سیسرۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
Bust of Cicero (1st-cent. BC) - Palazzo Nuovo - Musei Capitolini - Rome 2016.jpg

مارکوس توولیووس سیسرۆ (٣ی کانوونی دووەمی ١٠٦ی پ.ز._ ٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٤٣ی پ.ز.) سیاسەتمەدار، پارێزەر، زانا، فەیلەسووف و، گومانگەرایەکی ئەکادیمی بوو[١] کە هەوڵی دەدا لە کاتی قەیرانە سیاسییەکان کە بوونە هۆکاری دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم، پڕەنسیپی ئۆپتیماتەکان بەرز ڕابگرێت. [٢] نووسینە فراوانەکانی لە نامیلکەگەلێک لەسەر ڕەوانبێژی، فەلسەفە و، سیاسەت پێک هاتوون. سیسرۆ بە یەکێک لە مەزنترین وتاربێژان و پەخشاننووسانی ڕۆم دادەنرێت.[٣] [٤] ئەو لە ساڵی ٦٣ی پێش زاییندا، لە خێزانێکی دەوڵەمەندی چینی سوارچاکان چاوی بە دنیا ھەڵھێنا و لە ساڵی ٦٣ی پێش زایین وەک کۆنسووڵ خزمەتی دەکرد.

کاریگەریی ئەو لەسەر زمانی لاتینی زۆر گەورە بوو. زیاتر لە سێ چارەک لەو ئەدەبیاتە لاتینییەی کە لە سەردەمی ژیانی ئەودا نووسراون و ئێمە ئاگاداری بین، لەلایەن ئەوەوە نووسراون. دەگوترێت کە پەخشانی دوای سیسرۆ، نەک تەنها بە لاتینی بەڵکوو بە زمانە ئەورووپییەکان تریش تاکوو سەدەی نۆزدەیەم، یان کاردانەوەیەک بووە لە دژی ئەو، یان گەڕانەوە بووە بۆ ستایلەکەی. [٥] [٦][٧]سیسرۆ ئارگیومێنتەکانی قوتابخانەی گەورەی فەلسەفەی هێلێنیستیی بە لاتینی ناساند و وشەکارییەکی فەلسەفیی لاتینیی دروست کرد، بەم جۆرەش پێگەی خۆی وەک وەرگێڕ و فەیلەسووف قایم کرد.

هەرچەندە سیسرۆ وتاربێژێکی شارەزا و پارێزەرێکی سەرکەوتوو بوو، بەڵام باوەڕی وا بوو کە پیشە سیاسییەکەی گرنگترین دەستکەوتیەتی. لە کاتی کونسوڵگەریی ئەودا بوو کە دووەمین پیلانگێڕیی کاتلیناری هەوڵی دا لەڕێگەی هێرشکردنە سەر شارەکە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە حکوومەت بڕووخێنێت و، سیسرۆ بە لەسێدارەدانی خێرا و مشتومڕهەڵگری ٥ پیلانگێڕەکە، یاخیبوونەکەی سەرکوت کرد. لە ناوەڕاستی سەدەی یەکەمی پ.ز. کە سەردەمێکی پڕ لە پشێوی بوو و شەڕی ناوخۆ و دیکتاتۆریەتی جولیوس سێزار (قەیسەر) لە ڕووداوە گرنگەکانی بوون، سیسرۆ پاڵپشتیی لە گەڕانەوە بۆ حکوومەتی نەریتیی کۆماریی کرد. دوای مردنی قەیسەر و ململانێکانی گرتنەدەستی دەسەڵات، سیسرۆ بوو بە دوژمنی مارک ئەنتۆنی و لە زنجیرە وتارێکدا هێرشی کردە سەری. سیسرۆ وەک دوژمنێکی دەوڵەت لەلایەن سێ کوچکەی دووەمەوە دەرکرا و، لە ئەنجامدا لەلایەن سەربازانێکەوە کە سەر بە سێ کوچکەکە بوون لە ساڵی ٤٣ی پ.ز لە کاتێکدا کە هەوڵی کۆچی لە نیمچەدوورگەی ئیتاڵیا دەدا، دەستبەسەر کرا و لەسێدارە درا. پاشان، دەست و سەرە بڕاوەکەی وەک کۆتا تۆڵەی مارک ئەنتۆنی لە ڕۆسترا نمایش کران. دووبارەدۆزینەوەی نامەکانی سیسرۆ لەلایەن پترارکەوە زۆر جار بە هۆکاری دەستپێکردنی ڕێنێسانسی سەدەی ١٤ لە بوارەکانی کاروباری گشتی، هیومانیزم و، کولتووری کلاسیکی ڕۆمانی دادەنرێت.[٨] لووتکەی دەسەڵات و پریستیژی سیسرۆ لە ماوەی ڕۆشنگەریی سەدەی ١٨دا بوو، و کاریگەرییشی لەسەر گەورەبیرمەندان و بیردۆزدانەرە سیاسییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری وەک جۆن لۆک، دەیڤد هیووم، مۆنتسکیۆ و، ئێدمۆند بورک بنچینەیی بوو.[٩] کارەکانی ئەو لە کەلتووری ئەورووپادا لە ڕیزی کاریگەرترینەکان و ئەمڕۆیش بۆ نووسین و پێداچوونەوەی مێژووی ڕۆمانی، بەتایبەتی ڕۆژانی کۆتاییی کۆماری ڕۆمانی، هێشتا یەکێک لە گرنگترین کەرەستە بنەڕەتییەکانن.[١٠]

