ئەورووپا

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئەورووپا

ئەوروپا (لە ڕووی بڕیارەوە) یەکێکە لە حەوت کیشوەرەکەی جیھان. لە بارەی جوگرافیەوە وەکو شێوە کیشوەر یا شێوە کەنارێکی گەورە دادەنرێت.


زمان[دەستکاری]

بەگوێرەی ئامارە تایبەتیەکان دەرکەوتوە ژمارەی ئەو زمانانەی کە لە کیشوەری ئەوروپا قسەیان پێدەکرێت بریتیە لە ٢٠٠زمان بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە لەسەر کیشوەری ئەوروپا ئەنجامدراوە دەرکەوتوە کە ئەو کیشوەرە نزیکەی ٢٣ زمانی فەرمی تێدایە بۆ قسە پێکردن ئەم زمانە فەرمیانە لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپیەکاندا قسەیان پێدەکرێت " جێی ئاماژەیە ئێستا ھەندێک وڵاتی ئەوروپی گرنگیەکی زۆر دەدەن بە زمانە دەگمەنەکان و ڕێگە دەگرن لە لەناوچونی ئەو زمانانە بەتایبەت ئەڵمانیا.


نەخشە[دەستکاری]

مێژوو[دەستکاری]

[١]

دانیشتوانی ئەوروپا لە سەردەمی بلیۆبیی دا لەسەر ڕاوکردنی ماسی‌و ئاژەڵان دەژیان لەسەردەمی نیۆلیتیشدا ئاژەڵیان دەلەوەڕاند‌و کشتوکاڵیان دەکرد. کانزاکاری برۆنز لە کریت لەساڵی (٣٠٠٠ پ، ز) دەستیپێکرد، ئەمەش لە میسری‌و فینیقیەکانەوە گوازرایەوە. پیشەسازی کانزاکاری لەساڵی (٣٠٠٠پ،ز)دا گەشتە ئەڵمانیا‌و بەریتانیا یۆنانییەکان لەساڵی (١٤٠٠پ، ز) دا یاری میسینیان دامەزراند. ئەو ژیارەش گوازرایەوە بۆ باکووری رۆژئاوای ئەوروپا.

لەساڵی (٧٠٠ پ، ز)دا لەئەوروپا ئەبجەدی فینیقی‌و دراوی ئاسیای بچووک بڵاوبوویەوە، لەسەردەمی چوارەم‌و شەشەمی پ، ز. یشدا ژیاری ئیغریقی دامەزرا، لەسەدەی سێیەمی پ، ز. یشدا ژیاری ڕۆمانی لەنیمچەدوورگەی ئیتالیا دەرکەوت‌و تاسەدەی دووەمی پ، ز. مایەوەو تیایدا یەکانگیری ژیاری ئیغریقی بوو. ئیغریقیە کۆنەکان‌و ڕۆمانەکانیش چەند ژیارێکی گەورەیان بونیادنان کە بەفەلسەفەو ھونەری جوان‌و حکومەت‌و کارگێڕی بەناوبانگ بوون.

لەبنەڕەتدا ئەوروپیەکان لە رۆژھەڵاتەوە لەشێوەی چەند شەپۆلێکی کۆچبەراندا بەخاکی ئاسیای بچووک بەرەو بەلقان بەرۆژھەڵاتی ئەوروپا یان لەدەوروبەری دەریای رەشدا کشان تا بەدوای گژوگیادا بگەڕێن، ئەمەش لەسەردەمی پێش مێژوودا بوو.

مرۆڤی ژیر لەئەوروپا لەکۆتاییەکانی سەردەمی بەردیندا دەرکەوت، مرۆڤی ئەوێ قەرەوڵگر‌و کۆکەرەوەی بەرھەم بوو. لەداوی خۆشی ئەو کاریگەرییانەی بەجێھێشت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ ھەزار تا ١٠ ھەزار ساڵ لەدەوروبەری دووسەد ئەشکەوتدا کە زۆربەیان لەئیسپانیا‌و فەرەنسا بوون.

لەسەردەمی بەردینی نوێدا مرۆڤی ئەوروپی پەیڕەوی کشتوکاڵی دەستپێکرد تا شوێنی راوچێتی بگرێتەوە، لەماوەی ھەزارەی شەشەمی پ، ز. یشدا کشتوکاڵ لەرۆژئاوای ئەوروپا بڵاوبوویەوە.

ئەم ژیارە نێولیشیانە لە ساڵی ٥٠٠٠ی پ، ز دا دەستیانپێکرد، کاتێک پەیکەری بەردینی زەبەلاح ھاتەکایەوە لەو ماوەیەدا رۆشنبیری دانوب‌و بەلقان لەسربیا‌و یۆنانی کۆن کە خاوەن گوندی سەخت‌و پتەو بوو دامەزرا.

