لەتبوونی مانگ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
تابڵۆیەکی ئێرانی محەممەد لەگەڵ ھاوەڵانی گەواھی لەتبوونی مانگ دەدەن.

لەتبوونی مانگ یەکێکە لە دەرئاسا و پەرجۆیەکانی محەممەد کە موسڵمانان باوەڕیان پێیەتی. ئەم پەرجۆیە بەر لە کۆچی ئەو لە شاری مەککە ڕوویداوە، کاتێک بێ باوەڕان داوا لە محەممەد دەکەن نیشانەیەکیان نیشان بدات بۆ ڕاستی پێغەمبەرایەتییەکەی، ئەویش داوا لە خوا دەکات و خواش مانگ دەکات بە دوو بەشەوە بەشێکیان دەچێتە ڕاستی کێوی ئەبی قوبەیس و بەشەکەی تریش دەکەوێتە ڕاستی کێوی قەعیقەعان.[١]

ئەم ڕووداوە لە قورئانیش ئاماژەی پێ کراوە لە سورەتی ئەلقەمەر: ھەروەھا لەتبوونی مانگ یەکێکە لە نیشانەکانی نزیک بوونەوەی ڕۆژی دوایی، ھەندێک لە زانایەکان پێیان وایە کە کاتێک ڕۆژی دوایی دادێت ئاسمان لەت دەبێت و ھەرچی لەناویدا ھەیە بە مانگ و ئەستێرەکان خاپوور و لەت لەت دەبن.[٢]

ھەندێک لە زانا و توێژەرانی قورئان پێیان وایە (الانشقاق) (لەتبوون) بە واتای شکاندن و لێک دوورکەوتنەوەی دوو پارچە شت نایێت و بە واتای ترازانیش نایێت، بەلکو قورئان مەبەستی لێک جیابوونەوەی مانگ و زەویە کە سەرەتای دروستبوونیان وەک یەک تۆپەڵی ئاگرین بووینە و دواتر لێک جیابووینەتەوە. بەڵام ھەندێکیان دەڵێن ئەم (انشقاق) ە مەبەستی ڕوون و ئاشکرایە و بە واتای لەتبوون دێت کە یەکێکە لە دەرئاسا و پەرجۆیەکانی پێغەمبەر محەممەدوە باشترین بەڵگەش بۆ دروستی ڕووداوەکە قورئانە کە بە ڕوونی ئاماژەی پێکردووە و باسی کردووە بەر لە دروستبوونی تەلسکۆپ کە ئێستا لە ڕێگای ھاوێنە و تەلسکۆپەکانی ناساوە دەتوانرێت تێبینی شوێنی لەتبوونەکە بکرێت.[٣]

زۆرینەی زانا خۆراوایییەکان ئەم ڕووداوە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن شتێکە کە تەنھا قورئان باسی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە بڵاوکراوەیەک لە ساڵی ٢٠١٦ دکتۆر تۆماس وۆوتەرز لە مۆزەخانەی فڕۆکەوانی نیشتمانی کە پاشکۆی دامەزراوەی سمیتسۆنیانە لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە داوە کە مانگ بەردەوام گرژ دەبێت و وەک دووبەشی پلێتێکی زەوی یەکتر پاڵ دەنێن لەئەنجامی ئەم پاڵنانەش بەرزایی دروست بووە لەسەر ڕووی مانگ.[٤]

زۆرێک لە وتار و ماڵپەرە کاغەزی و ئەلیکترۆنییەکانی ئیسلامی ئاماژە بەچەند وێنەیەکی ناسا دەکەن کە شوێنی لەتبوونەکە نیشان دەدات، بەڵام ناسا بەردەوام ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە لەھیچ کاتێک لە ڕابردوو مانگ دوولەت نەبووە و ئەوەی دەبینرێت بریتییە لە چاڵ و دۆڵەکانی سەر ڕووی مانگ کە بە ڕووداوی جیۆلۆجی دروست بوون. ھەروەھا ئەستێرەناسان و بۆشایی گەراکان ئەوە ڕەت دەکەنەوە کە مانگ لەت بووبێت.[٥]

ئاماژەکان[دەستکاری]

لە قورئان و زمانی زانایانی قورئان[دەستکاری]

