ئورشەلیم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئورشەلیم، قودس
יְרוּשָׁלַיִם (Yerushalayim)

القُدس (al-Quds)

أُورشَلِیم (Ūrshalīm)
شار
وێنەی چەند شوێنێکی شاری قودس
وێنەی چەند شوێنێکی شاری قودس
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٩١٩،٤٠٠[١]
وێبگەjerusalem.muni.il

ئورشەلیم یان قودس (بە ئینگلیزی: Jerusalem، بە عەرەبی: القُدس‎) و گرنگییەکی زۆری ھەیە لە ڕووی ئایینی و ئابوورییەوە؛ و قورسایی ڕۆژھەڵاتی ناوینە، لە زمانی عەرەبی بە چەندین ناوی تر دەناسرێت وەکو: بیت المقدس، القدس الشریف، وأولی القبلتین.

مێژوو[دەستکاری]

قودس مێژوویەکی کۆنی ھەیە و لە ھەندێک سەرچاوە باس لەوە کراوە کە لە دەوروبەری ساڵی ٣٠٠٠ پ. ز بۆ یەکەم جار ژمارەیەک خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە و دەتوانین بڵێین ئەوە سەرەتای دروستبوونی قودسە قودس گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ھەرسێ ئایینەکە: جوولەکە - مەسیح - ئیسلام بۆ جوولەکە گرنگییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پێغەمبەر داود ڕزگاری دەکات و ئەیکات بە پایتەختی شانشینی ئیسرائیل لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ پ. ز و پاشانیش سولەیمانی کوڕی یەکەم پەرستگای جوولەکە بونیاد دەنێت

کە بەبیروڕای جوولەکەکان گەنجینە و سەروەت سامانێکی زۆر لە ژێریدا حەشار دراوە لە ھەندێک بەڵگەدا باس لەوە کراوە کە لە کاتی ھێرشەکانیان ھەندێک لە خاچھەڵگرەکان ئەم گەنجینەیەیان دۆزیوەتەوە و پاشان بردویانە بۆ ئەورووپا و ناوی خۆیان ناوە سوارچاکەکانی پەرستگا و پاشانیش بەو گەنجینەیە توانیان خۆیان بگەیەنن بە دەسەڵاتێکی بێ پایان

بۆ مەسیحیش گرنگییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەپێی ئینجیل پێغەمبەر عیسا لەسەر گردی کالاڤاری نزیک قودسی کۆن لە خاچ دراوە و بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان پاشان بەپێی ئەوە لە پەیمانی نوێ باس کراوە سانت ھێلانە ئەو خاچە دەدۆزێتەوە لە نێو قودس پاش ٣٠٠ ساڵ

بۆ موسوڵمانانیش گرنگییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پێغەمبەر محمد لەوێوە لەگەڵ جبرائیل ڕۆشتوە بۆ ئاسمان و دواتر گەڕاوەتەوە و گرنگترین شوێنەکانی قودس بریتییە لە مزگەوتی ئەقسا و قبة صخرة و کەنیسەی گۆڕی پیرۆز

لە ھەندێک بەڵگە باس لەوە کراوە کە ئەوەی سولەیمان بونیادی ناوە پەرستگا نەبووە و ئەوە تەنھا ئەفسانەی جوولەکەیە. لەکاتێکدا لە زۆر شوێنی تر تەواو پێچەوانەی ئەمە باس کراوە. (وَاللەُ یَعلَمُ وَأنتُمْ لا تَعلَمُونَ) بە مێژووی دوور و درێژییدا قودس دوو جار ڕوخێنراوە و ٢٣ جار ئابڵوقە دراوە و ٥٢ جار ڕووبەرووی ھێرش بووەتەوە و ٤٣ جار دەستی بەسەردا گیراوە

بەپێی ئەوەی لە تەوڕات دا باس کراوە ئەم قودسە لەلایەم شامی کوڕی نوح بونیاد نراوە و پاشان خەڵکی لێ نیشتەجێ بووە

پاش مردنی سولەیمان شانشینی ئیسرائیل دابەش دەبێت بۆ دوو بەش بەشی باشوور و بەشی باکوور کە قودس دەبێت بە پایتەختی بەشی باشوور و

پاشان لەلایەن بابلییەکانەوە بە سەرکردایەتی نبوخذ نصّر داگیر دەکرێت و قودس ئەڕوخێنن و جوولەکەکانیان ئاوارە دەبن و زۆربەشیان دەبن بە کۆیلە؛ و قودس لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێ و لەو ھێرشەدا گومان دەکرێ کە ئەو ١٠ لەوحەی موسا دیارنەمابن کە یاساکانی بۆ جوولەکە تیا نوسیبوو پاش چەندین ساڵ لە بابل لەلایەن ٧٠ حاخامی جوولەکە کتێبی تەلموود نوسرا و جوولەکە دەستی کرد بە ئیشکردن بە تەلموود و پشت گوێ خستنی پەیامی ڕاستی خودا

