سوقرات

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سوکرات
لەدایکبوون ٤٦٩ یا ٤٧٠ی پ.ز
ئەولوباس
مەرگ ٣٩٩ی پ.ز
نەتەوە یۆنان
ناوەکانی تر «کەسێک کە هەمیشە پرسیاری دەکرد »
پیشە ١-سەرباز:باشترین و بەهێزترین سەرباز بووە.٢-پەیکەرتاش.
ھاوسەر زانسیبی
منداڵەکان لامبروکلیس، سوفرونیسکوس و مینیکسینوس


سوکرات (بە یۆنانی: Σωκράτης، سۆکراتیس؛ ٤٦٩ی پ.ز - ٣٩٩ پ.ز) فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی دادەنرێت. سوکرات کەسایەتییەکی لێڵ و ناڕوونی ھەیە لە مێژووی فەلسەفەدا. ئەو ھیچ نوسراوەیەکی لە خۆی بەجێ نەھێشتووە؛ ئەوەی کە ئەمڕۆکە دەیزانین لەسەری ھەمووی بەھۆی نووسراوەکانی نووسەرانی پاش خۆیەوەیە، بەتایبەت نووسراوەکانی پلاتۆن و زینۆفۆن کە دوان لە قوتابییەکانی بوون.

تەنھا ئەوەی بۆمان ماوەتەوە لەنێو سەدە کۆنەکان، گفتوگۆکانی پلاتۆنیە، کە زۆرترین و بەربڵاوترین دەقەکانە کە باس لە سوکرات و کەسایەتییەکەی ئەکات. بەپێی ناساندنی کەسایەتی سۆکرات کە لە گفتوگۆ و دەمەتەقێکانی پلاتۆندا ھاتووە، سۆکرات بەناوبانگبووە لە بەشدارییەکانی لە فەلسەفەیی ئەخلاقیدا. لێشییەوە گاڵتەجاریی سۆکراتی و شێوازی سۆکراتی (ناسراو بە Elenchus) ھاتەکایەوە. تائێستاش شێواز و رێچکەی کۆتایی لەزۆر بوارەکاندا بە بەربڵاویی لە گفتوگۆدا کاری پێدەکرێت. لەگەڵ ئەوەی جۆرێکیشە لە بیداجۆجیا (زانستی پەروەردەکردن)، کە ئەمەش گورزەیەک پرسیار دەخاتەڕوو کە مەبەست لێیان، دەستکەوتنی وەڵامی تاکڕەو یا تەنھایی «نییە»، بەڵکو ھۆکارێکە بۆ ھاندانی بیرکردنەوەی بەقووڵی لە بابەتی ئاراستەکراو. ئەو سۆکراتەی کە پلاتۆن باسی کردووە، زۆرێک لە پێشخستن و پەرەپێدانی لەنێو زانستی زانیاری و لۆژیکدا ئەنجامداوە، و کاریگەری بیکردنەوەکان و شێوازەکانی زۆر بەھێزبووە بەجۆرێک کە بۆتە بنەما و بناغەیەک بۆ زۆرێک لەکارە فەلسەفییە رۆژئاواییەکان کە دوای خۆی ھاتووەتەکایەوە. سۆکرات، بەیەکێک لە فەیلەسووفە کۆنە ھەرە ئاڵۆز و نادیارەکان دادەنرێت.

ژیاننامە[دەستکاری]

کێشەی سۆکراتی[دەستکاری]

