ئایین

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
دابەشبوونی ئایینە فرەپەیڕەودارەکانی جیھان

ئایین (بەئینگلیزی:Religion، بەعەرەبی:دین) کۆکراوەیەکی سیستمی کەلتوری و سیستمی بیر و باوەڕ و تێڕوانینی جیھانییە کە پەیوەندییەک دادەمەزرێنێت لە نێوان مرۆڤ و رۆحانییەتدا یاخود لەگەڵ چەند ڕێڕەوێکی ئەخلاقیدا. زۆر لە ئایینەکان چیرۆک و ھێماو و نەریت و مێژووی پیرۆزیان ھەیە کە تیایدا دەیانەوێت مانا بۆ ژیان ببەخشن یا سەرچاوەی ژیان و گەردوون روون بکەنەوە. لەمانەوە ئەخلاق و ئەدەب و یاسایی ئایینی دادەڕێژن یاخود شێوە ژیانێک بەپێی تێگەیشتنی سروشتی مرۆڤ.

ئایین وەک پێویسیتیەک بۆ ڕێکخستنی کار و کردەوەکانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو وە وەک یەکێ لە سەرچاوەکانی یاسا دادەنرێ لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا . وە هەر لە ڕێگەی ئایینەوە باس لە ژیانێکی ئەبەدی کراوە و باسی دوبارە زیندوو بوونەوە و بەهەشت و جەهەنەم کراوە... دین دوو جۆرە یەکێ ئاسمانی کە لەلایەن خوداوە بە ڕێگەی سرووش دابەزیوە بۆ سەر مرۆڤەکان بۆ نموونە ( ئیسلام ، مەسیحیەت ، یەهودیەت ، زەردەشتی .....هتد ). وە جۆرەکەی تر لەلایەن مرۆڤەکان خۆیان دانراوە وەک ( بودیزم ، هیندۆسیەت ، ئێزیدی .....هتد ).

پێناسەی ئایین[دەستکاری]

پێناسەی ئەکادیمی یان زانستی بۆ ئایین ئەوەیە، کە زانایانی کۆمەڵایەتی و ئەنترۆبۆلۆژیا ئایین ئەبینن بەوەی کۆمەڵێک بیروباوەڕ و بەھا و شارەزاییە کە لە ناو جەرگەی ڕۆشنبیرییەوە ھاتوون. بۆ نموونە: بناغەی ناوەڕۆکی ئایین ئاماژە ناکات بە باوەڕ بوون بە خوا، ناوەڕۆکەکەی ئەناسرێت بەوەی پێکاھاتە یان ڕۆشنبیرییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ژیان بە شێوەیەکی گشتی. و بە پێی ئەم پێناسەیە ئایین دیدگایەکە کە دەستی لێ بەر نادرێت لە جیھاندا و کۆنترۆڵی بیرۆکەی تاک و کاروبار دەکات.

تایبەتمەندییەکانی ئایین[دەستکاری]

ئەکرێت تایبەتمەندییەکانی ئایین کۆبکرێتەوە لە چەند خاڵێکدا:

  • باوەڕ بە بوونی خواوەند یان زیندەوەری سەروو سروشتی، زۆریەی ئایینەکان باوەڕیان بە بوونی تەنھا یەک بەدیھێنەر یان چەند بەدیھێنەرێک ھەیە بۆ جیھان و گەردوون، کە توانایان ھەیە بەسەر کۆنتڕۆڵکردنیان و کۆنتڕۆلی بەشەر و ھەموو زیندەوەرەکانی تر.
  • جیاوازی لە نێوان جیھانی ڕۆح و جیھانی ماددە.
  • بوونی مەڕاسیمی پەرستش کە مەبەست لێی پیرۆز ڕاگرتنی خواوەند و ئەو شتانەی تر کە بە پیرۆز وەسف دەکرێن.
    • یاسایەکی ئەخلاقی یان شەریعەتێک کە ئەو ئەخلاق و بڕیاردانانە لە خۆ بگرێت کە پێویستە پەیڕەو بکرێن لەلایەن خەڵکەوە، وباوەڕداران عادەتەن لەو باوەرەدان کە لەلایەن خواوە ھاتووە.
  • نوێژکردن کە شێوەی سەرەکییە بۆ پەیوەندیکردن بە خواوە یان خواوەندەوە و دەرخستنی پیرۆزڕاگرتن و ملکەچی و عیرفانیەتە.
  • دیدگایەکی گەردوونیە کە کە چۆنیەتی دروستیوونی جیھان و پێکھاتنی ئاسمانەکان و زەوی ڕووندەکاتەوە، ھەندێک لە ئایینەکان ئامڕازی پاداشت و سزایان لەخۆ گرتووە یان چۆنیەتی ڕێکخستنی کاروباری جیھان لەلایەن پەروەردگارەوە.
  • شەریعەت یان بنەماکانی شەریعەت بۆ ڕێکخستنی ژیانی باوەرداران بە پێی ئەو دیدگا گەردوونیەی ئایینەکە پێشکەشی دەکات.

