ئیسرا و میعراج

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئیسرا و میعراج دوو ڕووداون کە مسوڵمانان پێیان وایە لە یەک شەودا بە سەر محەممەد پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیدا محەممەد لە مەککەوە ڕۆشتوە بۆ قودس و لەوێوە بۆ ئاسمانەکان.

ئیسرا[دەستکاری]

ئیسرا بریتیە لە سەفەری مەعنەویی شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام لە مەککەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سوورەتی ئیسرادا باسی لێ کراوە. بەشێک دەقی ئایەتەکە بە کوردی ئەمەیە. پاک و بێسووچە ئەو کەسەی کە بەندەکەی خۆی بە ئەسرا لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، کە دەورەکەیمان پیرۆز کردوە، تا ھێندێک لە نیشانەکانی خۆمانی پێ پیشان بدەین.

میعراج[دەستکاری]

میعراج بریتییە لە بەرزەوە بوونی محەممەد بەرەو ئاسمانەکان لەگەڵ جبرەییلدا. محەممەد لەم سەفەرەدا لەگەڵ خودادا قسەی کرد و چاوی بە کۆمەڵێک لە پێغەمبەران و فریشتەکان کەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتوە و لە حەدیسەوە وەرگیراوە.

ئیسرا و میعراج لە وێژەی کوردیدا[دەستکاری]

مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا بەم جۆرە باس لە میعراج دەکا:

ڕێی چەن هەزار ساڵ، تەی چەن حیجابات
زاتی حەق، کەلام، سوئال جەوابات
چوو، بوو، دی، بیستی، کریا، دریاوە
ھاتەوە حەڵقە ھەر دەلەریاوە

مەحوی دەڵێ:

شەو، شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵکوو سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • قورئان، سوورەتی ئیسرا
  • مەولەوی، عەقیدەی مەرزییە، بە شەرحی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس