محەممەد
ئەم وتارە سەبارەت بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە موحەمەد (ڕوونکردنەوە).
| موحەمەد کوڕی عەبدوڵڵا | ||
|---|---|---|
| پێغەمبەر موحەمەد | ||
| «ئەحمەد، ئەبووقاسم، ئەبووتەییب، پێغەمبەری گەڕانەوە، پێغەمبەری بەزەیی، پێشەوای بەنی ئادەم، خۆشەویستی ڕەحمان، موختار، موستەفا، موجتەبا، سادق، مەسدووق، ئەمین، خاوەن شەفاعەت و پێگەی بەرز، خاوەن چاکە و پلەی بڵند، خاوەن تاج و میعراج، پێشەوای لە خواترسان، پێشەوای نێردراوان، پێغەمبەری نەخوێندەوار، پێغەمبەری خوا، دوایین پێغەمبەر، پێغەمبەری مەزن، چرایەکی ڕوناک،نوور ،میهرەبان،....هتد» | ||
| لەدایکبوون | ڕەبیعولئەوەل ٥٢ی پێش کۆچی / نیسان ٥٧١ز مەککە |
|
| کۆچی دوایی | ڕەبیعولئەوەل ١١ی کۆچی / حوزەیران ٦٣٢ز مەدینە |
|
| ڕێزلێنراوە بە | ئیسلام بەهائی |
|
| ناردن | ڕەمەزان ١٢ پ.ک / ئاب ٦١١ز, ئەشکەوتی حەراء لە مەککە | |
| شوێنگەی سەرەکی | حوجرەی عائیشە لە مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە | |
| مێژووی یادەوەری | ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی هەموو ساڵێکی کۆچیی | |
| هێماکان | قورئان | |
| شەفیعە بۆ | هەموو خەڵک | |
| نەژاد | لە عەرەبە لە قوڕەیش لە نەوەی ئیسماعیل کوڕی ئیبراهیم دایکی ئامینەی کچی وەهب باوکی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدول موتەلیب دایکی بە شیری حەلیمە سەعدی، و سۆیبە باوکی بە شیری حارس کوڕی عەبدول عیز خوشک و براکانی بە شیری حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب (مامی)، و ئەبووسەلەمە کوڕی عەبدئەسەد، و ئەبووسوفیان کوڕی حارس (کوڕی مامی)، و عەبدوڵڵا کوڕی حارس، و شەیما کچی حارس، و ئەنیسە کچی حارس خێزانەکانی خەدیجە کچی خوەیلد، و سوودە کچی زمعە، و عائیشە کچی ئەبووبەکر، و حەفسە کچی عومەر، و زەینەب کچی خزیمە، و ئوم سەلەمە، وزەینەب کچی جەحش، و جوبریە کچی حارس، و ماریە قبتی، و ئوم حەبیبە، و سەفییە کچی حەیی، و مەیموونە کچی حارس کوڕەکانی قاسم، و عەبدوڵڵا، وئیبراهیم کچەکانی زەینەب، و ڕوقەیە، و ئوم کەلسوم، و فاتیمە |
|
| مۆر | ||
موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب، موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و پەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و لەو باوەڕەدان کە باشترینی دروستکراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا ئەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە« دروودی خوای لێبێت»، کە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێئەکات سڵاواتی لەسەر بدەن. نووسەری یەهوودی مایکل هارت لە دانانی کتێبی مەزنترین ١٠٠ کەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەدی داناوە بە بە مەزنترین کەس[١] بەو بڕوایەی «کە تەنها کەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی و ئەڵێت موحەمەد کاریگەرییەکی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێهێشتووە، ئەمەش دەردەکەوێت لە یادکردنەوە و شوێن پێ هەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەکانی، و هەروەها لە هەستانیان بە لەبەرکردنی ووتە و هەڵس وکەوت و سیفەتەکانی».
لە دایک بووە لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی[٢]، پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی کۆچی دوایی کردوە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست ئەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، کە لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی ئەبێت، پاشان بازرگانی ئەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجەی کچی خوەیلد، کە دایکی ھەموو مناڵەکانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.
لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردۆتەوە کە لەو کاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەککەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگای خوای پێ گەیشتووە کاتێک لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد پاشان دە ساڵی لە مەککە بە سەر برد بە بانگ کردنی خەڵکەکەی و بازرگان و حەجاجەکانی ئەهاتنە مەککە، و لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیش کەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت ئەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، کە دواتر فراوان بوو و مەککە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەکانی گرتەوە، و بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئاینی یەکتاپەرستی و لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا[٣][٤] .
پێرست |
سەرچاوەکانی ژیاننامەی [دەستکاری]
لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژوودا، بۆیە ژیان و کاروبار و بیروباوەڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان لێدوانی لەسەر کراوە لەلایەن لایەنگران و نەیارەکانی بە درێژایی سەدەکان. موسڵمانان لە کۆن و نوێدا گرنگییان داوە بە ژیاننامەکەی بەوەی بە پەیڕەوێکی کرداری دادەنرێت بۆ ئیسلام، زانایانی ئیسلام دانراوی زۆریان لەسەر داناوە و هەموو شتێکی پەیوەندیداریان پێوەی نوسیوەتەوە[٥].
قورئان [دەستکاری]
قورئان بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەد، دێرینترن و باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی ژیاننامەی پێغەمبەرە، لەبەرئەوەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی موحەمەد خۆی و هەموو موسڵمانان یەک نوسخەی قورئان کۆیان ئەکاتەوە لەگەڵ جیاوازی کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی قورئان هەموو ژیاننامەی موحەمەد لە خۆناگرێت، بەڵام چەند ئاماژەدانێکی تیایە بۆ ژیانی بە دەربڕینی ئاشکرا بێت یان بە ئاماژەدان. هەندێک لە سیفەتەکانی باسکراوە لەگەڵ بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی، ڕەوشت و تایبەتمەندییەکانی، و باری دەروونی، و هەندێک شت لە بارەی غەزووەکانیەوە باسکراوە.
کتێبی فەرموودە [دەستکاری]
ژیاننامەی پێغەمبەر بەشێکی فراوانی گرتووە لە کتێبەکانی فەرموودەدا، هەموو ئەوانەی کتێبیان لە فەرموودەدا داناوە، بەش و دەروازەی تایبەتیان داناوە لەسەر ژیانی پێغەمبەر موحەمەد، و بانگەوازەکەی، و هاوەڵەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە پێی کات ڕیزبەند نەکراوان، لەبەرئەوەی ئەوان مەبەستیان کۆکردنەوەی ووتەکانی موحەمەد و کردار و فەرمان و حوکمەکانی بووە.
زانایامی موسڵمان کۆکن لەسەرئەوەی کە ناودارترین و دێرینترین کتێب لەبارەی هەواڵی ژیاننامەی پێغەمبەرەوە مۆتەی مالیکە، پاشان سەحیحی بوخاری و دواتر سەحیحی موسلیم کە بەشێکی زۆریان لە ژیانی موحەمەد باسکردووە.
کتێبەکانی ژیاننامە (سیرە) [دەستکاری]
کتێبەکانی سیرە و ژیاننامە لە قۆناغێکی دواتر لە کتێبەکانی فەرموودە نوسراون، هاوەڵەکان گرنگییان ئەدا بە گێڕانەوەی ژیاننامەکەی بە دەمی، یەکەم کەس کە گرنگی دا بە نوسینەوەی ژیاننامەکەی عەروەی کوڕی زوبەیر بوو. لە دواتردا موحەمەد کوڕی ئیسحاق دێت لە نووسینەوەی ژیاننامەی موحەمەددا بە تەواوی و شارەزایان بە ڕاسترین کتێبی سیرەی دادەنێن لەو سەردەمەدا.
سەرچاوەکانی تر [دەستکاری]
کتێبەکانی شەمائل بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەددا، ئەمانەش ئەو کتێبانەن کە دانەرەکانیان گرنگییان داوە بە باسی ڕەوشتی موحەمەد و خوو ڕەوشت و سیفەتەکانی، و هەڵس و کەوتی لە شەو و ڕۆژدا، و ڕەوشتەکانی.
هەروەها کتێبەکانی دەلائل بە یەکێکی تر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیاننامەکەی دادەنرێن، ئەمەش ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە بەڵگە و نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی موحەمەد ئەسەلمێنێت بە پێی بیروباوەڕی موسڵمانان. زۆر کتێب لەم بوارەدا دانراون و ناودارترینییان بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی بیهقییە.
هەروەها چەندین جۆری تر سەرچاوە هەیە، وەک کتێبەکانی تەفسیری قورئان و هۆکانی هاتنە خوارەوە.
کورتەیەکی مێژوویی [دەستکاری]
| بەشێکە لە زنجیرەیەک |
| بیروباوەڕ |
| مێژووى ئیسلام |
|
سەردەمی پێغەمبەرایەتی · خەلافەتی ڕاشدین |
| کەسایەتیە ئیسلامیەکان |
| شەریعەتى ئیسلامى |
| تائیقە ئیسلامیەکان |
| شارستانیەتى ئیسلامى |
| مزگەوتەکان |
| شارە ئیسلامیەکان |
| سەیرى ئەم بابەتانەش بکە |
لە ڕووی سیاسییەوە، نیمچەدوورگەی عەرەبی لێک هەڵوەشابوو، نە دەوڵەتێک یەکی ئەخست و نە حکومەتێک بەڕێوەی دەبرد، دەوڵەتە دێرینەکانی کە لە یەمەن و نەجد و دەورووبەری عێراق و شام بوون لێک هەڵوەشابوون، و ژیانی کۆچەری دەستی بەسەر شارەکانی حیجازدا گرتبوو، و هۆزەکان یەکەی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.
