عەلی باپیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەلی ئەحمەد باپیر

لەدایکبوون١٩٦١ (تەمەن ٦٢–٦٣)
گوندی کەنجاڕە، سەنگەسەر، پشدەر
پیشەسەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، نووسەر
تەلەڤیزیۆنپەیام، کۆمەڵ
حیزبی سیاسیکۆمەڵی دادگەریی کوردستان
ئایینئیسلامسوننە
وێبگەwww.alibapir.com

عەلی باپیر وەتمان (لەدایکبووی ١٩٦١ لە سلێمانی، قەزای پشدەر) نووسەر و بیرمەندێکی ئیسلامیی کوردە کە باشتر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ناسراوە. عەلی باپیر زیاتر لە ١١٠ کتێبی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە، و چەندین شریتی دەنگی و وتار و سیمیناریشی ئەنجام داوە. لە ھەولێر خۆی بۆ پەرلەمانی عێراق ھەڵبژارد و لە ھەموو لیستەکانی ھەولێر پلەی یەکەمی وەرگرت.[ژێدەر پێویستە] عەلی باپیر لە ھۆزی میراودەلیە.

عەلی باپیر لە تەمەنی گەنجیدا وەک پێشمەرگەیەک لە دژی سەدام شەڕی کردووە و براکەی خۆی کوشتووە بەهۆی ئەوەی یارمەتی سەدام دەدات بۆ کوشتنی ئەندامی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی کوردستان.[١] عەلی باپیر یارمەتی دروستکردنی میرنشینی ئیسلامی بیارا دا و دوای لەناوچوونی میرنشینی ئیسلامی بیارا، ئەمریکییەکان ٢٤ سەربازی عەلی باپیریان کۆمەڵکوژ کرد و عەلی باپیریان دەستگیرکرد، تەنها دوای ئەوەی حکومەتی کورد داوای لێکردن ڕێگەیان پێدا بڕوات.[٢]

عەلی باپیر یەکێکە لە یەکەم سیاسەتمەدارە کوردەکانی باشووری کوردستان کە لەکاتی سەردانێکی فەرمیدا بۆ تورکیا دژی مامەڵەی تورکیا لەگەڵ هاووڵاتییە کوردەکانی قسە دەکات. باپیر لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداری کۆنفرانسێکی کرد لە تورکیا و ڕایگەیاند کە “دەبێت تورکیا واز لە ستەمکردنی کورد لە باکور بهێنێت” و “مەسەلەی جیهانی موسڵمانان ئەوەیە کە وازیان لە ئیسلام و نەریت هێناوە بۆ ئەوەی بە یاساکانی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦ کە گەلانی بە درێژایی سنوورە ناشەرعیەکان دابەش کردووە”.[٣]

ژیان و کارو چالاکییەکان[دەستکاری]

دوای شەش مانگ مانەوە لە کوردستانی ئێران بەرەو تارانی پایتەختی ئیران بەڕێدەکەوێ بەنیازی درێژەدان بە خوێندنی زانکۆ، بەڵام پاش شەش مانگ مانەوە ھەوڵەکانی بێھوودە دەبن و دەگەڕێتەوە کوردستانی عێراق و لەڕێی چەند دۆست و برادەرێکەوە کێشەی ڕژێمی بەشێوەیەکی کاتی بۆ چارەسەر دەکرێ و سەرەنجام لە ئەوقافی ھەولێر تاقیکردنەوەیەکی پێشنوێژیی و وتاربێژیی دەدات و دەردەچێ. لە ١٩٨٣ لە مزگەوتی «نەوڕەسی» لە ڕانیە وەردەگیرێت، بەشێوەی «الإنتداب» لەجیاتی خزمەتی سەربازیی و کێشەی سەربازیی نەکردنیشی چارەسەر دەبێ. لە ھەمان ساڵی ١٩٨٣ دا یەکەمین پەرتووکی دەنووسێ بەناوی «پوختەیەک دەربارەی ئیسلام» و لە ساڵی ١٩٨٤ لە بەغداد چاپ دەکرێ.

لە ساڵی ١٩٩١دا عەلی باپیر لەگەڵ ھەریەک لە مەلا مەحموودی ئازادیی و مەلا ئەبووبەکری صدیقیدا لەڕێگای پاکستانەوە سەفەری حەج دەکات و نزیکەی سێ مانگی پێدەچێ و وەک شاندێکی ڕەسمیی بزووتنەوەش–کە ئەو کاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی دەبێ–لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیدار و گفتوگۆی دەبێ چ لە سعودییە و چ لە پاکستانیش، وەک: عمر عبدالرحمنی میسری و برھان الدین ڕبانی. لە پیشاوری پاکستانی سمینارێک بە زمانی عەرەبی دەبەستێ لەبارەی کێشەی کورد و چۆنییەتی چارەسەرکردنییەوە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، و ئەو کاتە لە گۆڤاری «المرابطون» دا بڵاوکراوەتەوە.

