محەممەد

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

Disambig RTL.svg  ئەم وتارە سەبارەت بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە موحەمەد (ڕوونکردنەوە).

موحەمەد کوڕی عەبدوڵڵا
پێغەمبەر موحەمەد
«ئەحمەد، ئەبووقاسم، ئەبووتەییب، پێغەمبەری گەڕانەوە، پێغەمبەری بەزەیی، پێشەوای بەنی ئادەم، خۆشەویستی ڕەحمان، موختار، موستەفا، موجتەبا، سادق، مەسدووق، ئەمین، خاوەن شەفاعەت و پێگەی بەرز، خاوەن چاکە و پلەی بڵند، خاوەن تاج و میعراج، پێشەوای لە خواترسان، پێشەوای نێردراوان، پێغەمبەری نەخوێندەوار، پێغەمبەری خوا، دوایین پێغەمبەر، پێغەمبەری مەزن، چرایەکی ڕوناک،نوور ،میهرەبان،....هتد»
لەدایکبوون ڕەبیعولئەوەل ٥٢ی پێش کۆچی / نیسان ٥٧١ز
مەککە
کۆچی دوایی ڕەبیعولئەوەل ١١ی کۆچی / حوزەیران ٦٣٢ز
مەدینە
ڕێزلێنراوە بە ئیسلام
بەهائی
ناردن ڕەمەزان ١٢ پ.ک / ئاب ٦١١ز, ئەشکەوتی حەراء لە مەککە
شوێنگەی سەرەکی حوجرەی عائیشە لە مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە
مێژووی یادەوەری ١٢ی ڕەبیعولئەوەلی هەموو ساڵێکی کۆچیی
هێماکان قورئان
شەفیعە بۆ هەموو خەڵک
نەژاد لە عەرەبە لە قوڕەیش لە نەوەی ئیسماعیل کوڕی ئیبراهیم
دایکی ئامینەی کچی وەهب
باوکی عەبدوڵڵا کوڕی عەبدول موتەلیب
دایکی بە شیری حەلیمە سەعدی، و سۆیبە
باوکی بە شیری حارس کوڕی عەبدول عیز
خوشک و براکانی بە شیری حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب (مامی)، و ئەبووسەلەمە کوڕی عەبدئەسەد، و ئەبووسوفیان کوڕی حارس (کوڕی مامی)، و عەبدوڵڵا کوڕی حارس، و شەیما کچی حارس، و ئەنیسە کچی حارس
خێزانەکانی خەدیجە کچی خووەیلید، و سوودە کچی زمعە، و عائیشەی کچی ئەبووبەکر، و حەفسە کچی عومەر، و زەینەب کچی خزیمە، و ئوم سەلەمە، وزەینەب کچی جەحش، و جوبریە کچی حارس، و ماریە قبتی، و ئوم حەبیبە، و سەفییە کچی حەیی، و مەیموونە کچی حارس
کوڕەکانی قاسم، و عەبدوڵڵا، وئیبراهیم
کچەکانی زەینەب، و ڕوقەیە، و ئوم کەلسوم، و فاتیمە

موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب، موسڵمانان بە پێغەمبەری خوای دادەنێن[١] بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و پەرستنی خوا لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم، و لەو باوەڕەدان کە باشترینی دروستکراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا دەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە« دروودی خوای لێبێت»، کە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێدەکات سڵاواتی لەسەر بدەن. نووسەری یەھوودی مایکل ھارت لە دانانی کتێبی مەزنترین ١٠٠ کەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەدی داناوە بە بە مەزنترین کەس[٢] بەو بڕوایەی «کە تەنھا کەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی و دەڵێت موحەمەد کاریگەرییەکی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێھێشتووە، ئەمەش دەردەکەوێت لە یادکردنەوە و شوێن پێ ھەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەکانی، و ھەروەھا لە ھەستانیان بە لەبەرکردنی ووتە و ھەڵس وکەوت و سیفەتەکانی».

لە دایک بووە لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی[٣]، پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی کۆچی دوایی کردوە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست دەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، کە لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی دەبێت، پاشان بازرگانی دەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجە کچی خووەیلید، کە دایکی ھەموو مناڵەکانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.

لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردۆتەوە کە لەو کاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەککەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگای خوای پێ گەیشتووە کاتێک لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد، پاشان دە ساڵی لە مەککە بە سەر برد بە بانگ کردنی خەڵکەکەی و بازرگانەکان و سەردانکەرانی کەعبە کە دەھاتنە مەککە، و لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیش کەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت دەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، کە دواتر فراوان بوو و مەککە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەکانی گرتەوە، و بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئاینی یەکتاپەرستی و لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا[٤][٥] .

پێرست

سەرچاوەکانی ژیاننامەی[دەستکاری]

لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژوودا، بۆیە ژیان و کاروبار و بیروباوەڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان لێدوانی لەسەر کراوە لەلایەن لایەنگران و نەیارەکانی بە درێژایی سەدەکان. موسڵمانان لە کۆن و نوێدا گرنگییان داوە بە ژیاننامەکەی بەوەی بە پەیڕەوێکی کرداری دادەنرێت بۆ ئیسلام، زانایانی ئیسلام دانراوی زۆریان لەسەر داناوە و ھەموو شتێکی پەیوەندیداریان پێوەی نوسیوەتەوە[٦].

قورئان[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیقورئان

قورئان بە گرنگترین سەرچاوە دادەنرێت بۆ زانینی ژیاننامەی موحەمەد

قورئان بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەد، دێرینترن و باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی ژیاننامەی پێغەمبەرە، لەبەرئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی موحەمەد خۆی و ھەموو موسڵمانان یەک نوسخەی قورئان کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ جیاوازی کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی قورئان ھەموو ژیاننامەی موحەمەد لە خۆناگرێت، بەڵام چەند ئاماژەدانێکی تیایە بۆ ژیانی بە دەربڕینی ئاشکرا بێت یان بە ئاماژەدان. ھەندێک لە سیفەتەکانی باسکراوە لەگەڵ بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی، ڕەوشت و تایبەتمەندییەکانی، و باری دەروونی، و ھەندێک شت لە بارەی غەزووەکانیەوە باسکراوە.

کتێبی فەرموودە[دەستکاری]

ژیاننامەی پێغەمبەر بەشێکی فراوانی گرتووە لە کتێبەکانی فەرموودەدا، ھەموو ئەوانەی کتێبیان لە فەرموودەدا داناوە، بەش و دەروازەی تایبەتیان داناوە لەسەر ژیانی پێغەمبەر موحەمەد، و بانگەوازەکەی، و ھاوەڵەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە پێی کات ڕیزبەند نەکراوان، لەبەرئەوەی ئەوان مەبەستیان کۆکردنەوەی ووتەکانی موحەمەد و کردار و فەرمان و حوکمەکانی بووە[٧].

زانایامی موسڵمان کۆکن لەسەرئەوەی کە ناودارترین و دێرینترین کتێب لەبارەی ھەواڵی ژیاننامەی پێغەمبەرەوە مۆتەی مالیکە، پاشان سەحیحی بوخاری و دواتر سەحیحی موسلیم کە بەشێکی زۆریان لە ژیانی موحەمەد باسکردووە.

کتێبەکانی ژیاننامە (سیرە)[دەستکاری]

کتێبەکانی سیرە و ژیاننامە لە قۆناغێکی دواتر لە کتێبەکانی فەرموودە نوسراون، ھاوەڵەکان گرنگییان دەدا بە گێڕانەوەی ژیاننامەکەی بە زارەکی، یەکەم کەس کە گرنگی دا بە نوسینەوەی ژیاننامەکەی عەروەی کوڕی زوبەیر بوو. لە دواتردا موحەمەد کوڕی ئیسحاق دێت لە نووسینەوەی ژیاننامەی موحەمەددا بە تەواوی و شارەزایان بە ڕاسترین کتێبی سیرەی دادەنێن لەو سەردەمەدا.

سەرچاوەکانی تر[دەستکاری]

کتێبەکانی شەمائل بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەددا، ئەمانەش ئەو کتێبانەن کە دانەرەکانیان گرنگییان داوە بە باسی ڕەوشتی موحەمەد و خوو ڕەوشت و سیفەتەکانی، و ھەڵس و کەوتی لە شەو و ڕۆژدا، و ڕەوشتەکانی.

ھەروەھا کتێبەکانی دەلائل بە یەکێکی تر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیاننامەکەی دادەنرێن، ئەمەش ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە بەڵگە و نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی موحەمەد دەسەلمێنێت بە پێی بیروباوەڕی موسڵمانان. زۆر کتێب لەم بوارەدا دانراون و ناودارترینییان بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی بەیھقییە.

ھەروەھا چەندین جۆری تر سەرچاوە ھەیە، وەک کتێبەکانی تەفسیری قورئان و ھۆکانی ھاتنە خوارەوە.

کورتەیەکی مێژوویی[دەستکاری]

بەشێکە لە زنجیرەیەک

ئیسلام


Mosque02.svg
بیروباوەڕ

یەکتاپەرستی · شایەتمان
نوێژ · ڕۆژوو
زەکات · حەج

مێژووى ئیسلام

سەردەمی پێغەمبەرایەتی · خەلافەتی ڕاشدین
دەوڵەتی ئەمەوی · دەوڵەتى عەبباسى
· دەوڵەتی عوسمانی

کەسایەتیە ئیسلامیەکان

محەمەد
هاوەڵەکان

شەریعەتى ئیسلامى

قورئان · فەرموودە
شەریعەتى ئیسلامى . فیقهى ئیسلامى

تائیقە ئیسلامیەکان

سوننە · شیعە · ئیبازی · ئەحمەدی

شارستانیەتى ئیسلامى

هونەر · بیناسازى
ڕۆژژمێری کۆچیی
زانست · فەلسەفە

مزگەوتەکان

مزگەوتى حەرام · مزگەوتی پێغەمبەر
مزگەوتی ئەقسا

شارە ئیسلامیەکان

مەککە · مەدینە · قودس

سەیرى ئەم بابەتانەش بکە

زاراوە ئیسلامییەکان
وتارە ئیسلامییەکان
ئیسلام بە پێی وڵات


لە ڕووی سیاسییەوە، نیمچەدوورگەی عەرەبی لێک ھەڵوەشابوو، نە دەوڵەتێک یەکی دەخست و نە حکومەتێک بەڕێوەی دەبرد، دەوڵەتە دێرینەکانی کە لە یەمەن و نەجد و دەورووبەری عێراق و شام بوون لێک ھەڵوەشابوون، و ژیانی کۆچەری دەستی بەسەر شارەکانی حیجازدا گرتبوو، و ھۆزەکان یەکەی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.