ئەم ڕووداوە لە ئایەتی یەکی سوورەتی ئەلقەمەر ئاماژەی پێ کراوە (سوورەتەکەی بەناوکراوە) کە دەڵێت: سوورەتی ئەلقەمەر سوورەتێکی مەککییە و زانایانی ئیسلامی دەڵێن لە ڕۆژی بەدر دابەزیوە. موقاتیل یەکێکە لە توێژەر و قورئانناسە ھەرە لەپێشینەکان دەڵێت سوورەتی ئەلقەمەر تەنھا سێ ئایەتی یەکەمی لە مەککە دابەزیوە.[٦] بە گوێرەی سەرچاوە ئیسلامییەکان (فەرموودە و شلۆڤەکانی قورئان) ئەم ڕووداوی لەتبوونە لە مەککە ڕووی داوە بە پێنج ساڵ پێش کۆچی پێغەمبەر کاتێک بێ باوەڕان داوا لە پێغەمبەر محەممەد دەکەن کە ئەگەر بێت و مانگیان بۆ لەت بکات ئەوە باوەڕی پێ دێنن بۆیە پێغەمبەریش داوا لە خوا دەکات کە مانگی بۆ لەت بکات بۆ دوو بەش بۆیە خوا مانگ لەت دەکات بۆ دووبەش بەشێکیان دەکەوێتە ڕاستی کێوی سەفا (کێوی ئەبی قوبەیس) و بەشەکەی تر دەکەوێتە ڕاست کێوی قەعیقەعان.[٧]

بەم ڕووداوە خەڵکی مەککە سەریان سووڕ دەمینێ و دەیانەوێت باوەڕ بە پێغەمبەرایەتییەکی محەممەد بھێنن (ئەوەی بینیمان لە ئاسمان جادوو نەبوو بەلکو ڕاستی بوو). دواتر ئەبوجەھل پێیان دەڵێت (شکۆدار و گەورەکانی مەککە) ئارام بگرن تا بەیانی تا ئەوکاتەی خەڵکی بیابان و دەر دێن بۆ شار لێیان دەپرسین بزانین بینیویانە یانیش ئەوە تەنھا جادووی لە چاوی ئێمە کردووە.

بۆ بەیانی ھەندێک لە بیابان نشینان ھاتن بۆ مەککە و ڕایان گەیاند کە شەوی ڕابردوو مانگ دوو لەت ببو. ئەبوجەھل دەست بەجێ ڕەتی کردەوە و پێی ڕاگەیاندن کە جادووی لە چاوی ئێوەش کردووە ھەربۆیە دوای ئەمە ئایەتی دووەم لە سوورەتی ئەلقەمەر دابەزی کە دەفەرمویێت:

قورئان ناسان دڵنیایی ئەوە دەدەن کە ئەم ڕووداوە ڕووی داوە لەسەردەمی محەممەدوە ئەوە شتێک نییە کە بڵێی لە داھاتوو ڕوودەدات. ھەروەھا زانایانی بواری ئیسلامی لەپاڵ قورئان ھەندێک فەرموودەش دەھێننەوە بۆ پاڵپشتی لە ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە لەوانە ئیبن جەریر ئەلتەبەری (یەکێک لە قورئان ناسە مەزنەکان) لەسەر زاری موجاھید دەگێرێتەوە و دەفەرموێت:ھەروەھا زمەخشەریش دەگێرێتەوە و دەفەرموێت «لەتبوونی مانگ یەکێکە لەنیشانەکانی ڕۆژی دوایی کە ڕووی داوە». حەزیفە یەکێکە لە ھاوەڵانی پێغەمبەر محەممەد فەرموودەیەکی شاری مەدائن دەگێرێتەوە و دەڵێت «ڕۆژی دوایی نزیک بووەتەوە ئەوە مانگ لەتبوو لەسەردەمی پێغەمبەرەکەتان».[٨]

لەتبوونی مانگ ڕووداوێکە زۆرینەی زانا و بیرمەندانی ئیسلامی پێیان وایە لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد ڕوویداوە وەک قورتبی و فەرموودەکانی سەحیحی بوخاری و ئیبن مەسعوود و ئیبن عومەر و ئەنەس و جەبیر وئیبن عەبباس.

ئەو زانا و بیرمەندە ئیسلامیانەی کە پێیان وایە لەتبوونی مانگ لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد ڕووی نەداوە بەلکو لە داھاتوو ڕوو دەدات، ژمارەیان کەمە و بەگشتی لەلایەن زاناکانی ئیسلامی پاڵپشتی ناکرێن.