ژیانی کەسی[دەستکاری]

سەرەتاکانی ژیان[دەستکاری]

مارکوس توولیوس سیسرۆ لە ٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٠٦ی پ.ز.[١١] لە شارۆچکەی ئارپینووم کە دەکەوێتە ١٠٠ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژھەڵاتی ڕۆم لەدایک بوو. ئەو سەر بە هۆزی کۆرنێلیا بوو.[١٢] باوکی ئەندامێکی دەوڵەمەندی چینی سوارچاکان بوو و ئاستێکی بەرزی لە پەیوەندی و یەکترناسینی لە ڕۆم ھەبوو. ھەڵبەت، چونکە ئەو کەسێکی نیمچەئیفلیج بوو، نەیدەتوانی بچێتە نێو ژیانی گشتییەوە و، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەش، بەچڕی دەرسی دەخوێند. سەرەڕای ئەوەی لەبارەی دایکی سیسرۆ، ھێلڤیا-وە،  کەم دەزانرێت، بۆ ژنی هاووڵاتییانی گرنگی ڕۆم شتێکی باو بوو کە بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوماڵ بن. براکەی سیسرۆ (کوینتووس) لە نامەیەکیدا باسی لەوە کردووە کە ھێلڤیا ژنێکی ماڵی دەستپێوەگر بووە.[١٣]

ناوی سێیەمی سیسرۆ، یان پاشناوە کەسییەکەی، لە وشەی لاتینیی cicer (سیسێر)ەوە دێت بە واتای نۆک. پلوتارک دەڵێت کە ناوەکە لە بنەڕەتدا بە یەکێک لە باوباپیرانی سیسرۆ دراوە کە لە لووتیدا قڵیشێک هەبووە کە لە نۆک چووە. هەرچەندە، ئەگەری ئەوە زیاترە کە باوباپیرانی سیسرۆ لە ڕێگەی کشتوکاڵ و فرۆشتنی نۆکەوە زەنگین بووبن.[١٤] ڕۆمانەکان زۆربەی کات پاشناوی کەسیی خاکەڕایانەیان هەڵدەبژارد؛ ناوە خێزانییە بەناوبانگەکانی وەک فابیووس و لێنتلووس و پیسۆ لە ناوی لاتینیی پاقلە و نیسک و بەزالیاوە هاتوون. پلوتارک دەنووسێت کە لە کاتی چوونەنێوەوەی سیاسەتدا، هانی سیسرۆ دراوە ئەم ناوە سووکایەتیئامێزە بگۆڕێت، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە و گوتوویەتی کە سیسرۆ لە سکوروس («ئەژنۆئاوساو») و کاتولوس («تووتکەسەگ») شکۆدارتر دەکات.[١٥]

