فەلەستین
فەلەستین (بەئینگلیزی: Palestine، بەلاتینی: Palaestina، بەعیبری: פַּלַשְׂתִּינָה یان פִלַסְטִין، بەعەرەبی: فلسطين) ناوچەیەکی مێژووییە لەناو جەرگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەشی باشوری ڕۆژئاوای وڵاتی شام پێک دەھێنێت، لەمڕۆدا دەورەدراوە بە وڵاتە عەرەبیەکان و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی بە زمانی عەرەبی ئەدوێن، بەڵام بەشەکەی تر بە عیبری ئەدوێن و شوێنکەوتووی ئاینی یەھودیین، کۆچکردوو و نەوەی نەتەوەکانی ترن، ئەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست و ئاسیا بە باکووری ئەفریقا ئەگەیەنێت لە شوێنی بە یەکگەیشتنی دوو قارەکەدا.
ئەم ناوچەیە چەندین شاری مێژووی و ئاینی گرنگ لە خۆدەگرێت بۆ ھەرسێ ئاینییە یەکتاپەرستیەکە، لەسەرووی ھەموویانەوە (قودس و بەیت لەحم و خەلیل و ناسڕە و ئەریحا و تەبریە). لە ڕووی سیاسی و ئاسایشەوە بە نائارامترین ناوچەی جیھان دادەنرێت بە ھۆی ئەو ناکۆکیانەی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا ھەیە، فەلەستینی بە دانیشتووە عەرەبەکانی ناوچەکە دەوترێت.
پێرست |
[دەستکاری] مێژوو
مێژووی فەلەستین تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوە بە تێکستە ئاینییەکانی یەھودی و مەسیحی و ئیسلامی، و مێژووی فەلەستین بەندە بە بوونە سیاسی و نیشتەجێبوونەکەی.
فەلەستین خاکی پەیامەکانە و لانکەی شارستانی مرۆڤایەتیە، و قیبلەی یەکەمی موسڵمانانە و کۆنترین شاری تێدایە کە ئەریحایە، بیست ویەک شارستانی جیاوازی بە خۆیەوە بینییووە لە ھەزارەی ھەشتەمی پێش زاینییەوە، لەسەر خاکی فەلەستین چەندین ڕاستی مێژوویی ئەدوێن لە سەر مێژووی ئەم خاکە، و کەنعانیەکان یەکەم جار نیشتەجێبوون لەم خاکەدا، ھیرۆدەتس و مێژوونەسە یۆنانی و لاتینیەەکانی تر ناوی فەلەستینیان ناوە لە کەنارەکانی خاکی فەلەستین، و ھەندیک جار ئەم ناوەیان بۆ ھەموو زەوییەکانی نێوان کەنار و دۆڵی ئوردن بەکارھێناوە، و لە سەردەمی ئیمپراتۆری ڕۆمانی، فەلەستین بە ھەموو ناوچەکانی دەوروبەری قودس وتراوە، ھەروەھا ئەم ناوە لە سەردەمی بیزەنتییەکان بەکارھاتووە بۆ ئاماژەکردن بەو ناوچانەی کەوتوونەتە ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن، و درێژ دەبێتەوە لە نێوان شاخی کرمل و غەزە لە باشورەوە.
پاشماوەی ئاسەواری مرۆڤ لە ناوچەی باشوری دەریاچەی تەبڕیا دۆزرایەوە، کە ئەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠ ساڵ پێش زایینی، و لە سەردەمی بەردینی نوێدا (١٠٠٠٠ – ٥٠٠٠پ.ز) کۆمەڵگەی کشتوکاڵی جێگیری تیادامەزراوە، و لە سەردەمی مسیندا (٥٠٠٠ – ٣٠٠٠ پ.ز) ئامڕازی مسی و بەردی دۆزراوەتەوە لە قەراغەکانی ئەڕیحا و بیری سەبع و دەریای مردوو، وکەنعانیەکان لە نیمچەدوورگەی عەرەبیەوە گەیشتوونەتە فەلەستین لە نێوان (٣٠٠٠ – ٢٥٠٠ پ.ز) و لە دەورووبەری ١٢٥٠ پ.ز بە پێی گێرانەوەی (یەھودیەکانی سەردەمی دیرین)، بەنی ئیسڕائیل دەستیان گرتووە بەسەر چەند بەشێکی ناوخۆی وڵاتی کەنعانی ناوخۆ، و لە نێوان ساڵانی ٩٦٥ – ٩٢٨ پ.ز مەلیک سولەیمان پەیکەرێکی بنیاتنا لە قودس و لە ساڵی ٩٢٨ پ.ز دەوڵەتی بەنی ئیسرائیل دابەشبوو بۆ شانشینی ئیسرائیل و یەھودا، ولە ساڵی ٧٢١ پ.ز ئاشووریەکان دەستیان گرت بەسەر شانشینی ئیسڕائیلدا، و لە ساڵی ٥٨٦ پ.ز بابلیەکان شانشینی یەھوزایان تێک شکاند و خەڵکەکەیان ڕاگواست بەرەو بابل و پەیکەرەکەیان ڕوخاند. ساڵی ٥٣٩ پ.ز فارس دەستیان گرت بەسەر بابلدا و ڕێگەیان دا بە یەھود بگەڕێنەوە و پەیکەرێکی تریان بنیاتنا، و لە ساڵی ٣٣٣ پ.ز ئەسکەندەری گەورە دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارسدا و فەلەستینی خستە ژێر حوکمی یۆنانی، و بە مردنی ساڵی ٣٢٣ پ.ز بەتاڵیسە میسڕیەکان و سلوقییە سورییەکان حوکمی فەڵەستینیان گرتە دەست، سلوقیەکان ھەوڵیاندا ئایین و ڕۆشنبیری ھیلینیستی (یۆنانی) بسەپێنن، بەڵام لە ساڵی ١٦٥ پ.ز بە پێی مێژووی یەھودی، مکابیەکان شۆڕشیان کرد بەسەر سلووقیەکاندا و ھەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەھودی سەربەخۆیان دا، و لە ساڵی ٦٣ پ.ز فەلەستین خرایە پاڵ ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی، ڕۆمان بە سەرکردایەتی تیتۆس قودسیان تێکدا لە ساڵی ٧٠ پ.ز ، و دووبارە بنیاتنرایەوە لە سەردەمی ئیمپڕاتۆر ھادریانس و ناوی ئیلیا کابیتۆلینای لێنرا لە ساڵی ١٣٥ پ.ز، و فارس سوتاندیان لە ساڵی ٦١٤ز، و موسڵمانان لە ساڵی ٦٣٨ز فەتحیان کرد لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتابدا، دوای ئەوەی کلیلەکانی لە بەتڕیکەکەی (سەفرونیوس) وەرگرت، و عەرەب ناویان نا قودس، و خاچپەرستەکان لە ساڵی ١٠٩٩ز دەستیان بەسەردا گرت، و موسڵمانان بە سەرکردایەتی سەلاحەدینی ئەیوبی گێڕایانەوە لە دوای شەڕی حەتین ساڵی ١١٨٧ز، و لە سەدەی شانزە تا سەرەتای سەدەی بیستەم قودس لە ژێر حوکمی عوسمانیەکاندا بوو، و لە سەرەتای سەدەی پانزەدا سوڵتان (سوڵتان سولەیمان قانونی)ی عوسمانی ھەستا بە چاکسازی و نوێکردنەوەی شارەکە و دامەزراندنەوەی دیوارەکانی کە ھەتا ئێستا دەوری شارە دێرینەکەیان داوە.