بنەمای ئایینەکان[دەستکاری]

ھەموو ئاینێک بنەما و ڕاگری خۆی ھەیە (کە ناو دەبرێن بە بیروباوەڕ یان عەقیدە)، و ھەموو ئاینێک ئەمانەی لای خوارەوەی لەخۆدەگرێت:

  • دامەزرێنەر: ئەو کەسایەتییە دەگرێتەوە کە بنەماکانی عەقیدە و پایەکانی داناوە و ڕێکیخستووە، و ئەوەیە کە یەکەمجار مژدەی داوە و پێکیھێناوە و سروشی ناردووە بە کتێبی پیرۆز بۆ ھەر عەقیدەیەک.
  • ناوی ئایینەکە: ناوی ئایینەکە بە پێی بیروباوەڕەکەی دادەنرێت و مانای ھەیە، یان بەپێی ناوی دامەزرێنەرەکەی ناودەنرێت یان ئەو شوێنەی لێی دەرچووە.
  • کتێبی پیرۆز: ھەموو عەقیدەیەک کتێبێکی پیرۆز یان چەند کتێبێکی ھەیە کە دامەزرێنەری یەکەم دایناووە یان گەورە شوێنکەوتووانی ئایینەکە داییانناوە، و کتێبی پیرۆز ھەموو ئەوشتانە لە خۆ دەگرێت کە پەیوەندیان یە ئاینەوە ھەیە، وەک پایەکان، فەڕزەکان، بیروباوەڕ، ھەڵسوکەوت، ئەخلاقەکان، شەریعەت، ڕۆژژمێر، بۆنەکان، پەرستشەکان، ئاڵوگۆڕەکان، ئەو کتێب یان کتێبانە دەردەکەون بە بە دانەرەکانیان وەک بودیزم، کۆنفووشیزم، تاوۆیی و جینیی، یان ئەوترێت کە دابەزیوە لەلایەن خوایەک یان چەند خواوەندێکەوە وەک یەھوودی، مەسیحی، ئیسلام، ھیندوویزم، سیخی و بەھائی.
  • ڕۆژژمێر: ھەموو ئاینێک ڕۆژژمێری تایبەتی خۆی ھەیە کە بەرواری بۆنەکانی دیاری دەکات وەک: جەژنەکان، ڕۆژوو و کاتی حەج (ڕۆژژمێر دەست پێدەکات بە زۆری لە کاتی دەستپێکردنی ئایینەکە) وەک کۆچیی بۆ موسڵمانان، زایینی بۆ مەسیحییەکان، عیبرانی بۆ یەھوودیەکان.
  • زمان: کتێبەکەی پێ دابەزیوە، یان مەراسیمەکانی پێ ئەنجامدەدرێـت.

بزووتنەوە ئایینیەکان[دەستکاری]

چوار ئایینە ھەرە گەورەکان پێی ژمارەی شوێنکەوتوو، ٥ بۆ ٧ ملیار دانیشتووان پێک دێنن، کە ئەمانەش ئایینی مەسیحی و ئیسلام و بودیزم و ھیندوویزمن.

