چیلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆماری چیلی
República de Chile
سروود: Por la razón o la fuerza 'بە ھۆکار یان بە ھێز'
پایتەخت
و
سانتیاگۆ
زمانە فەرمییەکان ئیسپانی
دامەزران
 -  ١٨ی شوباتی ١٨١٨  
ڕووبەر
 -  ٧٥٦٫٩٥٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٣٨ەمین)
ھەڵەی دەربڕین: پیتێکی نەناسراو ھەیە "٧" مایلی چوارگۆشە 
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی  ١٩٬٤٥٨٬٠٠٠ لەسەر ویکیدراوە دەستکاریی ئەمە بکە 
 -  سەرژمێریی  ١٦٬٨٨٨٬٠٠٠ 
ناوچەی کاتی (UTC-٤ بۆ -٦ کاتی ھاوینان -٣ بۆ -٥)
لای لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت .cl

چیلی (ئیسپانی: Chile)، بەفەرمی کۆماری چیلی (ئیسپانی: República de Chile) وڵاتێکی سەربەخۆی لاتینییە لە ئەمریکای باشوور. لەبەشی ڕۆژاوای باشووری کیشوەری ئەمریکای باشوور، بەدرێژاییی ٤٨٢٨ کیلۆمەتر سنووری ئاویی ھەیە بەسەر کەناراوەکانی ئۆقیانووسی ئارام. پێروو کەوتۆتە باکوری، بۆلیڤیا کەوتۆتە باکوری ڕۆژھەڵاتی، و ئۆقیانووسی ئارامیش لە بەری ڕۆژاوایەتی. چیلی بە وڵاتێکی تەشیلەیی درێژکۆڵەی کەناراوی ھەژمار دەکرێت، کە بەشی زۆرینەی زەوییەکانی ڕۆژاوای کیشوەری ئەمریکای لاتینی پێک دێنێت، ڕووبەری چیلی ٧٥٦، ٦٢٦ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ژمارەی دانیشتووانی بەگوێرەی سەرژمێریی ١٩٨٨ نزیکەی ٧٫١٢ میلیۆن کەس دەبێت. شاری سانتیاگۆ پایتەختییەتی؛ شارەکانی ڤاڵپاڕەیسۆ و ئانتۆفاگاستا و ڤاڵدیڤیا و کۆنسیسیۆن بە شارە گەورە و دیارەکانی دادەنرێن.

بیابانی باکوری بە سەرچاوە سرووشتییەکان دەوڵەمەندە، بەتایبەت ئاسن و کاربۆن. زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە ناوەڕاستی وڵاتەکە نیشتەجێن، و بەشی باشووری بە ڕووبەرێکی زۆری دارستان و زنجیرە چیای گڕکانی داپۆشراوە. دەریاچەی داخراوی زۆرە و لەوەڕگایەکی باشی ھەیە بۆ سامانی ئاژەڵ، جگە لە ھەبوونی سەدان دوورگەی پچڕپچڕ لە بەشی باشووری کە دەڕوانێتە زەریای ھێمن. چیلی سەرچاوەیەکی باشی ئابووریی ھەیە بەھۆی گەشتیارییەوە، و ڕامیارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەھەم، دوای یەکگرتنەوەی بەشی باکور و باشووری وڵاتەکە.[١]

ئیسپانیا لەسەدەی شازدەھەم ھێرشی کردە سەر چیلی و داگیری کرد. بەو ھۆیەوە، کۆتاییی بە فەرمانڕەواییی ئەلانکە ھێنا لە بەشی باکور و ناوەڕاستی چیلی، بەڵام بەرامبەر بزاڤی مابۆچی شکستیان خوارد کە لەھەرێمەکانی باشووری چیلی نیشتەجێ ببوون. چیلی لە ساڵی ١٨١٨ لە ئیسپانیا سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند، و لە ساڵی ١٨٣٠ وەک وڵاتێکی ئارام و بێکێشە دەرکەوت. لەسەدەی نۆزدەھەم، چیلی گەشەسەندنێکی باشی ئابوریی بەخۆیەوە بینی، ئەمیش بەھۆی بەرەنگاربوونەوەی بزاڤی مابۆچی لە ١٨٨٠ و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی باکور لە کاتی جەنگی زەریای ھێمن (١٨٧٩–١٨٨٣)، و سەرکەوتنی بەسەر پێروو و پۆلیڤیا.[٢] لەکۆتاییی ساڵانی ١٩٦٠ و سەرەتای ١٩٧٠ ململانێیەکی ڕامیاری سەری ھەڵدا لە نێوان بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ڕاست و چەپ، لە ئاکامدا گەیشتە ئەوەی چەپڕەوەکانی چیلی بە ڕێبەرایەتیی سێلفادۆر ئەلێندی کودەتایەکی سەربازیی بەسەر حکومەتی ڕاستڕەوەکان بکەن (١٩٧٣) و ڕژێمێکی سەربازیی دیکتاتۆری دابمەزرێنن، و دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی بەرھەڵستکاران. ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرییە لە ١٩٩٠ کۆتاییی پێ ھات دوای لەدەست دانی دەنگێکی زۆر بەھۆی ھەڵبژاردنەوە. ئێستا ڕژێمێکی پەرلەمانی ھەیە کە چوار ساڵ جارێک سەرۆک ھەڵدەبژێردرێتەوە، و تاوەکو ٢٠١٠ چوار سەرۆکیان بۆ وڵاتەکەیان ھەڵبژاردووە.

چیلی ئەمڕۆ یەکێکە لە وڵاتە ھەرە پێشکەوتوو و ئارامەکانی ئەمریکای لاتینی. لەنێوان وڵاتانی لاتین لە ڕێزبەندی ھەر باشترین وڵاتانی ئەمریکای باشووردایە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، پەرەسەندنی ئابووری، بەرزبوونەوەی داھاتی تاک، جیھان گەرایی، بازاڕی ئازاد، و کەمیی گەندەڵی لەدام و دەزگاکانی.[٣] لە پلەیەکی باڵای ڕێزبەندی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیھانە لە ڕووی ڕامیاری و دیموکراتییەوە.[٤] چیلی یەکێکە لە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتیی وڵاتانی ئەمریکای باشوور کە ھەریەکە لە وڵاتانی لاتینی و کاریبیی بەیەک بەستۆتەوە.

