ئاوەز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئاوەز بخەوێ دەعبا وە بەر دێ، فرانسیسکۆ گۆیا، ١٧٩٩

ئاوەز یان ئەقڵ ئەو ھێزەیە لە مرۆڤدا (لە گیانلەبەرانی تردا نییە) کە ئەگەر بێت و بە کاری بێنێ (چونکە خۆبەخۆ ناکەوێتە کار)[١] ئەتوانێ:

  1. ئاگادارانە و بەئەنقەست خۆی لە شتەکان تێ بگەیێنێ،
  2. مەنتیق بە کار بگرێ،
  3. بە تاوتوێکردن و لێکدانەوەی زانیاریگەلی لەبەردەست یا تازەدەسکەوتوو، کردار و باوەڕەکانی ڕێک بخاتەوە یا پاساویان بۆ بدۆزێتەوە.[٢]

پێوەندییەکی نزیک لە نێوان ئاوەز و جموجووڵگەلی تری تایبەت بە مرۆڤ وەک فەلسەفە و زانست و زمان و ماتماتیک و ھونەردا ھەیە و، وەکوو باری جیاکەرەوەی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی تر چاوی لێ ئەکرێ.[٣]

ئاوەزان (ھەروەها: ئاوزان، ئاوەزیان، ئاوەزین) چاوگی وشەی ئاوەزە و لە فەرھەنگەکاندا بە مانای ئەقڵ پێ شکیان، خاوەن ئەقڵ و ئاوەز بوون، فامین و، گەیشتن بە تەمەنی خۆناسین ھاتووە. [٤][٥][٦] شێوەگەلێ وا مرۆڤ بە بەڵگەوە «دەئاوەزێ» لە گۆڕەپانێک بە ناو لۆژیکدا تاوتوێ ئەکرێنەوە.[٧] ئاوەزان لەگەڵ تێفکرین و ناسین و ژیروژووڵیدا دەست لەناو دەستە و خۆی چەند شێوازی ھەیە:

  • ئاوەزانی دیداکتیڤ یا قیاسی (deductive reasoning)
  • ئاوەزانی ئینداکتیڤ یا ئیستیقرایی (inductive reasoning)
  • ئاوەزانی ئەبداکتیڤ (abductive reasoning)

وشەڕەتناسی[دەستکاری]

عەلی نانەوازادە لە فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردییەکەیدا لە پەنای وشەی ئاوەزدا نیشانەیەکی پرسیاری داناوە، بەو مانایە کە ڕەگ و ڕیشەی وشەکەی بۆ ڕوون نەبۆتەوە. بەڵام، پێشتر، ھەر خۆی لە فەرھەنگی ھەرماندا وەھا تێبینییەکی نووسیبوو:

«ئاوزان و ئاوزین و ئاوزیان کە بە مانای فامین و تێگەیشتن بۆ مرۆڤ ھاتوون، دەبێ پێشتر بۆ گەیشتن و گەیینی میوە و بەرەوە ھاتبێ کە ئاویان تێدەزێ و ئاودار دەبن و لەویشەوە وشەی ئاوز یا ئاوەز پەیدا بووبێ، یانی مرۆڤی گەیشتوو و بە ئەزموون.»

ھاوشێوەی ئەم بۆچوونە، فەرھەنگی زانستگای کوردستان بۆ ماناکانی وشەی ئاوزیاگ جگە لە تێگەیشتوو و بەئاوەز، تەڕایی تێگەڕاو و ئاو تێزاو -یشی ھێناوە.

مێژووی فەلسەفی[دەستکاری]

فەیلەسوف و زاناکان ھەوڵیان داوە لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ بکەن، بۆ نموونە کردارە درکی و دەمارەخانە پەیوەندیدارەکان چین و چۆن ھۆکارە کلتوریەکان کاریگەری دەکەنە سەر بیرکردنەوەکانی مرۆڤ. ھەروەھا زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان دەیانەوێت ڕوونی بکەنەوە کە ئایا دەکرێت ژیربێژی مرۆڤ بە شێوازی ئەلیکترۆنی زیرەک شیبکرێتەوە یان وێنە بکرێت. لێکۆڵینەوەی دی ھەوڵی تێگەیشتن دەدات کە ئایا دەکرێت ئاژەڵەکانی دی جگە لە مرۆڤ بتوانن وەک مرۆڤ بە ژیربێژیانە بیر بکەنەوە.

