ڕۆژوو لە ئیسلامدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆڵەکەکانی ئیسلام

ڕۆژوو (بە عەرەبی: الصيام‎) کە بە مانای واز ھێنان لە شتێک دێت، بۆ نمونە واز لە خواردن یان قسەکردن بھێنیت. لەئیسلامدا بریتییە لە وازهێنان لەوانەی ڕۆژوو هەڵدەوەشێننەوە، و هەندێک مەرجی دیاریکراوی هەیە، لەدوای نوێژی بەیانی هەتاوەکوو ڕۆژئاوابوون، لەگەڵ هەبوونی نیەتی ڕۆژوو.[١] یەکێکە لەئەرکانەکانی ئیسلام،[٢] ڕۆژوو تەنیا لەمانگی رەمەزاندا نییە، بەڵکوو لەمانگەکانی تریشدا هەیە، و ڕۆژووی واجب و ڕۆژووی سوننەت هەیە، لەهەندێک کاتدا ڕۆژوو ڕێپێنەدراوە وەک ڕۆژووی جەژنی قوربان و رەمەزان.[٣] موسڵمانان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە قسەکانی پێغەمبەر محەممەد شێواز و بنچینەکانی دیاریدەکەن. ڕۆژووی مانگی رەمەزان لە هەموو ساڵێکدا واجبە بەیەکدەنگی موسڵمانان، و یەکێکە لە پێنج بنچینەکەی ئیسلام، پاداشت و چاکییەکانی زۆرن، سوننەتە شەوەکانی زیندوو بکرێنەوە بە بەندایەتی کردن، بەتایبەتی دە شەوی کۆتایی، لەو مانگەدا شەوی قەدر هەیە،[٤] لەکۆتایی مانگی رەمەزاندا سەرفیترە دەدرێت، لەلای موسڵمانان کاتی خۆشی و خزمایەتی و چاکەکردنە. ڕۆژوو لەساڵی دووەمی کۆچی فەرز کراوە، بەچەند بەڵگەیەک وەک: يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (بەقەرە:١٨٣) (کوردی: ئەی ئەوانەی باوەڕتان بەئیسلام هێناوە ڕۆژوو گرتنتان لەسەر واجب کراوە وەک چۆن لەسەر ئەوانەی پێش ئێوە واجب کرابوو، بۆئەوەی زیاتر تەقواکاربن)، شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (بەقەرە:١٨٥) (کوردی: مانگی رەمەزان مانگی دابەزینی قورئانە، کە ڕۆشن کەرەوە و بەڵگەیە بۆ خەڵکی، هەرکەسێک گەیشت بەمانگی رەمەزان پێویستە لەسەری بەڕۆژوو بێت، بەڵام هەر کەسێک نەخۆشبوو یان لەسەفەردا بوو ئەوا پێویستە لەدوای رەمەزان، ڕۆژووەکان بگرێتەوە، خوای گەورە دەیەوێت ئاسانکاریتان بۆ بکات و نایەوێت شتتان لەسەر قورس بکات، بۆ ئەوەی تەواوی ڕۆژووەکانتان بگرن و بەگەورە ناوی خوا بەرن لەسەر ئەوەی ڕێنمایی کردوون.)، و فەرموودەی: ئیسلام لەسەر پێنج پایە دامەزراوە یەکێکیان ڕۆژووی مانگی رەمەزانە، وە کاتێک دەشتەکیەک دێتە لای پێغەمبەر محەممەد پرسیاری لێدەکات دەربارەی ئیسلام، لەباسی ڕۆژوودا دەڵێت جگە لەمانگی رەمەزان ڕۆژووی ترم لەسەرە؟ ئەویش دەڵیت نەخێر تەنیا ئەگەر ڕۆژووی سوننەت بگری. ڕۆژووی مانگی رەمەزان لەهەموو ساڵێکدا فەرزە لەسەر هەموو موسڵمانێکی ژیر، و توانای ڕۆژووگرتنی هەبێت، و نەخۆش یاخود لەسەفەردا نەبێت، و بۆ ژنانیش لەسوڕی مانگانە یان زەیستانیدا نەبیت. ڕۆژوو حوکمی تایبەت بەخۆی هەیە کە لە کتێبە فیقهییەکاندا ڕونکراوەتەوە، لەوانە؛ پایەکان، مەرجەکان، سوننەتەکان، مەکروهەکان، هەڵوەشێنەرەوەکان، ڕۆژووشکاندن، پاساوە شەرعییەکان بۆ نەگرتنی ڕۆژوو، کاتی ڕۆژوو و بەربانگ و ڕۆژوو شکاندن و جگە لەوانە.[٥]

ناساندن[دەستکاری]