بنەمای ناونانی[دەستکاری]

بۆچوونی جیاواز ھەیە لەبارەی ناونانی بە چیلی. بەگوێرەی بۆچوونی مێژوونوسی ئیسپانی، دیگۆدی ڕۆزالیس، لە سەدەی ھەڤدەھەم،[٥] ھۆی ناونانی بۆ شارستانییەتی ئەلانکە دەگەڕێتەوە. لە سەدەی ١٥ سەرکردەکەیان بەناوی Picunche ("کاسیک") بە Tili بانگیان کردووە، بەھۆی دەستڕۆییی لە ناوچەکە.[٦][٧] بۆچوونی تر ھەیە کە دەڵێت دوای ئەوەی میرنشینی ئەکۆنکاگوا لەگەڵ میرنشینی کاسما لە پیڕۆی ئەمڕۆ یەکیان گرتوە، ئەم ناوەیان بۆ ھەردوو ھەرێم ھەڵبژاردوە کە بە واتای بیبەر تیژ دێت.[٧]

بۆچوونی دیکەش ھەیە کە دەڵێت خۆی چیلی ھەر ھەبووە، و بە واتای کۆتا باشوور دێت، یاخود بە واتای نەورەسی باشوور دێت.[٨] بۆچوونی تر دەڵێن ناوەکە لە بیبەری تیژی مابۆچیری وەرگیراوە،[٩] یان کورتکراوەی کیچواچیریە(chiri) کە بە واتای ھەرێمی سارد دێت،[١٠] یان بیبەری سارد، یانیش بە واتای بەفر دێت،[١٠][١١] یان بەواتای دواخاڵی زەوی دێت.[١٢] پەسەندترین بۆچوون ئەوەیە کە ناوەکە لە بیبەری (cheele-cheele) وەرگیراوە.[٩][١٣]

ئیسپانییەکان بۆ یەکەم جار ئەم ناوەیان لە ئەلانکییەکان بیست لەکاتی جەنگە داگیرکەرییەکەیان، کە پێشووتر گەشتێکیان ئەنجام دا بە ڕابەریی دیێگۆدی ماگیڕۆ (١٥٣–١٥٣٦) کە ناویان لەخۆ نابوو پیاوانی پۆڵیس.[٩] ھەر لەوکاتەوە ناوەکەیان لەسەر زاری خەڵک وەرگرتووە و لە بەڵگەنامەکان تۆماریان کرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ ھەیە.[٧] ناوی چیلی چیلی (بیبەری تیژ) لەسەر زاری خەڵکەکەی بەکار دەھات تاوەکو ساڵی ١٩٠٠.[١٤]

مێژوو[دەستکاری]

گەلی مابۆچی لە دانیشتوانە ھەرە ڕەسەنەکەی چیلیین کە لە ناوەڕاست و باشووری نیشتەجێبوون.

پێش داگیرکردنی لەلایەن ئیسپانیاوە بەشێک بوو لە ئیمپڕاتۆریەتی ئەلانکەی ھیندی ئەمریکی (١٥٤٠)، وە وەک بەشێک لە ئیسپانیا مایەوە تاوەکو (١٨١٨) کە سەربەخۆییی خۆیان ڕاگەیاند، پاشان تووشی جەنگی دراوسێکانیان_ پێروو و پۆلیڤیا_ ھاتن (١٢٥٢) کە چەندین ساڵی خایاند.

جوگرافیا[دەستکاری]

پاریناکۆتا گڕکانێک لە باکوری چیلی

ھەڵکەوتەی جوگرافی[دەستکاری]

کەوتۆتە باشووری ڕۆژاوای کیشوەری ئەمریکای باشوور (لاتین)، و بە درێژاییی ٤٨٢٨ کم کەناراوەکانی ڕووبەڕوی ئۆقیانووس ئارام درێژ بۆتەوە. پێروو کەوتۆتە باکوری، بۆلیڤیا لە باکوری ڕۆژھەڵاتی، ئەرژەنتین لە ڕۆژھەڵاتی، و ئۆقیانووسی ئارامیش لە ڕۆژاوایەتی.

بەرزی و نزمی[دەستکاری]

زەوییەکی درێژکۆڵەی ھەیە، و تەواوی خاکەکەی دەڕوانێتە ئۆقیانووسی ئارام بە ھێڵی پۆتانەکانی ٣٨ لەھێڵی پانی و ھێڵی ٢١ی پانی ھێڵی کەمەرەییی باشوور دەست پێدەکات لە کەنداوی ھۆڕن بۆ ھێڵی ٢٦ ی پانی لە نیوەگۆی باشووری گۆی زەوی. ئەم کەناراوانەش چەندین دوورگەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن، جگە لەو دوورگانەی کەوتوونەتە ناوەوەی ھێڵی کەمەرەییی جەمسەری باشوور. خاکی چیلی بە زنجیرە چیایەکی درێژ ھەڵکەوتووە کە لە باکورەوە بۆ باشوور درێژ بۆتەوە بە ناوی زنجیرە چیای ئەندێز، کە سنووری سروشتبی چیلییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی؛ بەرزیی لووتکەکانی ئەم زنجیرە چیایە لە ھەندێک شوێن دەگاتە ٥٤٩٠ مەتر، و بەرزترین شاخ لە زنجیرە چیای ئەندێز لوتکەی ئەگۆسدی سلادۆیە کە بەرزییەکەی ٦٨٧٠ مەترە. لە دامێنی ئەم زنجیرە چیایە دەشتە نیشتەنییەکانی کەناراوی ڕۆژاوا ھەڵکەوتوون کە دەڕواننە ئۆقیانووس ئارام، لە بەشی باشووری چیلی لەناو ئەم دەشتانە چەندین کەنداو و کەندری جۆراوجۆر دروست بوون. ڕووبارەکانی چیلی بەوە دەناسرێنەوە کە کورت و تیژڕەون.