پشکنینەکانی ئەو ناوچە ژیاریانەی بەلقان ئەوەیان نیشان داوە کە لە ٤٠٠٠ پ، ز. دا مس لە ژیاری فینشادا بەکارھاتووە، لەو ماوەدا لەدەریای بەلتیقەوە عتیر دەھێنرا کە گرنگی خۆی ھەبوو، لەماوەی ھەزارەی سێیەمی پ، ز. یشدا مس‌و قەڵایی بەشێوەیەکی زۆر لەبوھیما (تشیک) لەنێوەندی ئەورپا دۆزرایەوەو برۆنزیان لێ دروست دەکرا، گۆرستانی پاشاکان‌و چینی دەوڵەمەند لەو ماوەیەدا ئاماژەبوو بەگۆڕێک کە خۆڵی لەسەربوو، بەڵام لە کۆتاییەکانی ھەزارەکەدا پەنایان برد بۆ سووتاندنی مردووەکان‌و خۆڵمێشەکەیان دەخستە گۆزەوە، ئەم نەریتەش لەژیاری ئیبرنفلددا دەگیرایەبەر تا ئەمڕۆش نازانرێت زانی ھیندۆ ئەوروپی لەکیشوەری ئەوروپی چۆن پەیدابوو، دەڵێن ھیندۆ ئەوروپییەکان لەباکووری دەریای رەش لەساڵی ٢٥٠٠ پ. ز. ژیاون‌و دوای ھێرش بردنە سەری لەبەلقاندا بڵاووبونەتەوەو لەگەڵ خۆیاندا لەساڵی ٢٢٠٠ پ. ز. ئەسپییان بردۆتە ئەوروپا، دواتر لەماوەی نیوەی سەردەمی برۆنزی بەناوچەکانی تری ئەوروپیدا بڵاوبوونەتەوە.

لەسەردەمی ئاسنیندا کە لەساڵی ھەزاری پ. ز. دەسپێدەکات‌و ژیاری ئیرفلیند کە لایەنە سەرەکییەکانی بەلای ڕووبارەکاندا بڵاوبوونەوە بوویە ھۆی پێکھێنانی چەند کۆمەڵێکی مرۆیی وەک سلت‌و سلاق‌و ئەوانەی بەئیتاڵی قسەیان دەکرد لەگەڵ لیریاتییەکاندا. ھەروەک لەباکووری ئیتالیا ژیاری ڤیلانوڤان لەنێوان ھەزای پ. ز. بۆ حەوت سەدەی پ. ز. دەرکەوت‌و گرنگی خۆی ھەبوو.

ژیارێکی ھاوشێوەش دەرکەوت کە ژیاری ھالشان بوو، لەنێوان سەدەی ھەشتی پ. ز بۆ پێنجی پ. ز. دابوو کە لەگەڵ سلتەکان لەزۆربەی رۆژئاوای ئەوروپا لەنێوان سەدەی حەوتی پ. ز. بۆ چواری پ. ز. بڵاوبوونەوە، ژیاری سلت بەژیاری لاتین ناسرا کە بەشێکی زۆری لەژیاری ھاللشت وەرگرت.

گەلە جەرمانییەکانیش لەساڵانی پێنج سەدی (پ. ز)ەوە لەباشووری ئەسکەندەنافیا‌و بەلتیق بڵاودەبوونەوە، لەساڵانی ھەشت سەدی پ. ز دا پاش ھێرشی دوورییەکان ژیاری ئیغریقی ھەڵھات، بەڵام بەشێوەیەکی پێچەوانەی میسینیەکان، ئەمەش بەھۆی ئەو فینیقیانەوە کە چەند مەڵبەندێکی بازرگانی‌و ژیارییان لەدەریای سپی ناوڕاستدا دامەزراند‌و چەند رەگەزێکیان بەئاراستەی رۆژئاوا بڵاوکردەوە، ئیغریقیەکانیش لەوانەوە ئەبجەدییان وەرگرت، بەڵام پیتەکانی (عیللە) یان بۆ زیادکرد.

لەسەدەی ھەشتی پ. ز دا ئیغریقییەکان لەداگیرکەنیاندا بڵاودەبوونەوە بەتایبەت لەباشووری ئیتالیادا، لەسەدەی دوای ئەویشدا ژیاری ھیللی گەشتە لوتکە، ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان ئەو ناوچە داگیرکراوانەو ئیغریقییەکانیش بویە ھۆی بڵاوبوونەوەی رۆشنبیری ئیغریقی، ئەوان لەمیراتی ژیاری خۆیان دەترسان‌و جگە لەخۆیان بە بەربەریان دادەنا، زۆربەی کۆمەڵە رەگەزییەکانی رۆژئاوای ئەوروپا لەوانیش ئیتر‌و سکانک کە ژیاری فیلانۆ ڤانیان دامەزراند لەگەڵ رۆشنبیری ئیغریقی دا یەکانگیربوون.

