نوێژ لە ئیسلام
کۆڵەکەکانی ئیسلام | |
|
نوێژ (بە عەرەبی: الصلاة) دووەم بنەمای ئیسلامە، بە گەڕانەوە بۆ ئەم فەرمودەیەی پێغەمبەر (محەمەد)؛ (بُنِيَ الإِسْلاَمُ عَلَى خَمْسٍ شَهَادَةِ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّداً رَسُولُ اللَّهِ، وَإِقَامِ الصَّلاَةِ، وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ، وَالْحَجِّ، وَصَوْمِ رَمَضَانَ).[١][٢]واتە: ئیسلام لەسەر پێنج پایە دامەزراوە: شایەتی دان بەوەی کەوا ھیچ پەرستراویک نییە شایەنی پەرستن بێت بەڕاستی جگە لە (اللە)، وە موحەممەدیش نێرراو و پێغەمبەری (اللە) یە، و نویژ کردن، و زەکات دان، و حەج کردنی ماڵی خودا، و ڕۆژوو گرتنی رەمەزانە.
نوێژ فەڕزە (پێویستە) لەسەر ھەموو مسوڵمانێکی ژن و پیاو، و پێویستە لەسەریان ئەو فەرزە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەجێ بھێنن. و فەڕزکرا لە مەککە پێش کۆچکردنی پێغەمبەر بۆ مەدینە لە ساڵی دەیەمی پێغەمبەرایەتیدا، ئەمەش لە کاتی ئیسرا و میعراجدا بوو.
لە ئیسلامدا ڕۆژانە پێنج نوێژ فەڕزە لەسەر موسڵمانان, ھەروەھا چەند جۆرێکی تری نوێژ ھەیە وەک: نویژی جەژن و نوێژە بارانە و نوێژی مردوو و نوێژی خۆرگیران.
پایەی نوێژ لە ئیسلامدا[دەستکاری]
بەشی زنجیرەیەک لەسەر |
ئیسلام |
---|
![]() |
ئیسلام پایەیەکی داوە بە نوێژ کە نەیداوە بە ھیچ پەرستنێکی تر، یەکەم ئەرکە کە خوا فەڕزی کردووە لە پەرستنەکان دا ، و لە شەوی میعراجدا فەڕز کراوە، ھەروەھا پێغەمبەر فەرموویەتی یەکەم شت مرۆڤ لێیدەپرسرێتەوە لەسەری لە ڕۆژی دواییدا نوێژە، ھەروەھا نویژ لە چەند جێگەیەکدا لە قورئاندا باس کراوە وەک لە سورەتی موئمنون قَدْ أَفْلَحَ الْمُؤْمِنُونَ
الَّذِينَ هُمْ فِي صَلَاتِهِمْ خَاشِعُونَ
(موئمنوون:١–٢) ،واتە؛ بە ڕاستی ئەو بڕوادارانە سەرکەوتوو سەرفراز بوون* ئەوانەش ئەوانەن کە لە نوێژەکانیاندا ملکەچ و دڵ ئارام و دڵ دامەزراون و دڵیان لای خوایە...و لە سورەتی کەوسەر ھاتووە
فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ
(کەوسەر:٢) واتە؛ کەواتە نوێژ تەنھا لەبەر خوا و بۆ خوا و بۆ بەدەست ھێنانی ڕەزامەندی پەروەردگارت ئەنجام بدەو قوربانیش بکە و لە سورەتی الأعلی دا ھاتووە (وذکر اسم ربە فصلی) واتە: ناوی پەروەردگاری خۆی ھێنا، جا نوێژی کرد، واتە: ئەوەی لەسەری فەرز کراوە لە پێنج نوێژەکان ، وھەروەھا لە سورەتی تاها (وأقم الصلاة لذکری) واتە: نوێژەکانیشت بەچاکی ئەنجام بدە، تا ھەمیشە منت لە یاد بێت..
گرنگی نوێژ[دەستکاری]
لە قورئاندا ئاماژەکراوە بەوەی (ان الصلاة کانت على المؤمنین کتابا موقوتا) [سورة النساء] واتە؛ چونکە بەڕاستی نوێژ لەسەر ئیمانداران فەرزە لەکاتی دیاریکراودا دەبێ ئەنجام بدرێت. ھەروەھا ھاتووە: وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ وَآتُواْ الزَّكَاةَ وَارْكَعُواْ مَعَ الرَّاكِعِينَ
(بەقەرە:٤٣) [البقرة] واتە؛ نوێژەکانتان بەچاکی ئەنجام بدەن بە دروشمەکانیەوەو زەکاتیش بدەن، لەگەڵ کڕنووش بەراندا کڕنووش ببەن (بۆ پەروەردگارتان).