لەم ماوەیە لە مێژووی ڕۆمانیدا، «موسەقەف» بە کەسێک دەگوترا کە بتوانێت بە هەردوو زمانی لاتینی و یۆنانی قسە بکات. بۆیە سیسرۆ بە تەعالیمی فەیلەسووفان و شاعیران و مێژوونووسانی یۆنانی کۆن پەروەردە کرا؛ سیسرۆ زۆر لە تێگەیشتنە بیردۆزی و کردارییەکانی خۆی بۆ ڕەوانبێژی لە شاعیری یۆنانی ئەرخیاس [١٦]و لە ڕەوانبێژی یۆنانی ئەپۆلۆنیوسەوە دەست کەوت.[١٧] ئەو یۆنانیزانییەکەی بۆ وەرگێڕانی زۆرێک لە چەمکە تیۆرییەکانی فەلسەفەی یۆنانی بۆ ناو لاتینی بەکار هێنا، بەم جۆرەش کارە فەلسەفییە یۆنانییەکانی بۆ بەردەنگێکی گەورەتر بەردەست خست. ئەوە پاشخانە پەروەردەیییە فراوانەکەی بوو کە سیسرۆی بە نوخبەی نەریتیی رۆمانییەوە بەستەوە.[١٨]

خولیای سیسرۆ بۆ فەلسەفە لە پیشەی دواتریدا بەخەستی ڕەنگی دایەوە و بووە ھۆی ئەوەی شەرحێکی کامڵی فەلسەفەی یۆنانی بۆ بەردەنگی ڕۆمانی[١٩] بخاتە ڕوو. بۆ نموونە، ئەو وشەکارییەکی فەلسەفیی بە لاتینی دروست کرد.[٢٠] لە ساڵی ٨٧ی پ.ز. فیلۆ-ی لاریسا، سەرۆکی ئەکادیمیای ئەفلاتوونی کە سێسەد ساڵ پێش ئەو ڕێکەوتە لە ئەتینا لەلایەن ئەفلاتوونەوە دامەزرابوو، گەیشتە ڕۆم. سیسرۆ، «کە پەرۆشییەکی بێھاوتای بۆ فەلسەفە ھەبوو»[٢١] لە بەر پێی دانیشت و فەلسەفەی ئەکادیمیی گومانگەرای کارنیادیسی لێ فێر بوو.[٢٢] سیسرۆ لەبارەی دیالۆگەکانی ئەفلاتوون دەیگوت کە ئەگەر بڕیار بووایە زیووس قسەی بکردایە، ئەوا بە زمانی ئەوان قسەی دەکرد.[٢٣]

بەگوێرەی پلوتارک، سیسرۆ خوێندکارێکی بێحەد بەھرەدار بوو کە ھەگبەی زانیارییەکەی سەرنجی خەڵکی لە سەرتاسەری ڕۆمدا[٢٤] ڕادەکێشا؛ ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساند کە یاسای ڕۆمانی لەژێر دەستی کوینتووس موسیووس سکایڤۆلا بخوێنێت.[٢٥] ھاوپۆلەکانی سیسرۆ گایووس ماریووس-ی بچووک، سێرڤیووس سولپیسیووس ڕوفووس (کە دواتر بوو بە پارێزەرێکی بەناوبانگ، ڕوفووس یەکێک بوو لەو ژمارە کەمە پارێزەرەی کە سیسرۆ لە خۆیی لە پرسە یاسایییەکاندا باڵاتر دەبینی) و تیتووس پۆمپۆنیووس. ئەم دووانەی کۆتایی بوون بە ھاوڕێی تاھەتاییی سیسرۆ و، پۆمپۆنیووس (کە دواتر ناسناوی ئاتیکوس-ی پێ بەخشرا و خوشکەکەی شووی کرد بە برای سیسرۆ) بەپێی قسەکانی سیسرۆ خۆی «وەک برای دووەم»ی لێ ھات. سیسرۆ تا کۆتاییی تەمەنی نامەی لەگەڵ ئەم دوو ھاوڕێیەی دەگۆڕییەوە.[٢٦]