چوار ئایینە گەورەکە ژمارەی لایەنگر ڕێژەی دانیشتووان
مەسیحییەت ٢.١ - ٢.٢ ملیار ٣٣%-٣٤%
ئیسلام ١.٥-١.٦ ملیار ٢٢-٢٣%
بودیزم ٥٠٠ ملیۆن - ١.٩ ملیار ٧-٢٩%
ھیندوویزم ١.٠ -١.١ ملیار ١٥.٢-١٦.٢%
سەرجەم ٥.١-٦.٨ ملیار ٧٧-٩٩%

ئایینە ئاسمانییەکان[دەستکاری]

Vista-xmag.png وتارە سەرەکییەکانئیسلام, مەسیحییەت و یەهوودییەت

موسڵمانان نوێژ دەکەن لە دەوری کەعبە

ئایینە ئاسمانییەکان یان ئایینە ئیبراھیمییەکان، کە لە ئیبراھیمەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەوانیش: ئیسلام و مەسیحی و یەھوودیین.

  • ئیسلام: ئاماژەیە بۆ ئەو ئایینەی کە پێغەمبەر محەممەد ھێناویەتی، ئیسلام ئاینی زۆرینەیە لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا، و دووەم ئایینە لە جیھاندا بە پێی ژمارەی باوەڕدارانی لە دوای ئاینی مەسیحییەوە دێت. موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە ئیسلام دوایین پەیامی ئاسمانییە و ئاینەکانی پێش خۆی سڕیوەتەوە، ھەروەھا لەو باوەڕەدان کە محەمەد پێغەمبەری خوایە و دوایین پێغەمبەر و نێردراوە، و لە بنەماکانی عەقیدەی ئیسلامی باوەڕبوونە بە خوای تاک و بێ ھاوەڵ کە ئەڵڵایە، ھەروەھا باوەڕ بە سەرجەم پێغەمبەر و نێردراوەکان کە بۆ مرۆڤایەتی نێردراون پێش محەمەد، وەک ئیبراھیم و یوسف و موسا و مەسیح (عیسای کوڕی مەریەم) و ئەوانی تر کە لە قورئاندا ناوبرابن یان ناو نەبراون.

ناسراوترین مەزھەبە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام چوار مەزھەبە ناسراوەکەیە کە ئەوانیش بە پێی کاتی دروستبونیان ئەمانەن: مەزھەبی حەنەفی، مەزھەبی مالکی، مەزھەبی شافعی و مەزھەبی حەنبەلی و ئەم مەزھەبانە بە مەزھەبەکانی سوننە ناسراون، ھاوکات شیعەش چەند مەزھەبێکیان ھەیە وەک مەزھەبی جەعفەری و مەزھەبی ئیسماعیلی و مەزھەبی زەیدی و ھەروەھا مەزھەبی ئیبازی.

  • یەھوودی: کۆنترین ئایینی ئیبراھیمیە، کە دروستبووە لە ناو نەتەوەی ئیسرائیل و یەھودای دێرین، و یەھوودی بە پلەی یەکەم دەگەڕێنەوە بۆ تەورات، کە ئەو دەقەیە زۆربەی یەھوود لەو باوەڕەدان ھاتووە بۆ ئیسرائیل لە ڕێگەی پێغەمبەر موسا ساڵی ١٤٠٠ پێش زایین، ھاوکات چەند کتێبی تری عیبریان ھەیە وەک تەلمود و دەقەکانی سەنتەری یەھودییەت. و گەلی یەھوودی بڵاوبونەوە لە جیھاندا پاش ڕوخانی ھەیکەل لە قودس ساڵس ٧٠ی زایینی، لە ئێستادا نزیکەی ١٣ ملیۆن یە ھوودی ھەیە، %٤٠ لە ئیسرائیل دەژین و %٤٠ لە وڵاتە یەکگرتووەکان.
وێنەیەکی کەنیسەی کاسۆلیکی ڕۆژهەڵاتی لە ناوەوە
  • مەسیحیی: مەسیحییەت دامەزراوە لەسەر ژیان و ئامۆژگارییەکانی یەسووع کە لە عەھدی نوێدا ھاتووە، و باوەڕی مەسیحییەت باوەڕبوونە بە یەسوع (مەسیح) بەوەی کە مەسیح کوڕی خوایە و دڵسۆز و پەروەردگارە، و زۆربەب مەسیحی باوەڕیان بە سیانە ھەیە، واتە وەک سێ کەس لە یەکێکدا. و مەسیحی بە ھەموو جیھاندا بڵاو بۆتەوە، و دابەشبوونە سەرەکیەکانی مەسیحییەت ئەمانەن:
  1. کەنیسەی کاسۆلیکی بە سەرۆکایەتی پاپای ڕۆما، و پەیوەندی ھەیە بە کنیسەکانی ڕۆژئاوا و ٢٢ کەنیسەس کاسۆلیکی ڕۆژھەڵات.
  2. پڕۆتستانتی، لە کەنیسەی کاسۆلیکی جیابۆیەوە لە سەدەی شانزەدا و دابەش دەبێ بۆ چەند تایفەیکی زۆر.
  3. مەسیحی ڕۆژھەڵاتی کە ئەمانە دەگرێتەوە ئەرسەدۆکسی ڕۆژھڵاتی و کەنیسەی ڕۆژھەڵات.
  4. ھەروەھا چەند کۆمەڵێکی بچوکی تر وەک شەھود یەھوە و کەنیسەی یەسوع مەسیح.
  5. کۆمەڵە ھەرێمی ئیبراھیمی لەوانەش تائیفەی سامەڕی لە ئیسرائیل و زفەی خۆرئاوا و بزوتنەوەی ڕاستافاری لە جامایکا و دروز لە سوریا و لوبنان.

