ئەیووب

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەیوب کوڕی موەسی (موصی) کوری رازخ کوڕی ئیسحاق کوڕی ئیبراھیم.[١] پیاوێک بوو لە ڕۆمەکان. بیروڕای تر ھەیە کە ناوی ئەیوب کوڕی موەسی (موصی) کوری رەعویل کوڕی عەیس کوڕی ئیسحاق کوڕی یعقوب، ئەمەش لە ڕەچەڵەکی گۆڕیوە.

چیرۆکی ئەیوب[دەستکاری]

ئەیوب پیاوێکی دەوڵەمەند بوو ھەتاکوو تەمەنی ٧٠ ساڵی، کەسوکارێکی زۆری ھەبوو، خودا ویستی تاقی بکاتەوە، بۆیە ھەموو ئەو شتانەی لێ سەندەوە، و لاشەی پڕ کرد لە نەخۆشیی و ژیانیشی بوو بە کارەسات[٢]، ئەو ئەندامەی گیانی کە لێ مابۆوە و سەلامەت بوو، دڵ و زووبان ی بوو، کە بەو دوو ئەندامەی شەو و ڕۆژ خودای دەپەرست، نەخۆشییەکەی ئەیوب ئەوەندە درێژەی کێشا، خەڵکی دەوروبەری وردەوردە تاقەتی ئەییووبیان نەما و سۆز و بەزەیییان بۆ کەم بووەوە. تەنھا خێزانی نەبێت بەوەفابوو و چاکەی ئەیوبی لەبیر نەدەچو‌و، بەردەوام سەری لێ دەدا و خزمەتی دەکرد. ئەیوب ئەوەندە دەستی کورت بوو، ناچار خێزانی کرێکاری و خزمەتی ماڵانی دەکرد تا ئەیوب بەخێو بکات و پەکی نەکەوێت. بەو شێوەیە خێزانیشی لەگەڵ ئەییووبدا ئارامی گرت و لەگەڵ ئەو ھەموو ناخۆشییەشدا دەستی لە ئەییووب ھەڵنەگرت.[٣] ئەیوب بەئارامگرتن لەسەر نەخۆشی و ئازارەکانی توانی بەسەر تاقیکردنەوەکەدا سەربکەوێت، ھەتاکوو ئەمڕۆش لەناو موسوڵماناندا ئارامگرتنی ئەیوب ناوبانگی ھەیە و بەنموونەی دانبەخۆدانان و ئارامی دەھێنرێتەوە، تەنانەت لە قورئانیشدا باسی کراوە.[٤]

ئەییووب پێغەمبەری خوایە[دەستکاری]

ئەییووب لە نەوەی ئیبراھیمە؛ دایکی ئەییووبیش کچی (لوط)ی پێغەمبەر بووە ‌-سەلامی خوای گەورەیان لێ بێت-. ئەییووبی پێغەمبەر لە خاکی حۆران ژیاوە و لە تەمەنی٩٣ ساڵیدا وەفاتی کردووە. لە دنیادا زۆر دەوڵەمەند بوو؛ خوای گەورە بەخششی زۆری پێ دابوو؛ منداڵ و کەسوکاری زۆریشی ھەبوو. خەڵکی ناویان نابوو ئەییووب لەبەر ئەوەی لە ھەموو حاڵێکدا بەردەوام بۆ لای خوای گەورە ئەگەڕایەوە. ھەروەھا زۆر لە خوای گەورە دەترسا و ھەمیشە داوای لێخۆشبوونی دەکرد. بەزەیی بە دەستکورت و نەداراندا دەھاتەوە ‌و یارمەتی بێوەژن و منداڵی دەدا. ڕێزی میوانی زۆر دەگرت و بانگەوازی خەڵکی بۆ ئایینی یەکتاپەرستی دەکرد.

تاقیکردنەوەی ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت-[دەستکاری]

