دیاکۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دیاکو فەرمان بە مادەکان دەکات کە بە رێڕەوی فەتحکردنیاندا بڕۆن.  دوای تابلۆیەکی لویس بۆلانگەر (١٨٠٦-١٨٦٧)
مەرگ
شوێنی گۆڕحەسەن ئاوای شاری سنە
نەتەوەماد
ناوەکانی تردێیۆکێس
پیشەیەکەم شای مادەکان
چالاکبوون٧٠٩ تا ٦٥٦ی پێش زایین
کارسەرۆکی ئیمپراتۆریەتیی ماد
پێششانشین ماد دامەزرا
پاشفرەڤەرتیش
ئایینزەردەشتی
مناڵ(ەکان)ئیخ تۆیکۆ، فرەڤەرتیش، ئاشتی ھاک


دیاکۆ (گریکی: Δηιόκης ئینگلیزی: Deioces, Diako, Deyaco, Diyako, Deiokes) دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتیی ماد لە ساڵی ٧٠١ی پێش زایین بووە و یەکەمین پاشای مادەکان بوو و لە نێوان ساڵەکانی ٧٠٩ تا ٦٥٦ی پێش زایین فەرمانڕەوایەتیی کردووە. دیاکۆ پێشتر دادوەری گوندێک بوو و لەبەر دادپەروری لە لایەن حەوت ھۆزی ماد کرا بە ڕابەر ئەم ھۆزانە و دوای حەوت ساڵ ڕابەری، ھۆزەکانی ماد ھەڵیانبژارد بۆ پادشایەتی ماد. دیاکۆ لە ھەگمە‌تانە(ھەمەدان)، پایتەختە بە ناوبانگەکەی ماد، کۆشکێکی بێ وێنەی ساز کرد خاوەن حەوت نھۆم کە ھەر کامی بە ڕەنگێک ڕازابوونەوە. لە پەرتووکی مێژوویی ھێرۆدۆتدا باسی دیاکۆ و ماد زۆر کراوە.

واتای ناو[دەستکاری]

ناوی دیاکۆ بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەرچاوەی جیاوازدا ھاتووە.  مێژوونووسی یۆنانی ھێرۆدۆتس ناوی ئەو بە Δηϊόκης) Dēiokēs) ڕاگەیاندووە. لە دەقە ئاشوورییەکاندا بە ناوی دا-ئە-ئوک-کو باسی لێوە کراوە، و لە ئیلامییەکاندا، وەک دا-ئە-(ھی-)(و-)وک-کا و دا-ئە-یا-و(ک)-کا.

ناوی دیاکۆ لە داھیۆ-کای ئێرانی وەرگیراوە، و ناوی بچووکی وشەی داھیو-یە کە بە واتای "زەوی" دێت. ناوی کۆنی ئێرانی دیاکۆ تەنانەت لە سەردەمی دواتریشدا شتێکی نامۆ نەبوو. لە سەردەمی ھەخامەنشییەکاندا، لە چەندین نووسراوی ئیلامیدا لەسەر پلێتە قوڕەکانی پەرسپۆلیس باس لە شێوەی کۆنی فارسی دییۆسێ کراوە. ئەو باسانە وادیارە ئاماژەیان بە کەسانی جیاواز کردووە لە ناوچە جیاوازەکانی میرییدا،  و یەکێکیان تاکێک بوو کە بۆ بەشەخۆراکی ئەسپەکان دەستنیشانکرابوو.

فریدریش ڤۆن شپیگل پێی وایە کە دیاکۆ بە واتای «دانیشتوو و سەرۆکی گوندەکە» دێت و لە ڕاستیدا فۆڕمی کۆنتری وشەی دێھغان "جوتیار"ە.  ھەروەھا بە گریمانەی شپیگڵ، (فێردیناند جەستی) پێی وایە ناوی دیاکۆ ناونیشانەکەیەتی و فۆڕمێکی کورتکراوەی داھیاوپاتی لە فارسی کۆن و دانھوپایتی لە ئاڤێستاندا کە پاشگری -kaی بەدەستھێناوە.[١]

داستانی دیاکۆ لای ھێرۆدۆت[دەستکاری]

ھێرۆدۆت لە پەرتووکی «مێژوو» دا داستانی دیاکۆی دامەزرێنەری ماد بەم جۆرە دەنووسێتەوە:[٢]