پێکھاتنی شێوەی کەسایەتی مێژوویی سۆکرات وەک خۆی و بۆچوون و تێرامانە فەلسەفییەکان ئەرکێکی کێشەدارە لە باشترین کاتەکاندا. ئەمەش ناسراوە بە کێشەی سۆکراتیی (Socratic Problem)، سۆکرات ھیچ دەقێکی فەلسەفیی بەجێنەھێشتووە. ناسینی سۆکرات و ئاشنابوون پێی تەنھا لەڕێگەی دەقی گفتوگۆ و پەخشانەکانی خوێندارەکانییەوەیەتی. پلاتۆ بەپێشەنگی ئەو خوێندکارانە دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ھەروەھا کارەکانی ھەریەک لەمێژوونووسان زەینەفۆن، ئەرستۆ و ئەریستۆفانیس زانیاریی گرنگییان تێدایە دەربارەی سۆکرات. جێی ئاماژەیپێدانە کە گرانیی لەناسینی کەسایەتی راستیی سۆکرات ھەڵەقوڵێ لەخودی کار و دەقە فەلسەفیی و دراماتیکییەکانەوە نەک پەڕتووک و دەقی مێژوویی. بەکرداریی، جگگە لە نووسراوەکان مێژوونووس تۆسیدیدیس (کە ناوی نە سۆکرات نە ھیچ فەیلەسووفێکی تری نەھێناوە لە نووسراوەکانیدا)، ھیچ نووسراوێکی مێژوویی کۆن و نوێ نییە لەسەر سۆکرات کە باس لەسەر شوێن و کاتی رووداوەکان بکات. ئەوەی لەمەشەوە دێتە ئەنجام ئەوەیە کە ئەو سەرچاوانەی باسی سۆکرات دەکەن وەسفی تەواوی مێژوویی بەگرینگ نازانن، ھەروەھا زۆرینەشییان سەرخەری سۆکراتن (ئەوانەی کە سۆکراتییان دادگاییکردن و تاوانبارییان کرد، ھیچ بڕوانامەیەکییان بەجێ نەھێشتووە). لەمەشەوە، مێژووناسەکان گرانییەک دەدۆزنەوە لە رێککەوتنی ئەم دەقە جیاوازانەی کە ئەو پیاوانە نووسیوییانە، کە دیارە مەبەست لە نووسینییان تۆمارکردنی وەکخۆیی و خۆگربووە لەژیانی سۆکرات و ژیانی. دەرەنجامی ئەو ھەوڵ و ماندووبوونە ھیچ راستییەکی پێوە دیارنییە، بەڵکو ئەنجامێکی رێککەوتووە. بەشێوەیەکی گشتی، ئەفڵاتوون سەرچاوەیەکی زۆر باوەڕپێکراوە و زۆرترین زانیاری تێدایە لەسەر ژیانی سۆکرات و فەلسەفەکەی. لەھەمان کاتدا، ئەفڵاتوون لە نووسینە وێژەییەکانیدا ھەندێک زیادەڕەویی کردووە سەبارەت بە سۆکرات، بەشێوەیەک کە ھەندێک شتی باس کردووە کە رەنگە سۆکرات ھەرگیز باسی لێنەکردبێت و پێی ھەڵنەستابێت، ئەو لێکدانەوەیەی کە پلاتۆ بەکاریبردووە لە قسەکانیدا لەسەر سۆکرات ئیدی سۆکراتی راستی بێت یان ئەو سۆکراتەی کە پلاتۆ باس و وەسفی کردووە، لەھەر گفتوگۆ و لێدوان و پەخشانێکدا، بابەتی پڕ باس و فرەقسەیە.

سەرباری ئەوە، لەزۆرێک لەبەڵگە مێژوویی و نووسراوەکانەوە رووندەبێتەوە کە سۆکرات تەنھا کەسایەتییەکی درووستکراوی خەیاڵی پلاتۆ نەبووە. گەواھیدان و بەڵگەنامەکانی ھەریەک لە زەینەفۆن و ئەرستۆ، و لەگەڵ یەکێک لە شانۆگەرییەکانی بەناوبانگەکانی ئەریستۆفانیس بەناوی شانۆگەریی ھەورەکان (The Clouds)، وادەکەن کە وێنەی کەسایەتی سۆکرات تەواو درووستبێت لەبەرچاو، دوور لە وەسفی پلاتۆ بۆ سۆکرات.

ژیانی سۆکرات[دەستکاری]

زانیاری چڕ و ورد لەسەر ژیانی سۆکرات تەنھا لە سێ سەرچاوەوە زانراوە، کە ئەوانیش گفتوگۆ و چەلەحانێکانی پلاتۆ و زەینەفۆن (کە ھەردووکیان لایەنگر و سەرخەری سۆکراتن) لەگەڵ شانۆگەرییەکانی ئەریستوفانیس. ھەندێک لە خوێندکارەکانی کە لەوانە ئیرێک ھافلۆک و واڵتر ئۆونج بەوشێوەیە وەسفییان کردووە کە گوایە سەرخەری شێوازەکانی بەردەوامیی زارەکیی بووە، بەجۆرێک کە وەستاوە لەبەرامبەر درێژدادڕیی و زۆرووتنی نەویست کە پێی دەوترێت نووسەکی. لە شانۆگەریی ھەورەکان دا، کە ئەریستوفانیس دایڕشتووە، سۆکراتی بەوە وەسفکردووە کە گاڵتەجارێکە قوتابییەکانی فێرکردووە کە چۆن لە دەست باج و پیتاک رابکەن. سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە کارەکانی ئەریستوفانیس ناسراوە بەوەی کە گاڵتەجارییە بە ئیش و کاری نووسەر و چیرۆکنووسەکانی تر! پاشان، ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم باسکردنە نە شتێکی باسەکییە نە راستییە. بەپێی زانیارییەکانی ئەفڵاتوون باوکی سۆکرات ناوی سوفرۆنیسکۆس بووە و دایکی ناوی فیناریت بووە کە وەک مامان کاری کردووە، سەرباری ئەوەی کە بەوە باسکراوە کە شێوەی جێی سەرنج نەبووە و باڵاشی کورت بووە، سۆکرات بووەتە ھاوسەری زانسیبی کە بەتەمەن زۆر لەخۆی بچووکتر بووە. و سێ منداڵی لێی بووە کە لامبروکلیس، سوفرونیسکوس و مینیکسینوس بوون. ھاوڕێیەکی بەناوی کریتۆ رەخنەی ئەوەی لێگرتووە کە دەستبەرداری منداڵەکانی بووە پاش ئەوەی کە داواکەیانی سەبارەت بە راکردنی سۆکرات لە بەنیدخانە پێش جێبەجێکردنی سزاکەی پەرچکردەوە. ھیچ روو کە چۆن سۆکرات پێویستیی رۆژانەی دابینکردووە. دیارە کە دەقە کۆنەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە سۆکرات کاری نەکردووە. لە پەڕتووکی Symposium ی زەینەفۆن، دەگێڕێتەوە لەسەر سۆکرات کە خۆی تەواو تەرخانکردبوو بۆ ئەو ھوونەرەی کە بە گرنگترین ھوونەری دادەنا کە ھوونەری گفتوگۆی فەلسەفیی بوو. لە شانۆگەریی ھەورەکان دا، ئەریستوفانیس سۆکرات وەھا وێنەکێش دەکات کە بەرامبەر فێرکردنی قوتابییەکانی و بەڕێوەبردنی قوتابخانەی سۆفیزم پارە و ئابوونەی وەرگرتووە لەگەڵ کریفۆن، لەکاتێکدا لەھەردوو لێدوانی بەرگری سۆکرات و وێژەدەر ی پلاتۆ و لە باس و چیرۆکەکانی زەینەفۆن دا، پەرچکردنەوەی سۆکرات دەردەخەن بەرامبەر بەوەی پارە یان ئابوونە وەربگرێت بەرامبەر بە فێرکردنی خوێندکاران.