ئیبن تەیمیە سەبارەت بە سوورەتی ئەلقەمەر دەڵێت، ئەو سوورەتە باس لە نیشانەیەکی ھاتنی ڕۆژی دوایی دەکات. ھەرچی لەتبوونی مانگە لەسەردەمی پێغەمبەر ئەوە ڕووداوێکە کە ڕوویداوە و سەرجەم خەڵک و ھاوەڵان بینیویانە و بڕاوەتەوە.

لە سونەتی پێغەمبەر[دەستکاری]

ئەم ڕووداوە ئاماژەی پێ کراوە لە پەرتووکەکانی سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیم کە دوو پەرتووکی فەرموودەکانی پێغەمبەر محەممەدن.

سەحیحی بوخاری - دەروازەی لەتبوونی مانگ

  • عەبدوڵلای کوڕی عەبدولوەھاب و سەعیدی کوڕی ئەبو عروبە لە ئەنەسی کوڕی مالیک فەرموودەیەکی پێغەمبەر دەگێرێتەوە کە دەڵێت خەڵکی مەککە پرسیاری لەتبوونەکە لە پێغەمبەر محەممەد دەکەن ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت مانگ لەت بوو بەجۆرێک کە حەراء کەوتبووە نێوانیان.
  • عەبدان لە ئەبی حەمزە ئەویش لە ئەعمەش ئەویش لە ئیبراھیم و ئەویش لە ئەبی موعەممەر و ئەویش لە عەبدوڵلاوە دەگێرێتەوە کە فەرمووی ”مانگ لەت بوو و ئێمە لەگەڵ پێغەمبەر محەممەد بووین و شاھێدیمان دا.

سەحیحی موسلیم - دەروازەی لەتبوونی مانگ

  • عەمرو ناقد و زوھێر ئیبن حەرب گێرایانەوە کە سوفیانی ئیبن عەیینە لەزاری ئیبن ئەبی و نەجیحی و موجاھید و ئەبی موعەممەر ئەویش لە عەبدوڵلاوە گوێی لێبووە کە لەتبوونی مانگ لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد ڕووی داوە و پێغەمبەر محەممەد فەرمووی ” اشھدوا ”.
  • ئەبوبەکر ئیبن ئەبی شەیبە و ئەبو کەریب و ئیسحاق ئیبن ئیبراھیم پێکرا لە ئەبی مەعاویە دەگێرنەوە کە عومەری ئیبن حەفسی ئیبن غەیاس لە ئەعمەشەوە بیستویانە ئەویش لە منجابی ئیبن حاریس تەمیمی لە ئەعمەش ئەویش لە ئیبراھیم و ئەبی موعەمیر لە عەبدوڵلای ئیبن مەسعوود دەگێرێتەوە کە پشکێکی مانگ لە پشتی مانگەوە بوو و پشکەکەی تر نا و پێغەمبەر محەممەد فەرمووی ” اشھدوا “.

لە زانستی ھاوچەرخ دا[دەستکاری]

وێنەیەکی ئاژانسی ناسا کە لەلایەن مانگی دەستکردی ئەپۆلۆ ١٠ لە ١٩٦٩ گیراوە. یەکێک لە چاڵ و کەندەڵانەکانی سەر ڕووی مانگ نیشان دەدات، زۆرێک لە بڵاوکراوە و دەزگا ئیسلامییەکان ئەم وێنەیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەم چاڵە شوێنەواری شوێنی لەتبوونی مانگە.

لەسەر ڕووی مانگ سێ جۆر لە لەت بوون بەدی دەکرێت کە ھەریەکەیان بەپێی پێکھاتەی خاکی ناوچەکە جیاوازە کە بریتین لە:[٩]

