ئادەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئادەم (بەعیبری: אָדָם، بەعەرەبی: آدم‎) کەسایەتییەکە لەنێو سەرەتای بەدیھێنان(سیفری تەکوین)، قورئان و پەرتووکی ئیقاندا ناوی ھەیە. بەپێی ئایینە ئیبراھیمییەکان، ئادەم یەکەمین مرۆڤە.

ئایینی ئیسلام[دەستکاری]

بە پێی ئایینی ئیسلام ئادەم یەکەمین مرۆڤە و باوکی مرۆڤایەتییە، یەکەم پێغەمبەرە کە ئامۆژگاری نەوەکانی خۆی کردووە، خێزانەکەشی ناوی حەوایە و حەوا دایکی مرۆڤایەتییە، ئادەم لە قورئاندا بەسەرھاتی زۆرە کە چۆن خودای گەورە ئادەم دروست دەکات، ئادەم چۆن دەژی.

ئادەم لە قورئاندا[دەستکاری]

بەپێی قورئان و باوەڕی موسوڵمانان بێت، سەرەتا خودا بە فریشتەكانی ڕاگەیاند كەوا ئادەم و نەوەكانی لەسەر زەویدا بەدی دەھێنێت و بەدەسەڵات و بەتواناش ئەبن، ھەروەھا ‌كۆشش ئەكەن و لە خێروبێری ناو زەوی دەرئەھێنن و بە ھەموو شوێنێكی زەویدا بڵاودەبنەوە. خودا فریشتەكانی بە خوداپه‌رستی له‌پێش ئاده‌م به‌‌دیھێناوه ‌و له‌ گووناهـ و تاوان و سه‌رپێچی پاراستوونی. ھەروەھا به‌خشش و خۆشه‌ویستیی زۆری پێ به‌خشیوون، پشتیوانی و ڕێنموێنیشی بۆ فه‌رمانبه‌رێكردنی خۆی كردوون. به‌ڵام لەبەر ئەوەی خودا ئادەم و نه‌وه‌كانی له‌ ھه‌ڵه‌ و گوناح نه‌پاراستووه‌، بۆیه‌ فریشته‌كان ترسان له‌وه‌ی وه‌ک چۆن خۆیان ئاسمانیان به‌ خواپه‌رستی و به‌زه‌یی و خاوێنی ئاوادان كردۆته‌وه‌، نه‌وه‌كانی‌ ئاده‌م سه‌رپێچی و كه‌موكورتی بكه‌ن و نه‌توانن وه‌ک فریشته‌كان سه‌ر زه‌وی به‌ خوداپه‌رستی ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌. دیسان بەپێی باوەڕی ئیسلام، فریشته‌كان وایان ئه‌زانی خۆیان له‌ نه‌وه‌ی ئاده‌م باشترن، بۆیه‌ له‌ لای خودا پاكانه‌ی خۆیان كرد و به‌ خودایان گووت: "چۆن كه‌سی تر دروست ئه‌كه‌ى له‌كاتێكدا ئێمه‌ به‌دڵسۆزییه‌وه‌ پاكی و بێگه‌ردیت بۆ دائه‌نێین و سوپاست ئه‌كه‌ین و ناوت به‌پیرۆز ڕائەگرین، كەچی ئەوانەی سەر زەوی بەتاوانكردن سه‌ر زه‌وی خراپ ئەكەن و بەھۆی سوود و قازانجی دونیاوە جیاوازی ئەكەوێتە نێوانیان و ئەوكاتەش خوێنی زۆر دەڕێژن و گیانی پاک و بێتاوان ئەكوژن"

پله‌وپایه‌ی ئاده‌م[دەستکاری]

