بورھان جاھید

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
بورھان جاھید

لەدایکبوون١٩١٨
مەرگ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١
ھەولێر
نەتەوەکورد
ئایینئیسلام

بورھان محەممەد عەبدولڕەحمان دۆغرەمەچی (لەدایکبووی ١٩١٨ لە ھەولێر، عێراق – مردووی ٢١ی کانوونی دووەمی لە ١٩٩١ ھەولێر) لە شیعردا بە جاھید ناسراوە، شاعیرێکی خەڵکی ھەولێر بوو. ژیانێکی سەختی پڕ لە نائومێدی تووشی مەی و مەیخانەی کردووە، لە ژیانیدا بە زۆری سەرخۆشی بە خۆیەوە دیوە، بەڵام زیانی جگە لە خۆی بۆ کەسی تر نەبووە.

ژیان[دەستکاری]

جاھید لە ساڵی ١٩١٨ لە ھەولێر لەدایکبووە. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئوولای (یەکەمی) ھەولێر تەواوکردووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە. دایکی شووی بە شوبرای خۆی کردووەتەوە کە جەبار ئاغای کانی شاعیرە، واتە مامی جاھید، لەبەرئەوە لە ماڵی مامیدا گەورە بووە. لە دوای خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوەندی ھەولێر خوێندوویەتی. لە پۆلی دووەم لە ساڵی ١٩٣٤ لە قوتابخانە دوورکەوتووەتەوە، لەو سەردەمەدا دایکی کۆچی دوایی کردووە، بێ داڵدە ماوەتەوە، تووشی دەست کورتی و ئاوارەیی بووە. کە ناوی بۆ خزمەتی سوپا ھاتووە خۆی نەدزیوەتەوە، ساڵی ١٩٣٧ تا ١٩٤٠ سەرباز بووە لە ئۆردووگاکانی کەرکووک و سلێمانی و کۆیە و ڕواندز. ھەر لەو کاتەی لە سەربازی ڕزگاری بووە خووی داوەتە سەرخۆشی و ژیانێکی بێ سەروبەری بردووەتە سەر. زۆربەی ژیانی ڕۆژانەی بە سەرخۆشی بەسەر بردووە. بەڵام بێوەی بووە زیانی بۆ خۆی نەبێت بۆ کەسی دیکە نەبووە.

ساڵی ١٩٤٥ جاھید یەکێک بوو لەوانەی بەر لێشاوی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق کەوتن بەھۆی بزووتنەوەی ئەو سەردەمەی بارزانییان و ماوەیەک لە گرتووخانە مایەوە. لە پەنجەکانی سەدەی بیستەم ژنی ھێنا، ماوەی سەرخۆشی و ئاوارەیی لە ژیانیدا تا پلەیەک بەسەرچوو و ھەندێ ئۆقرەی گرت. لەو کاتەدا بووە مووچەخۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ڕێگاوبان و ھاتوچۆی ھەولێر. لە پاشاندا کارگێڕی نامەخانەی ناوچەیی عەنکاوەی پێ سپێردرا لە ھەولێر. لە دوای ماوەیەک خانەنشین کرا.

مردن[دەستکاری]

لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد و ھەندێ شیعری جوان و بەپێزی لە دوای خۆی بۆ نەتەوەکەی بەجێھێشت.

ھۆنراوەکان[دەستکاری]

یەکەم شیعری بورھان جاھید:

لە بۆ دەفعی غەمی دنیا لە دەستم بادە بوو پەیدا
عەقڵ فەوتا جگەر سووتا بە جارێ کەوتمە سەحرا
غەمم یەک بوو ھەزاری کرد دەخیلی گوڵعوزاری کرد
خەریکی ئاھ و زاری کرد بە شەو تا ڕۆژ ئەبێ بیللا
نەما چارم کە بیمارم بە دڵ لەم گیانە بێزارم
لە ھیجرانا چ بێچارم بە تیرێ بمکوژێ لەیلا
فەلەک سووتا لە ئاھی من مەلەک گریا لە ڕاھی من
عەجەب بەختی سیاھی من نەبوو جارێ لە خەو ئاگا
بە حاڵی (جاھید)ی مەعسووم ئەگەر ڕەحمێ نەکەن مەعلووم
حیسابی من چ بێ مەفھووم ئەپرسن لێم لە مەحشەردا

وەسف و دڵداری[دەستکاری]

لە شیعرێکیدا جاھید بە ناوی «یادی ڕۆژانی ڕابردوو» لە ساڵی ١٩٣٣ ھۆنیوەتییەوە دەڵێ:

ڕۆژێ ئەچوومە ماڵەوە بەس خۆم و تەنیا حاڵەوە
بێ ئەزیەت و مەلاڵەوە بێ مەقسەد و خەیاڵەوە
دیتم لەسەر کۆشک و سەرا مەحبووبێ عەینی شەوچرا
تاقەت و سەبرم لێ بڕا ئیشارەی کرد لە پاڵەوە
لای برد و چارۆکەی سەری دەرچوو قەمەر بۆ مشتەری
نووسرا لە بۆم ئاخیر شەری خستمیە عەیشی تاڵەوە
غەمزە ھوجوومی کردە دڵ نەمزانی حیلەبازە گوڵ
زنجیرەی شێتم خستە مل بە ئۆف و ناڵە ناڵەوە
چاوی سوپەھسالاری ئەو حەرامی کرد لە چاوم خەو
خوێندم وەکو کەو ڕۆژ و شەو بە حوکمی خەت و خاڵەوە
ساعید و شان و دەست و کەف سینەیی سافی وەک سەدەف
دوو غونچە گوڵ لە دوو تەرەف لە ژێر کراسی ئاڵەوە
فەرمووی بڕۆ تۆ ئەو دەمە ئەمما وەرە ڕۆژی شەممە
نەختێ ئەکەین کەون و گەمە بە یادی وەزعی حاڵەوە
چارەم نەما غەیری سوکووت خزیم و ھەر وەک عەنکەبووت
ڕۆژم حیساب کرد تاک و جووت بۆ وەعدەیی ویساڵەوە
چوومە دەرگەی حەسارەکەی وەختی ویساڵە تایەکەی
ھاتوومە دەگرم لێوەکەی بە جەرگی وەک زوخاڵەوە
وەختی کە دەرگەی کردەوە منی لە بۆ خۆی بردەوە
بە گوفتی نەرم و وردەوە بە فەرموودەی عەسالەوە
وتی ڕۆژت ھەڵات (جاھید) تۆم خۆش ئەوێ خودا شاھید
با بتەقێ ورگی حاسید بمرێ بە قیل و قاڵەوە
وتم ئەی ڕووحی ڕەوانم ئەمناسی کە من بورھانم
بولبولی باغی دڵانم بێ پەڕ و پووچ و باڵەوە

چوارین[دەستکاری]

بڵێن بەو یارە شیرینەم لەسەر ڕوو پەردە با لادا ئەوی ھەمبوو لە دنیادا بە بەحری حوسنی ویم دادا
فیغانی گوڵ لە بۆ بولبول لە پاش مردن دەوا نادا ئەگەر ھەیبوو چ ئیحسانێ بداتن پێم لە دنیادا

لە چوارینێکدا بۆ ئەو کەسەی تەنیا بیر لە خۆی دەکاتەوە دەڵێ:

حاڵی نەخۆشێک ناپرسێ جارێک بۆ ڕووت و ھەژار ھەڵناگرێ بارێک
مەجلیس و بەزمی لەگەڵ پارەیە نایێتە یادی سوحبەتی یارێک

بە لای شاعیرەوە قسەی بێ نەبێ چاکترە، ھەموو کەسێک ئەگەر شوێنی خۆی لە کۆمەڵگادا دیاری نەکات، وەکو ئەو کەسە وایە دەھری بێ و باوەڕی بە ھیچ کردگارێک نەبێ:

قسەی لا بەلا کە سوودی نەبێ وەکو ئاوێکە وجوودی نەبێ
ئینسان کە ھات و جێی خۆی نەناسێ وەک مەخلووقێکە مەعبوودی نەبێ

بە لای جاھیدەوە پیاو ئەو پیاوەیە بە گژ زۆرداردا بچێ نەک ھەژار بڕووتێنێتەوە:

ئەگەر ئەترسی تۆ لە عەیب و عار پەلامار مەدە بە ڕووت و ھەژار
ئەگەر خەریکی غیرەت بنوێنی پەلامار بدە بە کەسی زۆردار

شاعیر لەسەر ئەو باوەڕەیە پیاو دەبێت ڕاست بێت. دەروێشی لەسەر ڕاستی دامەزراوە، پیاو ئەوەیە بە خۆیەوە بنازێ نەک باب و باپیرانی:

کەشف و کەرامەت لە ئیحتیرامە شێخی بێ حورمەت ڕەنجی حەرامە
کردەوەت باش بێ بە کەس مەنازە تۆ چ دەخلێکت بە خاڵ و مامە

تاک[دەستکاری]

عاقیبەت ئەڕزێ لەشم ھەرچەند بە نازی گەورەکەم
خزمەتی زگ چەند بکەم موحتاجی یەک نانم دەکا

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٣٢١ تا ٣٤٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.