لە سەردەمەکانی ناوەڕاستدا مەمالیکەکان شکان لەسەر دەستی عوسمانیەکان لە دەوروبەری ساڵی ١٥١٧ز و دەوڵەتی عوسمانی حوکمی فەلستینی گرتە دەست لە ساڵی ١٥١٦، و قوستەنتینیەیان کرد بە فەرمانڕەوایەکی ناوخۆیی لەسەری و وڵات لە ڕووی کارگێڕیەوە دابەش دەبوو بۆ پێنج ناوچە کە ناودەبران بە سناجق ئەوانیش؛ قودس و غەزە و سەفەد و نابلس و عەجلون بوون، و تا ڕادەیەکی زۆر حوکم لە ژێر دەستی فەرمانڕەوا ناوخۆییەکاندا بوو، دووبارە بنیاتی شوێنە گشتیەکانی قودس کرایەوە لەسەر دەستی سولەیمان قانونی ساڵی ١٥٣٧ز. بەشە جیاوازەکانی فەلەستین و وڵاتی شام بە گشتی کەوتە ژێر دەسەڵاتی خێزان و دەسەڵاتی جیاوازەوە لە ماوەی دەوڵەتی عوسمانیدا لە نێوان والی و دوژمنەکانی دەوڵەتی ناوەندی.
فەلەستین مایەوە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان تا ساڵانی ١٩١٧- ١٩١٨ یان تا شەڕی جیھانی یەکەم، لە دوای ئەو بە پێی ڕیکەوتننامەی سایکس بیکۆ دابەشکراو وەک ناوچەکانی تری شام و عێراق.
لە ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستدا، بزوتنەوەی سەھیۆنی ھەستا بە ڕێکخستنی کۆچکردنی یەھوودیەکان بۆ فەڵەستین، و ھەستان بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی لە دژی دانیشتوانی فەلەستین، فەلەستینیەکانیان دەرکرد لە خاکەکانیان بە زۆرەملێ و چەک، پاشان مەجلیسی یەھودی دامەزراندنی دەوڵەتی یەھودی ڕاگەیاند کە ناو دەبرێت بە خاکەکانی ٤٨ و نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی وڵاتەکانی جیھان دانیان پێداناوە وەک دەوڵەتی ئیسرائیل، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەنرا ساڵی ١٩٤٨ز، لەو ساڵە و لە دواتردا چەندین رووبەڕووبوونەوە کەوتەوە لەلایەن فەلەستینی و وڵاتە عەرەبیەکان کە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەت ئەکردەوە بە دابەشکردنی خاکەکە بۆ خاکی عەرەبی و ئیسرائیلی.
[دەستکاری] فەلەستین لە ڕووی ئایینیەوە
فەلەستین گرنگیەکی ئاینی ھەیە لە ھەر سێ ئایینی ئاسمانی ئیسلام و مەسیحی و یەھودی، و لە مێژووەکەیدا چەندین ناکۆکی ئایینی لێ کەوتۆتەوە وەک ھەڵمەتی خاچپەرستەکان و ھەروەھا ھەندێک ناکۆکی عەرەبی ئیسرائیلی ئەگەڕێننەوە بۆ ھۆکاری ئایینی.