لە ڕووی ئابووریەوە، دەشتەکییە عەرەبەکان پشتیان بە شوانکارەیی و کۆچکردن ئەبەست بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، ئەمەش بوو بووە ھۆی شەڕ بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکان، بەڵام لە شارەکاندا چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی ھەبوو، مەککە چالاکی بازرگانی تێیدا باڵادەست بوو و ڕێگەی بازرگانی نێوان شام و یەمەنی بەڕێوە دەبرد، بەڵام مەدینە کشتوکاڵ تێیدا لەبرەودا بوو بە ھۆی باخی میوە و خورما و ترێوە.

عەرەب دیناری بیزەنتی و دەرھەمی فارسییان بەکاردەھێنا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە مەدینە ناسرابوو بە داڕشتنی جوانکاری زێڕ و زیو، لەگەڵ دروستکردنی شمشێر و تیر و ڕم و زرێپۆش، ھەروەھا لە شارە عەرەبیەکاندا ئاسەنگەری و زەڕەنگەری و دەباغچییەتی و چنین پەرەی سەند، ھەروەھا عەرەب چەند جۆرێک مامەڵەی داراییان دەزانی وەک قەرز و ڕەھن و باج.

لە ڕووی ئایینییەوە، بت پەرستی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی، خواوەندێکیان دەپەرست کە وەک بت دروستکران لە بەرد و تەختە، ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٦٠ بت لە دەوری کەعبە، ئەو ھۆزانە دەیانپەرستن کە دەھاتن بۆ حەج و قوربانی و نەزریان بۆ دەکردن، لەگەڵ ئەمانەشدا چەند دروشمێکیان لە پاشماوەی ئاینی ئیبراھیم بۆ مابوویەوە وەک بەرز ڕاگرتنی کەعبە، و سەردان کردنی، و حەج و عومرە، لە ھەمان کاتدا چەند تاکێک ھەبوون کە لەسەر ڕێبازی ئیبراھیم و ئیسماعیل بوون بە تەنھا و ناسرابوون بە حەنەفییەکان، ھەروەھا چەند ئاینێکی تر ھەبوو بە شێوەیکی دیاریکراو وەک یەھوودی لە یەمەن و مەدینە، و مەسیحییەت لە نەجران و حیرە و دەوروبەری شام، و ھەروەھا بڵاوبونەوەیەکی دیاریکراوی ئاگرپەرستی ھەبوو کە لە ئێرانەوە ھاتبوون[٨].

نەژادی[دەستکاری]

ئەبووقاسم موحەمەدی کوڕی عەبدولڵای کوڕی عەبدولموتەلیبی کوڕی ھاشمی کوڕی عەبدولمەننافی کوڕی قوسەیی کوڕی کیلابی کوڕی مڕەی کوڕی کەعبی کوڕی لوئەیی کوڕی غالیبی کوڕی فەھری کوڕی مالیکی کوڕی نەزڕی کوڕی کینانەی کوڕی خەزیمەی کوڕی مدرکەی کوڕی ئلیاسی کوڕی مزڕی کوڕی نزاری کوڕی موعدی کوڕی عەدنانە (تا ئێرە ڕێکەوتوون لەسەری زانایان)، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنراوە دەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراھیم.

ھیچ لقێک نییە لە قوڕەیشدا کە نزیکاتی لەگەڵ موحەمەددا نەبێت[٩]، و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە خوا ھەڵیبژاردووە لە باشترین ھۆز و پشت و نەسەبدا.

  • باوکی؛ عەبدولڵای کوڕی عەبدولموتەلیب بووە کە لە چاکترین کوڕەکانی باوکی بووە و لێبوردەترین و نزیکترینیان بووە لێوەی، و بچوکترینیان بووە.
  • دایکی؛ ئامینەی کچی وەھب کوڕی عەبد مەناف کوڕی زەھرە کوڕی کیلاب بووە کە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا، و باوکی پێشەوای بەنی زەھرە بووە لە نەسەب و شەرەفدا.

ژیانی لە پێش بانگەواز[دەستکاری]

لە دایک بوونی[دەستکاری]

دیمەنێکی مەککە لە سەر شاخی نوورەوە

موحەمەد لە دایک بووە لە مەککە (بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە لە دایک بووە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک لە دایک دەبێت ئامینەی دایکی دەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتە کەعبەوە سوپاسی خوا ئەکات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵدەبژێرێت کە لەو کاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.

پەروەردە بوونی[دەستکاری]

یەکەم کەس کە شیری پێدا لە دوای دایکی سویبەی خزمەتکاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی، و چەند مانگ جارێک دەیھێنایەوە بۆ لای دایکی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایکی تا داوای لێبکات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاکو گەرمای مەککە کاری تێ نەکات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەکەتەی ڕووی تێکردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتکردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایکی.

و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو کاتێک دایکی کۆچی دوایی کرد، پاشان عەبدول موتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ مناڵەکانیا بژی، و کاتێک لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا بوو عەبدول موتەلیب کۆچی دوایی کرد لە مەککە، و پێش مردنی ئەبو تالیبی کوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبو تالیبیش ئەو ئەرکەی زۆر بە جوانی لە ئەستۆ گرت.

لاوێتی[دەستکاری]

مامی ئەبوتاڵیب داھاتێکی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە موحەمەد سەرەتا شوانی دەکرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیک بۆ خەڵکی مەککە (قیڕات بەشێکە لە دەرھەم یان دینار).« لەگەڵ ئەوەی شیعە ھەواڵی شوانییەکەی ڕەت دەکەنەوە»، کاتێک گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵک ئەمانەتیان لە لا دادەنا، و کاتێک قوڕەیش بینای کەعبەیان نوێکردەوە، جیاوازیان کەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێکەوتن یەکەم کەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون کە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاکێکی کرد و بەردەکەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەکانی شاری مەککەی بانگکرد و ھەر یەکەی چەمکێکیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەکەی خستەوە شوێنی خۆی.

ھاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە[دەستکاری]

خەدیجە کچی خووەیلید، ئافرەتێکی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەککە بوو، کاتیک ھەواڵی دەست پاکی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی کە بەشداری بکات لە بازرگانیەکەیدا بۆ شام، موحەمەد ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەکی کڕی و گەڕایەوە بۆ مەککە قازانجێکی زۆری کرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەکەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواکەی خستە بەردەم مامەکانی، خەدیجەی خواست کاتێک لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان ھەندێک ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.

خەدیجە دایکی ھەموو مناڵەکانی بوو بێجگە لە ئیبراھیم کە دایکی ئەو ماریە قەبتی بوو، مناڵەکانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم کەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن بەڵام ھەموو کچەکانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا کۆچیان کرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.

مژدەکان لە نزیکبوونەوەی ناردنی[دەستکاری]

موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە خوا ھەر پێغەمبەرێکی ناردبێت بەڵێنی لێوەرگرتووە کە بە نەتەوەکەی بلێت باوەڕ بە دوایین پێغەمبەر بھێنن کە موحەمەدە و سەری بخەن[١٠]، و موحەمەد خۆی فەرموویەتی؛ (من بانگەوازی ئیبڕاھیمی باوکمم، مژدەکەی عیسام [١١]، ھەروەھا لە کتێبەکانی سیرەدا ھاتووە کەوا خاخامەکانی یەھوود و قەشە مەسیحییەکانی ناو عەرەب باسیان لە ھاتنی پێغەمبەر موحەمەد کردووە پێش ناردنی کاتێک کاتەکەی نزیک بۆتەوە.

ژیانی دوای ناردنی تا پێش کۆچ[دەستکاری]

دابەزینی سروش[دەستکاری]

شاخی نوور
ئه‌شكه‌وتی حه‌ڕا، كه‌ موسڵمانان له‌و باوه‌ڕه‌دان لێره‌دا محه‌مه‌د سروشی خوای بۆ دابه‌زیوه‌

کاتێک گەیشتە تەمەنی چل ساڵی بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشکەوتی حەڕا دەمایەوە لە «شاخی نوور لە دووری دوو میل لە مەککەوە»، ئەمەش لە ھەموو ساڵێکدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی ئەبرد و مانگێک تیایا دەمایەوە و پەرستن و تێڕامانی دەکرد. موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە بۆ یەکەم جار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، (٢٧ی ڕەجەب دانراوە لای شیعە).

لە دوای ئەو ڕووداوە ماوەیەک سروشی بۆ نەھات، دەڵێن نزیکەی سێ ساڵ یان کەمتر بووە، تا کۆتایی ھات بە دابەزینی ئایەتەکانی سەرەتای سورەتی مودەسیر ‹المدثر›، پاشان سروش دابەزی و بەردەوام بوو بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵ تا کۆچی دوایی کرد. و یەکەم ئایەت لە قورئان دابەزی بۆی (اقْرَء بِاسْمِ رَبِّکَ اڵّذی خَڵقَ) واتە بخوێنەوە بە ناوی ئەو خوایەی دروستی کردووی[١٢].

سەرەتای بانگەوازی[دەستکاری]

شایەتمان «لا إله إلا الله محمد رسول الله» کە پێغەمبەر موحەمەد بانگەوازی بۆ ئەکرد

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە موحەمەد نێردراوە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی، و لەدوای ھاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی سورەتی مودەسیر، دەستیکرد بە بانگ کردنی خەڵک بۆ ئیسلام لە گەورە و بچوک، و سەربەست و بەندە و پیاوان و ژنان و یەکەم کەس کە باوەڕی پێ ھێنا بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە خەدیجە کچی خووەیلیدی خێزانی و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بوو (بە پێێ گێڕانەوەکانی شیعە عەلی یەکەم کەس بووە کە باوەڕی پێ ھێناوە، ئەو کاتە مناڵ بووە لە تەمەنی دە ساڵی یان ھەشت ساڵیدا بووە و دەژیا لە ژێر چاودێری موحەمەدا)، و زەیدی کوڕی حارسە یەکەم پیاو بووە کە باوەڕی پێ ھێناوە و پاشان ھاوڕێی نزیکی ئەبوبەکر باوەری پێ ھێنا (لە ھەندێک گێڕانەوەدا ھاتووە کە ئەبوبەکر پێش عەلی باوەڕی ھێناوە و یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە) و بە موسڵمان بوونی ئەبوبەکر ئیسلام دەرکەوت لە مەککە، یەکەم کەس بوو کە ئیسلام بوونی خۆی دەرخست، و دەستی کرد بە بانگ کردنی ھۆز و نزیکەکانی بۆ ئیسلام و ئەوانەی بە بانگەوازی ئەبوبەکر ئیسلام بوون، عوسمان کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمان کوڕی عەوف و تەڵحە کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێر کوڕی عەوام و سەعد کوڕی ئەبی وەقاس بوون.