ڕۆژوو لەئیسلامدا بەندایەتیەکی تایبەتە، بە واتای خۆگرتنەوەیە لە هەڵوەشێنەرەوەکان لەسەر شێوەی تایبەتی خۆی، لەگەڵ هەبوونی نیەتی ڕۆژوو.[٦] یاخوود بریتییە لە: خۆگرتنەوە لە هۆکانی شکاندنی ڕۆژوو لە نوێژی بەیانیەوە تاوەکوو خۆرئاوابوون، لەگەڵ هەبوونی نیەتی ڕۆژوو. نیەتهێنان پێویستە بۆ ڕۆژوو، بەڵام ئایا یەکێکە لە پایەکان یاخود مەرجی ڕۆژووگرتنە، لەوەیاندا زانایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئیبن حەجەر دەڵێت: رۆژوو خۆگرتنەوەیەکی دیاریکراوە، لەکاتێکی دیاریکراو، بەچەند مەرجێکی دیاریکراو. ئیبن سیدە دەڵێت: ڕۆژووگرتن وازهێنانە لە خواردن و خواردنەوە و سەرجێی و قسەی نەشیاو و بێسوود. راغیبی ئەسفەهانی دەڵێت: ڕۆژوو بریتییە لە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە و سەرجێی و خۆڕشاندنەوە لەنوێژی بەیانیەوە تاوەکوو نوێژی مەغریب. سەرخسی دەڵێت: لەشەرعدا بریتییە لە خۆگرتنەوەیەکی دیاریکراو، ئەویش خۆگرتنەوەیە لە ئارەزوی خواردن و سەرجێی. لەسەرکەسێکی دیاریکراو، کە ئەویش موسڵمانە (بۆ ژنان لەسوری ماگانە و زەیستانیدا نەبێت). لەکاتێکی دیارکراو، ئەویش لەنوێژی بەیانیەوە تاوەکوو نوێژی مەغریب، و مەبەست بەڕۆژووەکە بەندایەتکردن بێت بۆ خوا. ئیبن قودامە دەڵێت: ڕۆژوو بریتییە لە خۆگرتنەوە لەچەند شتێکی دیاریکرا و لە کاتێکی دیاریکراودا. ئین عەرەفە دەڵێت: ڕۆژوو بەندایەتیەکی شاراوەیە لە نوێژی بەیانیەوە تاوەکوو نوێژی مەغریب، لەگەڵ هەبوونی نیەتی ڕۆژوو. هەبوونی نیەت بۆ ڕۆژوو پێویستە، پێغەمبەر دەڵێت: ئەوەی کە لەشەودا نیەتی ڕۆژووی نەهێنابێت، ڕۆژووەکەی دروست نییە. کاتی نیەتهێنان لەدوای خۆرئاوابوون تاوەکوو پێش نوێژی بەیانییە لەڕۆژووی فەرزدا، بەڵام لە ڕۆژووی سوننەتدا کاتی نیەت تاوەکوو پێش نیوەڕۆیە، بەمەرجێک لە دوای نوێژی بەیانیەوە خۆی بەدور گرتبێت لە هەڵوەشێنەرەوەکانی ڕۆژوو.

فەرز بوونی ڕۆژوو[دەستکاری]

ڕۆژوو یەکێکە لە بەندایەتیەکان لەئیسلامدا، ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە ساڵی دووەمی کۆچیدا فەرز کراوە بە بەڵگەی قورئان، ڕۆژوو لەسەر گەلانی پێشو فەرز بووە وەک چۆن لەسەر موسڵمانان فەرزە بە بەڵگەی قورئان، حوکم و کاتەکەی لە قورئاندا باسکراوە بەڵام وردەکارییەکانی لە فەرموودەکاندا هاتووە. لەبەرئەوەی فەرموودە ڕونکەرەوە و شیکەرەوەی قورئانە، فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىَ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيمًا (نیسا:٦٥) (کوردی: سوێند بەخوای تۆ ئیمانیان تەواو نابێت ئەی پێغەمبەر، تاوەکوو لەنێوان خۆیاندا نەتکەن بە دادوەر، و دواتر بە بڕیارەکانت ڕازی بن و ملکەچیان بن.). پێغەمبەر محەممەد دەڵێت: من قورئان و هاوشێوەی قورئانم پێدراوە، واتا هەردووکیان لەلای خواوە هاتوون. بەڵگەکان لە قورئان و فەرموودەکاندا زۆرن دەربارەی فەرز بوونی ڕۆژوو، لە قورئاندا يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (بەقەرە:١٨٣) (کوردی: ئەی ئەوانەی باوەڕتان بەئیسلام هێناوە ڕۆژوو گرتنتان لەسەر واجب کراوە وەک چۆن لەسەر ئەوانەی پێش ئێوە واجب کرابوو، بۆئەوەی زیاتر تەقواکاربن). ئەوەش بەڵگەی فەرز بوونی ڕۆژووە لەسەر موسڵمانان، ئەمە لەسەرەتاکانی فەرز بونی ڕۆژوودا بوو، دواتر چەند ئایەتێک دابەزین کات و ماوەی ڕۆژووی فەرزیان دیاریکرد. ئایەتی شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنْزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَنْ شَهِدَ مِنْكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَنْ كَانَ مَرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللَّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلَا يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ (بەقەرە:١٨٥) (کوردی: مانگی رەمەزان مانگی دابەزینی قورئانە، کە ڕۆشن کەرەوە و بەڵگەیە بۆ خەڵکی، هەرکەسێک گەیشت بەمانگی رەمەزان پێویستە لەسەری بەڕۆژوو بێت، بەڵام هەر کەسێک نەخۆشبوو یان لەسەفەردا بوو ئەوا پێویستە لەدوای رەمەزان، ڕۆژووەکان بگرێتەوە، خوای گەورە دەیەوێت ئاسانکاریتان بۆ بکات و نایەوێت شتتان لەسەر قورس بکات، بۆ ئەوەی تەواوی ڕۆژووەکانتان بگرن و بەگەورە ناوی خوا بەرن لەسەر ئەوەی ڕێنمایی کردوون.) ئەوانە ڕوون دەکاتەوە. تەبەری لە تەفسیری ئەو ئایەتەدا دەڵێت: لەسەر ئێوە فەرز کراوە وەک چۆن لەسەر گەلانی پێش ئێوە فەرز کرابوو.