[دەستکاری] لە ئیسلامدا
فەلەستین شوێنێکی گەورەی هەی لای موسڵمانان، ئەو خاکە پیرۆزەیە کە خوا لە قورئاندا ناوی هێناوە لە سورەتی ئیسرادا؛ سبحان الذي أسرى بعبده ليلا من المسجد الحرام إلى المسجد الأقصى الذي باركنا حوله، واتە؛ پاکی و بێگهردی و ستایش بۆ ئهو زاتهی که شهوڕهوی کرد له بهشێکی کهمی شهودا بهبهندهی خۆی (محمد صلی الله علیه وسلم) له مزگهوتی (حرام، کهعبهی پیرۆزهوه) بۆ مزگهوتی (الاقصی) له (بیت المقدس) که دهوروبهریمان پیرۆزو پڕ بهرهکهت کردووه، تا ههندێك نیشانهو بهڵگهو دهسهڵاتداری و توانایی خۆمانی نیشان بدهین، بهڕاستی ئهو زاته بیسهرو بینایه. هەروەها خوا ناوی خاکی پیرۆزی فەلەستینی لە ئایەتی ٧١ی سورەتی ئەنبیادا هێناوە، "نجيناه ولوطاً إلى الأرض التي باركنا فيها للعالمين" واتە؛ئێمه ئهویش و - لوط - ی برازایشمان ڕزگار کرد و ناردمانن بۆ (وڵاتی شام) ئهو سهرزهمینهی که بهرهکهتمان بهسهردا ڕژاندووه بۆ ههموو خهڵکی. هەروەها لە ئایەتی ٨١ی سورەتی ئەنبیادا، ولسليمان الريح عاصفة تجري بأمره إلى الأرض التي باركنا فيها وكنا بكل شيء عالمين، واتە؛ بۆ سولهیمانیش بایهکی بههێزو تیژمان ڕهخساند که بهرمانی ئهو، جاروبار هاتووچۆی دهکرد بۆ ئهو زهویهی که بهرهکهتمان بهسهردا ڕژاندبوو و ئێمه بهههموو شتێک زاناو شارهزاین، و کاتێک خوای گەورە فەرمانی کرد بە پێغەمبەر موسا و بەنی ئیسرائیل بچنە فەلەستینەوە فەرموویەتی؛"وإذ قلنا ادخلوا هذه القرية فكلوا منها حيث شئتم رغداً وادخلوا الباب سجداً وقولوا حطّة نغفر لكم خطاياكم وسنزيد المحسنين"، واتە؛یادی ئهو نیعمهته بكهنهوه كاتێك وتمان: بچنه ئهم شارهوه (كه قودسه)، جا ههرچی حهزی لێدهكهن لهوێ له ههر جێییهكی بهفراوانی و خۆشی بیخۆن، له دهروازهی شارهكه بهرێزو كڕنووشی (پێزانینیهوه) بچهنه ژورهوه و بڵێن: خوایه له تاوانهكانمان ببووره، ئهو كاته ئێمهش له ههڵه و تاوانهكانتان دهبوورین، ئێمه پاداشتی چاكهكاران له ئایندهدا زۆر به زیادهوه دهدهینهوه. و گوندەکە مەبەستی ئەریحایە، و لەم وتەییەدا "يا قوم ادخلوا الأرض المقدسة التي كتب الله لكم ولا ترتدوا على أدباركم فتنقلبوا خاسرين" واتە؛ئهی قهوم و عهشیرهتم بچنه ناو ئهو زهویه پیرۆزهی (القدس)، که خوا پێویستی کرد لهبهر سوودی خۆتان بچنه ناوی، پاشگهز مهبنهوهو پاشهکشێ مهکهن تا خهسارهتمهندو زهرهرمهند نهبن. و لە باسی مەریمى عەزرادا خوا دەفەرموێت؛ "فحملته فانتبذت به مكانا قصياً"، واتە؛ دهستبهجێ مهریهم سکی پڕ بوو، (بهغهم و پهژارهوه) بهرهو شوێنێکی دوور ڕۆیشت. ،شوێنی مەبەست دۆڵێکە ئەکەوێتە نێوان بەیت لەحم و قودس.
و قودس گرنگیەکی تایبەتی هەیە لای موسڵمانان و مزگەوتی ئەقسا وەک ناسراوە یەکەم قیبلەی موسڵمانان بووە، و پێغەمبەر محەمەد لێوەی سەرکەوتووە بۆ ئاسمان و ئەم مزگەوتە قیبلەی موسڵمانان بوو بۆ ماوەی شانزە یان حەڤدە مانگ، هەتا خوا داوای لێکردن قیبلە بگۆڕن، لە دوای ئەوە قیبلەی موسڵمانان بوو بە کەعبە لە مەککەی پیرۆز، و موسڵمانان ناوی بەیتولموقەدەس یان قودسیان لە شارەکەنا لەبەر پیرۆزییەکەی، هەوەها موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە مەقامی ئیبراهیم و کوڕەکانی و حەفیدە پێغەمبەرەکانی (ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب) و خێزانەکانیان هەیە لە حەرەمی ئیبراهیمی لە خەلیل، و تیایدا پێغەمبەر عیسا لە دایک بووە، و لە فەلەستیندا چەندین مزگەوتی مێژوویی و دیمەنی ئیسلامی هەیە وەک مزگەوتی عومەر و مزگەوتی براق لە قودس و مزگەوتی عومەری لە غەزە و بەیت لەحم لەگەڵ مەقامی چەندین پێغەمبەر وەک مەقامی خدر و ئلیاس و داود و ساڵح.
و ئەوەی زیاتر خاکەکانی شام و بەیتولموقەدەس بەڕێز ئەکات، فەڕزکردنی پێنچ نوێژەکەیە لەسەر خاکەکانی.
