ئەسعەد مەحوی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەلا ئەسعەد مەحوی
لێدوان=
لەدایکبوون١٨٩٨
سلێمانی
مردن٢٥ی نیسانی ١٩٧٦
سلێمانی
سەردەم٢٠ – ٢١
نەتەوەکورد

مەلا ئەسعەد کوڕی مەلا خالید کوڕی محەممەدی مەحویی شاعیر. زانا، مەلا، شاعیر و ڕۆشنبیرێکی کوردی باشووری کوردستان بوو.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٨٩٨ لە گەڕەکی چوارباغی شاری سلێمانی و لە ماڵی مەحویدا کە بەتەنیشت خانەقاوەیە، لەدایکبووە. سەرەتای خوێندنی ئایینی لای مەلا خالیدی باوکی بووە. ساڵی ١٩١٠ بۆ خوێندن ڕووی لە قوتابخانەی (سەید ئەحمەد) کردووە. ساڵی ١٩١٤ بۆ خوێندنی سەرەتایی ئایینی لە حوجرەی «خواجە فەندی» بووە و لەوێ خوێندنی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩١٥ بۆ خوێندنی فەرمی و حکوومی لە قوتابخانەی «أعدادي» سلێمانی وەرگیراوە. لە کاتی بەرپابوونی جەنگی جیھانیی یەکەم و لەو ساتەی بەریتانیا عێراقی داگیرکرد و ڕووی کردە کوردستان، ئەسعەد مەحویش وازی لە قوتابخانەی ئەعدادی ھێنا و ڕێچکەی خوێندنی ئایینی باوانی گرت.

خوێندنی ئایینی و زانستەکانی شەریعەتی ئایینی ئیسلامی لای زانا و مەلا گەورەکانی کوردستان تەواو کرد، لە پێشیانە مەلا خالیدی باوکی و مەلا حوسێنی پیسکەنی و شێخ بابا عەلی تەکێی. دوای ئەوەی پلە بەرزەکانی خوێندنی زانستی ئایینی تەواو دەکات و ئیجازەی «دوازدە عیلم» وەردەگرێت، لە خانەقای مەحویدا پیشەی (مدرس)ی مامۆستای ئایینی دەکات وانەی بە فەقێیان وتووەتەوە و پێشنوێژی لە خانەقای مەحویدا کردووە.

چەندین قوتابی ئایینی لەسەر دەستی پێگەیون و زۆریان بۆ خوێندنی باڵا ڕوویان لە زانکۆی ئەزھەر لە میسڕ کردووە و بڕوانامەی دکتۆرایان بەدەست ھێناوە.

ساڵی ١٩٤٦ بە ئیمام و مودەڕیسی لە خانەقای مەحوی دادەمەزرێت. دواتر کە دائیرەی ئەوقاف دامەزراوە، ساڵی ١٩٤٦ مەلا خالیدی مەحوی مووچەی ئیمامی و ئەسعەد مەحویش مووچەی مودەڕیسی بۆ دیاریکراوە.

ژیانی سیاسی[دەستکاری]

مردن[دەستکاری]

ئەسعەد لە ڕۆژی ٢٥ی نیسانی ١٩٧٦ لە سلێمانی کۆجی دوایی کرد و لە گۆڕستانی کردی سەیوان نێژرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

لە بواری زانستی ئەم بەرھەمانەی ھەیە و کاتی خۆی چاپی کردوون:

  • عقائد الرحمانیة
  • تحسین البیانیة
  • شرح علی العقائد الرحمانیة
  • بەشی یەکەمی دیوانی شیعرییەکەشی لە ساڵی ١٩٧٠ چاپ کرد و بڵاوی کردەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی ئەسعەد مەحوی، کۆکردنەوە و ئامادەکردن و لەسەر نووسینی د. عەبدوڵڵا ئاگرین، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٤
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٦٣ تا ٤٧٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.