لەقورئاندا، باوەڕ وەھایە کە خودا وه‌ڵامی فریشته‌كانی دایه‌وه‌، و دڵیانی ئارام کردەوە و فریشته‌كانی تێگه‌یاند؛ كه‌ خودا ڕێزێكی زۆری له‌ نه‌وه‌ی ئاده‌م گرتووه‌ و به‌ده‌ستی خۆی ئاده‌می دروست كردووه‌و له‌ گیانی خۆی گیانی پێداكردووه‌. ڕاسته‌وخۆش ئاده‌می فێری ناوەكان و زانیارییه پێویستییه‌كان كردووه‌ به‌جۆرێك ھه‌تا ئاماده‌ییان ھه‌بێ له‌ ڕاستییه‌كان و سوننه‌ته‌كانی خودا و له‌ یاساكانی ناو گه‌ردوون تێبگه‌ن، به‌مه‌ش ئه‌توانن له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵات په‌یدابكه‌ن و زه‌وی نۆژه‌ن و ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌. الله، یاخود خودای ئیسلام ویستی وابوو پیشانی فریشته‌كانی بدات كه‌ ئه‌و دروستكراوه‌ی ئه‌وان له‌ پله‌و پایه‌یان كه‌مده‌كرده‌وه‌ له‌وان زاناتره‌ و زانیاری له‌وان فراوانتره‌. خودا‌ داوای لێكردن ناوی چه‌ند شتێكی دیاریكراوی بۆ بھێنن به‌ڵام فریشتەكان ناوی ئه‌و شتانه‌یان نه‌زانی و بۆیان ده‌ركه‌وت خودا‌ خاوه‌نی داناییه‌ و هه‌رچی ئه‌و ویستی نه‌كردبێ ئه‌وان نایزانن، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر وتیان: "ئێمه‌ پاكو بێگه‌ردی بۆ خودا‌ دائه‌نێین و سه‌رپێچی ویستی خودا‌ له‌ هیچ شتێكدا ناكه‌ین." پاشان خودا‌ فه‌رمانی به‌ ئاده‌م كرد ئه‌ویش ناویی شته‌كانی ھێنا، ھه‌تا فریشته‌كان پله‌و پایه‌ی ئاده‌م بزانن و له‌سه‌ر ده‌ستی ئاده‌م فێری ناوه‌كان ببن.

ڕێزگرتنی ئادەم[دەستکاری]

قورئان باس لەوە دەکات كه‌ خودا‌ ئاده‌می له‌ قوڕێكی ڕه‌ش له‌ باشترین شێوه‌دا دروست كرد و له‌ گیانی خۆی فوی پیاداكرد و كردییه‌ مرۆڤێكی رێكوپێك، پاشان خودا‌ فه‌رمانی به‌ فریشته‌كان كرد سوجده‌ی ڕێز بۆ ئاده‌م ببه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ خودا‌ ڕێزی زۆری له‌ ئاده‌م و نه‌وه‌ی ئاده‌م گرت. قورئان بەم جۆرە باس لە ڕێزی خودا بۆ ئادەم دەکات:

  • لە باشترین شێوەدا ئادەمیزادی دروستكرد.
  • لە گیانی خۆی فوی پێدا كرد.
  • فەرمانی بە فریشتەكان كردووە کڕنۆشی بۆ ببەن.
  • زەویشی بۆ فەراھەم كردن و بە دەسەڵاتی كردوون، تاوەكو ئاوەدانی بكەنەوە و بەخششەكانی خودا‌ لە خواپەرستیدا بەكاربھێنن.

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌بێ نه‌وه‌ی ئاده‌م زۆر سوپاسی ئه‌م نیعمه‌تانه‌ بكات، ئه‌ویش به‌ به‌جێهێنانی مافی خودا‌ و به‌ندایه‌تی بۆ كردنی.

سوجده‌ی فریشته‌كان بۆ ئاده‌م و سه‌رپێچیكردنی ئیبلیس[دەستکاری]