[دەستکاری] لە مەسیحییەتدا
فەلەستین لای مەسیحیەکان بە زەوییە پیرۆزەکان ناو دەبرێت، بە پێی بیروباوەڕی مەسیحی یەسوعی مەسیح تیایدا لە دایک بووە و ژیاوە، و زۆرترین ڕووداوەکانی سەردمی نوێ و ژمارەیەک لە ڕووداوەکانی سەردەمی دێرین ڕوویانداوە، و بە پێی میراتی مەسیحی مژدەی مەسیحییەت لە جەلیل و یەھوزاوە دەرچووە، یان لە باکور و ناوەڕاستی فەلەستینەوە، و لە ھەموو جیھاندا بڵاو بۆتەوە، لەبەر ئەوە فەلەستین چەندین شوێنی پیرۆزی مەسیحیەکان لە خۆدەگرێت لەسەروو ھەموویانەوە شاری بەیت لەحمە، کە شوینی لە دایک بوونی مەسیح (کەنیسەی مەھد) ئەگرێتەوە و شاری ناسڕە کە مەریەمی عەزرا مژدەی لە دایکبوونی ڕۆحی قودس (عیسا)ی پێدراوە تیایدا، و شاری قودس یان بە ناوە مەسیحییەکەی (ئورشلیم) کە عیسا خەڵکی یەھوزای بانگ کرد بۆ ئەوەی شوێنی بکەون دوایین ھەنگاوەکانی لە ڕێگەی ئالامدا بوو دوای ئەوە لە خاچدرا، و مەسیحیەکان لەو باوەڕەدان کە ئارامگای عیسا ھەیە لە کەنیسەی قیامەدا لەو شارەدا، ھەروەھا لە ڕۆژئاوای جەنیندا کەنیسەی بەرقین ھەیە کە کە لەو شوێنەدا عیسا موعجیزەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی ئەنجامداوە، ھەروەھا مەسیحیەکان چەند ناوچەیەکی تری فەلەستین پیرۆز ڕادەگرن لە جەلیل بە تایبەتی دەوری دەریاچەی تەبڕیا و لەسەر کەنارەکانی ڕووباری ئوردن، ھەروەھا مەسیحیەکان چەند شوێنێکی تر پیرۆز ڕادەگرن لە سەردەمی دێریندا کە موسڵمانان و مەسیحی ھەردووکیان بە پیرۆزیان ئەزانن وەک حەرەمی قودسی و حەرەمی ئیبراھیمی و خەلیل و ئەوانی تر، مەسیحییەت لە فەلەستیندا ھەر لە سەرەتاو کاریگەر بووە بە ئاڕاستەی جیاواز، لە سەرەتای سەدەی یەکی زایینیەوە لەسەر خاکە پیرۆزەکان چەند تائیفەیەکی جیاوازی مەسیحی ژیاون و ھەتا ئەمڕۆ بوونی مەسیحی لە فەلەستین بەردەوامە.
کەنیسەی قیامە لە قودس بە یەکێک لە گرنگترین کەنیسەکانی جیھان دادەنرێت، و ھەزران مەسیحی بۆ حەج دێن ساڵانە لە بەیت لەحم و قودس و ناسڕەوە و ناوچە جیاوازەکانی تری فەلەستینەوە.
[دەستکاری] لە یەھودییدا
یەھود یان جولەکە بە فەلەستین ئەڵێن "אֶרֶץ יִשְׂרָאֵל (دەربڕینەکەی ئیڕێ یسرائیل یان إیرتس یسرائیل) واتە وڵاتی ئیسرائیل یان زەوییە پیرۆزەکان یان زەوی میعاد بە پێی ئەوەلە سەردەمە دێرینە مەسیحیەکاندا ھاتووە، بە پێی بیروباوەڕی یەھودی فەلەستین ئەو زەوییەیە کە شانشینی ئیسرائیلی لەسەر دامەزراوە پێش ئەوەی دابەش بێت بۆ ئیسرائیلی باکوور و یەھوزا، و یەھودەکانی ئێستا خۆیان بە نەوەی خەڵکی شانشینی یەھوزا ئەزانن کە پایتەختەکەیان ئورشلیم (یان شاری قودس) بووە، و لەو باوەڕەدان کە پەیکەری سولەیمانی تیابووە، و ناوەندی یەھودی دێرینە، و تائیفەی سامریین کە نزیکن لە یەھودەوە لە ئاینی و ڕۆشنبیریدا شاخی جرزیم بە پیرۆز دەزانن لە نزیک نابلس.
لە میراتی یەھودیدا، قودس و خەلیل و تەبڕیا و سەفد بە چوار شارە پیرۆزەکە دادەنێن کە گرنگیەکی تایبەتیان ھەیە لە ئاینی یەھودی و مێژووی یەھودییدا، دیواری ڕۆژئاوا (لای موسڵمانان بە دیواری براق) ناوبراوە، زۆرترین نوێژکەری یەھودی لێ کۆدەبێتەوە لە ئێستادا بە درێژایی ساڵ بە تایبەت لە جەژنە یەھوودیەکاندا، ھەروەھا یەھود حەرەمی ئیبراھیمی بە پیرۆز دەزانن وەک موسڵمانان و مسیحییەکان و لەگەڵ چەند ناوچەیەکی جیاوازی جەلیلدا.
لە شەریعەتی یەھودییدا چەند ڕاسپاردەیەک ھەیە تەنھا لە زەوییە پیرۆزەکان ئەکرێت جێبەجێ بکرێت و زۆربەی ئەم ڕاسپاردانە پەیوەستن بە کاروباری کشتوکاڵیەوە و دیارترین ڕاسپاردەی شمیتایە.
[دەستکاری] ناونان و سنوور
یەکەم کەس کە ناوی فەلەستینی بەکار ھێناوە بۆ باشووری وڵاتی شام مێژونووسی یۆنانی ھێرۆدۆت بووە لە دانراوەکانیدا لە سەدەی ٥ پ.ز، و ھیرۆدۆت ناوی فەلەستینی بەکارھێناوە وەک زاراوەیەکی جوگرافی و ئاماژەی بە وڵاتی شام وڵاتی ڕافیدەین کردووە بە سوریا و باشوورەکەی بە فەلەستین " (Παλαιστινη "پَڵیْسْتِینِیە یان سوریای فەلەستینی، وا دیارە کە ھێرۆدۆت ئەم ناوەی لە ناوی پلشت وەرگرتووە وک ئاماژەیەک بۆ کەنارەکانی باشوری نێوان یافا و دۆڵی عەریش کە شاری فەلەستینیە بووە، وناوی فەلەستین بەکارنەھاتووە وەک ناوچەیەک کە سنورێکی سیاسی دیاریکراوی ھەبێت تەنھا لە سەدەی دوانزەی زایینیدا نەبێت، کاتێک ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمانی ویلایەتی یەھوزای ھەڵوەشاندەوە بەھۆی یاخیبوونی یەھوودیەکان لە ساڵی ١٣٢ز و ویلایەتی سوریای فەلەستینی لە شوێنیدا دامەزراند.
