بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەبدولڕەحمان کوڕی عەوف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گڵکۆی عەبدولڕەحمان کوڕی عەوف لە ئوردندا.

عەبدولڕەحمان کوڕی عەوف یەکێک بوو لە ھاوەڵانی پێغەمبەر محەممەد.

ناوى عەبدوڕەحمانى کوڕی عەوفى کوڕی عەبدعەوفى قوڕەیشی زوهریە، کونیەکەى ئەبووموحەممەدە، دایكی ناوى شیفائی کچی عەوفە.

یەکێکە لە دە موژدەپێدراوانى بەهەشت و یەکێکیشە لە شەش هاوەڵی شووراى سەردەمى عومەرى کوڕی خەططاب، پێغەمبەر تا وەفاتى كرد لێی رازى بوو.

عەبدوڕەحمان سەرەتا ناوى عەبدعەمر یان عەبدولکەعبە بوو، بەڵام کە موسڵمان بوو پێغەمبەر ناوى نا عەبدوڕەحمان.

برایەکى هەبوو بە ناوى ئەسوەد کە ئەمیش هاوەڵی پێغەمبەر بوو و ماوەیەک پێش فەتحى مەککە کۆچی كرد بۆ مەدینە، برایەکى تریشی هەبوو بەناوى عەبدوڵا کە لەرۆژی فەتحى مەککەدا موسڵمان بوو.[5]

خوشکێکی هەبوو بە ناوى حەمنەن کە ئەویش هاوەڵی پێغەمبەر بوو،[6]خوشکێکی تری ناوى شیفائی کچی عەوف بوو کە لە مەککە موسڵمان بوو و هاودەم بە عاتیکەى خوشكی کۆچی كرد بۆ مەدینە.

ژن و منداڵەکانى:

ژنێکی هەبوو بە ناوى ئومموكلثومى کچی عوتبە کە کوڕێکی لێ بوو بەناوى سالم، ژنێکی تری کچی شەیبە بوو کە کچێکی لێی بوو بە ناوى ئوممولقاسم، ژنێکی تری ناوى ئومموكلثومى کچی عوقبە بوو کە موحەممەد و ئیبراهیم و حەمید و ئیسماعیل و حەمیدەو ئەمەتورەحمانى لێی هەبوو، ژنێکی تری ناوى سەهلەى کچی عاصم بوو کە میعەن و عومەر و زەید و ئەمەتوڕەحمانى بچووکى لێی هەبوو، ژنێکی تری ناوى بەحریەی کچی هانی ْ  بوو کە کوڕێکى لێی هەبوو بە ناوى عوروە، ژنێکی تری ناوى سەهلەى کچی سوهەیل بوو کە سالمی بچووکى لێ هەبوو، ژنێکی تری ناوى ئومموحەکیم بوو کە ئەبووبەکری لێی هەبوو، ژنێکی تری کچی ئەبیلحەیس بوو کە کوڕێکی لێی هەبوو بەناوى عەبدوڵا، ژنێکی تری ناوى تەماضوری کچی ئەصبەع بوو کە عەبدوڵاى بچووکى لێ هەبوو، ژنێکی تری ناوى ئەسمائی کچی سەلامە بوو کە عەبدوڕەحمانى لێی هەبوو، ژنێکی تری ناوى ئومموحورەیث بوو کە موصعەب و ئامینەو مەریەمى لێ هەبوو، ژنێکی تری ناوى مەجدى کوڕی یەزیدە کە کوڕێکی لێی هەبوو بە ناوى سوهەیل، ژنێکی تری ناوى غەزالى کچی كیسرا بوو کە کەنیزەک بوو و کوڕێکی لێی هەبوو بە ناوى عوثمان، چەند ئوممووەلەدێکی تری هەبوو بەناوى عوروەو یەحیا و بیلال، ژنێکی تری ناوى بادیە بوو کە جوەیریەی لێ هەبوو، ژنێکی تری ناوى زەینەبی کچی صەباح بوو کە ئوممویەحیاى لێ هەبوو.

عەبدوڕەحمان دە ساڵ لە پێغەمبەر بچوکتر بوو، چونکە دە ساڵ پاش ساڵی فیل لەدایک بوو

موسڵمانبوونى:

موسڵمانبوونى عەبدوڕەحمان هاوكات بوو لەگەڵ موسڵمانبوونى عوثمانى کوڕی مەظعوون و عوبەیدەى کوڕی حارث و ئەبووعوبەیدەدا، ئەمەش پێش ئەوەى پێغەمبەر بچێتە ماڵی ئەرقەم و لەوێ بانگەواز بكات، عەبدوڕەحمان هاودەم بەو هاوەڵانەى چوونە خزمەت پێغەمبەر، پێغەمبەرى خوا باسی ئیسلامى كرد بۆیان و وردەکاریەکانى ئیسلامى خستەڕوو بۆیان، ئەوانیش موسڵمان بوون.