قورئان باس لە وەدەکات کە له‌به‌رئه‌وه‌ی فریشته‌كان خۆیان به‌ كه‌م گرت و خۆیان به‌ گه‌وره‌ نه‌زانی؛ سه‌ركه‌وتنیان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خودا‌دا به‌ده‌ست هێناو سوجده‌ی ڕێزیان بۆ ئاده‌م بردو به گه‌وره‌و به‌ڕێزیان دانا. به‌ڵام ئیبلیس خۆی به‌ گه‌وره‌زانی و سه‌رپێچی فه‌رمانی خودا‌ی كرد و بوو به‌ یه‌كێك له‌ بێ بڕوایان. كاتێكیش خودا‌ ده‌رباره‌ی هۆی سوجده‌ نه‌بردنی پرسیاری له‌ ئیبلیس كرد، ئیبلیس وتی: "به‌ڕه‌گه‌ز من له‌ ئاده‌م باشترم، منت له‌ ئاگر دروستكردووه‌ به‌ڵام ئاده‌مت له‌ قوڕ دروست كردووه‌، ئاگریش له‌ قوڕ پاكترو گه‌وره‌تره‌." به‌و شێوه‌یه‌ ئیبلیس وای گومان برد كه‌ كه‌س له‌و به‌ تواناتر نییه‌ و وتی: "من له‌ ئاده‌م باشترم"، لەباوەڕی ئیسلامیشدا ئەمە به‌ ئاشكرا سه‌رپێچیکردنی خودا‌یە و لەخۆبایبوونە.

دەركردنی ئیبلیس لە بەهەشت[دەستکاری]

قورئان دەگێڕێتەوە کە دوای ئه‌وه‌ی ئیبلیس خۆی له‌وه‌ به‌ گه‌وره‌تر زانی كه‌ فه‌رمانی خودا‌ جێبه‌جێ بكات و تانه‌و ته‌شه‌ری له‌ دادگه‌ری و زانستی خودا‌ دا، خودا‌ش پاداشتی سه‌رپێچی كردنه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و له‌ به‌زه‌یی خۆی و له‌ به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌وی ده‌ریكرد. ئیبلیسیش داوای له‌ خودا‌ كرد كه‌ تا رۆژی دوایی بیهێڵێته‌وه‌ و ژیانی پێ بدات، خودا‌ش قه‌بووڵی كرد. موسوڵمانان بڕوایان وایە کە ئامانجی ئیبلیس له‌مه‌دا بریتی بوو له‌ به‌كارهێنانی وزه‌و تواناكانی له‌سه‌ر لێشێواندن و گومڕاكردنی ئاده‌میزاد، به‌مه‌ش جه‌نگ دروست بوو له‌ نێوان ئاده‌م و نه‌وه‌كانی له‌ لایه‌ك و ئیبلیس و نه‌وه‌كانیشی له‌ لایه‌كی تر. خودا‌ش‌ ویستی وا بوو مرۆڤه‌كان تاقی بكاته‌وه‌و ئاده‌میزاد به‌ ویستی خۆی ڕێگای خواویستیی و به‌هه‌شت هه‌ڵبژێرێت نه‌ك به‌ زۆری خوای خودا. به‌م شێوه‌یە موسوڵمانان وا باوەڕیانە کە دژایه‌تی نێوان ئیبلیس و ئادەم و نێوان نه‌وه‌كانیان دژایه‌تییه‌كی دێرینه‌. دیسان بەشێک لە باوەڕی ئیسلام و فێرکردنەکانی بەو جۆرەیە کە ئه‌بێ ئاده‌میزاد هۆشیار و وریا بێ له‌و فێڵ و شێوازانه‌ی ئیبلیس، كه‌ له‌ رێیانه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ تووشی سه‌رپێچییه‌كانی خودا‌یان بكات.

دروستكردنی حەوا[دەستکاری]

له‌ پاش ئه‌وه‌ی خودا‌ ئیبلیسی له‌ بەهەشت ده‌ركرد، ئاده‌م به‌ ته‌نها مایه‌وه‌، بۆیه‌ خودا‌ ویستی وابوو هه‌ر له‌ خۆی هاوڕێیه‌كی له‌و به‌هه‌شته‌دا بۆ دروست بكات، به‌وشێوه‌یه‌ خودا‌ خه‌وی له‌ ئاده‌م خستوو له‌ په‌راسویه‌كی ئاده‌م حه‌وای دروست كرد تا ببێته‌ مایه‌ی ئارامی ئاده‌م و هاوڕێیه‌تی یه‌كتر بكه‌ن.