پاش ٥٠ ساڵ پاشای ھەخامەنشی [کۆرشی گەورە دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی ھەخامەنشی] ڕێگای دا بە جوولەکەکانی بابل بگەڕێنەوە بۆ قودس و دەست بکەن بە بونیادنانەوەی شارەکە پاشان قودس دووبارە چەندین جار تووشی داگیرکاری بوویەوە لەلاین ڕۆمانییەکانەوە پاش ڕوخانی ئیمپراترۆیەتی ڕۆما و دابەشبوونی قودس بەر بەشی ڕۆمای ڕۆژھەڵات دەکەوێت واتا ئیمپراتۆری بیزەنتی و لەو کاتەدا بە تەواوی بوبوو بە مۆرکی مەسیحییەت

بەڵام دواتر لەلایەن فارسەکانەوە (ساسانییەکان) داگیر دەکرێت و لەژێر دەستی ڕۆم دەری دەھێنن

پاش ١٥ ساڵ جارێکی تر دەکەوێتە دەستی ڕۆم و بەو شێوەیە

دەمێنێتەوە تاکو ڕزگارکردنی لەلایەن ئیسلامەوە. پاش ئەوەی عومەری کوڕی خەتاب دەبێت بە خەلیفە فەرمان بە عمرو بن العاص و أبوو عبیدە بن الجراح دەکات بڕۆن بۆ قودس و ئیسلامی تێدا بڵاو بکەنەوە پاشان کە دەگەن بە قودس ناتوانن بڕۆنە ژوورەوە بەھۆی دیوارەکانی دەوروبەرییەوە و لەو کاتە ابو عبیدە نامەیەکی نارد بۆ خەڵکی قودس و دڵنیای پێدان بەڵام خەڵکی خۆیان لێ گێل کرد و بۆ دووەم جار نامەی ناردەوە بەڵام ئەمجارەیان قودسی ئابلوقەدا بەھۆی بەردەوامی ئابلوقەی سوپای موسوڵمانانەوە سەرۆکی قەشەکان بەناوی (سفرۆنیوس) دەڵێت بە ھیچ شێوەیەک قودس نادەم بە دەستی ھیچ کەسێکەوە جگە لە عومەری کوڕی خەتاب خۆی پاشان عمرو بن العاص ئەم داواکارییەی سفرۆنیوس دەنێرێت بۆ عومەری کوڕی خەتاب ئەویش دەڕوات بۆ قودس و لەگەڵ قەشەکان پەیمانێک دەبەستن کە ئازاد بن لە ئایینەکەیان بەرامبەر پێدانی باج وەک ھەر کەسێکی ئاسای ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و دواتریش ڕێگایان دا بە جوولەکەکان بگەڕێنەوە بۆ قودس و بەھەمان شێوەی مەسیحییەکان ئازاد دەبن پاشان عومەر کوڕی خەتاب دەستی کرد بە گەڕان بەدوای شوێنی مزگەوتی ئەقسا بەو پێیەی کە لە قورئان باس کرابوو و وەک ئەوەی کە پێغەمبەر (د. خ) بۆی باس کردبوو و لە ماوەیەکی کورت توانی بیدۆزێتەوە و فەرمانی کرد مزگەوتێکی تر لە شوێنی دروست بکرێت و پاشانیش لەلایەن خەلیفەکانی تری ئومەیی و عەباسی نۆژەن کراوەتەوە و یەکێک لە مێژوو نوسە عەرەبەکان دەڵێت کە عبد الملک بن مروان مزگەوتی قبة صخرة بونیاد ناوە ڕەنگەکەی کردووە بە ئاڵتوونی بۆ ئەوەی لە کەنیسەکانی نێو قودس جیاواز بێت ئەمەش لە ساڵی ٦٦ کۆچی و جێگای مزگەوتەکە لە ھەموویان دیارترە