ئایینە ھیندییەکان[دەستکاری]

پەیکەری ڕامار لە پەرستگەی کالارام لە هیند

کە دامەزراوە لە نیمچەقاڕەی ھیندی، چەندین مەراسیم و تێگەیشتنی دیاریکراویان ھەیە وەک داڕمی، کارما، تەناسخ، یانتراس و دارسانا و مەراسیمی تر.

  • ھیندوویزم: ئاینێکی بتپەرستییە و زۆربەی ھیندییەکان باوەڕیان پێیەتی، کۆمەڵێک تەقالید وبیروباوەرە کە پێکھاتوون لە سەدەی پانزەی پێش زایینەوە تا کاتی ئێستا، و ئایینێکە کە بەھارۆحی و بەدیھاتنەکان لە خۆ دەگرێ لەگەڵ بنەما یاسایی و ڕژێمییەکان.
  • جەینیزم: یەکێکە لە ئایینە دەرمەییەکان کە شێوازێکی فەلسەفی ھەیە و لە ھیندی دێرین دامەزراوە بە پێی وەسیەتەکانی ماھاڤێرا لە سەدەی شەشی پیش زایین، شوێنکەوتووانی ئەم ئایینە ئێستا کەمینە پێک دەھێنن لە ھیند ھاوکات لەگەڵ چەندین کۆمەڵی کۆچکردوو لێیان بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان.
  • بودیزم: ئەگەڕێتەوە بۆ گاوتاما بودا یەکێک لە ئایینە سەرەکییەکان لە جیھاندا ودامەزراوە لە ڕێگەی ئامۆژگارییەکانی بودا بە جێێ ھێشتووە، و بودیزم لە باکووری ھیند دامەزرا و بڵاوبۆیەوە بە ئاسیا، تەببەت و پاشان سریلانکا پاشان گەیشتە چین ، مەنگۆلیا، کۆریا و ژاپۆن، و ئاینی بودا دەسوڕێتەوە بە دەوری سێ شتدا: یەکەمیان، باوەڕ بە بودا وەک مامۆستایەکی ڕووناکی بەخش بۆ بیروباوەڕی بودایی، دووەمیان باوەڕ بە دارما کە ئامۆژگارییەکانی بودا دەگرێتەوە، سێیەم: سانگا کۆمەڵگەی بودایی، و وشەی بودا بە زمانی پالی پیاوی بەئاگا.
  • ڤاجرایانا: یەکێکە لە مەزھەبە بوداییەکان ھەروەھا ناسراوە بە مانترای نھێنی، ماوەی ڤاجرایانای بودایی پۆڵێن دەکرێت بەوەی ماوەی پێنجەم و کۆتاییە لە ماوەکانی بودا.
  • سیکیزم: ئایینێکە دامەزرا لە باکووری ھیند لە سەدەس شانزە بە بانگەواز بۆ ئامۆژگارییەکانی گووروو نانەک و نۆ جێنشینەکەی .

ئایینە ئێرانیەکان[دەستکاری]

ئایینی زەردەشتی، پەرستگەی ئاگر

ئەو ئایینە دێرینانە دەگرێتەوە کە لە ئێرانی گەورەوە ھاتوون، و لە کاتی ئێستادا ئەم دیانەتانە پەیڕەو ناکرێن تەنھا لەلایەن کمینەیەک نەبێت.