وێنەیەکی سۆکرات هەڵکەنراو لەسەر بەردی سووری-رۆمانیی، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی پێش زایین بۆ سەدەی یەکەمی دوای زایین

. لەنێو قسەکانی بەرگری سۆکرات دا زۆر بەتایبەتیی، سۆکرات بە ھەژاریی ناسێنراو و دەرکەوتوو بووە، ئەمە وەک بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە سۆکرات مامۆستا نەبووە. بەپێی ئەوەی کە تیمۆن فیلۆسی باسی دەکات و بەپێی سەرچاوە نوێیەکانی تر، سۆکرات پیشەی پەیکەرتاشیی لەسەر بەردی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە. لەسەدەکانی پێشوو ئەو گریمانەیە ھەبوو کە سۆکرات پەیکەرەکانی (سێ شۆخە Three Graces) ی درووستکردووە، کە تا سەدەی دوومی پاش زایینیش مابووەوە لەنزیک پەرستگای ئەکرۆپۆلیس، بەڵام زانستی نوێ ئەم گریمانەیەی بە درووست نەزانی و باوەڕی پێنەکرد. زۆرێک لە مشتومڕ و گفتوگۆکانی پلاتۆ ئاماژە بەو خزمەتە سەربازییانە دەدەن کە سۆکرات کردوویەتی، سۆکرات ئەڵێت کە گوایە خزمەتیکردووە بە سووپای یۆنانیی لە سێ شەڕی بۆتیدیا، ئەممفبۆڵیس و دیلیۆم. و لەمشتومڕە و گفتوگۆکانی وێژەدەر دا، ئەلکیسیبیادیس باسی لە قارەمانییەتیی و بەھێزیی سۆکراتی کردووە لە ھەردوو شەڕی بۆتیدیا و دیلیۆم دا، و ھەروەھا باس لەوە دەکات کە چۆن سۆکرات لەشەڕی بۆتیدیا دا ژیانی رزگارکردووە، لەگەڵ ئاماژەدان بە ئاست بەرزی و لێھاتوویی سۆکرات لە شەڕی دیلیۆم لەنێو چوارچێوەی مشتومڕ و گفتوگۆی لاکاس (کە بەواتای ئازایەتیی و قارەمانییەتی دێت لە ئینگلیزیدا) لەلایەن ئەو جێنراڵەی کە گفتوگۆکەی بەناوی خۆیەوە ناوناوە (١٨١B). لە مشتومڕ و گفتوگۆکانی بەرگری سۆکرات، سۆکرات جیاوازی دەکات لەنێوان خزمەتە سەربازییەکانیی و ئەو مەینەتیی و ئازارەی کە لەنێو ھۆڵی دادگادا چێشتی لەکاتی دادگاییکردنیدا، و دەڵێت کە ئەگەر یەکێک لەنێو دەستەی بڕیاردەراندا پێی وابێت کە پێویستە پاشەکشە بکات و وازبھێنێت لە فەلسەفە، ئەوا پێویستە بۆ ئەو کەسە بیر لەوە بکاتەوە کە سەربازەکان پێویستە پاشەکشێ بکەن لە شەڕەکەدا کاتێک پێیان وادەبێت کە دەمرن! لەساڵی ٤٠٦ پ.ز، سۆکرات یەکێک بوو لە ئەنجوومەنی پیرانی یۆنان و نەتەوەکەشی، نەتەوەی Antiochis بوو، کە دانیشتنی دادگاییکردنی بەست لەو رۆژەدا کە لەسێدارەدانی جێنەراڵە بەشداربووەکانی شەڕی ئەرجۆنسی بەخۆوە دیت، بەھۆی ئەوەی کە دەستبەرداری کوژراوان و رزگاربووان لە کەشتییە نوقووم بووەکان بووبوون بەھۆی دواکەوتنی کەشتی ھەژێنراوی دوژمن. لەو کاتەدا سۆکرات یەکێک بوو لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنەکە، و داوا نا دەستورییەکەی کالیکسنیسی پەرچکردەوە کە پێشنیاری کردبوو، کە بەمەبەست لێی دادگاییکردنێکی بەکۆمەڵ بوو بۆ ئیدانەکردنی ئەو ھـەشت جێنەراڵە. لە کۆتاییدا، سۆکرات ئەم داوایانەی پەرچکردەوە و بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسێدارەدانی جێنەراڵەکان درا. لەساڵی ٤٠٤ دا، حکومەتی سییە ستەمکار ھەوڵی ئەوەیان دا کە ئەوانەی دڵسۆزیی لەرێگریی خۆیاندا راگەیاندبوو، زۆربکەن بۆخۆیان، ئەمە بە گەشەپێدانییان و یارمەتیدانیان لەو کارەنەیاندا کە پێی ھەڵدەستن. لەمەدا داوایان لە سۆکرات و چل کەسی تر کرد کە داوەری شاری سلامیز بھێنن لە ماڵەکەیەوە بۆ ئەنجامدانی بڕیارێکی سێدارەدانی نادادپەروەرانە. سۆکرات زۆر بەئارامی پەرچیکردەوە.

