کۆڕەوی کوردانی باشووری کوردستان (١٩٩١)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کۆڕەوی کوردەکان ١٩٩١ەوە ڕەوانە کراوە)

کۆڕەوی کوردەکان لە ساڵی ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینی کوردەکان ٣١ ئازاری ساڵی ١٩٩١ ڕوویدا. دوای ئەوەی شاری کەرکووک ئازادکرا لە دەستی ڕژێمی بەعس ھەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکرد بۆ سەر کوردەکانی باشووری کوردستان.

لەگەرمەی کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا گەڵانی ئازادی خوازی جیھان لە مەینەتی کورد ھاوسۆزبوون ھەروەھا فشار بۆ دەوڵەتەکاندا دروست بوو کە دەبێت پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی بۆ کورد بکرێت.

سەددام حوسێن ھەستی بە مەترسی کۆڕەوەکە کردبوو ھەربۆیە بە مەبەستی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕین و بۆ کەمکردنەوەی فشارە نێونەتەوەیییەکانی سەر عێراق ھەوڵیدا بە چەند بەڵێنی ساختەوە ھەوڵیدا بەرەی کوردستانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت تا ببێت پەیامێک بۆ جیھان کە کۆرەوە کارەسات نییە.

کۆڕەوی ملیۆنی کە پشتگیری نێونەتەوەیی بە دوای خۆیدا ھێنا نەیھێشت دەستکەوی ڕاپەرین بە فیڕۆ بچێت لە ڕێگەی جووڵاندنی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیییەوە بوو کە ناچاری کرد پشتگیری لە کورد بکەن کۆرەو پەیامێک بوو بۆ جیھان کە کورد برسێتی و ئاوارە بوونی لە مانەوە لەژێر ڕژێمی سەددامدا بەلاوە پیرۆزترە.

(ناوچەی دژە فڕین ئەو سنوورەیە، کە ئێستا لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئەوکاتیش «دانیاڵ میتران» ھاوسەری فرانسۆ میترانی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا، یەکێکە لەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بینی بۆ ئەوەی فەڕەنسا پرسی کورد بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی و وای کرد بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی «ناوچەی ئارام» دەربکرێت).

بەھۆی کۆڕەوەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری دا کە ڕژێمی عێراق نابێ ھێرشی چەکداری بکاتە سەر گەلی کورد و لە ٥ی نیسانی ١٩٩١ بڕیاری ٦٨٨درا و ھەروەھا بڕیاریش درا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی ھێڵی ٣٦ بۆ کورد دابنرێت، ھەروەھا بڕیاردرا بە دانانی ھێزی ھاوپەیمانان لەبنکەی سەربازی (ئەنجەرلیک) لە تورکیا بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان کە ناسرابوون بە (ھێزی چەکوشی ئامادە). ناردنی ھێزی چەکداری بۆ پاراستنی خەڵکی لەکاتی گەڕانەوەیاندا ئەم بڕیارە بووە ھۆی دامەزرانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ٤ی تەممووزی ١٩٩٢.

سەرچاوەکان[دەستکاری]