چەند مەڵبەندێکی ئیغریقیش وەک ئەپینا لەسەدەی لەسەدەی پێنجەمی پ. ز دا بەرەو دیمرکراتییەت گەشەیان سەند، لەو ماوەشدا یۆنان بەمەترسی فارسی ھەرەشەی لێدەکرا بە تایبەت کە ئاسیای یچووک ملکەچی فارسەکان بوو بوو، فارسەکان لەساڵی ٤٩٠ پ. ز دا ھێرشیان بردبوویە سەر یۆنان‌و دوای راوەدوونانیان لە ٤٧٩ پ. ز ئەپینای دیموکراتی بوو بە ھێزی گەورەی جیھانی ئیغریقی‌و لەناوچەی دەریای ئیجە ئیمپراتۆریەتی ئەپینا دامەزرا، ئەمە کامڵبوونێکی رۆشنبیری‌و ئابووری لەسەدەی پێنجەمی پ. ز بەدیھێنا، ئەو سەردەمە بەسەردەمی زێڕینی تەقلیدی ژیاری ئیغریقی دادەنرێت. دواتر ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان شارە یۆنانیەکان بڵاوبوویەوە تائەوەی ھێزی مەکدۆنیا لەباکووری یۆنان لەسەر دەستی فلیپی‌و ئەسکەندەری گەورەی کوڕی لەداوی ئەو لەسەدەی چوارەمی پ.ز دا دەرکەوت‌و یۆنان‌و مەکدۆنیا یەکیانگرت‌و ئەسکەندەر دەستیگرت بەسەر میسر‌و شام‌و وڵاتی فارس تا ھیند.

پاشان ڕۆمانەکان ئەو ئیمپراتۆریەتە ھێلینییەیان لەناوبرد داوی ئەوەی دەستیانگرت بەسەر مەقدۆنیادا، یۆنانی سەدەی دووەمی پ. ز وەک یۆنانی سەردەمی ئاسنین نەبوو، بەڵکو بەسەر چەند کۆمەڵێکی رەگەزی‌و زمانەوانیدا دابەش بوو بوو کە چاویان لەژیاری سەردەمی نیۆلیتی تازە پێگەشتوو بوو ئەو کۆمەڵانەش پێکھاتەی چەند جۆرێک ھیندۆ ئەوروپییەکان بوون، ئەمانە لەھەزارەی دووەمی پ. ز بەرەو باکووری ئیتالیا کشابوون‌و نیمچە دوورگەی ئیتالیاشی گرتەوە، زۆربەی ئەو کۆمەڵانەش لە ئیتاڵیەکان بوون.

گەورەترین ژیاری سەردەمی ئاسنین ژیاری فیلانۆ فانالتی بوو کە لەباکووردا دامەزراو کاریگەری خۆی لەسەر ناوچەکانی دەوروبەر ھەبوو، ئیتروسکانەکانیش لەسەدەی دەیەمی پ. ز. ەوە لەئاسیای بچووکەوە کشان‌و لەنێوەندی ئیتالیا سەقامگیر بوون‌و ژیارێکی ئاوێتەی (فیلانۆڤی‌و ڕەگەزە رۆژھەڵاتییەکان‌و لەگەڵیشیاندا ژیاری ئیغریقی) یان پێکھێنا.

لە ٧٥٣پ. ز. دا لەشاری ڕۆما لەسەر ڕووباری تیبر دامەزرا، ڕۆمانەکان گەلێکی لاتینی سەر بەکۆمەڵەی ئیتالی بوون، ڕۆما لەسەرەتادا گوندێکی سەرەتایی بوو کە ئیتروسکانەکان تا کۆتاییەکانی سەدەی شەشەمی پ. ز. داگیریان کردبوو، دواتر ڕۆمانەکان کەوتنە داگیرکردنی ناوچەکانی دەروبەریان، لەسەرەتاکانی سەدەی چوارەمی پ. ز. دا ھێرشیان بردە سەر گالەکان، گالەکان چەند ھۆزێکی سەلتەکان بوون، لەسەرەتای سەدەی سێیەمی پ. ز. ڕۆمانەکان دەستیانگرت بەسەر چەند بەشێکی گەورەی ئیتالیادا‌و کردیان بەڕۆمانی، ڕۆمانەکان رێیان بڕی‌و زمانی لاتینی خۆیان‌و ژیاریشیان یەکخست‌و ئیتر ڕۆما بەرامبەر بەقرتاج وەستا.