لە ڕووی ئابووریەوە، دەشتەکییە عەرەبەکان پشتیان بە شوانکارەیی و کۆچکردن ئەبەست بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، ئەمەش بوو بووە هۆی شەڕ بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکان، بەڵام لە شارەکاندا چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبوو، مەککە چالاکی بازرگانی تێیدا باڵادەست بوو و ڕێگەی بازرگانی نێوان شام و یەمەنی بەڕێوە ئەبرد، بەڵام مەدینە کشتوکاڵ تێیدا لەبرەودا بوو بە هۆی باخی میوە و خورما و ترێوە.
عەرەب دیناری بیزەنتی و دەرهەمی فارسییان بەکاردەهێنا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە مەدینە ناسرابوو بە داڕشتنی جوانکاری زێڕ و زیو، لەگەڵ دروستکردنی شمشێر و تیر و ڕم و زرێپۆش، هەروەها لە شارە عەرەبیەکاندا ئاسەنگەری و زەڕەنگەری و دەباغچییەتی و چنین پەرەی سەند، هەروەها عەرەب چەند جۆرێک مامەڵەی داراییان ئەزانی وەک قەرز و ڕەهن و باج.
لە ڕووی ئایینییەوە، بت پەرستی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی، خواوەندێکیان ئەپەرست کە وەک بت دروستکران لە بەرد و تەختە، ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٦٠ بت لە دەوری کەعبە، ئەو هۆزانە ئەیانپەرستن کە ئەهاتن بۆ حەج و قوربانی و نەزریان بۆ ئەکردن، لەگەڵ ئەمانەشدا چەند دروشمێکیان لە پاشماوەی ئاینی ئیبراهیم بۆ مابوویەوە وەک بەرز ڕاگرتنی کەعبە، و سەردان کردنی، و حەج و عومرە، لە هەمان کاتدا چەند تاکێک هەبوون کە لەسەر ڕێبازی ئیبراهیم و ئیسماعیل بوون بە تەنها و ناسرابوون بە حەنەفییەکان، هەروەها چەند ئاینێکی تر هەبوو بە شێوەیکی دیاریکراو وەک یەهوودی لە یەمەن و مەدینە، و مەسیحییەت لە نەجران و حیرە و دەوروبەری شام، و هەروەها بڵاوبونەوەیەکی دیاریکراوی ئاگرپەرستی هەبوو کە لە ئێرانەوە هاتبوون[٦].
نەژادی [دەستکاری]
ئەبووقاسم موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب کوڕی ھاشم کوڕی عەبد مەناف کوڕی قوسەی کوڕی کیلاب کوڕی مڕە کوڕی کەعب کوڕی لوئەی کوڕی غالیب کوڕی فەهر کوڕی مالیک کوڕی نەزڕ کوڕی کینانە کوڕی خەزیمە کوڕی مدرکە کوڕی ئلیاس کوڕی مزڕ کوڕی نزار کوڕی موعد کوڕی عەدنانە (تا ئێرە ڕێکەوتوون لەسەری زانایان)، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنراوە ئەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراھیم.
هیچ لقێک نیە لە قوڕەیشدا کە نزیکاتی لەگەڵ موحەمەددا نەبێت[٧]، و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە خوا هەڵیبژاردووە لە باشترین هۆز و پشت و نەسەبدا.
- باوکی؛ عەبدولڵای کوڕی عەبدول موتەلیب بووە کە لە چاکترین کوڕەکانی باوکی بووە و لێبوردەترین و نزیکترینیان بووە لێوەی، و بچوکترینیان بووە.
- دایکی؛ ئامینەی کچی وەھب کوڕی عەبد مەناف کوڕی زەهرە کوڕی کیلاب بووە کە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا، و باوکی پێشەوای بەنی زەهرە بووە لە نەسەب و شەرەفدا.
ژیانی لە پێش بانگەواز [دەستکاری]
لە دایک بوونی [دەستکاری]
موحەمەد لە دایک بووە لە مەککە (بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە لە دایک بووە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک لە دایک دەبێت ئامینەی دایکی ئەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتە کەعبەوە سوپاسی خوا ئەکات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵ ئەبژێرێت کە لەو کاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.
پەروەردە بوونی [دەستکاری]
یەکەم کەس کە شیری پێدا لە دوای دایکی سویبەی خزمەتکاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی، و چەند مانگ جارێک ئەیھێنایەوە بۆ لای دایکی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایکی تا داوای لێبکات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاکو گەرمای مەککە کاری تێ نەکات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەکەتەی ڕووی تێکردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتکردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایکی.
و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو کاتێک دایکی کۆچی دوایی کرد، پاشان عەبدول موتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ مناڵەکانیا بژی، و کاتێک لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا بوو عەبدول موتەلیب کۆچی دوایی کرد لە مەککە، و پێش مردنی ئەبو تالیبی کوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبو تالیبیش ئەو ئەرکەی زۆر بە جوانی لە ئەستۆ گرت.
لاوێتی [دەستکاری]
مامی ئەبوتاڵیب داهاتێکی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی ئەکرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیک بۆ خەڵکی مەککە (قیڕات بەشێکە لە دەرهەم یان دینار).« لەگەڵ ئەوەی شیعە هەواڵی شوانییەکەی ڕەت ئەکەنەوە»، کاتێک گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵک ئەمانەتیان لە لا دائەنا، و کاتێک قوڕەیش بینای کەعبەیان نوێکردەوە، جیاوازیان کەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێکەوتن یەکەم کەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون کە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاکێکی کرد و بەردەکەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەکانی شاری مەککەی بانگکرد و ھەر یەکەی چەمکێکیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەکەی خستەوە شوێنی خۆی.
هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە [دەستکاری]
خەدیجەی کچی خوەیلد، ئافرەتێکی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەککە بوو، کاتیک ھەواڵی دەست پاکی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی کە بەشداری بکات لە بازرگانیەکەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەکی کڕی و گەڕایەوە بۆ مەککە قازانجێکی زۆری کرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەکەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواکەی خستە بەردەم مامەکانی، خەدیجەی خواست کاتێک لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان هەندێک ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.
خەدیجە دایکی ھەموو مناڵەکانی بوو بێجگە لە ئیبراھیم کە دایکی ئەو ماریە قەبتی بوو، مناڵەکانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم کەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن بەڵام ھەموو کچەکانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا کۆچیان کرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.
مژدەکان لە نزیکبوونەوەی ناردنی [دەستکاری]
موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە خوا هەر پێغەمبەرێکی ناردبێت بەڵێنی لێ وەرگرتووە کە بە نەتەوەکەی بلێت باوەڕ بە دوایین پێغەمبەر بهێنن کە موحەمەدە و سەری بخەن[٨]، و موحەمەد خۆی فەرموویەتی؛ (من بانگهوازی ئیبڕاهیمی باوكمم، مژدهكهی عیسام [٩]، هەروەها لە کتێبەکانی سیرەدا هاتووە کەوا حاخامەکانی یەهوود و قەشە مەسیحییەکانی ناو عەرەب باسیان لە هاتنی پێغەمبەر موحەمەد کردووە پێش ناردنی کاتێک کاتەکەی نزیک بۆتەوە.
ژیانی دوای ناردنی تا پێش کۆچ [دەستکاری]
دابەزینی سروش [دەستکاری]
کاتێک گەیشتە تەمەنی چل ساڵی بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشکەوتی حەڕا ئەمایەوە لە «شاخی نوور لە دووری دوو میل لە مەککەوە»، ئەمەش لە هەموو ساڵێکدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی ئەبرد و مانگێک تیایا ئەمایەوە و پەرستن و تێڕامانی ئەکرد. موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە بۆ یەکەم جار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، (٢٧ی ڕەجەب دانراوە لای شیعە).
لە دوای ئەو ڕووداوە ماوەیەک سروشی بۆ نەهات، ئەڵێن نزیکەی سێ ساڵ یان کەمتر بووە، تا کۆتایی هات بە دابەزینی ئایەتەکانی سەرەتای سورەتی مودەسیر ‹المدثر›، پاشان سروش دابەزی و بەردەوام بوو بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵ تا کۆچی دوایی کرد. و یەکەم ئایەت لە قورئان دابەزی بۆی (اقْرَء بِاسْمِ رَبِّکَ اڵّذی خَڵقَ) واتە بخوێنەوە بە ناوی ئەو خوایەی دروستی کردووی[١٠].
سەرەتای بانگەوازی [دەستکاری]
موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە موحەمەد نێردراوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، و لەدوای هاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی سورەتی مودەسیر، دەستیکرد بە بانگ کردنی خەڵک بۆ ئیسلام لە گەورە و بچوک، و سەربەست و بەندە و پیاوان و ژنان و یەکەم کەس کە باوەڕی پێ هێنا بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە خەدیجەی کچی خوەیلدی خێزانی و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بوو (بە پێێ گێڕانەوەکانی شیعە عەلی یەکەم کەس بووە کە باوەڕی پێ هێناوە، ئەو کاتە مناڵ بووە لە تەمەنی دە ساڵی یان هەشت ساڵیدا بووە و ئەژیا لە ژێر چاودێری موحەمەدا)، و زەیدی کوڕی حارسە یەکەم پیاو بووە کە باوەڕی پێ هێناوە و پاشان هاوڕێی نزیکی ئەبوبەکر باوەری پێ هێنا (لە هەندێک گێڕانەوەدا هاتووە کە ئەبوبەکر پێش عەلی باوەڕی هێناوە و یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە) و بە موسڵمان بوونی ئەبوبەکر ئیسلام دەرکەوت لە مەککە، یەکەم کەس بوو کە ئیسلام بوونی خۆی دەرخست، و دەستی کرد بە بانگ کردنی هۆز و نزیکەکانی بۆ ئیسلام و ئەوانەی بە بانگەوازی ئەبوبەکر ئیسلام بوون، عوسمان کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمان کوڕی عەوف و تەڵحە کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێر کوڕی عەوام و سەعد کوڕی ئەبی وەقاس بوون.
