بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراو/٢٠٢٠

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پێشووتر٢٠١٢٢٠١٣٢٠١٤٢٠١٥٢٠١٦٢٠١٧٢٠١٨٢٠١٩٢٠٢٠٢٠٢١٢٠٢٢٢٠٢٣٢٠٢٤

ئەرشیڤی وتارە ھەڵبژێردراوەکانی ٢٠٢٠
ئەم پەڕەیە ھەموو ئەو وتارانە لەخۆدەگرێت کە مانگانە، بەپێی سیاسەتەکانی ویکیپیدیای کوردی
بۆ بەشی وتاری ھەڵبژێردراوی پەڕەی دەستپێک بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ھەڵبژێردراون.


کانوونی دووەم

[دەستکاری]

ناروتۆ (بە ژاپۆنی: ナルト) زنجیرە مانگایەکی ژاپۆنییە کە لەلایەن ماساشی کیشیمۆتۆوە نووسراوە و کاری وێنەکێشانی بۆ کراوە. چیرۆکەکە باس لە نینجایەکی ھەرزەکار دەکات بە ناوی ناروتۆ ئۆزۆماکی، کە ھەوڵی بەدەستھێنانی ڕێز و دانپێدانانی ھاوڕێکان و دانیشتوانی گوندەکەی دەدات. ھەروەھا خەون بەوەوە دەبینێت کە بەرزترین پلەوپایەی گوندەکەی بەدەستبێنێت کە ئەویش نازناوی ھۆکاگێیە. چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، یەکەم کە باس لە ژیانی ناروتۆ دەکات لە تەمەنێکی تازەپێگەشتوودا، بەشی دووەمیش باس لە ژیانی دەکات لە تەمەنی ھەرزەکاریدا. کیشیمۆتۆ چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای مانگایەکی تری پێشووی خۆی داڕشتووە کە لە ساڵی ١٩٩٥دا بڵاوی کردووەتەوە و بەھۆیەوە ساڵی دواتر وەک ڕێزلێنانێک ناوی لە خەڵاتی ھۆپستیپی مانگانەی شوەیشادا ھاتووە.

گۆڤاری شۆنێن جەمپ لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە بڵاوکردنەوەی ناروتۆ کرد و ھەفتانە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤. سەرتاپای چیرۆکەکە دابەش دەبێت بەسەر ٧٢ پەرتووکی جۆری تانکۆبۆن. لە ساڵی ٢٠٠٢ ستۆدیۆی پیرۆت بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئانیپلێکس ھەستان بە بەرھەمھێنانی بەشی یەکەمی ئەنیمێی ناروتۆ کە ساڵی ٢٠٠٧ لە دوای ٢٢٠ ئەڵقە کۆتایی پێھات؛ لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩ دۆبلاژی زمانی ئینگلیزی لەلایەن کارتوون نێتۆرکەوە بۆ کراوە. دووەم ئەنیمێ و تەواوکەری بەشی یەکەم بە ناوی 'ناروتۆ: شیپوودین'ەوە لە ٢٠٠٧ پەخشی لە ژاپۆن دەستی پێکرد و دوای ٥٠٠ ئەڵقە لە ساڵی ٢٠١٧ کۆتای ھات. دۆبلاژی ئینگلیزی بۆ شیپوودین لەلایەن 'دیزنی ئێکس دی'یەوە لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ پەخشکرا، بەڵام کارتوون نێتۆرک لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤دا دووبارە مافی بڵاوکردنەوەی وەرگرتەوە و لە بەشی توونامی (ئەدۆڵت سویم) دا پەخشی کرد. ستۆدیۆ پیرۆت یازدە فیلم و یازدە ئۆ ڤی ئەی (OVA) بۆ زنجیرە مانگای ناروتۆ بەرھەمھێناوە. کەلوپەلی تایبەت بە ناروتۆ وەک کارتی گەمەکردن، یاری ڤیدیۆیی و کورتە ڕۆمان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دروستکراون.

