سەعید قەزاز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سەعید قەزاز

سەعید قەزاز لە ساڵی ١٩٠٤ لە ناحیەی خورماتوو لە دایک بووە. لە ١٩٢٤ دا بوە بە کاتب لای (کاپتن لاین) موفەتیشی ئیدارەی ئینگلیز لە سلێمانی ھەتا شۆڕشی چواردەی تەموز. کۆمەڵێک وەزیفەی ئیداری بینیوە. لەوانە بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ, قایمقامی ھەڵەبجە و زاخۆ, موتەسەڕیفی ھەولێر,کوت، کەرکووک و موسڵ. ھەروەھا وەزیری ناوخۆی عێراق بوە لە کاتی حوکمی مەلەکیدا. دوای شۆڕشی عبەدولکەریم قاسم خۆی تەسلیمی شۆڕش ئەکات و بە دیل ئەگیرێت و لە ١٩٥٢/٢/٤ مەحکەکەی سەورە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند لەم کاتەشدا زۆر جار وتە بەناوبانگەکەی دووبارە ئەکرێتەوە کە ووتی (کاتێک بەرەو داری سێدارە ھەنگاوئەنێت و مردن نزیک بۆتەوە ئەو چەندەھا کەس لە ژێر پێیەوە دەبینێت کە ئیستیحقاقی ژیانیان نیە). سەعید قەزاز سەر بە ھیچ پارت و گروپێکی سیاسی نەبووە و بە ھۆی لێوەشاوەیی خۆیەوە ئەو پۆستانەی وەرگرتوە.[١]

ژیاننامە[دەستکاری]

سەعید قەزاز لە ژیانیدا پلەی جۆراوجۆری هەبووە، کە ئەمانە بوون: فەرمانبەری بەڕێوەبەریی پشکنینی ئیداری لە سلێمانی، بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ، گوێزراوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێش بەڕێوەبەری ناحیە بووە، پاشان کراوە بە قایمقامی قەزای زاخۆ، گوێزراوەتەوە بۆ شاری بەغداد و کراوە بە بەڕێوەبەری ناوخۆی گشتیی، دوای ئەوە کراوە بە موتەسەریف (پارێزگار)ی لیوای ئەربیل ئەوجا لیوای کوت، هەروەها لیوای کەرکوک، دوای ئەوەش کراوە بە موتەسەریفی لیوای موسڵ. ساڵی ١٩٥٢ پلەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی پێ دراوە، ساڵی ١٩٥٣ یەکەم کەسی عێراقی بووە، کە پلە و پایەی بەڕێوەبەری بەندەرەکانی عێراقی دراوەتێ، دوای ئەوەی کە ئەو پلە و شوێنە لە ساڵی ١٩١٩ـەوە ئینگلیزەکان بۆ خۆیان قۆرخیان کردبوو؛ سەعید قەزاز لەو شوێنەی ئەمێنێتەوە تا ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٥٤. پاشان ئەکرێ بە وەزیری ناوخۆ لە وەزارەتی حوکومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا تا دوا حوکومەتی سەردەمی پادشایی عێراق. دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨، بە ویستی خۆی خۆ بەدەستەوە ئەدا، چەند تاوانێکی ئەخریتە پاڵ، وەکو: سەندنەوەی ڕەگەزنامە لە ژمارەیەک کەسی عێراقی و فەرماندان بە تەقەکردن لەوانەی دژی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا، خۆپیشاندانیان کردبوو. پێش ئەوەی لە دادگای مەهداویدا حوکمی لە سێدراەدانی بەسەرا بدرێ، ئەڵێ:

"من ئەزانم، ئێوە بڕیاری مەرگم بەسەرا ئەدەن، بەڵام کاتێ من ئەچمە سەر سێدارە، لە ژێر پێمدا کەسانێک ئەبینم، شایستەی ژیان نیین."

سەعید قەزاز کە ئەو هەواڵەی پێ ئەگات، ژنەکەی خەریکە بۆی تێ بکەوێت، حوکمەکەی لەسەر سووک بکەن، نامەیەکی بۆ ئەنێرێ، ناوەرۆکەکەی ئەوە ئەبێ، با خۆی بۆ بێوەژنی ئامادە بکا و تەڵاقی کەوتبێ، ئەگەر بکەوێتە هەوڵدان بۆ سووککردنی ئەو حوکمەی بەسەریا دراوە. ڕۆژی ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٥٩، سەعید قەزاز لە سێدارە درا.[٢]

مام جەلال لە وەسفی سەعید قەزاز[دەستکاری]

سەعید قەزاز کەڵەپیاوێکی کوردی کۆنەپەرستی خاوەن عەقیدەی خۆیی و خاوەن بیرو باوەڕی کۆنەپەرستانەی خۆی بووە. بەڵام دلێر و جوامێر بوە و پیاوێکی خۆڕسکی خۆپەروەردە، واتا خۆی خۆی پێگەیاندوە. ڕاستە تۆفیققەزازی مامی لە ھەموو ڕویەکەوە یارمەتی داوە، ھەتا لە ژیانی لە گوزەرانی شەخسی یارمەتی داوە. بەڵام خۆی لە بواری کاری سیاسی کۆمەڵایەتیدا خۆی پەروەردە کردوە.

من پێم وایە سەعید قەزاز نە جاسوس بوە نە نۆکەری بێگانە بەڵام باوەڕی بەوە ھەبووە بە بێ ئینگلیز ھیچ ناکرێت، وەکو کورد کە لەناوچەوانی نووسراوە نابێتە دەوڵەت. لەبەر ئەوە پێی وابووە کە کورد ئەبێت بخوێنێت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای خوێندنەوە بەدەست دێت.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا مام جەلال، دیداری تەمەن لە لاوێتیەوە بۆ کۆشکی کۆماری - لاپەڕە ٣٧٩ (ئامادەکردنی - سەڵاح ڕەشید)
  2. ^ وەرگیراوە لە ویکیپێدیای زمانی عەرەبیەوە