بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ڕۆژی دوایی لە ئیسلامدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پایەکانی باوەڕ

ڕۆژی دوایی یان ڕۆژی قیامەت یان ڕۆژی لێپرسینەوە، بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی کۆتایی جیھان و ژیانی دونیایە، و خاوەن ئایینەکانی تری وەک مەسیحی و جوولەکە ھاوبەشن لەگەڵ ئیسلامدا لەم بیروباوەڕەدا، کە کاتی لێپرسینەوەیە لە بەردەم خوادا کە خوا ھەڵدەسێت بە پاداشتدانەوەی باوەڕدارە یەکتاپەرستەکان بە بەھەشت و بیباوەڕ و ھاوەڵدانەرەکان بە ئاگر، ناو دەبرێت بە ڕۆژی قیامەت کە بە مانای ھەستانەوە لەبەر ئەوەی خەڵکی تێدا زیندوو دەبنەوە، ھەروەھا ناودەبرێت بە ڕۆژی دوایی لەبەر ئەوەی ھیچ ڕۆژێکی تری لە دوا نییە لە ژیانی دونیادا، ھەروەک ڕۆژی دوایی چەند نیشانەیەکی ھەیە کە بە نیشانەکانی ڕۆژی دوایی دەناسرێن و دابەش دەبن بۆ نیشانە گەورە و بچووکەکان.

باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی

[دەستکاری]

باوەربوون بە ڕۆژی دوایی یەکێکە لە پایەکانی باوەڕ لە ئیسلامدا، ئەمەش سێ بوار دەگرێتەوە.

یەکەم/ باوەڕبوون بە زیندووبوونەوە

ئەمەش زیندووبوونەوەی خەڵکی دەگرێتەوە بۆ لێرسینەوە لەبەردەم خوادا، وەک لە قورئاندا ھاتووە؛ کَمَا بَدَأْنَا أَوَّلَ خَلْقٍ نُّعِیدُھُ وَعْدًا عَلَیْنَا إِنَّا کُنَّا فَاعِلِین، واتە؛ ھەروەک چۆن لە سەرەتاوە دروستمان کرد، وەک ئەوسای خۆی لێ دەکەینەوە، ئەوە پەیمان و بەڵێنی ئێمەیە، بێگومان ئێمە ئەو کارە ئەنجام دەدەین.

دووەم/ باوەڕبوون بە لێپرسینەوە و پاداشت وەرگرتنەوە

ئەمەش باوەڕبوون دەگرێتەوە بەوەی کە خەڵک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بەپێی کردەوەکانی خۆیان پاداشت وەردەگرن، وەک لە قورئاندا ھاتووە، إِنَّ إِلَیْنَا إِیَابَھُمْ، ثُمَّ إِنَّ عَلَیْنَا حِسَابَھُم، واتە؛ بێگومان ئەوانە گەڕانەوەیان ھەر بۆ لای ئێمە. لەوەودوایش بەڕاستی حیساب و لێپرسینەوە و دادگاییان لەسەر ئێمەیە.

سێیەم/ باوەڕبوون بە بەھەشت و ئاگر

باوەڕبوون بە بەھەشت و ئاگر (دۆزەخ) کە سەرئەنجامی ھەتاھەتایین بۆ خەڵک، بەھەشت ماڵی خۆشگوزەرانییە و خوا ئامادەی کردووە بۆ باوەڕداران و چاکەکاران، و دۆزەخ ماڵی سزای خوایە بۆ بێباوەڕ و ستەمکاران.

لە ناوەکانی ڕۆژی دوایی

[دەستکاری]

ڕۆژی دوایی بە چەندین ناوی جیاواز ناوی ھاتووە لە قورئاندا، ئەمانەی خوارەوە چەند ناوێکیانن؛

