مزگەوتی پێغەمبەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مزگەوتی پێغەمبەر
وێنەی مزگەوتی پێغەمبەر.
وێنەی مزگەوتی پێغەمبەر.
زانیاری گشتی
شار مەدینەی پیرۆز

 عەرەبستانی سعوودی

بنیاتنەری مزگەوت پێغەمبەر محەمەد و ھاوەڵەکانی.
تایبەتمەندییەکان
ڕووبەر ٩٨، ٥٠٠م2
ژمارەی نوێژکەران ٦٠٠،٠٠٠

ئەگاتە ملیۆنێک لە وەرزی حەجدا

ژمارەی منارە ١٠
بەرزی منارە ١٠٥م
ژمارەی قوبە ١٩٧ قوبە
بەرزی قوبە قوبەی سەوز بە بەرزی ٨، ٩م

مزگەوتی پێغەمبەر، (بە عەرەبی: المسجد النبوي‎) مزگەوتی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەدە و ئارامگەکەی لەخۆدەگرێت. ئەم مزگەوتە لەدوای مزگەوتی حەرام یەکێک لە پیرۆزترین شوێنەکانی ئیسلامە. مزگەوتی پێغەمبەر ئەکەوێتە شاری مەدینە لە خۆراوای عەرەبستانی سعوودی و یەکێک لەو سێ مزگەوتەیە کە گەشتیارانی ئیسلام ڕووی تێدەکەن. موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نوێژێک تیایدا بەرامبەر ھەزار نوێژە لە مزگەوتی تردا بێجگە لە مزگەوتی حەرام، ئاماژەش بەمەکراوە لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر محەمەددا.

قۆناغەکانی بنیاتنانی مزگەوتەکە[دەستکاری]

لەسەردەمی پێفەمبەر محەمەددا[دەستکاری]

کاتێک پێغەمبەر محەمەد گەیشتە مەدینە لە ڕەبیعول ئەوەلی ساڵی یەکەمی کۆچەکەییدا، زەوییەکی کڕی لە ناوەڕاستی شارەکەدا و ھەڵیبژارد بۆئەوەی مزگەوتێک بێت موسڵمانان تیایا کۆببنەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژ و پەرستشەکانیان، لەگەڵ ھاوەڵەکانی دەستیان کرد بە بنیاتنانی، درێژی زەوییەکە حەفتا باڵ و پانییەکەی شەست باڵ بوو، کە دەکاتە نزیکەی ٣٥ مەتر درێژی و ٣٠ مەتر پانی.

فراوانکردنی مزگەوتەکە لە سەردەمی پێغەمبەر[دەستکاری]

ژمارەی موسڵمانان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی ئەکرد لە مەدینە بەھۆی کۆچکردن بۆی، و مزگەوتی پێغەمبەر تەسک بوو بۆ نویژکەران، و پێغەمبەر محەمەد بڕیاری دا ڕووبەرەکەی فراوان بکات، و لە دوای فەتحی خەیبەر دەستیان کرد بە فراوانکردنی لە ساڵی ٧ی کۆچی، ٤٠ باڵ لە پانی فراوانیان کرد و ھەروەھا ٣٠ باڵ لە دریژییەکەی، بەمەش شێوەیەکی چوارگۆشەیی وەرگرت و بوو بە سەد باڵ بە سەد باڵ، و عوسمانی کوڕی عەفان ئەم پارچە زەوییەی کڕی کە بۆیان زیاد کرد.