ئەو پێشنیارەی کە ژیربێژی پێگەیەکی تایبەتی داوە بە مرۆڤ لە سروشت دا بۆتە جێی مشتوومڕ و ناونراوە بە فەلسەفەی ڕۆژئاوایی و دواتر بە زانستی نوێی ڕۆژئاوایی ناسێنراوە. فەلسەفە دەکرێت پێناسە بکرێت وەک ڕێگەیک بۆ ژیان لەسەر بنەمای ژیربێژییانە و ژیربێژی لە کۆنەوە بابەتێکی سەرەکی و گەورە بووە لە گفتووگۆدا.

ژیربێژی لە سروشتی مرۆڤ دا بە شێوازی جیاواز، لە کاتی جیاواز و لەلایەن کەسایەتی جیاوازەوە پێناسەکراوە و تێدا قوڵ بوونەتەوە.

کێشە باوەکانی ژیربێژی[دەستکاری]

فەلسەفە ھەندێک جار وەک شێوە ژیانی ژیربێژیانە پێناسە دەکرێت. دوو پۆڵ کێشە سەرھەڵدەدات دەربارەی ژیربێژی کە جێی سەرنجی فەیلەسوفەکانە. یەکەم پرسیار: ئایا مرۆڤ دەتوانێت دڵنیا بێت کە ژیربێژی دەتوانێت زانست و ڕاستی دەستەبەر بکات بە شێوازێکی باشتر لە ڕێگاکانی دی. پرسیاری دووەم: ژیانی ژیربێژیانە، ژیانێک کە ئاراستە کرابێت لەلایەن ژیربێژیەوە، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت کە ژیانێک دەستەبەر بکات خۆشبەختانە تر بێت بۆ مرۆڤ وەک لە ڕێگاکانی تری ژیان.

لەسەردەمی کۆنەوە ھەتا ئێستا پرسیاری ڕۆڵی ژیربێژی لە ڕووبەروبوونەوەی ڕاستی دا وەک خۆی ماوەتەوە لە گفتووگۆی بابەتە فەلسەفیەکان دا (کە ھەندێک جار وەک ناکۆکی دەبینرێت لە نێوان جوڵانەوەی پلاتۆی و جوڵانەوەی ئەرستۆی). ئەرستۆ پێی وایە، خەڵکی ژیربێژی بەکاردەھێنن بۆ گەیشتن بەو دەرئەنجامەنەی کە پێیان وایە دروستە و ئەم دەرئەنجامانە لەلای ئەرستۆ دڵنیاکەرەوەترن لە دەرئەنجامەکان کە سەرچاوەکەیان ھەستەکانە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەم دەرئەنجامە ژیربێژیانە تەنھا لەسەر بنەما ھەستیەکان بێنە کایەوە ئەوا ژیربێژیانترین دەرئەنجامەکان ھەرگیز ناکرێت وەک ڕەھا تەماشا بکرێن چونکە ھیچ یەکێک لە بنەما سەرەتاییەکان لە ھەڵەبەدەر نیین.