لە ساڵی ٧٩ی پ.ز. سیسرۆ بەرەو یۆنان، ئەنادۆڵ و، ڕودس بەڕێ کەوت. ئەم گەشتە، بەو جۆرەی پلوتارک بانگەشە دەکات،[٢٧] [٢٨]ڕەنگە لەبەر خۆپاراستن بووبێ لە ئەگەری تووڕەبوونی سوللا، بەڵام سیسرۆ خۆی دەیگوت بۆ باشترکردنی لێزانییەکانی و چاکترکردنی دۆخی جەستەییی ئەو گەشتەی کردووە.[٢٩]

ئەو لە ئەتینا لەگەڵ ئەنتیوخس-ی ئەسکەلۆنی، کە ئەکادیمییەکی بەتەمەن و دەستپێکەری فەلسەفەی ئەفلاتوونیزمی ناوەڕاست بوو، فەلسەفەی خوێند.[٣٠] لە ئەنادۆڵ چاوی بە وتاربێژە پێشەنگەکانی دەڤەرەکە کەوت و لە خوێندن بەردەوام بوو. سیسرۆ دواتر بە مەبەستی دیداری مامۆستا پێشووەکەی، ئەپۆلۆنیووس مۆلۆن، بە سەردانێک گەیشتە ڕودس؛ ئەپۆلۆنیووس پێشتر لە ڕۆم دەرسی بە سیسرۆ گوتبوو. مۆلۆن فێری سیسرۆی کرد چۆن  زیادەڕۆیی لە ستایلەکەی لا بدات و بۆ باشترکردنی ھونەری وتاردان، ڕاھێنانی بە جەستە و سییەکانی سیسرۆ کرد.[٣١] سیسرۆ بە گرتنەبەری ڕێگایەکی مامناوەندی لەنێوان دوو ستایلی ڕکابەریکەری ئەتینایی و ئاسیایی، توانیی دواجار لە دوای دیمۆستێنیز ببێتە دووەم گەورە وتاردەری مێژوو.[٣٢]

سیسرۆ ڕەنگە ساڵی ٧٩ی پ.ز. لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا لەگەڵ تێرێنتیا ھاوسەرگیریی کردبێت. بەپێی نەریتە باوەکانی چینی باڵای کۆمەڵگا، ئەمە ھاوسەرگیرییەک بوو لەپێناو بەرژەوەندیدا، بەڵام بۆ ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ ژیانێکی ئارامیان پێکەوە بەسەر برد. خێزانی تێرێنتیا زەنگین بوو و لەوانەیە سەر بە نەجیبزادەکانی ماڵباتی تێرێنتی ڤارۆنز بووبن و، بەم جۆرەش لە ئاست ئارەزووە سیاسییەکانی سیسرۆدا بوون—ھەم لە ڕووی ئابووری و ھەمیش لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. تێرێنتیا زڕخوشكێکی ھەبوو بە ناوی فابیا کە بە منداڵی بووبوو بە پاکیزەیەکی ڤێستال و ئەمەش شانازییەکی گەورە بوو. تێرێنتیا ژنێکی بەئیرادە بوو و بەپێی قسەکانی پلوتارک «ئەو ڕادەیە کە تێرێنتیا حەزی لە کاروبارە سیاسییەکەی مێردەکەی بوو، بەو ڕادەیە ڕێگەی بە مێردەکەی نەدەدا دەست لە کاروباری ماڵەوە وەر بدات.»[٣٣]

پیشەی گشتی[دەستکاری]

چالاکییە یاسایییە سەرەتایییەکان[دەستکاری]

سیسرۆ بەنیاز بوو لە سیاسەتدا پیشەیەکی گشتیی دەست بکەوێت. لە ساڵانی ٨٨-٩٠ی پ.ز. لە ھەڵمەتی ھەڵگیرساندنی جەنگی کۆمەڵایەتیدا خزمەتی پۆمپیۆس سترابۆ و سولای کرد؛ ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سیسرۆ پێش ھەموو شتێک کەسێکی بیرمەند بوو، حەزی لە ژیانی سەربازی نەبوو.