نوێژ کۆڵەکەی ئاینە وھیچ پۆزشێک لەو کەسە وەرناگیرێت کە وازی لێ بھێنێت لە کاتێکدا لە توانایدا بێت ولەسەری بێت.
مەرجەکانی نوێژ[دەستکاری]
- یەکەم: ئیسلام، واتە ئەو کەسە دەبێت مسوڵمان بێت، وە بە ھیچ شێوەیەک نوێژی کافر وەرناگیرێت.
- دووەم: عەقڵ، واتە ئەو کەسە لەگەڵ ئەوەدا کە مسوڵمانە دەبێت عەقڵیشی ھەبێت واتە شێت نەبێت، چونکە بە ھیچ شێوەیەک لەسەر کەسی بێ عەقڵ و شێت نوێژکردن پێویست نیە.
- سێیەم: جودکاری لە نێوان پاک و خاوێنی، واتە لەگەڵ ئەوەدا ئەو کەسە دەبێت مسوڵمانێکی عاقڵ بێت، لە ھەمان کاتیشدا نابێت منداڵ بێت بتوانێت پاک و خاوێنی جیا بکاتەوە، بۆیە دەبێت ئەو کەس گەیشتبێت بەو تەمەنەی کە بتوانێت ئەم مەرجە لە خۆیدا بھێنێتە دی.
- چوارەم: پاکڕاگری، کە دەست نویژ و خۆشتن و پاکڕاگرتنی جەستە و جل و جێگەی نوێژ ئەگرێتەوە.
- شەشەم: شاردنەوەی عەورەت
- حەوتەم: چوونە کاتی نوێژەوە، نوێژکردن لە کاتە دیاریکراوەکانی خۆیدا
- ھەشتەم: ڕووکردنە قیبلە، لە ھەموو لایەکی جیھانەوە، پێویستە لەسەر موسڵمان ڕووبکاتە قیبلە بۆ نوێژکردن، و قیبلەش کەعبەی پیرۆزە لە شاری مەککە لە عەرەبستانی سعودی.
- نۆیەم: نییەت، سەرچاوەی لە دڵەوە گرتووە، و ئەمەش بە خۆ ئامادەکردن و بە مەبەستەوە ھەڵدەستێت بەو نوێژە.
ئەڕکانەکانی نوێژ[دەستکاری]
- وەستان بەپێی توانا و حاڵی ئەو کەسە: ئەمەش لە نوێژە فەڕزەکاندا.
- تەکبیرەی ئیحرام واتە لە سەرەتای نوێژەکەدا پێویستە بوترێت "اللە اکبر"
- خوێندنەوەی سوڕەتی فاتیحە ئەگەر بە تەنیا بوو بەڵام ئەگەر لەگەڵ پێش نوێژدا نوێژی کرد خوێننەوەی پێش نوێژەکە بەسە..
- کوڕنوش بردن "الرکوع".
- ھەستانەوە لە کوڕنوش
- ھەستان و ڕاوەستان تا ھەموو لەشت ڕێک دەبێتەوە.
- سوجدەکان.
- ھەستانەوە لە سوجدەکان.
- دانیشتن لە نێوان سوجدەکان.
- دڵنیای بوون لە ھەموو ئەرکانەکان.
- تەحیات "التشھد"ی کۆتایی
- دانیشتن بۆ سەلامدانەوە.
- سەلامدانەوە.
- ڕێزبەندی نێوان ئەرکانەکان.
ئەگەر یەکێک واز لە یەکێک لەم ئەڕکانانە بھێنێت و بزانێت بە بێ ھیچ پۆزشێک نوێژەکەی بەتاڵ دەبێت و پێویستە دووبارەی بکاتەوە، بەڵام ئەگەر لێی تێک چوو ئەتوانێت سوجدەی سەھوو ببات.
نوێژە فەڕزەکان[دەستکاری]
ژمارەی نوێژە فەڕزەکان لە شەو وڕۆژیکدا پێنج نوێژە وھەموو ڕکاتەکانی ئەو پێنج نوێژە دەکەنە حەڤدە (١٧) ڕکات لە شەو و ڕۆژێکدا.
- نوێژی بەیانی، دوو ڕکاتە.
- نوێژی نیوەڕۆ (الظھر) چوار ڕکاتە.
- نوێژی دوانیوەڕۆ (العصر) چوار ڕکاتە.
- نوێژی شێوان-ئێوارە (المغرب) سێ ڕکاتە.