دادگاییەکەی و کۆچی دوایی[دەستکاری]

سۆکرات لە ماوەی گوازراوەی گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئەسینی و شکست لەکاتێکدا ئەسینا بەزێنرا بەرامبەر شاری سپارتا و ھاوپەیمانەکانی لە شەڕی بۆلۆنیزدا. لەو کاتەدا کە شاری ئەسینا ھەوڵی سەقامگیریی و وەرگرتنەوەی پلە و پایەکەی دەدا لەپاش ئەو تێکشکانەی شەڕەکە، تێیدا رەنگە ئەسیناییەکان چێژییان لەو گوومانانە وەرگرتبێت کە لەدەوروبەری دیموکراتی ھەبوون وەک وێنەیەکی چالاکی دەستەڵات. سۆکرات یەکێک بوو لەوانەی کە زۆر رەخنەی لە دیموکراتی دەگرت، ھەندێک لە خوێندکارانی پێیان وایە کە ئەو دادگاییەی کە سۆکرات کرا تەنھا دەربڕینێک بوو لە ناکۆکییەکی سیاسیی ھەڵچوو. سەرباری دانپێدانانی سۆکرات بەوەی کە زۆر دڵسۆزی شارەکەیەتی تاڕادەی کێبڕکێ کردنی لەگەڵ مردن، ھەموو ھەوڵەکانی سۆکرات لەپشت ڕەوشتبەرزیی و پابەندبوونی بەھێزی بەڕاستییەوە ڕێ لێگیرا لەلایەن رێڕەوی ئێستایی (ئەو کاتی) کۆمەڵگای ئەسینایی و سیاسەتی. زۆر ستایش لەسەر سپارتا لەگەلێک لە گفتوگۆکاندا کراوە، کە شاری کێبڕکێکەری سەرەکیی ئەسینا بوو، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بووبێت یان ناڕاستەوخۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، ھەڵوێستی خۆی وەک ڕەخنەگرێکی کۆمەڵگەیی و ئەخلاقیی نواند، زۆر ئەو لایەنانەی کە راڤەکردنەکان تێیدا کۆبووەوە و ناشایسەتیی مێژوویی تێیدا دەستیپێکرد ئەوە بوو کە سۆکرات سەبارەت بە شارەکە کردی. لەبری لاینگریی بارودۆخی ئێستاکیی و بە کۆی کارە شاییەکان ڕازی بێت جگە لە ئەخلاقییەت لە لۆجیکیدا، سۆکرات کاری دەکرد بۆ لاوازکردنی تێگەیشتنی بەکۆمەڵ کە ئەوانەی تر ڕێرەوییان گرتبوو پێی و لەناو یۆناندا زۆر باو بوو لەو ماوەیەدا، تەنھا ئەو نەبێ کەدەیگووت "'ھێز، یەکسانیی درووست دەکات'". ئەفلاتوون ئاماژە بە سۆکرات دەدات کە مێشی ئەسپی شارە (مێش گاز لە ئەسپ دەگرێت کە وای لێدەکات ھەڵبستێت بەکارێک، بەھەمان نموونە سۆکرات ھانی ئەسینای دەدا کە ھەڵبستن بەکارێک ئەمەش لەڕێگەی گازەکانییەوە بەشێوەی ڕەخنە)، تا ئەو ڕادەیەی کە دادوەرانی بێ خەو کردبوو و ھەمیشە ھانی دەدان کە ڕێز لە بەدیھێنانی یەکسانیی و ھەوڵدان بۆ چاکە، بگرن. کار گەیشتە ئەوەی کە ھەوڵەکانی بۆ گۆڕینی تێگەیشتنی گشتیی لە یەکسانیی کە ئەسیناییەکان گرتبوویانە بەر، ھۆکار بوو لە پشت بڕیاری لەسێدارەدانی. بەپێی ئەو دەقەی کە ھاتووە لە گفتوگۆی بەرگریی سۆکراتی ئەفڵاتوون دا، ژیانی سۆکرات دەستپێدەکات بە وەسفی مێشی ئەسپ لە ئەسینا لەو کاتەوە کە لە کریفۆنی ھاوڕێی خۆی پرسی - ھاتنەخوارەوەی وەحیی لە شاری دێلفی - ئایا لەنێو خەڵکدا لە سۆکرات ژیرتر و بە حیکمەتتر ھەیە؟ ھێنەرەخوارەوەی وەحیی وەڵامی دایەوە و وتی نەخێر ھیچ کەسێک نییە لەو ژیرتر و بەحیکمەتتر. سۆکرات پێی وابوو ئەوەی ھێنەرەخوارەوەی وەحیی وتی ھێندێکی گەورە لە دوو وتایی یان پەرچدانەوە (جیاوازیی) تیادابوو. چوونکە پێی وابوو کە ڕەھا ھیچ حیکمەتێکی نییە ئەو. بۆیە بڕیاریدا ئەم گرێ کوێرەیە چار بکات/بکاتەوە بەشێوەیەک کە خۆی نزیک بکاتەوە لەو کەسانەی کە خەڵکی ئەسینا پێیان وایە کە حەکیمن، وەکو پیاوانی دەوڵەت، ھۆنراوەنووسان، درووستکەرانی کارامەیی، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕای ھێنەرەخوارەوەی وەحیی ڕەتبکاتەوە.