موحەمەد لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی کرد، و لە یەکەمینی ئەو حوکمانەی هاتنە خوارەوە فەرمان کردن بوو بە نوێژکردن، موسڵمانان سەرەتا بە نهێنی کۆدەبونەوە بۆ نوێژکردن و بە دیداری پێغەمبەر موحەمەد ئەگەیشتن کاتێک ژمارەیان گەیشتە سی ژن و پیاو، موحەمەد ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەبی ئەڕقەمی بۆ هەڵبژاردن تا تیای کۆببنەوە بە مەبەستی ڕێنمایی و فێربوون، و کاتێک ژمارەیان گەیشتە چل کەس، فەرمان کرا بە موحەمەد بە ئاشکرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.
بانگەواز بە ئاشکرا [دەستکاری]
دوای سێ ساڵ بانگەوازی نهێنی، موحەمەد دەستی کرد بە ئاشکراکردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێکرا، ئیبن عەباس بە پێی ڕیواتەیەکی زەهری ئەڵێت؛ قوڕەیش لە دژی بانگەوازی موحەمەد نەوەستان تا ئایەتەکان لەسەر بت پەرستی ھاتنە خوارەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەچوونە ئیسلامەوە مەترسی دروستبوو بۆ شێوازی ژیانی ئاینی لە مەککە و بە خراپی کار ئەکردە لەسەر ھێزی ئابووری قوڕەیش، بۆیە قوڕەیش دژی بانگەوازەکەی وەستان و داوایان لیئەکرد واز بھێنیت بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێک دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت. ھەر لەبەر ئەوە قورەیش وتیان: موحەمەد توشی جۆرێک لە شێتی بووە، و وتیان جنۆکە و شەیتان تێکیان داوە و ھەروەھا پێیان وت ساحیر و شاعیرە. کاتێک زانیان بەمە ناتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە بگرن بۆیە بڕیاری ئازاردانی موسڵمانانیان دا، و ھەر سەرۆک ھۆزێک ئازاری ئەو کەسانەی ئەدا لە ھۆزەکەی کە ئیسلام بوون، و بریاری ئازاردان و لێدانیان دا بۆ ھەر یەکێک ئیسلام بێت. ھەتا گەیاندیانە ئەوەی کە ئازاری پێغەمبەر خۆشیان ئەدا.
کۆچکردن بۆ حەبەشە [دەستکاری]
کاتێک نەھامەتی زیادی کرد لەسەر موسڵمانان پێغەمبەر موحەمەد ڕێگەی پێدان کە کۆچ بکەن بۆ حەبەشە لە ساڵی ٦١٥ز بۆ لای پاشا ئەسحەمەی نەجاشی لەبەرئەوەی ستەمی لە کەس نەئەکرد، عوسمانی کوڕی عەفان و خێزانەکەی و نزیکەی ٨٠ پیاو کۆچیان کرد بۆ حەبەشە. ئەمەش یەکەم کۆچکردن بوو لە ئیسلامدا و دواتر زۆربەی ئەوانەی کۆچیانکردبوو بۆ حەبەشە ڕۆیشتن بۆ مەدینە دوای ئەوەی ئیسلام لە مەدینەدا جێگیر بوو.
گەمارۆدانی بەنی هاشم [دەستکاری]
کاتێک قوڕەیش زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، و دوای ئەوەی عومەر کوری خەتتاب و حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب ئیسلام بوون، و ئیسلام بڵاوئەبوویەوە لە نێو هۆزەکاندا، ئەمە زۆربوو بەلایانەوە، کۆبوونەوە بۆ کوشتنی پیغەمبەر، قسەیان لەگەڵ بەنی هاشم کرد و داوایان کرد بیدەن بە دەستەوە، ئەوانیش ڕازی نەبوون، و کاتێک قوڕەیش ئەمەیان زانی گەمارۆی بەنی هاشمیان دا بەوەی کەس تێکەڵیان نەبێت و لەگەڵیان دانەنیشێت و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکات تا موحەمەد ئەدەن بە دەستەوە. بۆ ئەمەش نوسراوێکیان نوسی و بە کەعبەدا هەڵیان واسی.
دواتر پێنج لە سەرکردەکانی قوڕەیش هەوڵیاندا کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنن، پاشان ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد لە ڕەمەزان یان شەوالی دەیەم ساڵی پێغەمبەرایەتی (٣ ساڵ پێش کۆچی)، قوڕەیش نەیانئەتوانی ئازاری پێغەمبەر بدەن هەتا ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد، پاشان خەدیجەی خێزانی کۆچی دوایی کرد، پێغەمبەر زۆر خەمبار بوو بۆ لە دەستدانی مامی و هاوسەرەکەی لەبەر ئەوە ئەو ساڵ ناونرا ساڵی دڵتەنگی.
دەرچوون بۆ تائیف [دەستکاری]
کاتێک قوڕەیش ئازاریان توند کرد لەسەر موحەمەد و هاوەڵەکانی دوای وەفاتی ئەبوتالیب مامی، موحەمەد دەرچوو بۆ تائیف و داوای لێکردن بێنە ناو ئیسلامەوە، بەڵام ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان دایەوە و ڕازی نەبوون، پاشان موحەمەد تائیفی بە جێ هێشت و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەککە لەبەرئەوەی کەس لە خەڵکی تائیف نەهاتن بە دەم بانگەوازەکەیەوە.
ئیسرا ومیعراج [دەستکاری]
لە دوای گەشتەکەی تائیف، ڕووداوی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەو ڕوویدا بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، موسڵمانان بە سوننە و شیعەوە لەو باوەڕەدان، ئەم گەشتە لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا واتە شاری بیت المقدس بە سواری بوراق و بە ھاوەڵی جوبرەیل، لەوێ دابەزیوە و نوێژی کردووە، پاشان ئەو شەوە لە بیت المقدسەوە ڕۆیشتووە بۆ ئاسمانی دنیا، و لەوێ ئادەمی بینیوە وسڵاوی لێکردوە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە، ھەر لە ئاسمان بەدیداری یەحیا و عیسا و یوسف و ئیدریس و ھارون و موسا و ئیبراھیم گەیشتوە، پاشان بوراقەکە بەرزی کردۆتەوە بۆ لای خوا، و نوێژەکان لەو شەوەدا فەڕز کراون. بە پێی ڕای ئیبن ئیسحاق خوا تەنھا ئیسرای بە ڕۆحی پێغەمبەر کردووە، یان گەشتێکی ڕۆحی بووە، لە ھەمان کاتدا ھەندێ لە مێژوو ناسان وایدەبینن کە موحەمەد بە ڕۆح و جەستەشی سەفەری کردووە. ھەر لەو ڕۆژەدا موحەمەد بە ھۆزەکەی ڕاگەیاند بەڵام بە درۆیان خستەوە، باوەڕیان پێ نەکرد تەنھا ئەوان نەبێت کە باوەڕیان بە بانگەوازەکەی کردبوو وەک ئەبوبەکر.
بەیعەتی عەقەبەی یەکەم ودووەم [دەستکاری]
موحەمەد لە وەرزی حەجدا بانگەوازی ھۆزە عەرەبەکانی ئەکرد بۆ لای خوا، و لە ساڵی ١١ی پێغەمبەرایەتیدا بوو کە شەش لاوی یەسریب (مەدینە) ھاتن بۆ مەککە لە وەرزی حەجدا، و ئەو لاوانە بەڵێنیان بە پێغەمبەردا کە پەیامەکەی بگەیەننە ھۆزەکانیان لە کاتێکدا لای عەقەبە بوون، و لە وەرزی داھاتووی حەجدا، دوانزە پیاو ھاتن، پێغەمبەر بینینی و ئەوانیش موبایەعەیان داپێی ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبەی یەکەم ناسراوە. و لەوەرزی سێیەمی حەجدا لە ساڵی ١٣ی پێغەمبەرایەتی، ساڵی ٦٢٢ز نزیکەی حەفتا کەسێک لە موسڵمانانی یەسرب (مەدینە) ھاتن بۆ حەج، و کە گەیشتنە مەککە پەیوەندی نھێنیان بە موحەمەدەوە کرد و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی موحەمەد و ھاوڕێکانی کۆچ بکەن بۆ مەدینە ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبی دووەم ناسراوە.
کۆچکردن بۆ مەدینە [دەستکاری]
لە دوای بەیعەتی عەقەبەی دووەم، بارودۆخەکە توند بوو لەسەر موسڵمانان، پێغەمبەر ڕیگەی بە موسڵمانان دا کە کۆچ بکەن بۆ مەدینە، و لە مەککە تەنها پێغەمبەر و ئەبوبەکر و عەلی کوڕی ئەبوتالیب مانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لاواز بوون و توانای کۆچکردنیان نەبوو.
کاتێک قوڕەیش دەرچوونی موسڵمانانیان بینی، ترسان موحەمەدیش دەرچێت، لە دارلندوە کۆبوونەوە، و بڕیاری کوشتنی موحەمەدیان دا، جوبڕەیل ئەم هەواڵەی گەیاند بە پێغەمبەر و پێی ڕاگەیاند لە شوێنەکەی نەخەوێت، موحەمەد فەرمانی بە عەلی کرد بخەوێت لە جێگەکەی تا ئەمانەتەکانی لایەتی بیگەڕێنێتەوە پاشان بڕوات بە دوایاندا، پاش ئەوە پێغەمبەر چووە لای ئەبوبەکر و بەیەکەوە کۆچیان کرد و لە ڕۆژی دووشەممە دەی ڕەیعولئەوەلی ٦٢٢ز موحەمەد خۆی چووە مەدینەوە لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵی، و پشتیوانان پێشوازیەکی گەرمیان لێ کرد.
خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەم بۆنەیەی کرد بە سەرەتای مێژووی ئیسلامی، بەڵام موحەڕەمی کرد بە سەرەتای ڕۆژژمێری کۆچیی لە جیاتی ڕەبیعولئەوەل لەبەرئەوەی ویستی کۆچەکە لە موحڕەمدا دەستی پێکرد، بەڵام شیعە لەو بڕوایەدان کە ڕۆژژمێری کۆچی هەر لە سەردەمی موحەمەددا دانراوە.