  • کەندەڵانی گیرفانی (Sinuous rilles): ئەم جۆرە چاڵە لە شێوەی پێچاوپێچی تەشیلەیییە ھەروەک شێوەی ڕووبارەکانی سەر زەوی. زۆرینەی خاکناس و زانایان پێیان وایە ئەمە ڕێچکەی شلەوەبووی گرکانییە کە پێشتر لەسەر ڕووی مانگ ھەبووینە. لەنموونەی ئەم جۆرە لەتبوونانە کەندەڵانی دۆڵی شروترە. ھەروەھا کەندەڵانی ڕیما ھالی لەم جۆرەیە ئەو کەندەڵانەی کە مرۆڤ توانی سەردانی بکات لەکاتی گەشتی ئەپۆلۆ ١٥.
  • کەندەڵانە چەماوەیییەکان (Arcuate rilles) ئەم جۆرە چاڵە ھەروەک کەندەڵانە گیرفانییەکانە کە زۆر بەربڵاون لەسەر ڕووی مانگ لەئەنجامی پاشەڕۆ گرکانییەکان دروست بوون کە زۆر جاران لەشێوەی ڕێچکە و چەمی گەورە خۆیان دەردەخەن.
  • کەندەڵانە ڕاستەکان (Straight rilles) ئەم جۆری چاڵانە لەشێوەی ڕێچکەیەکی ڕاست و درێژ ھەڵکەوتوون ئەم جۆرە کەندەڵانانە لە ئەنجامی لەتبوون و ترازانی خاکی مانگ دروست بوون بەھۆی لێک ترازانی خاکەکەی لە ئەنجامی گرکان و دروستبوونی چاڵی تر کە ھەریەکەیان خاکی نزیکی خۆی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. لە نموونەی ئەم جۆرە چاڵانە کەندەڵانی ریما ئەریادۆس (Rima Ariadaeus) کە درێژییەکەی پترە لە ٣٠٠ کم.

لە یۆنیۆی ٢٠١٠ کەسێک پرسیارێکی بۆ ماڵپەری ئەلیکترۆنی ناسا ناردووە سەبارەت بە لەتبوونی مانگ لە وەڵامدا دەڵێن: پێشتر ئەم پرسیارە وەڵام دراوەتەوە بە فەرمی لە ئابی ٢٠٠٩ کە ئەم بابەتە ھیچ بنەمایەکی زانستی نییە. ھەروەھا لەسەر یەکێک لە ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان کەسێک ئەم بابەتەی وروژاندووە و دەپرسێت: خوا لەسەر داواکاری پێغەمبەر محەممەد مانگی لەت کردووە و ئەم بابەتە بووەتە جێگای سەرنج و مشتومری زانایانی ناسا چونکە بۆیان ڕوون بووەتەوە کە ئەمە وەک دەرئاسایەک لە ڕابردوو ڕوویداوە، ئایا تا چەند ئەم ھەواڵە ڕاستە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەزگای ناسا لەسەر زاری براد بیلی (جێگری بەرێوەبەری پەیمانگای ناسا بۆ خاکناسی گەردوونی) دەڵێت: داواتان لێ دەکەم باوەڕ بە ھەموو ئەو شتانە مەکەن کە لەسەر ئەنتەرنێت و بڵاوکراوە کاغەزییەکان بەرچاوتان دەکەوێت تاکە سەرچاوەی دروست بۆ ھەر ھەواڵێک گوتەبێژی فەرمی ناسایە، تا ئێستا ھیچ بەڵگە و نیشانەیەکی زانستیمان نەدۆزیتەوە کە باس لە لەتبوونی مانگ بکات لە ڕابردوودا بۆ دووبەش یان زیاتر و ھەرکاتێک ئێمە نیشانەیەک یان بەڵگەیەکمان دەستکەوت بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە.[١٠]

دەزگای ناسا وێنەیەکی بڵاوکردەوە لەژێر پەرلەناوی (AS17-3128) کە لەلایەن ئەپۆلۆ ١١ گیرابوو لە ١٩٦٩ لە وێنەکە کەندەڵانێک دەردەکەوێت کە درێژییەکەی ٣٠٠ کم دەزگای ناسا ڕوونی کردووەتەوە ئەمە چاڵێکی گرکانییە کە لەبەشێکی سەر ڕووی مانگ بەدی کراوە لەم بارەوە دەڵێت:[١١]

The origin of lunar sinuous rilles remains controversial. Among the alternatives proposed are lava channels and lava tubes, but fracture control is decidedly apparent in some places. Some sort of fluid erosion, however, seems necessary to account for the configurations of many rilles with exactly parallel walls from which material has been removed; lava may be the most plausible agent for erosion inasmuch as no evidence of water exists in the lunar samples

مشتومڕلەسەر ڕووداوەکە[دەستکاری]

ڕەخنەکان[دەستکاری]

وێنەیەکی ڕووی مانگ کە لەلایەن ئەپۆلۆ ١٠ گیراوە لە دیمەنەکە چەندین چاڵ و کەندەڵان و شوێنی لەتبوون بەدی دەکرێت.