دەستکردن بەتاوان[دەستکاری]

بەپێی قورئان، خودا‌ ئاده‌م و خێزانه‌كه‌ی له‌ به‌هه‌شتێكی خۆش له‌سه‌ر زه‌وی دانا و هه‌موو خۆشیه‌كانی ئه‌و به‌هه‌شته‌ی بۆ حه‌ڵاڵ كردن، به‌ مه‌به‌ستی تاقیكردنه‌وه‌شیان ته‌نها دارێك له‌ داره‌كانی ئه‌و به‌هه‌شته‌ی لێ قه‌ده‌غه‌كردن، لێره‌وه‌ یه‌كه‌م روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نێوان ئاده‌م و ئیبلیس رویدا. ئیبلیس ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ل زانی و وه‌سوه‌سه‌ی خسته‌ دڵی ئاده‌مه‌وه‌ و وای تێگه‌یاند كه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌تی و ئامۆژگاری به‌ ڕاستگۆیی ده‌كات، كاتێكیش بینیی ئاده‌م و حه‌وا پشتی تێده‌كه‌ن، زیاتر له‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنیان پێی داگرت، تا قایلی كردن به‌وه‌ی بۆیه‌ خودا ناهێڵێ‌ له‌ به‌ری ئه‌و دره‌خته بخۆن تا نه‌بنه‌ فریشته و به‌ هه‌تا هه‌تایی له‌و به‌هه‌شته‌دا نه‌مێننه‌وه‌، سوێندیشی بۆ خواردن كه‌ نییه‌تی پاكه‌ و مه‌به‌ستی ئامۆژگاری كردنیانه‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاده‌م (سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی پله‌و پایه‌ی لەلای خودا، بەپێی قورئان) ئاده‌میزاده‌ و خودا‌ وه‌ك فریشته‌ له‌ هه‌ڵه‌ و تاوان نه‌ی پاراستووه‌، بۆیه‌ ئاده‌م و حەوا له‌ بیریان چوو كه‌ ئیبلیس دوژمنیانه‌ و كه‌وتنه‌ داویه‌وه‌ و به‌ قسه‌یان كردو له‌ فه‌رمانی خودا‌ ده‌رچوون و یه‌كه‌م كه‌سی تاوانكار بوون، خودا‌ش نیعمه‌تی خۆی لێسه‌ندنه‌وه‌. لەئیسلامدا باوەڕ وایە کە خودا‌ ده‌روازه‌ی ته‌وبه‌ و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی بۆ كردنه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌ خێرایی ته‌وبه‌یان كرد و خودا‌ش په‌شیمان بوونه‌وه‌یانی لێ وه‌رگرتن و له‌ تاوانه‌كانیان خۆش بوو.

لێبووردن لە ئادەم و دەرھێنانی لە بەھەشت[دەستکاری]

پاش ئەوەی خودا‌ ئادەمی فێری چۆنییەتی تەوشەكردن كرد و لێی خۆش بوو، لەو بەھەشتە خۆشە دەریھێنان و لە زەویدا داینان و خستنیە تاقیكردنەوەیەكی تری درێژتر، كە ھەلی زۆری تێدایە بۆ پەشیمانی و تەوبەكردن و لێخۆش بوون و چاكسازی. ئەم تاقیكردنەوەیەش كە ململانێی نێوان ئیبلیس و ئادەمیزادە لەسەر زەوی بەردەوام ئەبێت ھەتا ئەو كاتەی زەوی و ھەرچی وا بەسەریەوە بۆ خودا‌ دەمێنێتەوە، ھەروەھا خوداش بۆی ڕوونكرنەوە كە رێنموونی و ھیدایەتیان بۆ رەوانە دەكات، ھەر كەسێكیش لە نەوەی ئادەم رێی ھیدایەتی خودا‌ بگرێت، بەپێی باوەڕی ئیسلام، و لە دوای ھەموو گوناھێك خێرا تەوبە بكات، ئەوە بەختیاری دونیا و دواڕۆژ ئەبێ و وەك ئادەم خودا‌ لێی خۆش ئەبێت، لە سزای سەختی دوا ڕۆژیش رزگاری ئەبێت و ئەچێتە بەھەشتی ھەتاھەتاییەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]