تابلۆی مردنی سۆکرات، درووستکراو لەلایەن نیگارکێش جاک لۆی دەیڤد

کاتێ سۆکرات کۆمەڵێ پرسیاری ئاڕاستەکردن، گەیشت بەوەی کە لەکاتێکدا ھەریەکەیان پێیان وایە کە خاوەنی بەژنێکی حەکیمانەن و زۆر زانان، ئەوا ھەریەکەیان لەڕاستیدا زۆر کەم ئەزانن و ڕەھاییانە ھیچ حەکیم نین. لەو کاتەدا سۆکرات درکی بەوەکرد کە ھێنەرەخوارەوەی وەحیی وەڵامەکەی ڕاست بوو، چوونکە زانی کە لەکاتێکدا ئەو پیاوانە خۆیان زۆر بەزانا و حەکیم دەزانیی و وانەبوون، ئەم بۆی دەرکەوت خۆیشی ڕەھاییانە ھیچ حەکیم نییە، دواتر، لەم دوو واتاییەوە/جیاوازییەوە، خودی سۆکرات خۆی دەبێتە خاوەن زۆرترین حیکمەت چوونکە ئەو تەنھا کەس بوو کە ھەست و درکی بەنەزانی خۆی کرد. ئەم حیکمەتە دوو واتاییەی کە سۆکرات پێی گەیشت، دیارترین ئەو ئەسیناییانەی کە گفتوگۆیان دەکرد وەک بێ مێشک دەردەخست، تا دواتر بەسەرییا ھەڵیان گێڕایەوە و بە تاوانبار و گوناھبار تاوانبارییان کرد. سۆکرات بەرگریی لە ڕۆڵی خۆی کرد وەک مێشی ئەسپ کە ھانی ئەسینای دەدا تا کۆتاییەکانی ژیانی، لەکاتێکدا کە داوای لێکرا کە پێشنیاری ئەو شێوازە بکات کە سزای پێدەدرێت پێی، پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەو شایەنی سزا نییە، بەڵکو پێویستە دیاری بکرێت و مافی خۆیەتی بەخشیشێکیش وەبگرێت و تا کۆتایی ژیانی لەسەر کاسەی دەوڵەت بژی وەک پێناوێک بۆ پێدانی ھەموو ئەو شتانەی کە پێویستییەتی بۆ بەسەربردنی کات بۆ تێکۆشان لەپشت گوفتاری ئەسیناییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، قەرزار کرا بە وێرانکردنی مێشکی گەنجان، لەکۆتاییشدا سزای سێدارەی بۆ دەرکرا بەشێوەی شەرابێک کە دەیخواردەوە، کەشەرابەکە لە ڕووەکی شوکرانی ژەھراویی درووستکرابوو. بەپێی ئەوەی کە لە بەسەرھاتەکەی زەینەفۆن دا ھاتووە، سۆکرات بەدەستی ئەنقەست بەرگرییەکی زۆر بوێرانەی لەخۆ کردووە لەبەردەم دەستەی سوێندخۆران، چوونکە پێی وابوو باشتر وایە بۆی کە بمرێت. زەینەفۆن درێژە بە گفتوگۆ و وتەکانی دەدات تا وەسفی بەرگری سۆکرات بکات، ھەروەھا وەسفی ڕەقێتی سەردەمی کۆن دەکات و کەچۆن سۆکرات دڵخۆشە کە بە لەسێدارەدانی ھەڵدێت و ڕزگاری دەبێت لەو ڕەقێتییە. لە باسەکەی زەینەفۆنەوە ئەوەش تێدەگەین کە سۆکرات ھیوای بە مردنی دەخواست چوونکە پێی وابوو بەکرداریی کاتی ئەوە ھاتبوو کە بمرێت و ئەو کاتە زۆر گوونجاو بوو بۆ مردنی. ھەردوو ئەفڵاتوون و زەینەفۆن لەسەر ئەوە کۆکن کە سۆکرات بوارێکی زۆر باشی بۆ ڕەخساوە تا ھەڵبێت لە بەندیخانە و ڕابکات، بەجۆرێ کە شوێنکەوتووەکان سۆکرات توانای ئەوەیان ھەبوو کە بەرتیل پێشکەش بە پاسەوانانی بەندیخانەکە بکەن، بەڵام سۆکرات مانەوەی ھەڵبژارد بەھۆی ھەندێک ھۆکارەوە:

  1. لەبەرئەوەی ئەو پێی وابوو کە ڕاکردن و ھەڵھاتنی لە بەندیخانە ئاماژە بەترسانی لە مردن دەکات، ئەو ترسەی کە پێی وابوو کە بوونی نییە لای ھەر فەیلەسووفێکی ڕاستەقینە.
  2. لەبەرئەوەی گەر ڕابکات لە ئەسینا، فێرکردن/وانەوتنەوە ـەکانی لەھیچ شارێکی تر سەرکەوتن بەدەست ناھێنێت، چوونکە ھەڵدەستێت بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەموو ئەوانەی کە دەیانبینێت، ئەمەش بێزاربوونیان و توڕەییان زۆرتر دەکات.
  3. لەبەرئەوەی ڕازی بوو - تاڕادەیەکی پشت پێ بەستوو - کە ئەو لەوشارەدا دەژی و پابەندە بەیاساکانی، ئەو خودی خۆی خستبووە نێو ئەو گریمانەیەی کە ڕەنگە خەڵکی شارەکە تاوانباری بکەن بە تاوانکردن و قەرزار بکرێت لەلایەن دەستەی سوێنخۆرانەوە. گەر پێچەوانەی ئەوە بکات، ئەوا ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو گرێبەستی کۆمەڵی دەشکێنێت کە لەگەڵ دەوڵەت واژووی کردبوو، ئەمەش دەبێتە ھۆی زەرەر بۆ دەوڵەت، ھەروەھا ئەم کردەیەش پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەیە کە سۆکرات گرتبوویە بەر.
پەیکەری نیوەیی سۆکرات لە مۆزەخانەی ڤاتیکان

ھۆکار و پاڵنەرەکان لەپشت رەتکردنەوەی ھەڵھاتن لە بەندیخانە باسێکی گرنگی گفتوگۆکەی کریتۆ ی ئەفڵاتوون بوو، باس لە کۆتایی و مردنی سۆکرات کراوە لە گفتوگۆی فیدۆن ی ئەفڵاتووندا. تێیدا ئەو رەتکردنەوەیەی سۆکرات ھەیە بۆ پاساوەکەی کە کریتۆ وەک ھۆکارێک بەکاری ھێنا بۆ ھەوڵدان بۆ ھەڵھاتن. پاش ئەوەی کە سۆکرات ژەھرەکەی خواردەوە، بڕیاری ئەوەی بۆ دەرچوو کە لەسەر پێی بڕوات تا ھەست دەکات شتێک بەتیژیی دەچێت بەپێی دا. پاش ئەوەی لەسەر قەرەوێڵەکەی پاڵکەوت، ئەو کەسەی کە ژەھرەکەی دایە، بەتووندی پەستانی خستە سەر ھەردوو پێی بەشێوەیەک کە ئازاری زۆری ھەبوو، چیتر سۆکرات ھەستی بە پێیەکانی نەدەکرد، ھەستی بڵاوبوونەوەی لەدەستدانی ئەندامەکانی لەشی بەرە بەرە دەتنۆکی و دەھات، تاگەیشتە دڵی. پێش ئەوەی بمرێت بەچەند کاتێکی زۆر کەم، سۆکرات قسەی لەگەڵ کریتۆ کرد و وتی: "من قەرزاری ئەسکلیبۆسم، بەتکا بیرت نەچێت کە ئەو قەرزاربارییەی بۆ بگێڕیتەوە'"، ئەسکلیبۆس خواوەندی پزیشکییە لەلای گریکەکان، و رەنگە وتەکانی کۆتایی سۆکرات ئەوەی گەیاندبێ کە مردن شیفا و چارەسەری ڕۆحە و ئازادی دەکات لە جەستە. سنیکا کە فەیلەسووفێکی ڕۆمانیی بوو ھەوڵیدا کە مردنەکەی سۆکرات بگێڕێتەووە کاتێک دادوەر نیرۆن ناچاری کرد کە خۆی بکوژێت.