بەڵا و بەسەرھاتەکانی ژیان بەڵگە نین‌ لەسەر بەدبەختی. خۆشگوزەرانی و ناڕەحەتییەکانی دنیاش بە کاری چاکە و خراپەکارییەوە پەیوەست نین. چونکە دنیا شوێنی تاقیکردنەوەیە و کێڵگەی ئاخیرەتە. ئەنجامی ئارامگرتنیش پاداشتە ‌و چەندجاربوونەوەی خۆشی و چاکەکانە. ئادەمیزادیش بەپێی ئیمانی تاقی دەکرێتەوھ؛ ئەگەر لە ئیمانەکەیدا پتەو بوو، ئەوە بەڵاکەی گەورە دەبێ؛ ئەگەر لە ئیمانەکەشیدا نەرم بوو، ئەوە بەپێی ئیمانی تاقی دەکرێتەوە. بەو شێوەیە بەڵا لە کۆڵ باوەڕدار نابێتەوە ھەتا ھەموو گوناھەکانی لێ ھەڵدەوەرێنێت. لەبەر ئەوەی پێغەمبەرانیش لە ھەموو کەس باوەڕیان پتەوترە،‌‌ بۆیە لە ھەموو کەس توندتر تاقی کراونەتەوە‌. ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- ھەتا تەمەنی (٧٠)-ساڵی زۆر بە دەوڵەمەندی دەژیا. ماڵی دنیا و ئەسپ و مەڕوماڵات و زەویوزاری زۆری ھەبوو. ھەروەھا منداڵ و بەندە و خزمەتکاری زۆریشی ھەبوو. بەڵام لە تەمەنی پیریدا خوای گەورە تاقی کردەوە و ھەموو بەخششەکانی دنیای لێ وەرگرتەوە و منداڵ و نەوەکانی بۆ لای خۆی بردەوە. بەوەش ئەییووب دەستکورت و ھەژار کەوت. سەرەڕای ئەوەش ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر ھات. نەخۆشییەکەی ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- ئەوەندە درێژەی کێشا، خەڵکی دەوروبەری وردەوردە تاقەتی ئەییووبیان نەما و سۆز و بەزەیییان بۆ کەم بووەوە. تەنھا خێزانی نەبێت بەوەفا بوو و چاکەی ئەییووبی لەبیر نەدەچو‌و، بەردەوام سەری لێ دەدا و خزمەتی دەکرد. ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- ئەوەندە دەستی کورت بوو، ناچار خێزانی کرێکاری و خزمەتی ماڵانی دەکرد تا ئەییووب بەخێو بکات و پەکی نەکەوێت. بەو شێوەیە خێزانیشی لەگەڵ ئەییووبدا ئارامی گرت و لەگەڵ ئەو ھەموو ناخۆشییەشدا دەستی لە ئەییووب ھەڵنەگرت.

ئارامیی ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت-[دەستکاری]

نەخۆشییەکەی ئەییووب درێژەی کێشا؛ بە جۆرێک ھیچ ئەندامێکی لەشی بە ساغی نەما و ھەمووی لە ئیش کەوت. تەنھا دڵ و دەمی نەبێت کە یادی خوای گەورەی پێ دەکردن. لەگەڵ ئەو بەڵایەشدا ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- خواپەرستیی خۆی دەکرد و لە ئارامگرتن بەردەوام بوو. بەیانی و ئێوارە، شەو و ڕۆژ یادی خوای گەورەی دەکرد و چاوەڕێی پاداشتی پەروەردگاری دەکرد. ئارامگرتن و سوپاسگوزاریی ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- خەڵکی سەردەمی خۆی سەرسام کردبوو. بە جۆرێک ھەتا سەردەمی ئەمڕۆشمان نموونە بە ئارامگرتنی ئەییووب دەھێنرێتەوە. جارێکیان خێزانی بە ئەییووبی وت: "ئەی ئەییووب، ئەگەر داوا لە خوای گەورە بکەیت، شیفات بۆ دەنێرێت و ڕزگارت دەبێت!" ئەییووب وتی: "(٧٠) ساڵ بە لەشساغی ژیام، بە کەمی دەزانم ئەگەر (٧٠) ساڵیش بۆ خوای گەورە ئارام بگرم."

پەنابردن بۆ خوای گەورە[دەستکاری]

ئەییووب پێغەمبەری خوا بوو -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت-. لەسەر بەڵاکان و ناڕەحەتییەکانیش ئارامی دەگرت و بێئومێد نەدەبوو لە بەزەییی خوای گەورە. بەڵام بێ گومان شەیتان واز لە ئادەمیزاد ناھێنێت؛ ھەموو کات و ساتێک ھەوڵ دەدات بەندەکانی خوای گەورە فریو بدات. شەیتان ئازاری ئەییووبی دەدا و ئەیویست وەسوەسە بۆ ئەییووب دروست بکات و ناشوکری بە ئەییووب بکات و واز لە ئارامگرتن بھێنێت و بێئومێدی بکات. ئازاردانی شەیتان بۆ ئەییووب زیادی کرد. لەبەر ئەوە ئەییووب پەنای بۆ خوای گەورە برد و دەستی کرد بە نزا و پاڕانەوە ھەتا خوای گەورە بەزەیی پێدا بێتەوە یان بەڵاکەی لەسەر لابات یان ئارامتری بکات و بەسەر شەیتاندا زاڵی بکات. ئەییووب وتی: "خوای گەورە، شەیتان ھیلاکی کردووم و ئازارم دەدات. تۆش لە ھەموو کەس بەبەزەییتریت."

