ئەدەب (شاعیر)
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان[١] لەدایک بووی ١٨٥٩ لە گوندێکی سەر بە شاری بۆکان، شاعیرێکی ناوداری کوردە کە بە ناسناوی ئەدەبی ئەدەب ناسراوە.[٢]
ژیان[دەستکاری]
ئەدەبی شاعیر ناوی تەواوی عەبدوڵڵا کوڕی ئەحمەد بەگی برایم بەگی ڕۆستەم بەگیسەیفەدینە. بە «میسباح الدیوان» ناسراوە، گۆیا حاکمی ئەوکاتی تەورێز ئەم نازناوەی داوەتێ. ساڵی ١٨٥٩ لە گوندی ئەرمەنی بڵاغی (ئێستا: کانی گوڵ) سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار، ھەر لەمنداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستای تایبەتی بۆ تەرخان کراوە بۆ خوێندن و فێری خوێندنەوە و نووسین و فارسی و عەرەبی بووە. پیاوێکی دەسڕۆیشتوو و بەدەستەڵات بووە.
ئەدەبی شاعیر لە تەمەنی بیست ساڵیدا باوکی دەینێرێت بۆ شاری تاران بۆ خوێندن، لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا تووشی نەخۆشی لەرزۆکی دەبێت و بۆ چارەسەر دەچێتە وڵاتی روسیا پاش چاکبوونەوەیەکی کاتی دەگەڕێتەوە، ساڵی ١٩١٠ دێنە ناوچەی شارەزور و ماوەیەک دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە موکریان و نەخۆشییەکەی سەری لێ ھەڵدەداتەوە و تەواو ئیفلیج دەبێت.
ئەم شاعیرە شارەزایی باشی ھەبووە لە کاری پزیشکی و وێنەگری و مۆسیقای بەباشی زانیوە. شیعرەکانی ئەدەب بە شێوازی غەزەلی غەرامییە. ھیچ خەیاڵ و ئارەزوویەکی تری نەبووە جگە لەوەی کە لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا ھەموو کات پێکەوە بن و گفتوگۆ بکەن. خۆشەویستیی ئەدەب بۆ نوسرەتخانمی خێزانی بووەتە نەقڵی مەجلیسان.
دیوانی شێعرەکانی[دەستکاری]
دیوانی شیعرەکانی ئەم شاعیرە ساڵی ١٩٣٦ لە شاری ڕەواندز لە چاپخانەی زاری کرمانجی بۆ جاری یەکەم لەچاپ دراوە. دیوانە شیعرییەکەی ساڵی ١٩٣٩ بۆ جاری دووەم لە شاری بەغدا و بۆ جاری سێیەم ساڵی ١٩٦٦ لە ھەولێر لە چاپ دراوە، د. مارف خەزنەدار چەند لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر شیعرەکانی ئەدەب کردوە و ساڵی ١٩٧٠ بڵاوی کردووەتەوە.
نموونە شیعر[دەستکاری]
گەر مەتڵەعە بۆ ماھی موقەننەع، چەھی نەخشەب | ماھی مە، تلووعی لە چەھی غەبغەبە ھەر شەب | |
گوڵزاری جەمالە، موتەشەکیل بەدوو سونبول | یا بەدری درەخشندە، لە مابەینی دوو عەقرەب | |
ئەی سەرو چەمانی قەمەریی، نووری قەمەر ڕوو | ئەی خونچە دەھانی شەکەری نوتق، شەکەر لەب | |
تاکەی بەجەفا؛ ئێمە خەتابار و گونەھکار | تاکەی بە ستەم، ئێمە گرفتار و موعەززەب؟ | |
گەر نوتقە؛ ھەتاکەی دەگەڵ ئەغیارە خیتابت | گەر قەھرە، ھەتاکەی منی بێچارە موخاتەب | |
سەد حەیفێ کە بۆ دەردی دڵی مە، دەمی وەسڵت | شەو کورتە و فرسەت کەم و توولانییە مەتڵەب | |
گەر بادە، فەرحبەخشە، بەیادی لەبی تۆیە | نەشئەی چییە، بێ شەھدی لەبت: جامی لەبالەب! | |
گەر لۆمەیە، گەر مەنعە، ئەگەر کفرە، گەر ئیسلام | گەر تابعی قانوونە؛ ئەگەر خارجی مەزھەب | |
تا جان لە بەدەندایە، ئەدەب تۆ دەپەرستێ | زونناری ملم: زوڵفی خەمت؛ قیبلەمە: غەبغەب[٣] |
کۆچی دوایی[دەستکاری]
ئەدەبی شاعیر لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩١٢ بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردوە و لە گۆرستانی گوندی باخچەی فەیزوڵڵابەگی بۆکان بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ "دیوانی ئەدەب". books.vejin.net (بە کوردی). ناوەندی ڤەژین. Retrieved 4ی Octoberی 2020.
{{cite web}}
: Check date values in:|accessdate=
(help) - ^ "شاعر و نقاش بوکانی کە محمدعلی شاە قاجار بە او لقب مصباح الدیوان داد". www.ziryanmukryan.ir (بە فارسی). پایگاە خبری زریان موکریان. Retrieved 4ی Octoberی 2020.
{{cite web}}
: Check date values in:|accessdate=
(help) - ^ "گەر مەتڵەعە بۆ ماھی موقەننەع، چەھی نەخشەب". books.vejin.net (بە کوردی). Retrieved 2021-08-21.