ڕۆمانەکان لەسەدەی دووەمی پ. ز. دا بەتەواوەتی دەستیانگرت بەسەر باکووری ئەفریقیا‌و دوورگەکانی رۆژئاوای دەریای سپی ناوڕاست‌و مەقدۆنیا‌و یۆناندا، دەریای سپی ناوەڕاست لەسەردەمی یەکەمی پ. ز. دا بوو بەدەریاچەیەکی ڕۆمانی، دواتر ڕۆمانەکان ڕێگەیان دامەزراند تا ئاسانکاری پەیوەندی نێوان بەشەکانی ئیمپراتۆریەت ھەبێت‌و یەکبوونی ژیاری خۆیان بەدیھێنا.

تێکەڵبوونی نێوان ژیاری ھێلینی‌و ڕۆمانی بوو بەھۆی دوانەبوونێکی زمانەوانی نێوان دانیشتوانی رۆژئاواو ئیغریقی لەرۆژھەڵات، بە چەند جەنگێکی ناوخۆیش ڕۆما لەرۆژانی دەسەڵاتی ئۆگەست لەسەدەی یەکەمی پ. ز. لەکۆمارێکەوە بوو بەئیمپراتۆریەتێک. لە ٢١٢ پ. ز. دا رەگەزەکانی ژیاری ئیغریقی ڕۆمانی کاریانکردە سەر ھۆزە جەرمانی‌و سەلتییەکان، لەسەدەی سێیەمی زاینیشدا ئیمپراتۆریەتەکە بەرەو ھەڵوەشانەوە چوو. لەسەدەی چواەرمی زاینیشدا ئیمپراتۆر قوستەنتین پایتەختی لەڕۆمانەوە بۆقوستەنتینییە گواستەوەو ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی رۆژھەڵاتی دامەزراند.

ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی رۆژئاوایش بەپایتەختەکەیەوە لەسەدەی پێنجەمی زاینیدا بەرەو ڕووی شاڵاوی جەرمەنەکان بوویەوە کە شانشینە جەرمەنیەکانیان پێکھێنا، کڵێساش میراتی ڕۆمانی پاراست، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی کاریگەری زمانەوانی لاتینی خۆی بەجێھێشت‌و فەرەنسی‌و پورتوگالی‌و ئیتالی‌و ئیسپانی لەلاتینی کەوتنەوە.

لەسەدەی حەوتەمی زاینیدا عەرەبە موسڵمانەکان لەرۆژانی خەلافەتی ئومەویدا ئیسپانیا‌و چەند بەشێکی باشووری فەرەنسایان گرت، باکووری ئەوروپاش بوو بە نشینگەی ھۆزە فرەنجەکانی رۆژئاوای ئەوروپا، ئەمەش لەنێوان سەدەی پێنجەمی زایینی تا نۆیەمی زایینی دا بوو، ئەوانە بتپەرست بوون‌و چوونە سەر مەزھەبی کاپولیکی‌و بەکارۆلینجییەکان ناوبران، دیارترین پاشایان مەلیک شارلەمان بوو، لەسەردەمی ئەمدا فرەنجەکان بوونە گەورەی رۆژئاوای ئەوروپا‌و کەوتنە موژدەبەری مەسیحییەت، جا شانشینی فەرەنجی توانی زۆربەی ئەوروپا‌و رۆشنبیرییەکەی بێنێتە ناو سنووری خۆی، ئەمەش لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەوە ڕووی نەدابوو تا ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆزی لەژێر دەستی کڵێسای کاپولیکی راگەیاند.

لەساڵی ١٠٤٥ ز. دا ئەوروپا چوویە ماوەی گۆڕانێکی گەورەو کۆچی جەرمان‌و ئاسیاییەکان وەستا‌و ئەوروپا لەڕووی دانیشتوانەوە سەقامگیر بوو، بازرگانی بەشێوەیەکی زۆر لەئیتالیا‌و باشووری فەرەنساو ھۆڵەندا فراوانبوو، ئەو ڕێنیسانسەی لەسەدەی چواردەی زاینییەوە دەرکەوت، ماوەی دەستکەوتەکانی ھونەرمەندان‌و بیناسازە ئەوروپیەکان‌و سەردەمی دۆزینەوە گەورەکانی ئەوکات بوو کە لەسەدەی پانزەی زاینییەوە دەستیپێکرد‌و بەدۆزینەوەی دەریایی بۆخاک‌و دەریا نەزانراوەکان دەرکەوت، پورتوگال‌و بەریتانی‌و فەرەنسی‌و ئیسپانیەکان کاری داگیرکارییان لەئەفریقیاو ئاسیا‌و ھەردوو ئەمریکادا گرتەبەر.