ڤیز میدیا لە ئەمریکای باکوور مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ئەنیمێ و مانگای ناروتۆی بەدەستە. ئەنیمێیەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە و لە شانشینی یەکگرتوو ٢٠٠٦ و لە ئوسترالیا ٢٠٠٧. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش لەلایەن ناوەندی زوھرەوە ١٣٠ زنجیرەی سەرەتای بەشی یەکەم دۆبلاژکران بۆ زمانی عەرەبی و لە ھەردوو کەناڵی ئاسمانیی سپەیستوون و سپەیسپاوەر پەخشکرا تا ساڵی ٢٠١٢ کە شەڕی ناوخۆیی سووریا و قەیرانی دارایی بوو بە ھۆکاری ڕاگرتنی. چیرۆکی ناروتۆ ئۆزۆماکی بەھۆی کوڕەکەیەوە بۆروتۆ ئۆزوماکی بەردەوامە لەڕێگەی مانگای بۆروتۆ:ناروتۆ نێکست جێنەرەیشن، کە تێیدا بۆروتۆ دەیەوێت ڕێگەی بە نینجابوونی تایبەت بە خۆی بگرێتەبەر و لەژێر سێبەری باوکی نەبێت.
خوێندنەوەی زیاتر...


شوبات

[دەستکاری]

ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٠/شوبات

ئازار

[دەستکاری]

ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٠/ئازار

نیسان

[دەستکاری]

پریانکا چۆپرا (گۆکردن: [priˈjʌŋkaː ˈtʃoːpɽaː]؛ لەدایکبووی ١٨ی تەممووزی ١٩٨٢ لە جەمشێدپور، ھیندستان) خانمەکتەر، گۆرانیبێژ، بەرھەمھێنەری فیلم و نمایشکارێکی جلووبەرگی ھیندییە. لە ساڵی ٢٠٠٠، بە شاجوانی جیھان ھەڵبژێردرا. پریانکا براوەی چەندین خەڵات بووە لەنێویشاندا جارێک خەڵاتی فیلمی نیشتیمانی، و پێنج جاریش خەڵاتی فیلمفەیر ھەن. لە ساڵی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی ھیندستان خەڵاتی پادما شری پێدرا. ساڵی ٢٠١٧، گۆڤاری تایم ناوی پریانکای لە ١٠٠ کاریگەرترین کەس لە جیھان دا ھێنا، و لە ساڵی ٢٠١٨، لە گۆڤاری فۆربیس وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین ژنی جیھان ناوی ھێندرا.

یەکەم دەرکەوتنی چۆپرا لە جیھانی فیلم دا لە فیلمی تامیلی (تامیزان)ی ساڵی ٢٠٠٢ بوو. دوای ساڵێکیش واتە لە ٢٠٠٣ بۆ یەکەمین جار لە بۆلیوود بە فیلمی (پاڵەوانەکە:چیڕۆکی خۆشەویستی سیخوڕێک) دەرکەوت. بۆ یەکەمین جار وەک کەسایەتیی سەرەکی لە فیلمی (ئەنداز)ی ساڵی ٢٠٠٣ لەپاڵ ئاکشای کومار دەرکەوت. لە ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لە فیلمی ئیتراز دەرکەوت، ستایشی ڕەخنەگرانی وەرگرت. لە ساڵی ٢٠٠٦، بەشداریی لە فیلمەکانی دۆن و کڕیش کرد کە دوو پڕداھاتترینی فیلمی ئەو ساڵە بوون. لە ساڵی ٢٠٠٨، لە فیلمی فاشیۆن دەرکەوت، کە بەھۆی ئەم فیلمەوە خەڵاتی نیشتیمانیی بردەوە. پریانکا بە بەشداریکردنی لە فیلمەکانی دۆستانا، کەمینی، بارفی!، ماری کۆم و باجیراو ماستانی شوێنی خۆی لە بۆلیوود باش کردەوە. لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨، لە زنجیرەی ئینگلیزیی کوانتیکۆ لە کەناڵی ئەی بی سی دەرکەوت. دوای ئەم زنجیرەیش بە فیلمەکانی بای واتچ و ئزنت ئت ڕۆمانتیک لە ھۆلیوودیش دەرکەوت. دواتر لە ساڵی ٢٠١٩، بە دەرکەوتنی لە فیلمی زە سکای ئز پینک گەڕایەوە بۆلیوود.