فەرز بوونی ڕۆژوو لە گەلانی پێشودا[دەستکاری]

بەڵگەکان لە قورئان و فەرموودەکاندا ئەوە دەخەنە ڕوو کە ڕۆژوو لەسەر گەلانی پێشووش فەرز بووە، موفەسیرەکان ئەوەیان باس کردووە ڕۆژوو لەسەر گەلانی پێشوو فەرز بووە، و لەسەر ئەهلی کیتابیش فەرز بووە، هەرچی جولەکەکانن ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانیان لەسەر فەرز بووە بەڵام ئەوان گۆڕیویانە و کردویانە بە بەڕۆژوو بوونی یەک ڕۆژ لەساڵێکدا. لەفەرموودەدا هاتووە کە دەڵێت: ڕۆژووی مانگی رەمەزان لەسەر مەسیحیەکان فەرز کرابوو، پاشایەکیان نەخۆش کەوت گوتیان: ئەگەر چاک ببێتەوە دە ڕۆژ زیاتر بەڕۆژوو دەبین. دواتر پاشایەکی تریان بەهۆی خواردنی گۆشتەوە نەخۆش کەوت، ئەوانیش گوتیان: ئەگەر چاک ببێتەوە ئەوا حەوت ڕۆژی تر بەڕۆژوو دەبین، دواتر پاشایەکی تر هات، گوتیان سێ ڕۆژی تر دەگرین و دەیکەن بە پەنجا ڕۆژ بەڵام لە بەهاردا ڕۆژووەکەمان دەگرین. بەم شێوەیە ژمارەی ڕۆژووەکانیان بوون بە پەنجا ڕۆژوو.

هەنگاوەکانی فەرز بوونی ڕۆژوو[دەستکاری]

فەرز بوونی ڕۆژوو لەئیسلامدا بەچەند هەنگاوێکدا تێپەڕیوە پێش ئەوەی ڕۆژووی مانگی رەمەزان فەرز بکرێت، لە تایبەتمەندیەکانی ئاینی ئیسلام ئەوەیە هەموو حوکمەکان بەیەک جار دانەبەزیون، بەڵکوو بەشێوەی پلە بەپلەیی دابەزیون، هەرچی دەربارەی ڕۆژووە کاتێک پێغەمبەر کۆچی کرد بۆ مەدینە بینی جولەکانی مەدینە ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبن، لێی پرسین بۆچی لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوودەبن؟ گوتیان ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە خوای گەورە پێغەمبەر موسای لەدەستی فیرعەون ڕزگار کرد، ئێمە وەک سوپاس گوزاریەک لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەیبن. لەفەرموودەدا هاتووە ئیبن عەباس دەڵێت: پێغەمبەر هات بۆ مەدینە بینی جولەکەکان ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبن، پرسی بۆ بەڕۆژوو دەبن؟ گوتیان پێغەمبەر موسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بووە، و ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە فیرعەون و دارودەستەکەی خنکان و موسا و هاوەڵانی ڕزگاریان بوو، پێغەمبەر لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوو وە فەرمانی کرد هاوەڵانی لەو رۆژەدا بەڕۆژوو بن، و گوتی: ئێمە بۆ موسا لە ئێوە لەپێشترین. لە فەرموودەیەکی تردا عائیشە دەڵێت: قوڕەیش ڕۆژی عاشورا بەرۆژوو دەبوون و پێغەمبەریش بەڕۆژوو دەبوو، کاتێک پێغەمبەر کۆچیکرد بۆ مەدینە ڕۆژووی عاشورای گرت و فەرمانی بە هاوەڵانیشی کرد ئەو ڕۆژووە بگرن، کاتێک ڕۆژووی مانگی رەمەزان فەرزکرا بەهاوەڵانی گوت: هەر کەس ویستی ڕۆژووی عاشورا بگرێت با بیگرێت و هەر کەسێکیش ویستی ڕۆژووەکە نەگرێت ئاساییە. نەوەوی دەڵێت: زانایان یەکدەنگن کەوا ڕۆژووی عاشورا واجب نییە، بەڵام جیاوازن لەوەی ئایا لەسەرەتای ئیسلام واجب بووە یان نا؟ ئەبوو حەنیفە دەڵێت: واجب بووە. بەڵام شافعی دەڵێت: هەر لەسەرتاوە سوننەت بووە. ئەو جیاوازیە لەسەرەتای ئیسلامە، بەڵام دوای واجب بوونی ڕۆژووی رەمەزان زانایان یەکدەنگن کەوا ڕۆژووی عاشورا سوننەتە. لەسەرەتای ئیسلمدا چەند ڕۆژێک فەرز بووە لەسەر موسڵمانان، بۆ ئەوەی لەسەریان قورس نەبێت، وەهەروەها ڕۆژوو گرتن ئارەزومەندانە بووە لەسەرەتای فەرز کردنیدا، موعازی کوڕی جەبەل دەڵێت: سەرەتا ڕۆژوو گرتن ئارەزومەندانە بوو، ئەوەی ویستبای بەڕۆژوو دەبوو، و ئەو کەسەش بەڕۆژوو نەبووایە لە جیاتی هەر ڕۆژێک نانی کەسێکی هەژاری دەدا، لەدوای دابەزینی ئایەتی فەرز بوونی ڕۆژووی مانگی رەمەزان ئەو حوکمە هەڵوەشایەوە. ئیبن عەباس دەڵێت: ئەو حوکمە هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵکوو بۆ کەسانی بەتەمەنە کە توانای ڕۆژوو گرتنیان نییە.