موحەمەد لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد، و لە یەکەمینی ئەو حوکمانەی ھاتنە خوارەوە فەرمان کردن بوو بە نوێژکردن، موسڵمانان سەرەتا بە نھێنی کۆدەبونەوە بۆ نوێژکردن و بە دیداری پێغەمبەر موحەمەد ئەگەیشتن کاتێک ژمارەیان گەیشتە سی ژن و پیاو، موحەمەد ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەبی ئەڕقەمی بۆ ھەڵبژاردن تا تیای کۆببنەوە بە مەبەستی ڕێنمایی و فێربوون، و کاتێک ژمارەیان گەیشتە چل کەس، فەرمان کرا بە موحەمەد بە ئاشکرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.

بانگەواز بە ئاشکرا[دەستکاری]

دوای سێ ساڵ بانگەوازی نھێنی، موحەمەد دەستی کرد بە ئاشکراکردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێکرا، ئیبن عەباس بە پێی ڕیواتەیەکی زەھری دەڵێت؛ قوڕەیش لە دژی بانگەوازی موحەممەد نەوەستان تا ئایەتەکان لەسەر بت پەرستی ھاتنە خوارەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەچوونە ئیسلامەوە مەترسی دروستبوو بۆ شێوازی ژیانی ئاینی لە مەککە و بە خراپی کار دەکردە لەسەر ھێزی ئابووری قوڕەیش، بۆیە قوڕەیش دژی بانگەوازەکەی وەستان و داوایان لیدەکرد واز بھێنیت بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێک دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت. ھەر لەبەر ئەوە قورەیش وتیان: موحەمەد توشی جۆرێک لە شێتی بووە، و وتیان جنۆکە و شەیتان تێکیان داوە و ھەروەھا پێیان وت ساحیر و شاعیرە. کاتێک زانیان بەمە ناتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە بگرن بۆیە بڕیاری ئازاردانی موسڵمانانیان دا، و ھەر سەرۆک ھۆزێک ئازاری ئەو کەسانەی دەدا لە ھۆزەکەی کە ئیسلام بوون، و بریاری ئازاردان و لێدانیان دا بۆ ھەر یەکێک ئیسلام بێت. ھەتا گەیاندیانە ئەوەی کە ئازاری پێغەمبەر خۆشیان ئەدا.

کۆچکردن بۆ حەبەشە[دەستکاری]

شوێنی شانشینی حەبەشە کە موسڵمانان کۆچیان بۆ کرد لە دوای ئازاردانیان.

کاتێک نەھامەتی زیادی کرد لەسەر موسڵمانان پێغەمبەر موحەمەد ڕێگەی پێدان کە کۆچ بکەن بۆ حەبەشە لە ساڵی ٦١٥ز بۆ لای پاشا ئەسحەمەی نەجاشی لەبەرئەوەی ستەمی لە کەس نەدەکرد، عوسمانی کوڕی عەفان و خێزانەکەی و نزیکەی ٨٠ پیاو کۆچیان کرد بۆ حەبەشە. ئەمەش یەکەم کۆچکردن بوو لە ئیسلامدا و دواتر زۆربەی ئەوانەی کۆچیانکردبوو بۆ حەبەشە ڕۆیشتن بۆ مەدینە دوای ئەوەی ئیسلام لە مەدینەدا جێگیر بوو.

گەمارۆدانی بەنی ھاشم[دەستکاری]

کاتێک قوڕەیش زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، و دوای ئەوەی عومەر کوڕی خەتتاب و حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب ئیسلام بوون، و ئیسلام بڵاوئەبوویەوە لە نێو ھۆزەکاندا، ئەمە زۆربوو بەلایانەوە، کۆبوونەوە بۆ کوشتنی پیغەمبەر، قسەیان لەگەڵ بەنی ھاشم کرد و داوایان کرد بیدەن بە دەستەوە، ئەوانیش ڕازی نەبوون، و کاتێک قوڕەیش ئەمەیان زانی گەمارۆی بەنی ھاشمیان دا بەوەی کەس تێکەڵیان نەبێت و لەگەڵیان دانەنیشێت و ھیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکات تا موحەمەد ئەدەن بە دەستەوە. بۆ ئەمەش نوسراوێکیان نوسی و بە کەعبەدا ھەڵیان واسی.

دواتر پێنج لە سەرکردەکانی قوڕەیش ھەوڵیاندا کۆتایی بەو گەمارۆیە بھێنن، پاشان ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد لە ڕەمەزان یان شەوالی دەیەم ساڵی پێغەمبەرایەتی (٣ ساڵ پێش کۆچی)، قوڕەیش نەیانئەتوانی ئازاری پێغەمبەر بدەن ھەتا ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد، پاشان خەدیجەی خێزانی کۆچی دوایی کرد، پێغەمبەر زۆر خەمبار بوو بۆ لە دەستدانی مامی و ھاوسەرەکەی لەبەر ئەوە ئەو ساڵ ناونرا ساڵی دڵتەنگی.

دەرچوون بۆ تائیف[دەستکاری]

شاخی شاری تائیف

کاتێک قوڕەیش ئازاریان توند کرد لەسەر موحەمەد و ھاوەڵەکانی دوای وەفاتی ئەبوتالیب مامی، موحەمەد دەرچوو بۆ تائیف و داوای لێکردن بێنە ناو ئیسلامەوە، بەڵام ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان دایەوە و ڕازی نەبوون، پاشان موحەمەد تائیفی بە جێ ھێشت و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەککە لەبەرئەوەی کەس لە خەڵکی تائیف نەھاتن بە دەم بانگەوازەکەیەوە.

ئیسرا ومیعراج[دەستکاری]

مزگەوتی ئەقسا

لە دوای گەشتەکەی تائیف، ڕووداوی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەو ڕوویدا بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی، موسڵمانان بە سوننە و شیعەوە لەو باوەڕەدان، ئەم گەشتە لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا واتە شاری بیت المقدس بە سواری بوراق و بە ھاوەڵی جوبرەیل، لەوێ دابەزیوە و نوێژی کردووە، پاشان ئەو شەوە لە بیت المقدسەوە ڕۆیشتووە بۆ ئاسمانی دنیا، و لەوێ ئادەمی بینیوە وسڵاوی لێکردوە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە، ھەر لە ئاسمان بەدیداری یەحیا و عیسا و یوسف و ئیدریس و ھارون و موسا و ئیبراھیم گەیشتووە، پاشان بوراقەکە بەرزی کردۆتەوە بۆ لای خوا، و نوێژەکان لەو شەوەدا فەڕز کراون. بە پێی ڕای ئیبن ئیسحاق خوا تەنھا ئیسرای بە ڕۆحی پێغەمبەر کردووە، یان گەشتێکی ڕۆحی بووە، لە ھەمان کاتدا ھەندێ لە مێژوو ناسان وایدەبینن کە موحەمەد بە ڕۆح و جەستەشی سەفەری کردووە. ھەر لەو ڕۆژەدا موحەمەد بە ھۆزەکەی ڕاگەیاند بەڵام بە درۆیان خستەوە، باوەڕیان پێ نەکرد تەنھا ئەوان نەبێت کە باوەڕیان بە بانگەوازەکەی کردبوو وەک ئەبوبەکر.

بەیعەتی عەقەبەی یەکەم ودووەم[دەستکاری]

موحەمەد لە وەرزی حەجدا بانگەوازی ھۆزە عەرەبەکانی دەکرد بۆ لای خوا، و لە ساڵی ١١ی پێغەمبەرایەتیدا بوو کە شەش لاوی یەسریب (مەدینە) ھاتن بۆ مەککە لە وەرزی حەجدا، و ئەو لاوانە بەڵێنیان بە پێغەمبەردا کە پەیامەکەی بگەیەننە ھۆزەکانیان لە کاتێکدا لای عەقەبە بوون، و لە وەرزی داھاتووی حەجدا، دوانزە پیاو ھاتن، پێغەمبەر بینینی و ئەوانیش موبایەعەیان داپێی ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبەی یەکەم ناسراوە. و لەوەرزی سێیەمی حەجدا لە ساڵی ١٣ی پێغەمبەرایەتی، ساڵی ٦٢٢ز نزیکەی حەفتا کەسێک لە موسڵمانانی یەسرب (مەدینە) ھاتن بۆ حەج، و کە گەیشتنە مەککە پەیوەندی نھێنیان بە موحەمەدەوە کرد و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی موحەمەد و ھاوڕێکانی کۆچ بکەن بۆ مەدینە ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبی دووەم ناسراوە.

کۆچکردن بۆ مەدینە[دەستکاری]

لە دوای بەیعەتی عەقەبەی دووەم، بارودۆخەکە توند بوو لەسەر موسڵمانان، پێغەمبەر ڕیگەی بە موسڵمانان دا کە کۆچ بکەن بۆ مەدینە، و لە مەککە تەنھا پێغەمبەر و ئەبوبەکر و عەلی کوڕی ئەبوتالیب مانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لاواز بوون و توانای کۆچکردنیان نەبوو.

کاتێک قوڕەیش دەرچوونی موسڵمانانیان بینی، ترسان موحەمەدیش دەرچێت، لە دارلندوە کۆبوونەوە، و بڕیاری کوشتنی موحەمەدیان دا، جوبڕەیل ئەم ھەواڵەی گەیاند بە پێغەمبەر و پێی ڕاگەیاند لە شوێنەکەی نەخەوێت، موحەمەد فەرمانی بە عەلی کرد بخەوێت لە جێگەکەی تا ئەمانەتەکانی لایەتی بیگەڕێنێتەوە پاشان بڕوات بە دوایاندا، پاش ئەوە پێغەمبەر چووە لای ئەبوبەکر و بەیەکەوە کۆچیان کرد و لە ڕۆژی دووشەممە دەی ڕەیعولئەوەلی ٦٢٢ز موحەمەد خۆی چووە مەدینەوە لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵی، و پشتیوانان پێشوازیەکی گەرمیان لێ کرد.

خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەم بۆنەیەی کرد بە سەرەتای مێژووی ئیسلامی، بەڵام موحەڕەمی کرد بە سەرەتای ڕۆژژمێری کۆچیی لە جیاتی ڕەبیعولئەوەل لەبەرئەوەی ویستی کۆچەکە لە موحڕەمدا دەستی پێکرد، بەڵام شیعە لەو بڕوایەدان کە ڕۆژژمێری کۆچی ھەر لە سەردەمی موحەمەددا دانراوە.

ژیانی لە مەدینە[دەستکاری]

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی[دەستکاری]

مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر

یەکەم ھەنگاوی موحەمەد لە مەدینە فەرمانی پێکردن بە کردنەوەی مزگەوت کە ناسراوە بە مزگەوتی پێغەمبەر، جێگەکەی بۆ ھەڵبژارد و دەستیان کرد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە. مەدینە لە پێش گەیشتنی پێغەمبەر بەدەست ناکۆکی سەد ساڵەوە دەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەکانیدا، سەرکردەکانی مەدینە ھەستیان ئەکرد پێویستیان بە سەرکردەیەکی یەکگرتوو ھەیە کە پەیوەندیەکانیان ڕێک بخات و ناکۆکی نێوانیان نەھێڵێت، ئەمەش وای لێکردن موحەمەد قبوڵ بکەن وەک سەرکردەی مەدینە و پاڵپشتی و پارێزگاری لە خۆی و کۆچکردووە موسڵمانەکان بکەن. و موحەمەد برایەتی خستە نێوان کۆچکردووان و پشتیوانان، ھەر پشتیوانێک کۆچکردوویەکی ھەڵبژارد تا برای بێت و لەماڵەیدا بمێنێتەوە ئەمەش لە ھەنگاوێکدا بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەھێزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا و بۆ سڕینەوە ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا بوو. بەم شیوەیە پشتیوانان ماڵ و سەروەتیان بەش کرد لەگەڵ کۆچکردووەکانی برایاندا.

ھەروەھا موحەمەد سەنەدێکی نوسیوە کە ناسرا بە دەستوری مەدینە، و لە سەنەدی ڕێکەوتنی نێوان ھۆز و تیرە جیاوازەکانی ناو مەدینە دەچوو و ئەرک و مافەکانی دانیشتوانی مەدینە دیاری کرا، و سەنەدەکە ٥٢ بەندی لە خۆگرتبوو، بیست و پێنج بەندیان تایبەت بوو بە کاروبارە تایبەتەکانی موسڵمانان بیست و حەوتیان پەیوەست بوون بە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئایین و دیانەتەکانی تر، و ئەم دەستورە ڕێگەی دەدا بە خاوەن ئاینەکانی تر لەگەڵ موسڵمانان بژین بە سەربەستی، ھەروەھا باس لە ھاوپەیمانی ھۆزە جیاوازەکان کرا بوو کاتێک مەدینە بکەوێتە بەر ھێرش، و دڵنیای سەربەخۆیی دارایی ھەر ھۆزێکی تیا دووپات کرابوویەوە. زۆربەی بت پەرستەکانی مەدینە ئیسلام بوون، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیان وەک سەعدی کوڕی موعاز، تەنھا کەمایەتییەک مانەوە لەسەر بت پەرستی کە ئەوانیش کاریگەریان دیار نەبوو.

سەرەتای ناکۆکی سەربازی[دەستکاری]

لەگەڵ سەرەتای بوونی موسڵمانان لە مەدینە، خاخامەکانی یەھوود لە بەنی قەریزە و بەنی قینقاع و بەنی نەزیر دەستیان کرد بە دوژمنایەتی موحەمەد، و ھەندێک لە پیاوەکانی ئەوس و خەزرەج چوونە پاڵیان ئەوانەی لە سەرەوە خۆیان بە ئیسلام دەردەخست و پێچەوانەی ئەوەیان دەشاردەوە، ناونران بە دوو ڕووەکان، لە دوای ئەوە خوا فەرمانی جەنگی بە پێغەمبەر موحەمەد کرد[١٣]، دەستی کرد بە ناردنی نوێنەر و سریە، چووە غەزووەوە و شەڕی کرد خۆی و ھاوەڵەکانی، ژمارەی ئەو غەزووانەی خۆی بۆی دەرچوو ٢٧ غەزوو بوو، لە ٩ غەزوویاندا خۆی جەنگاوە، و ژمارەی سریەکانی ٤٧ سریەیە، و لە ھەموو ئەو غەزووانەیە موحەمەد بە دەستی خۆی کەسی نەکووشتوە تەنھا ئەبی کوڕی خەلەف نەبێت.

یەکەمی سریەکان حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب بوو، لە مانگی ڕەمەزان لە سەری حەوتەم مانگی کۆچییدا، سی پیاو لە کۆچگردووان دەرچوون، ڕێگەیان لە کاروانێکی قوڕەیش گرت، بەڵام شەڕ ڕووی نەدا لە نێوانیان، پاشان سریەی عوبەیدەی کوڕی حاریس، و سریەی سەعد کوڕی ئەبی وەقاس ڕوویاندا، پاشان لە مانگی سەفەری سەری دوانزەیەم مانگی کۆچییدا، پێغەمبەر موحەمەد دەرچوو بۆ یەکەم غەزوو کە ئەویش غەزووی ودان بوو، پاشان غەزووەکانی بوات و عەشیرە و بەدری یەکەم ڕوویاندا.

لە ١٧ی ڕەمەزانی ساڵی ٢ی کۆچی بەرامبەر ئازاری ٦٢٤ز، غەزووی بەدری گەورە ڕوویدا، و بە سەرکەوتنی موسڵمانان جەنگەکە کۆتایی پێ ھات، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا ١٤ کەس لە موسڵمانان کوژران، و ٧٠ کەس لە بێ باوەڕەکان کوژران کە ئەبو جەھلیان لە نێودا بوو، و ٧٠ی تریان بە دیل گیران، ١٦ کەسیان لێ موسڵمان بوو، پاشن لە دواتردا موحەمەد یەھوودەکانی بەنی قینقاعی کردە دەرەوە لە غەزووی بەنی قینقاع، دوای ئەوەی گەمارۆی دان بەڵام وازی لێھێنان بێ ئەوەی بیان کوژێت فەرمانی پێ کردن بڕۆنە دەرەوە لە مەدینە.

قوڕەیش ھەوڵیاندا تۆڵەی غەزووی بەدر بکەنەوە، دەرچوون لەگەڵ ژمارەیەک ھۆزەکاندا بە ٣٠٠٠ جەنگاوەر و ٢٠٠ سوارچاک و ٣٠٠٠ ووشترەوە، و لەو کاتانە ئەبووسوفیان کوڕی حەرب سەرکردایەتی ئەکردن، و کاتێک ھەواڵەکە گەیشت بە موحەمەد خۆیان ئامادەکرد و پاشان دەرچوون، و غەزووی ئوحد دەستی پێکرد لە ٧ی شەوالی ساڵی ٣ی کۆچی، سەرەتا شەڕەکە لە بەرژەوەندی موسڵمانان بوو، ڕم ھاوێژەکان وایانزانی شەڕەکە کۆتای پێ ھاتووە، بێ فەرمانی پێغەمبەریان کرد و شوێنەکەیان چۆڵ کرد، خالید کوڕی وەلید ئەوەی قۆستەوە و ھاوسەنگی جەنگەکە گۆڕا بە بەرژەوەندی قوڕەیش، و ئازارێکی زۆریان بە موسڵمانان گەیاند و لەم شەڕەدا حەممزەی مامی پێغەمبەر کوژرا.

لە ٨ی شەوال موحەمەد دەرچوو بۆ غەزووی حەمڕا لئەسەد بەڵام بێ ڕوودانی جەنگ گەڕایەوە بۆ مەدینە، لە کاتێکی دواتردا غەزووی بەنی نەزیڕ ڕوویدا لەگەڵ یەھوودەکانی بەنی نەزیر دوای ئەوەی غەدریان کرد بە شکاندنی پەیماننامەکە و ھەوڵی کوشتنی پێغەمبەریان دا.

گەمارۆدانی مەدینە[دەستکاری]

دوای ئەوەی بەنی نەزیر کرانە دەرەوە لە مەدینە و ڕۆیشتن بەرەو خەیبەر، خەڵکیان نارد بۆ لای قوڕەیش و ھانیان دان بۆ شەڕکردن لەگەڵ موحەمەد، ڕێکەوتن لەگەڵیان، قوڕەیش ٤٠٠٠ کەس و ٣٠٠ سوارچاکیان کۆکردەوە، کۆمەڵێکی تریش لە ھۆزەکان چوونە پاڵیان و ھەموویان نزیکەی ١٠،٠٠٠ کەس بوون و ناونران بە ئەحزاب، و سەرکردەکەیان ئەبووسوفیان بوو، لە ئەنجامدا شەڕی خەندەق یان شەڕی ئەحزاب کەوتەوە، لە شەوالی ساڵی ٥ی کۆچییدا، و کاتێک موحەمەد بە ھەواڵەکەی زانی بە ڕاوێژکردن بە سەلمانی فارسی ھەستان بە ھەڵکەندنی خەندەق لە شارەکەدا، و قوڕەیش و ئەحزابەکانی لەگەڵیان بوون گەمارۆیەکی توندی شارەکەیان دا، تا ڕەشەبایەکی توند ھات بە سەر سەربازگەکانی ئەحزابدا و چۆڵیان کرد.

پاشان موسڵمانان لە غەزووی بەنی قەریزەدا، گەمارۆی بەنی قەریزەیان دا تا خۆیان دا بە دەستەوە.

ڕێکەوتنی حودەیبیە[دەستکاری]

داڕێژە:پێغەمبەرەکان لە قورئاندا

لە مانگی زیلعەقدەی ساڵی ٦ک بەرامبەر ٦٢٨ز، موحەمەد فەرمانی کرد بە شوێنکەوتووەکانی ئامادەکاری بکەن بۆ مەناسکی عومرە لە مەککە، دوای ئەوەی لە خەونیدا بینی خۆی و ھاوەڵەکانی چوونە مزگەوتی حەرامەوە، ڕۆژی دووشەممە دەرچوون بە بێ چەک تەنھا چەکی گەشتیار نەبێت، و کاتێک قوڕەیش بەوەیان زانی، بڕیاریان دا نەھێڵن بچێتە کەعبەوە، ٢٠٠ سوارچاکیان بە سەرکردایەتی خالیدی کوڕی وەلید نارد بۆ ڕێگەی سەرەکی مەککە، بەڵام موحەمەد ڕێگەیەکی سەختتری ھەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، تا گەیشتە حودەیبیە لە دووری ٩ میل لە مەککەوە، پاشان ووتوێژ کەوتەوە لە نێوان موسڵمانان و قوڕەیشدا.