  1. یوم ھەستانەوە (قیامەت): لە قورئاندا ھاتووە { … إلی یوم القیامە } واتە: تا ڕۆژی ھەڵسانەوە.
  2. ڕۆژی دوایی: لە قورئاندا ھاتووە { … ولکن البر من آمن باللە والیوم اڵاخر … }. واتە: بەڵکو کرداری باش و کرداری چاک بریتییە لەوەی کە ئادەمیزاد باوەڕی ھێنابێت بە ڕۆژی دوایی.
  3. کاتی دیاریکراو: لە قورئاندا ھاتووە { وأن الساعة لآتیة }. واتە: بێگومان کاتی دیاری کراو دێت.
  4. زیندووبوونەوە: لە قورئاندا ھاتووە {... إن کنتم فی ڕیب من البعث …}. واتە :ئێوە ئەگەر گومانتان لە زیندوو بوونەوە ھەیە.
  5. ڕۆژی دەرچوون: لە قورئاندا ھاتووە { یوم یسمعون الصیحە بالحق ذلک یوم الخروج }. واتە: لەم ڕۆژەدا بە ڕاستی گوێ بیستی ھاواری قیزەون دەبن ئا ئەوە ڕۆژی دەرچوونە.
  6. قاریعە: خوای گەورە دەفەرموێ { القارعة ما القارعة … }. واتە: ئەو گرمەیەی دڵان دەلەرزێنێت، ئاخۆ – قارعة – چی بێت ؟.
  7. ڕۆژی ھەڕەشە: لە قورئاندا ھاتووە {ھذا یوم الفصل }. واتە: ئینجا بە ھەڕەشەوە پێیان دەوترێت ئا ئەمە ڕۆژی ھەڕەشەیە.
  8. ڕۆژی دین: لە قورئاندا ھاتووە { وإن الفجار لفی جحیم یصلونھا یوم الدین }. واتە :بێگومان تاوانبارو تاوانکارەکانیش لە ناو دۆزەخدا ژیانی پڕ لە ئێش و ئازار دەبەنە سەر، کە لە ڕۆژی پاداشت و سزا دووچاری دەبن.
  9. دەنگێکی بەھێز: لە قورئاندا ھاتووە {فإذا جاءت الصاخة }. واتە: جا کاتێک قیامەت بەرپابوو بەھۆی دەنگێکی بەھێزی کپ کەرەوە.
  10. بەڵا گەورەکە: خوای گەورە دەفەرموێ {فإذا جاءت الطامة الکبری }. واتە: جا کاتێک بەڵا گەورەکە پێش ھات، کە تەنگانە سامناکەکە ڕووی دا.
  11. ڕۆژی پەشیمانی: لە قورئاندا ھاتووە { وأنذرھم یوم الحسرە إذ قضی اڵامر }. واتە: ئەی پێغەمبەر ستەمکاران ئاگادار بکە لە ڕۆژی ئاھو ناڵەو پەشیمانی کاتێک کار لە کار ترازاوە.
  12. غاشییە: لە قورئاندا ھاتووە { ھل أتاک حدیث الغاشیة }. واتە: ئایا ھەواڵ و دەنگوباسی ڕۆژی قیامەتت پێگەیشتووە؟ (ڕۆژێکە سەختییەکەی ھەموو کەسێک داگیر دەکات).
  13. ڕۆژی نەمر: لە قورئاندا ھاتووە { ادخلوھا بسلام ذلک یوم الخلود }. واتە: بفەرموون بچنە ناو بەھەشتەوە لەگەڵ ئاشتی و ئارامی و ھێمنیدا، ئا ئەوە ئیتر ڕۆژی نەمری و نەبڕاوەیە.
  14. ڕۆژی لێپرسینەوە: لە قورئاندا ھاتووە { … لا یؤمن بیوم الحساب }. واتە: … باوەڕی بە ڕۆژی لێپرسینەوە نەبێت.
  15. واقیعە: لە قورئاندا ھاتووە {إذا وقعت الواقعة}. واتە: کاتێک ڕووداوە سامناکەکە پێش ھات.
  16. ڕۆژی پێشھاتن: لە قورئاندا ھاتووە { … ذلک یوم الوعید }. واتە: … ئیتر ئەوە ڕۆژی پێشھاتنی ھەڕەشەو ئاگادارکردنەوەکانە.
  17. ڕۆژە نزیکەکە: لە قورئاندا ھاتووە {... وانذرھم یوم الآزفة … }. واتە: ئەی محەممەد بیانترسێنەو ئاگایان بکەوە لە ڕۆژە نزیکەکە.
  18. ڕۆژی کۆکردنەوە: لە قورئاندا ھاتووە { … یوم الجمع لا ڕیب فییە … }. واتە: ئاگادارو ھۆشیاریان بکەیت لە ڕۆژی کۆکردنەوە کە ھیچ گومانی تێدا نییە …
  19. حاقە: لە قورئاندا ھاتووە { الحاقة ما الحاقة }. واتە: یەکێکە لە ناوەکانی ڕۆژی قیامەت ئەوە دەگەیەنێت کە لەو ڕۆژەدا خوای گەورە حەق و ڕاستی بەتەواوەتی دەچەسپێنێت، چی بێ ئەو ڕۆژە ؟!.
  20. ڕۆژی بەیەکگەیشتنەوە: لە قورئاندا ھاتووە { لینذر یوم التلاق }. واتە: بۆ ئەوەی خەڵکی بترسێنێت لە ڕۆژی بەیەکگەیشتنەوە (گەیشتنەوەی ڕۆح و جەستە، گەیشتنەوەی ئادەمیزاد بە کردەوەکانی).
  21. ڕۆژی ھاوار: لە قورئاندا ھاتووە { … إنی أخاف علیکم یوم التناد }. واتە: … من بەڕاستی دەترسم لە ڕۆژی ھاوارو ئاھو ناڵەو بانگکردنتان بۆ لێپرسینەوە (قیامەت).
  22. ڕۆژی کۆبوونەوە: لە قورئاندا ھاتووە { یوم یجمعکم لیوم الجمع ذلک یوم التغابن …}. واتە: ڕۆژێک دێت خوا ھەموانتان کۆ دەکاتەوە، بۆ ڕۆژی کۆبوونەوەکە، ئەوە ڕۆژی زیان باری یە.