کەمبوونەوەی کاتی رۆژوو[دەستکاری]

فەرز بوونی ڕۆژوو لەسەر موسڵمانان لەساڵی دووی کۆچیدا بوو، لەسەرەتای فەرز بوونیدا پێویست بوو موسڵمانان لە دوای نوێژی عیشاوە بەڕۆژووبن تاوەکوو بانگی ئێوارە، واتا خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی لەدوای نوێژی عیشاوە دەستیپێکرد و لەکاتی ناگی ئێوارە ڕۆژوەکەیان دەشکاند. دواتر کاتەکە بۆ موسڵمانان کەمکرایەوە، کاتی پارشێو درێژکرایەوە بۆ پێش نوێژی بەیانی، بە بەڵگەی قورئان أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالْآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ وَلَا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَقْرَبُوهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ آيَاتِهِ لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ (بەقەرە:١٨٧) (کوردی: لەشەوی ڕۆژوو گرتندا ڕێتان پێدراوە بچنە لای خێزانەکانتان، ئەوا پۆشاکی ئێوەن و ئێوەش پۆشاکی ئەوانن، خوای گەورە دەیزانی ئێوە ناپاکی لەخۆتان دەکەن بۆیە لێتا خۆشبوو، ئێستا دەتوانن لەگەڵ خیزانەکان بنوون و هەوڵی مداڵبوون بدەن،). بەغەوی دەڵێت: ئەهلی تەفسیر دەڵێن: لەسەرەتای فەرز بوونی ڕۆژوودا موسڵمانان بۆیان هەبوو بخۆن و بخۆنەوە و لەگەڵ خێزانەکانیان بنوون تا ئەو کاتەی نوێژی عیشا دەکەن، خۆ ئەگەر نوێژی عیشای کرد یان نوست پێش نوێژی عیشا ئەوا خواردن و ژنی لەسەر حەرام دەبێت تاوەکوو شەوی داهاتوو، لە یەکێک لە شەوەکاندا عومەری کوڕی خەتاب لەدوای نوێژی عیشا لەگەڵ خێزانەکەی نوست، کاتێک خۆیشت بەگریانەوە هات بۆلای پێغەمبەر و گوتی: دوای نوێژ چوومەوە ماڵەوه و ئارەزووم بۆ خێزانەکەم چوو و لەگەڵی نوستم، ئەی پێغەمبەر چم لێدەکەی؟ پێغەمبەر گوتی: عومەر ئەوە لەتۆ نەدەوەشایەوە. دوای ئەو قسەیە کۆمەڵە پیاوێکی تر هەستان و دانیان نا بەوەی وەک عومەریان کردووە، لەدوای ئەوە ئایەت دابەزی بابەتەکەی ڕوون کردەوە، ئایەتی أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالْآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ وَلَا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ تِلْكَ حُدُودُ اللَّهِ فَلَا تَقْرَبُوهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّهُ آيَاتِهِ لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ (بەقەرە:١٨٧) (کوردی: لەشەوی ڕۆژوو گرتندا ڕێتان پێدراوە بچنە لای خێزانەکانتان، ئەوا پۆشاکی ئێوەن و ئێوەش پۆشاکی ئەوانن، خوای گەورە دەیزانی ئێوە ناپاکی لەخۆتان دەکەن بۆیە لێتا خۆشبوو، ئێستا دەتوانن لەگەڵ خیزانەکان بنوون و هەوڵی مداڵبوون بدەن).

بەڵگەکانی فەرز بوونی ڕۆژوو[دەستکاری]

یەکدەنگی موسڵمانان لەسەر ئەوەیە ڕۆژی مانگی ڕەمەزان فەرزە وەک لە قورئان و فەرموودەکاندا هاتووە، لەقورئاندا يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (بەقەرە:١٨٣) (کوردی: ئەی ئەوانەی باوەڕتان بەئیسلام هێناوە ڕۆژوو گرتنتان لەسەر واجب کراوە وەک چۆن لەسەر ئەوانەی پێش ئێوە واجب کرابوو، بۆئەوەی زیاتر تەقواکاربن). لەفەرموودەدا ئیبن عومەر دەڵێت: پێغەمبەر گوتی: ئیسلام لەسەر پێنج شت دامەزراوە، شایەتیدان بەوەی هیچ خوایەک شایەنی پەرستن نییە جگە لە ئەڵڵا و محەممەد پێغەمبەری خوایە، و کردنی پێنج نوێژ لە ڕۆژێکدا، و دەرکردنی زەکات لە ماڵ و سامان، و گرتنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان، و ئەنجامدانی حەج بۆ ئەو کەسانەی توانایان هەیە. ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی تەنیا ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان فەرزە لەسەر موسڵمانان، و ڕۆژووەکانی تر سوننەتن و گرتنیان پاداشتی لەسەرە و بۆ پڕکردنەوەی ناتەواوی ڕۆژووە فەرزەکانە. واتا کاتی مانگی رەمەزان بەستراوەتەوە بەبینینی مانگ، لەشەوی سی مانگی شەعبان ئەگەر مانگ بیندرا ئەوا ئەو شەوە یەکەم شەوی رەمەزانە و پێویستە موسڵمان بەیانیەکەی بەڕۆژوو ببن، بەڵام ئەگەر مانگ نەبیندرا ئەوا پێویستە سی ڕۆژ لە مانگی شعبان تەواو بکەن کە دەکاتە مانگێکی پڕ، و ڕۆژی دواتر کە دەکاتە یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزان بەڕۆژوو ببن. مانگی کۆچی یان سی پڕە یاخود ڕۆژێک کەمدەکات. پێغەمبەر دەڵێ: ئێمە گەلێکی نەخوێندەوارین نانوسین و ئەندازە بۆ مانگ دانانێین، بەڵکوو بەبینینی مانگ بڕیار دەدەین.

