پایەکانی باوەڕ لە ئیسلامدا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پایەکانی باوەڕ

بۆ ئەوەی مرۆڤ موسڵمان بێت پێویستە لەسەری باوەڕی بە پایەکانی باوەڕ ھەبێت کە لە ئیسلامدا بە شەش پایە ناسراون؛ وەک لە قورئاندا ھاتووە؛ ﴿آمَنَ الرَّسُولُ بِمَا أُنزِلَ إِلَيْهِ مِن رَّبِّهِ وَالْمُؤْمِنُونَ كُلٌّ آمَنَ بِاللّهِ وَمَلآئِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ لاَ نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّن رُّسُلِهِ وَقَالُواْ سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا غُفْرَانَكَ رَبَّنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ)[١] واتە؛ پێغەمبەر و ئیمانداران باوەڕیان ھەیە بەوەی لەلایەن پەروەردگاریانەوە ھاتووەتە خوارەوە، ھەموویان باوەڕیان ھەیە بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی (دەڵێن) ھیچ جۆرە جیاوازییەک ناکەین لە نێوان ھیچ پێغەمبەرێ لە پێغەمبەرەکانی خوادا.

و کاتێک لە پێغەمبەر محەممەد پرسراوە لەسەر باوەڕ، لە وەڵامدا فەرموویەتی؛ {أن تؤمن بالله وملائكته وكتبه ورسله واليوم الآخر, وتؤمن بالقدر خيره وشره}[٢] واتە؛ باوەڕت بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی و و ڕۆژی دوایی ھەبێت، ھەروەھا باوەڕت بە قەدەر ھەبێت بە باش و خراپییەوە.

پایەکانی باوەڕ[دەستکاری]

پایەکانی باوەڕ لە ئیسلامدا ئەمانەی خوارەوەن؛

باوەڕبوون بە خوا[دەستکاری]

باوەڕبوونی تەواوە بە بوون و پەروەردگارێتی و پەرستراوی خوای تاک و بێ ھاوەڵ، ھەروەھا باوەڕبوون بە ناو و سیفەتەکانی خوا دەگرێتەوە کە لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا ھاتوون.

باوەڕبوون بە فریشتەکان[دەستکاری]

مەبەست لە باوەڕبوون بە فریشتە باوەڕبوونی تەواوە بە بوونی فریشتە و خوا دروستی کردوون لە نوور (ڕوناکی)، و گوێڕایەڵی خوان و دەرناچن لە فەرمانەکانی خوا، و ھەڵدەستن بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا.

باوەڕبوون بە کتێبە ئاسمانییەکان[دەستکاری]

مانای ئەمەش باوەڕبوونە بەو کتێبانەی خوا بۆ پێغەمبەر و نێردراوەکانی خۆی ڕەوانە کردووە، ئەمانەش ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە لە قورئاندا ناویان ھاتبێت یان نا، لەو کتێبانەش کە لە قورئاندا ناویان ھاتووە، تەورات و ئینجیل و سوحفی ئیبراھیم و زەبوور و قورئانە، تەورات بۆ مووسا نێردراوە و ئینجیل بۆ عیسا و زەبوور بۆ داوود و سوحف بۆ ئیبراھیم و قورئانیش معجیزەی پێغەمبەری ئیسلام محەممەدە.

باوەڕبوون بە پێغەمبەران[دەستکاری]

باوەڕبوونە بەو پێغەمبەر و نێردراوانەی خوا کە لە قورئاندا ناویان ھاتووە، و ھەروەھا باوەڕبوون بەوەی کە پێغەمبەری تر ھەن لە قورئاندا ناویان نەھاتووە، و ھیچ کەس ناو و ژمارەی تەواوی پێغەمبەرەکان نازانێت خوا نەبێت.

خوا لە قورئاندا ناوی بیست و پێنج پێغەمبەری ھێناوە کە ئەمانەن؛ ئادەم، نووح، ئیدریس، ساڵح ئیبراھیم، ھود، لووت، یوونس، ئیسماعیل، ئیسحاق، یەعقوب، یووسف، ئەییووب، شوعەیب، مووسا، ھاروون، یەسع، زولکەفل، داود، زەکەریا، سولەیمان، ئیلیاس، یەحیا، عیسا و موحەممەد، و پێویستە لەسەر موسڵمان باوەڕی بە پێغەمبەرایتی و پەیامەکانیان ھەبێت.

باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی[دەستکاری]

باوەڕبوون بە ھەموو ئەو باس و زانیارییانە دەگرێتەوە کە خوا و پێغەمبەری ئیسلام دەربارەی ناو گۆڕ و زیندوو بوونەوە و حەشر و لێپرسینەوە و بەھەشت و ئاگرن، و خوا ھەموویانی ئامادەکردووە.

باوەڕبوون بە قەدەر[دەستکاری]

باوەڕبوونە بەوەی بەدیھێنەری ھەموو شتێک خوایە، موسڵمانانی سونە لەو باوەڕەدان کە ھەموو شتێک نوسراوە پێش دروستبوونی بەشەر وئەمەش خوا بە تەنھا دەیزانێت، کە ئەمەش وەکو زاراوە ھەموو کردار وھەڵسوکەوتێک دەگرێتەوە کە مرۆڤ دەسەڵاتی نەبێت بە سەریا وەک گەردەلوول و بوومەلەرزە و ڕووداوە ھاوشێوەکانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ سورة البقرة
  2. ^ رواه مسلم والبخاري