فراوانکردنی لە سەردەمی عومەری کوری خەتاب[دەستکاری]

کاتێک ژمارەی موسڵمانان زیادی کرد بە ھۆی فەتحە ئیسلامییەکان و فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ھەستا بە فراوانکردنی مزگەوتی پێغەمبەر، و ئەمەش یەکەم فراوانکردن بوو دوای ئەوەی پێغەمبەر محەمەد بنیاتی نا و قراوانی کرد، لە ساڵی ١٧ی کۆچی خەلیفە عومەری کوری خەتاب ھەستا بە جێبەجێکردنی بیناسازییەکی گەورە لە مزگەوتی پیغەمبەردا، بەرزی و پانی و درێژییەکەی زیاد کرد و بەگشتی پانییەکەی بوو بە ١٢٠ باڵ و درێژییەکەی بە ١٤٠ باڵ و بە ھەمان شێوە و کەرەستەی سەردەمی پێغەمبەر بنیاتی نا.

فراوانکردنی لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفان[دەستکاری]

ئەو زیادکردنە خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەنجامی دا بەشی نوێژکەران و سەردانکەرانی نەئەکرد، خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان ھەستا بە فراوانکردنی مزگەوتەکە، لە ساڵی ٢٩ی کۆچیی و خۆی سەرپەرشتی بیناکردنەکەی ئەکرد، و گۆڕانکاری ئەنجامدا لە شێوەی مزگەوتەکەدا و فراوانکردنەکەی بەم شێوەیە بوو؛ ١٠ باڵی بۆ زیاد کرد لە ڕووی قیبلەوە و ٢٠ باڵ لە باکوورەوە و ١٠ باڵ لە خۆرئاواییەوە، و بەم شێوەیە مزگەوتەکە مایەوە تا سەردەمی ئەمەوییەکان.

فراوانکردنی لە سەردەمی ئەمەوییەکان[دەستکاری]

مزگەوتی پێغەمبەر بەو شێوەیە مایەوە کە خەلیفە عوسمانی کوڕی عەفان بنیاتی نابوو تا ھاتنی خەلیفەی ئەمەوی وەلید کوڕی عەبدول مەلیک بە پێویستی زانی دووبارە مزگەوتەکە بنیات بنرێتەوە، والیەکەی لە شاری مەدینە عومەری کوڕی عەبدول عەزیزی ڕاسپارد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە لە ھەر چوار لاوە و فراوانکردنی، و ئەوەش بە کردار لە ساڵی ٨٨ تا ٩١ی ک خایاند، و گۆرانکاری لە شێوەکەیدا کرد و چوار منارەی بۆ مزگەوتەکە دانا، و بە گشتی لە ڕووی خۆرئاواوە بیست باڵیان بۆ زیادکرد و لە ڕۆژھەڵاتەوە نزیکەی سی باڵ و لە ڕووی باکوورەوە نزیکەی دە باڵ زیاد کران.

فراوانکردنی لە سەردەمی عەبباسییەکان[دەستکاری]

گرنگیدانی خەلیفەکان بە مزگەوتی پێغەمبەر زیادی کرد، ھەستان بە چاکسازی و بنیاتنانەوەی و بەو شێوەیەی سەردەمی وەلیدی کوری عەبدول مەلیکی ئەمەوی مایەوە، ھەتا خەلیفەی عەبباسی، مەھدی ڕۆیشت بۆ حەج و سەردانی مەدینەی کرد و کە مزگەوتەکەی بینی فەرمانی کرد بە بیناسازییەکی تەواو و فراوانکردنی مزگەوتەکە، و تەنھا لە ڕووی باکوورەوە زیادی کرد و ئەمەش لە ساڵی ١٦١ک دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٦٥ک بەردەوام بوو، و بڕی زیاد کردنەکەش سەد باڵ بوو، ھەروەھا چاکسازی و چاککردنەوەیان ئەنجامدا لە ناو مزگەوتەکە.