پریانکا وەک خۆبەخش و باڵیۆزی چاکەکار لە ڕێکخراوەی یوونیسێف چالاکە. پریانکا خاوەنی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی فیلمیشە بەناوی (پێرپل پیبل پیکچەرز) کە زیاتر فیلمی ناوخۆیی بە زمانەکانی ماراتی، بۆجپووری، نیپاڵی و پەنجابی بەرھەم دەھێنێت. لە ساڵی ٢٠١٨، پریانکا چۆپرا لەگەڵ گۆرانیبێژی ئەمریکی، نیک جۆناس ھاوسەرگیریی کرد.
خوێندنەوەی زیاتر...


ئایار

[دەستکاری]

مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ /məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛ لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)، ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.

لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە پاڵێوراوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی ئەم خەڵاتەی وەرگرت. مەلالە بچووکترین وەرگری ئەم خەڵاتەیە. لەدوای بەدەستھێنانی خەڵاتەکە، چالاکییەکانی مەلالە بۆ ئاستی جیھان پەلی ھاوێشت. بە قسەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان شاھد خاقان عەباسی، مەلالە نموونەی باڵای ھاونیشتمانیی داھاتووی پاکستان دەبێت.

مەلالە لە خێزانێکی پەشتون، لە شاری مینگۆرا، ھەرێمی سوات لە پاکستان لەدایکبووە. مەلالە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و بێنەزیر بوتۆ بە نموونەی باڵای خۆی زانیوە، و ھەروەھا لە کارە مرۆڤایەتییەکانی باوکیشی ئیلھامی وەرگرتووە. لە سەرەتای ٢٠٠٩دا، کاتێک تەمەنی مەلالە ١١–١٢ ساڵان بووە، بە ناوێکی خوازراو بۆ تۆڕی بی بی سی ئوردوو لەبارەی ژیانی خۆی لەژێردەست تاڵیبان نووسیوە. ھاوینی دواتر، ڕۆژنامەنووس ئادەم ئیلیک، دۆکیومێنتارییەکی لەبارەی ژیانی مەلالە و چالاکییەکانی چەکداری پاکستانی لەناوچەکە بۆ نیویۆرک تایمز دروستکرد. دواتر مەلالە بەھۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا نووسراو و بینراوەکان دا، ھەروەھا پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی زیاتر ناسرا.
خوێندنەوەی زیاتر...


حوزەیران

[دەستکاری]

گرێتا تینتین ئەلیونوورا ئارنمان توونبەری (FRSGS) (سویدی: [ˈɡrêːta ˈtʉ̂ːnbærj] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)؛ لەدایکبووی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣) کچە چالاکوانێکی سویدیی بواری گۆڕانی ئاووھەوایە. گرێتا لە ژمارەیەکی زۆر خۆپیشانداندا سەبارەت بە گۆڕانی ئاووھەوا بەشداریی کردووە. گرێتا کاتێک بە قسەکانی، باسەکانی گۆڕانی ئاووھەوای خستەوە بیری جیھان ناوبانگی لە جیھان پەیدا کرد، ھەروەھا بەھۆی بچووکیی تەمەنی و شێوازی قسەکردنی ڕاستەوخۆ (بێ پێچ و پەنا) بەناوبانگە. گرێتا ڕەخنەی لە سەرکردە جیھانییەکان گرتووە، کە تا ئێستا ھیچ کارێکی جدییان لەسەر بابەتی گۆڕانی ئاووھەوا نەکردووە.