  • ئایینی زەردەشتی: ناونراوە بە ناوی دامەزرێنەرەکەی زەردەشت، ئاینیکی کۆنی ئێرانییە، بە یەکێک لە دێرینترین ئایینەکانی جیھان دادەنرێت، دامەزراوە لە ئێران پێش ٣٥٠٠ ساڵ لەسەر ئامۆژگارییەکانی زەردەشت، شوێنکەوتووانی باوەڕیان بە یەک خوای ئەزەلی ھەیە کە ئاھورامزدایە بە مانای خواوەندی دانا دێت، کە بەدیھێنەری گەردوونە و چاکە دەنوێنێت و بەھیچ شێوەیەک خراپەی لێوە نایەت، ھەروەھا زەردەشتیەکان لەو باوەڕەدان زەردەشت پێغەمبەری خوایە و ھەروەھا چەند خواوەندێکی تر ھەن یارمەتی ئاھورامزدا دەدەن و ژمارەیان شەش یارمەتی دەرە، ئەم ئایینە لەناونەچوە، بەڵکو ھێشتا ماوە بە کەمینەی بچوک.
  • سابیئە، شوێنکەوتوانی لەو باوەڕەدان کە ئاینێکی ئیبراھیمیە و پەیڕەوی پێغەمبەرەکانی خوا دەکەن ئادەم، شیس، ئیدریس، نووح، سامی کوری نوح، و یەحیای کوڕی زەکەریا، و بڵاو بونەتەوە لە وڵاتی ڕافیدەین و فەلەستین.
  • ئێزیدی: ئاینیێکی دێرینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و شوێنکەوتوانی بەزۆری دەکەونە نزیک پارێزگای موسڵ لە عێراق.
  • بەھائی: شوێنکەوتوانی لەو باوەڕەدان کە ئاینێکی یەکتاپەرستییە، حسەین عەلی نووری دایمەزراندووە کە بە بەھائوڵڵاھ ناسراوە لە ئێران لە سەدەی نۆزدەدا، و لەمڕۆدا نزیکەی پێنج بۆ حەوت ملیۆن شوێنکەوتووی ھەیە.

ئایینەکانی تر[دەستکاری]

وێنەی مەرقەدێک لە چین
  • ئایینی تەقلیدی ئەفریقی، ھەر جۆرە ئاینێک دەگرێتەوە کە لە ئەفریقا پەیڕەو کرابێت پێش ھاتنی ئیسلام و مەسیحییەت، وەک ئایینی یوروبا و ئایینی سان.
  • ئایینە نەتەوەییکانی ئەمریکاکان: ئایینی ئازتیک دەگرێتەوە لەگەڵ ئینکا و مایا و بیروباوەڕە کاسۆلیکیە نوێکان .
  • کلتوری دانیشتووە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا، ئەو ئەفسانە و پەیرەوکردنە پیرۆزان ەدەگرێتەوە کە سیمایەکی نەتەوەییان وەرگرتووە.
  • ئایینی نەتەوەیی چینی: کە نەتەوەی چینی پەیڕەوی دەکەن لە ھەموو لایەکی جیھاندا، کە پەێرەوێکی نەتەوەییە لە پلەی یەکەکدا کە توخمی نەتەوەی دەگرێتەوە لە کۆنغۆشیوسی و تاویی و ھەندێک پاشماوەی ماھایانای بوزی.
  • ئایینی کۆری تەقلیدی: تێکەڵەیەکی ماھایانا و شامانی کۆرییە، ھەروەھا مەسیحی کۆریی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەرە لەناو کۆمەڵگە وسیاسەتدا بەتایبەت لە کۆریای باشوور.
  • ئایینی ژاپۆنی تەقلیدی، تێکەڵەیەکی ماھایانای بوزی و مەراسیمە دێرینەکانیانە بە پێی لشنتۆ لە سەدەی حەڤدەدا.
  • شینشۆک یۆ، کە پۆلێکی گشتییە بۆ کۆمەڵێکی فراوان لەو بزوتنەوە ئایینیانەی لە ژاپۆن دامەزراون لە سەدەی نۆزدە.
  • تساو دی: ئاینێکی یەکتاپەرستییە دامەزرا لە ڤێتنام ساڵی ١٩٢٦.

سەرچاوەکان[دەستکاری]