چارەسەرکردنی نەخۆشی[دەستکاری]

خوای گەورە پاڕانەوەکەی ئەییووبی قەبووڵ کرد و شیفای بۆ نارد. خوای گەورە دەیتوانی ئەییووب بەبێ چارەسەری شیفا بدات، بەڵام ئەییووبی ھان دا ھەتا خۆی چارەسەر بکات؛ خوای گەورە فەرمانی بە ئەییووب کرد قاچی بە زەویدا بدات. ئەویش قاچی بە زەویدا کێشا و دوو کانیی ئاوی لەژێر پێدا بۆ ھەڵقوڵاند. پاشان فەرمانی پێ کرد ھەتا لە یەکێکیاندا خۆی بشوات؛ بەوەش ھەموو نەخۆشییەکانی دەرەوەی چارەسەر بوو. لە کانییەکەی تریشیان ئاو بخواتەوە بەوەش ھەموو نەخۆشییەکانی ناوەوەی چارەسەر بوو. بەو شێوەیە خوای گەورە شیفای بۆ نارد. ھەروەھا ھەموو بەڵاکانی تریشی لەسەر ھەڵگرت و ھەموو بەخششەکانی جارانی پێ دایەوە و دوو ئەوەندەی جارانیش مناڵی پێ بەخشییەوە؛ ھەتا ئادەمیزاد بزانێت ئەوە ئەنجامی ئارامگرتنە بۆ خوای گەورە.

نەرمونیانی لەگەڵ خێزاندا[دەستکاری]

ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- لە کاتی دەوڵەمەندی و لەشساغیدا بە چاکترین شێوە لەگەڵ خێزانیدا ھەڵسوکەوتی دەکرد. ھەروەھا خێزانیشی لە کاتی نەخۆشیی ئەییووبدا نموونەی ئافرەتێکی بەوەفا و بەئارام بوو. بەڵام خێزانی ئەییووب ھەندێک ھەڵەی کرد و ئەییووبیش -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- سوێندی خوارد کە ئەگەر چاک ببێتەوە (١٠٠) قەمچی لێ بدات. بەڵام لەبەر ئەوەی خێزانی ئەییووب لە بەندە چاکەکانی پەروەردگار‌ بوو، خوای گەورە نەیھێشت ئەییووب لە خێزانی بدات. ھەتا سوێندەکەی ئەییووبیش نەکەوێت، خوای گەورە فەرمانی پێ کرد کە چەپکێ گیا ھەڵبگرێت و نزیکەی (١٠٠ ) دانە بێت و بەھێواشی یەکجار بە خێزانیدا بکێشێت. بەو شێوەیەش خوای گەورە لەو سوێندە و ئەو گیروگرفتە ڕزگاری کرد. قورئانی پیرۆز باسی ئەم سوێندەی ئەییووبمان بۆ دەکات ھەتا بەشێوەیەکی خەیاڵی نەڕوانینە چواردەورمان. ئەوەتا ھەرچەند ئەییووب -سەلامی خوای گەورەی لێ بێت- بەئارام بوو، بەڵام کاتێک خێزانی ھەڵەیەکی کرد، ئارامی نەما و ئەو سوێندەی خوارد. ھەتا بشزانین کە ھەر خوای گەورە خاوەنی کەمال و ھەموو سیفەت و ناوە جوانەکانە.

ئەیوب لەناو ئایینەکاندا[دەستکاری]

ئەیوب لەلای جولەکە[دەستکاری]

ئەیوب لەلای مەسیحییەکان[دەستکاری]

ئەیوب لەلای ئیسلام[دەستکاری]

ئەیوب لەلای خێزانەکەی

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ قورئان - سورەتی ئەنعام ئایەتی ٨٤
  2. ^ کورتەی ژیانی ئەیوب - Judaism 101 ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٠٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ دەنگی ئیسلام - تاقیکردنەوەی ئەیوب لەلایەن خواوە ١٧ی شوباتی ٢٠١٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  4. ^ [قورئان - سورەتی ص ئایەتی ٤٤]


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. دەنگی ئیسلام - پێغەمبەران
  2. ژیانی پێغەمبەران - ئەیوب
  3. Job book کتێبی ئەیوب
  4. تاقیکردنەوەکەی ئەیوب - PUTTING GOD ON TRIAL: The Biblical Book of Job