چالاکییەکانی گرێتا ئەوکاتە دەستی پێ کرد، کە دایک و باوکی ڕازی کرد کە بۆ کەمکردنەوە شوێنپێی کاربۆنیان ھەندێک کەرستە لە ماڵەوە بەکارنەھێنن. لە ئابی ٢٠١٨، کاتێک تەمەنی ١٥ ساڵان بوو، مانگرتنی لە خوێندن ڕاگەیاند، لەبەردەم پەرلەمانی سوێد داوای کارکردنی بەھێزتری دەکرد لەمەڕ گۆڕانەکانی ئاووھەوا. بە گرتنی دروشمی Skolstrejk för klimatet (مانگرتنی خوێندنگە بۆ ئاووھەوا)، بەزوویی خوێندکارانی دیکەش لە شوێنی خۆیان دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین کرد. دواتر بەیەکەوە، بزاڤی مانگرتنی خوێندنگەیان بۆ ئاووھەوا لەژێر ناوی Fridays for Future (ھەینییەکان بۆ داھاتوو) ڕاگەیاند. دوای ئەوەی گرێتا بانگھێشتی کۆنفرانسی گۆڕانی ئاووھەوای نەتەوە یەکگرتووەکانی ٢٠١٨ کرا، مانگرتنی خوێندکاران ھەموو ھەفتەیەک لە شوێنە جیاجیاکانی جیھان دەکرا. لە ٢٠١٩، لە چەندین شار خۆپشاندانی گەورە ئەنجام درا، کە ھەریەکەیان بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک کەس، زۆرینەش خوێندکار بوون. بۆ ئەوەی بە فڕۆکە گەشت نەکات، گرێتا بە پاپۆڕ چووە کۆڕبەندی کارکردن لەسەر ئاووھەوا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. لەوێ لە وتارەکەیدا، گرێتا بە ڕستەی «چۆن دەوێرن؟» ڕەخنەی لە سەرکردەکان و جیھان لەبارەی کەمتەرخەمییان لەسەر گۆڕانەکانی ئاووھەوا گرت. قسەکانی توونبەری دەنگدانەوەی گەورەی میدیاییی بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەناوبانگبوونی گرێتا لەپڕێکدا، وای کرد وەک سەرکردەیەک چاوی لێ بکرێت، لە ھەمان کاتیشدا بکرێتە ئامانجی ڕەخنەگرتن. کاریگەرییەکانی گرێتا، لەلایەن گاردیان و ڕۆژنامەکانی دیکەوە بە «کاریگەریی گرێتا» وەسف کرا. گرێتا چەند خەڵاتێکی پێ دراوە لەوانە: شانازینامەی ھاوڕێیەتی لە کۆمەڵگەی جوگرافیی شاھانەی سکۆتلاندی؛ لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیی ساڵ ھەڵبژێردرا، کە ناوبراو بچووکترینیان بوو؛ ھەروەھا لەلایەن فۆربزەوە، لە پێڕستی ١٠٠ بەھێزترین ژنانی ٢٠١٩ ھەڵبژێردرا. ھەروەھا بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بۆ ساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ پاڵێوراو بووە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تەممووز

[دەستکاری]

لیزا دێل ژوکۆندۆ (گۆکردنی ئیتاڵی: [ˈliːza del dʒoˈkondo]؛ غیرادینی [ɡerarˈdiːni]؛ لەدایکبووی ١٥ی حوزەیرانی ١٤٧٩ - مردووی ١٥ی تەممووزی ١٥٤٢) ژنەبەگزادەیەکی ئیتاڵی و ئەندامی خێزانی غیرادینی بوو لە فلۆرێنس و توسکانی. ناوی ئەو لە تابلۆی مۆنالیزا بەکارھاتووە، پۆرترەیتەکەی بەسەرپەرشتی ھاوسەرەکەی و وێنەکەش لەلایەن لیۆناردۆ دا ڤینچی لەسەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵی کێشراوە.

لیزا لەدایکبووی فلۆرێنسە، لە تەمەنی نەوجەوانی ھاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێک کرد، کە خەریکی بازرگانی قوماش و ئاوریشم بوو، دواتر بوو بە کاربەدەستێکی حکوومی. لیزا دایکی پێنج مناڵ بووە، لە ژیانێکی ئاسوودەی چینی ناوەڕاست ژیاوە.

دوای سەدەیەک لە مردنی لیزا دێل ژوکۆندۆ، تابلۆی مۆنالیزا بوو بە بەناوبانگترین تابلۆ لە ئاستی جیھان، بەجۆرێک وەک ئەوەی تابلۆکە ژیانێکی جیاوازتری ھەبێت بەراورد بە کەسایەتی ڕاستەقینەی لیزا. گرنگیپێدانی شارەزایان و ھۆگرانی ھونەر وایان کرد تابلۆکە لە ئاستی جیھان وەک دەستکەوتێکی بازرگانی سەیر بکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٥، بەشێوەیەکی کۆتایی لیزا دێل ژوکۆندۆ بەکەسایەتی ناو تابلۆی مۆنالیزا ناسێنرا.
خوێندنەوەی زیاتر...


ئەنجلینا جۆولی (بە ئینگلیزی: Angelina Jolie، گۆکردن: /ˈl/؛ پێشتر: جۆولی پیت، لەدایکبووی ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥) خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکییە. براوەی چەندین خەڵاتە لەوانە؛ بەدەستھێنەری خەڵاتی ئۆسکار، ھەروەھا سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە. چەندجارێک وەک گرانترین ئەکتەر لە لوتکەی خانمەکتەرەکانی ھۆلیوود ناوی ھاتووە.