ئەم ڕووداوە گەردوونییە (پەرجۆ یا دەرئاسا لای موسڵمانان) بە ڕووداوێکی زۆر گەورە و مشتومر دادەنرێت کە جێگای تێ ڕامان و لێ وردبوونەوەی زانستیانەیە. زۆرێک لە کەسان ھەوڵیان داوە ڕووداوەکە لەگەڵ بنەما زانستییەکانی ھاوچەرخ بگونجێنن ھەندێکیشیان پێیان وایە ئەم ڕووداوە جێی گومان و بیرکردنەوە نییە چونکە بابەتەکە ڕاستە و قورئان باسی کردووە و بڕاوەتەوە و پێویست بە بەڵگەی زیاتر ناکات. لەگەڵ ئەمانەش گفتوگۆ و توێژینەوە و ڕەتکردنەوەکان بەردەوامن[١٢]

ئەوانەی ئەم ڕووداوە ڕەت دەکەنەوە دەڵێن:

  1. لەتبوونی مانگ لەھیچ چاند و کەلتورێک باس نەکراوە جگە لە ئیسلامی. لەکاتێک کە ئەمە ڕوویداوە ڕووداوێکی گەردوونی جیھانییە و لەلایەن میللەتانی تر ھەستی پێ دەکرا کە نزیک لە نیمچە دوورگەی عەرەبی ژیاون. بۆ نموونە کاتێک لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد مانگ گیراوە یان نەیزەکێک ڕژاوە لەلایەن میللەتانی تر ئاماژەی پێ کراوە و چووەتە ناو کەلتور و چیرۆکەکانیان و بانگخوازە ئیسلامییەکان باسیان کردووە لەکاتێک کە ڕووداوی لەتبوونی مانگ زۆر گەورەترە لە ڕووداوی مانگ گیران ئەی چۆن باسیان نەکردووە یان تێبینیان نەکردووە. لە نموونەیەکی تر دیاردەی خۆرگیرانە لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد کە سەرجەم میللەتانی تری ناوچەکە تێبینیان کردووە.
  2. ئەو لەتبوون و چاڵانەی سەر مانگ ناوچەیی و پچڕ پچڕ و کورتن و بە دەوری مانگ درێژنابێتەوە لەکاتێکدا کە مانگ خڕە دەبا ئەم لەتبوونە بە تەواوی دەوری مانگ بسووراباوە لەکاتێکدا لە ٢٪ ی پێکھاتەی مانگ ئەم چاڵ و لەتبوونانەیە.
  3. بۆ بینینی لەتبوونی مانگ لەسەر زەوی بە چاوی ئاسایی پێویستە ھەردوو بەشی مانگ بۆ دوورییەکی زۆر لێک دوور بکەونەوە تا ببینرێت؛ و کاتێک ئەم دوو بەشە بەیەک لێکێندراونەتەوە پێویستی بە ھێز و توانایەکی زۆر ھەبووە کاتێک ئەو ھێزە زۆرە بەکارھاتووە بۆ لکاندنەوەیان ئەوە پێکدادانێکی گەورە ڕوودەدات لە نێوان ھەردوو بەش دا کە لە ئەنجامدا چاڵ و کەندەڵان و کێوی گەورە دروست دەبن لەگەڵ شوێنی لکاندنەکە بە شوێنەوارێکی ڕوون و مەزن نەک یەک دوو خەت و چاڵی پەرت.
  4. قورئان بە ڕوونی و تێر و تەسەلی باسی لەم ڕووداوە نەکردووە لەکاتێکدا ڕووداو و دەرئاسای بچووکتر لەم ڕووداوە بە درێژی باسی لێ کراوە وەک لەتبوونی ڕووباری نیل بۆ گەلی ئیسرائیل و ھاتنەخوارەوەی خوانێکی خواردن بۆ پێغەمبەر عیسا و میللەتەکەی لەکاتێکدا ئەم ڕووداوە گەورەیە تەنھا بە وشەیەک ئاماژەی پێکراوە «اقتربت الساعة وانشق القمر».
  5. ھەموو توێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لەسەر ڕووی مانگ ئاو نییە و مانگ بەرگەھەوای نییە لەکاتێک ڕووداوێکی لەم چەشنە بەبێ بوونی بەرگەھەوا و ئاو ئەستەمە ڕووبدات.
  6. تەمەنی نوێترین لەت و چاڵەکانی سەر ڕووی مانگ لە ١٠٠ ملیۆن ساڵ زیاترە.
  7. ھەموو فەرموودەکانی پێغەمبەر محەممەد لەم بارەوە تەنھا لەسەر زاری ھەریەکە لە عەبدوڵلای ئیبن مەسعوود و ئەنەسی کوڕی مالیک و عەبدوڵلای کوڕی عەبباس گێڕدراونەتەوە کە ھەریەکەیان لەدوای ئەم ڕووداوە لەدایکبوون.
  8. ھیچ ھاوەڵێکی پێغەمبەر کە لەسەردەمی ئەو ژیابێت فەرموودەی لەم بارەوە نەگێراوەتەوە.