ئەو سنورەی ئەمڕۆ ئاماژەی پێ ئەکرێت وەک سنووری فەلەستینی مێژوویی دەرئەنجامی زنجیرەیەک لە وتوێژ و ڕێکەوتنی نێوان ئیمپڕاتۆریەتەکانە کە دەستیان بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گرت لە سەرەتای سەدەی بیست، کە ھەر ئەوەش بوو بە ھۆی داڕشتنی سنوورە سیاسەکان بە گشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
[دەستکاری] جوگرافیا
فەلەستین لە رووی جوگرافیەوە لە چوار ناوچە پێک دێت؛
- دەشتە تەختەکان
- بەرزاییەکان (شاخەکانی جەلیل وەک شاخی قەفزە و نابلس و قودس و خەلیل)
- نزماییەکانی ئوردن
- بیابانی نەقب
دەشتە تەختەکان پێک دێت لە دەشتی عەککا ل نیوان ناقورە و حەیفا و دەشتی کەناری گەورە کە شاخی کرمل لە دەشتی عەککای جیا دەکاتەوە. و فەلەستین چەندین شاری کەناری لە خۆ دەگرێت لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و گرنگترینیان (عەککا و حەیفا و تەل ئەبیب یافا و نتانیا و ئەشدود و عەسقەلانن) و غەزە کە بە گرنگترین شاری فەلەستین دادەنرێت لە ڕووی جوگرافی و ئابوری و دیمۆگرافیەوە. لە شارە کەنارییەکان و دەوروبەریاندا نزیکەی %٦٠ دانیشتووان نیشتەجێن (نزیکەی %٧٥ لە دانیشتووی یەھودن ، و %٤٠ دانیشتووی عەرەبن)، و گەورەترین ناوەندە پیشەسازی و بازرگانیەکانیان تیایدایە و ئەم ناوچە کەناریانە بە تایبەت تەل ئەبیب و غەزە زۆرترین چڕی دانیشتوانیان ھەیە.
فەلەستین چەند ناوچەیەکی بە بڕشت لە خۆ دەگرێت گرنگترینیان کێڵگەی باکوری و بن عامر و ھەندێک کێڵگەی ترن لە ناوەڕاستی وڵاتەکە، و پشت ئەبەستن بە بارینی باران کە لە ماوەی پێنج مانگدا دەبارێت لە (تشرینی دووەمەوە تا ئازار)، و دەریاچەی تەبریا بە گرنگترین سەرچاوەی ئاوی سروشتی دادەنرێت بۆ خواردنە و ئاودێری لە ناوچەکەدا.
[دەستکاری] دیمۆگرافیا
[دەستکاری] زمان
زمانەکان لە فەلەستیندا بەم شێوەیە بڵاوبوونەتەوە؛
[دەستکاری] پێش زایینی
لە پێش زاینیدا لە فەلەستین زمانی کەنعانی دەرکەوتووە کە کەنعانی و فینیقی و عیبرانیەکان پێی ئەدووان، ئەم زمانانە لە فینیقی ئەچن کە بنەڕەتەکەی لە لوبنانە و کەنعانیەکانی باکوری فەلەستین پێی ئەدووان و عیبری بڵاو بوو لە ناوچە شاخاویەکان (زفەی غەربی و قودسی ئێستا) و ناوچە کەنارییەکانی باکوور کەنعانیەکان قسەیان پێکردووە و دوای ئەوان عیبرانیەکان پێی دووان دوای ئەوەی ھاتنە ناو فەلەستینەوە، بەڵام کەنارەکانی باشوور کە ناوچەکانی غەزەی ئێستا و عەسقەلان دەگرێتەوە زمانی فەلەستینی لەناویاندا بڵاو بووە.
[دەستکاری] لە دوای زایینی
لە دوای ئەوەی بابلی یەھودیان دەرکرد و زمانە کەنعانیەکان لەناوچوون، لە فەلەستیندا زمانە ئارامیەکان بڵاوبوونەوە کە کەنعانیەکان پێی ئەدووان لەگەڵ یەھود و مەسیحی، و بەردەوام بوون پێی تا زمانی عەرەبی بڵاو بوویەوە لە فەلەستیندا وەک زمانی دایک بۆ دانیشتوانەکەی، کە نزیکەی ١٠ سەدە قسەیان پێئەکرد، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی %٤٥ی دانیشتوانی فەلەستینە مێژووییەکە پێی ئەدوێن وەک زمانی دایک، ئەمەش بە ھۆی کارەساتی ٤٨ کە بەسەریاندا ھات، و فەلەستینیەکان بە دیالێکتی فەلەستینی ئەدوێن کە یەکێکە لە دیالێکتەکانی عەرەبی گشتی، ئەمیش ئەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ چەند دیالێکتێک.
لە دوای ئینتیدابی بەریتانیا لەسەر فەلەستین زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و عیبری بە زمانی ڕەسمی ناوچەی فەلەستینیە مێژوویەکە دانرا لەبەرئەوەی یەکێک لە ناوچەکانی ژێر ئینتیدابی بەریتانی بوو، و زمانی عیبری ھاتە فەلەستینەوە لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا لەگەڵ کۆچکردنە چڕوپڕەکانی یەھود و دامەزراندنی مۆڵگەی نیشتەجێبوونی یەھودی لەسەر خاکی فەلەستین، بەڵام پێشتر قسەکردن بە عیبری زۆر دیاریکراو بوو تەنھا لەسەر ئاستی حاخامە یەھودیەکانی ناوچەکەدا بوو.
لە دوای کارەساتی فەلەستینی ١٩٤٨، زمانی عیبری و عەرەبی دوو زمانی ڕەسمی و بنەڕەتین بۆ دانیشتوانی ناو ئیسرائیل، کە ژمارەی دانیشتووە عەرەبەکان ئەگاتە %٢٠.٢ی دانیشتوانی دەوڵەتی عیبری، ھەروەھا زمانی عیبری دابەش دەبێت بۆ عیبری دێرین و عیبری نوێ. بەڵام لە غەزە و زفەی غەربی ( کە ناوچەکانی دەسەڵاتی فەلەستینین) زۆربەی دانیشتووەکانی بە عەرەبی ئەدوێن کە خۆیان فەلەستینی ئەسڵن یان پەنابەرن و لە شارەکانی ترەوە ھاتوون، جێگەی ئاماژەیە کە ھەردوو نەتەوەکە ھەردوو زمانەکە (عەرەبی و عیبری) بە باشی ئەزانن، لەگەڵ زمانی ئینگلیزی وەک زمانی بیانی، ھەروەھا کەمایەتی ھەن بە زمانی ئەرمەنی ئەدوین کە خۆیان فەلەستینین بەڵام لە نەژادی ئەرمەنیەوە ھاتوون، ھەروەھا زمانەکانی تری وەک روسی و ڕۆمانی و یدیشی و ئەمھەری ھەن کە زمانی کۆچکردووە یەھودیەکانن.