- نوێژی خەوتنان (العشاء) چوار ڕکاتە.
کاتەکانی نوێژ[دەستکاری]
خوا کاتی دیاریکردووە بۆ نوێژ کە پێویستە ھەر نوێژێک لە کاتی خۆیدا بکرێت وەک لە قورئاندا ھاتووە لە سورەتی النساء (إن الصلاة کانت علی المؤمنین کتاباً موقوتاً) واتە؛ چونکە بەڕاستی نوێژ لەسەر ئیمانداران فەرزە لەکاتی دیاریکراودا دەبێ ئەنجام بدرێت. و لە سورەتی طە (وسبح بحمد ربک قبل طلوع الشمس وقبل غروبھا) واتە؛ تەسبیحات و ستایش و سوپاسی پەروەردگارت بکە، پێش ھەڵھاتنی خۆرو پێش ئاوابوونی، و کاتەکان لە فەرموودەکانی پێغەمبەردا دیاریکراوان.
کاتی نوێژە فەڕزەکان[دەستکاری]
- نوێژی نیوەڕۆ؛دەست پێ دەکات لە کاتی لادانی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسمان، و کاتەکەی درێژ دەبێتەوە تا سێبەری ھەموو شتێک وەک خۆی لێدێت.
- نوێژی عەسر؛ دەست پێدەکات کاتێک سێبەری ھەموو شتیک وەک خۆی لێدێت تا ئاوابوونی خۆر.
- نوێژی ئێوارە؛ دەست پێدەکات کاتێک خۆر ئاوا دەبێت تا مانەوەی سورایی کەناری ئاسمان.
- نوێژی خەوتن؛ دەست پێدەکات بە نەمانی سورایی کەناری ئاسمان تا نیوە شەو.
- نوێژی بەیانی؛ دەست پێدەکات کاتێک شەبەق ھەڵدێت تا ھەڵھاتنی خۆر.
چۆنیەتی نوێژ[دەستکاری]
نوێژ بریتیە: لە دەربڕین و کرداری دیاریکراو، بە تەکبیر واتە (اللە اکبر) دەست پێ دەکات و بە سەلامدانەوە کۆتایی پێ دێت.
- بەرانبەر قیبلە ڕاوەستان (واتە: ڕوو لە کەعبەی پیرۆز بیکەیت کە قیبلەی مسوڵمانانە).
- پاشان (أللھُ أکْبَرُ). دەکرێت. واتە: خودا لە ھەموو شت گەورەترە. (سوننەتە لەکاتی گوتنی اللەُ اکْبَرُ دەستەکان بەرز بکریتەوە تا ئەندازەی شانەکان و نابێ پەنجەکان لەیەک بکرێنەوە ).
- بەدەستی ڕاست لەمەچەکدا دەستی چەپ دەگریێت و لە ژێر سنگ دایدەنێت یاخود کەمێک لەسەر تر یاخود خوارتر.
- دوعای دەست پێکردنی نوێژ دەخوێنرێت و دەوترێت: (سُبْحَانَکَ اللَّھُمَّ وَبِحَمْدِکَ وَتَبَارَکَ اسْمُکَ وَتَعَالَی جَدُّکَ وَلاَ إِلَھَ غَیْرُکَ). واتە : خودایە پاکی و بێ گەردی و ستایش بۆتۆیە، وە ناوی تۆ پیرۆز بێت و فەڕو بەرەکەتی زۆر بێت و گەورەیی و دەسەڵاتت بڵند بێت و ھیچ پەرستراوێک نیە بەھەق جگە لەتۆ .
- یان ئەوترێت: (اللَّھُمَّ بَاعِدْ بَیْنِی وَبَیْنَ خَطَایَایَ کَمَا بَاعَدْتَ بَیْنَ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ، اللَّھُمَّ نَقِّنِی مِنْ خَطَایَایَ، کَمَا یُنَقَّی الثَّوْبُ الْأَبْیَضُ مِنَ الدَّنَسِ، اللَّھُمَّ اغْسِلْنِی مِنْ خَطَایَایَ بِالثَّلْجِ وّالْمَاءِ وَالْبَرَدِ). واتە: خودایە نێوان من و گوناھەکانم دوور بخەرەوە وەک چۆن رۆژھەڵات و رۆژئاوات لەیەک دوورخستۆتەوە، خودایە لەگوناھەکانم پاکم بکەرەوە ھەروەکو چۆن کراسی سپی لەچڵک پاک دەبێتەوە، خودایە لە گوناھەکانم بمشۆرەوە بە بەفر و باران و تەرزە .