لایەنگرانی ڕووداوەکە[دەستکاری]

زانایانی ئیسلامی وەڵامی ڕەخنەگرانیان داوەتەوە کە ئەمە ڕووداوێکە لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد ڕوویداوە و سەرجەم زانایانی ئیسلامیش پاڵپشتی دەکەن ھەندێکیان نەبێت کە دەڵێن ئەمە ڕووداوێکە لە داھاتوو ڕوودەدات. وەک شێخ محەممەد سالح ئەلمەنجد کە یەکێکە لە زانا ھەرە دیار و گەورەکانی بواری فیقە دەڵێت:سەرجەم زانایانی ئیسلامی پێیان وایە ئەمە ڕووداوێکە لەسەردەمی پێغەمبەر محەممەد ڕوویداوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە ڕووداوێکە لە داھاتوودا ڕوودەدات و یەکێکە لە نیشانەکانی ڕۆژی دوایی لەکاتێکدا وشەی (وَانْشَقَّ) وشەیەکە لە باری ڕابردوودایە لە ڕووی ڕێزمانییەوە لەگەڵ ئەوەشدا قورئان لەزۆر شوێندا بە شێوەی ڕابردوو باسی لە داھاتوو کردووە. جگە لەمە خودی قورئان گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕوودانی ڕووداوەکە ھەروەک خوا دەفەرموێت: (وَإِنْ يَرَوْا آيَةً يُعْرِضُوا) کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕوویداوە و بڕاوەتەوە، جگە لەباس کردنی ئەم دەرئاسایە لەلایەن چەندین ھاوەڵی جێی باوەڕ وەک :عەبدوڵلای ئیبن مەسعوود و ئیبن عەبباس و ئەنەس و ئیبن عومەر و جەبیر و ھتد.[١٣]

شێخ محەممەد دەشڵێت: ھەندێک کەس لە کۆنەوە بە دوای پرسیارکردن لەم ڕووداوە و دورخستنەوەی باوەڕیان لە ڕوودانی خستووەتە ڕوو بە بیانووی ئەوەی کە مانگ لەلایەن ھەموو مرۆڤەکان دەبینرێت، بۆیە ئەگەر ڕوویدابێت ئەوە لەلاین نەتەوەکانی تر و پەرتووکەکانیان باس دەکرا لەکاتێکدا تەنھا لەلایەن موسڵمانانەوە ئاماژەی پێکراوە ئەمەش خاڵی لاوازی دروستی ڕووداوەکەیە.

ھەروەھا شێخ محەممەد ئەوەش دەڵێت کە:

«ئەم ڕووداوە پێویستە بەپێی توانستی بیرکردنەوە و سروشتی ژیانی ئەوسا لێک بدرێتەوە کە تێیدا شەو و مانگ جێی بایەخی بیابان نشینان بووە؛ و ئەم ڕووداوە لەسەر داواکاری ھۆزی قورەیش بووە بۆ ئەوەی باوەڕ بە پەیامەکەی پێغەمبەر محەممەد بێنن بۆیە دەشکرێت خوای گەورە ئەم ڕووداوەی تەنھا بۆ ھۆزی قورەیش نمایش کردبێت بەڵگەش بۆ ئەمە وتەیەکی ئەنەسی کوڕی مالیکە کە دەڵێت: (أَنَّ أَهْلَ مَكَّةَ سَأَلُوا رَسُولَ اللَّهِ أَنْ يُرِيَهُمْ آيَةً، فَأَرَاهُمُ انْشِقَاقَ القَمَرِ)»[١٢]

شێخ محەممەد، ئەوەش باس دەکات: ئەگەر ئەمە وابێت، شتێکی سروشتییە کە ئەو ڕووداوە لەلایەن زۆرینەی دانیشتووانی زەویەوە نەبینرابێت، چونکە سەرەتای شەو لە مەککە کاتی ڕۆژ و ھەتاوە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵات، یانیش لەنیوە شەودان و لە خەوی قووڵدان.