ئەنجلینا لەیەکەم فیلمیدا بە منداڵی لەپاڵ باوکی دەرکەوت، کاتێک لە فیلمی بەدوای دەرچوون (١٩٨٢)ی دەرھێنەر جۆن ڤۆیت بەشداربوو، بەڵام ژیانی کارکردنی لە فیلم دوای دە ساڵ لەو فیلمە دەستیپێکرد، ئەمەش کاتێک بەفیلمێکی تێچوو کەم بەناوی سایبۆرک ٢ (١٩٩٣)، دواتر لەیەکەم ڕۆڵی سەرەکی خۆیدا بەفیلمی هاککەرەکان (١٩٩٥) بەشداربوو. دواتر لەچەند فیلمێکی ژیاننامەیی بەشداربوو لەوانە؛ جۆرج والاس (١٩٩٧) و جیا (١٩٩٨)، کە بوونە جێگای بایەخی ڕەخنەگران، ھەروەھا بەھۆی بەشداریکردنی لەفیلمی ژیانی پچڕ پچڕی کچێک (١٩٩٩) ئەوا خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا وەک باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشت. دواتر بەشداربوو لە فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بە کارەکتەری یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت، ئەمە وایکرد ناو و ناوبانگی بگاتە لووتکەی کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود. دواتر بەردەوامی بە فیلمە ئاکشنەکانی دا بەبەشداربوونی لەفیلمەکانی؛ بەڕێز و خاتوو سمس (٢٠٠٥)، ویستراو (٢٠٠٨) و خوێ (٢٠١٠)، ھەروەھا پێشوازییەکی باشی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە کاتێک لە دوو فیلمی درامی دەرکەوت بەناوەکانی؛ دڵێکی مەزن (٢٠٠٧) و منداڵی گۆڕدراو (٢٠٠٨)، کە ئەمەی دووەم، وایکرد جوولی ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین خانمەئەکتەر. گەورەترین سەرکەوتنی بازرگانی ئەو، لە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٢) بوو، وە بەشێکی دووی لەساڵی (٢٠١٩). و فیلمی پاڵەوانەکانی نەمرەکان (٢٠٢١). ڕۆڵی دەنگی لە زنجیرە فیلمی ئەنیمەیشنی پاندای کۆنگ فو لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ بینیوە، جۆولی دەرهێنەر و نووسینی دراماکانی جەنگی لە خاکی خوێن و هەنگوین (٢٠١١)، نەشکاو (٢٠١٤) و یەکەمجار باوکمیان کوشت (٢٠١٧) بەژداری کردووە، و بەرهەمهێنانی میوزیکاڵی بێگانەکان (٢٠٢٤)، خەڵاتی تۆنی بۆ باشترین فیلمی میوزیکاڵ بەدەستهێنا.

لە پاڵ کارکردنی لەفیلم، جۆولی خەریکی کارە مرۆڤایەتییەکانە، بۆ ئەوەش خەڵاتی جان ھەرشۆلتی مرۆڤایەتی پێدراوە، ھەروەھا شانازی قەدیس میخائیل و قەدیس جۆرج (DCMG) وەرگرتووە، لەگەڵ چەند خەڵاتی دیکەش. ئەنجلینا لە چەندین بوار کاردەکات، لەوانە ژینگە، پەروەردە، مافەکانی ژنان، و دیارترین کاریشی وەک کەسایەتی چاکەکار کاردەکات لەگەڵ کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR).
خوێندنەوەی زیاتر...