پاشانیش لەسەر داوای پاپا ئۆریانی دووەم ھەڵمەتی خاچھەڵگری دەست پێ دەکات کە ئامانجی سەرەکی پاپاکان ئەم شارە بوو ئامانجی پاشاکان دەوڵەتە موسوڵمانەکان و ئامانجی جەنگاوەران پاکبونەوەی گوناح و سامان بوو ھەر بۆیە مەسیحییەکانی ئەورووپا لە ساڵی ١٠٩٩ ھێرش دەکەنە سەر قودس بە ھێرشی خاچ پەرستانی یەکەم ناسراوە و پاش ئابڵوقەدانی دەستی بەسەردا دەگرن و داگیری دەکەن ھەر لە یەکەم دەقە کە دەڕۆنە نێو قودس نزیکەی ٧٠ ھەزار کەس دەکوژن و بەشێکی زۆری شوێنەکان دەسوتێنن و لەو ھێرشەدا چەندان کتێب و شوێنەواری بەنرخ لەناوچون پاش نزیکەی ٨٠ ساڵ لە ساڵی ١١٨٧ سەرکردەی کوردی (سەلاحەدینی ئەیوبی) توانی قودس لەژێر دەستی خاچ پەرستەکان دەربێنێت پاش جەنگە بەناوبانگەکەی حەتین کە توانی ھێرشی سێیەمی خاچھەڵگران بەتەواوی بشکێنێ و سەرکردەکەیان ڕیشالد شێردڵ ڕای کردەوە بۆ وڵاتی خۆی و جارێکی تر موسوڵمانان دەستیان بەسەردا گرتەوە و جارێکی تر ڕێگا درا جوولەکەکان بۆی بگەڕێنەوە و دەستکرا بە نۆژەن کردنەوەی بەڵام پاش مردنی سەلاحەدین ناکۆکی کوڕەکانی و لاوازی دەوڵەتی ئەیوبی جارێکی تر قودس دەکەوێتە دەست خاچ پەرستان و نزیکەی ١١ ساڵ تێیدا دەمێننەوە پاشان دووبارە ڕزگار دەکرێتەوە لەلایەن پاشا الصالح نجم الدین أیوب دواتر جارێکی تر داگیر دەکرێتەوە لەسەر دەستی تاتار و خوارزمەیکان و کوشت و بڕێکی زۆری تێدا دەنێنەوە دواتر تاتارەکان لەسەر دەستی مەمالیکەکانی میسڕ دەشکێن و مەمالیکەکان دەست دەگرن بەسەر قودس دا و قودس بە شارێکی مەمالیکی دەمێنێتەوە تاکو ھاتنی عوسمانییەکان کە لەم ماوەیییەش تووشی بوومەلەرزە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعون دەبن خەڵکی شارەکە

پاش ھێرشی عوسمانییەکان بۆ سەر مەمالیک لە سالی ١٥١٧ دەست دەگرن بەسەر قودس دا و بە درێژای دەسەڵاتی عوسمانی قودس لەژێر دەستی عوسمانییەکان بوو تا سالی ١٩١٧ و شکستی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم.

لەو ماوەیەدا خەلیفەکانی عوسمانی گرنگیان داوە بە شارەکە بەتایبەت سولەیمانی قانونی کە شارەکەی نۆژەن کردووەتەوە و دیوارەکەی دەرەوەی دروست کردووەتەوە و پۆستە و گەیاندنیان تێدا دامەزراندوە لەگەڵ چەندین ڕێگا و بانبەلام تەنھا وەک شارێکی ئاسای سەیر دەکرا و گرنگی ئەوتۆی نەما بوو پاشانیش گرانی و برسیێتی ڕووی لە شارەکە کرد و بەھۆی بڕی زۆری باج و گرانی شتومەکەوە

دواتر پاش شکست و ڕوخانی عوسمانی بەڕیتانییەکان دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت و دواتریش جوولەکە و مەسیحییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆی گەڕانەوە بەتایبەت زۆری جوولەکە وای کرد ژمارەی موسوڵمانان زۆر کەم بێتەوە بەھۆی کڕینی زەوییەکانی قودس و دەرکردنی موسوڵمانان و مەسیحییەکان بۆیە چەندین شۆڕشی تێدا بەرپا بوو بەڵام بەڕیتانییەکان توانیان کۆنتڕۆڵی بکەن و خزمەتی زیاتر بە جوولەکەکان بدەن نموونەش کردنەوی زانکۆی عیبری دواتریش کێشەی قودس برایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاش جەنگی جیھانی دووەم و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیاری دا خۆیان قودس بەڕێوە ببەن تاکو دیاریکردنی شێوازێکی حوکم بۆ خەڵکەکە کە خۆیان بیانەوێت بەڵام پاش پاشەکشێی بەڕیتانییەکان جوولەکەکان ئەم ھەلەیان قۆستەوە و دەوڵەتی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند ئەمەش بووە ھۆی شەڕو کوشتارێکی زۆر کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە کە گرینگترینیان سەری سالی ١٩٦٧ ە