لە سەردەمی مەمالیکەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ٦٥٤ک بۆ یەکەم جار مزگەوتی پێغەمبەر سووتا، خەلیفەی عەبباسی، موستەعسیم بیللا لە ساڵی ٦٥٥ک ھەستا بە بنیاتنانەوەی مزگەوتەکە، بەڵام تەواو نەکرا بە ھۆی ڕووداوی غەزووی مەغۆل بۆ بەغدا و کوژرانی خەلیفە لەو کاتانەدا، لەبەرئەوە سوڵتانی میسر و یەمەن تەواوکردنی پڕۆژەکەیان گرتە ئەستۆ، و سوڵتان زاھیر بێبرس ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو لەمەدا، بەمەش کارووباری شارەکە کەوتە دەستی مەمالیکەکانی میسر و ھەستان بە چەند ئیشێک لە مزگەوتی پێغەمبەردا.

لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٨٨٦ک بۆ جاری دووەم مزگەوتی پێغەمبەر سووتا، و ئەشرەف قایتبای بڕیاری بیناکردنەوەیەکی تەواوی مزگەوتەکەی دا، و فراوان کرا بە بڕی نزیکەی دوو باڵ لە ڕۆژھەڵاتییەوەو سەقفی بۆ دروستکرا لە ساڵی ٨٨٨ک و بیناکردنەوەکەی تەواو بوو لە دەوروبەری ساڵی ٨٩٠ک.

لە سەردەمی عوسمانییەکان[دەستکاری]

عوسمانییەکان وەک خەلیفە و سوڵتانەکانی تر بایەخیکی زۆریان دا بە مزگەوتی پێغەمبەر، و سوڵتان سولەیمان قانونی ھەستا بە ئەنجامدانی چاکسازی لە مزگەوتەکەدا، لە ساڵی ٩٤٠ک و ٩٤٧ک چەند نوێکردنەوە چاککردنەوەیکی بۆ مزگەوتەکە ئەنجامدا بە شێوەیەکی جوانتر و گشتگیرتر.

ژمارەیەکی تر لە سوڵتانە عوسمانییەکان چاکسازییان لە مزگەوتەکەدا کرد لەوانە سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم لە ساڵی ١٢٦٥ک بیناکردنەوەیەکی تەواوی بۆ مزگەوتەکە ئەنجامدا و بەردەوام بوو تا ساڵی ١٢٧٧ک، ئەمەش چاکسازییەکی تەواو بوو و کرێکارەکان بەشێکیان تێک ئەدا و بنیاتیان ئەنایەوە ئینجا بەشێکی تریان چاک ئەکرد تا نوێژکردن تیایدا نەوەستێت.

لە سەردەمی سعوودییدا[دەستکاری]

حکومەتی سعودیە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتەکەیەوە گرنگی داوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، لە سەردەمی دامەزرێنەری دەوڵەتەکە مەلیک عەبدول عەزیز تا کاتی ئێستا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی موسڵمانان و ئەوانەی سەردانی ئەو شوێنە پیرۆزە دەکەن، مزگەوتەکە تەسک بوو بۆ سەردانکەرەکانی لەبەرئەوە چەندیین جار چاکسازی و فراوانکردنی بۆ کراوە. لەگەڵ زیادکردنی ڕووبەرە نوێکان بۆ مزگەوتەکە و بە گشتی، تێکڕای ڕووبەری سەرەکی زەوی مزگەوتی پێغەمبەر نزیکەی ٩٨، ٥٠٠ مەتری چوارگۆشەیە.


بەشەکانی مزگەوتەکە[دەستکاری]

گرنگترین بەشەکانی مزگەوتی پیغەمبەر ئەم بەشانەی خوارەوەن؛

  • مینبەری پێغەمبەر محەمەد
  • باخچە (الروضة)
  • حوجرەی پێغەمبەر
  • دیواری پێنج ڕوویی
  • قوبەی سەوز (القبة الخضراء)
  • کتێبخانەی مزگەوتی پێغەمبەر

بانگ بێژەکانی مزگەوتی پێغەمبەر[دەستکاری]

بانگ بێژەکانی مزگەوتی پێغەمبەر لە سەردەمی پێغەمبەر محەمەددا ئەمانەی خوارەوە بوون؛

سەرچاوەکان[دەستکاری]