ژیانی لە مەدینە [دەستکاری]
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی [دەستکاری]
یەکەم ھەنگاوی موحەمەد لە مەدینە فەرمانی پێکردن بە کردنەوەی مزگەوت کە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، جێگەکەی بۆ هەڵبژارد و دەستیان کرد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە. مەدینە لە پێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناکۆکی سەد ساڵەوە ئەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەکانیدا، سەرکردەکانی مەدینە ھەستیان ئەکرد پێویستیان بە سەرکردەیەکی یەکگرتوو ھەیە کە پەیوەندیەکانیان ڕێک بخات و ناکۆکی نێوانیان نەھێڵێت، ئەمەش وای لێکردن موحەمەد قبوڵ بکەن وەک سەرکردەی مەدینە و پاڵپشتی و پارێزگاری لە خۆی و کۆچکردووە موسڵمانەکان بکەن. و موحەمەد برایەتی خستە نێوان کۆچکردووان و پشتیوانان، ھەر پشتیوانێک کۆچکردوویەکی ھەڵبژارد تا برای بێت و لەماڵەیدا بمێنێتەوە ئەمەش لە ھەنگاوێکدا بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەھێزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا و بۆ سڕینەوە ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا بوو. بەم شیوەیە پشتیوانان ماڵ و سەروەتیان بەش کرد لەگەڵ کۆچکردووەکانی برایاندا.
هەروەها موحەمەد سەنەدێکی نوسیوە کە ناسرا بە دەستوری مەدینە، و لە سەنەدی ڕێکەوتنی نێوان ھۆز و تیرە جیاوازەکانی ناو مەدینە ئەچوو و ئەرک و مافەکانی دانیشتوانی مەدینە دیاری کرا، و سەنەدەکە ٥٢ بەندی لە خۆگرتبوو، بیست و پێنج بەندیان تایبەت بوو بە کاروبارە تایبەتەکانی موسڵمانان بیست و حەوتیان پەیوەست بوون بە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئایین و دیانەتەکانی تر، و ئەم دەستورە ڕێگەی ئەدا بە خاوەن ئاینەکانی تر لەگەڵ موسڵمانان بژین بە سەربەستی، ھەروەھا باس لە ھاوپەیمانی ھۆزە جیاوازەکان کرا بوو کاتێک مەدینە بکەوێتە بەر ھێرش، و دڵنیای سەربەخۆیی دارایی ھەر ھۆزێکی تیا دووپات کرابوویەوە. زۆربەی بت پەرستەکانی مەدینە ئیسلام بوون، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیان وەک سەعدی کوڕی موعاز، تەنھا کەمایەتییەک مانەوە لەسەر بت پەرستی کە ئەوانیش کاریگەریان دیار نەبوو.
سەرەتای ناکۆکی سەربازی [دەستکاری]
لەگەڵ سەرەتای بوونی موسڵمانان لە مەدینە، حاخامەکانی یەهوود لە بەنی قەریزە و بەنی قینقاع و بەنی نەزیر دەستیان کرد بە دوژمنایەتی موحەمەد، و هەندێک لە پیاوەکانی ئەوس و خەزرەج چوونە پاڵیان ئەوانەی لە سەرەوە خۆیان بە ئیسلام دەردەخست و پێچەوانەی ئەوەیان ئەشاردەوە، ناونران بە دوو ڕووەکان، لە دوای ئەوە خوا فەرمانی جەنگی بە پێغەمبەر موحەمەد کرد[١١]، دەستی کرد بە ناردنی نوێنەر و سریە، چووە غەزووەوە و شەڕی کرد خۆی و هاوەڵەکانی، ژمارەی ئەو غەزووانەی خۆی بۆی دەرچوو ٢٧ غەزوو بوو، لە ٩ غەزوویاندا خۆی جەنگاوە، و ژمارەی سریەکانی ٤٧ سریەیە، و لە هەموو ئەو غەزووانەیە موحەمەد بە دەستی خۆی کەسی نەکووشتوە تەنها ئەبی کوڕی خەلەف نەبێت.
یەکەمی سریەکان حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب بوو، لە مانگی ڕەمەزان لە سەری حەوتەم مانگی کۆچییدا، سی پیاو لە کۆچگردووان دەرچوون، ڕێگەیان لە کاروانێکی قوڕەیش گرت، بەڵام شەڕ ڕووی نەدا لە نێوانیان، پاشان سریەی عوبەیدەی کوڕی حاریس، و سریەی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس ڕوویاندا، پاشان لە مانگی سەفەری سەری دوانزەیەم مانگی کۆچییدا، پێغەمبەر موحەمەد دەرچوو بۆ یەکەم غەزوو کە ئەویش غەزووی ودان بوو، پاشان غەزووەکانی بوات و عەشیرە و بەدری یەکەم ڕوویاندا.
لە ١٧ی ڕەمەزانی ساڵی ٢ی کۆچی بەرامبەر ئازاری ٦٢٤ز، غەزووی بەدری گەورە ڕوویدا، و بە سەرکەوتنی موسڵمانان جەنگەکە کۆتایی پێ هات، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا ١٤ کەس لە موسڵمانان کوژران، و ٧٠ کەس لە بێ باوەڕەکان کوژران کە ئەبو جەهلیان لە نێودا بوو, و ٧٠ی تریان بە دیل گیران، ١٦ کەسیان لێ موسڵمان بوو، پاشن لە دواتردا موحەمەد یەهوودەکانی بەنی قینقاعی کردە دەرەوە لە غەزووی بەنی قینقاع، دوای ئەوەی گەمارۆی دان بەڵام وازی لێهێنان بێ ئەوەی بیان کوژێت فەرمانی پێ کردن بڕۆنە دەرەوە لە مەدینە.
قوڕەیش هەوڵیاندا تۆڵەی غەزووی بەدر بکەنەوە، دەرچوون لەگەڵ ژمارەیەک هۆزەکاندا بە ٣٠٠٠ جەنگاوەر و ٢٠٠ سوارچاک و ٣٠٠٠ ووشترەوە، و لەو کاتانە ئەبووسوفیان کوڕی حەرب سەرکردایەتی ئەکردن، و کاتێک هەواڵەکە گەیشت بە موحەمەد خۆیان ئامادەکرد و پاشان دەرچوون، و غەزووی ئوحد دەستی پێکرد لە ٧ی شەوالی ساڵی ٣ی کۆچی، سەرەتا شەڕەکە لە بەرژەوەندی موسڵمانان بوو، ڕم هاوێژەکان وایانزانی شەڕەکە کۆتای پێ هاتووە، بێ فەرمانی پێغەمبەریان کرد و شوێنەکەیان چۆڵ کرد، خالید کوڕی وەلید ئەوەی قۆستەوە و هاوسەنگی جەنگەکە گۆڕا بە بەرژەوەندی قوڕەیش، و ئازارێکی زۆریان بە موسڵمانان گەیاند و لەم شەڕەدا حەممزەی مامی پێغەمبەر کوژرا.
لە ٨ی شەوال موحەمەد دەرچوو بۆ غەزووی حەمڕا لئەسەد بەڵام بێ ڕوودانی جەنگ گەڕایەوە بۆ مەدینە، لە کاتێکی دواتردا غەزووی بەنی نەزیڕ ڕوویدا لەگەڵ یەهوودەکانی بەنی نەزیر دوای ئەوەی غەدریان کرد بە شکاندنی پەیماننامەکە و هەوڵی کوشتنی پێغەمبەریان دا.
گەمارۆدانی مەدینە [دەستکاری]
دوای ئەوەی بەنی نەزیر کرانە دەرەوە لە مەدینە و ڕۆیشتن بەرەو خەیبەر، خەڵکیان نارد بۆ لای قوڕەیش و هانیان دان بۆ شەڕکردن لەگەڵ موحەمەد، ڕێکەوتن لەگەڵیان، قوڕەیش ٤٠٠٠ کەس و ٣٠٠ سوارچاکیان کۆکردەوە، کۆمەڵێکی تریش لە هۆزەکان چوونە پاڵیان و هەموویان نزیکەی ١٠،٠٠٠ کەس بوون و ناونران بە ئەحزاب، و سەرکردەکەیان ئەبووسوفیان بوو، لە ئەنجامدا شەڕی خەندەق یان شەڕی ئەحزاب کەوتەوە، لە شەوالی ساڵی ٥ی کۆچییدا، و کاتێک موحەمەد بە هەواڵەکەی زانی بە ڕاوێژکردن بە سەلمانی فارسی هەستان بە هەڵکەندنی خەندەق لە شارەکەدا، و قوڕەیش و ئەحزابەکانی لەگەڵیان بوون گەمارۆیەکی توندی شارەکەیان دا، تا ڕەشەبایەکی توند هات بە سەر سەربازگەکانی ئەحزابدا و چۆڵیان کرد.
پاشان موسڵمانان لە غەزووی بەنی قەریزەدا، گەمارۆی بەنی قەریزەیان دا تا خۆیان دا بە دەستەوە.
ڕێکەوتنی حودەیبیە [دەستکاری]
| بەشێکە لە زنجیرەی پێغەمبەرەکانی ئیسلام لە قورئاندا |
| پێغەمبەر |
|
ئادەم·ئیدریس |
لە مانگی زیلعەقدەی ساڵی ٦ک بەرامبەر ٦٢٨ز، موحەمەد فەرمانی کرد بە شوێنکەوتووەکانی ئامادەکاری بکەن بۆ مەناسکی عومرە لە مەککە، دوای ئەوەی لە خەونیدا بینی خۆی و هاوەڵەکانی چوونە مزگەوتی حەرامەوە، ڕۆژی دووشەممە دەرچوون بە بێ چەک تەنها چەکی گەشتیار نەبێت، و کاتێک قوڕەیش بەوەیان زانی، بڕیاریان دا نەهێڵن بچێتە کەعبەوە، ٢٠٠ سوارچاکیان بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید نارد بۆ ڕێگەی سەرەکی مەککە، بەڵام موحەمەد ڕێگەیەکی سەختتری هەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، تا گەیشتە حودەیبیە لە دووری ٩ میل لە مەککەوە، پاشان ووتوێژ کەوتەوە لە نێوان موسڵمانان و قوڕەیشدا.
لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی حودەیبیە کەوتەوە و ڕێکەوتن لەسەرئەوەی موسڵمانان ئەو ساڵە عومرە نەکەن و ساڵی دواتر بگەڕێنەوە، هەروەها موسڵمان هەر یەکێک بگەڕێننەوە ئەگەر بێ مۆڵەت لە مەککەوە بڕوات بۆ ناویان، بەڵام قوڕەیش ئەوە ناگەڕێننەوە ئەگەر لە مەدینەوە بڕوات بۆ ناو ئەوان، و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەم پەیماننامەیە ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێ بکرێت.
لە ئەنجامی ئەم ڕێکەوتنەدا، موحەمەد هەستا بە ناردنی نوێنەر بۆلای پاشاکانی جیهان، و بانگی کردن بۆ ئیسلام بوون، یەکەم پەیامبەری نارد بۆلای نەجاشی پاشای حەبەشە، کاتێک نوسراوەکەی پێ گەیشت، خستیە سەر چاوی و هاتە سەر زەوی بۆی، موسڵمان بوو، و پەیامبەری نارد بۆ لای قەیسەر هەرقلی پاشای ڕۆم، و بۆ لای کیسرای پاشای فارس، کە نووسراوەکەی دڕاند، هەروەها پەیامبەری نارد بۆ لای مقوقسی پاشای میسر، هەروەها چەندین نوێنەری تری نارد.
غەزووی خەیبەر و مۆتە [دەستکاری]
دوای ئەوەی لای قوڕەیشی ئاسایش کرد بە هۆی حودەیبییەوە، موحەمەد ویستی لە یەهوود بپرسێتەوە لەبەرئەوەی هۆزەکانیان کۆکردەوە لە شەڕی ئەحزابدا، لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ٧ی ک دەرچوو لە غەزووی خەیبەردا، بە شێوەیەکی نهێنی، یەهوودی بە هەواڵەکەیان زانی و خۆیان بۆ ئامادەکرد، و موسڵمان ڕۆیشتن قەڵا لە دوای قەڵا فەتحیان ئەکرد، و موحەمەد ئەیویست یەهوود دەربکات لە خەیبەر بەڵام لەگەڵیان ڕێکەوت لەسەر ئەوەی ساڵانە نیوەی بەروبوومەکەیان بدەن بە موسڵمانان.
پاشان دوای ٨ مانگ، موحەمەد لە زیلعوقدەی ساڵی ٧ک، دەرچوو بۆ عومرە بەو پێیەی لە ڕێکەوتنی حودەیبیە ڕێکەوتبوون لەسەری لەگەڵ قوڕەیشدا.
لە جەمادی یەکەمی ساڵی ٨ک، غەزووی مۆتە ڕوویدا لە باشووری ئوردن، کە هۆکەی کوژرانی پەیامبەرەکەی پێغەمبەر بوو کە ناربووی بۆ پاشای بەسڕە تا بانگی بکات بۆ ئیسلام، موحەمەد سوپایەکی ٣٠٠٠ کەسی نارد و لە بەرامبەریاندا سوپای ڕۆم هەبوو بە سەرکردایەتی هەرقل و ١٠٠،٠٠٠ جەنگاوەرەوە، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا موسڵمانان کشانەوە.
فەتحی مەککە [دەستکاری]
لە ئەنجامەکانی ڕێکەوتنی حودەیبیە، هۆزی خزاعە هاتنە هاوپەیمانییەکەی موحەمەدەوە، و بەنوبەکر چوونە هاوپەیمانییەکەی قوڕەیشەوە، و بەنی بەکر و خزاعە شەڕ و کوشتاری سەردەمی نەزانی لە نێوانیاندا بوو، ماوەیەک بە ئیسلامەوە سەرگەرم بووبوون و پاشان شەڕ لەنێوانیان دەستی پێکردەوە، و قوڕەیش یارمەتی بەنوبەکریان دا، بەمەش کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ موسڵمانان هات، پێغەمبەر موحەمەد سوپای کۆکردەوە و نزیکەی ١٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێکەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩ک، و چوونە مەککەوە و فەتحیان کرد، و سوپاکە گەیشتە کەعبە، چوونە مزگەوتەکەوە، و ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەکە بوو ڕوخاندیان.
ناکۆکی لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکان [دەستکاری]
ماوەیەکی کەم دوای فەتحی مەککە، هۆزەکانی هوزان و سەقیف و لەگەڵ هەندێکی بەنی هیلال ڕێکەوتن لەسەر شەڕکردن لەگەڵ موسڵمانان، کاتێک موحەمەد ئەوەی بیست دەرچوو لە مەککە لە غەزووی حەنیندا لە ڕۆژی شەممە ٦ی شەوالی ساڵی ٨ک، و ١٢،٠٠٠ جەنگاوەر لەگەڵی دەرچوون، و موسڵمانان لە ئەنجامدا سەرکەوتن و زۆربەی هۆزی هوزان هەڵهاتن بۆ تائیف.
دوای غەزووی حەنین و لە هەمان کاتدا، موحەمەد بەرەو تائیف ڕۆیشت بۆ دەرکردنی هوزان و سەقیف، و غەزووی تائیف ڕوویدا لە نێوانیان، سوپای ئیسلامی گەمارۆیان دان ماوەی ٤٠ ڕۆژ، پاشان وازیان لێ هێنان.
لە ڕەجەبی ساڵی ٩ک، غەزووی تەبوک ڕوویدا کە دوایین غەزووی پیغەمبەر موحەمەد بوو، دوای ئەوەی هەواڵیان پێ گەیشت لە وڵاتی ڕۆمەوە کە پاشای ڕۆم و هاوپەیمانە عەررەبەکانی، سوپایەکیان پێک هێناوە بۆ هێرش بردنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی، موسڵمانان سوپایەکیان پێک هێنا لە ٣٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە هاوڕێیەتی ١٠،٠٠٠ سوارچاک، بەڵام لەبەر دووری ڕێگەکاکە و توندی گەرماکە تووشی سەختی بوون و کە گەیشتنە تەبووک، ٢٠ شەو تیایا مانەوە، و کاتێک ڕۆمان و هاوپەیمانەکانیان هەواڵی کشانی سوپای ئیسلامییان بیست ترسان و جیابوونەوە لە ناو سنووری وڵاتەکەیان، و موسڵمانان تەبووکیان بە جێ هێشت، و گەڕانەوە بەرەو مەدینە لە ڕەمەزانی ساڵی ٩ک.
لە دوای ئەوە، وەفدێکی سەقیف هاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوون، هەروەها چەندین وەفد لە هۆزە عەرەبیەکانەوە ئەهاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوونی خۆیان ڕائەگەیاند و نزیکەی ٧٠ وەفد هاتن لە نێوان ساڵەکانی ٩ک و ١٠کدا، بە شێوەیەک کە ساڵی ٩ک ناونرا بە ساڵی وەفدەکان.
حەجی ماڵئاوایی [دەستکاری]
لە زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، پێغەمبەر موحەمەد ویستی حەج بە ئەنجام بگەیەنێت، دوای ئەوەی ٩ ساڵی لە مەدینە بەسەربرد بێئەوەی حەج بکات، مەدینە زۆر دڵخۆش بوون پێی، و ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی یان حەجی ئیسلام، لەبەرئەوەی ماڵئاوایی لە خەڵک کرد تیایدا و دوایین حەجی بوو، و لەبەرئەوەی باسی ئەو شتانەی بۆ کردن کە حەرام یان حەڵاڵن، لە ڕۆژی ٢٥ی زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، موحەمەد دەرچوو بەرەو مەککە لەگەڵ نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ موسڵمانی ژن و پیاودا.
چووە مەککەوە لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی زیلحەجە، و چووە مزگەوتی حەرامەوە، دوای ئەوەی مەناسیکەکانی حەجی ئەنجامدا، ووتاری حەجی ماڵئاوایی دا. لەم هەڵوێستەدا و لەسەر شاخی عەرەفە، ئەم ئایەتە قورئانییە دابەزی ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا﴾، واتە؛ ئهمڕۆ ئاین و بهرنامهکهتانم بهکۆتایی گهیاندو نازو نیعمهتی خۆمم بۆ تهواو کردن و ڕازیم بهوهی که ئیسلام ببێته بهرنامهو دین و ئاینتان[١٢] لەگەڵ ئەوەی شیعە باوەڕیان وایە ئەم ئایەتە لە کاتێکی تردا دابەزیووە.
کۆچی دوایی [دەستکاری]
یەکەم شت کە پێغەمبەر موحەمەد زانی کاتی وەفاتی نزیک بۆتەوە ئەوە بوو کە لە فەتحی مەککەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی ﴿إِذَا جَاءَ نَصْرُ اللَّهِ وَالْفَتْحُ﴾ واتە؛ کاتێ یارمهتی و کۆمهکی خوا دێت، شاری مهککه ڕزگار دهکرێت و دهرگای ئازادی واڵا دهکرێت[١٣]. لە کۆتاییەکانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی کۆچی، موحەمەد توشی تایەکی بەھێز بوو، و نەخۆشییەکەی لێی توند بوو، و مۆڵەتی لە خێزانەکانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی کچی ئەبووبەکر بمێنێتەوە.
وپێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان ئەکرد کاتێک نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و کاتێک نەخۆشییەکەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەکر کرد نویژیان پێ بکات، و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی کۆچی و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کە ئەم بەروارەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی عائشە نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.