ڕووبەر[دەستکاری]

ڕووبەری تەواوی چیلی ٧٥٦٬٦٢٦ کم دووجایە، کە بە شێوەی تەشیلەیی دڕێژ بۆتەوە لە باکور بۆ باشوور بە درێژی ٤٬٢٦٥ کم و پانی ٤٠٠ کم، وە بەدرێژیی کەناراوە ئاوییەکان زنجیرە چیای نزم ھەن، بەڵام لە بەری ڕۆژاواەوە زنجیرە چیا سەختەکانی ئەندێز ھەن کە لەگەڵ ئەرژەنتین و بۆلیڤیا جیای دەکاتەوە. چیلی کەوتۆتە سەر ھێڵی سەرەکیی بوومەلەرزە، و ئەم دیاردەیەی بە خۆوە بینیوە. جگە لە لافاوی شەپۆڵە بەھێزەکانی دەریا، لە ڕووی بەرزی و نزمییەوە چیلی دابەش دەکرێت بۆ سێ ھەرێمی جیاواز وەک:

  1. ھەرێمی بیابانەکانی باکور.
  2. ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست.
  3. ھەرێمی ئەرخەپێل(کۆمەڵە دوورگە).

ھەروەھا چیلی کۆمەڵێک دوورگەی بچوکی دوورەدەستی ھەیە کە کەوتوونەتە ناوەوەی ھێڵی خولەکی باشوور (جەمسەری باشوور) و شوێنە دوورە دەستەکانی ناو زەریای ھێمن.

ھەرێمی بیابانەکانی باکور[دەستکاری]

بیابانی ئەتەکاما.

بیابانی باکوری بە ڕووبەری ١٬٦٠٠ کم درێژ دەبێتەوە لە باشووری پیڕۆ تاوەکو ڕووباری ئەکۆنکاگوا لە باکوری شاڕی ڤاڵپاڕەیسۆ، چیلییەکان بە بیابانە گەورەکە ناوزەندی دەکەن، کە نیوەی بەشی باکوری چیلی داپۆشیوە. بیابانی ئەتەکاما بە وشکترین شوێن دادەنرێت لەسەر ڕووی زەمین؛ ئەم بیابانە لە باکورەوە ڕووبەرەکەی کەمترە و تا بەرەوە باشووری بیابانەکە بڕۆین بوارەکەی فراوانتر دەبێت. لەگەڵ ئەم وشکاوەکییەی، چەندین مێرگی بچوکی ھەیە کە کۆچەرییەکان لە ڕێگا کۆچەرییەکەیان سودی لێ دەبینن. ژێرەوەی ئەم بیابانە دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی بەتایبەت ئاسن و مس، ھەروەھا ھاڕاوەی سۆدیۆمی لە کڕۆکی شاردۆتەوە کە بەکار دێت بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ و ماددە تەقەمەنییەکان. ئەم بیابانە وشکە جگە لە چەند مێرگێک، ڕووبارێک بە کەنارەکەی ڕەت دەبێت کە لە چیاکانی ئەندێز سەرچاوە دەگرێت بە ناوی ڕووباری لوا، و دەڕژێتە زەڕیای ھێمن، بەڵام لە بەشی باکوری بیابانەکە کە بوارێکی تەسکتری ھەیە چەندین ڕووباری ھەیە. لەسەر ئەم ڕووبارانە چەندین شارەدێی بچوک دروست بوون کە دانیشتوانەکەی خەریکی ماسیگرین، و لەناوەڕاستی بیابانە وشکەکەشی ھەندێ شارەدێ دروست بوون بەھۆی سامانی سروشتییەوە کە بە کانەکان ناودەبردرێن. لە بەشی ڕۆژاوای بیابانەکە، ئەو بەشەی دەڕوانێتە سەر زەریای ھێمن، چەندین شاری گەورە ھەڵکەوتوون وەک: ئانتۆفاگاستا و ئەریکا. جگە لەشارۆچکە سەرئاوەکانی، ئەو شارانەی لەسەر ڕووی زەریا درووست کراون لەتەواوی شوێنەکانی چیلی. ھەروەھا چیلی گەلێک شاری بیابانی ھەیە بەتایبەت ئەو ناوچە بیابانییانەی کە ڕووباری تێدایە و لە کانەکان نزیکن. لە بەشی باکوری بیابانەکە خەڵکانێکی زۆر خەریکی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵن.

ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست.[دەستکاری]

ئەم ھەرێمە بە ڕووبەری ١٬٠٠٠ کم دەست پێدەکات لە ڕووباری ئەکۆنکاگوا تاوەکو پۆیڕتۆمۆنت، وە ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست بە دڵی چیلی دادەنرێت، کە شارە گەورەکان و ناوەندە بازرگانییەکان و پیشەسازییەکانی لەسەر دروست کراوە. زۆرینەی دانیشتووانی چیلی لەم ھەرێمە کۆبوونەتەوە، و ئەم ھەرێمە چەندین ڕووبار لەخۆ دەگرێت کە لەچیاکانی ئەندێزەوە سەرچاوەیان گرتووە و شاری گەورەیان لە کەناری درووستکردوە وەک: ڕووبارەکانی ئەکۆنکاگوا، مابۆچۆ، مایبۆ، مۆلیێ، و پیۆپیۆ. ئەم ڕووبارانە بوونەتە ھۆی پڕئاوکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی، شێدارکردنی کەشەکەی و دابەزاندنی پلەی گەرمییەکەی. ئەم ھەرێمە جگە لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە خەڵووزی بەردین، مس، و مەنگەنیز. لەم ھەرێمە لە لووتکەی شاخی پیۆپیۆ لە زنجیرە چیای ئەندێز چەندین گڕکانی چالاک ھەیە کە بە بەفر داپۆشراون. ھەروەھا چەندین دەریاچەی ھەیە زێدەبار لە چەندەھا دۆڵی گەورە، کە دارستانی چڕی لەخۆگرتوە. کەناراوەکانی دەریاچەکانی شوێنێکی گەشتیاری سەرنجڕاکێشن و بونەتەوە سەرچاوەیەکی ئابوریی باش بۆ خەڵکەکەی.