عەلی باپیر و کێشەکانی بزووتنەوە[دەستکاری]

دوای ئەوەی لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٣ دا شەڕ لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبەکەی عەلی باپیر دەست پێ دەکات، دەرەنجام سەرجەم بنکە و بارەگاکانی بزووتنەوە پاش بەرگرییەکی بەھێز لەلایەن یەکێتییەوە دەگیرێن و ژمارەیەکی زۆریش لە ھەردوولا دەکوژرێن، بەڵام باپیر خۆی بە ھاوکاری چەند دۆستێکی لەگەڵ سێ پێشمەرگەی دیکەدا دەربازی دەبێت. سەرەنجام دەچێتە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ژمارەیەکی باش لە ھێزی پێشمەرگە لە نزیک قاسمەڕەش و زەڵێ کۆدەکاتەوە، ھاوکات لەگەڵ شەڕی شارەزوور شەڕێکی دیکەی دژ بە یەکێتی لە پشدەر دەست پێ دەکات، پاش چەند مانگێک جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە، لە ئاکامدا، یەکێتی داوای ڕاگرتنی شەڕ دەکات و بەشێک لە داواکارییەکانی حیزبەکەی باپیر بەجێ دێنێت، کە لە گێڕانەوەی بنکە و بارەگاکان و قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددییەکاندا خۆی دەنواند. پاش ھاتنەوەی بزووتنەوە بۆ نێو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن لە کاروباری حیزبیدا بەردەوام دەبێ ھەتا مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٠٠ کە یەکەمین کۆنگرەی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی، لە گوندی تەوێڵەی بەسرا، کە لە ئاکامی ئەو کۆنگرەیەدا وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانی ئەودا بەتایبەتی و لە بزووتنەوەدا بەگشتی ڕوویدا.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٤ دوای ئەوەی خۆی دەچێتە ناوچە سنوورییەکان و سەرگەرمی کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ھێزەکانیان دەبێ، ماوەی چەند مانگێک ھەردوو ھاوسەری بە خۆحەشاردان دەیگوزەرێنن و پاشان ماڵەکەی دەباتە نەغەدە و دواتریش دەیگوازێتەوە بۆ مەریوان و لە ساڵی ١٩٩٥ و ١٩٩٦ دا ماڵی ھاوسەرێکی لە ئەحمەد ئاوا و ماڵی ئەوی دیشیان لە مەریوان دەبێ.

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان[دەستکاری]

بەر لەوەی کۆمەڵی ئیسلامیی ڕابگەیەنرێ، باپیر نامیلکەیەکی ٢٥ بڕگەیی نووسی بە ناونیشانی «بنەما شەرعییەکان و ھێڵە گشتییەکانی کۆمەڵێکی ئیسلامیی ڕەسەن» کە لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتیدا دەیخاتە ڕوو و تاووتوێی دەکەن و ئەو بیست و پێنج خاڵە دەکرێتە بناغەی بەرنامەی بیری و سیاسەتی شەرعیی کۆمەڵ. پێش ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیی و دوای بە بنبەست گەیشتنی باری بزووتنەوەی یەکبوون، دەچێتە ماڵی ھەرکام لە: صدیق عەبدولعەزیز، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەد کاکە مەحموود، و بەنۆرە و بە جیاجیا داوا لە ھەرسێکیان دەکات کە ڕابەرایەتی ئەو گۆڕانکارییە بکەن کە خۆی فەرز کردووە، و ئامادەیی بەیعەت پێدان و پشتگیریی کردنی تەواوی خۆیشی و ئەوانەش کە بە قسەی دەکەن بۆیان دەربڕێ، بەڵام ھیچ کامیان ئامادە نابن بێنەپێش.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵ لە شارەزوور و ھەورامان لەلایەن ئەمریکاوە مووشەکباران کرا و لە ئاکامدا نزیکی ١٠٠ کەسێکیان لە ئەندام و کادیر و پێشمەرگە لێ شەھید و بریندار دەبێ و سەرەنجام بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتیدا بنکە و بارەگاکانیان دەگوازنەوە بۆ ناوچەی پشدەر و خۆیشی بە ماڵ و خێزانەوە لە گوندی دارەشمانە نیشتەجێ دەبێ، تاکو لەنزیکەوە سەرپەرشتی ھێزەکان و بنکە و بارەگاکانیان بکات. لە مانگی ١١ی ٢٠٠٥دا و لە یەکەمین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامیی دا بە یەکدەنگیی ئەندامانی کۆنگرە بە ئەمیری کۆمەڵ ھەڵبژێردرایەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامییدا لە تاران بەشداریی کۆنفڕانسی پشتگیریی کردن لە خەڵکی فەڵەستین دەکات و لەگەڵ خالید مشعلی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس یەکتر دەبینن.