کاتی ڕۆژوو[دەستکاری]

کاتەکانی ڕۆژوو کۆمەڵێک کاتی دیاریکراوی زاندراون کە لەلایەن شەرعەوە داندراون، ئەمانە لەخۆدەگرێت: کاتی هاتنی مانگی رەمەزان و تەوابوونی، سەرەتای ڕۆژوو گرتن و کاتی ڕۆژوو شکاندن، کاتی پارشێو، کاتی ڕۆژوو شکاندن، کاتی گرتنەوەی ڕۆژووە لەدەست چووەکان، و ئەو کاتانەی ڕۆژوو تێیاندا دروست نییە. ڕۆژ کاتی کردەیی ڕۆژوو گرتنە، بە هەڵهانتی شەبەق دەست پێ دەکات و بە ئاوابوونی خۆر کۆتایی دێت. مانگی رەمەزان لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان لە ڕۆژژمێری کۆچیدا دەست پێ دەکات، بە دوو شێواز: بەبینینی مانگی نوێ یاخود بە تەواوبوونی سی ڕۆژ لەمانگی پێشوودا. پێغەمبەر دەڵێت: ڕۆژووی رەمەزان دەست پێ مەکەن تاوەکوو مانگی یەک شەوە نەبینن، و مەیکەن بەجەژن تاوەکوو مانگی نوی دەبینن، ئەگەر بەهەر هۆکارێک مانگ دەرنەکەوت ئەوا سی ڕۆژ تەواو بکەن.

شەوی ڕۆژووگرتن[دەستکاری]

شەوی ڕۆژووگرتن ئەو کاتەیە کە خواردن و خواردنەوە بۆ ڕۆژووەوان ڕێپێدراوە، کاتەکەی لەدوای خۆرئاوابوون دەست پێ دەکات تاوەکوو شەبەقی بەیانی (نوێژی بەیانی)، هەروەها شەو کاتی ڕۆژووگرتن نییە، لەسەرتای فەرزبوونی ڕۆژوودا موسڵمانان لەدوای نوێژی عیشا بەڕۆژوو دەبوون، بەڵام دواتر کاتەکەیان بۆ کەمکرایەوە و لەشەودا ڕێگەدرا موسڵمانان بخۆن و بخۆنەوە. هەر لەشەودا کاتی پارشێو کردن و نیەت هێنانە، هەر لەشەوانی رەمەزاندا نوێژی تەروایح دەکرێت.

باشیەکانی ڕۆژوو گرتن[دەستکاری]

لەئیسلامدا ڕۆژوو گرتن باشی و چاکی زۆری هەن کە لەبەڵگە قورئانی و فەرموودەکاندا باسکراون، کە ئەمانەش کۆمەڵێک تایبەتمەندین ئاماژەن بۆ پێگە و گرینگی ڕۆژوو[٧]، هەندێک لە تایبەتمەندیەکان گشتگیرن بۆ هەموو ڕۆژووەکان وهەندێکیان تایبەتن بە هەندێک جۆری ڕۆژوو، ڕۆژووی مانگی رەمەزان زۆرترین تایبەتمەندی هەیە، لەوانە: فەرزە بەو واتایەی لەڕۆژووە سوننەتەکان باشترە، لەمانگی رەمەزاندا قورئان دابەزیوە، هەر لەو مانگەدا شەوی قەدر هەیە. هەندێک تایبەتمەندی هەیە بۆ ڕۆژووەکانی عاشورا و موحەرەم جیا لەتایبەتمەندیەکانی ڕۆژووی مانگی رەمەزان. پێغەمبەر دەڵێت: ڕۆژوو قەڵغانە، نابێ موسڵمانی بەڕۆژوو قسەی نەشیاو و نادروست بکات، ئەگەر کەسێک شەڕی لەگەڵ کرد ئەوا با بڵێت من بەڕۆژووم، سوێند بەوەی گیانی منی بەدەستە بۆنی دەمی ڕۆژووەوان لەلای خوای گەورە خۆشترە لەبۆنی میسک، و دەڵێت خواردن و خواردنی لەبەر من واز لێهێناوە و هەر خۆم پاداشتی دەدەمەوە و چاکە یەک بەدەیە.[٨] لەڕیوایەتێکی تردا: چاکە یەک بەدەیە تاوەکوو حەوسەد ئەوەندە، تەنیا ڕۆژوو نەبێت ئەویان بۆمنە و هەر خۆم پاداشتی دەدەمەوە.[٩] ڕۆژوو دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناهەکان، پێغەمبەر محەممەد دەڵێت: نوێژ بۆ نوێژ و جومعە بۆ جومعە و رەمەزان بۆ رەمەزان گوناهەکان دەسڕدرێنەوە، بەو مەرجەی گوناهی گەورەی ئەنجام نەدابێت. وەدەڵێت: ئومێد دەکەم ڕۆژووی ڕؤژی عەرەفە گوناهی ساڵی ڕابردوو و داهاتوو بسڕێتەوە، وەهەروەها ئومێد دەکەم ڕۆژووی ڕۆژی عاشورا گوناهی ساڵی ڕابردوو بسڕێتەوە.[١٠] حوزەیفەی کوڕی یەمان دەڵێت: عومەری کوڕی خەتتاب پرسی؛ کێ فەرموودەیەکی لەبەرە دەربارەی بەڵا و موسیبەت؟ گوتم من، پێغەمبەر دەڵێت: تاقیکردنەوە بەماڵ و منداڵ و جیران، نوێژ و ڕۆژوو و خێرکردن دەیسڕێتەوە. ڕۆژوو هۆکارێکە بۆ گیرابوونی دوعا، پێغەمبەر دەڵێت: سێ کەس خوای گەورە دوعایان ڕەتناکاتەوە؛ ڕۆژووەوان تاوکوو ڕۆژووەکەی دەشکێنێت، ستەملێکراو تاوەکوو مافەکەی وەردەگرێتەوە، و ڕێبوار تاوەکوو دەگەرێتەوە ماڵ. رۆژوو لەڕۆژی دوایدا تکا بۆ خاوەنەکەی دەکات، پێغەمبەر دەڵێت: قورئان و ڕۆژوو لە ڕۆژی دوایدا تکا بۆ خاوەنەکانیان دەکەن، ڕۆژوو دەڵێت خوایە من خواردن و ئارەزوەکانم بەڕۆژ لێ قەدەغە کردبوو بۆیە تکایەکەم وەربگرە، و قورئان دەڵێت لەشەودا خەوم لێ حەرام کردبوو بۆیە تکایەکەم وەربگرە، لەکۆتایدا تکای هەردووکیان وەردەگیرێت.