[دەستکاری] دانیشتوان
یەکەم ئاسەواری ناسراو لە فەلەستیندا ئەگەڕێتەوە بۆ ھۆزێک بە ناوی کەنعانیەکان و ھۆزی ئەمووریەکان، ئەم دوو نەتەوەە ھۆزی کۆچکردوو بوون لە نیمچەدوورگەی عەرەبیەوە لە باکورەوە و جێگیر بوون لە واتی شام و لە فەلەستین بە تایبەتی، ئەمەش جێگیرە و ھەموو میژونوسە ڕۆژھەڵاتی و رۆژئاواییەکان لەسەری ڕێکەوتوون، پاشان چەند نەتەوەیەکی تر نیشتەجیی بوون کە لە دوورگەکانی دەریای سپی ناوەراستەوە ھاتبوون بە تایبەت لە دوورگەی (کریت)ەوە کە ئەمانەش بلیستینیەکان بوون وناوی فەلەسەتین لەوانەوە ھاتووە، و بە تێپەڕبوونی کات بلستینی و کەنعانیەکان نەمان و ھیچ ئاسەوارێکیان نەماوەتەوە.
پێش ئەوەی کۆچکردنە ڕێکخراوەکان دەست پێ بکات بۆ خاکەکانی فەلەستین لە سەرەتای سەدەی بیست تا ڕوودانی کارەساتەکە و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، فەلەستینیەکان زۆرینەی دانیشتوانی فەلەستینیان پێک دەھێنا، لە کاتی ئێستادا لە ناوچە فەلەستینیە مێژوویەکەدا کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لێ دامەزرا ساڵی ١٩٤٨، زۆربەی یەھودیەکان لە ھەموو لایەکی جیھانەوە کۆچیان کرد بۆ فەلەستین بەتایبەت لە ئەلمانیا و ئەوروپای ڕۆژھەڵات و ڕوسیاوە و لە وڵاتە عەرەبیەکانی وەک یەمەن و عێراق و مەغریبەوە.
و لە ناوچەکانی غەزە و زفەی غەربیدا زۆرترین دانیشتوانە رەسەنەکانی فەلەستین ئەژین لەگەڵ پەنابەرەکان لە ناوچەکانی ترەوە ھاتوون کە دەوڵەتی ئیسرائیلی لێ دامەزرا، ھەروەھا چەند کەمایەتیەک مۆڵگەی ئیسرائیلی ھەیە لە یەکە نیشتەجێبووەکاندا لە زفەی غەربی و کەرتی غەزەدا پێشتر. و جێگەی ئاماژەیە کە لە ئێستادا زیاتر لە ٥ ملیۆن پەنابەری فەلەستینی ھەیە ئەژین لە دەرەوەی زەوییە فەلەستینیەکان و زۆربەیان کۆدەبنەوە لە ئوردن و سوریا و لوبنان. لەگەڵ سەدان ھەزار فەلەستینی تر کە بە ھەموو لایەکی جیھاندا بڵاو بوونەوە بە تایبەت لە وڵاتەکانی کەنداو و ئەمریکاکان. ئەم خشتەیەی خوارەوە پێکھاتووی دانیشتوانی قەزاکانی فەلەستین ڕوون دەکاتەوە لە کاتی ئینتیدابی بەریتانیدا؛
| دانیشتوانی فەلەستین ساڵی 1945 | |||||||
| قەزا | موسڵمان | ڕێژە | یەھوودی | ڕێژە | مەسیحی | ڕێژە | کۆ |
| عەککا | ٥١,١٣٠ | ٦٩% | ٣,٠٣٠ | ٤% | ١١,٨٠٠ | ١٦% | ٧٣,٦٠٠ |
| بیئری سەبع | ٦,٢٧٠ | ٩٠% | ٥١٠ | ٧% | ٢١٠ | ٣% | ٧,٠٠٠ |
| بیسان | ١٦,٦٦٠ | ٦٧% | ٧,٥٩٠ | ٣٠% | ٦٨٠ | ٣% | ٢٤,٩٥٠ |
| غەزە | ١٤٥,٧٠٠ | ٩٧% | ٣,٥٤٠ | ٢% | ١,٣٠٠ | ١% | ١٥٠,٥٤٠ |
| حەیفا | ٩٥,٩٧٠ | ٣٨% | ١١٩,٠٢٠ | ٤٧% | ٣٣,٧١٠ | ١٣% | ٢٥٣,٤٥٠ |
| خەلیل | ٩٢,٦٤٠ | ٩٩% | ٣٠٠ | <١% | ١٧٠ | <١% | ٩٣,١٢٠ |
| یافا | ٩٥,٩٨٠ | ٢٤% | ٢٩٥,١٦٠ | ٧٢% | ١٧,٧٩٠ | ٤% | ٤٠٩,٢٩٠ |
| جەنین | ٦٠,٠٠٠ | ٩٨% | ڕێژەیەکی کەم | <١% | ١,٢١٠ | ٢% | ٦١,٢١٠ |
| قودس | ١٠٤,٤٦٠ | ٤٢% | ١٠٢,٥٢٠ | ٤٠% | ٤٦,١٣٠ | ١٨% | ٢٥٣,٢٧٠ |
| نابلس | ٩٢,٨١٠ | ٩٨% | ژمارەیەکی کەم | <١% | ١,٥٦٠ | ٢% | ٩٤,٦٠٠ |
| ناسڕە | ٣٠,١٦٠ | ٦٠% | ٧,٩٨٠ | ١٦% | ١١,٧٧٠ | ٢٤% | ٤٩,٩١٠ |
| ڕامەڵە | ٤٠,٥٢٠ | ٨٣% | ڕێژەیەکی کەم | <١% | ٨,٤١٠ | ١٧% | ٤٨,٩٣٠ |
| ڕەملە | ٩٥,٥٩٠ | ٧١% | ٣١,٥٩٠ | ٢٤% | ٥,٨٤٠ | ٤% | ١٣٤,٠٣٠ |
| سەفەد | ٤٧,٣١٠ | ٨٣% | ٧,١٧٠ | ١٣% | ١,٦٣٠ | ٣% | ٥٦,٩٧٠ |
| تەبیڕیا | ٢٣,٩٤٠ | ٥٨% | ١٣,٦٤٠ | ٣٣% | ٢,٤٧٠ | ٦% | ٤١,٤٧٠ |
| توڵ کەرەم | ٧٦,٤٦٠ | ٨٢% | ١٦,١٨٠ | ١٧% | ٣٨٠ | ١% | ٩٣,٢٢٠ |
| کۆ | ١,٠٧٦,٧٨٠ | ٥٨% | ٦٠٨,٢٣٠ | ٣٣% | ١٤٥,٠٦٠ | ٩% | ١,٨٤٥,٥٦٠ |
| Data from the Survey of Palestine[١] | |||||||
تێبینی؛ لە ھەندی لە نەخشە نیمچەفەڕمیەکاندا دوو قەزای تر بۆ ئەم شانزە قەزایە زیاد کراون ئەوانیش قەزای بەیت لەحم و ئەڕیحان.