فەلسەفەی سۆکرات[دەستکاری]

شێوازی سۆکراتیی[دەستکاری]

ڕەنگبێ وتەکانی سۆکرات گرنگیی ھزری ڕۆژئاوایی نواندبێت لە مەنھەج/شێواز ـی مشتومڕکردن و گەیشتنە بەرەنجامدا بەندبوو بە شێوازی گفتوگۆکردنەوە، ئەمەش زۆرتر ناسراوە بە شێوازی سۆکراتی یان "شێوازی ئیلنخۆس" (کە بەواتای مشتومڕکردن دێت)، و سۆکرات ھەستا بە جێبەجێکردنی ئەم شێواز و مەنھەجە لە خوێندنی تێشگەیشتنە بناغەییە ئەخلاقییەکان وەکو چاکە و یەکسانی. ئەفڵاتوون یەکەم کەس بوو کە گوزارشتی شێوازی سۆکراتیی کرد لەنێو گفتوگۆ سۆکراتییەکاندا، چوونکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک، ڕەنگە شیبکرێتەوە بۆ چەندین پرسیار، وەڵامەکانیشی کاردەکەن بەشێوەیەکی ڕیزبەندییانە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی خوازراو. کاریگەریی ئەم شێوازە، ئەمڕۆ ڕەنگ دەداتەوە لە بەکارھێنانی شێوازی زانستی دا، کە قۆناغی خەمڵاندن یەکەمین قۆناغەکانییەتی. گەشەپێدان و بەپیشەکردنی ئەم مەنھەجە لە دیارترین ئەو کارانەبوو کە سۆکرات بەردەوام دەیکرد، ھەروەھا ھەردووکیان وایان کرد کە سۆکرات عەبای دامەزرێنەریی فەلسەفەی سیاسی و زانستی ئەخلاق یان فەلسەفەی ئەخلاقیی، لەبەربکات. ھەروەھا جیاکردنەوە و بەرز نرخاندنی وەک دیارترین کەسایەتییەکان لەھەموو بابەت و تەوەرە سەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە فەلسەفەی ڕۆژئاوای. بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر چۆنییەتیی بەکاربردنی شێوازی سۆکراتیی، کۆمەڵێک پرسیار خرانەڕوو بۆ یارمەتییدانی ئەو کەس و گرووپانە تا گوومان و بۆچوونە بنەڕەتییەکانییان و ڕادەی زانینییان دیارییبکەن. مەنھەجی سۆکراتیی مەنھەجێکی سلبییە، پشتبەستووە بە لەناوبردنی گریمانەکان، ئەویش بە دەستەکەوتنی گریمانەی باشتر لەڕێگەی دیاریکردنی گریمانەی خراپ کە بەرەو کەموکوڕیی دەچێت پاش لەناو دەبرێت. ئەم شێواز/مەنھەج ـە بەشێوەیەک دروستکراوە کە مرۆڤ وا بکات بە گریمانە و بۆچوونەکانیدا بچێتەوە و لە تەندرووستیی گریمانەکەی دڵنیابکاتەوە. لەڕاستیدا، سۆکرات جارێک فەرمووی: (دەزانم کە بڕوام پێناکەن، بەڵام دیارترین وێنەی سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بریتییە لە مەسەلەی خۆییەتی و مەسەلەی کەسانی تر.).

بۆچوون و بیروڕا فەلسەفییەکانی سۆکرات[دەستکاری]