ھەروەھا چەندین ناوی تری ھەیە…

نیشانەکانی ڕۆژیی دوایی

[دەستکاری]

بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی ڕۆژی دوایی چەندین نیشانەی ھەیە پێش ھاتنی ئەو ڕۆژە دەردەکەون، و جابەش دەبن بۆ نیشانە بچووکەکان و نیشانە گەورەکان، و نییە ھەموو نیشانەکان مانای ناپەسەندی و خراپیی تێدا بێت، بەڵکوو تێیان دا ھەیە ھەواڵ و پێشبینییە.

نیشانە بچووکەکان

[دەستکاری]

نیشانە بچووکەکانی قیامەت زۆرن، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن.

کەمبوونەوەی زانست و زۆربوونی نەفامی، زۆربوونی کوشتنی بێ ھۆ لەناو خەڵکیدا، زۆر بوونی بوومەلەرزە و ڕِۆچوونی زەوی، دەرکەوتنی ئەو دەجالانەی کە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بۆ خۆیان دەکەن کە ژمارەیان نزیکەی سی کەسن، بڵاوبوونەوەی خراپە و ستەم کردن، خواردنەوەی مەی و لە دەستچوونی بەرپرسیارێتی و نەمانی پێشەوای داد و دڵسۆز و بڵاوبوونەوەی ڕیبا و ژەن (مۆسیقا) و ڕازاندنەوەی مزگەوتەکان و بەرزبوونەوەی کۆشک و خانووەکان و کورتبوونەوەی کات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و پچڕاندنی سیڵەی ڕەحم و زۆریی بەرچاوتەنگی و زۆربوونی بازرگانی و کەمبوونەوەی پیاوچاکان و بەرزبوونەوەی بێمێشک و بێڕێزەکان و سڵاوکردن تەنھا لە ناسیاو دەبێ و زۆربوون و بڵاوبوونەوەی درۆ و گەیاندنی ھەواڵەکان بەبێ دڵنیایی لە ڕاستگۆیی و زۆربوونی شایەتیدانی درۆ و زۆربوونی ژن و کەمبوونی پیاوان و زۆربوونی مردنی کتوپڕ و بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە و وشکیی لە نێو خەڵک و سووکایەتی بە سوننەت و پەیامەکانی خوا… ھتد.

نیشانە گەورەکان

[دەستکاری]

لە گرنگترین نیشانە گەورەکانی قیامەت ئەمانەی خوارەوەن.

دەرکەوتنی محمدی مەھدی لە سەر زەویدا، و گەڕِاەنەوەی عیسا لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، و دەرچوون و سەرھەڵدانەوەی یەئجوج و مەئجوج لە سەر زەوی و دەرچوونی ئەو گیانلەبەرەی کە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی دەکات، و ئەو ئاگرەی کە خەڵکی ڕووەو مەحشەر ڕاو دەنێت، و لەگەڵ سێ ڕِۆچوونی گەورە کە لەسەر زەوی ڕِوو دەدەن، و دەرکەوتنی دەجالی گەورە کە بانگەشەی خوایەتی دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

کتێبنامە

[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]