[دەستکاری] سیاسەت
وشیاری سیاسی لە فەلەستیندا زوو دەستی پێکرد هەر لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیەوە ڕۆڵێکی دیاری هەبوو، و ڕۆشنبیرە فەلەستینیەکان بۆ بەرەنگاری کۆچکردنی یەهود بۆ وڵاتەکەیان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو و نزیکەی ١٧ پارتی سیاسیان ڕێکخست بۆ دەربڕینی بیروڕاکانیانو بەرگری کردن لە مافەکانیان.
ئەمڕۆ ناوچەکە لە ڕووی سیاسیەوە ناوچەیەکی ناکۆک دەگرێتەوە، زیاتر لە جارێک ڕووبەڕووی دابەشبوون بۆیەوە، یەکەمیان ساڵی ١٩٣٧ و دووەمیان ساڵی ١٩٤٧، و لە فەلەستینی مێژووییدا دوو پێکهاتووی سیاسی هەیە یەکێکیان ئیسڕائیلە کە لەسەر خاکی فەلەستین دامەزرا لە دوای کارەساتی ساڵی ١٩٤٨ز، و دووەمیان دەسەڵاتی نیشتیمانی فەلەستینە لە شارە فەلەستینیەکانی وەک
زفەی غەربی و کەرتی غەزەدا هەن لە ساڵی ١٩٩٤ز، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە تەنها ئیسڕائیل دانی پێدانراوە. ئیسڕائیل بە داگیرکەری بە لایەنێکی داگیرکەر دادەنرێت بۆ خاکە عەرەبیەکانی زفەی غەربی و کەرتی غەزە بە پێی ڕێکەوتننامەی جنێف و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ٢٤٢، و فەلەستینیەکان داوای کۆتایی هێنان بە داگیرکردنی وڵاتەکەیان ئەکەن کە لە ئەنجامی شەڕی ١٩٦٧ ڕوویدا و ڕاپەڕینی یەکەمی فەلەستین ساڵی ١٩٨٧ (ڕاپەڕینی بەرد) ڕوویدا و دووەمیان لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو ناونرا ڕاپەڕینی ئەقسا، کە هەردووکیان درێژبوونەوەی ڕاپەڕینی نوێی فەلەستین بوون کە ساڵی ١٩٦٤ دەستی پێکرد لە دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی ئازادکرنی فەلەستینی.
[دەستکاری] کۆچکردن
بە پێی ئاماری فەڕمی ٣,٣٧٤,٢٧٥ یەھودی کۆچیان کرد بۆ فەلەستین لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە ھەتا ساڵی ٢٠٠٦، لەمانەش ٣٣٣٠٤ بە شێوەیەکی یاسایی کۆچیان کرد، لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٤٥ نزیکەی (٥٠٠٠٠-٦٠٠٠٠) یەھود کۆچیان بۆکرد بە شێوەیەکی نایاسایی لەو ماوەیەدا، کە ئەم کۆچکردنانە بوو بە ھۆی زیادبوونی دانیشتووە یھودییەکان.
لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ و تا شەڕی ١٩٤٨ نزیکەی ٧٥٠٠٠٠ عەرەبی فەلەستینی لە وڵاتەکەیان دەرکران، دوای شەڕ فەلەستین دابەشکرا لە نیوان ئیسرائیل و ئوردن و میسر، ئیسڕائیل ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی دا بەوانەی لە خاکەکید مابوونەوە و ڕێگەی نەدا عەرەبرەکانی دەرەوەی ئەو سنورە بگەڕێنەوە، ئوردن ڕەگەزنامەی دا بەوانەی لە زفەی غەربی بوون لەگەڵ پەنابەرەکان، بەڵام دانیشتووانی کەرتی غەزە و پەنابەرەکانی بە بێ ڕەگەزنامە مانەوە دوای ئەوەی میسر ڕەگەزنامەیان نەداتێ، پەنابەرەکان ئەمڕۆ نزیکەی نیوەی نەتەوەی فەلەستینی پێک دەھێنن کە ئەگەنە ٤,٦ ملیۆن کەس (١٩٩٥).