فەزڵی ڕەمەزان

ڕۆژووی ڕەمەزان ئەرکە لەسەر موسڵمانان وەک لە قورئاندا ھاتووە: كُتِبَ عَلَيكُمُ الصِيامُ كَما كُتِبَ عَلَى الذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ.
واتە: ئێوە ڕۆژووتان لەسەر نوسراوە وەک چۆن لەسەر ئەوانەی پێش خۆتان نوسرا بوو.
لە فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) دەربارەی فەزڵی ڕۆژوو؛

  • پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: ((من صام رمضان ايمانا واحتسابا، غفر له ما تقدم من ذنبه)).

واتە؛ ھەرکەسێک مانگی ڕەمەزان بە باوەڕەوە و لەڕێگەی خوادا بە ڕۆژوو بێت، خوا لە گوناھەکانی لەوەپێشی ئەبورێت.[١١]

  • ئەبوو ھورەیرە دەگێڕێتەوە لە پێغەمبەری خوا کە فەرموویەتی: کەخوای گەورە فەرموویەتی: (كل عمل ابن آدم له إلا الصيام فإنه لي وأنا أجزي به , و الصيام جنة, فإذا كان يوم صوم أحدكم فلا يرفث ولا يصخب , فإن سابه أحد أو قاتله فليقل : إني امرؤ صائم, والذي نفس محمد بيده لخلوف فم الصائم أطيب عند الله من ريح المسك, للصائم فرحتان يفرحهما:إذا أفطر فرح و إذا لقي ربه بصومه).[١٢]

واتە؛ ھەموو کردەوەکانی ئادەمیزاد بۆ خۆیەتی جگە لە ڕۆژوو، ئەوە بەڕاستی بۆمنە و ھەر خۆشم پاداشتی ئەدەمەوە، ھەروەھا ڕۆژوو قەڵغانە، ئەگەر ڕۆژێک کەسێکتان بەڕۆژوو بوو با ئەو ڕۆژە قسەی ناشیرین و ھات و ھاوار نەکات، خۆ ئەگەر کەسێک جنێوی پێدا و شەڕی پێ فرۆشت با بڵێت؛ من کەسێکی بەڕۆژووم، سوێند بەو کەسەی گیانی محەمەدی بە دەستە بۆنی دەمی ڕۆژووەوان لە ڕۆژی قیامەتدا لە بۆنی میسک خۆشترە، ھەروەھا دوو خۆشی ھەیە بۆ ڕۆژووەوان کاتێک بەربانگ دەکاتەوە دڵخۆشە بەڕۆژوو شکاندنەکەی، کاتێکیش بە دیداری پەروەردگاری شاد دەبێت دڵخۆشە بە ڕۆژووەکەی.

  • ئەبوو ھورەیرە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: (إذا جاء رمضان فُتّحت أبواب الجنة ، وغُلّقت أبواب النار ، وصُفّدت الشياطين).

