کانی (شاعیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کانی (١٨٩٧ – ١٩٥٧) نازناوی شیعریی شاعیری کلاسیکی کوردیی نیشتیمانپەروەر عەبدولجەبار ئاغا بوو. حاجی مەلا عەبدوڕەحمانی باوکی زانایێکی ئایینی گەورە و ناودار بووە و لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کراوە بە (موستەنتیق) لە شاری ھەولێر. بنەماڵەکەی بنەچەیان دەچێتەوە سەر عەشیرەتی جافی ھەڵەبجە. بەم دوو دێڕە خۆی بە خەڵکی دەناسێنێت:

زاھیرم وەک مەردی مەیدانم وەکو شێری دلێرگوێت لە بەیتم بێ دەکا ئیسپاتی نوتق و قووەتم
عاریفی عەسرم ئەدیبم حوڕ و سەربەست و فەھیمبێ موحابا شاعیرم مەشھوورە (کانی) شوھرەتم

ساڵی لەدایکبوون[دەستکاری]

ھەندێک سەرچاوەی وەکو گۆڤاری ھەتاو، پێشەکییەکی (لەیلە و مەجنوون)، مێژووی ئەدەبی کوردی و گۆڤاری ھەولێر ١٩٠٢ بە ساڵی لەدایکبوونی دادەنێن؛ بەڵام ئەگەر لە سەرێکی دیکەشەوە پشت بەو ڕایە ببەستین کە لە دیوانە دەستنووسەکەیدا وەک ڕاستییەکی بێگومان خراوەتە ڕوو و زۆر لە ڕۆشنبیر و شارەزایانی ئەو بنەماڵەیەش دەیگێڕنەوە و نووسەرێکیش بە ناوی (ب. کاوە) لە وتارێکی ڕۆژنامەی (التاخی)دا ئەو ڕاستییەی دووبارە کردووەتەوە کە دەڵێ:

لەو دەمەی کانی لە دایک دەبێ، عەبدولڕەزاق ئاغای شاعیر و سەرۆکی شارەوانیی ئەوسای ھەولێر و دۆستی ھەرە نزیکی باوکی، ڕادەسپێرێ ناوی بنێن (عەبدولجەبار ئاغا) بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی حیسابی (ئەبجەد) ساڵی ١٣١٥ی کۆچی بگرێتەوە کە ساڵی لە دایک بوونییەتی.

لە کاتی وەرگێڕانی ئەم ساڵە کۆچییەش بۆ ساڵی زایینی دەبینرێت بەرامبەر بە ١٨٩٧ دەوەستێ بە پێی ئەم زانیارییە نوێیەش، کە لە ١٢ی ئایاری ١٩٥٧ کۆچی دوایی دەکات، بە حیسابی ڕۆژژمێری زایینی، تەمەنی شەست ساڵ بووە، واتا لە (١٨٩٧ – ١٩٥٧) ژیاوە، ئەمەش زۆر لە ڕاستییەوە نزیکترە لە چاو ئەو ڕایەی کە دەڵێ: لە ١٩٠٢ لە دایک بووە و لە تەمەنی پەنجا و پێنج ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

ژیان[دەستکاری]

عەبدولجەبار ئاغای کوڕی حاجی مەلا عەبدوڕەحمانی کوڕی حاجی تەھای کوڕی حاجی عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولقادر ئاغای کوڕی محەمەد ئاغای کوڕی قەرەنی دۆغرەمەچییە. ھێشتا منداڵ بووە باوکی کۆچی دوایی کردووە. خوێندنی بەرایی لە حوجرەی مزگەوتی قەڵای ھەولێر بووە. منداڵێکی ھەراش بووە کە دەستی بە خوێندن کردووە. قۆناعەکانی خوێندنی تەواو نەکردووە، بەڵام مەیلی بۆ خوێندنەوەی کتێب زۆر بووە. یەکەم کاری مووچەخۆری میری لە ساڵی ١٩٢٨ لە کارگێڕی ھەڵمەتی «ھەڵمەتی لەناوبردنی گوللە» بووە. لە ساڵی ١٩٢٩ گوێزراوەتەوە بۆ کەندیناوە و گوێڕ و شەقڵاوە و قوشتەپە. لە ساڵی ١٩٣٤ بووە بە فەرمانبەر لە کارگێڕیی سەرژماردن (نوفووس) لە قەزای ڕەواندز. لە ساڵی ١٩٣٩ کراوە بە مووچەخۆری سەرژمێریی کۆیە ساڵی ١٩٤٣. پاشان لە ساڵی ١٩٤٤ بووە بە مووچەخۆری ئازووقە (تەموین) لە ھەولێر. لە دوای جەنگی جیھانیی دووەم بووە بە مووچەخۆری دەزگای زانیاری (مەعاریف) لە ھەولێر، لەم کارەیدا بەردەوام بووە تا کۆچی دواییی.

مردن[دەستکاری]

کانی لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٥٧ لە ھەولێر کۆچی دوایی کردووە.

چەند نموونەیەک لە ھۆنراوەکانی کانی[دەستکاری]

سەر فرۆناکەم[دەستکاری]

سەر فرۆناکەم بۆ عالەم چونکە عالی ھیممەتمناچۆێنم بۆ ھەموو دنیا لە دەستم رەغبەتم
ئێمە سائیل لە عالەم سائیلە عالەم بەخواعیزەتی نەفسم ھەیە ناڵێمە حاتەم قبیللەتم
من کە ڕازی بووم بەکەم نابم لە شاھەنشاھی کەمگەر نەکەم شەکوایی حاڵم کێ دەزانێ زیللەتم
سیم و زەڕ گەر چم نەبێ ئەمما دڵم موستەغنیەشاھیدە ئاسارەکەم مەعلووم ئەکا ماھییەتم
ناکەس و نائەھل و ناقیس ھەر نەزانن چاترەکامڵ و دانا لە گوفتارم دەزانن قیمەتم
زاھیرم ھەر مەردی مەیدانم وەکوو شێری دلێرگوێت لە بەیتم بێ دەکا ئیسپاتی نوتق و قووەتم
عاریفی عەسرم، ئەدیبم، حوڕ و سەربەست و فەھیمبۆ موحابا شاعیرم، مەشھوورە (کانی) شوھرەتم

خزمینە وەرن[دەستکاری]

خزمینە وەرن تاکو بە قوربانی وەتەن بینقوربانی چیا و دەشت و بیابانی وەتەن بین
تا کەی لە کون و قوژبنی وێرانە بمێنینبا ئیدی لەسەر کۆششی عمرانی وەتەن بین
تا کەی بگرین ئێمە وەکوو ھەوری بەھاری؟وەک رەعدی سەما دایما ناڵانی وەتەن بین
بۆچ پێنەکەنین لەم چەمەنستانە وەکو گوڵ؟بۆچ غونچە سیفەت سەر بە گریبانی وەتەن بین؟
بۆ گەردەن و سینە و کەمەری دوژمنی بەدخووبا دەست بە قەمە و خەنجەری بڕڕانی وەتەن بین
یا رەب چ دەبێ ئێمەش ئەگەر (ھەروەکوو بەعزێ)لەشکرشکەن و رۆستەمی مەیدانی وەتەن بین
تا کەی ئەدوێی (کانی) لە ئەوسافی خەت و خاڵوا چاکە لەمەولا کە غەزەلخوانی وەتەن بین؟!

ئەمەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • دیوانی کانی، کۆکردنەوەی: موەفەق ئەکرەم کانی، چاپخانەی ئەلحەوادت، بەغدا/١٩٨٠.
  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٤٠٩ تا ٤١٦، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.