- سورەتی (الفاتحە) دەخوێنرێت،"خوێندنەوەی فاتیحە لە ھەموو رکاتەکاندا پێویستە "وە روکنێکە لە روکنەکانی نوێژ، بەبێ خویندنی فاتیحە نوێژەکەت تەواو نابێ" ...... بەم شیوەیە بیخوێنە:
- أَعُوذُ بِاللھِ مِنَ الشَّیْطَانِ الرَّجِیم
- دوای ئەوەی کە سورەتی (الفاتحە)ـە ت خوێندرا و وترا (آمیــــــن)، پاش ھەناسەیەک سورەتێکی دیکە بخوێنە ..... بۆ نمونە سورەتی (ألإخلاص).
- پاشان (اللە اکبر) ئەکرێت و وێنەی تەکبیرەی یەکەم جار، تا نەرمەی گوێ یاخود تا ئاستی سەرشانەکان، دەستەکان بکەرەوە با لەپی دەستەکان ڕوەو قیبلە بێت و پەنجەکان جووت بێت....
- ئینجا (ڕکوع) دێت، لە ڕکوعدا پشتت ئەچەمێنرێتەوە و بە ھەردوو دە ست سەر چۆکەکان دەگیرێت و پشت تەخت و ڕێک دەکرێت و سێ جار ئەوترێت: سُـبْحَانَ رَبِّـَی الْعَظیِمِ (پاکی و بێگەردی بۆ خودای ھەرە گەورەم)...
- لە (رکوع) ڕاست بوونەوە، تا پشت ڕێک دەبێتەوە و بە جوانی بە پێوە بوەستیت و ئەوترێت: سَمِـعَ اللھُ لِمَـنْ حَمِـدَە، کە ڕێک وەستایت و لە جوڵە کەوتیت دە ڵێیت رَبَّنـا وَلَک َالحَمْـدُ... (خودا گوێی لەو کەسە بو، کە سوپاس و ستایشی کرد، پەروەردگارمان! سوپاس و ستایش ھەر بۆتۆیە).
- پاشان (اللە أکبر) دەکرێت و دەچیتەوە کڕنوش بردن (ســجدە). (کڕنوش) بردنیش دەبێ لەسەر حەوت جێگە بێ: ھەردوو پێ و ھەردوو چۆک و ھەردوو بەری دەست و نێو چاوان لەگەڵ لووت. نابێت ھیچ بەشیک لەم حەوت جێگەیە لە زەوی ھەڵبڕابیت لەکاتی سوجدە بردندا. ئەوجا لەکاتی سوجدە بردندا سێ جار دەڵێی (سُبْـحانَ رَبِّـیَ الأَعْلـی). واتە: پاک و بێ گەردی بۆ خودای بەرز و باڵام.
- اللە أکبر
- سُبْـحانَ رَبِّـیَ الأَعْلـی
- پاشان (أللھُ أکْبَرُ) ئەکرێت
- و لە سوجدە ھەستەوە ولەسەر چۆک (ئەژنۆ) دادەنیشیت و قاچەکانت لە ژێر خۆتدا دادەنێیت و ھەردوو دەست لەسەر ھەردوو چۆکەکان دادەنرێت، بە شیوازێک سەری پەنجەکان نزیک بێت لە سەر چۆکەوە. ئنجا سوننەتە لێرەدا (لەنێوان دوو سوجدەدا) ئەو دوعایە بکە و بڵێ: (رَبِّ اغْفِرْ لِی وَارْحَمْنِی). و اتە: خودایە لێم خۆشبە و ڕەحمم پێ بکە. یان دەتوانی بەتەنھا بڵێی: (رَبِّ اغْفِرْ لِی)
- رَبِّ اغْفِرْ لِی وَارْحَمْنِی
- پاشان ئەڵێیت (اللە أکبر) و دووبارە ئەڕۆیتەوە بۆ سوجدە و سێ جار بڵێ: (سُبْـحانَ رَبِّـیَ الأَعْلـی).
- اللە أکبر
- سُبْـحانَ رَبِّـیَ الأَعْلـی
- دوای ئەوە دەڵێی: (اللە أکبر) و ھەڵدەستیەوە ـ لێرەدا ڕکاتی یەکەم تەواو بۆ و ـ و ھەڵدەستیەوە بۆ ئەنجامدانی ڕکاتی دووەم بە ھەمان شێوەی ڕکاتی یەکەم بەڵام پاش تەواو بوونی (سوجدەی دووەم)..(أللە أکبر) بکە و بەڕیکی دادەنیشیت و(التحیات) دەخوێنیت.