واتە؛ کاتێک کە ڕەمەزان دێت دەروازەکانی بەھەشت ئەکرێنەوە، و قاپیەکانی دۆزەخ دادەخرێن، و شەیتانەکان کۆت دەکرێن.[١٣]

دەربارەی زانستەکانی ڕۆژوو[دەستکاری]

  1. مرۆڤ دەست دەگرێت بەسەر خووەکانیدا، تا وای لێدێت لە کۆمەڵێک خو و ڕەوشت پێکھاتووە, و ئەو مرۆڤەی کە خووەکانی بەسەریدا زاڵن، ئەبێت بە بەندەیەک بۆیان و خوا ڕۆژووی ناچار کردووە تا لەو بەندایەتیە ڕزگاری بکات، ڕۆژوو مرۆڤ فێری جۆرێک لە نەرمی ئەکات ھەتا وەک ئامێرێک ھەڵسوکەوت نەکات.
  2. لە ڕووی تەندروستیەوە زۆر سودی ھەیە کە لەشی مرۆڤ پاکدەکاتەوە لە خواردنە ژەهراویەکان، خواردنە گیانەوەریەکان مادەی چەورییان تێدایە کە زۆربوونی ئەبێتە ھۆی توشبوونی مرۆڤ بە زۆر چەوری لە خوێندا، لە پاشاندا ڕۆژوو کاریگەڕیەکی ئێجگار باشی ھەیە و نیشانەکانی کەم دەکاتەوە.
  3. خوا ڕۆژووی بە ئەرک کردووە تا دەوڵەمەند ھەست بە ئازاری ھەژار و نەدارەکان بکەن، بەمەش خۆشەویستی و سۆز دروست دەبێت وکۆمەڵگە پێی بەھێز دەبێت.
  4. خوا ڕۆژووی بە ئەرک کردووە تا ھیمەت بەھێز ببێت و دەروون خۆڕاگر بێت و ڕاھێنانی موسڵمانە لەسەر ئارامگری.

پێغەمبەر ئەفەرموێت؛ (ثلاثة حق على الله ألا يرد لهم دعوة: الصائم حتى يفطر، والمظلوم حتى ينتصر، والمسافر حتى يرجع.
واتە: سێ کەس فافیان لەسەر خوایە کە پاڕانەوەکانیان ڕەت نەکاتەوە: ڕۆژووەوان تا بەربانگ دەکاتەوە، و ستەم لێکراو تا سەر دەکەوێت، و گەشتیار تا دەگەڕێتەوە.

ئەرکانەکانی ڕۆژوو[دەستکاری]

ڕۆژوو یەک بنەمای ھەیە کە ئەویش وازھێنانە لە خواردنەکان، بەڵام لە مەزھەبی مالکیدا دوو بنەمای ھەیە یەکەمیان وازھێنان لە خواردنەکان و دووەمیان نیەتە، و ھەندێکیان ئەڵێن نیەت مەرجە.

مەرجەکانی ڕۆژوو لەسەربوون[١٤][دەستکاری]

  1. موسوڵمان بوون: کەواتە ڕۆژوو لە سەر بێباوەڕ نییە.
  2. پێگەیشتن: پێگەیشتبێ، خۆی ناسیبێ و ھۆش و فامی تەواو بێت (عاقل) بێ ، چونکە مرۆڤ ئەرکی شەرعی ناکەوێتە سەر ئەگەر منداڵ بێ ، یا ھۆش و فامی تەواو نەبێ . پێغەمبەر دەفەرمووێ: {رفع القلم عن ثلاثة: عن النائم حتي يستيقظ وعن الصبي حتي يحتلم وعن المجنون حتي يعقل} ئەبو داود گێڕاویەتیەوە. واتە : سێ کەس بەر پرسیار نین: خەوتوو تا لە خەو هەڵدەستێ، منداڵ تا پێدەگات و خۆی دەناسی. شێت تا ھۆشی دێتەوەبەر . ئەبوو داوت گێڕاوێتەوە.
  3. توانای رۆژوو گرتن: بۆیە لەسەر نەخۆشێک ئەرک نیەکە نەتوانێ بە ڕۆژوو بێ و ، نەخۆشیەکەش لە جۆرێک بێ کە چاوەڕێی چاک بوونی نەکرێ ، ھەروەھا ئەرک نابێ لەسەر ئافرەتێک کە بییانوویەکی شەرعی ھەبێ وەک ئەوە دۆخی مانگانەی ، یا دوای منداڵ بوون.

بۆ پیاوچاکان چەند مەرجێکی تری ھەیە, وەک پاراستنی چاو لەوەی خوا قەدەغەی کردووە، وپاراستنی زمان لە زەم و پوختان و درۆکردن و وپاراستنی گوێ لە شتە قەدەغە کراوەکان.

بەتاڵبوونەوەی ڕۆژوو[دەستکاری]

لە ئیسلامدا ڕۆژوو بەتاڵ دەبێتەوە بە ئەنجامدانی یەکێک لەمانەی خوارەوە:

  • گەیشتنی خواردن و خواردنەوە بە گەدە.
  • جووتبوونی ژن و مێرد.
  • چوونە ژوورەوەی خواردن و خواردنەوە بۆ ناو دەمارەکان.
  • ھاتنەوەی ئاوی ئارەزووی بەدەستی مرۆڤ لەلایەن پیاوانەوە.
  • دەرچوونی خوێنی سووڕی مانگانە و سکپڕی لەلای ئافرەتان.