ئەیلوول

[دەستکاری]

ئانیلیس ماری 'ئانە' فرانک (ئەڵمانی: [ˈanəˌliːs maˈʁiː ˈfʁaŋk]، وەشانی کورت: [ˈanə ˈfʁaŋk] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)، ھۆڵەندی: [ˈɑnəˌlis maːˈri ˈfrɑŋk]؛ لەدایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩ – مردووی شوبات یان ئازاری ١٩٤٥) جوولەکەیەکی ئەڵمانی-ھۆڵەندی بوو، بەیەکیک لە باسکراوترین کەس لە ناو قوربانیانی ھۆڵۆکۆست دادەنرێت. بەنووسینەوەی یادەوەرییەکانی ناوبانگی لەدوای مردنی دەرکرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانی کچێکی گەنج (ناوە ڕەسەنەکەی: Het Achterhuis)، کە بەڵگەنامەی ژیانی خوشاردنەوەیەی بوو لە ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤، لەکاتی داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیا لەسەردەمی جەنگی جیھانیی دووەم. کتێبەکەی ئانە بەیەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی جیھان دادەنرێت، ھەروەھا بووەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک شانۆگەری و فیلم.

ئان لەدایکبووی فرانکفۆرت، ئەڵمانیایە بەڵام زۆربەی ژیانی لەناو یان ننزیک ئەمستەردام، ھۆڵەندا بەسەربردووە. ئانە تەمەنی چوار ساڵان بووە، کاتێک خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ھۆڵەندا، لەکاتی گەیشتنە دەسەڵاتی نازییەکان. لە ساڵی ١٩٤١، ھاوڵاتینامەی ئەڵمانی لێسەندرایەوە، بەمەش بووە کەسێکی بێوڵات. لە ئایاری ١٩٤٠، ئانە لە ئەمستەردام گیری خوارد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەلمانیای نازییەوە. لەدوای زیادبوونی مەترسی و کۆمەڵکووژی گەلی جوو، ئەوا ئانە لە ژوورێکی نھێنی خۆی شاردەوە، کە لە پشت کتێبخانەیەکدا بوو، ژوورەکە لە ھەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کە باوکی، ئۆتۆ فرانک کاری لێ دەکرد. لەوکاتەوە تاکوو گیرانی خێزانەکەی لەلایەن گێستاپۆکان لە ئابی ١٩٤٤، ئەو خەریکی نووسین و پاراستنی یادنامەیەکی بوو کە بەدیاری پێی درابوو، بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوام لێی دەنووسی. دوا بەدوای گیرانیان ئەوا خێزانی فڕاک برانە کەمپی زۆرەملێی نازییەکان. لە تشرینی یەکەم یان دووەمی ١٩٤٤، ئانە لەگەڵ خووشکەکەی مارگۆت، لە کەمپی ئاشڤیتز گواسترانەوە بۆ کەمپی بێرگن بیلسن، کە دوای چەند مانگێک، لەوێ مردن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی نزیککراوەی خاچی سوور، ئەوا لە مانگی ئازار مردن، دەسەڵاتی ھۆڵەندا مردنی ئەوانی بە ٣١ی ئازار وەک ڕۆژی فەرمی مردنی ئانە دانا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٥، بەپێی توێژینەوەیەکی خانەی ئانە فرانک ئەوا پێدەچێت مردنی لە مانگی شوبات بووبێت.

ئۆتۆ، تاکە ڕزگاربووی خێزانەکەی بوو، کە لەدوای جەنگ گەڕایەوە ئەمستەردام وە بینی یادەوەری ئانە لەلایەن سکرتێرەکەیەوە پارێزگاری لێکراوە، میپ گیس کە دواتر بە ھەوڵی ئۆتۆ وەک کتێب لە ساڵی ١٩٤٧ چاپکرا. یادەوەرییەکە بەزمانی ھۆڵەندی نووسرابوو، دواتر لە ساڵی ١٩٥٢ وەرگێڕانی بۆکرایە سەر زمانی ئینگلیزی و تا ئێستا بۆ زیاتر لە ٧٠ زمان وەرگێڕانی بۆکراوە.
خوێندنەوەی زیاتر...


تشرینی یەکەم

[دەستکاری]

پێترا یان بەترا شوێنەواری شارێکی مێژوویییە لە پارێزگای مەعان لە باشووری شانشینی ئوردونی ھاشیمی ھەڵکەوتووە. بەھۆی تەلارە داتاشراوەکانی لە شاخ و گاشەبەردەکانی لەگەڵ کەناڵە ئاوەڕۆیە دێرینەکانی ناوبانگی دەرکردووە. لەکۆندا پێیان دەگوت «پەمەیی» یان بە «شارە پەمەیییەکە» بانگیان دەکرد، کە ئەمەش بەھۆی ڕەنگی تاوێرەکانییەوە بوو.