- خوێندنی (التحیات) لە ڕەکاتی دووەم
- ھەر کە تەحیاتت تەواو کرد ئەوجا بەلای ڕاست سەلام دەدەیەوە و دەڵێی:(اَلسَّلاَمُ عَلَیْکُمْ وَرَحْمَةُ اللھِ)
- اَلسَّلاَمُ عَلَیْکُمْ وَرَحْمَةُ اللھِ
- ئەوجا بەلای چەپ سەلام دەدەیەوە و دەڵێی:(اَلسَّلاَمُ عَلَیْکُمْ وَرَحْمَةُ اللھِ)
- اَلسَّلاَمُ عَلَیْکُمْ وَرَحْمَةُ اللھِ
پێش نوێژ (ئیمام)[دەستکاری]
وشەی (ئیمام) بە دوو کەس ئەوترێ : ئەو کەسەی پێش نوێژی ئەکات، و لەگەڵ ئەو کەسەی پێشەوا و پێشڕەوی خەڵک دەکات، پێشڕەو (ئیمام)یش لەلای شیعەکان ھەمان ئەو کەسەیە کە سوننییەکان پێی دەڵێن جێنشین (خلیفە)، بۆیە ئەتوانرێ کە بوترێ : کۆمەڵ، بەبێ پێشەوا نابێ، مەبەستیش پێی تەنھا پێش نوێژ نیە، چونکە ژیانی تاکی موسڵمان ژیانێکی ئیسلامیانەیە، کە بەڕێوە ناچێ مەگەر لەناو کۆمەڵدا نەبێ.
جا دەبێ ئەم پێشەوایەش پارێزکارو (تقیە) لە خواترس بێت ، زانستێکی زۆری لە لابێت و باش لە قورئان شارەزابێت، و زۆرینەی موسڵمانان لێی ڕازی بن، بەھەمان شێوەش لە پێشەوا و پێشرەوی خەڵکی، واتە : کاربەدەستیان. دەبێ پێش نوێژ ئاگاداری حاڵی نوێژ خوێنەکانی دوای خۆی ببێ، چونکە بێ توانا و نەخۆش ....ھتد یان تێدادەبێت تا بەسۆزبێ لەگەڵیان وە نوێژیان بەسەردا درێژنەکاتەوە و ئەگەر ئەویش بیانوێکی ھەبوو، شوێنی چۆڵ دەکات بۆ یەکێکیتر بە ھەمان شێوە پێشەوای خەڵکیش ھەروا.
دەبێ خەڵکیش گوێ ڕایەڵی پێشەوا بێ بەتەواوی پەیوەست بن بەوەی کە ئەم پێی ھەلئەستێ چۆن کە نابێ لە کاتی نوێژدا پێش (إمام) بکەوێ، کاتێ کە کڕنۆش و سوجدە دەبا، بەھەمان شێوەش دەبێ گوێ رایەڵ بن بۆ پێشەوا -تەنھا لە کاتێک گەر فەرمانی دەرکرد بە پێچەوانەی شەرعی خودا، ئەو کاتە ئەتوانی گوێڕایەل نەبن، ھەروەک کە ئەگەر پێش نوێژخوێن ھەڵەێکی کرد ئەبێ بۆی ڕاست بکرێتەوە، پێشەواش بەھەمان شێوە، ئەو رێوشوێنانەش کە باس کران، ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کەدەبێ نێوانی پێشەواو خەڵکی چۆن بێت.
لە ڕووی تەندروستییەوە[دەستکاری]
جوڵەی فیزیکیی بەردەوامی نوێژی موسڵمانان لەپاڵ لابردن و چارەکردنی کێشە دەروونییەکانی وەکوو توڕەیی و خەمۆکی ھاوکات ئازاری پشتیش کەمدەکاتەوە و لاستیکی بوونی زیاتر بە جومگەکان دەبەخشێت ئەگەر بێتو بە شێوەیەکی ڕاست و دروست ئەنجامبدرێت.[٣][٤][٥]
ئەمانەش ببینە[دەستکاری]
سەرچاوەکان[دەستکاری]
- ^ صحيح البخاري. محمد ابن إسماعيل. الطبعة السلطانية.
- ^ صحيح مسلم. مسلم ابن الحجاج. الطبعة السلطانية
- ^ independent/islamic-prayer-ritual-muslim-reduce-back-pain-joint-elasticity-health-body-study
- ^ dailymail.co.uk/health/Islamic-prayer-ritual-reduces-pain-study-reveals
- ^ inderscienceonline/doi/abs/10.1504/IJISE.2017.081914