ڕۆژژمێری کۆچی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕۆژژمێری کۆچی یان ڕۆژژمێری کۆچیی هەیڤی (بە عەرەبی: التقويم الهجري‎) بەشێکە لە ڕۆژژمێری ئیسلامی ئەویش ڕۆژژمێری هەیڤییە، و بەشێوەیەکی باو بە ڕۆژژمێری کۆچی ناسراوە، پشت بە خولی مانگ دەبەستێت بۆ دیاریکردنی مانگەکان، و موسڵمانان لە هەموو شوێنێک بە کاری دەهێنن بەتایبەت بۆ دیاریکردنی بۆنە ئایینییەکان؛ ئەم ڕۆژژمێرە لەلایەن خەلیفە عومەری کوڕی خەتابەوە دانراوە و کۆچی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) لە مەککەوە بۆ مەدینە لە ی ١٢ی ڕەبیعولئەوەل بەرامبەر ٢٤ی ئەیلولی ٦٢٢ز کراوەتە یەکەم ساڵی ڕۆژژمێرەکە، لەبەر ئەوە ناونراوە بە کۆچی مانگی. لەگەڵ ئەوەی ڕۆژژمێرەکە لە سەردەمی موسڵماناندا دروستکرا بەڵام ناوی مانگەکان و ڕۆژژمێری مانگی لە سەردەمی نەزانیەوە بەکارهاتبوون، و یەکەم ڕۆژی ڕۆژی ئەم ڕۆژژمێرە هەینی ١ی موحەڕەمی ساڵی ١ی کۆچی هەیڤی بوو بەرامبەر ١٩ی تەمموزی ٦٢٢ی زایینی.

و شانشینی سعودیەی عەرەبی تاکە دەوڵەتە لە جیهاندا کە ئەم ڕۆژژمێرە بە فەڕمی بەکار دەهێنێت هەروەها لەسەر ئاستی خەڵکیدا بە هەمان شێوە ناسراوە و بە کاردەهێنرێت، بەڵام بە گشتی نەتەوە ئیسلامەکانی تر ڕۆژژمێری زایینی بەکاردەهێنن.

ڕۆژژمێری کۆچی لە ١٢ مانگ (خولی مانگ) پێک دێت، یان ساڵی کۆچی دەکاتە نزیکەی ٣٥٤ ڕۆژ، بە تەواوەتی (354.367056 ڕۆژ)، و مانگ لە ڕۆژژمێری کۆچیدا ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژە (لەبەر ئەوەی خولی مانگ ئەکاتە 29.530588 ڕۆژ)، و بەمەش ١١.٢ ڕۆژ جیاوازی هەیە لەگەڵ ڕۆژژمێری زایینیدا، و هاوکات نەبوونی ئەم دوو ڕۆژژمێرە، ئاڵوگۆڕی لە نێوانیاندا قورس کردوە.

مانگەکان[دەستکاری]