لە ئەنجامدا ڕێکەوتنی حودەیبیە کەوتەوە و ڕێکەوتن لەسەرئەوەی موسڵمانان ئەو ساڵە عومرە نەکەن و ساڵی دواتر بگەڕێنەوە، ھەروەھا موسڵمان ھەر یەکێک بگەڕێننەوە ئەگەر بێ مۆڵەت لە مەککەوە بڕوات بۆ ناویان، بەڵام قوڕەیش ئەوە ناگەڕێننەوە ئەگەر لە مەدینەوە بڕوات بۆ ناو ئەوان، و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەم پەیماننامەیە ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێ بکرێت.

لە ئەنجامی ئەم ڕێکەوتنەدا، موحەمەد ھەستا بە ناردنی نوێنەر بۆلای پاشاکانی جیھان، و بانگی کردن بۆ ئیسلام بوون، یەکەم پەیامبەری نارد بۆلای نەجاشی پاشای حەبەشە، کاتێک نوسراوەکەی پێ گەیشت، خستیە سەر چاوی و ھاتە سەر زەوی بۆی، موسڵمان بوو، و پەیامبەری نارد بۆ لای قەیسەر ھەرقلی پاشای ڕۆم، و بۆ لای کیسرای پاشای فارس، کە نووسراوەکەی دڕاند، ھەروەھا پەیامبەری نارد بۆ لای مقوقسی پاشای میسر، ھەروەھا چەندین نوێنەری تری نارد.

غەزووی خەیبەر و مۆتە[دەستکاری]

دوای ئەوەی لای قوڕەیشی ئاسایش کرد بە ھۆی حودەیبییەوە، موحەمەد ویستی لە یەھوود بپرسێتەوە لەبەرئەوەی ھۆزەکانیان کۆکردەوە لە شەڕی ئەحزابدا، لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ٧ی ک دەرچوو لە غەزووی خەیبەردا، بە شێوەیەکی نھێنی، یەھوودی بە ھەواڵەکەیان زانی و خۆیان بۆ ئامادەکرد، و موسڵمان ڕۆیشتن قەڵا لە دوای قەڵا فەتحیان ئەکرد، و موحەمەد ئەیویست یەھوود دەربکات لە خەیبەر بەڵام لەگەڵیان ڕێکەوت لەسەر ئەوەی ساڵانە نیوەی بەروبوومەکەیان بدەن بە موسڵمانان.

پاشان دوای ٨ مانگ، موحەمەد لە زیلعوقدەی ساڵی ٧ک، دەرچوو بۆ عومرە بەو پێیەی لە ڕێکەوتنی حودەیبیە ڕێکەوتبوون لەسەری لەگەڵ قوڕەیشدا.

لە جەمادی یەکەمی ساڵی ٨ک، غەزووی مۆتە ڕوویدا لە باشووری ئوردن، کە ھۆکەی کوژرانی پەیامبەرەکەی پێغەمبەر بوو کە ناربووی بۆ پاشای بەسڕە تا بانگی بکات بۆ ئیسلام، موحەمەد سوپایەکی ٣٠٠٠ کەسی نارد و لە بەرامبەریاندا سوپای ڕۆم ھەبوو بە سەرکردایەتی ھەرقل و ١٠٠،٠٠٠ جەنگاوەرەوە، و لە ئەنجامی شەڕەکەدا موسڵمانان کشانەوە.

فەتحی مەککە[دەستکاری]

لە ئەنجامەکانی ڕێکەوتنی حودەیبیە، ھۆزی خزاعە ھاتنە ھاوپەیمانییەکەی موحەمەدەوە، و بەنوبەکر چوونە ھاوپەیمانییەکەی قوڕەیشەوە، و بەنی بەکر و خزاعە شەڕ و کوشتاری سەردەمی نەزانی لە نێوانیاندا بوو، ماوەیەک بە ئیسلامەوە سەرگەرم بووبوون و پاشان شەڕ لەنێوانیان دەستی پێکردەوە، و قوڕەیش یارمەتی بەنوبەکریان دا، بەمەش کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ موسڵمانان ھات، پێغەمبەر موحەمەد سوپای کۆکردەوە و نزیکەی ١٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ڕێکەوتن لە ١٠ی ڕەمەزانی ساڵی ٩ک، و چوونە مەککەوە و فەتحیان کرد، و سوپاکە گەیشتە کەعبە، چوونە مزگەوتەکەوە، و ئەو ٣٦٠ بتەی لە دەوری ماڵەکە بوو ڕوخاندیان.

ناکۆکی لەگەڵ ھۆزە عەرەبییەکان[دەستکاری]

ماوەیەکی کەم دوای فەتحی مەککە، ھۆزەکانی ھوزان و سەقیف و لەگەڵ ھەندێکی بەنی ھیلال ڕێکەوتن لەسەر شەڕکردن لەگەڵ موسڵمانان، کاتێک موحەمەد ئەوەی بیست دەرچوو لە مەککە لە غەزووی حەنیندا لە ڕۆژی شەممە ٦ی شەوالی ساڵی ٨ک، و ١٢،٠٠٠ جەنگاوەر لەگەڵی دەرچوون، و موسڵمانان لە ئەنجامدا سەرکەوتن و زۆربەی ھۆزی ھوزان ھەڵھاتن بۆ تائیف.

دوای غەزووی حەنین و لە ھەمان کاتدا، موحەمەد بەرەو تائیف ڕۆیشت بۆ دەرکردنی ھوزان و سەقیف، و غەزووی تائیف ڕوویدا لە نێوانیان، سوپای ئیسلامی گەمارۆیان دان ماوەی ٤٠ ڕۆژ، پاشان وازیان لێ ھێنان.

لە ڕەجەبی ساڵی ٩ک، غەزووی تەبوک ڕوویدا کە دوایین غەزووی پیغەمبەر موحەمەد بوو، دوای ئەوەی ھەواڵیان پێ گەیشت لە وڵاتی ڕۆمەوە کە پاشای ڕۆم و ھاوپەیمانە عەررەبەکانی، سوپایەکیان پێک ھێناوە بۆ ھێرش بردنە سەر دەوڵەتی ئیسلامی، موسڵمانان سوپایەکیان پێک ھێنا لە ٣٠،٠٠٠ جەنگاوەر بە ھاوڕێیەتی ١٠،٠٠٠ سوارچاک، بەڵام لەبەر دووری ڕێگەکاکە و توندی گەرماکە تووشی سەختی بوون و کە گەیشتنە تەبووک، ٢٠ شەو تیایا مانەوە، و کاتێک ڕۆمان و ھاوپەیمانەکانیان ھەواڵی کشانی سوپای ئیسلامییان بیست ترسان و جیابوونەوە لە ناو سنووری وڵاتەکەیان، و موسڵمانان تەبووکیان بە جێ ھێشت، و گەڕانەوە بەرەو مەدینە لە ڕەمەزانی ساڵی ٩ک.


لە دوای ئەوە، وەفدێکی سەقیف ھاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوون، ھەروەھا چەندین وەفد لە ھۆزە عەرەبیەکانەوە ئەھاتن بۆ مەدینە و ئیسلام بوونی خۆیان ڕائەگەیاند و نزیکەی ٧٠ وەفد ھاتن لە نێوان ساڵەکانی ٩ک و ١٠کدا، بە شێوەیەک کە ساڵی ٩ک ناونرا بە ساڵی وەفدەکان.

حەجی ماڵئاوایی[دەستکاری]

لە زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، پێغەمبەر موحەمەد ویستی حەج بە ئەنجام بگەیەنێت، دوای ئەوەی ٩ ساڵی لە مەدینە بەسەربرد بێئەوەی حەج بکات، مەدینە زۆر دڵخۆش بوون پێی، و ناونرا بە حەجی ماڵئاوایی یان حەجی ئیسلام، لەبەرئەوەی ماڵئاوایی لە خەڵک کرد تیایدا و دوایین حەجی بوو، و لەبەرئەوەی باسی ئەو شتانەی بۆ کردن کە حەرام یان حەڵاڵن، لە ڕۆژی ٢٥ی زیلعەقدەی ساڵی ١٠ک، موحەمەد دەرچوو بەرەو مەککە لەگەڵ نزیکەی ١٠٠،٠٠٠ موسڵمانی ژن و پیاودا.

چووە مەککەوە لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی زیلحەجە، و چووە مزگەوتی حەرامەوە، دوای ئەوەی مەناسیکەکانی حەجی ئەنجامدا، ووتاری حەجی ماڵئاوایی دا. لەم ھەڵوێستەدا و لەسەر شاخی عەرەفە، ئەم ئایەتە قورئانییە دابەزی ﴿الْیَوْمَ أَکْمَلْتُ لَکُمْ دِینَکُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَیْکُمْ نِعْمَتِی وَرَضِیتُ لَکُمُ الْإِسْلَامَ دِینًا﴾، واتە؛ ئەمڕۆ ئاین و بەرنامەکەتانم بەکۆتایی گەیاندو نازو نیعمەتی خۆمم بۆ تەواو کردن و ڕازیم بەوەی کە ئیسلام ببێتە بەرنامەو دین و ئاینتان[١٤] لەگەڵ ئەوەی شیعە باوەڕیان وایە ئەم ئایەتە لە کاتێکی تردا دابەزیووە.

کۆچی دوایی[دەستکاری]

شوێنی حوجرەی پێغەمبەر، کە پێغەمبەر و ئەبووبەکر و عومەری تیا نێژراوە

یەکەم شت کە پێغەمبەر موحەمەد زانی کاتی وەفاتی نزیک بۆتەوە ئەوە بوو کە لە فەتحی مەککەدا سورەتی نەسری بۆ دابەزی ﴿إِذَا جَاءَ نَصْرُ اللَّھِ وَالْفَتْحُ﴾ واتە؛ کاتێ یارمەتی و کۆمەکی خوا دێت، شاری مەککە ڕزگار دەکرێت و دەرگای ئازادی واڵا دەکرێت[١٥]. لە کۆتاییەکانی مانگی سەفەری ساڵی ١١ی کۆچی، موحەمەد توشی تایەکی بەھێز بوو، و نەخۆشییەکەی لێی توند بوو، و مۆڵەتی لە خێزانەکانی وەرگرت تا لە ماڵی عائیشەی کچی ئەبووبەکر بمێنێتەوە.