پاش وەفاتی [دەستکاری]
لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر موحەمەد موسڵمانان جیاواز بوون لەسەر ئەو کەسەی جێ نشینی بێت، کۆمەڵێک موسڵمانان کۆ بوونەوە لە سەقیفەی بەنی ساعدە، سەعدی کوڕی عەبادە خۆی پاڵاوت بۆ ئەو مەبەستە و پشتیوانان پشتگیریان کرد، لە ھەمان کاتدا عومەری کوری خەتاب ئەبوبەکری سدیقی دەستنیشانکرد بۆ ئەو مەبەستە، بە پێی ئەوەی کۆچکردووەکان لە پێش ترن بۆ جێ نشینی، ئەمەش پشتگیری ھەموو موسڵمانانی لەسەر بوو کە لەویا کۆ بووبونەوە، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک لەو موسڵمانانەی کە لەو کاتەدا سەرگەرمی کفن و دفنی پێغەمبەر بوون دوایی ناڕازیبوون، سووربوون لەسەر ئەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب جێ نشین بێت لەبەر ئەو نزیکایەتیەی ھەیەتی لەگەڵ پێغەمبەر[١٤].
دوای جێگیر بوونی دۆخەکە بۆ ئەبوبەکر، ئیشی کرد لەسەر پارستنی ئیسلام و دژایەتی کردنی ئەوانەی لە ئیسلام پاشگەز بوونەوە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر، و ھەروەھا ئەوانەی لەناوبرد کە بانگەوازی پێغەمبەرایتیان ئەکرد، ئەمەش ناسراوە بە شەڕی ڕەدە. و ئەبوبەکر هەستا بە ناردنی ھێزی سەربازی بۆ ناوچە جیاوازەکان. لە سەردەمی دووەم جێ نشیندا عومەری کوڕی خەتاب و تەنھا لە ماوەی دە ساڵدا وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و وڵاتی فارس و شام و میسر فەتح کرا و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدین دامەزرا.
موعجیزەکانی [دەستکاری]
موسڵمانان هەموو لەو باوەڕەدان، کە گەورەترین موعجیزەی پێغەمبەر موحەمەد قورئانە، پاشان زۆربەیان موعجیزاتی تر ئەسەلمێنن کە لە کتێبەکانی فەرموودەدا هاتووە.
قورئان [دەستکاری]
بە پێی بیروباوەری موسڵمانان، قورئان موعجیزەی سەرەکی پێغەمبەر موحەمەدە کە بە درێژایی سەردەمەکان کەس نەیتوانیووە هاوشێوەی ئەوە بهێنێت لەگەڵ ئەو تەحەدایەی لە قورئاندا هاتووە،﴿قُلْ لَئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنْسُ وَالْجِنُّ عَلَى أَنْ يَأْتُوا بِمِثْلِ هَذَا الْقُرْآَنِ لَا يَأْتُونَ بِمِثْلِهِ وَلَوْ كَانَ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ ظَهِيرًا﴾ واتە؛ ئهی محمد پێیان بڵێ: سوێند به خوا ئهگهر ههموو ئادهمیزادو پهریهکان کۆ ببنهوهو (ههوڵی بهردهوام بدهن تا) قورئانێکی وهکو ئهمه دانێن و بیهێننه (مهیدان) ناتوانن کاری وابکهن و ناتوانن له وێنهی بهێنن، ئهگهر چی ههموو لایهکیان ببنه پشتگیرو یارمهتیدهری یهکتر[١٥]. بە زۆری ئیعجازی قورئان لە ڕەوانبێژی و ڕوون بێژییەکەیاتی، و ئیعجازی زمانەوانی یەکەم و گرنگترین هۆکارەکانی ئیعجازی قورئانە، کە چەندیین ڕوو دەگرێتەوە، لەوانە باشی دانانەکەی و کۆبوونەوەی ووشە و ڕەوانبێژییەکانی، و ئەو وێنە ڕێکخستنە سەیر و شێوازە نامۆیەی کە جیاوازە لە شێوازی قسەکردنی عەرەب و پەیڕەوەکانی ڕێکخستن و داڕشتنی کە لە پێش و دوایدا هاوشێوەی نەبووە. لە ڕووەکانی تری ئیعجازەکەی ئەو هەواڵانەیە کە لە پەنهاندا هاتووە، و هەوألی سەدەکانی ڕابردوو و پێشینەکان، و لەم دواییانەدا بزوتنەوەیەک دروست بووە باوەڕیان بە ئیعجازی زانستی هەیە لە قورئاندا، و ئەو ئایەتانە ڕوون دەکاتەوە کە بیرۆکە زانستییەکانی ئاشکرا نەبوون تەنها دوای ماوەیەکی دوور و درێژ نەبێت لە دەرکەوتنی قورئان.
لەتکردنی مانگ [دەستکاری]
موسڵمانانی سوننە کۆن لەسەر ئەوەی موعجیزەی لەتکردنی مانگ ڕوویداوە بۆ پێغەمبەر موحەمەد وەک یەکێک لە موعجیزە تاکەکان، ئەمەش لە پێش کۆچکردندا بووە بۆ مەدینە، عەبدوڵڵا کوری مەسعود ئەڵێت؛ مانگ بوو بە دوو لەتەوە لەسەردەمی پێغەمبەردا بە شێکی لەسەر شاخەکە و بەشێکی ئەولاتر، پێغەمبەر (د.خ) ووتی شایەت بن، هاوەڵ دانەرەکان ووتیان ئەمە جادووە. لەمەشدا ئایەتێکی قورئان هاتۆتە خوارەوە، ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ﴾ واتە؛ رۆژی قیامهت نزیک بۆتهوه و مانگیش لهت بوو[١٦] بەڵام زۆربەی مێژوونوسە ڕۆژئاواییەکان ئینکاری ئەم موعجیزەیە دەکەن.
دەربارەی جیهانی نادیار [دەستکاری]
لەو هەواڵانەی پێغەمبەر دەربارەی جیهانی نادیار هەیبوو، ڕۆژی غەزووی بەدر بوو، و هەواڵەکانی دەربارەی حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بەوەی کە خوا ئاشتی پێ دەخاتە نێوان دوو کۆمەڵەی موسڵمانان، و هەواڵی دەربارەی ئەوەی فاتیمەی کچی یەکەم کەس دەبێت لە خیزانەکەی بە دواییدا وەفات دەکات، هەروەها هەواڵ و زانیاری دەربارەی چەندیین ڕووداوی تر داوە.
هاتنی ئاو لە نیوان پەنجەکانی [دەستکاری]
کتێبەکانی فەرموودە و ژیاننامە باسی ڕووداوی دەرچوونی ئاو دەکەن لە نێوان پەنجەکانی پێغەمبەر موحەمەدەوە و لە پێش ئەو بۆ هیچ کەسێک ڕووی نەداوە، و لە چەند جێگەیەکدا ئەمە دووبارە بۆتەوە، و تەنانەت زانایانی موسڵمانان ئەو ئاوە بە باشترین ئاو دەژمێرن.
قسەکردنی لەگەڵ گیانەوەر و بێ گیاندا [دەستکاری]
لە نموونەی ئەمەش بیستنی دەنگی تەسبیحی چەو بووە لە دەستییدا، و هەروەها سڵاو لێکردنی لەلایەن درەخت و بەردەوە پیش ئەوەی بنێردرێت بە پێغەمبەر، و رۆیشتنی درەخت بۆی، و ناڵەی قەدی ئەو درەختەی ووتاری لەسەر ئەدا کاتێک مینبەرەکەی بۆ دروستکرا، لە ئامێزی گرت و قسەی بۆ کرد، و لە موعجیزەکانی لەگەڵ گیانەوەراندا، بەسەرهاتی ئەو ووشترەیە کە سکاڵای کرد لە زۆری ئیش و کەمی ئالەف، هەروەها چەندین ڕووداو و بەسەرهاتی تر.
هاوکات لەگەڵ ئەم موعجیزانەدا پێغەمبەر موحەمەد چەندیین موعجیزەی تری هەیە لە چاککردنەوەی نەخۆش و بەرەکەت و ڕووداو و بەسەرهاتی تر...
ژیانی تایبەتی [دەستکاری]
خێزانەکانی [دەستکاری]
خێزانەکانی موحەمەد لە ئیسلامدا بە دایکەکانی باوەرداران ناسراون، و لە ژمارەی خێزانەکانییدا جیاوازی هەیە لەسەر دوو ووتە، یەکێکیان ئەڵێت دوانزەن یان یانزەن، و هۆی جیاوازیەکەش لە ماریە قبتییدایە، ئەوەی لەسەری ڕێکەوتوون لە یانزە خێزانەکەی، شەشیان قوڕەیشین، ئەوانیش؛ خەدیجە کچی خوەیلد، سودە کچی زەمعە، عائیشە کچی ئەبووبەکر، حەفسە کچی عومەر، ئوم سەلەمە، ئوم حەبیبە. خێزانە عەرەبییەکانی لە بێجگە لە قوڕەیش چوارن، ئەوانیش؛ زەینەب کچی جەحش، جویریە کچی حارس، زەینەب کچی خەزیمە، مەیموونە کچی حارس. و یەکێکیان عەرەب نیە ئەویش سەفییە کچی حەیی لە بەنی ئیسرائیلە، و ماریە قبتی ئەمێنێتەوە کە لە میسرەوەیە، و کاتێک موحەمەد خۆی لە ژیاندا بووە دووان لە خێزانەکانی وەفاتییان کرد ئەوانیش؛ خەدیجە کچی خوەیلد و زەینەب کچی خزیمە بوون.