ھەرێمی ئەرخەپێل (کۆمەڵە دوورگە)[دەستکاری]

ئاوابوونی خۆڕ لە دورگەکانی خۆڕئاوا.

ھەرێمی ئەرخەپێل بە ڕووبەری ١٬٦٠٠ کم درێژ دەبێتەوە، لە پۆیڕتۆمۆنت دەست پێدەکات تاوەکوو کۆتا خاڵی باشوور کە لە ئەمریکای لاتین بە کەنداوی کیپ ھۆڕن بانگ دەکرێت. ئەم ناوچەیە بە ھەرێمێکی کراوەی بەربا دەناسرێت کە وشک و ساردە، جگە لە ھەبوونی چەندین دارستانی چڕ و دەریاچەی داپۆشڕاو بە بەفر. لە بەشی ڕۆژاوای ھەرێمەکە چەندین دوورگەی بەفرین لەخۆ دەگرێت کە بایەکی وشک و سارد تێیدا ھەڵدەکات، ھەروەھا لەکۆتا لووتکەی باشووریش نۆکەندی ماگلان ھەیە، و ئەمەش چیلی لە کۆمەڵە دوورگەکانی جەمسەری باشوور دادەبڕێنێت کە بە دوورگەکانی تیێڕادڵ ڤۆیگۆ ناوزەند دەکرێن، و لەنێوان ئەرژەنتین و چیلی دابەش بوونە. کەنداوی کیپ ھۆڕن بە کۆتا خاڵی سنووری ڕامیاریی چیلی دادەنرێت لەبەشی باشووری، و خەڵکانێک کەم تێیدا دەژین. ناوچەی بۆنتائەریناس لە نۆکەندی ماگلان بەناوچەی نشینگەی خەڵکانی ھەرێمەکە دادەنرێت، تاوەکوو ئێستا خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی پێ نەگەیشتوە، وە بە ھێڵی ئاسنین بە شارەکانی تری چیلی نەبەستراوەتەوە، لەکاتێکدا لە کۆتا خاڵی باشووری ئەم ناوچەیە چەندین کێڵگەی نەوت ھەن.

ھەرێمە دوورەدەستەکان[دەستکاری]

چیلی خاوەنی چەندەھا دوورگەی بچوکی دوورەدەستە کە بەشێکی زۆریان کەوتوونەتە قۆڵاییی زەریای ھێمن وەک: دوورگەکانی ڕۆژاوا و خوان ڤێرناندێز. دوورگەکانی ڕۆژاوا شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگە، و بە کۆمەڵێک پەیکەری بەردینی دێرین ناوبانگی دەرکردووە، و بە دووریی ٣٬٧٠٠ کم لە خاکی چیلییەوە دوورە، بەڵام دوورگەی خوان ڤێرناندێز بە ٦٥٠ کم لە خاکی چیلییەوە دوورە.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

چیلی کەوتۆتە بەری خوارەوەی ھێڵی کەمەرەییی زەوی، و بە ھۆی ئەمەوە وەرزەکانی ساڵی پێچەوانەی ناوچەکانی بەشی باکووری گۆی زەوین. وەرزی ھاوینی لە کۆتاییی مانگی کانوونی یەکەم دەست پێ دەکات تاوەکوو کۆتاییی مانگی مارس، وە زستانیشی لە کۆتاییی مانگی یۆنیۆ دەست پێدەکات بۆ کۆتاییی مانگی ئەیلوول. بۆ چەندەھا ساڵ جارێک باران دەبارێت لە بیابانەکانی باکوری. لە بنەڕەتدا ناوچەیەکی گەرم نییە، بەڵام بەھۆی کەمبارانییەوە خاکەکەی وشک بووە، و بە دەم گەردەلولەوە ڕێ دەکات، و بەمە پلەی گەرمیی ناوچەکەی بەرزکردۆتەوە، بەڵام لە بەشی ھەرە باکوری بیابانەکانی باکوری بەھۆی بای ساردی چیای ئەندێز کە لە پێرووەوە سەرچاوە دەگرێت پلەی گەرما لە شەو دادەبەزێنێت، ئاستی شێ لە بیابانەکانی بەرزدەکاتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی ھەندێ لە گژوگیا بیابانییەکان. جگە لە ھەبوونی شێی زەریا لە بەشی ڕۆژاوای، ئاستی پلەی گەرمی لە شاڕی ئانتۆفاگاستا لە ٢٠ پلەی سلیلیزی بەرزتر نابێتەوە لە مانگی یەنایەر، ھەروەھا لە ١٤ پلەی سلیلیزیش نزمتر نابێتەوە لە مانگی یۆلیۆ، وە ھەرێمی دۆڵەکانی ناوەڕاست پلەیەکی گەرمی مامناوەندی ھەیە، کە لە ھاوین وشکە و زستانیشی باراناوییە؛ کۆی ڕێژەی بارانبارین لە شاری سانتیاگۆ دەگاتە ٣٥ ملم لەساڵێکدا، لەگەڵ ئەمەش ئاستی پلەی گەرما لە ٢٠ پلەی سلیلیزی بەرزتر نابێتەوە، و لە ٩ پلەی سلیلیزیش نزمترنابێتەوە. بەڵام ھەرێمی ئەرخەپێل بارانێکی سارد و بایەکی توندی ھەیە، و کۆی ئاستی پلەی گەرمی دەوروبەری ١٥ پلەیە، و ساڵانە ٥٠٨ ملم بارانی لێ دەبارێت.