بەھۆی ئەمەوە پرسیارگەلێک سەرھەڵدەدات دەربارەی بنەما سەرەتاییەکان یان خاڵەکانی دەستپێکی ژیربێژی بۆ یەکێک کە دەیەوێت بگاتە دەرئەنجامی ڕاستەقینە. بیرۆکەی تاقیکاری (ھەندێک جار ھاوەڵە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەرستۆ بەڵام بە ڕێژەیەکی زیاتر ھاوڕایە لەگەڵ فەیلەسوفە بەڕیتانیەکانی وەک جۆن لۆک و دەیڤد ھیوم) جەخت دەکاتەوە لەوەی کە سەرچاوەی سەرەتایی ھەستی تەنھا خاڵی دەستپێکردنی ژیربێژی و ھەوڵە بۆ گەیشتن بە ڕاستی. ئەم بیروبۆچوونە زۆرجار رێخۆشکەرە بۆ دەرئەنجامی ئەوەی ڕاستی ڕەھا ھەرگیز بەدەست ناھێنرێت. بیرۆکەی نموونەییەتی (ئایدیالیزم) (کە ھاوەڵە لەگەڵ پلاتۆ و ڕێبازەکەی) بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕاستیەکی دروستر و بەرزتر بوونی ھەیە و ھەندێک کەس دەتوانن یەکسەر بگەنە ئەو ڕاستییە ڕەھا بەبێ پشت بەستن بە ھەست و ئەوە سەرەکیترین بوونی ڕاستییە کە بوونی ھەبێت.

پەرەسەندنی ژیربێژی[دەستکاری]

بۆ ھەر جۆری گیاندارێک و توخمێک توانای ژیربێژیانە دەکرێت یارمەتیدەرێکی بەرچاو بێت بۆ باشتر تێگەیشتن و پێشبینی کردنی ژینگەی چواردەوریان. زانایانی فەڕەنسی دان سپێخبێ و ھیگۆ مێخسی پێداگیری دەکەن لەسەر ئەوەی کە دەکرێت ھێزی تر کاریگەری ھەبووبێت لەسەر پەرەسەندنی ژیربێژی و دەڵێن کە زۆر سەختە مرۆڤ بەتەنھا خۆی ژیربێژییەکی کاریگەری ھەبێت چونکە مرۆڤ بە تاکەکەسی ناتوانێت گومان لە بیرباوەڕەکانی خۆی بکات. ژیربێژی زۆرترین کاریگەری ھەیە کە بە کۆمەڵەیی بەئەنجام بگەیەنرێت وەک ئەوەی لە پرۆژە زانستیەکان دا سەلمێندراوە. ھەر کۆمەڵەیەک توانی ڕێگە بدۆزێتەوە بۆ بەرجەستەکردنی ژیربێژی بەشێوەیەکی کاریگەر ئەوا توانیویەتی توانای ھەموو ئەندامەکانی کۆبکاتەوە و سوودیان لێ ببینێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ براندن، ناتانیێل (۱۳۹۷). ڕەوانناسیی خۆبەھێژازانی (Psychology of self-esteem) (بە زمانی فارسی). وەرگێڕاوی جەماڵ ھاشیمی. ئێران: شرکت سهامی انتشار. پەڕە ۵۸. 
  2. ^ Kompridis، Nikolas (2000). "So We Need Something Else for Reason to Mean". International Journal of Philosophical Studies. 8 (3): 271–295. doi:10.1080/096725500750039282. 
  3. ^ individuals, for example, "humans have reason." Compare: MacIntyre، Alasdair (2013). Dependent Rational Animals: Why Human Beings Need the Virtues. The Paul Carus Lectures. Open Court. ISBN 978-0-8126-9705-6. لە ڕێکەوتی 2014-12-01 ھێنراوە. [...] the exercise of independent practical reasoning is one essential constituent to full human flourishing. 
  4. ^ موکریانی، گیو (۱۹۹۹). فەرھەنگی کوردستان. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. پەڕە ۱۹. 
  5. ^ نانەوازادە، عەلی (۲۰۰۵). فەرھەنگی ھەرمان. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی. پەڕە ۱۶۲. 
  6. ^ مەردۆخ ڕۆحانی، ماجد. فەرھەنگی زانستگای کوردستان. پەڕەکان ۶۳ و ۶۷. 
  7. ^ Hintikka، J. "Philosophy of logic". Encyclopædia Britannica. Encyclopædia Britannica, Inc. لە ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ ھێنراوە.