وپێغەمبەر نوێژی بە موسڵمانان ئەکرد کاتێک نەخۆش بوو ١١ ڕۆژ و کاتێک نەخۆشییەکەی بە تەواوی قورس بوو فەرمانی بە ئەبووبەکر کرد نویژیان پێ بکات، و ١٣ ڕۆژ دوای نەخۆشییەکەی کۆچی دوایی کرد لە ڕۆژی دووشەممە ڕەیبعولئەوەلی ساڵی ١١ی کۆچی و لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کە ئەم بەروارەش بەرامبەرە لەگەڵ ٨ی حوزەیرانی ٦٣٢ز، لە ماڵی عائشە نێژرا لە تەنیشت مزگەوتی پێغەمبەر.

پاش وەفاتی[دەستکاری]

لە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر موحەمەد موسڵمانان جیاواز بوون لەسەر ئەو کەسەی جێ نشینی بێت، کۆمەڵێک موسڵمانان کۆ بوونەوە لە سەقیفەی بەنی ساعدە، سەعدی کوڕی عەبادە خۆی پاڵاوت بۆ ئەو مەبەستە و پشتیوانان پشتگیریان کرد، لە ھەمان کاتدا عومەری کوڕی خەتتاب ئەبوبەکری سدیقی دەستنیشانکرد بۆ ئەو مەبەستە، بە پێی ئەوەی کۆچکردووەکان لە پێش ترن بۆ جێ نشینی، ئەمەش پشتگیری ھەموو موسڵمانانی لەسەر بوو کە لەویا کۆ بووبونەوە، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک لەو موسڵمانانەی کە لەو کاتەدا سەرگەرمی کفن و دفنی پێغەمبەر بوون دوایی ناڕازیبوون، سووربوون لەسەر ئەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب جێ نشین بێت لەبەر ئەو نزیکایەتیەی ھەیەتی لەگەڵ پێغەمبەر[١٦].

دوای جێگیر بوونی دۆخەکە بۆ ئەبوبەکر، ئیشی کرد لەسەر پارستنی ئیسلام و دژایەتی کردنی ئەوانەی لە ئیسلام پاشگەز بوونەوە پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر، و ھەروەھا ئەوانەی لەناوبرد کە بانگەوازی پێغەمبەرایتیان ئەکرد، ئەمەش ناسراوە بە شەڕی ڕەدە. و ئەبوبەکر ھەستا بە ناردنی ھێزی سەربازی بۆ ناوچە جیاوازەکان. لە سەردەمی دووەم جێ نشیندا عومەری کوڕی خەتاب و تەنھا لە ماوەی دە ساڵدا وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و وڵاتی فارس و شام و میسر فەتح کرا و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدین دامەزرا.

موعجیزەکانی[دەستکاری]

موسڵمانان ھەموو لەو باوەڕەدان، کە گەورەترین موعجیزەی پێغەمبەر موحەمەد قورئانە، پاشان زۆربەیان موعجیزاتی تر ئەسەلمێنن کە لە کتێبەکانی فەرموودەدا ھاتووە.

قورئان[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتاری سەرەکیقورئان

کۆنترین نوسخەی قورئان

بە پێی بیروباوەری موسڵمانان، قورئان موعجیزەی سەرەکی پێغەمبەر موحەمەدە کە بە درێژایی سەردەمەکان کەس نەیتوانیووە ھاوشێوەی ئەوە بھێنێت لەگەڵ ئەو تەحەدایەی لە قورئاندا ھاتووە،﴿قُلْ لَئِنِ اجْتَمَعَتِ الْإِنْسُ وَالْجِنُّ عَلَی أَنْ یَأْتُوا بِمِثْلِ ھَذَا الْقُرْآَنِ لَا یَأْتُونَ بِمِثْلِھِ وَلَوْ کَانَ بَعْضُھُمْ لِبَعْضٍ ظَھِیرًا﴾ واتە؛ ئەی محمد پێیان بڵێ: سوێند بە خوا ئەگەر ھەموو ئادەمیزادو پەریەکان کۆ ببنەوەو (ھەوڵی بەردەوام بدەن تا) قورئانێکی وەکو ئەمە دانێن و بیھێننە (مەیدان) ناتوانن کاری وابکەن و ناتوانن لە وێنەی بھێنن، ئەگەر چی ھەموو لایەکیان ببنە پشتگیرو یارمەتیدەری یەکتر[١٧]. بە زۆری ئیعجازی قورئان لە ڕەوانبێژی و ڕوون بێژییەکەیاتی، و ئیعجازی زمانەوانی یەکەم و گرنگترین ھۆکارەکانی ئیعجازی قورئانە، کە چەندیین ڕوو دەگرێتەوە، لەوانە باشی دانانەکەی و کۆبوونەوەی ووشە و ڕەوانبێژییەکانی، و ئەو وێنە ڕێکخستنە سەیر و شێوازە نامۆیەی کە جیاوازە لە شێوازی قسەکردنی عەرەب و پەیڕەوەکانی ڕێکخستن و داڕشتنی کە لە پێش و دوایدا ھاوشێوەی نەبووە. لە ڕووەکانی تری ئیعجازەکەی ئەو ھەواڵانەیە کە لە پەنھاندا ھاتووە، و ھەوألی سەدەکانی ڕابردوو و پێشینەکان، و لەم دواییانەدا بزوتنەوەیەک دروست بووە باوەڕیان بە ئیعجازی زانستی ھەیە لە قورئاندا، و ئەو ئایەتانە ڕوون دەکاتەوە کە بیرۆکە زانستییەکانی ئاشکرا نەبوون تەنھا دوای ماوەیەکی دوور و درێژ نەبێت لە دەرکەوتنی قورئان.

هێڵێک لەسەر ڕووی مانگ لەلایەن گرووپی پۆلۆ ١٠ گیراوە، زانایانی موسڵمانان لەو باوەڕەدان لە ئەنجامی موعجیزەی لەتبوونی مانگەوە دروست بووە.

لەتکردنی مانگ[دەستکاری]

موسڵمانانی سوننە کۆن لەسەر ئەوەی موعجیزەی لەتکردنی مانگ ڕوویداوە بۆ پێغەمبەر موحەمەد وەک یەکێک لە موعجیزە تاکەکان، ئەمەش لە پێش کۆچکردندا بووە بۆ مەدینە، عەبدوڵڵا کوری مەسعود ئەڵێت؛ مانگ بوو بە دوو لەتەوە لەسەردەمی پێغەمبەردا بە شێکی لەسەر شاخەکە و بەشێکی ئەولاتر، پێغەمبەر (د.خ) ووتی شایەت بن، ھاوەڵ دانەرەکان ووتیان ئەمە جادووە. لەمەشدا ئایەتێکی قورئان ھاتۆتە خوارەوە، ﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَرُ﴾ واتە؛ رۆژی قیامەت نزیک بۆتەوە و مانگیش لەت بوو[١٨] بەڵام زۆربەی مێژوونوسە ڕۆژئاواییەکان ئینکاری ئەم موعجیزەیە دەکەن.

دەربارەی جیھانی نادیار[دەستکاری]

لەو ھەواڵانەی پێغەمبەر دەربارەی جیھانی نادیار ھەیبوو، ڕۆژی غەزووی بەدر بوو، و ھەواڵەکانی دەربارەی حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب بەوەی کە خوا ئاشتی پێ دەخاتە نێوان دوو کۆمەڵەی موسڵمانان، و ھەواڵی دەربارەی ئەوەی فاتیمەی کچی یەکەم کەس دەبێت لە خیزانەکەی بە دواییدا وەفات دەکات، ھەروەھا ھەواڵ و زانیاری دەربارەی چەندیین ڕووداوی تر داوە.

ھاتنی ئاو لە نیوان پەنجەکانی[دەستکاری]

کتێبەکانی فەرموودە و ژیاننامە باسی ڕووداوی دەرچوونی ئاو دەکەن لە نێوان پەنجەکانی پێغەمبەر موحەمەدەوە و لە پێش ئەو بۆ ھیچ کەسێک ڕووی نەداوە، و لە چەند جێگەیەکدا ئەمە دووبارە بۆتەوە، و تەنانەت زانایانی موسڵمانان ئەو ئاوە بە باشترین ئاو دەژمێرن.

قسەکردنی لەگەڵ گیانەوەر و بێ گیاندا[دەستکاری]

لە نموونەی ئەمەش بیستنی دەنگی تەسبیحی چەو بووە لە دەستییدا، و ھەروەھا سڵاو لێکردنی لەلایەن درەخت و بەردەوە پیش ئەوەی بنێردرێت بە پێغەمبەر، و رۆیشتنی درەخت بۆی، و ناڵەی قەدی ئەو درەختەی ووتاری لەسەر ئەدا کاتێک مینبەرەکەی بۆ دروستکرا، لە ئامێزی گرت و قسەی بۆ کرد، و لە موعجیزەکانی لەگەڵ گیانەوەراندا، بەسەرھاتی ئەو ووشترەیە کە سکاڵای کرد لە زۆری ئیش و کەمی ئالەف، ھەروەھا چەندین ڕووداو و بەسەرھاتی تر.

ھاوکات لەگەڵ ئەم موعجیزانەدا پێغەمبەر موحەمەد چەندیین موعجیزەی تری ھەیە لە چاککردنەوەی نەخۆش و بەرەکەت و ڕووداو و بەسەرھاتی تر...

ژیانی تایبەتی[دەستکاری]

خێزانەکانی[دەستکاری]

خێزانەکانی موحەمەد لە ئیسلامدا بە دایکەکانی باوەرداران ناسراون، و لە ژمارەی خێزانەکانییدا جیاوازی ھەیە لەسەر دوو ووتە، یەکێکیان ئەڵێت دوانزەن یان یانزەن، و ھۆی جیاوازیەکەش لە ماریە قبتییدایە، ئەوەی لەسەری ڕێکەوتوون لە یانزە خێزانەکەی، شەشیان قوڕەیشین، ئەوانیش؛ خەدیجە کچی خوەیلد، سودە کچی زەمعە، عائیشە کچی ئەبووبەکر، حەفسە کچی عومەر، ئوم سەلەمە، ئوم حەبیبە. خێزانە عەرەبییەکانی لە بێجگە لە قوڕەیش چوارن، ئەوانیش؛ زەینەب کچی جەحش، جویریە کچی حارس، زەینەب کچی خەزیمە، مەیموونە کچی حارس. و یەکێکیان عەرەب نیە ئەویش سەفییە کچی حەیی لە بەنی ئیسرائیلە، و ماریە قبتی ئەمێنێتەوە کە لە میسرەوەیە، و کاتێک موحەمەد خۆی لە ژیاندا بووە دووان لە خێزانەکانی وەفاتییان کرد ئەوانیش؛ خەدیجە کچی خوەیلد و زەینەب کچی خزیمە بوون.