لە چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامیدا، ئاڵا، ناوی حیزب و پۆستی ئەمیری حیزبەکە بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە گۆڕی، و ناوی حیزبەکە گۆڕدرا بە «کۆمەڵی دادگەریی کوردستان»، ھەروەھا ئاڵای کۆمەڵیش گۆڕدرا و ناوی پۆستی ئەمیریشیان کردە سەرۆک و عەلی باپیر وەکوو سەرۆکی حیزبەکە ھەڵبژێردرا.[٤][٥]

ڕەخنە[دەستکاری]

مەلا خدر مستەفا یوونس، سەرۆکی لیژنەی فتوای سۆرانی یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی وشە، دەڵێت کە عەلی باپیر ھانی چەندین کەسی دا، ھەم لە ناو حیزبەکەی خۆی و ھەمیش گەنجان، کە بچنە ناو داعشەوە دژی پێشمەرگە بجەنگێن،[٦] ئەمە لەکاتێکدا کە خۆی نامەیەکی ئیدانەی تەماوی و ناڕوونی نووسیبووەوە کە تێیدا داوای لە داعش کردبوو ھێرش نەکەنە سەر کوردستان، بەڵام زۆر کەس پێیان وابوو ئەوە تەنیا جووڵەیەکی سیاسی بووە و عەلی باپیر و حیزبەکەی ھەمان تێڕوانینی داعشیان ھەیە، کاتێکیش دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە کۆمەڵی ئیسلامی لە ئەسڵدا ڕەتیان کردووەتەوە کە نامەکە بڵاو ببێتەوە، گومانەکان زیاتر بوون.[٧]

عەلی باپیر چەند جارێک ڕەتی کردەوە کە لەبەر سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب ھەڵبستێت، بەبۆنەی بەشێک لە ھۆنراوەکە کە دەڵێت «دینمانە ئاینمان \ ھەر نیشتیمان»، کە بە نیزبەت عەلی باپیرەوە کفر و بێڕێزییە بەرامبەر ئایینی ئیسلام و موسڵمانان.[٨] ئەمە وای کرد کە چەند ئەندامێکی تری کۆمەڵیش ھەمان کردەوە ئەنجام بدەن، تاکوو عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و زاوای عەلی باپیر، داوایەکی یاسایی لەسەر تۆمار کرا لە دادگای تاوانەکانی ھەولێر بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بەرامبەر سروودی نیشتیمانیی کوردستان.[٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Journey to jihad: Iran's Sunni Kurds fighting a holy war in Idlib". www.rudaw.net. Retrieved 2022-05-14.
  2. ^ Hawramy, Fazel. "Komal should 'shed' Islamic label: party leader". Rudaw. Archived from the original on 2021-12-06. Retrieved 2021-12-06.
  3. ^ "عەلی باپیر لەتوركیا: پێویستە توركیا واز لە چەوساندنەوەی كورد بهێنێت". Retrieved 3 July 2023.
  4. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1902202124. Retrieved 15ی Octoberی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= (help); Missing or empty |title= (help)
  5. ^ کوردپرێس: کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ناوەکەی گۆڕی بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، نووسراو لە در ٢٠ ی شوباتی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠.
  6. ^ "سەرۆکی لیژنەی فتوا: کۆمەڵ و عەلی باپیر و داعش یەک ئامانجیان ھەیە". www.wishe.net. Retrieved 13 October 2021.
  7. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1908201415. Retrieved 13 October 2021. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)
  8. ^ "عەلی باپیر: ناتوانیین رێز لە ئەی رەقیب بگرین". www.aa.com.tr. Retrieved 13 October 2021.
  9. ^ "کامپینی ئێمە خاوەنی ئەی رەقیبین". kurdistannet.info (بە ئینگلیزی). Retrieved 13 October 2021. ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]