شایەتمان
| بەشی زنجیرەیەک لەسەر |
| ئیسلام |
|---|

شایەتمان یان گەواھیدان لە ئیسلامدا، باوەڕھێنانە بەوەی کە ھیچ خوایەک نییە بێجگە لە ﷲﷻ (خوای تاک و تەنیا) و باوەڕھێنان بەوەی محەممەد پێغەمبەر و نێردراوی خوایە، (و بەپێی شەریعەتی ئیسلامی) کەسێک موسوڵمان دەبێت بە وتنی شایەتمان لەکاتێکدا باوەڕی تەواوی بە واتاکەی ھەبێت.
واتای (شایەتمان)
[دەستکاری]مەبەستی ئیسلام لەو ڕستەیە؛ باوەڕھێنانی تەواوە بەوەی کە تەنھا خوا شایەنی ئەوەیە بپەرسترێت و دروستکارە و تەنھا ئەو شایەنی پەرستنی ھەیە، محەممەد پێغەمبەری خوایە کە ناردوویەتی بۆ مرۆڤایەتی تا ئیسلام بڵاوبکاتەوە و خەڵک بەدوای پەیامەکەیدا بچن، ھەروەک شایەتمان بە یەکەم پایەی ئیسلام دادەنرێت و موسوڵمانبوون تەواو نابێت بەبێ شایەتمان، و دوو بنەمای بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت کە ئیسلام لەسەری دامەزراوە، کە ئەوانیش دڵسۆزی و بەدواداچوونە، واتە؛ دڵسۆزبوون بۆ خوا لە پەرستن و بیروباوەڕ و کاروباردا، و بەدواداچوونی سوننەتی پێغەمبەرەکەی. ھەروەک لە پێویستییەکانی شایەتمان گوێڕایەڵبوونە بۆ پێغەمبەر لە فەرمانەکانی و خۆلادان لەوەی ڕێی لێگرتووە.
شایەتمان بنەمای ھەموو شتێکە
[دەستکاری]شایەتمان بنەمای ھەموو شتێکە بۆ موسڵمان کە ھەموو باوەڕ دەگرێتەوە، بە بێ ئەو ھیچ ئیشێکی موسڵمان ڕاست نابێت و پاداشتی لەسەر وەرناگرێت و نە نوێژ و نە ڕۆژوو ڕاست نابن بەبێ ھاتنەدی بنچینەی ئەو باوەڕەی لە شایەتمان دا ھەیە، وەک خوای گەورە لە قورئاندا دەڵێت: ﴿فَاعْلَمْ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَاسْتَغْفِرْ لِذَنْبِكَ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَاللَّهُ يَعْلَمُ مُتَقَلَّبَكُمْ وَمَثْوَاكُمْ ١٩﴾ [محەممەد:١٩] واتە: ئەی مرۆڤ!! دەی کەواتا چاک بزانە و دڵنیابە جگە لە خوا، ھیچ خوایەکی دیکە نییە، داوای لێخۆشبوونی گوناھ بۆ خۆت و باوەڕداران لەپیاوان و ژنان ھەر لەو بکە و دڵنیابە کە خوا دەزانێت لە ڕۆژدا بەچییەوە خەریکن و لە شەویشدا لەکوێ دەحەوێنەوە و ئارام دەگرن، یاخود دەزانێت چی دەکەن لە جیھاندا و دەرەنجامەکەشی لە زیندووبوونەوەشدا چۆنە.
لە وتەکان سەبارەت بە شایەتمان
[دەستکاری]لە وتەکانی پێغەمبەری ئیسلام، محەممەدﷺ سەبارەت بە گەواھیدان:
- عن ابن عمرؓ (رضی ﷲ عنە) قال:قال رسول ﷲﷺ: بنی الاسلام علی خمس: شھادة ان لا الە ﷲ وان محمدا رسول ﷲ، واقام الصلاە وایتاء الزکاة والحج وصوم رمضان) اخرجە البخاری (اللؤلؤ والمرجان: باب قول النبی (بنی الاسلام علی خمس).
واتە: ئیسلام لەسەر پێنج پایە دامەزراوە، گەواھیدان بەوەی کەس بەکەڵکی ئەوە نایەت بیکەیتە خودا زاتی پاکی (ﷲﷻ) نەبێت و گەواھیدانیش بەوەی کە محەممەد پێغەمبەری خوایە، نوێژ ڕاگرتن و زەکاتدان و حەجکردن و ڕۆژووگرتنی ڕەمەزان.
مەرجەکانی شایەتمان
[دەستکاری]ئەو مەرجانەی کە پێویستە لە شایەتمان بێنە دی وەک لە پەرتووکی شایەتمانی سەعید حەوا دا ھاتووە ئەم مەرجانەی خوارەوەن؛
- باوەڕکردن و بڕواکردن لە ناخی دڵ و دەروون و ژیرییدا بەوەی کە ھیچ شتێک شایەنی پەرستن نییە جگە لە خوای پەروەردگار.
- دەربڕین و ئاشکراکردنی ئەو باوەڕ و بڕیارە بە زمان.
- دڵنیایی بنوێنێت و دوور بێت لە دوودڵی و ڕاڕایی.
و جێگەی ئاماژەیە شیعە ئەم نیشانەیە بۆ شایەتمان زیاتر دەکەن؛ "علی ولی ﷲ" واتە؛ عەلی وەلیی خوایە، بەگەڕانەوە بۆ ئەم وتەی پێغەمبەر؛ " من کنت مولاە فھذا علی مولاە، اللھم والی من والاە و عادی من عاداە ".
بابەتە پەیوەندیدارەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ویکی عەرەبی
- پەرتووکی گەواھیدان