ئیقلیدس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیقلیدسی ئەسکەندەرانی و باوکی ئەندازە

لەدایکبوون٣٠٠ی پ. ز[١]
مەرگنادیار
نیشتەجێیئەسکەندەرییە، میسر


ئیقلیدس، ئیقلید یان یوکلید (بە یۆنانی: Εὐκλείδης، ئێوکلێیدیس)، لەدایکبووی ٣٠٠ی پ. ز، بیرکارێکی یۆنانی بوو کە بە «باوکی ئەندازە» ناوی دەرکردووە. کتێبەکەی بە ناوی توخمەکان یەکێک لەو کارانەیە کە زۆرترین کاریگەرییان ھەبووە لە مێژووی بیرکاریدا، بە چەشنێک کە ھەر لە کاتی بڵاوبوونەوەیەوە ھەتا کۆتاییی سەدەی ١٩ھەم و سەرەتای سەدەی ٢٠ەم کتێبی سەرەکیی وانەبێژی بووە بۆ فێرکردنی بیرکاری (بەتایبەت ئەندازە). لەو کارەدا پرەنسیپەکان و بنەواشەکانی ئەو زانستەی کە ئەمڕۆژە پێدەوترێ ئەندازەی ئیقلیدسی لە ژمارەیەکی کەم بەڵگەنەویستەوە ھەڵھێنجراون.

ژیان[دەستکاری]

تەنھا لە چەند سەرچاوەی کەمدا ئاماژە بە ئیقلیدس دراوە، لەبەر ئەوە، سەبارەت بە ژیانی وی زانیارییەکی زۆر کەم لەبەردەستە. لە ڕاستیدا، ئەو سەرچاوانەی ئاماژەیان بە ئیقلیدس داوە چەند سەدەیەک پاش سەردەمی ژیانی، لەلایەن پرۆکلۆس و پاپۆسی ئەسکەندەرانییەوە نووسراون، ڕەسڵ ئەڵێ سیسیرۆ یەکەم کەس بووە کە ناوی ھێناوە و دواتریش بۆثیەس یەکەم وەرگێڕانی نزیک ٤٨٠ز بۆ کردوە.[١] پرۆکلۆس زۆر بەکورتی لە پەرتووکەکەی خۆی بە ناوی پەراوێزێک لەسەر توخمەکان کە لە سەدەی پێنجەمدا نووسیویەتی باسی ئیقلیدسی کردووە. تەنھا سەرچاوەی سەرەکیی دیکە پاپۆسە لە سەدەی چوارەمدا؛ کە ئەویش ھەر بەکورتی یادی کردووە.

شوێن و مێژووی لەدایکبوون و مردنی ئیقلیدس و ھەروەھا ھۆی مردنی نادیارە، بەڵام مێژووناسان وای بۆ دەچن کە ئیقلیدس دەوروبەری ساڵی ٣٠٠ی پێش زایین لەدایک بووبێ.

کارەکانی[دەستکاری]

کتێبی توخمەکانی ئیقلیدس لای بێرتراند ڕاسڵ یەکێکە لە شاکارەکانی ژیری یۆنانی کۆن.[١] ڕەسڵ لە باسی توخمەکاندا ئەڵێ کە ئیقلیدس وەک ئەفلاتوون کەمتر بایەخی داوە بە سودە کرداریەکانی کارەکانی. ھەروەھا ئەڵێ کە ڕۆمانیەکان زۆرتر بایەخیان بە سودی کرداری داوە بۆیە کارەکانی ئیقلیدسیان لا گرنگ نەبوە. ھەروەھا ئەڵێ ئیمپراتۆرێکی بەیزەنتینی کۆپیەکی توخمەکان ئەدا بە خەلیفەیەی عەرەب لە نزیک ٧٦٠ز و دواتر ھارونە ڕەشید نزیک ٨٠٠ز وەری ئەگێڕێتە سەر عەرەبی، ھەروەھا ئەڵێ کە تەنھا کۆپیەکی توخمەکان کە تا ئێستا مابێت لەو وەرگێڕانە عەرەبیەوە وەرگێڕدراوەتەوە لە ١١٢٠ز و ئەمەش وای کرد کە خوێندنی ئەندازە دووبارە زیندوو ببێتەوە لە ڕۆژاوا. توخمەکان یەکێکە لە کتێبەکانی ئەقلیدس کە بە ڕەواجترین کتێبی ئەندازەیی دادەنرێت لە ڕۆژئاوادا. کتێبەکە لە ١٣ بەش پێکدێت، ماوەی دوو سەدە بەبێ دەسکاری مایەوە بەڵام دواتر کەمێک دەسکاری کرا ئەقلیدس دەیویست ھەرچی زانستێک پەیوەندی بە ماتماتیک و ئەندازیاریەوە ھەبوو لەو کتێبە جێیان بکاتەوە لە پاڵ بیرۆکە و بیردۆزەکان خۆی. ئەقلیدس لە کتێبی توخمەکان زانستی ئەندازیاری شیدەکاتەوە و بیردۆزە بنچینەییەکان چوارگۆشە و سێ گۆشە و بازنە لێکدەداتەوە ھەروەھا باسی بیردۆز و ڕێژەییەکانی فیساگۆرس دەکات. دوای نزیکە ٢٣٠٠ساڵ ھێشتا ئەقلیدس کاریگەری لەسەر زاناکان ماوە و کتێبەکەی کاری پێدەکرێت.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا (بە ئینگلیزی History of Western Philosophy). بێرتراند ڕەسڵ، چاپی ١٩٩١ی ڕوتلێج لەندەن. بەشی XXIV بیرکاری سەرەتایی یۆنان و ئەستێرەناسی
  2. ^ کتێبی ئەو ١٠٠ بلیمەتەی جیھانیان گۆڕی، نوسینی ئەکرەم عبدالوەھاب، ساڵی چاپ/ ٢٠١٦ ھەولێر.