سیسرۆ دەوروبەری ساڵی ٨١ بۆ ٨٣ی پ.ز. دەستی بە پیشەی پارێزەری کرد. یەکەم کەیسی ئاشکرای_کە تۆمارە نووسراوەکەی نەفەوتابێت_ بەرگریکردنیەتی لە سێکتووس ڕۆسیووس لەسەر تۆمەتی باوککوشتن لە ساڵی ٨٠ی پ.ز.[٣٤] وەرگرتنی ئەم کەیسە لەلایەن سیسرۆوە ھەنگاوێکی بوێرانە بوو؛ باوککوشتن بە تاوانێکی ترسناک ھەژمار دەکرا و، ئەو کەسانەی سیسرۆ بە تاوانی کوشتن تاوانباری دەکردن و بەدناوترینیان کریسۆگۆنووس-ی ناو بوو، لە کەسە دڵخوازەکانی سولا بوون. لەم کاتەدا کوشتنی سیسرۆ کە ھێشتا پارێزەرێکی نەناسراو بوو، بۆ سولا ئاسان بوو. بەرگرییەکەی سیسرۆ ئاڵنگارییەکی ناڕاستەوخۆی سولای دیکتاتۆر بوو؛ ڕۆسیووس بەھۆی بەھێزیی کەیسەکەیەوە بە بێتاوان لەقەڵەم درا.[٣٥] دوای ماوەیەکی کەم، سیسرۆ سولای بەر ڕەخنە دا بەوەی شارۆچکە ئیتاڵییەکانی لە مافەکانیان بێبەش کردووە و بەم جۆرەش دیسان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی تازەی کردەوە.[٣٦]

سەرەتای پیشەی سیاسی[دەستکاری]