لەسەدەی ھەژدەی زاینیدا چەند پیشەسازییەکی نوێ دەرکەوتن‌و گەشەیان سەند، لەسەدەی بیستەمیشدا ئەوروپا بەرەو ڕووی دوو جەنگی جیھانی بوویەوە کە لە ساڵی ١٩٤٥ز. کۆتاییان پێھات، دوای ئەو دوو جەنگە ئەوروپا بۆ دوو سەربازگە دابەشبوو، سەربازگەی رۆژھەڵاتی بە ڕێبەری یەکێتی سۆڤیەت‌و سەربازگەی رۆژئاوایی بە ڕێبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەساڵانی نێوان ١٩٨٩ تا ١٩٩١ز. دا بەرەی رۆژھەڵاتی بەلێکھەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت داڕما‌و ئەوروپا چوویە ناو ئەو چەمکە ناسراوە بە تاک جەمسەری زاڵبوو بەسەر جیھاندا لەڕووی سیاسی‌و ئابووری‌و رۆشنبیرییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێبەری ئەو ئاراستەیە دەکات.

سەرەتا و کۆتایی سەردەمی کۆن[دەستکاری]

[٢]

کۆمەڵگەی مرۆیی لەماوەی مێژووی دوورودرێژی خۆیدا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕبووەو ھەریەکەیان چەند تایبەتمەندییەکی لەقۆناغی مێژوویی پێش خۆی‌و دوای خۆی ھەیە، دواتر زنجیرەیەکی پەیوەستی دا پێکدێنێت کەناکرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە، سەرەتا یان کۆتایی قۆناغی مێژووییش رووداوێکی کتوپڕ نییە کەبکرێت بەساڵێکی کاتی دیاریکراو یان مانگ یان رۆژێکی دیاریکراو دەستنیشان بکرێت، بەڵکو چالاکی گواستنەوە لەقۆناغێکی مێژووییەوە بۆ قۆناغێکی دی بەشێوەیەکی ھەنگاو بەھەنگاو روودەدات کەھەندێ جار کاتێکی زۆری دەوێت، ئەو ڕاستییە مێژووییەش مۆرکێکی گشتگیری سەختی دیاریکردنی سەرەتاو کۆتایی ھەر قۆناغێکی مێژووییمان پێدەبەخشێت، لەھەمان کاتیشدا لەڕاڤەی ڕاجیاوازی مێژوونووسان‌و لێکۆلەران لەسەر ئەو بابەتەمان بۆ دەکات.

بێگومان باری وا بەتەواوەتی بەسەر قۆناغ یان سەردەمەکانی مێژوویی مرۆیی ئەوروپیدا پەیرەو دەبێت، لەگەڵ ئەوەی دەزانین سەختی بابەتی بەھەر جۆرێک بێت واتای نەکران‌و مەحاڵبوونی دابەشکردنی مێژوویی ئەوروپی نییە بۆچەند قۆناغێک یان سەردەمێک کەدەکرێت ھەریەکەیان چەند تایبەتمەندییەکی دیاریکراوی ھەبێت کەمۆرکی زاڵی ئەو قۆناغە پێکبێنێت، ئەو دابەشکارییەی کەلەمڕۆدا بۆمێژووی ئەوروپی زیاتر باوە، ئەوەیە کە چوار قۆناغی مێژوویی دابەشی دەکات: سەردەمی کۆن، سەدەکانی ناوەڕاست، سەردەمی نوێ، سەردەمی ئێستا (ھاوچەرخ).

ئەو مێژوونووسانەش کە بەو دابەشکارییە کاردەکەن لەدەستنیشانکردنی ماوەی کاتی ئەو قۆناغانە راجیاوازن، ئەمەش بەپێی جیاوازی دەرھاویشتەو پاڵنەریان لەلێکۆڵینەوەی مێژوویی ئەوروپیدا، جا ھەندێکیان ھاوڕێی ویستیان ئەوەیە کەڕووداوێکی جەنگی دیاریکراو بکەنە سنورێکی یەکلاکەرەوەی دوو سەردەم یان قۆناغی مێژوویی، ھەندێکی تریش ڕووداوێکی سیاسی یان ئایینی یان گەشەسەندن‌و گۆڕانێکی ئابووری گرنگ یان بزاڤێکی زانستی نوێ دەکەنە سنورێکی جیاکەرەوە ئەمەش بەپێی تێڕوانینییان بۆماوەی نێوان دوو سەردەم یان قۆناغی مێژوویی.

بەپێی ئەوەی پێشوو، تێبینی ئەوە دەکەین کەھەندێ لە مێژوونووسان جەنگی ئەدرنەی ساڵی ٣٧٨ ز، یان ڕووخانی ڕۆما لەساڵی ٤١٠ ز، یان ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەساڵی ٤٧٦ ز، دەکەنە کۆتایی سەردەمی کۆن‌و سەرەتای سەردەمی ناوەڕِاست، لەکاتێکدا ھەندێکی تر ئەو گواستنەوەی نێوان دوو سەردەمە مێژووییە بەھاتنە سەر دەسەڵاتی دیقلدیانوسی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (٢٨٤ز-٣٠٥ز) دەستنیشان دەکەن، ئەمەش بەھۆی ئەو چاکسازییە گۆڕانکارییانەی کە سەردەمەکەی لە کارگێڕی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا بەخۆیەوە دی، لەکاتێکدا ھەندێکی تر دەیبەستنەوە بە سەرەتای سەردەمی قوستەنتینییەوە (٣٠٥ز-٣٣٧ز) کە پیاتەختی لەڕۆماوە بۆقوستەنتینیە گواستەوەو مەرسومی ناسراو بە (میلان)ی لەساڵی ٣١٣ ز دەکرد کە بەو پێیە دانی نا بەئایینی مەسیحی لەئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا.

