لوتفی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لوتفی نازناوی شیعریی شاعیری کلاسیکی کورد شێخ لەتیف کوڕی شێخ ڕەزا شێتەی کوڕی شێخ مارف قوولەی کوڕی شێخ فەتاح قوولەی کوڕی شێخ حەسەن قوولەی کوڕی شێخ محێدین کەرکووکی کوڕی شێخ حەسەن گڵەزەردەی بەرزنجییە. دایکی ناوی حەلاوە خانی کچی شێخ مەحموودی قوولەیە.

ژیان[دەستکاری]

لوتفی لە ساڵی ١٩٠٥ لە دێی پەڵکانەی ناوچەی قەرەحەسەنی کەرکووک لەدایکبووە. کە تەمەنی گەیشتووەتە شەش ساڵان لە حوجرەی مزگەوتی گوندی قوێن پەڵک لە ناوچەی دووز (دووزخورماتوو)دا باوکی لەلای مەلا سەعیدی ملباز خستوویەتییە بەر خوێندنی قورئان و چەند کتێبێکی ئایینیی لەلای خوێندووە. پاشان چووەتە شاری دووز لە خزمەت مەلا جەلالەدین خوێندوویەتی. دواتر بەرەو شاری کەرکووک چووە و چووەتە مزگەوتی نائیب ئۆغڵی، لەلای شێخ سەتاری شێخ محەممەدی کەرەدان ماوەیەک بووەتە فەقێ. لە دواییدا لەسەر ڕاسپاردەی (شێخ عەبدولکەریمی دارەخورما)ی خاڵی لەگەڵ شێخ مستەفا کە ناودارە بە (شێخ کاکە) نێردراون بۆ دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور. دوو ساڵ لەلای (مەلا تاھیر عەبدوڵڵا)یان خوێندووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئاوایی (لەیلان)ی سەر بە کەرکووک، ماوەیەک لەلای مەلا عەلائەدین ھەندێک کتێبی ئایینیی خوێندووە. پاشان ڕووی کردووەتە گوندی خاڵۆبازیانی و لەلای مەلا شەریفی مەنسووری چەند ساڵێکی خوێندووە. دواتر گەڕاوەتەوە کەرکووک و لە مزگەوتی ئیمام قاسم بووە بە موستەعید و لەلای (مەلا محەممەدی ھەورامی)دا ماوەیەک خوێندوویەتی. پاشان چووە بۆ خانەقای سەید ئەحمەد و لەلای مەلا سلێمانی تورک خوێندوویەتی، کە ئەم مامۆستایەشی کۆچی دواییی دەکات لەلای مەلا عەلی ئەفەندی مودەڕیس دوا بابەتی ئەم کتێبانەی وەکو «فەنناری» و «سەعدوڵڵا» و «ئیعانە» تەواو دەکات.

مردن[دەستکاری]

لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئایاری ١٩٨٩ لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک کۆچی دوایی کرد و بە ئامادەبوونی کوڕەکانی و خەڵکی ڕەحیماوا و دراوسێ و خزم و کەسوکار و شاعیر و پیاو ماقووڵان و پیاوانی ئایینیی لە گۆڕستانی ڕەحیماوا بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی لوتفی
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ١٩ تا ٢٦، دەزکای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]