پارێزگای سەلاحەددین
| پارێزگای سەلاحەددین | |
|---|---|
| ناو بە زمانی فەرمی | صلاح الدين |
| وڵات | عێراق |
| پایتەخت | تکریت |
| دابەشکاریی کارگێڕی | عێراق |
| پۆتانی شوێن | ٣٤°٢٧′٠″N ٤٣°٣٥′٠″E |
| نووسینگەی بەڕێوەبردن | Governor of Saladin |
| دانیشتووان | ١٬٣٣٧٬٧٨٦ |
| زمانەکان | کوردیی ناوەندی، زمانی عەرەبی |
| ڕووبەر | ٢٦٬٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە |
![]() | |
پارێزگای سەلاحەددین (بە عەرەبی:محافظة صلاح الدین)یەکێکە لە ١٩ پارێزگاکەی عێراق، دەکەوێتە باکووری بەغدا. ڕووبەرەکەی ٢٤٬٣٦٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، و ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە ١٬٠٤٢٬٢٠٠ کەس مەزەندە کراوە. لە ٨ قەزا پێکدێت و ناوەندەکەی شاری تکریتە. پێش ساڵی ١٩٧٦ ئەم پارێزگایە بەشێک بوو لە پارێزگای بەغدا.
پارێزگاکە بە ناوی سەرکردەی موسڵمانی کورد سەلاحەددینی ئەییووبییەوە ناونراوە، کە خەڵکی ئەم پارێزگایە بووە. ئەم پارێزگایە زۆرینەی سوننەن و ھەروەھا شوێنی لەدایکبوونی سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراقە، لە گوندی عەوجە. پارێزگای سەلاحەددین، کە قەڵایەکی نەریتی سەددام و ھۆزی ئەلبووناسرە و دەکەوێتە دڵی سێگۆشەی سوننەوە، لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ھاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، بووەتە ناوەندێکی یاخیبوون، ڕکابەریی ھۆزەکی و توندوتیژیی سیاسی و تائیفی.[١]
مێژوو
[دەستکاری]پارێزگای سەلاحەددین ژمارەیەک شوێنی گرنگی ئایینی و کولتووری لەخۆدەگرێت. سامەڕا، گەورەترین شاری پارێزگاکە، شوێنی مەرقەدی عەسکەرییە (شوێنێکی ئایینی گرنگ لە ئیسلامی شیعەدا کە ئیمامی دەیەم و یازدەیەمی شیعەکانی لێ نێژراوە)، ھەروەھا مزگەوتی گەورەی سامەڕا بە منارە بەناوبانگەکەیەوە (مەلویە). ھەروەھا مزگەوتێکی کۆنی زەنگییەکانیشی تێدایە.
سامەڕا لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا پایتەختی خەلافەتی عەباسی بووە، و ئەمڕۆ سامەڕای عەباسی یەکێکە لە شوێنەوارە جیھانییەکانی یوونێسکۆ.
شاری ئاشووری کۆنی ئیمپراتۆریەتیی ئاشووری نوێ، ئاشوور، دەکەوێتە قەزای شەرگات لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە. شوێنەوارەکانی تری پارێزگاکە بریتین لە قوبەی خاچپەرستان لە باکووری سامەڕا و کۆشکی عاشق. ئەمڕۆ، پارێزگای سەلاحەددین دانیشتووانێکی ھەمەجۆری لە عەرەب، کورد، تورکمان و ئاشووری ھەیە.
لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤، پلانی لەلایەن سەرۆک وەزیران نووری مالیکییەوە ڕاگەیەندرا بۆ بەپارێزگاکردنی قەزای دووزخورماتوو بەھۆی زۆرینەی تورکمانییەوە؛ بەڵام، ئەم پلانانە جێبەجێ نەکراون.[٢][٣]
ئۆتۆنۆمی
[دەستکاری]لە تشرینی یەکەمی ٢٠١١، ئیدارەی پارێزگاکە خۆی وەک ھەرێمێکی نیمچە-سەربەخۆ ڕاگەیاند، و ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕاگەیاندنە لە وەڵامی "زاڵبوونی حکوومەتی ناوەندی بەسەر دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا" بووە. سەلاحەددین، کە پارێزگایەکی زۆرینە سوننەیە، ھیوای ئەوەشی دەخواست کە بە ڕاگەیاندنی خۆی وەک ھەرێمێکی سەربەخۆ لەناو عێراقدا، بەشێکی گەورەتری لە بوودجەی حکوومەت بەدەستبھێنێت. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بە "ماددەی ١١٩ی دەستووری عێراق" کرد لە بانگەوازەکەیدا بۆ ئۆتۆنۆمی، کە دەڵێت "یەک یان زیاتر لە پارێزگاکان مافی ئەوەیان ھەیە خۆیان لە ھەرێمێکدا ڕێکبخەن" ئەگەر یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا یان یەک لەسەر دەی دەنگدەران داوای پێکھێنانی ھەرێمێک بکەن".[٤][٥]
قەزاکانی پارێزگای سەلاحەددین
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Iraq: No end to violence in Saddam's home province - Iraq | ReliefWeb». reliefweb.int (بە ئینگلیزی). ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «Iraqi Council of Ministers approved new provinces of Tuz Khurmatu and Tal Afar». www.ekurd.net. لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٠ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «محتجون يتظاهرون في طوزخورماتو ضد القصف التركي». شفق نيوز (بە عەرەبی). لە ڕەسەنەکە لە ٧ی ئابی ٢٠١٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ Laith Hammoudi, McClatchy Newspapers. «Saddam's home province declares regional autonomy in Iraq | McClatchy». www.mcclatchydc.com. لە ڕەسەنەکە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ ali، xoshbin. «Baghdad tries to cancel demands of Diyala Province». www.kurdsat.tv. لە ڕەسەنەکە لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