سیسرۆ وەک یەکێک لە بیست کوایستۆر (خەزنەدار)ە ساڵانەکان دەستی بە خزمەتی سیاسیی خۆی کرد. ئەمە پێگەیەک بوو کە بۆ کارگێڕیی گشتی لە چەندین بواری جۆراوجۆردا ڕاهێنانی بە کەسێک دەکرد، بەڵام ئەم پێگەیە لە دێرزەمانەوە جەختی لەسەر کارگێڕی و ژمێریارییەکی توندوتۆڵی سامانی گشتی دەکردەوە بەپێی ڕێنوێنیی گەورە دادوەر یان حاکمی پارێزگایەک. سیسرۆ لە ساڵی ٧٥ی پ.ز. لە ڕۆژاوای سیسیلیا وەک خەزنەدار دەستبەکار بوو و لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە ڕاستگۆ و سەرڕاست بوو. لە ئەنجامدا، سیسیلیایییەکان کە سوپاسگوزاری سیسرۆ بوون، داوایان لێی کرد کە گایووس ڤێرێس-ی پارێزگاری سیسیلیا کە بەخراپی پارێزگاکەی تاڵان کردبوو، دادگایی بکات. دادگاییکردنی ڤێرێس بۆ سیسرۆ سەرکەوتنێکی دادوەریی گەورە بوو. [٣٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Johanson, Carmen; Londey, David (1988). "Cicero On Propositions: Academica Ii.95". Mnemosyne. 41 (3–4): 325–332. doi:10.1163/156852588x00598. ISSN 0026-7074.
  2. ^ Balsdon, Mary Katherine Claudia Balsdon (2021-05-22). "The distribution and effects of microbeads on host-parasite interactions of Ontario wetland fauna: tadpoles, snails and trematodes". dx.doi.org. Retrieved 2021-11-24.
  3. ^ Lacey, W. K. (1976-11). "Elizabeth Rawson, Cicero, a Portrait. London: Allen Lane, 1975. Pp. xvi + 341. £5·50". Journal of Roman Studies. 66: 265–266. doi:10.2307/299826. ISSN 0075-4358. Check date values in: |date= (help)
  4. ^ Bishop, Caroline (2018-12-20), "Cicero", Cicero, Greek Learning, and the Making of a Roman Classic, Oxford University Press, pp. 259–300, retrieved 2021-11-24
  5. ^ A companion to Latin literature. S. J. Harrison. Malden, MA: Blackwell Pub. 2005. ISBN 978-0-470-99668-3. OCLC 184983652.
  6. ^ Merriam-Webster's encyclopedia of literature. Inc Merriam-Webster. Springfield, Mass.: Merriam-Webster. 1995. ISBN 0-87779-042-6. OCLC 31434511.
  7. ^ Smethurst, S. E.; Cicero; Grant, Michael (1960). "Cicero, Selected Works". The Classical World. 54 (3): 98. doi:10.2307/4344481. ISSN 0009-8418.
  8. ^ Modern political thought : readings from Machiavelli to Nietzsche. David Wootton. Indianapolis, Ind.: Hackett Pub. 1996. ISBN 0-87220-342-5. OCLC 35086150.
  9. ^ "Cicero and Aquinas on the Natural Law", A Comparative Analysis of Cicero and Aquinas : Nature and the Natural Law, Bloomsbury Academic, retrieved 2021-12-10
  10. ^ The Oxford illustrated history of the Roman world. John Boardman, Jasper Griffin, Oswyn Murray. Oxford: Oxford University Press. 2001. ISBN 0-19-285436-4. OCLC 47973446.
  11. ^ "Original treaties and international agreements registered during the month of January 2019: Nos. 55569 to 55637", Statement of Treaties and International Agreements, UN, pp. 7–13, 2019-08-22, ISBN 978-92-1-004196-6, retrieved 2021-12-17
  12. ^ "Sylloge inscriptionum Graecarum a Guilelmo Dittenbergero condita et aucta nunc tertium edita. Vol. I. 1915". The Journal of Hellenic Studies. 37: 127–128. 1917-11. doi:10.2307/625461. ISSN 0075-4269. Check date values in: |date= (help)
  13. ^ Doyle, Richard E.; Bailey, D. R. Shackleton; Cicero (1980). "Cicero: Epistulae ad Familiares". The Classical World. 73 (5): 314. doi:10.2307/4349208. ISSN 0009-8418.
  14. ^ "Anthony Trollope: his life and works", Anthony Trollope, Routledge, pp. 9–13, 2016-08-05, retrieved 2021-12-17
  15. ^ Lintott, Andrew (2013-03-07). Plutarch: Demosthenes and Cicero. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-969971-1.
  16. ^ "Cicero: the life and times of Rome's greatest politician". Choice Reviews Online. 40 (06): 40–3572-40-3572. 2003-02-01. doi:10.5860/choice.40-3572. ISSN 0009-4978.