شاری پێترا بەنزیکەیی ساڵی ٣١٢ی پێش زایین وەک پایتەختی نەبتیەکان دامەزرا. بۆ ماوەیەکی درێژ خاوەنی پێگە و بایەخێکی باڵا بوو، کە ئەمەش بەھۆی ھەڵکەوتەکەی بوو کە لەسەر ڕێگای ئاوریشم ھەڵکەوتبوو، و کەوتبووە نێوان شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیا، ئیسرائیل و میسر. شارەکە ڕۆڵێکی گرنگی لە کایەی بازرگانی شارستانییەتەکانی دەوروپشتی ھەبوو. شارەکە بە قەدباڵ و ڕووی کێوێکی لەتبوو ھەڵکەندراوە. لە کۆمەڵە کێوێکی تاوێری بەزیو، کە پێکھاتەکەی درێژەپێدەری ھەمان پێکھاتە بیابانییەکەی باکووری نیمچە دوورگەی عەرەبییە. بە دیاریکراوی دۆڵی عەرەبە، کە لە دەریای مردووەوە تاوەکو کەنداوی عەقەبە درێژ دەبێتەوە.

پاشماوەی شارەکە بۆ شوێنەوارناسان بەدرێژاییی ماوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بە شاردراوەیی مابوویەوە، تاوەکو لە ساڵی ١٨١٢، خۆرھەڵاتناسێکی سویسری بەناوی یوھان لۆدفیگ بێرکھارت ھات و دۆزییەوە. لە ساڵی ١٩٨٥، شوێنەواری شارەکە خرایە سەر میراتی جیھانی لە ڕێزبەندی شوێنەوارە مێژوویییەکانی ڕێکخراوەی یونێسکۆ. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٧، وەک یەکێک لە حەوت سەرسورھێنەرەکەی جیھان ھەڵبژێردرا.
خوێندنەوەی زیاتر...


تشرینی دووەم

[دەستکاری]

سەددام حوسێن عەبدولمەجید تکریتی (بە عەرەبی: صدام حسين المجيد التكريتي؛ ٢٨ی نیسانی ١٩٣٧ – ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦) کەسایەتییەکی سیاسیی عێراقی بوو، لە ماوەی ١٦ی تەممووزی ١٩٧٩ تا ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ پێنجەمین سەرۆک کۆماری عێراق بوو. سەددام ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی بەعس بوو، کە دواتر لقی عێراقی لێ جیاکرایەوە. بیروباوەڕی ئەو حیزبە تێکەڵەیەک بوو لە عەرەبیی نەتەوەیی و سۆسیالیزم. سەددام ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو لە کودەتای ١٩٦٨ی عێراق (دواتر ناوی نا شۆڕشی ١٧ی تەممووز)، کە بەھۆی ئەم کودەتایەوە حیزبی بەعس دەسەڵاتی گرتەدەست، و حکوومەتی عەبدولسەلام عارفی لە دەسەڵات ھێنایە خوارەوە.

سەددام وەک جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و ژەنەڕاڵ ئەحمەد حەسەن بەکر کاری دەکرد، لەو کاتەدا چەندین گرووپ وایان دانابوو کە دەست بەسەر حکوومەتدا بگرن، بەڵام سەدام ھێزێکی ئەمنی دروست کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و ھێزەکانی سوپا. لە سەرەتای حەفتاکان، سەددام نەوتی عێراقی بە نیشتمانی کرد و بانکە جیھانییەکان لە عێراق چوونە دەرەوە، ئەمەش دوابەدوای ڕووداوەکانی جەنگی ئێران و عێراق، شەڕی کەنداو و گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لەسەر عێراق. سەددام لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سیستمی نەوتی عێراق، ئەو کاتە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ئابووری عێراق بە ماوەیەکی خێرا. لەم کاتەدا پلە و پۆستەکانی وڵات بە سوننەی عەرەب پڕکرانەوە.