ھەندێکی تر پێیان وایە سنورێکی جیاکەرەوەی نێوان دوو سەردەمەکە خۆی لەمردنی ئیمپراتۆر ئیۆدوسیوس لەساڵی ٣٩٥ز دەبینێـەوە، چونکە مردنی ئەو بوو بەھۆکاری دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لەنێوان ھەردوو کوڕەکەیدا (ئەرکادیۆس)و (ھۆنوریوس)‌و ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دابەشبوو بۆبەشی رۆژھەڵاتی‌و رۆژئاوایی.

ژمارەیەکی کەمیش لەمێژوونووسان پێیان وایە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆمانی (جستنیان) (٥٢٧ز-٥٦٥ز) سنووری جیاکەرەوەیە، چونکە ئەو کۆتا کەس بووە ھەوڵیداوە بەشی رۆژھەڵات‌و رۆژئاوای ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی یەکبخاتەوە، بۆیە سنووری جیاکەرەوەی سەردەمی کۆن‌و سەردەمی ناوەڕاستی ئەوروپایە.

بەچاوپۆشی لەو ڕاو دیدە جیاوازانە لەدیدو نوسینەوەی مێژووی ئەوروپی‌و دیاریکردنی دیاردە مێژووییەکانیدا، زۆربەی مێژوونووسان یەکدەنگن لەسەر ئەوەی ساڵی ٤٦٧ ز. کە ساڵی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییە لەسەر دەستی ئەدۆکەر، خاڵی گۆڕانی گرنگی گواستنەوەی ئەوروپایە لەسەردەمی کۆنەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست.

دەکرێت بڵێین گواستنەوە لەسەردەمی کۆنەوە بۆسەردەمی ناوەڕاست لەنیوەی دووەمی سەدەی پێنجەمی زاینییەوە بووەو ئەو گواستنەوەش بەپێی ھەروەھا لەئەنجامی چەندین ھۆکاری بەشداربووەوە دێت کە لەپێش ئەو مێژووەدا بووە، ئەویش دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی‌و شلۆقی‌و داڕمانی‌و چوونە ناوی مەسیحیەتەوە وەک رەگەزێکی گرنگ لەپێکھێنانی مێژووی ئەوروپی‌و کەڵەکەبوونی شاڵاوی ھۆزە جەرمەنییە بەربەرەکان‌و ڕووخانی ئیمپراتۆیەتی ڕۆمانی لەرۆژئاواو سەپاندنی مۆرکێکی نوێیە بەسەر کیشوەری ئەوروپیدا.

وەک چۆن مێژوونووسان لەدیاریکردنی سەرەتای سەردەمی ناوەڕستدا ڕاجیاوازن، بەھەمان شێوە لەدیاریکردنی کۆتایی ئەو سەردەمەو سەرەتای سەردەمی نوێشدا ڕاجیاوازن، دەستەیەک ڕووخانی قوستەنتینیە لەسەر دەستی تورکە عوسمانییەکان لەساڵی ١٤٥٣ز کە ساڵی دۆزینەوەی کۆلۆمبسە بۆ کیشوەری ئەمریکی (جیھانی نوێ) دەکەنە سنوورێکی یەکلاکەرەوەی سەردەمی ناوەڕاست‌و نوێ، دەستەیەکی تریش ساڵی ١٥١٧ز. کە ساڵی ڕاپەڕینی مارتن لۆپھری چاکسازی ئاینییە بەسەر کڵێسای کاپولیکدا دەکەنە سنووری یەکلاکەرەوەی نێوان دوو سەردەمەکە.