مناڵەکانی [دەستکاری]
موحەمەد سێ کوڕ و چوار کچی هەبووە، دایکی هەموویان خەدیجە کچی خوەیلد بوو بێجگە لە ئیبراهیم ئەو لە ماریە بوو، و هەموو مناڵەکانی خۆی لە ژیاندا بوو وەفاتیان کرد بێجگە لە فاتیمە، مناڵە کوڕەکانی ئەمانە بوون؛ قاسم (کە بووە بە نازناو بۆی (ئەبووقاسم) و لە تەمەنی دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە) و عەبدوڵڵا و ئیبراهیم (ساڵ و نیوێک لە مەدینە ژیا)، مناڵە کچەکانی ئەمانەبوون؛ زەینەب و ڕوقیە و ئوم کەلسوم و فاتیمە، بەڵام شیعە فاتیمە بە تەنها کچی موحەمەد دادەنێن، و سێ کچەکەی تر دەڵێن تەنها لە ماڵی پێغەمبەردا گەورەبوون، و لە ڕاستیشدا ئەوان کچی هالە کچی خوەیلدی خوشکی خەدیجە بوون،
زەینەب پێش کۆچ ژیانی خێزانی پێکهێنا لەگەڵ ئەبووعاس کوڕی ڕەبیع، بەڵام ڕوقیە و ئوم کەلسوم خێزانی هاوسەرییان لەگەڵ عوسمان کوڕی عەفان پێک هێنا یەک لە دوای یەکتر، و فاتیمە ژیانی خێزانی پێکهێنا لەگەڵ عەلی کوڕی ئەبوتالیب لە نێوان هەردوو غەزووی بەدر و ئوحد، و هیچ کام لە کچەکانی مناڵیان نەبوو تەنها فاتیمە نەبێت، و مناڵەکانی حەسەن و حوسەین و زەینەب و ئوم کەلسوم بوون.
موالی و خزمەتکارەکانی [دەستکاری]
موحەمەد چەند موالییەکی هەبوو، لەوانە؛ زەیدی کوری حارسە (پێغەمبەر لە خۆی گرتبوو پێش ئیسلام) و کورەکەی ئوسامە، و سوبان کوری بجدد و ئەبوهیند، و ئەبولبابە، و ئەبوڕافع، و لە ژنان ماریە قبتی بوو (لەگەڵ بوونی جیاوازی لەسەر ئەوەی کردوویەتی بە خیزانی یان نا) و ڕیحان کچی زەید، و خزمەتکارەکانی ئەنەسی کوری مالیک بو هەروەها ئەمانەش خزمەتیان ئەکرد، بیلال کوری ڕەباح، عەبدوڵلا کوری مەسعوود و ئەبووزڕی غەفاری و ئەوانی تر.
شێوەی [دەستکاری]
موسڵمانان هەستاون بە کۆکردنەوەی ئەوەی وەسفی پێغەمبەرەکەیان ئەکات کە لە هاوەڵەکانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە لە کتێبەکانی شەمائلدا، و ناودارترینی ئەم کتێبانەش شەمائلی موحەمەدییە کە تورمزی دایناوە، و فەرموودەیەکی زۆری داناوە لە وەسفی پێغەمبەردا؛
- جەستەی: بەشکۆ و بەرز بووە، نە بەرز بووە و نە کورت، بەڵام لە بەرزییەوە نزیک بووە، ڕەنگی گوڵی بووە، نە سپی بووە نە ئەسمەر.
- سەر و قژی: سەری گەورە بووە، سەری بەرز، و قژی زۆر ڕەش بووە، قژی نە لوول بووە و نەخاو، کاتێک وەفاتی کردووە لە سەر و ڕیشیدا ٢٠ تاڵی سپی نەبووە.
- دەست و قۆڵی: قۆڵی درێژ بووە، زۆر موودار بووە، دەست و قاچی ئەستوور بووە، پەلەکانی درێژ و جومگەکانی بەهێز بووە.
- شان و سنگ و سکی: شانەکانی فراوان بوون، زۆر موودار بووە و سنگی بەرز بووە، و سنگی پان بووە.
- نیشانەی پێغەمبەرایەتی: نیشانەیەکی سوور وەک هێلکەی کۆتر، یان وەک هیلال، چەند موویەکی کۆبووەوەی تیابووە لە نێوان شانییدا، و ئەمەش لە نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی بووە بە پێی بیروباوەری موسڵمانان.
- ڕووخسار و ناوچەوانی: ڕووخساری ڕیک بووە، زۆر بە تەواوی بازنەیی نەبووە، ناوچەوانی فراوان بووە.
- چاو و برۆی: چاوی زۆر ڕەش بووە، لە سپیاییەکەیدا سووری هەبووە، و چاوەکانی زۆر فراوان بووە، و برۆکانی بەهێز و کەوانەیی بووە، و بە نەرمی بە یەک گەیشت بوونەوە.
- لوت و دەمی: لووتی ڕێک بووە، و دەمی گەورە بووە، و دانەکانی ناسک و ڕێک بوون.
- قاچەکانی: قاچەکانی گەورە بوون، هەموو پێی لەسەر زەوی دادەنا.
پێداویستی و ئاسارەکانی [دەستکاری]
لە خووی پێغەمبەر بوو کە ناوی شتومەک و چەک و پێویستییەکانی ئەنا، ناوی ئاڵاکەی عیقاب بوو، و ناوی شمشێرەکەی شەڕی پێ ئەکرد زولفەقار بوو، و هەروەها شمشێری تری هەبوو وەک ڕسوب و قەزیب، و ناوی کەوانەکەی کتوم بوو، و ووشترەکەی ناوی قەسوا بوو، بەو شێوەیە هەموو شتەکانی ناو نابوو، و موسڵمانان زۆر لە کەرەستەکانیان پاراست ووە بە درێژایی مێژوو، لە میسر لە مزگەوتێک ئاسەواری پێغەمبەر هەبوو لە باشووری قاهیرە، تا کاتی فەتحی عوسمانی ساڵی ١٥١٧ز، کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی چووە قاهیرەوە، هەموو ئاسەوارەکانی پیغەمبەری لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەستەنبوڵ، و هەتا ئێستا لە مۆزەخانەی بابی عالی لە ئەستەنبوڵ پارێزراون.
بەڵام ئەوەی لە ئاسەواری پێغەمبەر بوو لە مەککە و مەدینە، موسڵمانان پاراست بوویان تا کاتی دەرکەوتنی بزوتنەوەی وەهابی لە نەجد لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی، کە وەهابییەکان دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر حیجازدا، زۆربەی ئاسەوارەکانی پێغەمبەریان لەناوبرد بە بانگەوازی ترسی دروست بوونی هاوەڵ دانان، ئەمەش وایکرد زۆربەی زانایانی سوننە و شیعە بانگەوازی پێویست بوونی پارێزگارییان کرد بۆ ئەوەی کە ماوەتەوە و ڕێگە نەدریت لەناو ببرێت، لەو ئاسارانەی ڕوخێنران؛ مزگەوتی بەنی قەڕیزە بوو، کە موحەمەد تیایدا نوێژی کرد کاتی گەمارۆدانی بەنی قەڕیزە، مزگەوتی ئەبووبەکری سدیق، و شوینی لە دایکبوونی موحەمەد، و شوێنی ژیانی لە مەککە، و باخی هاوەڵ سەلمانی فارسی، و ماڵی هاوەڵ ئەبوئەیووبی ئەنساڕی، و بیری عەین لزەرقا، و بیری ئەریس و بیری حاء.
تێراوانیەنەکان لەسەر کەسایەتی موحەمەد [دەستکاری]
تێڕوانینی موسڵمانان [دەستکاری]
بە پێی زانیارییە ئیسلامییەکان، موحەمەد بەڕێزترین دروستکراو و پێشەوای هەموو مرۆڤایەتییە، و دوایین پێغەمبەری خوایە، باوەڕبوون پێی و باوەڕ بە پێغەمبەرێتییەکەی پێویستە لەسەر هەموو موسلمانان و باوەڕ بە بێ ئەوە تەواو نابێت و ئیسلام ڕاست نابێت لەگەڵ ئەم بڕوایەدا نەبێت، گوێڕایەڵ بوون بۆی و ڕازی بوون بە فەرمانەکانی پێویستە لەسەریان، بەوەی کە گوێڕایەڵییە بۆ خوا. و پەیڕەوکردنی ڕەوشتەکانی.
ئیسلام خۆشویستنی موحەمەد بە یەکێک لە ئوسوڵەکانی ئیسلام و یەکێک لە مەرجەکانی ڕاستی باوەڕ دادەنێت، موسڵمانان ڕێزێکی زۆریان لێناوە، و بە ڕێژەیەکی زۆر مناڵەکانیان بە ناوی موحەمەد ناو دەنێن، کە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، موحەمەد بەربڵاوترین ناوە لە جیهاندا، و زۆرترین ناو بووە بۆ ناونانی لەدایکبووە نوێکان لە بەریتانیا ساڵی ٢٠٠٩. زۆربەی موسڵمانان لە هەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا ڕاهاتوون بە ئاهەنگ گێڕان بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر موحەمەد لە سەدەی شەشی کۆشی بەرامبەر دوانزەی زایینییەوە، کۆڕ ئەبەستن بۆ گوێگرتن لە ژیاننامەکەی، و سەڵاوەتدان لەسەری، و گوێگرتن لە وەسفەکانی، لە هەمان کاتدا سەلەفییەکان ئەم بۆنەیە قبوڵ ناکەن و بە دروستکراوی ئەزانن.
موسڵمانان ناوی موحەمەد جیادەکەنەوە بەوەی لەگەڵ ناوهێنانییدا دەڵێن «پێشەوامان موحەمەد (سیدنا محمد)» یان «پێغەمبەری خوا (رسول الله)» یان «نەبی» و لە دوای ناوەکەی سەڵاواتی لەسەر ئەدەن و ئەڵێن؛ "صلّى الله عليه وسلّم" واتە؛ «دروودی خوای لێبێت».