دوای ئەوەی چەندین ساڵ بەشێوەی دی فاکتۆ حوکمی عێراقی دەکرد، لە ساڵی ١٩٧٩ بەڕەسمی سەددام بووە سەرۆککۆماری عێراق. ئەو چەندین بزووتنەوەی کوردی و شیعەی سەرکوت کرد کە ھەوڵی خۆبەڕێوەبردن و سەربەخۆییان دەدا. سەدام عێراقی ڕووبەڕووی جەنگی ئێران و عێراق و شەڕی کەنداو کردەوە، شێوازی بەڕێوەبردنەکەی سەددام دیکتاتۆری بوو. ژمارەی عێراقییە کوژراوەکان لە ماوەی خزمەتی سەربازی بۆ حکوومەتەکەی سەددام، جینۆسایدەکان و زەبر و زۆردارییەکانی سەددام بە نزیکەی ٢٥٠ ھەزار کەس دادەنرێت. داگیرکاریی سەدام حووسێن بۆ سەر ئێران و کوێت، بەھەمان شێوە بووە ھۆی مردنی سەدان ھەزار کەس. سەدام لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨، بەھاوکاری ھێزە جەنگییەکانی بەڕیتانیا لە ھەڵەبجە بووە ھۆی کۆمەڵکوژییەکی گەورە و بە بۆمبی کیمیایی ٥ ھەزار کوردی بێتاوانی کوشت، جگە لە دەیان و سەدان و ھەزاران برینداری تاوانەکە کە تاوەکو ئێستا بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن.
خوێندنەوەی زیاتر...


کانوونی یەکەم

[دەستکاری]

کوردەکان نەتەوەیەکی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوینن. کوردەکان بە درێژایی مێژوو لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری دەریاچەی وان و ورمێ ژیاون، کە بەشێکە لە خاکەکەیان و بە کوردستان ناسراوە. کوردەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمیی کوردستانە. زمانەکە چەند شێوەزارێکی جیا جیای لێ دەبێتەوە، وەک کوردیی باکووری، کوردیی ناوەندی، کوردیی باشووری، لەگەڵ گۆرانی-زازایی. لە مێژوودا، کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێک لەو ناوچانەدا ھەبوو کە ئێستا دەکەونە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و، سووریا، بەتایبەت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. لە نێوان ململانێی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکان لەپێناو فراوانکردنی خاکەکەیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان، ھەر لە زووەوە ناکۆکی لەسەر ئەو ناوچەیە هەبووە کە کوردەکان تێیدا دەژیان.

کۆنترین بەرە کوردییە ناسراوەکان لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامدا (سەدەی ١٠–١٢) پێک ھاتوون لە حەسنەویان، مەروانی، ڕەوەندی، شەدادی، و ئەیووبی، کە لەلایەن سەڵاحەددینی ئەییووبییەوە دامەزرا. لە نێوان شەڕی عوسمانی و سەفەوییەکاندا دژ بە یەکتری، کوردەکان زۆرجار پشتی لایەنێکیان دەگرت. بۆ نموونە، لە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤دا، کوردەکان شانبەشانی عوسمانییەکان دژی سەفەوییەکان شەڕیان کرد، چونکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە پەیمانی سەربەخۆیی و ئاشتییان پێ درابوو. شەرەفنامە بە یەکەم نموونەی مێژووی کورد دادەنرێت. مێژووی کورد لە سەدەی ٢٠ بەدواوە بە ناسیۆنالیزمی کوردەکان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر سایەی پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠ ناسراوە.

لەکاتی ھەوڵ و کۆششی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی، توانراوە چەند جارێک سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنرێ. لە ساڵی ١٩٢٣–١٩٢٩، کوردستانی سوور لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووەوە دامەزرا و بۆ ماوەی ٦ ساڵ مایەوە. لە ساڵی ١٩٢٢دا، شانشینی کوردستان لەلایەن شێخ مەحموودی حەفیدەوە دامەزرا و تاکوو ٢ ساڵ مایەوە. لەکاتی شەپۆلی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٧، کۆماری ئارارات لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری مەھاباد لەلایەن قازی محەممەدەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام تەمەنی تەنیا ١١ مانگ بوو. لە ساڵی ١٩٩١ەوە، ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دامەزراوە و زمانی کوردییش زمانی فەرمی ھەرێمەکەیە. باکووری کوردستان ھێشتا لەگەڵ ھێزە تورکەکان لە ناکۆکیدان. ھێزە کوردەکانی باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤–١٩٩٩ لەگەڵ ھێزە تورکەکان لە شەڕدا بوون و، ناوچەکە لە ٢٠٠٠ بەدواوە ناسەقامگیرە.
خوێندنەوەی زیاتر...