دەکرێت بڵێین ماوەی کۆتایی سەردەمی ناوەڕاست چەند گۆڕانێکی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابووری‌و رۆشنبیری گەورەی بەخۆیەوە دیوە کە بۆتە ھۆی گواستنەوەی ئەوروپا بۆسەردەمی نوێ، ئەو گۆڕانانەش لەنیوەی دووەمی سەدەی پانزەدا ڕوویاندا، ئەو ماوەش چەند ڕووداوێکی گرنگی بەخۆیەوە دی وەک جەنگی سەد ساڵەی نێوان ئینگلتەرا‌و فەرەنسا‌و رووخانی قوستەنتینیەو دۆزینەوەی جیھانی نوێ لەکیشوەری ئەمریکی‌و رووخانی غەرناتە لەساڵی ١٤٩٢ ز. و دۆزینەوەی ڕێگەی سەری ھیوای چاک (رڕس الرجا‌و الێالح) لەساڵی ١٤٩٧ز. ئەو ڕووداوانە بوونە ھۆی دەرکەوتنی بەرەبەیانی سەردەمێکی نوێ کە ڕێنیسانسی ئەوروپی‌و دۆزینەوە جوگرافییەکان‌و بزووتنەوەی چاکسازی ئایینی بەخۆیەوە دی کە دواتر بەسەردەمی نوێ ناسراو دواتریش بەدوورودرێژی قسەی لەسەر دەکەین.

سەبارەت بەکۆتایی سەردەمی نوێ‌و سەرەتای سەردەمی ھاوچەرخ، خەریکە ھەموو مێژوونووسان لەسەر ئەوە یەکدەنگ بن کە کۆتایی جەنگی جیھانی یەکەم لەساڵی ١٩١٨ز سنووری یەکلاکەرەوەی نێوان ئەو دوو سەردەمەیە، لەسەر ئەو بنەڕەتەش دەکرێت قۆناغەکانی مێژووی ئەوروپی بۆ ئەم قۆناغانە دابەش بکەین:

• سەردەمی کۆن لەپێش ساڵی ٤٧٦ ز.

• سەردەمی ناوەڕاست ٤٧٦ ز-١٥٠٠ز.

• سەردەمی نوێ ١٥٠٠ز – ١٩١٨ز.

• سەردەمی ھاوچەرخ ١٩١٨ز – تائەمڕۆ.

لەگەڵ ئەوەی جارێکی دی جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگی زانینی ئەوەی ئەو دابەشکارییە بەھەر جۆرێک بێت بەجیاکەرەوەی قۆناغە مێژوییەکان‌و لێکۆڵینەوەیان بەشێوەیەکی جیاکردنەوەی لەڕووداوەکانی پێش خۆی یان دەرەنجامەکامی دوای خۆی سەیر بکرێت، بەڵکو لەبەر ئاسانکاری لێکۆڵینەوەی مێژووی ئەوروپی‌و پێشکەشکردنی بەپێی پێناوێکی ڕوون‌و ڕیزبەندی‌و ڕێکوپێک پشتمان بەم دابەشکارییە بەستووە:

دیاردەکانی گۆڕان[دەستکاری]

ئەمەش بەپێی دابەشکاری پێشوو بەشداربووانە خۆی دەنوێنێت، بەتایبەت ئەوەی لەنێوان سەردەمی کۆن‌و ناوەڕاستدا ھەیە بۆیە ھەوڵدەدەین لێرەدا لەم ڕوانگانەوە بیانخەینە ڕوو:

لایەنی سیاسی[دەستکاری]

لەسەدەی چوارەم‌و پێنجەم خاکی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لەسەر دەستی بەربەرە جەرمەنییەکان کەوت، جەرمەنییەکانیش چەند دەسەڵاتێکیان تێدا دامەزراند وەک: شانشینی فەرەنجی، شانشینی قووتە رۆژئاواییەکان، شانشینی قووتە رۆژھەڵاتیەکان، شانشینی وەنداڵ، بەوجۆرە واقیعی ڕامیاری ئەوروپی ئەوکات چوویە قۆناغێک کەسیفەتی زاڵبوونی ئەو قۆناغە فرەیی‌و بڵاوبوونەوەی بنیادی دەوڵەتان‌و شانشینەکان بوو، جا پاش ئەوەی بوونی تاکە ئیمپراتۆرێک کە فەرمانڕەوایی ھەرێم بکات وەک کایەیەکی سیاسی‌و جوگرافی ھاتە مەیدان، دەوڵەتان‌و شانشینە جیاجیاکان لێکھەڵوەشان‌و چەند قەوارەیەکی سیاسی دامەزران کە چەندین سیفەتیان وەرگرت.

لەلایەنی سیاسییەوە گواستنەوەی سیستمی ڕۆمانی لەڕۆماوە بۆ قوستەنتینیەو گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لەبێزەنتەوە بۆ سیستمی ئیمپراتۆری میراتگری ھاتە کایە لەساڵی ٤٧٦ز. دا کورسی دەسەڵاتی ڕۆما کەوتە دەست بەرەبەرییەکان‌و دوای ئەوە ھیچ ئیمپراتۆرێکی ڕۆمانی لەسەر ئەو کورسییە دانەنیشت، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی‌و ئایینی لەڕۆمادا گوازرایەوە بۆ پاپا (ئوسقوفی ڕۆما).