مناڵەکانی[دەستکاری]

موحەمەد سێ کوڕ و چوار کچی ھەبووە، دایکی ھەموویان خەدیجە کچی خوەیلد بوو بێجگە لە ئیبراھیم ئەو لە ماریە بوو، و ھەموو مناڵەکانی خۆی لە ژیاندا بوو وەفاتیان کرد بێجگە لە فاتیمە، مناڵە کوڕەکانی ئەمانە بوون؛ قاسم (کە بووە بە نازناو بۆی (ئەبووقاسم) و لە تەمەنی دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە) و عەبدوڵڵا و ئیبراھیم (ساڵ و نیوێک لە مەدینە ژیا)، مناڵە کچەکانی ئەمانەبوون؛ زەینەب و ڕوقیە و ئوم کەلسوم و فاتیمە، بەڵام شیعە فاتیمە بە تەنھا کچی موحەمەد دادەنێن، و سێ کچەکەی تر دەڵێن تەنھا لە ماڵی پێغەمبەردا گەورەبوون، و لە ڕاستیشدا ئەوان کچی ھالە کچی خوەیلدی خوشکی خەدیجە بوون،

زەینەب پێش کۆچ ژیانی خێزانی پێکھێنا لەگەڵ ئەبووعاس کوڕی ڕەبیع، بەڵام ڕوقیە و ئوم کەلسوم خێزانی ھاوسەرییان لەگەڵ عوسمان کوڕی عەفان پێک ھێنا یەک لە دوای یەکتر، و فاتیمە ژیانی خێزانی پێکھێنا لەگەڵ عەلی کوڕی ئەبوتالیب لە نێوان ھەردوو غەزووی بەدر و ئوحد، و ھیچ کام لە کچەکانی مناڵیان نەبوو تەنھا فاتیمە نەبێت، و مناڵەکانی حەسەن و حوسەین و زەینەب و ئوم کەلسوم بوون.

موالی و خزمەتکارەکانی[دەستکاری]

شمشێرەکانی پێغەمبەر موحەمەد پارێزراوە لە مۆزەخانەی بابی عالی لە تورکیا.

موحەمەد چەند موالییەکی ھەبوو، لەوانە؛ زەیدی کوری حارسە (پێغەمبەر لە خۆی گرتبوو پێش ئیسلام) و کورەکەی ئوسامە، و سوبان کوری بجدد و ئەبوھیند، و ئەبولبابە، و ئەبوڕافع، و لە ژنان ماریە قبتی بوو (لەگەڵ بوونی جیاوازی لەسەر ئەوەی کردوویەتی بە خیزانی یان نا) و ڕیحان کچی زەید، و خزمەتکارەکانی ئەنەسی کوری مالیک بو ھەروەھا ئەمانەش خزمەتیان ئەکرد، بیلال کوری ڕەباح، عەبدوڵلا کوری مەسعوود و ئەبووزڕی غەفاری و ئەوانی تر.

شێوەی[دەستکاری]

موسڵمانان ھەستاون بە کۆکردنەوەی ئەوەی وەسفی پێغەمبەرەکەیان ئەکات کە لە ھاوەڵەکانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە لە کتێبەکانی شەمائلدا، و ناودارترینی ئەم کتێبانەش شەمائلی موحەمەدییە کە تورمزی دایناوە، و فەرموودەیەکی زۆری داناوە لە وەسفی پێغەمبەردا؛

  • جەستەی: بەشکۆ و بەرز بووە، نە بەرز بووە و نە کورت، بەڵام لە بەرزییەوە نزیک بووە، ڕەنگی گوڵی بووە، نە سپی بووە نە ئەسمەر.
  • سەر و قژی: سەری گەورە بووە، سەری بەرز، و قژی زۆر ڕەش بووە، قژی نە لوول بووە و نەخاو، کاتێک وەفاتی کردووە لە سەر و ڕیشیدا ٢٠ تاڵی سپی نەبووە.
  • دەست و قۆڵی: قۆڵی درێژ بووە، زۆر موودار بووە، دەست و قاچی ئەستوور بووە، پەلەکانی درێژ و جومگەکانی بەھێز بووە.
  • شان و سنگ و سکی: شانەکانی فراوان بوون، زۆر موودار بووە و سنگی بەرز بووە، و سنگی پان بووە.
  • نیشانەی پێغەمبەرایەتی: نیشانەیەکی سوور وەک ھێلکەی کۆتر، یان وەک ھیلال، چەند موویەکی کۆبووەوەی تیابووە لە نێوان شانییدا، و ئەمەش لە نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی بووە بە پێی بیروباوەری موسڵمانان.
  • ڕووخسار و ناوچەوانی: ڕووخساری ڕیک بووە، زۆر بە تەواوی بازنەیی نەبووە، ناوچەوانی فراوان بووە.
  • چاو و برۆی: چاوی زۆر ڕەش بووە، لە سپیاییەکەیدا سووری ھەبووە، و چاوەکانی زۆر فراوان بووە، و برۆکانی بەھێز و کەوانەیی بووە، و بە نەرمی بە یەک گەیشت بوونەوە.
  • لوت و دەمی: لووتی ڕێک بووە، و دەمی گەورە بووە، و دانەکانی ناسک و ڕێک بوون.
  • قاچەکانی: قاچەکانی گەورە بوون، ھەموو پێی لەسەر زەوی دادەنا.
ئەو ژوورەی پۆشاکی پێغەمبەری لێیە لە مۆزەخانەی بابی عالی لە ئیستەنبوڵ، تورکیا

پێداویستی و ئاسارەکانی[دەستکاری]

لە خووی پێغەمبەر بوو کە ناوی شتومەک و چەک و پێویستییەکانی ئەنا، ناوی ئاڵاکەی عیقاب بوو، و ناوی شمشێرەکەی شەڕی پێ ئەکرد زولفەقار بوو، و ھەروەھا شمشێری تری ھەبوو وەک ڕسوب و قەزیب، و ناوی کەوانەکەی کتوم بوو، و ووشترەکەی ناوی قەسوا بوو، بەو شێوەیە ھەموو شتەکانی ناو نابوو، و موسڵمانان زۆر لە کەرەستەکانیان پاراست ووە بە درێژایی مێژوو، لە میسر لە مزگەوتێک ئاسەواری پێغەمبەر ھەبوو لە باشووری قاھیرە، تا کاتی فەتحی عوسمانی ساڵی ١٥١٧ز، کاتێک سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی چووە قاھیرەوە، ھەموو ئاسەوارەکانی پیغەمبەری لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەستەنبوڵ، و ھەتا ئێستا لە مۆزەخانەی بابی عالی لە ئەستەنبوڵ پارێزراون.

بەڵام ئەوەی لە ئاسەواری پێغەمبەر بوو لە مەککە و مەدینە، موسڵمانان پاراست بوویان تا کاتی دەرکەوتنی بزوتنەوەی وەھابی لە نەجد لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی، کە وەھابییەکان دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر حیجازدا، زۆربەی ئاسەوارەکانی پێغەمبەریان لەناوبرد بە بانگەوازی ترسی دروست بوونی ھاوەڵ دانان، ئەمەش وایکرد زۆربەی زانایانی سوننە و شیعە بانگەوازی پێویست بوونی پارێزگارییان کرد بۆ ئەوەی کە ماوەتەوە و ڕێگە نەدریت لەناو ببرێت، لەو ئاسارانەی ڕوخێنران؛ مزگەوتی بەنی قەڕیزە بوو، کە موحەمەد تیایدا نوێژی کرد کاتی گەمارۆدانی بەنی قەڕیزە، مزگەوتی ئەبووبەکری سدیق، و شوینی لە دایکبوونی موحەمەد، و شوێنی ژیانی لە مەککە، و باخی ھاوەڵ سەلمانی فارسی، و ماڵی ھاوەڵ ئەبوئەیووبی ئەنساڕی، و بیری عەین لزەرقا، و بیری ئەریس و بیری حاء.

تێراوانیەنەکان لەسەر کەسایەتی موحەمەد[دەستکاری]

تێڕوانینی موسڵمانان[دەستکاری]

سەڵاوەتدانی ئیبراهیمی، یەکێک لە شێوازە بەربڵاوەکانی سەڵاوەتدان لەسەر پێغەمبەر موحەمەد لەناو موسڵماناندا

بە پێی زانیارییە ئیسلامییەکان، موحەمەد بەڕێزترین دروستکراو و پێشەوای ھەموو مرۆڤایەتییە، و دوایین پێغەمبەری خوایە، باوەڕبوون پێی و باوەڕ بە پێغەمبەرێتییەکەی پێویستە لەسەر ھەموو موسڵمانان و باوەڕ بە بێ ئەوە تەواو نابێت و ئیسلام ڕاست نابێت لەگەڵ ئەم بڕوایەدا نەبێت، گوێڕایەڵ بوون بۆی و ڕازی بوون بە فەرمانەکانی پێویستە لەسەریان، بەوەی کە گوێڕایەڵییە بۆ خوا. و پەیڕەوکردنی ڕەوشتەکانی.

ئیسلام خۆشویستنی موحەمەد بە یەکێک لە ئوسوڵەکانی ئیسلام و یەکێک لە مەرجەکانی ڕاستی باوەڕ دادەنێت، موسڵمانان ڕێزێکی زۆریان لێناوە، و بە ڕێژەیەکی زۆر مناڵەکانیان بە ناوی موحەمەد ناو دەنێن، کە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، موحەمەد بەربڵاوترین ناوە لە جیھاندا، و زۆرترین ناو بووە بۆ ناونانی لەدایکبووە نوێکان لە بەریتانیا ساڵی ٢٠٠٩. زۆربەی موسڵمانان لە ھەموو وڵاتە ئیسلامییەکاندا ڕاھاتوون بە ئاھەنگ گێڕان بە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر موحەمەد لە سەدەی شەشی کۆشی بەرامبەر دوانزەی زایینییەوە، کۆڕ ئەبەستن بۆ گوێگرتن لە ژیاننامەکەی، و سەڵاوەتدان لەسەری، و گوێگرتن لە وەسفەکانی، لە ھەمان کاتدا سەلەفییەکان ئەم بۆنەیە قبوڵ ناکەن و بە دروستکراوی ئەزانن.