مۆڵەتە ڕێگە پێدراوەکان[دەستکاری]

ھەندێک حاڵەت ھەیە کە ڕێگە ئەدرێت بە ڕۆژوو نەبێت بە مەرجێک بیگێڕیتەوە پێش ئەوەی ڕەمەزانێکی تر بگەڕێتەوە و ئەگەر نەیگێڕایەوە پێویستە فیدیە بدات کە بۆ ھەریەک ڕۆژ ڕۆژوو دوو ژەم خواردن ئەبێت بدات بە ھەژارێک، و ئەو حاڵەتانەی ڕێگەیان پێدراوە ئەمانەن:

  • نەخۆش: ئەگەر نەخۆشیەکی توندی ھەبوو یان بە بەڕۆژوو بون نەخۆشبوونەکەی زیاد بکات, لەم حاڵەتە ئەتوانێت بە ڕۆژوو نەبێت کە پزیشک ئەمە دیاری ئەکات.
  • گەشت: دووریەکەی لە ٨٤کم کەمتر نەبێت، و ئەگەر گەشتیار زەرەرمەند بوو لە ڕۆژوو ئەتوانێت بە ڕۆژوو نەبێت.
  • دۆخی مانگانە و پاش مناڵبوونی ئافرەتان
  • ژنانی شیردەر و دووگیانک ئەگەر ڕۆژوو زەرەریان پێ بگەیەنێت ئەتوانێت بە ڕۆژوو نەبێت بەڵام وەک پێشتر باسکرا ئەبێت بگێڕدرێتەوە یان فدیە بدات.
  • گەورەی تەمەن: ئەگەر کەسانی بەتەمەن نەیان توانی ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن و فدیە دەربکەن.
  • ئیشی قورس: ئەو بە ڕۆژووەی کە ھیچ سەرچاوەیەکی داهاتی تری نییە و ئیشەکەی زۆر قورس بێت وەک کرێکاری کانەکان ئەتوانن بەڕۆژوو نەبن بەڵم پێویستە فدیە بدەن.

ڕۆژووی ڕەمەزان[دەستکاری]

ڕۆژووی ڕەمەزان ئەرکە وەک پێغەمبەر دەفەرموێت: (إن الله فرض صيام رمضان، وسننت لكم قيامه، فمن صامه وقامه ايمانا واحتسابا خرج من ذنوبه كيوم ولدته أمه).
واتە: خوا ڕەمەزانی بەئەرک کردووە و شەونوێژەکەی سونەتە لەسەرتان، ئەوەی ڕۆژووەکەی بگرێت و شەونوێژەکەی بکات بە باوەڕ و لە ڕێگەی خوادا, لە گوناھەکانی خۆش دەبێت وەک ئەوەی تازە لە دایک بووبێت.

ڕۆژووی سووننەت[دەستکاری]

چەندین ڕۆژووی سووننەت ھەیە لە ئیسلامدا کە گرتنیان ئەرک نییە, بەڵام سوننەتن وەک؛

  • ڕۆژووی شەش ڕۆژی مانگی شەوال.
  • ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە.
  • ڕۆژووی ڕۆژی عاشورا.
  • ڕۆژووی زۆربەی مانگی شەعبان.
  • ڕۆژوو گرتنی دووشەممە و پێنج شەممان لە ھەفتەدا.
  • ڕۆژووی سێ ڕۆژە سپییەکان (کە ١٣ و ١٤ و ١٥ی ھەموو مانگێکە) و ... ھتد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "یەکەم : پێناسەی ڕۆژوو ، و جۆرەکانی ، و فەزڵەکانى ، و حیکمەت لەفەرز کردنی". ba8.org. Retrieved 2022-03-24.
  2. ^ "ڕۆژوو". ڕۆژوو (بە کوردی). 2022-03-24. Retrieved 2022-03-24.[بەستەری مردوو]
  3. ^ "ڕۆژوو لە ئایینە جیاوازەکانی جیهان". www.zamenpress.com. Retrieved 2022-03-24. ١٦ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ "تایبەتمەندیەكانی دە شەوی كۆتایی مانگى ڕەمەزان چین؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان". walamakan.com. Retrieved 2022-03-24.
  5. ^ "پێناسەی ڕۆژوو ، جۆرەکانی ، فەزڵەکانى ، حیکمەت لەفەرز کردنی: ماڵپەڕی وەڵامەکان". walamakan.com. Retrieved 2022-03-24.
  6. ^ "مه‌به‌ست له‌ ڕۆژوو وپله‌و وپایه‌یه‌كه‌ی له‌ ئیسلامدا - IslamHouse.com". islamhouse.com. Retrieved 2022-03-24.
  7. ^ "فه‌زڵ و پاداشتی ڕۆژووی مانگی ڕمه‌ زان..." www.bakrajo.com. Retrieved 2022-03-24. ١٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ islih. "پەراوى رۆژوو". ماڵپەرى چاکسازى. Retrieved 2022-03-24.
  9. ^ "گەورە ی و سودو ئادابی ڕۆژوو". گەورە ی و سودو ئادابی ڕۆژوو. ~ ماڵپه‌ڕی شاری كفری. 22‏/7‏/2013. Retrieved 2022-03-24. {{cite web}}: Check date values in: |date= (help)[بەستەری مردوو]
  10. ^ "کەعەرەفات بەڕۆژووبووم بۆ عاشووراء بەڕۆژووبم؟". bzavpress.com. Retrieved 2022-03-24.[بەستەری مردوو]
  11. ^ کتێبی ڕۆژوو/سایتی بەھەشت
  12. ^ فەرموودە ھاوبەشەکانی بوخاری و موسلیم، نوسینی/ حەمەکەریم عەبدوڵڵا
  13. ^ فەرموودە ھاوبەشەکانی بوخاری و موسلیم، نوسینی/ حەمەکەریم عەبدوڵڵا
  14. ^ (سایتی سەڵاحەدین) "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 30ی Octoberی 2016. Retrieved 26ی Mayی 2011. {{cite web}}: Check date values in: |accessdate= و |archivedate= (help) ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.