«لە نێو مادەکاندا پیاوێکی ژیر ھەبوو بە ناوی دیاکۆ، کوڕی فرۆرتیش. ئەم دیاکۆیە پیاوێک بوو توانا و دەسەڵاتدار. دیاکۆ، ھەر لەبەر ئەوەی لەمێژ بوو لە گوندەکەی خۆیدا - ئاخر مادەکان گوندنشین بوون - ناوبانگی باشی ھەبوو، بە ویست و ڕژدەوە پەرۆشی ڕەوایەتی بوو. ئەمەش، وێرای ئەوەی بێدەستووری گشت وەڵاتی مادی گرتبۆوە و ئەمیش باشی دەزانی کە ناڕەوایەتی دوژمنی ڕەوایەتییە. مادەکانی گوندەکەی، ئەو ھەڵوێستەیان لێ بینی و دیاکۆیان بە دادوەری خۆیان ھەڵبژارد. ئەویش چونکە سەروەریی ڕەچاو گرتبوو، بەردەوام بێلایەن و دادپەروەرانە ھەڵوێستی دەگرت. بەم جۆرەش لە نێو ھاوزێدانی خۆیدا ناوبانگێکی ئەوندە مەزنی پەیدا کرد، خەڵکی گوندەکانی دیکە، کە زووتر تووشی بێدادی بووبوون و دەیان بیست کە دیاکۆ تەنھا کەسە بڕیاری دادپەروەرانەیە، بە شادییەوە بۆ دادپرسی ڕوویان لێ دەنا. لە ئەنجامدا ڕوویان لە کەسی دیکە نەدەنا. ھەتا دەھات ژمارەی ئەو کەسانە زیاد بوو کە پەنایان بۆ دەھێنا لەبەر ئەوەی دەیانزانی بڕیاری ئەم دادپەروەرانەیە».

ھێرۆدۆت ھەر لەوێدا بەردەوام دەبێت و ڕوونی دەکاتەوە کە پاش ئەوەی دیاکۆ بۆ ماوەیەک دەست لە دادوەری ھەڵدەگرێ، دیسان بێدادی و ستەمکاری وەڵات دەگرێتەوە، مادەکان کۆ دەبنەوە و پاش ڕاوێژ دەڵێن:

«... ((گەر بەم جۆرە بەردەوام بین ئەوا ھیچ دەرفەتێکی ژیانمان لەم وەڵاتەدا نامێنێت. جا وەرن شاھێک بۆ خۆمان دیاری بکەین بۆ ئەوەی شیرازەی ئەم وەڵاتە دابین بێت. ئەوا ئێمەش دەتوانین بچینەوە سەر کاروباری خۆمان نەک لە تاو بێدەستووری ناچاری کۆچ بین)). بە گوتەی وەھا بە یەکتری دەسەلمێنن کە شانشینی دامەزرێنن. ئەوجا کاتێک پرسیار سەری ھەڵدا، ئەوان کێ بە شاھی خۆیان ھەڵدەبژێرن، گشتیان دیاکۆیان پێشنیاز کرد و ڕژدانە پەسنیان کرد».

ھێرۆدۆت لەم مێژوونامەیەدا، دیاکۆ وەک ڕێبەرێکی ژیر، توانا و دادپەروەر پێشان دەدات و جەختیش دەکات لەسەر ئەوەی مادەکان ڕێک لەبەر ئەو خەسڵەتانە دیاکۆ بە شاھی شکۆمەندی خۆیان دەناسن. دیاکۆی مەزن وەڵاتی ماد دادەمەزرێنێت و مادەکان ئەکباتان (ھەمەدانی ئەمڕۆ) ی بە پایتەخت بۆ ساز دەکەن.

واتای وشەکان[دەستکاری]

  1. پەسن-وەسف
  2. میری-حکوومەت
  3. ڕژدی-جدی

پەراوێز[دەستکاری]

  1. ^ [١]
  2. ^ Herodotos. Herodotos historia. Översättning av Claes Lindskog. Reviderad av Gerhard Bendz och Axel Lindskog. Inledning och kommentarer av Sture Linnér. Norstedts (2000): 60.

سەرچاوە[دەستکاری]

(Herodotos. Herodotos historia. Översättning av Claes Lindskog. Reviderad av Gerhard Bendz och Axel Lindskog. Inledning och kommentarer av Sture Linnér. Norstedts (2000

«سازمانگەری»