  1. موحەڕڕەم (محرّم)؛ واتە (قەدەغەکراو) یەکەم مانگی ساڵی کۆچیە و لە مانگە حەرامەکانە و ناونراوە بە موحەڕەم لەبەرئەوەی عەرەب لە پێش ئیسلام کوشتنیان تیا حەرام کردبوو.
  2. سەفەر (صفر)؛ واتە (سفر) ناونراوە بە سفر لەبەر ئەوەی دیارە عەرەبەکان سفر ئەبوونەوە یان خاڵی ئەبوونەوە لە خەڵک دەرچوون بۆ غەزوو.
  3. ڕەبیعەلئەووەل (ربيع الأول)؛ ڕەبیع لە عەرەبیدا بە مانای بەهار دێت بە گشتی واتە بەهاری یەکەم، و ناونانی مانگەکە لە بەهاردابوو ئەو ناوەیان لێناوە.
  4. ڕەبیعەلئاخیر (ربيع الآخِر) یان ڕەبیعەلئەسسانی (ربيع الثاني)؛ واتە بەهارێکی تر، ناونراوە بەو ناوە لەبەرئەوەی لە بەهاردا هاتووە.
  5. جومادەلئوولا (جمادى الأولى)؛ واتە بەستنی یەکەم، لەبەرئەوەی ناونانەکەی لە زستاندا هاتووە و کاتی بەستنی ئاو بووە.
  6. جەمادەلئاخیر (جمادى الآخرة)؛ واتە بەستنێکی تر، بە هەمان شێوە لە زستاندا ناونراوە.
  7. ڕەجەب (رجب)؛ یەکێکە لە مانگە حەرامەکان وتراوە؛ ڕەجەب بەمانای لە کوشتار بوەستە.
  8. شەعبان (شعبان)؛ شعب چەند مانایەکی هەیە لە زمانی عەرەبیدا ئەڵێن لەبەرئەوەی لە نێوان ڕەمەزان و ڕەجەبدایە، هەروەها خەڵک تیایدا لە یەک جیابوونەتەوە و تینوویان بووە بۆ ئاو و ئەڵێن لەبەر ئەوەی عەرەب جیابوونەتەوە بۆ شەڕ لە دوای دانیشتنیان لە مانگی ڕەجەبدا.
  9. ڕەمەزان (رمضان)؛ مانگی ڕۆژووی موسڵمانانە، بە مانای گەرمبوون دێت و لەبەرئەوەی ئەو کاتەی مانگەکەیان تێدا ناو ناوە زۆر گەرم بووە.
  10. شەووال (شوال)؛ جەژنی ڕەمەزانی تێدایە.
  11. زولقەعدە؛ یەکێکە لە مانگە حەرامەکان، بە مانای دانیشتن دێت لەبەرئەوەی لە کاتی غەزوو و سەفەرەکانیاندا دانیشتوون و داوای هیچیان نەکردووە بەو بڕوایەی یەکێکە لە مانگە حەرامەکان.
  12. زولحەججە؛ وەرزی حەج و جەژنی قوربانی تێدایە لەبەرئەوەی لەم مانگەدا عەرەب حەجیان کردووە.

ساڵی کۆچی بەرامبەر زایینی[دەستکاری]

وێنەی چاودێریکردنی مانگ، لە شاری قوم لە ئێران. نوێبوونەوەی مانگ لە ڕۆژژمێری کۆچی بەندە بە دەرکەوتنی مانگەوە.

لە قورئاندا لە سورەتی کەهفدا هاتووەوَلَبِثُوا فِي كَهْفِهِمْ ثَلَاثَ مِئَةٍ سِنِينَ وَازْدَادُوا تِسْعًا (کەھف:٢٥) واتە؛ لە تەفسیری ئەمدا زانایان ئەڵێن ئەوان ٣٠٠ ساڵی هەتاوی مانەتەوە بەڵام لێرەدا ئاماژەی پێکراوە بە کۆچی مانگی و جیاوازی نێوان کۆچی مانگی و هەتاوی لە هەر سەد ساڵێکدا سێ ساڵە لەبەرئەوە لە ٣٠٠ ساڵدا ٩ ساڵی زیادی ئەچێتە سەر.

لەگەڵ ئەوەی تەفسیری تر هەیە بۆ ئەم ئایەتە بەو مانایەی ئەڵێن مەبەست لێی ٣٠٩ ساڵە یان ٣٠٠ ساڵ و نۆ ڕۆژ یان نۆ سەعات یان نۆ مانگە،... بەڵام بەگشتی جیاوازی نێوان ساڵی هەتاوی و مانگی ساڵێکە لە ٣٣.٣ ساڵدا یان نۆ ساڵە لە سێ سەد ساڵدا.

ڕۆژژمێری ئومولقوڕا[دەستکاری]

ئەم ڕۆژژمێرە هەیڤییەو پشت بە خولی مانگ ئەبەستێت بۆ دیاریکردنی مانگەکان و بەشێکی ڕۆژژمێری هەتاوییە بۆ دیاریکردنی وەرزەکانی ساڵ، ئەمەش ڕۆژژمێری فەڕمی عەرەبستانی سەعوودییە کە لەسەر ئاستی فەڕمی و جەماوەری لەو وڵاتە بەکار دێت، دوورییەکانی (هێلی پانی و هێڵی درێژی) کەعبەی پیرۆزی لە مەککە وەک بنەڕەتی ڕۆژژمێری ئوەم لقوڕا بەکاردێت.

ئەم بابەتانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]