ھۆمیرۆس

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
هۆمیرۆس
Homer

پەیکەری سەری هۆمیرۆس.
لەدایکبوون سەدەی ٨ پ.ز
نەتەوە یۆنانی
کتێبەکان ئیلیادە و ئۆدیسە

ھۆمیرۆس (بەگریکیی کۆن: Ὅμηρος، Hómēros، بەئینگلیزیی: Homer)، ھۆنراوەنووسێکی گریکی بەناوبانگ و نووسەری ھەردوو داستانی بەناوبانگی ئەلیادە و ئۆدیسا، ھەستا بە بەنەمرکردنی شەڕی تەڕوادە بەشێوەی ھۆنراوە بە شێوەیەکی زۆر ورد و پاراو، کە پێدەچێت روویدابێت لەدەوروبەری ساڵی ١٢٥٠ پ.ز. بەوەشەوە رانەوەستا تا داستانێکی ھۆنراوەیی تری نووسی، کە باس لە بەسەرھاتەکانی ئۆدیسیۆس دەکات لەکاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی خۆی، لەدوای کەوتنی تەڕوادە لە سەدەی سیانزدەھەمی پێش زایین. ئەلیادە بە رەوانبێژییەکی روون و ئاسان ناسراوە، لەگەڵ تێکەڵکردنی بە رەوانبێژییەکی زۆر بەھێزی زمانەوانیی، ھەروەھا پیشاندانی وێنەیەکی تەواو، لە سیما تایبەتییەکانی بوو، لەگەڵ باش لێکچوواندن و تەکنیکی وێنەیی درووستکراو لە ھزردا، کە بەپێی ئاماری وەرگێرەکان گەیشتۆتە سەد و نەووەت لێکچوواندن. مێژوونووسان کۆکنین لەسەر سەردەم و کاتی ژیانی ھۆمیرۆس، ھەندێکییان ھەن دەڵێن بەشداری شەڕی تەڕوادەی کردووە و ھاوسەردەمی بووە، یان بابڵێین لە سەدەی سیانزدەھەمی پێش زاییندا ژیاوە، بەڵام زۆرینەی قسەکان ئەوە دەگەیەنن کە لە سەدەی ھەشتەم یان دەیەمی پێش زاییندا ژیاوە، یان بڵێین لەسەردەمی شەڕی تەڕوادەدا نەژیاوە، چوونکە گەر بەشداری شەڕەکەی بکردبایە، ئەوا دەبوو ناوی ھەبوایە لەنێو لیستی ئەو کەسانەی کە بەشداری شەڕی تەڕوادەیان کردووە.

لەسەدەی ھەشتی پێش زایین ژیاوە ئەوەی لەبارەی ھۆمیرۆسەوە زانراوە ، شاعیرێکی ھەرە گەورەی گریک بووە خاوەنی دوو داستانە بەناوبانگەکەی ( ئیلیادە ) و ( ئۆدێسە ) بووە و ، ھەشت سەدەیەک بەرلەزایین ژیاوە و بەرھەمی شیعری داستانی بڵاوکردۆتەوە . بەڵام لەسەرێکی تریشەوە ئەو ( ھۆمیرۆس ) ە کێشەیەکی زۆری لەناو ڕەخنەگرانی ئەدەب ناوەتەوە . لەو کاتەی کە ڕەخنەگرانی سەدەی نۆزدەھەم لەو ڕایەدابوون کە ھۆمیرۆس ھەر نەبووە و دوو داستانەکانیشی دانەناون . کەچی ھەموو ڕەخنەگرانی سەدەی بیستەم ھاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەی کە ھۆمیرۆس بووە و ژیاوە ، لەھەندێ سەرچاوەشدا ئەوەش دەگوترێ کە ھۆمیرۆس پیاوێکی کوێری ھەژاری کڵۆڵ بووە و لەسەردەمی پیریدا شارە و شار گەڕاوە و لەسەر ئاوازی ڕەبابە شیعرەکانی داستانەکانی ( ئیلیادە ) و ( ئۆدیسە )ی بەگۆرانی گووتوە ! . شیعرەکانی ئەم دوو داستانەی ھۆمیرۆس دەورێکی تەواویان بووە لە پێشخستن و گەشەکردنی ئەدەبی گریکی ئەو سەردەمە و کاریگەرییەکی تەواویان کردۆتە سەر ڕۆشنبیری و زانیاری و ڕەوانبێژی ئەو گەلە کۆنە و بونەتە پێوانەیەکی ڕاست و دروستی ڕەخنەی ئەدەبی . سەبارەت بەو دەورە گرنگەی ھۆمیرۆس لەئەدەب و زمانی گریکدا زۆر لە شارەکانی یۆنانی کۆن بەشاعیری خۆیان داناوە و خەڵکەکەیان گوتوویانە لە شاری ئێمەدا لەداییک بووە و ژیاوە و ناودارترینی ئەو شارانەش : ئەسینا و ئیزمیر و خێوس و کۆلۆفۆن بوون . داستانەکانی ( ئیلیادە ) و ( ئۆدیسە ) لەناو ئەدەبی جیھانیدا پایەکی بەرز و دیارییان ھەیە و بریتین لەھەواڵی ڕووداوەکانی جەنگی پڕ کوشت و بڕ و زەبر و زەنگی ( تەڕوادە ) و ئازایەتی و قارەمانیەتی جەنگاوەر و قارەمانەکانی ئەو جەنگە لە قاڵبی حیکایەتی سەرسوڕھێنی خۆش و دڵگیر بەشیعر داڕشتوون و بە جوانی و ڕێباز و ڕەوشت و خووی گریکەکانی ئەو سەردەمە زووە دەردەبڕن . ئیلیادە : بریتییە لە چیرۆکی چەند ھەفتەیەکی ئابڵۆقەدانی شاری ( تەڕوادە ) لەلایەن گریکەکانەوە ، بەشیوەیەکی جوان و کاریگەر باسی ئەو شەڕە دەگێڕێتەوە و بە کورتیش مێژووی ٩ ساڵەکەی جەنگی سامناکی نێوان گریک و تەڕوادە دەردەبڕێت و کە پێکھاتووە لە ٢٤ سروودی دوور و درێژ ھەریەکەشیان لایەنێکی جەنگەکە و ئابڵوقەدانەکەی شاری تەڕوادە دەگێڕێتەوە . بەڵام داستانی ( ئۆدێسە ) ھەواڵی جەنگ و فیداکاری قارەمانێتی لە ڕادەری ( پۆلیس )ی جەنگاوەری قارەمانی گریک دەگێڕێتەوە لەکاتی گەڕانەوەی لەو جەنگە قڕکەرە بۆ شار و ماڵەکەی خۆی و ، ئەم داستانەش بریتییە لە ٢٤ بەش یا سرودی دوور و درێژ و ھەریەکەیان بە لایەنێکی ڕووداوە سەرسوڕمێنەکانی دەگێڕێتەوە . سەبارەت بەو دوو داستانە بەرزە ، ( ھۆمیرۆس ) بەیەکەم شاعیری گریک و بەناوبانگترین شاعیری داستان دادەنرێت و ئەم دوو شاکارەیشی نمونەی بەرزی شیعری ڕەسەنی داستانن چونکە بەشێوەیەکی جوان و ناسک و بەدەربڕینی ساکاری پڕ لە جوانکاری داڕشتراون بۆیە ئێستاشی لەگەڵدابێت لەنرخ نەکەوتوون و ناوی خۆیان و ناوی ( ھۆمیرۆس)یان بە نەمریھێشتۆتەوە