عیسا

لە ڕوانگەی ئیسلامدا بۆ یەسووع، یەسووع بە عیسا (بەئینگلیزی: Isa، بەعەرەبی: عیسی)، ناودەبرێت کە بریتییە لەو کەسایەیەتییەی کە لە قورئاندا ناوی ھاتووە و بەپێی ئەو کتێبە یەکێکە لە پێغەمبەرانی خودا. ھاوکات بەپێی قورئان، عیسا ھەمان یەسووعە کە دامەزرێنەری ئایینی مەسیحییەتە و ناوەندەکەسایەتی ئەو ئایینەیە، بەڵام بە کۆمەڵێک سیفەتی دیکەوە، وەک ئەوەی کە لە ئایینی ئیسلامدا عیسا لەمرۆڤێک زۆرتر نییە کە پێغەمبەری خودا بووە و خودا بۆ ئیسرائیلییەکانی ناردووە، ھاوکات عیسا بەپێی ئیسلام لە خاچ نەدراوە و ھێشتا نەمردووە و لای خودایە، لەکاتێکدا کە بەپێی ئینجیلەکان و بەپێی ئایینی مەسیحییەت، یەسووع (کەبەپێی بڕوای موسوڵمانەکان ناوی عیسا)یە، بە بروای مەسیحییەت خودا بووە و کوڕی خودا بووە و لەخاچ دەدرێت و دەمرێت و زیندوو دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئاسمان،[١] بۆیە ئەم وتارە دەربارەی ڕووانگەی ئیسلامە بۆ یەسووع.
بەسەرھاتی ژیانی یەسووع بەپێی قورئان[دەستکاری]
لەپێی قورئان، یەسووع بە عیسا ناودەبرێت و پێغەمبەری خودایە و لە شکۆمەندەکانە کە بە «اولی االعزم» ناویان براوە، دایکی ناوی مریەمی کچی عەمرانە کە خودا ھەڵیبژارد لە ناو گشت ژنانی جیھاندا و لەڕۆحی خۆی فوی پێدا کرد بەھۆی جوبرائیلەوە.[٢] عیسا لە (بەیتلەحم) لەدایکبووە، بەیت لەحم نزیکە لە قودسەوە. عیسای پێغەمبەر لەسەر لانکە قسەی لەگەڵ خەڵک کردووە لەبەر ئەوەی داوێن پاکیی دایکی بسەلمێنێت.[٢] عیسای پێغەمبەر لەقورئاندا ٢٥ جار ناوی ھاتووە و مریەمی دایکیشی ٣٤ ناوی ھاتووە. عیسا بەپێی قورئانیش بە مەسیح ناوی براوە لەبەر گەڕانی بەسەر زەویدا[ژێدەر پێویستە]، عیسا تاکوو خۆی بپارێزێت لە فیتنە و ئاژاوە گەڕاوە و لەشوێنێک دانەنیشتووە، لەو دەمەدا جوولەکە بەتوندی بەربەرەکانیان دەکرد و درۆیان بەدەمەوە دەکرد و قسەیان بۆ خۆی و دایکی ھەڵدەبەست.[٣]
پێغەمبەرایەتی[دەستکاری]
خودا عیسای ڕەوانەکرد بۆ بەنی ئیسرائیل لە دوای ئەوەی کە لە ڕێگای ڕاست لایان دا و سنووری خوایان شکاند وماڵی حەرامیان کۆکردەوە. کەبووە ھۆی حەرامبوونی شتە چاکەکانیان لەسەریان، ئینجا عیسای پێغەمبەر وەکو ڕوونکەرەوە و مامۆستایەک، و دوازدە یاریدەدەر شوێنی کەوتن کە بە «الحواریین» ناو دەبرێن.
بەپێی قورئان، عیسا ئینجیلی بۆ نێردراوە لەلایەن اللە و لەکاتێکدا کە تەمەنی لەسی ساڵیدا بوو و لەسەر گەیاندنی بەردەوام بوو تا خودا بەرزی کردەوە بۆ ئاسمان لەکاتێکدا کەتەمەنی سی و سێ ساڵ بوو لە پاراستنی پەروەردگاردا وەکو بەدرۆ خستنەوەیەک بۆ جوولەکە و مەسیحییەکان کە بانگەواز بۆ ھەڵواسین و لەخاچ دانی دەکەن[ژێدەر پێویستە].