  17. ^ dx.doi.org http://dx.doi.org/10.17658/issn.2058-5462/issue-20/msappol/p23. Retrieved 2021-12-17. Missing or empty |title= (help)
  18. ^ "Cicero: the life and times of Rome's greatest politician". Choice Reviews Online. 40 (06): 40–3572-40-3572. 2003-02-01. doi:10.5860/choice.40-3572. ISSN 0009-4978.
  19. ^ Davidson, Ivor J. (2002-02-28), "Book 1", Ambrose: De Officiis, Oxford University Press, pp. 439–691, retrieved 2021-12-18
  20. ^ "Cicero: the life and times of Rome's greatest politician". Choice Reviews Online. 40 (06): 40–3572-40-3572. 2003-02-01. doi:10.5860/choice.40-3572. ISSN 0009-4978.
  21. ^ Lacey, W. K. (1976-11). "Elizabeth Rawson, Cicero, a Portrait. London: Allen Lane, 1975. Pp. xvi + 341. £5·50". Journal of Roman Studies. 66: 265–266. doi:10.2307/299826. ISSN 0075-4358. Check date values in: |date= (help)
  22. ^ "Varieties of Modern Academic Skepticism: Pierre-Daniel Huet and Simon Foucher", Skepticism : From Antiquity to the Present, Bloomsbury Academic, retrieved 2021-12-18
  23. ^ Maneksha, S.; Harry, T. V. (1975-07). "Lorazepam in sexual disorders". The British Journal of Clinical Practice. 29 (7): 175–176. ISSN 0007-0947. PMID 29. Check date values in: |date= (help)
  24. ^ Lintott, Andrew (2013-03-07). Plutarch: Demosthenes and Cicero. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-969971-1.
  25. ^ editor., Clark, Henry C.,. Economic morality : reading ancient to modern readings. ISBN 978-0-7391-9250-4. OCLC 951074124.
  26. ^ "Cicero: the life and times of Rome's greatest politician". Choice Reviews Online. 40 (06): 40–3572-40-3572. 2003-02-01. doi:10.5860/choice.40-3572. ISSN 0009-4978.
  27. ^ Smith, C. Howard; Haskell, H. J. (1943). "This Was Cicero". The Classical Weekly. 36 (23): 268. doi:10.2307/4341731. ISSN 1940-641X.
  28. ^ Lintott, Andrew (2013-03-07). Plutarch: Demosthenes and Cicero. Oxford University Press. ISBN 978-0-19-969971-1.
  29. ^ "Cicero, Brutus - lateinisch und deutsch", Brutus, Berlin, Boston: DE GRUYTER, retrieved 2021-12-19
  30. ^ Spaeth,, John W.; Cicero; Hendrickson, G. L.; Cicero; Hubbell, H. M. (1941). "Cicero, Brutus". The Classical Weekly. 35 (6): 66. doi:10.2307/4341321. ISSN 1940-641X.
  31. ^ "Cicero, Brutus - lateinisch und deutsch", Brutus, Berlin, Boston: DE GRUYTER, retrieved 2021-12-19
  32. ^ Dyck, A.R. (2010). "Manuwald, G. (ed.) 2007. Cicero, Philippics 3-9, I: Introduction, Text and Translation, References and Indexes; II: Commentary (Texte und Kommentare, 30). Berlin, Walter de Gruyter. xxiii + 60, 1094 p. Pr. €157.00 (hb)". Mnemosyne. 63 (3): 513–518. doi:10.1163/156852510x456525. ISSN 0026-7074.
  33. ^ Garner, C. W.; Behal, F. J. (1975-11-18). "Effect of pH on substrate and inhibitor kinetic constants of human liver alanine aminopeptidase. Evidence for two ionizable active center groups". Biochemistry. 14 (23): 5084–5088. doi:10.1021/bi00694a009. ISSN 0006-2960. PMID 38.
  34. ^ Lacey, W. K. (1976-11). "Elizabeth Rawson, Cicero, a Portrait. London: Allen Lane, 1975. Pp. xvi + 341. £5·50". Journal of Roman Studies. 66: 265–266. doi:10.2307/299826. ISSN 0075-4358. Check date values in: |date= (help)
  35. ^ "Cicero: the life and times of Rome's greatest politician". Choice Reviews Online. 40 (06): 40–3572-40-3572. 2003-02-01. doi:10.5860/choice.40-3572. ISSN 0009-4978.
  36. ^ Cicero (1927). "Pro Caecina". Digital Loeb Classical Library. Retrieved 2021-12-23.
  37. ^ The Oxford illustrated history of the Roman world. John Boardman, Jasper Griffin, Oswyn Murray. Oxford: Oxford University Press. 2001. ISBN 0-19-285436-4. OCLC 47973446.