لایەنی ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

[٣]

لەگەڵ سەرەتای سەدەی چوارەمی زاینیدا کۆیلەکان بوونە چینی سەرەکی ئیشکەری کشتوکاڵ‌و پیشەسازی، وەک چۆن باریان لەپێشتر لەسەدەی یەکەم‌و دووەمی زاینیدا لەو کاتەیان دەچوو، ژمارەی کۆیلەکان لەئەنجامی وەستانی جەنگە فراوانخوازییە ڕۆمانییەکان کەمیکرد، وێڕای ئەوەش کەمی وەڵامی کاری کۆیلەکان گەورە خاوەن زەوییەکانی ھاندا تا زەوییە فراوانەکانیان بەسەر کۆیلەکانیاندا دابەشبکەن تاوەک کۆلۆن (جوتیاری پەیوەست بەزەوی) تیایدا کار بکەن بەرامبەر بەوەی بەشێکی بەرھەمەکە وەربگرن.

بەوجۆرە سیستمی کۆلۆنی لەپەیوەندییە کشتوکاڵیەکاندا زاڵبوو، ئەمە پاش ئەوەی لەسەدەکانی کۆندا سیستمی کۆیلایەتی (عبودی) زاڵبوو، سیستمی کۆلۆنی بەرەو سیستمی دەرەبەگی گەشەی سەند، ئەمەش (دەرەبەگایەتی) لەئەوروپا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا زاڵبوو.

لایەنی ھزری[دەستکاری]

لەسەدەکانی کۆندا ئایینی بتپەرستی یان فرەخوداوەندی کە لەسەر پەرستشی چەندین ئایین‌و بەپیرۆزدانانی ئیمپراتۆر وەستابوو بەسەر ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا زاڵبوو، ئەمەیان لەسەرەتای سەدەی چوارەمی زاینیدا دەسەڵاتە ڕۆمانییەکان دانیان نا بەئایینی ڕەسمی ئیمپراتۆریەتی بێزەتنی، ئەمەش لەکۆتایی سەدەی چوارەم‌و سەرەتای سەدەی پێنجەمی زابینیدا ڕوویدا.

بەمجۆرە ئایینی مەسیحی بەھەموو ئەوروپای ڕۆژئاوادا بڵاوبوویەوەو پاش ماوەیەک بوو بەتاکە ئایین یان (ئایینی سەرەکی) ھەموو گەلانی ئەوروپا‌و ڕێنماییەکانی مەسیحیەتیش بەمۆرکی خۆیەوە خۆی بەسەر ژیانی سیاسی‌و ھزری ھونەری لایەن‌و دیاردەکانی تری ژیاریدا سەپاند.

لەقۆناغی یەکەم‌و دووەمی سەدەی ناوەڕاستدا (٣٠٠-١٠٠٠ز) و (١٠٠٠-١٣٠٠ز) کڵێسای مەسیحی رۆشنبیری ئەوروپی قۆرخ کرد‌و دژ بەچەمک‌و دەربڕینە ھزرییە ئازادیخوازە پێشکەتنخوازەکان وەستا، ئەو چەمک‌و دەربڕینانەی کە لەگەڵ بەرژەوەندی چینی دەرەبەگیدا پێشوانەبوون.

جەنگی نێوان کڵێسای مەسیحی لەلایەک‌و چەمکە زانستییەکان‌و ھزری پێشکەوتنخوازی ئازاد لەلایەکی ترەوە تا سەدەی پانزە مایەوەو ئەوکات کڵێسای مەسیحی لەبەردەم ھزری زانستی بولرەکانی سیاسی‌و ھزری ھونەری‌و ئابووریدا شکاو لەو ئەنجامەشدا بزووتنەوەی مرۆیی کەوتە بوژاندنەوەی ڕۆشنبیری کلاسیکی (یۆنانی‌و ڕۆمانی)‌و ئەدیب‌و فەیلەسوف‌و زانایان کەوتنە ھێرشبردنە سەر ھزری ئایینی دواکەوتویی کە زادەی پەیوەندییە دەرەبەگیەکان بوو.

ھەروەھا ئامرازەکانی چاپ کەوتنە بڵاوکردنەوەی ھزری نوێی پێشکەتنخوازی کە بەرھەمی پەیوەندییە بۆرجوازییەکان بوو، ئەوەش بەشێکی ئەو دیاردە ژیارییانەبوو کە ھەندێک وەک چەند بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ کۆتایی سەردەمانێک‌و سەرەتای سەردەمێکی تر دەیخەینەڕوو ‌و دواتریش بەسەردەمی نوێ ناوبرا‌و ئێمەش لەبەشەکانی تردا بەدوورودرێژی لەسەری دەوەستین.

سەرچاوە[دەستکاری]

ناوەندی ئەییوبی

پەراوێزەکان[دەستکاری]