کارە پەرچووەکانی[دەستکاری]

عیسای پێغەمبەر چەند پەرچوویەکی ھەبوە لەوانە:
- لە قوڕ باڵندەیەکی دروست دەکرد ئینجا فوی پیا کردو بەیارمەتی خودا بوو بە باڵندەیەکی زیندوو[ژێدەر پێویستە]
- دەستی بەسەر چاوی کوێری دەکردو چاک دەبویەوە و دەبووە بینەر[ژێدەر پێویستە]
- دەستی بەسەر بەڵەکێکدا دەکرد و خودا شیفای دەدا و چاک دەبوویەوە[ژێدەر پێویستە]
- مردووی زیندوو دەکردەوە بەیارمەتی خوای گەورە[ژێدەر پێویستە]
- ھەواڵی بەخەڵکی دەدا لەوەی دەیخۆن و ھەڵی دەگرن و پاشەکەوتی دەکەن
- بەرەکەت (زیاد)ی دەکرد ھەرشتێ بیویستابا لە ئاو و خواردن
نەخشەی جوولەکە بۆ لەناوبردنی[دەستکاری]
بەپێی قورئان، جوولەکە کەوتنە کار بۆدروست کردنی فێڵێک بۆ بەتوڕەبوونی ڕۆمانییەکان لەسەری و وتنی ئەوەی کە گوایە عیسای پێغەمبەر ھاتووە کە دەستەڵاتیان لێ بسێنێتەوە، ڕۆمانیش حوکمی لەسێدارەدانی دەرکرد.
خودا پیاوێکی دووڕوی لەھاوەڵەکانی عیسای کردە سەر شێوەی عیسا کە ناوی (یەھوودا) بوو و دار و دەستەکەی ڕۆمانییەکان گرتیان و لەخاچیان دا، عیساش خودا ڕزگاری کرد ھەروەک لەقورئاندا باس کراوە کە خودا دەڵێت نەکوشتیان و نەلەخاچیاندا بەڵکو لێیان تێک چوو و ھەروەھا دەڵێت بەڕاستی نەیان کوشت بەڵکو خودا بەرزی کردەوە بۆلای خۆی.
گەڕانەوەی عیسا بۆ سەر زەوی[دەستکاری]
بەپێی قورئان، لە ڕۆژی قیامەتدا عیسای پێغەمبەر دادەبەزێتە سەر زەوی وەکو یەکێک لە نیشانە گەورەکانی ڕۆژی قیامەت لە نێوان گەلی موسوڵماندا و بەشەریعەتی اللە حوکم دەکات واتە بە قورئان و سوننەت، زەوی پڕدەکات لە داد و دادپەروەری.[ژێدەر پێویستە]
عیسا و پێشگرەکانی[دەستکاری]
لەگەڵ ئەوەشدا کە عیسا لە بیست و پێنج شوێندا لە قورئاندا ناوی ھاتووە، بەڵام زۆر بە ڕێز و ئیحترامەوە دوێنراوە لە کۆمەڵێ عیبارات و دەستەواژەی دیکەی قورئاندا وەک: «کوڕی مرییەم»، یان «مەسیح»، یان «بەندەی خوا»، یان «پێغەمبەری خودا».
ھەروەک قسەی لە سەرکراوە بەو ئیعتیبارەی کە وشەی خوایە بەو مانایە کە بە موعجیزە و سەراسیمە و بێ باوک لە دایک بووە، یان (ئایەت و نیشانەی خوایە)، و بە چەندەھا وەسفی جۆراوجۆر وەسفکراوە کە لە دووتوێی پازدە سوورەتی قورئانیدا خۆی دەبینێتەوە.
قورئان ڕێز لە عیسا وەکوو پێغەمبەرێک دەگرێت و بە یەکێک لە پێغەمبەرانی خاوەن ھیممەت و عەزیمەت بەرز «اولو العزم» دای ناوە و فەرمانی داوە بەمحەممەد کە شوێن پێی ئەوان ھەڵبگرێت و وەک چۆن ئەوان بە ئارام بوون ئەمیش خۆڕاگر و بە ئارام بێ.[٤] بە ھیچ شێوەیەک لە ھەموو قورئاندا زەم و سەرزەنشتێکی تێدا نییە بۆ عیسا.
سوورەتی مریەم[دەستکاری]
سوورەتێک ھەیە لە قورئان بە ناوی سوورەتی مریەم کە سوورەتی نۆزدەیەمە لە قورئاندا، ناوی ئەم سوورەتەش ڕێز و ئیحترامێکە بۆ مریەمی دایکی عیسا.