دانیشتووان[دەستکاری]

قووچەکی دانیشتووانی چیلی، بەگوێرەی سەرژمێریی ٢٠١٤، سەرچاوە: پەیمانگای نیشتمانیی چیلی بۆ ئامار.
ڕێژەی دانیشووانی چیلی پێشنیار کراو لەماوەی نێوان ساڵانی ١٨٢٠ بۆ ٢٠٥٠.

لە بنەڕەتدا، دانیشتوانی ڕەسەنی چیلی لە نەتەوە ھیندییە ئەمریکییەکانن، بەڵام دوای شاڵاوی ئیسپانییەکان و لەشکرکێشییان بۆ ناوچەکە لەگەڵ دانیشتووانەکەی تێکەڵ بوون؛ نەوەیەکی نوێ و جیاواز درووست بوو کە بە مەستیزۆ دەناسرێن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، مەستیزۆ ٦٥٪ دانیشتووانی چیلی پێک دێنن، چارەکێکی دانیشتووانی لە ڕەگەزە ئەوروپییەکانن (ئیسپانییەکان) وە ٥٪ دانیشتوانەکەی لە ھیندییە سوورەکانی ئەمریکان؛ زۆرینەی ئەم دانیشتووانە لە دەوروبەری شارەکان نیشتەجێن، بەتایبەت پایتەخت و ناوەڕاستی وڵات.

نەژادی میللەتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە چیلی[دەستکاری]

لە سەدەکانی نۆزدەھەم و بیستەم، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی عێراق، سووریا، لوبنان، و میسر کۆچیان کرد بۆ ئەورووپا و لەوێشەوە بۆ چیلی، بەتایبەت کریستیانەکان؛ ئەمیش بە ھۆی ستەمی عوسمانییەکانەوە بوو بەرامبەر کریستیانەکان و ناچاربوونیان بە دانانی باچ بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی. گەلێک لەم کۆچەرییانە لە بەڕازیل، ئەرژەنتین، چیلی، پێروو نیشتەجێ بوون، و تاوەکوو ئەمڕۆ ماونەتەوە. لەناو کوردەکانیش یەزیدییەکان بە ھۆی ڕەشبگیرییان بەرامبەریان ناچاربوون کوردستان جێبێڵن و ڕوو بکەنە ئەو ھەرێمانەی لەژێر داگیرکاریی ئیسپانییەکان بوون. لەناو تەواوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستییەکان بە ٢٥ میلیۆن کەس ھەژمار دەکرێن، ١٠ میلیۆن تەنھا لە بەڕازیل دەژین.

لە کەسایەتییە ھەرە بەناوبانگەکانی چیلی کە بە نەژادخەڵکی ڕۆژھەڵاتی ناوینن:

- پاپلۆ سەعید، گەورە کریستیانی سانتیاگۆ (بە نەژاد فەڵەستینییە)

- خۆسیە سەعید، لە گەورە ڕێبەرانی کرێکاران، و خاوەنی گەورەترین ھاوبەشگای گەشەپێدانی خانووبەرەیە. (بە نەژاد فەڵەستینییە)

- ئەڕتۆرۆ سالح گەسانی؛ ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی چیلی بۆ تۆپی پێ لە ١٩٩٠ بۆ ١٩٩٣. (بە نەژاد فەڵەستینییە)

- لویس ئێنریکێ یەھرور؛ ڕابەری کرێکاران. (بە نەژاد کوردە)

- کارلۆس تەعمە؛ ڕابەری کرێکاران. (بە نەژاد فەڵەستینییە)

- حوسێن سەباغ؛ ڕامکارە. (بە نەژاد لوبنانییە)

- جێسیکا فاخوری؛ ڕامکارە. (بە نەژاد ئوردەنییە)

- سێرگیۆ بێتار شەقرە؛ وەزیر و سیناتۆرە. (بە نەژاد کوردە)

- نیکۆڵاس ماسۆ؛ یاریزانی تێنسە. (بە نەژاد کوردە)

چالاکییە مرۆیییەکان[دەستکاری]

کشتوکاڵ[دەستکاری]

چیلی لەپاڵ برەو دان بە بواری پیشەسازی و کانزاکاری گرنگییەکی زۆڕی بەکەرتی کشتوکاڵی داوە، ئەمیش بەھۆی گونجاوی بەشێکی زۆڕی خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ و کێڵان، لە گرنگترین بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی :گەنم و جۆ و گەنمە شامی و بڕنج و میوە جۆڕبەجۆرەکان، ھەروەھا لەبەرھەمە ئاژەڵییەکانیش داھاتێکی زۆڕی چنگ دەکەوێت، وەک بەرھەمەکانی چێڵ و بەرخ و بزن و ماسی، بەتایبەت ھەرێمەکانی باشووری ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی ئاوی بەتایبەت ماسی.

کانزاکاری[دەستکاری]

چیلی بڕی سێ چارەکی تەواوی مسی جیھان لەخۆدەگرێت، وە یەکێکە لەھەرە گەورەترین وڵاتی جیھان بۆ دەرھێنانی نیتراتی سروشتی، جگە لەمە خاکی چیلی بڕێکی زۆڕ لە زێڕ و مەنگەنیز زیو و ئاسن لە کڕۆکی دا ھەڵگرتوە، لەم ساڵانەی دوایش توانڕا نەوت لەبەشی باشوڕی بدۆزرێتەوە، ھەموو ئەم سامانە سروشتیانە بونەتە ھۆی ئەوەی وڵات گرنگییەکی زۆڕ بە بواری پیشەسازی ئاسن و پاشکۆکانی بدات.

ڕژێمی ڕامیاری[دەستکاری]

پالاسیۆ دی لامۆنیدا لەناوەڕاستی شاڕی سانتیاگۆ.
کۆشکی داد لە سانتیاگۆ.
تەڵاڕی کۆنگرێسی نیشتمانی لە ڤاڵپاڕایسۆ.

