پارێزراوە.[٢] ئەم دەستنووسە بە خۆشنووسیی نەستەعەلیق و لە ئەندازەی نامەیی نووسراوە و بەرگی کتێبەکە لە پۆستی ڕەشە. دەستنووسەکە ٣٩٣ پەڕەی ھەیە و لە ھەر پەڕە ١١ ھەتا ١٣ بەیت نووسراوە و سەرجەمی ٥٠٨٠ بەیتە. لەم بەیتانە ١٩ بەیت بەھۆی ساغکردنی بەرگی کتێبەکە بڕاوە و ھەندێکی دیکەش دوپاتکراوەیە.[٢] لە کۆتایی دەستنووسەکە، نووسەر ناوی خۆی بەھرام میرزای لیک و ڕێکەوتی نووسینەکەی ١٢ی ڕەجەبی ١٣٠٧ی کۆچی نووسیوە، کە دیار نییە ئەمە چەندمین نووسینی دەقی چیرۆکەکە بووە.[٤]

ساغکردن[دەستکاری]

چیرۆکی جەواھرپۆش لەلایەن ئێرج بەھرامی گووران ساغ کراوە و وێڕای چیرۆکی کوردیی بێژەن و مەنیجە لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن بنکەی بڵاوکردنەوەی ھیرمەند لە تاران چاپ و بڵاو بووە. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٩یش بنکەی بڵاوکردنەوەی ئانا لە تاران بڵاوی کردووەتەوە.[٥]

ناونیشانی چاپ[دەستکاری]

  • گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٣، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: ھیرمند، مرکز بین المللی گفتگوی تمدن ھا، چاپ یکم.
  • گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٨، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: آنا، چاپ یکم.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب بەھرامی، ۱۳٨٨، پ ٤٢.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ بەھرامی، ۱۳٨٨، پ ٣٨.
  3. ^ بەھرامی، ۱۳٨٨، پ ٤١.
  4. ^ بەھرامی، ۱۳٨٨، پ ٤٣.
  5. ^ بەھرامی، ۱۳٨٨.

کتێبناسی[دەستکاری]

  • گورانی، مصطفی بن محمود، ١٣٨٨، شاھنامە کردی، پیشگفتار، تصحیح، توضیح و واژەنامە از ایرج بھرامی، تھران: آنا، چاپ یکم.