یوھان لۆدفیگ بێرکھارت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

بێرکھارت یان جۆن لویس بێرکھارت گەڕیدە و مێژوونووسێکی سویسرایی بوو.

گەشەسەندن و گەشتەکان[دەستکاری]

یوھان لۆدفیگ بێرکھارت لە ساڵی ١٧٨٤ لەباوکێکی سویسری و دایکێکی ئینگلیزی لەدایک بوو، لە ساڵی ١٨٠٦ ماڵیان دەگوازنەوە بۆ لەندەن بەھۆی داگیرکردنی سویس لەلایەن ناپلیۆنەوە، ئەوکاتیش لەندەن گرنگی زۆری بە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەدا، فەڕەنساش لەم بوارە ڕکابەری بوو، بێرکھارت پەیوەندی بە کۆمەڵەی شاھانەوە دەکات بۆ دۆزینەوە جوگرافیەکان لە ئەفریقا.

لەکۆمەڵەکە وانەی زانستەکانی جوگرافیا و زانیاریەکانی سەر ئەفریقا دەخوێندرا بەڵام بێرکھارت لەنێوان ھەموو زانیاریەکاندا سەرنجی بۆ ئاینی ئیسلام ڕادەکێشرێت بەتایبەت دوای سەرھەڵدانی شانشینی سعودیا لە١٧٤٤ز، بۆیە بێرکھارت بڕیار دەدات دەست لە کۆمەڵەکە بکشێنێتەوە و پەیوەندی بە زانکۆی کامبریج بکات بۆ خوێندنی زمانی عەرەبی. دواتر چوو بۆ ئەفریقا و لەوێوە لەگەڵ کاروانی حاجیانی ئەفریقا بەرەو خۆڕھەڵات کۆچی کرد لەژێرناوی حاجی ئیبراھیم ئەلبانی، دواتر چوو بۆ حەلەب و زیاتر قوڵ بۆوە بەناو زمانی عەرەبیدا و پەیوەندی کرد بەھۆزەکانی عەنزە لە وڵاتی شام، لە ساڵی ١٨١٢ سەردانی میسری کرد و پەیوەندی کرد بە محەممەد عەلی پاشا کە سەرپەرشتی ولایەتی میسری عوسمانی دەکرد، ھەروەھا ڕاسپێردرابوو بە جەنگ دژی ئال سعود، بۆیە بێرکھارت ھاوەڵی کرد لەجەنگی دژ بە سعودیەکان، لەماوەی ساڵانی ١٨١٤ بۆ ١٨١٦ لە بیابانی نێوان مەککە و مەدینە، بێرکھارت لەم ماوەیە ھەستی بە ستەم و ڕەگەزپەرستی تورکەکان کرد و قینی لێیان ھەڵسا، زۆڕ عەرەبەکانی بەدڵ بوو و خۆشی دەویستن بەتایبەت ھۆزی حەرب و عەنزە و بەقوم. بێرکھارت سەرجەم زانیاریەکانی کۆکردەوە و لەژێڕناوی (گەشتەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی) بڵاوکردەوە لەگەڵ (مێژووی وەھابیەکان) و (تێبینی وەھابیە دەشتەکیەکان). لەدوایین پەرتووکی نەتەوەی ئال سعود بە نەتەوەی وەھابی نیشان دەدات و سەرکردەی وەھابیەکان بە کەسێکی دادپەروەر دژبەستەم دەناسێنێت.

دۆزینەوەی پێترا[دەستکاری]

شاری پێترای مێژوویی لە ساڵی ١٨١٢ لەسەر دەستی بێرکھارت دۆزرایەوە. [١]. وەک موسڵمانێکی ھیندی سەردانی پێترای کرد بە جلوبەرگێکی موسڵمانانە، بەئامانجی بەخشینی قوربانی بۆ سەر گڵکۆی پێغەمبەر ھارون؛ دانیشتوانی ناوچەکەش پێشوازیان لێکرد و ڕێنیشاندەری بوون بۆ شارە پەمەییەکە. لە ساڵی ١٨٢٨پەرتوکێکی چاپ کرد لەژێڕناوی (گەشتەکانی سوریا و ماڵەپیڕۆزەکان) کە وێنەیەکی پێترای لەسەر بەرگی پەرتووکەکەی چاپ کردبوو.

مردن[دەستکاری]

بێرکھارت بڕیاریدا بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی بەڵام لە ڕێگا لە یەنبع نەخۆش دەکەوێت، بەھەرجۆرێک بێت بەسەرخۆی زاڵ دەبێت بەردەوام دەبێت تاوەکو بیابانی سینا دەبڕێت و دەگاتە میسر کەماوەی دوو مانگی پێ دەچێت و لە ساڵی ١٨١٧ لەمیسر بەنەخۆشی ھەناو کۆچی دوایی دەکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]