ڕژێمی ڕامیاری لە ڕێڕەوی پێشکەوتنی دا[دەستکاری]

  • لە ساڵی ١٨١٨ سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیان لەژێڕ داگیرکاری ئیسپانیا بەمە نەتەوەی چیلی لە ١٨٦١ بۆ یەکەم جار بوە خاوەنی حکومەتی دیموکراتی نیشتمانی خۆی.
  • لە ساڵی ١٩٢٥ چیلی بوە خاوەنی یەکەم دەستوری خۆی کە تێیدا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار زیادکران.
  • لە ساڵی ١٩٥٨ چیلی توشی قۆناغی ئالوگۆڕی دەسەڵات بویەوە و بۆشایییەکی یاسایی درووست بوو، ئەمیش دوای ئەوەی ئەلیساندرێ پەلما بەزۆڕینەی دەنگ پۆستی سەڕۆکایەتی وەڕگرت لەلایەن سوپاوە ڕووبەڕوی وەستێندرایەوە بە پاڵپشتی ئەڕتۆرۆ ئەلیساندرێ.
  • لە ساڵی ١٩٥٨ دوای تێپەڕبوونی ماوەی بۆشایی یاسایی ھزری شیوعی ھاوبەشی پەڕەی سەند و سێلڤادۆڕ نەدی وەک سەڕۆک ھەڵبژێردرا بەڵام بەھۆی کودەتایەکی سەربازییەوە دوای سێ ساڵ لە فەرمانڕەوایی لە پۆستەکەی دووڕخرایەوە. بەمە پیۆنیشەی دیکتاتۆر دەسەڵاتی وڵاتی گرتە دەست تاوەکو ١٩٨٠.
  • لە ساڵی ١٩٨٠ دەستورێکی نوێ نوسڕایەوە و لە ١١ مارسی ١٩٨١ کەوتە بواڕی جێبەجێکردن، لە ٣٠ یۆلیۆی ١٩٨٩ جارێکی تر ھەمواڕکرایەوە.

پێکھاتەی کارگێڕی[دەستکاری]

چیلی دابەشکراوە بۆ ١٥ ھەرێمی کارگێڕی (بە ئیسپانی: Regiones) ھەریەک لەم ھەرێمانە سەرۆکێکی خۆی ھەیە (بە ئیسپانی:Intendente) کە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ھەڵدەبژێردرێن.

ھەرێمەکانی چیلی.

ھەریەک لەم پانزە ھەرێمە دابەش کراون بۆ چەند پاڕێزگایەک (بە ئیسپانی:Province) کە بەدەسەڵاتی دووەمی چیلی دادەنڕێت، ھەریەک لەم پاڕێزگایانە لە لایەن پاڕێزگارەوە (Gobernador) بەڕێوە دەبردرێت، ژمارەی تەواوی پاڕێزگاکانی چیلی ٥٤ پاڕێزگایە، وە ھەریەکە لەم پاڕێزگایانە بۆ کۆمەڵێک شاڕ دابەش بوون، ھەریەک لەم شاڕانە بەڕێوەبەڕایەتییەکی تایبەتی شاڕەوانیان ھەیە.

کلیل[١٥][١٦] ناو
پایتەخت ڕووبەر (کم2) ژماڕەی دانیشتوان
ڕێزبەندی

باکوور بۆ باشوور

٠١ ھەرێمی تاراباکا ئەیکویکۆ 42,225.8 298,257 ٢
٠٢ ھەرێمی ئەنتۆڤاگاستا ئەنتۆڤاگاستا 126,049.1 542,504 ٣
٠٣ ھەرێمی ئەتەکاما کۆپیاپۆ (چیلی) 75,176.2 290,581 ٤
٠٤ ھەرێمی کۆکیمپۆ لا سێڕینا 40,579.9 704,908 ٥
٠٥ ھەرێمی ڤالبارایسۆ فالبارایسو 16,396.1 1,723,547 ٦
٠٦ ھەرێمی لیبرتادۆڕ جەنەڕاڵ بێرنادۆ ئەوھیگێنز رانکاگوا 16,387 872,510 ٨
٠٧ ھەرێمی مۆڵی تالکا 30,296.1 963,618 ٩
٠٨ ھەرێمی پایۆ پایۆ کۆنتبتیۆن، چیلی 37,068.7 1,965,199 ١٠
٠٩ ھەرێمی ئەرۆکانیا تیمۆکۆ 31,842.3 907,333 ١١
١٠ ھەرێمی لۆس لاگوس پۆیڕتۆمۆنت (چیلی) 48,583.6 785,169 ١٣
١١ ھەرێمی ئەیسن دیل جەنەڕاڵ کارلۆس ئەیبانیس دیل کامپۆ کۆیھایکیۆ 108,494.4 98,413 ١٤
١٢ ھەرێمی ماگلانزی ئەنتارتیکا چیلیا بۆنتا ئەریناس 132,291.1 159,152 ١٥
١٤ ھەرێمی لۆس ڕیۆس ڤاڵدیڤیا 18,429.5 363,887 ١٢
١٥ ھەرێمی ئەریکای پارینکۆتا ئەریکا 16,873.3 213,595 ١
١٣ ھەرێمی سانتیاگۆ مترۆپۆلیتان سانتیاغو 15,403.2 6,683,852 ٧

تێبینی: ئاماڕی دانیشتوان بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٢ دانراوە.[١٧]

ڕژێمی یاسایی[دەستکاری]

ڕژێمی یاسایی لەچیلی لەسەر بنەمای یاساکانی ساڵی ١٨٥٧ نوسراوەتەوە، کە ئەمیش لەسەر بنەمای دەستوری ئیسپانی دانراوە، (پاشایی پەڕلەمانی) لەژێڕ کاریگەری یاسای فەڕەنسی (سەڕۆکایەتی پەرلەمانی) و یاسای ئوسترالی (فیدرالی دیموکراتی)، دەرکردنی بڕیارە قەزایییەکان لەلایەن دادگای باڵای چیلییەوەیە، وە چیلی مولکەچی دادگای دادی نێودەوڵەتی نییە.