قودس دەکەوێتە ناوەڕاستی فەڵەستینەوە و لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بەشێکی کەوتە بەر ئیسرائیل تا ئێستاش ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوەو بووەتە ھۆی ململانێی بەردەوامی ئایینەکان تێیدا کە ھەر یەکەیان ھەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی زیاتر بێت لە قودس شاری قودس نزیکەی ٦٠ کم دوورە لە دەریای ناوەڕاستەوە و لەسەر بانێکە لە بنەڕەتدا شێوەی قەڵایەکی وەرگرتبوو و لە ٤ گەڕەک پێکھاتبوو و دیوارێکیش بەدەوریدا بەڵام کەم کەم دەبتی کردوە بەر فراوان بوون. ھەروەھا لە کۆندا قودس دەوروبەری دارستان بووە بەڵام بەھۆی شەڕ و داگیرکارییەوە ھەمووی لەناوچووە

لە ئێستادا دانیشتووانەکەی نزیکەی ٨٥٠ ھەزار کەس دەبن و زۆرینەی جوولەکەیە و پاش جوولەکەش موسوڵمانە و ھەر لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە وەک ئاماژەمان پێدا شارەوانی و دام و دەزگای تێدا دامەزراوە

ناو شاری قودس دابەش کراوە بۆ ٤ بەشی سەرەکی ئەویش باشوور و باکوور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا قودس شارێکە پڕە لە شوێنەوار و بینای گرنگ وەک: نەخۆشخانەی گەورەی haddassah لە ڕۆژاوا، باخچەی ئاژەڵانی biblical لە بەشی باشوور و شوێنی دروستکردنی پەیکەر، ھتد.. بەڵام ئەمانە و چەند شوێنێکی زۆری تر گرنگییەکی زۆری پێ نادرێ چونکە گرنگترین بەشی شوێنی شارەکە لە بەشی ڕۆژھەڵاتە ئەویش کە بریتییە لە شورایەک کە جێگای کۆبونەوەی ئایینەکانە و بۆ ھەر یەکێک لە ئایینەکە گرنگترین جێگای لێیە

بۆ موسوڵمانان مزگەوتی ئەقسا و گومەز بەردینی لێیە و بۆ مەسیحەکان کڵێسای st.anne و کڵێسای گۆڕی پیرۆز و کڵێسای redeemer و چەند شوێنێکی تر… و بۆ جوولەکەکان hahura syng و چەند شوێنێکی تر… سەبارەت بە دەروازەکانی چوونە ژورەوەی ئەم شورایە ئەوا ژمارەیەکی زۆر دەروازەی تیایە وەک: دەروازەی ئاڵتوونی، دەروازەی یافو، دەروازەی شێر، دەروازەی زیۆن، دەروازەی dung دەروازەی damascus و دەروازەی نوێ.....

و ساڵانە سەدان کەس سەردانی ئەم شارە گرنگە دەکەن ھاوکات ئەم شارە یەکێکە لەو شارانەی کە لە سەرەتای مێژووەوە ناکۆکییەکی زۆری لەسەرە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ بە فەڕمی وڵاتتی ئیسرائیل بە پایتەختی خۆی ناساند.[٢][٣]

شوێنی ئایینی و گەشتیارییەکان[دەستکاری]

  • مزگەوتی قوبە سەخرە
  • مزگەوتی قەبلی
  • کڵێسای قیامە
  • دیواری بەلاق یان دیواری ڕۆژاوا
  • تاوەری قەڵا
  • دەرگای عەموود یان دەرگای دیمەشق
  • مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب
  • دەرگای ئەسبات
  • کنێستی ئۆرشەلیمی گەورە
  • دەرگای ساھرە
  • کڵێسای مریەم مەجدەلییە
  • دەرگای خەلیل
وێنەیەکی پانۆرامایی ئورشەلیم (قودس) لەسەر چیای زەیتون گیراوە.

[٤]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://jerusaleminstitute.org.il/ar/publications/%D7%A2%D7%9C-%D7%A0%D7%AA%D7%95%D7%A0%D7%99%D7%99%D7%9A-%D7%99%D7%A8%D7%95%D7%A9%D7%9C%D7%99%D7%9D-2020/
  2. ^ "ئۆرشەلیم پایتەختی جێناکۆکی ئیسرائیل و فەلەستین، یان پایتەختی هەمیشەیی جوولەکە و گەلی ئسرایل". www.kurdistanpost.nu (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-10-04. ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "Jerusalem | History, Map, Religion, & Facts | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-10-04.
  4. ^ Israel, Tourist (2011-02-24). "Jerusalem". Tourist Israel (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-10-04.