موسڵمانان ناوی موحەمەد جیادەکەنەوە بەوەی لەگەڵ ناوھێنانییدا دەڵێن «پێشەوامان موحەمەد (سیدنا محمد)» یان «پێغەمبەری خوا (رسول اللھ)» یان «نەبی» و لە دوای ناوەکەی سەڵاواتی لەسەر ئەدەن و ئەڵێن؛ "صلّی اللە علیە وسلّم" واتە؛ «دروودی خوای لێبێت».

تێڕوانینی یەھوودی[دەستکاری]

نەریتێک ھەیە لەناو یەھوودییدا، دان ئەنێن بە بوونی پێغەمبەری بێجگە لە یەھوودییەکان، خوا ناردوونی بۆ ڕێنمایی کردنی میللەتەکانیان، لەوانە؛ بلعام و ئەیووب کە عییبری نەبوون، تێڕاونینی زانا گەورەکانی یەھوود جیاوازییەکی گەورەیان تێدایە دەرباری پێغەمبەر موحەمەد، زانای یەھوودی نسنائیل کوڕی فیوومی ئەڵێت، خوا پێغەمبەری ناردووە کە پەیامەکانیان یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئەو بیروباوەڕانەی بۆ پێغەمبەرەکانی یەھوودی ناردووە، فیوومی موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ڕاستگۆ دادەنێت بەڵام پەیامەکەی تایبەت بە [عەرەب] ئەزانێت بە شێوەکی تایبەت و بۆ یەھوودی دانانێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ تەورات یەک ناگرێتەوە[١٩][٢٠]. ئەوەی تێبینی دەکرێت تێڕوانینی فیوومی قبوڵێکی فراوان نەکراوە لە نێو یەھوودەکانی سەردەمەکەییدا.

موسا کوڕی مەیموون یەکێک لە گرنگترین لاھووتییەکانی یەھوودە لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا وای ئەبینێت کە موحەمەد ھەندێک لە بنەماکانی یەھوودی ھەڵبژاردووە لە پەیامەکەیدا و پەرستشی تری بۆ زیاد کردووە، و مەیمون موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ناڕاستگۆ دادەنێت و بانگەوازی پێغەمبەرایەتییەکەی بە ناڕاست ئەزانێت لەبەر ئەوەی پێچەوانەی نەرێتی تەوراتی یەھوودییە، ھەروەھا بوونی پێغەمبەرێکی نەخوێندەوار بەوە دادەنێت کە ناتوانێت بگاتە پلەی پێغەمبەر[٢١] .[٢٢].

تێڕوانینی مەسیحییەت[دەستکاری]

یوحنا دیمەشقی کە یەکەم مەسیحییە ڕای خۆی دابێت لەسەر موحەمەد بە پێغەمبەرێکی ناڕاستگۆی داەنێت[٢٣]، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕای ڕۆژھەڵاتییەکان لەسەر موحەمەد کرانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، کاتێک خەلیفەی عەبباسی مەھدی لە بەتریرکی نساتڕە تیمۆساسی پرسی دەربارەی موحەمەد، وەڵامی دایەوە؛ «لەسەر ڕێگەی پێغەمبەران ئەڕۆیشت»[٢٤]، بەڵام پیکدادانەکانی دواتری نێوانیان لەگەڵ موسڵماناندا لە ئەندەلوس و فەلەستین بووە بە ھۆی دەرکەوتنی ئاڕاستەیەکی ڕەخنەگر لە ئیسلام و ئەم ئاڕاستەیە تاوی سەند، دوای شەڕەکانی ئەورووپا لەگەڵ عوسمانییەکان. بەتایبەت لای پرۆستانتەکان.

بەرگریکەرەکانی کاسۆلیک لەسەرەتای سەدەی بیست وەسفی موحەمەد دەکەن بەوەی چاکسازێکی کۆمەڵایەتییە، و ھیلیر بیلوک یەکێک لە دیارترینی ئەو کاسۆلیکە بەرگەریکارانیەە لە سەرەتای سەدەی بیستدا، ستایشی پەیامی پێغەمبەر موحەمەدی کرد لەبەرئەو جێگە تایبەتەی بۆ مەسیح و مەریمی دایکی دایناوە. لەکاتی بەستنی کۆمەڵگەی ڤاتیکانی دووەمەوە دەنگێک دروست بوو لەناو کەنیسەی کاسۆلیکی بانگی ئەوە ئەکات کە دان بنرێت بە پیغەمبەرێتی موحەمەد لە ژێر ئاکارە مەسیحییەکاندا ئەمەش بۆ دروستکردنی فرسەتێکی گەورەتری گفتوگۆ لەگەڵ ئیسلام.

تێڕوانینی ڕۆژئاوا[دەستکاری]

ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی سوری ‹ڕەنا قەبانی› ئەڵێت؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا شەڕ تەنھا لە نێوان ئیسلام و ئەورووپادا تەنھا لەو ناکۆکییە سەربازییەدا نەبووە کە لە تورکیا یان ئیسپانیا ڕوویانداوە، بەڵکو جەنگێکی ڕۆشنبیریش ھەبووە، لە سەدەی دوانزەیەمەوە ئەوروپا سووربوون لەسەرئەوەی ئیسلام وەک شارستانییەتێک قبوڵ نەکەن بەڵکو وەک ھێزێکی دژ وەریانگرتووە، ئەمەش بوو بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەزانی و وونبونی وردبینی لە وەرگێڕانەکاندا و دروستکردنی ئەفسانە و ئارەزووی دژانە، کە بوو بەھۆی بەرھەم ھاتنی ئەدەبێکی دژ بە ئیسلام، کە یەکێک لە ڕووەکانی ئەوە بوو پێغەمبەر موحەمەد دوژمنی مەسیحە[٢٥].

لەگەڵ سەردەمی ڕوناکبیری لە سەدەی حەڤدەدا و دەرکەوتنی پەیوەندی بازرگانی تایبەت لە نێوان ئەورووپا و دەوڵەتی عوسمانییدا، لەگەڵ ئەو سەردانانەی بازرگان و ئەوروپییەکان پێی ھەستان بۆ شارەکانی ڕۆژھەڵات بیرکردنەوەیان دەربارەی ئیسلام و پێغەمبەر گۆڕانی بەسەردا ھات، ئەورووپا بەرھەمێکی نوێیان بە جێھێشت، ئەدیب و شاعیرە ڕۆژئاواییەکان دەستیان کرد بە وەسفی پیغەمبەر و ستایش کردنی، بەڵام ھەندێک لەسەر بیروباوەڕە کۆنەکانی سەردەمی ناوەڕاست مانەوە دەربارەی ئیسلام و ئەمەش بەردەوام بوو ھەتا سەدەی بیست، و تا لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەردا شەپۆلی ترس لە ئیسلام بەرز بوویەوە، ئەمەش بەھۆی تێکەڵ کردنی ڕەفتاری توندڕەوە ئیسلامییەکان لەگەڵ پەیامی ئیسلام بە شێوەیەکی گشتی[٢٦][٢٧].

تێڕوانیەنەکانی تر[دەستکاری]

  • بابی و بەھائی و ئەحمەدی، موحەمەد بە یەکێک لە پێغەمبەرەکان دادەنێن، بەڵام بە دوا پێغەمبەری دانانێن، و بەپێی ڕای ئەوان لە دوای موحەمەد باب و بەھاء و غوڵام ئەحمەد قادیانی ھەیە.
  • لە دیانەتی سیلیما، موحەمەد بە یەکێک لە قەدیسییەکان دانراوە (کەنیسەی کاسۆلیکی)
  • ناناک دامەزرێنەری دیانەتی سیخی بە یەکێک لە پیغەمبەرەکانی براھمای دادەنێت[٢٨].
  • کەنیسەی یەسوع مەسیح، بە یەکێک لە چاکسازەکانی دادەنێت وەک کۆنفووشیوس و سوقرات و ئەفلاتوون و ئەوانی تر، و پاداشتیان لای خوا وردەگرنەوە لە بەر بەھا ڕەوشتییەکانیان، و بانگەوازەکەیان بۆ ڕوناککردنەوە و ھێنانەدی ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن لە نیو خەڵکدا[٢٩].

بابەتە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ لە قورئان:  مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا  ، سوورەتی ئەحزاب، ئایەتی: 40.
  2. ١٠٠ نەمرەکە مایکل هارت
  3. ژیاننامەی پێغەمبەر، ئەکرەم زیاء عەمری.
  4. "Muhmmad," Encyclopedia of Islam and the Muslim world
  5. سەیری سەرچاوەکان بکە:
    • Holt (1977a), p.57
    • Lapidus (2002), pp 0.31 and 32
  6. تۆڕی ئیسلامی: گرنگترین سەرچاوەکانی ژیاننامەی پێغەمبەر، ئەکرەم زیاء
  7. فقه السيرة، محمد سعيد رمضان البوطي، ص21، دار الفكر، ط1978.
  8. [http://www.islamweb.net/media/index.php?page=article&lang=A&id=16539 تۆڕی ئیسلامی.
  9. بوخاری ڕیوایەتی کردووە لە سەحیحی بوخارییدا
  10. [http://www.islamweb.net/newlibrary/display_book.php?flag=1&bk_no=49&ID=265 لە تەفسیری ئیبن کەسیر، سورەتی ئەنعام
  11. دەقی فەرموودەکە؛ «أنا دعوة إبراهيم، وكان آخر من بشّر بي عيسى بن مريم»
  12. بوخاری ڕیوایەتی کردووە
  13. ئەحمەد کوڕی حەنبەل ڕیوایەتی کردووە لە موسنەدەکەیدا.
  14. سورەتی مائیدە، ئایەتی ٣
  15. سورەتی نەسر، ئایەتی ١
  16. تۆڕی شیعەی جیهانی
  17. سورەتی ئیسرا، ئایەتی ٨٨
  18. سورەتی قەمەر، ئایەتی ١
  19. The Bustan al-Ukul, by Nathanael ibn al-Fayyumi, edited and translated by David Levine, Columbia University Oriental Studies Vol. VI, p. 105
  20. Gan ha-Sekhalim, ed. Kafih (Jerusalem, 1984), ch. 6.
  21. Prophet: True or False?, Gil Student
  22. Jewish Views on Islam, Marc B. Shapiro
  23. St. John of Damascus’s Critique of Islam, Orthodox Christian Information Centre
  24. Modern Western Christian theological understandings of Muslims since the Second Vatican council, Mahmut Aydin
  25. ئەفسانەکانی ئەورووپا لەسەر ڕۆژهەڵات، ڕەنا قەبانی.
  26. پێگەی ئەمڕۆ، .
  27. جەزیرە نێت.
  28. Peter Teed (1992), p.424
  29. A Latter-day Saint Perspective on Muhammad - James A. Toronto.