تێڕوانینی یەهوودی [دەستکاری]
نەریتێک هەیە لەناو یەهوودییدا، دان ئەنێن بە بوونی پێغەمبەری بێجگە لە یەهوودییەکان، خوا ناردوونی بۆ ڕێنمایی کردنی میللەتەکانیان، لەوانە؛ بلعام و ئەیووب کە عییبری نەبوون، تێڕاونینی زانا گەورەکانی یەهوود جیاوازییەکی گەورەیان تێدایە دەرباری پێغەمبەر موحەمەد، زانای یەهوودی نسنائیل کوڕی فیوومی ئەڵێت، خوا پێغەمبەری ناردووە کە پەیامەکانیان یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەو بیروباوەڕانەی بۆ پێغەمبەرەکانی یەهوودی ناردووە، فیوومی موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ڕاستگۆ دادەنێت بەڵام پەیامەکەی تایبەت بە [عەرەب] ئەزانێت بە شێوەکی تایبەت و بۆ یەهوودی دانانێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ تەورات یەک ناگرێتەوە[١٧][١٨]. ئەوەی تێبینی دەکرێت تێڕوانینی فیوومی قبوڵێکی فراوان نەکراوە لە نێو یەهوودەکانی سەردەمەکەییدا.
موسا کوڕی مەیموون یەکێک لە گرنگترین لاهووتییەکانی یەهوودە لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا وای ئەبینێت کە موحەمەد هەندێک لە بنەماکانی یەهوودی هەڵبژاردووە لە پەیامەکەیدا و پەرستشی تری بۆ زیاد کردووە، و مەیمون موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ناڕاستگۆ دادەنێت و بانگەوازی پێغەمبەرایەتییەکەی بە ناڕاست ئەزانێت لەبەر ئەوەی پێچەوانەی نەرێتی تەوراتی یەهوودییە، هەروەها بوونی پێغەمبەرێکی نەخوێندەوار بەوە دادەنێت کە ناتوانێت بگاتە پلەی پێغەمبەر[١٩] .[٢٠].
تێڕوانینی مەسیحییەت [دەستکاری]
یوحنا دیمەشقی کە یەکەم مەسیحییە ڕای خۆی دابێت لەسەر موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ناڕاستگۆی داەنێت[٢١]، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕای ڕۆژهەڵاتییەکان لەسەر موحەمەد کرانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کاتێک خەلیفەی عەبباسی مەهدی لە بەتریرکی نساتڕە تیمۆساسی پرسی دەربارەی موحەمەد، وەڵامی دایەوە؛ «لەسەر ڕێگەی پێغەمبەران ئەڕۆیشت»[٢٢]، بەڵام پیکدادانەکانی دواتری نێوانیان لەگەڵ موسڵماناندا لە ئەندەلوس و فەلەستین بووە بە هۆی دەرکەوتنی ئاڕاستەیەکی ڕەخنەگر لە ئیسلام و ئەم ئاڕاستەیە تاوی سەند، دوای شەڕەکانی ئەورووپا لەگەڵ عوسمانییەکان. بەتایبەت لای پرۆستانتەکان.
بەرگریکەرەکانی کاسۆلیک لەسەرەتای سەدەی بیست وەسفی موحەمەد دەکەن بەوەی چاکسازێکی کۆمەڵایەتییە، و هیلیر بیلوک یەکێک لە دیارترینی ئەو کاسۆلیکە بەرگەریکارانیەە لە سەرەتای سەدەی بیستدا، ستایشی پەیامی پێغەمبەر موحەمەدی کرد لەبەرئەو جێگە تایبەتەی بۆ مەسیح و مەریمی دایکی دایناوە. لەکاتی بەستنی کۆمەڵگەی ڤاتیکانی دووەمەوە دەنگێک دروست بوو لەناو کەنیسەی کاسۆلیکی بانگی ئەوە ئەکات کە دان بنرێت بە پیغەمبەرێتی موحەمەد لە ژێر ئاکارە مەسیحییەکاندا ئەمەش بۆ دروستکردنی فرسەتێکی گەورەتری گفتوگۆ لەگەڵ ئیسلام.
تێڕوانینی ڕۆژئاوا [دەستکاری]
ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی سوری ‹ڕەنا قەبانی› ئەڵێت؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا شەڕ تەنها لە نێوان ئیسلام و ئەورووپادا تەنها لەو ناکۆکییە سەربازییەدا نەبووە کە لە تورکیا یان ئیسپانیا ڕوویانداوە، بەڵکو جەنگێکی ڕۆشنبیریش هەبووە، لە سەدەی دوانزەیەمەوە ئەوروپا سووربوون لەسەرئەوەی ئیسلام وەک شارستانییەتێک قبوڵ نەکەن بەڵکو وەک هێزێکی دژ وەریانگرتووە، ئەمەش بوو بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەزانی و وونبونی وردبینی لە وەرگێڕانەکاندا و دروستکردنی ئەفسانە و ئارەزووی دژانە، کە بوو بەهۆی بەرهەم هاتنی ئەدەبێکی دژ بە ئیسلام، کە یەکێک لە ڕووەکانی ئەوە بوو پێغەمبەر موحەمەد دوژمنی مەسیحە[٢٣].
لەگەڵ سەردەمی ڕوناکبیری لە سەدەی حەڤدەدا و دەرکەوتنی پەیوەندی بازرگانی تایبەت لە نێوان ئەورووپا و دەوڵەتی عوسمانییدا، لەگەڵ ئەو سەردانانەی بازرگان و ئەوروپییەکان پێی هەستان بۆ شارەکانی ڕۆژهەڵات بیرکردنەوەیان دەربارەی ئیسلام و پێغەمبەر گۆڕانی بەسەردا هات، ئەورووپا بەرهەمێکی نوێیان بە جێهێشت، ئەدیب و شاعیرە ڕۆژئاواییەکان دەستیان کرد بە وەسفی پیغەمبەر و ستایش کردنی، بەڵام هەندێک لەسەر بیروباوەڕە کۆنەکانی سەردەمی ناوەڕاست مانەوە دەربارەی ئیسلام و ئەمەش بەردەوام بوو هەتا سەدەی بیست، و تا لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەردا شەپۆلی ترس لە ئیسلام بەرز بوویەوە، ئەمەش بەهۆی تێکەڵ کردنی ڕەفتاری توندڕەوە ئیسلامییەکان لەگەڵ پەیامی ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی[٢٤][٢٥].
تێڕوانیەنەکانی تر [دەستکاری]
- بابی و بەهائی و ئەحمەدی، موحەمەد بە یەکێک لە پێغەمبەرەکان دادەنێن، بەڵام بە دوا پێغەمبەری دانانێن، و بەپێی ڕای ئەوان لە دوای موحەمەد باب و بەهاء و غوڵام ئەحمەد قادیانی هەیە.
- لە دیانەتی سیلیما، موحەمەد بە یەکێک لە قەدیسییەکان دانراوە (کەنیسەی کاسۆلیکی)
- ناناک دامەزرێنەری دیانەتی سیخی بە یەکێک لە پیغەمبەرەکانی براهمای دادەنێت[٢٦].
- کەنیسەی یەسوع مەسیح، بە یەکێک لە چاکسازەکانی دادەنێت وەک کۆنغۆشیوس و سوقڕات و ئەفڵاتوون و ئەوانی تر، و پاداشتیان لای خوا وردەگرنەوە لە بەر بەها ڕەوشتییەکانیان، و بانگەوازەکەیان بۆ ڕوناککردنەوە و هێنانەدی ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن لە نیو خەڵکدا[٢٧].
بابەتە پەیوەندیدارەکان [دەستکاری]
سەرچاوەکان [دەستکاری]
- ↑ ١٠٠ نەمرەکە مایکل هارت
- ↑ ژیاننامەی پێغەمبەر، ئەکرەم زیاء عەمری.
- ↑ "Muhmmad," Encyclopedia of Islam and the Muslim world
- ↑ سەیری سەرچاوەکان بکە:
- Holt (1977a), p.57
- Lapidus (2002), pp 0.31 and 32
- ↑ تۆڕی ئیسلامی: گرنگترین سەرچاوەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر، ئەکرەم زیاء
- ↑ [http://www.islamweb.net/media/index.php?page=article&lang=A&id=16539 تۆڕی ئیسلامی.
- ↑ بوخاری ڕیوایەتی کردووە لە سەحیحی بوخارییدا
- ↑ [http://www.islamweb.net/newlibrary/display_book.php?flag=1&bk_no=49&ID=265 لە تەفسیری ئیبن کەسیر، سورەتی ئەنعام
- ↑ دەقی فەرموودەکە؛ «أنا دعوة إبراهيم، وكان آخر من بشّر بي عيسى بن مريم»
- ↑ بوخاری ڕیوایەتی کردووە
- ↑ ئەحمەد کوڕی حەنبەل ڕیوایەتی کردووە لە موسنەدەکەیدا.
- ↑ سورەتی مائیدە، ئایەتی ٣
- ↑ سورەتی نەسر، ئایەتی ١
- ↑ تۆڕی شیعەی جیهانی
- ↑ سورەتی ئیسرا، ئایەتی ٨٨
- ↑ سورەتی قەمەر، ئایەتی ١
- ↑ The Bustan al-Ukul, by Nathanael ibn al-Fayyumi, edited and translated by David Levine, Columbia University Oriental Studies Vol. VI, p. 105
- ↑ Gan ha-Sekhalim, ed. Kafih (Jerusalem, 1984), ch. 6.
- ↑ Prophet: True or False?, Gil Student
- ↑ Jewish Views on Islam, Marc B. Shapiro
- ↑ St. John of Damascus’s Critique of Islam, Orthodox Christian Information Centre
- ↑ Modern Western Christian theological understandings of Muslims since the Second Vatican council, Mahmut Aydin
- ↑ ئەفسانەکانی ئەورووپا لەسەر ڕۆژهەڵات، ڕەنا قەبانی.
- ↑ پێگەی ئەمڕۆ، .
- ↑ جەزیرە نێت.
- ↑ Peter Teed (1992), p.424
- ↑ A Latter-day Saint Perspective on Muhammad - James A. Toronto.
- سایتی تەنزیل
- ژیانی پێغەمبەری خوا لە قورئان و سوننەتدا، نوسینی/ موحەمەد مەلا فائق شارەزووری
- وێکپیدیای عەرەبی
- دەنگی ئیسلام
|
|||||||