[دەستکاری] دابەشکردنی فەلەستین
نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵێکیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناکۆکی عەرەبی ئیسڕائیلی لەسەر خاکی فەلەستین ساڵی ١٩٤٧ لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکەوەنا، ئەم لیژنەیەش هەستان بە دانانی دوو پڕۆژە یەکەمیان؛ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و شاری قودس لەلایەن بەڕێوەبردنە نێودەوڵەتیەکانەوە بەڕێوە ببرێت، و پڕۆژەی دووەم؛ دامەزراندنی فیدرالی بوو کە هەردوو دەوڵەتەکە لە خۆبگرێت ، و زۆربەیان لایەنگری پڕۆژەی یەکەمیان کرد، و نەتەوە یەکگرتووەکان هەستا بە پەسەندکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ ئەنجامدانی چەند دەستکاریەک لە سنوری هاوبەشی نێوان دوو دەوڵەتەکە، و بڕیاری دابەشکردنەکە جێبەجێ دەبێت لەو ڕۆژەی هێزەکانی ئینتیدابی بەریتانی ئەکشێتەوە لە فەلەستین.
بڕیاری دابەش بوونەکە %٥٥ی خاکی فەلەستینی دا بە دەوڵەتی یەهودی، و پڕۆژەی دابەشکردنەکە دانرا بە پێی ئەو شوێنانەی کۆمەڵەی یەهودیەکنی تیا بوو تا هەموویان بکەونە ناو دەوڵەتی یەهودییەوە.
[دەستکاری] شار وگوندەکان
[دەستکاری] شارە فەلەستینیەکان لە ئیسڕائیل
دوای کۆتایی شەڕی عەرەبی – ئیسرائیلی ساڵی ١٩٤٨ (کارەسات)، ڕێکەوتنی ڕودس بەسترا کە ئاگربەستی سەپاند لە نێوان ئیسرائیل و هەریەک لە میسر و سوریا و ئوردن و لوبنان، و بە پێی ئەم ڕێکەوتنانە وێنەی هێڵی سەوز کێشرا، کە بە فەڕمی داگیرکرا وەک هێڵی ئاگربەست، بەڵام بە کردار بوو بە سنوری دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەکانی دەوروپشتی، لە ناو هێڵی سەوز یان ئیسرائیلدا ژمارەیەک شار و گوندی عەرەبی فەلەستینی و شاری تری تێکەڵ کە هەردوو عەرەب و یەهوودی نێشتەجێبوون هەیەهەروەک بەشی رۆژئاوای شاری قودسی گرتۆتەوەو بە دانیشتوی عەرەبی ئەو شارانە ئەوترێت فەلەستینی ٤٨.
ئەو شارە فەلەستینی و تێکەڵانەی ئەکەونە هێڵی سەوز یان ئیسرائیلەوە ئەمانەن؛
[دەستکاری] شارە تیکەڵەکان
- حەیفا
- یافا
- لەد
- بیئری سەبع
- عەککا
- ڕەمڵە
[دەستکاری] شارە عەرەبیەکان
- ناسڕە
- ئوم فەحم
- تەییبە
- تییرە
- ڕەهت
- شفا عەمر
- باقەی غەربی
- سەخنین
- قلنسوە
- چەند شارێکی تر هەن کە زۆربەی دانیشتوانیان عەرەبی فەلەستینی بوون بەڵام بوون بە شاری یەهودی دوای ئەوەی یەهود کۆچیان بۆ کرد و عەرەبەکانی لێ دەرکران لە شەری ١٩٤٨دا؛
- تەبڕیا
- سەفەد
- بیسان
- مەجدەل (عەسقەلان)
- ئیسدود (ئەشدود)
[دەستکاری] شارە فەلەستینیەکانی زفەی غەربی
لە ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل زفەی غەربی و کەرتی غەزەی داگیر کرد لە ماوەی شەڕی ١٩٦٧، هەموو شارەکانی زفەی غەربی کە لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە ئوردن بوون، لەسەر هەموویانەوە قودسی ڕۆژهەڵات کەوتنە دەستی ئیسرائیل. ( زفە %٢١ی ڕووبەری فەلەستین ئەگرێتوە نزیکەی ٥٨٦٠ كم/٢
- قودس
- ڕامەڵڵا
- خەلیل
- بەیت لەحم
- نابلس
- جەنین
- توڵکەرەم
- ئەڕیحا
- قەلقیلیە
[دەستکاری] شارە فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە
غەزە لە %١.٣ی ڕووبەری فەلەستین پێک دەهێنێت کە نزیکەی ٣٦٠کم/٢، و زۆربەی پەنابەر ناوخۆییەکانی لە خۆگرتووە کە وایلێکردووە ببێتە چڕترین ناوچەی جیهان لە ژمارەی دانیشتواندا.
- غەزە
- خانیونس
- ڕەفەح
- دەیر بەلح
- بەیت لاهیا
- بەیت حانون
[دەستکاری] گوندە وێرانکراوەکانی فەلەستین
لە ماوەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و بەتایبەت لە شەری ١٩٤٨، هێزە سەهیۆنیەکان شارستانی و ئاسەواری ٤١٨ گوندیان لە گوندە مێژوویەکانی فەلەستین وێران کرد، ئەم گوندانە سەر بە قەزاکانی خەلیل و ڕەمەڵە و قودس و ناسڕە و بیئر سەبع و بیسان و جەنین و حەیفا و سەفەد و تەبڕیا و توڵکەرەم و عەککا و غەززە ویافا بوون.
[دەستکاری] وێنە
[دەستکاری] سەرچاوە
- ↑ cite book|title=A Survey of Palestine : Prepared in December, 1945 and January, 1946 for the Information of the Anglo-American Committee of Inquiry |page= 12–13|volume=1|publisher= Institute for Palestine Studies| year=1991|id = ISBN 0-88728-211-3
- موقع فلسطين في الذاكرة
- جامعة القدس المفتوحة، الباحث محمد عثمان الزعاترة.
- فلسطين حاضر ومستقبل، تأليف سفيان عثمان الزعاترة ومحمد أحمد عشا.