مافی دەنگدان[دەستکاری]

ھەرھاوڵاتییەکی چیلی تەمەنی ١٨ ساڵی تەواو بکات مافی دەنگدانی ھەیە لەھەردوو ڕەگەزی نێڕ و مێ، تاوەکو ئێستا ٢٬٨ میلیۆن ھاوڵاتی ناویان تۆماڕکراوە بۆ دەنگدان کە نیوەی زیاتری ئەم ڕێژەیە لە ڕەگەزی مێن.

دەستەی جێبەجێکردن[دەستکاری]

سەڕۆکی وڵات[دەستکاری]

سەڕۆکی کۆمار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێن، لەسەرەتادا ماوەی فەرمانڕەوایی سەرۆک کۆمار ھەشت ساڵ بوو دواتر کەم کرایەوە بۆ شەش ساڵ ئێستا ماوەکەی چواڕ ساڵە، ھەڕ پاڵێوڕراوێک زۆڕینەی دەنگەکان بەدەست بێنێت پلەی سەڕۆکایەتی مسۆگەر دەکات، کە دەبێت تەمەنی لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت و ھەڵگری بڕوانامەی چیلی بێت و لەدایک بووی سەرخاکی چیلی بێت، سەڕۆک کۆمار لەھەمان کات سەڕۆکی وڵاتە و سەڕۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشە.

ڕێپێدانەکانی سەڕۆک[دەستکاری]

مافی وتار خوێندنەوەی ھەیە بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەران، دیاریکردنی ڕۆژ و کاتی ھەڵبژاردنەکان، سەرپەڕشتی کردنی بۆنە نیشتمانییەکان، گۆڕینی سەڕۆک وەزیران، ڕاگەیاندنی باڕی نائاسایی، سەرپڕشتی کردنی کاروباری دادگاکان، سەڕۆکی ھێزی چەکدارە، دامەزڕاندنی دادوەر و بەرپرسە خۆجێیەکان، سەڕۆکی ئێستای چیلی ئافرەتێکە بەناوی میشێل پاشێلێ کە پاڵێوڕاوێکی ھاوبەشییەکانە، یەکێکە لە کەسە ستەمخۆڕەکانی سەردەمی دیکتاتۆری پینۆچی، یەکێکە لەسەرکردە ھەرە دیارەکانی ئەمریکای لاتینی.

ئەنجومەنی وەزیران[دەستکاری]

سەڕۆکی وڵات ھەڵدەستێت بە پێک ھێنانی ئەنجومەنی وەزیران و دانانی سەڕۆکێک بۆی دیاریکردنی وەزیرەکان کە لە ٢٠ وەزیر پێک دێت.

دەستەی ڕاوێژگاری[دەستکاری]

دەستەی ڕاوێژکاران پێک دێت لە دوو ئەنجومەن کە لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانییەوە دەستنیشان دەکرێن:

ئەنجومەنی نوێنەران[دەستکاری]

لە ١٢٠ نوێنەر پێک ھاتوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن میللەتەوە ھەڵدەبژێڕدرێن، ماوەی نوێنەڕایەتیان چواڕساڵە، ئەنجومەنەکە پێک دێت بەگوێڕەی ئاستی دەنگەکان و بەشدارییەکان، لە١٥٪ ئەنجومەنەکە لە ڕەگەزی مێن.

ئەنجومەنی پیڕان[دەستکاری]

لە٤٧ ئەندام پێک ھاتوون ،٣٨ ئەندامیان ڕاستەوخۆ لەلایەن میللەتەوە ھەڵدەبژێڕدرێن ٩ ئەندامەکەی تر ھەمیشەیین لەلایەن سەڕۆکەوە دیاری دەکرێن، ماوەی خزمەت کردنیان ھەشت ساڵە نیوەی ئەم ئەندامانە چواڕساڵ جاڕێک ھەڵدەبژێردرێن لە نێوان سەڕۆکەکانی پێشو و ئەندامانی ئەنجومەنی پیڕان و سەڕۆکە لەژیان ماوەکان، دەبێت دوو لەئەندامەکان بەلایەنی کەمەوە ئافرەت بن، ٩ ئەندامە ھەمیشەیییەکە دابەش دەبن کە سیانیان مافی سەرپەڕشتی و جولەپێکردنی سەربازیان ھەیە سیانیشیان سەرپەڕشتی دادگاکان دەکەن سیانەکەی تریش ھاریکاری سەڕۆک دەبن.

دەسەڵاتی دادوەری[دەستکاری]

  • لەچیلی چەندین فەڕمانگە نوێنەڕایەتی دەستەی دادوەڕی دەکات وەک:
  • دادگای باڵا بەڕزترین دادگای چیلییە.
  • دلدگای دەستوری.
  • دادگای ھەمواڕکردنەوە و دادگایی ھەرێمەکان.
  • دادگای باڵا:لە ١٦ دادوەر پێک ھاتوون، لەلایەن سەڕۆکی وڵاتەوە دامەزڕاون، لەلایەن ئەنجومەنی پیڕانەوە پاڵپشتیان دەکرێت و ھەڵدەبژێڕدرێن.

کاری سەڕەکیان بڕیتییە لە چاودێڕی بڕیارەکانی دادگای بەڕایی لەباڕەی کێشە قەزایییەکانەوە بەتایبەت ئەو دادگاییانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە دادگای باڵاوە ھەیە، چیلی ملکەچی دادگای دادی تێودەوڵەتی نییە.

  • دادگای دەستوری:کاری سەڕەکی ئەم دادگایە بڕیتییە لە جیاکاری بڕیارەکانی ڕاوێژکاری دەستوری و چاکسازییەکانی دەسنوری.