بەڵام ئەبو سلێمان ئەلخەتتابی یەکێکە لە گەورە شوێنکەوتووانی شافعی دەڵێت:

وێنەیەکی ھێلکاری ئەوە نیشان دەدات کە چۆن خۆرگیران لەناوچەیەک ڕوودەدات و لە ناوچەکانی تر نابینرێت دیاردەی مانگ گیرانیش بەھەمان شێواز.

«ئەمە شتێکە کە لەلایەن کەسانی تایبەتی مەککە داوا کراوە، وەک لەلایەن ئەنەسی مالکەوە گێڕدرابووەوە، پێغەمبەریش شەوانە بینیونی چونکە بینینی مانگ تایبەتە بەشەو، و ھیچ بینینێکی ڕوونی لە ڕۆژدا نییە، جگە لەوەی زۆربەی خەڵک لە شەودا دەخەون و لە بینا و دیدەنی مانگ بێ بەش دەبن مەگەر دانیشتووانی ناو دۆڵ و بیابانەکان نەبێت کە لەوانەیە ڕێک بکەوێت بیبینن کە لەو کاتەدا خەریکی کارەکانیان بن و ھۆشیاربن بەتایبەت لە وەرزی ھاوین کە بە ئارەزووی خۆیان لە کار و پیشەدا سەرقاڵ دەبن.

ھەروەھا لە وەڵامی ڕەخنەگران باس لەوەش دەکەن کە بۆچی ئەم ڕووداوە لە نەتەوەکانی تردا بە بەڵگە وەدیناکرێت ئەوەیە کە دەرکەوتن و بینینی مانگ یەکسان نییە بە ھەموو خەڵک، ڕەنگە لە یەک وڵاتدا ببینرێت و لە لاکەی تردا نەبینرێت بەھۆی ھەور یان تەم و گۆشەی جیاوازی بینین لە نموونەی ڕووداوە گەردونییە ھاوشێوەکانی وەک خۆرگیران، خۆرگیرانی ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ کە ڕووداوەکە بۆ ژمارەیەکی کەم لە دانیشتووانی زەوی بەدی کرا.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ الاتحاد, صحيفة (2011-08-17). "انشقاق القمر معجزة وحجة على أهل مكة". صحيفة الاتحاد (بە عەرەبی). Retrieved 2021-06-28.
  2. ^ الاتحاد, صحيفة (2011-08-17). "انشقاق القمر معجزة وحجة على أهل مكة". صحيفة الاتحاد (بە عەرەبی). Retrieved 2021-06-28.
  3. ^ "Evidence of the moon having been split in two". Solar System Exploration Research Virtual Institute. Retrieved 2021-06-28.
  4. ^ "Young Fault Scarps on the Moon". airandspace.si.edu. Retrieved 2021-06-28.
  5. ^ "Evidence of the moon having been split in two". Solar System Exploration Research Virtual Institute. Retrieved 2021-06-28.
  6. ^ http://www.perseus.tufts.edu/hopper/invalidquery.jsp?doc=Perseus:text:2002.02.0006:sura=54:verse=1–2
  7. ^ "معجزةُ انشقاقِ القمَر بين يقين المُثبتين ومعارضات المشكِّكين | مركز سلف للبحوث والدراسات" (بە عەرەبی). 2020-10-25. Retrieved 2021-06-28.
  8. ^ "The Quran, sura 54, verse 1". www.perseus.tufts.edu. Retrieved 2021-06-28.
  9. ^ "NASA – Rima Ariadaeus, a Linear Rille". www.nasa.gov. Retrieved 2021-06-28.
  10. ^ https://digiteye.in/split-moon-image-goes-viral-on-whatsapp-fact-check/
  11. ^ "Crack on moon confirms Prophet Muhammad (S) had split it | Jafariya News Network". www.jafariyanews.com. Retrieved 2021-06-28.
  12. ^ ئ ا "لماذا لم يصلنا خبر آية انشقاق القمر من قبل الأمم الأخرى؟ - الإسلام سؤال وجواب". Retrieved 2021-06-11.
  13. ^ holyquran.net http://holyquran.net/cgi-bin/majma.pl. Retrieved 2021-06-28. Missing or empty |title= (help)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]