پارتە ڕامیاڕییەکان[دەستکاری]

  • پارتی چیلی ٢٠٠.
  • پارتی دیموکراتی کریستیانی PDC,
  • ھاوپەیمانی پارتەکان لەپێناو دیموکراتی CPD کەئەم پارتانە لەخۆ دەگڕێت:
  • پارتی دیموکراتی کریستیانی PDC
  • پارتی ھاوبەش PS
  • پارتی دیموکراتی PPD،
  • پارتی ھاوبەشی دیموکراتی ڕادیکاڵی PRSD
  • یەکێتی دیموکراتی چاڕەنووس UDI
  • نوێخوازی نیشتمانی PS
  • پارتی دیموکراتی PPD
  • پارتی باشوور PS
  • پارتی یەکێتی ناوەڕاست-ناوەڕاست UCCP
  • پارتی ھاوبەشی دیموکراتی ڕادیکاڵی PRSD
  • یەکێتی لەپێناو پێشکەوتنی چیلی UPP، ھەریەکە لە پارتی نوێخوازی نیشتمانی RN، ویەکێتی دیموکراتی چاڕەنووس UDI

کۆمەڵەی پاڵەپەستۆیە ڕامیارییەکان[دەستکاری]

  • یەکێتییەکانی خوێندکارانی زانکۆ کە چاڵاکییەکانیان لەناو پەڕژینی زانکۆ ئەنجام دەدەن.
  • کلێسای ڕۆمی کاسۆلیک.
  • ناوەندی کڕێکارانی یەکگرتوو، چەندین سەندیکای تایبەت لەخۆ دەگرێت وەک سەندیکای کڕێکاران.

ڕێچکەی چاکسازی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

چیلی لە ڕێڕەوی دادوەڕی کۆمەڵایەتی بەڕەو پێش دەڕوات بەڵام وەک کیسەڵ، ئەمیش بەھۆی نامۆیی و کەم ئەزمونییەوەیە لەگەڵ ڕژێمی دیموکراتی، ھەربەم ھۆیەوە خۆی لەیاساکانی ولاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دەپاڕێزێت ئەمیش بەھۆی یاسای کۆمەڵایەتی میللەتەکەی.

ئابووری[دەستکاری]

سانھاتان، ناوچەی بازاڕ و ئابوری چیلی لە سانتیاگۆ.

چیلی ڕژێمێکی ئابوڕی وەھای ھەیە کە پابەندە بە بنەماکانی ئابوڕی بازاڕی جیھان، وەخاوەنی ئاستێکی بەڕزی ئابوڕییە لە بازڕگانی دەرەکی، لەماوەی ساڵانی ھەشتاکان و نۆھەدەکانی سەدەی بیستەم ھەنگاوی باشی ھاوێشت بەڕەو چاکسازی ئابوڕی، تا بوە نمونەیەکی بەرچاو لە گۆڕەپانی ئابوڕی جیھانی، لەگەڵ ھەموو ئەمانەش چیلی تاوەکو ئەمڕۆ بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێ، کەلەژێڕ کاریگەرییەکی قورسی جەماوەڕەکەی دایە بەمەبەستی فەڕاھەمکردنی ژیانێکی باشتر، بۆ ئەم مەبەستە چیلی چەندین گڕێ بەستی کردوە لەگەڵ وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەبواڕی بازرگانی ئازاد.

ئاوە ھەرێمییەکان[دەستکاری]

چیلی نزیکەی ١٢ میل لە ڕووبەری ئاوی ھەرێمی ھەیە.

ھێزی چەکداری[دەستکاری]

نەخۆشخانەی گۆڕەپانی M * A * S * H لە ئەنخۆڵ، لەکاتی بومەلەرزەی ساڵی ٢٠١٠.
  • ھێزە کاراکان:نزیکەی ٨٧٥٠٠ سەربازی ھەیە، لەم ژماڕەیە ٣٠٦٠٠ سەرباز بەشێوەی زۆڕەملێیییە.
  • ماوەی سەربازی: ساڵێک لەھێزی وشکانی، ٢٢ مانگ لەسەربازی دەریایی و ئاسمانی.
  • ھێزی یەدەک: ٥٠ ھەزار سەرباز، کە ھەموویان سەر بەسوپان.
  • سوپا: ٥١ھەزار سەرباز، لەم ژماڕەیە ٢٧ ھەزاری ناچارییە.

تێکھەڵکێشە نێودەوڵەتییەکان[دەستکاری]

داواکردنی خاکی بیابانەکانی ئۆکلاھۆما لەلایەن پۆلیڤیاوە دوای ئەوەی لەدەستی دا بە بەڕژەوەندی چیلی، لە ساڵی ١٨٨٤ ململانێ و ناکۆکی کەوتە نێوان چیلی و ئەرژەنتین و بەریتانیا بەھۆی ڕێڕەوە ئاویەکانی ڕۆلاوکا(Ro Lauca) ئەو ڕێڕەوەی دەڕوانێتە سەر ھاتوچۆی نێوان زەڕیای ئەتلەسی و زەڕیای ھێمن. لەئاکامدا ڕێککەوتنامەی سێ قۆڵی لێکەوتەوە بەناوی (ڕێککەوتنامەی چیلی-ئەنتارکتیکا)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Bureau of Western Hemisphere Affairs, Background Note: Chile" ٢٨ی نیسانی ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. وزارة الخارجیة الأمریکیة. 16 December 2011. 
  2. ^ "Chile" ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.. کتاب حقائق العالم. وکالة المخابرات المرکزیة. اطلع علیھ بتاریخ 17 February 2014. 
  3. ^ "World Development Indicators".
  4. ^ "Human and income poverty: developing countries" ١٢ی شوباتی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  5. ^ "Chile.com.
  6. ^ Encyclopædia Britannica.
  7. ^ ئ ا ب Encina, Francisco A. , and Leopoldo Castedo (1961).
  8. ^ "Chile" ٢١ی تەممووزی ٢٠٠٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..
  9. ^ ئ ا ب Hudson, Rex A. , ed. (1995).
  10. ^ ئ ا "CHILE".
  11. ^ "Chile (república)".
  12. ^ Pearson, Neale J. (2004).
  13. ^ de Olivares y González SJ, Miguel (1864) [1736].
  14. ^ Appletons' annual cyclopaedia and register of important events of the year: 1900.
  15. ^ "Regiones, Provincias y Comunas de Chile".
  16. ^ "CODIGO UNICO TERRITORIAL".
  17. ^ "About Chile" ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..


بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]