گرانە بتوانرێت کە جیاوازی و جیاکاریی بکرێت لەنێوان بۆچوونەکانی سۆکرات و بۆچوونەکانی پلاتۆ، چوونکە دەرخستنی ماددی ناتوانێت ھەڵگری جیاکارییەکی زۆر گەورە بێت لەنێوان بۆچوونەکانی ئەم دوو فەیلەسووفە. پلاتۆ دانەری تیۆرە درێژخایەنە نووسراوەکانی گفتوگۆکانە و ھەندێک لەزانایان پێیان وایە کە پلاتۆ شوێنکەوتووی شێوازی سۆکراتی بووە بەشێوەیەکی زۆر پێوەلکاو، بەجۆرێک کەوای کردووە جیاکردنەوە لەنێوان کەسایەتی وێژەیی و فەیلەسووفی خۆی ئەستەم بێت. زۆرێک لەسەر ئەوەی کە پلاتۆ تیۆر و بۆچوونی تایبەت بە خۆی ھەبووبێت گفتوگۆ کراوە، بەڵام گرنگترین و بڵاوترین گفتوگۆکان لەسەر ماھییەتی ئەو بۆچوون و تێرامانانەن ئەمەش بەھۆی گرانیی جیاکردنەوەی بۆچوون و بیروڕاکانی سۆکراتە لە بۆچوون و بیروڕایەکانی پلاتۆ، تەنانەت گرانیی لە لێکدانەوەی نووسینە دراماییەکانی پەیوەندیدار بە سۆکراتەوە، بۆیە؛ جیاکردنەوەی بیروڕاکانی سۆکرات لەوانەی کە پلاتۆ و زەینەفۆن بەرھەمییان ھێناوە، ئاسان نییە. گرینگیشە کە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەوانەی سۆکرات خاوەنین و دانەپاڵی ھەندێک لە بیروڕاکان بۆ سۆکرات، لەنرخی ئەو دوو بیرمەندەی تر کەمدەکاتەوە. ئەوەی باسەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە کەسایەتی سۆکراتی مێژوویی بە سستی[١] ناوی دەکردووە بەھۆی زۆر پرسیارکردنەوە بەبێ وەڵامدانەوەی، پاساوی ئەوەی لێ دەگرن کە ھیچ جۆرە دانایییەک نییە لە قسە و بابەتەکانی کە پرسیارییان دەربارە ئەخاتە روو. بەگشتی، ئەگەر شتێک ھەبێت لێرەدا دەربارەی بۆچوونە فەلسەفییەکانی سۆکرات شایەنی گووتن بێت، ئەوەیە کە لەلایەنی بیر و ئەخلاق و سیاسەتەوە جیاواز بوو لە ئەسینیینەکان. لەکاتێکدا کە دادگایی دەکرا بەتاوانی تێکدانی مێشکی گەنجانی ئەسینا و ھەڵگەڕاندنەوەیان، سۆکرات مەنھەجەکەی خۆی بەکاربرد کە ناو دەبرێت بە "ئیلینخۆس"، تا بۆ دەستەی دادوەرانی بسەلمێنێ کە پێواندنەکانییان بۆ ئەخلاق لەسەر بنەمایەکی ھەڵە و بیرێکی چەوتە. ئەو پێی وتن کە کاتێک پێویست وایە ئەوان گرنگی بدەن بە پاکێتی رۆحیان، ئەوان تەنھا گرنگییان دەدا بە خێزانەکانیان و کارەکانیان و ئەرکە سیاسییەکانیان. لێرەوە؛ بۆچوونەکەی سۆکرات لەسەر ئەوەی کە ئەسینییەکان لە ئەخلاقییاتیان کەمە و بڕوابوونی بەوەی کە خواوەند وەک پێغەمبەرێکی ئاسمانی ناردوییەتی، بووە ھۆی وەڕسکردنی ئەسینییەکان، ئەمە جگە لە گاڵتەجارییەکەی. سۆکرات رەخنەی لە سۆفیستاییەکانیش گرت لەوە کە ئەکرێت فەزیلەت فێری کەسانی تریش بکرێت. ئەو حەزی دەکرد تێبینی ئەوە بکرێت کە باوکە سەرکەوتووەکان (وەکو ژێنەراڵی سەربازیی دیار "بریکلیز") منداڵێک ناخەنەوە کە لەخۆیان بچن لە لێزانیی و باڵاییدا. بۆیە سۆکرات گفتوگۆی ئەوەی کردووە ئەخلاقی بەرز شتێکی خۆرسکە و پەیوەندیی نییە بەو پەروەردەیەی کە باوان دەیدەنە منداڵەکانیان. رەنگە ئەم بۆچوونە بەشداربوو بێت لە درووستکردنی ھەستی بێ خەمیی سۆکرات لە بەرامبەر داھاتووی منداڵەکانی. سۆکرات زۆر جار ئاماژەی بەوە دەدا کە بیر و بۆچوونەکانی ئەو، درووستکراوی خۆی نییە بەڵکو لە درووستکردنی مامۆستاکەیەتی. لەمەشدا سۆکرات زۆرێک کەسی ناو ھێناوە کە زۆر کاریان تێکردووە وەک برۆدیکۆس و ھەروەھا زانا ئەناکسۆگۆراس. ئەوەی کە زۆر جێی تێڕامانە ئەوەیە کە سۆکرات ئاماژەی بەوە داوە کە زۆر لەژێر کاریگەریی دوو ئافرەتیشدا بووە ئەمە جگە لە دایکی کە زۆر کاری تێ کردووە، سۆکرات وتویەتی کە دیۆتیما جادووگەریی شاری مانتینی فێری ھەموو شتێکی کردووە کە زانیوییەتی سەبارەت بە خۆشەویستی (کە بە یۆنانی ناسراوە بە: eros)، ھەروەک چۆن مامۆستای ژێنەراڵی سەربازی بیرکڵز کە ناوی ئاسبازیا بوو، فێری رەوانبێژیی کردبوو. جۆن بێرنت گفتوگۆی ئەوەی کردووە کە مامۆستای سەرەکی سۆکرات، "ئەناکسۆگۆراین ئارشیلۆس بووە، بەڵام ئی دی بیروڕاکانی وەک ئەوە بوو کە باسکراوە. لەلایەکی ترەوە ئێریک ھافلۆک وا دەبینێت کە پەیوەندی سۆکرات بە "ئەناکسۆگۆراین"ی مامۆستاوە بەڵگەیە لەسەر جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانی ئەفڵاتوون لەوەی کە سۆکرات بەدوایدا دەڕوات.

زانایی[دەستکاری]

ڕەوشتبەرزیی[دەستکاری]

سیاسەت[دەستکاری]

سۆفییگەریی[دەستکاری]

شانۆنووسانی شانۆ ھەزەلییەکان[دەستکاری]

سەرچاوە پەخشانییەکان[دەستکاری]

گفتوگۆ سۆکراتییەکان[دەستکاری]

کەلەپوور[دەستکاری]

کەریگەری یەکسەریی[دەستکاری]

کاریگەرە مێژووییە پاشۆکییەکان[دەستکاری]

ڕەخنە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • Coppens, Philip, "Socrates, that’s the question," Feature Articles - Biographies, PhilipCoppens.com.
  • May, Hope (2000). On Socrates. Belmont, CA: Wadsworth. ISBN 0534576044. 
  • Ong, Walter (2002). Orality and Literacy. New York: Routledge. ISBN 0415281296. 
  • Kagan, Donald. The Fall of the Athenian Empire. First. Ithaca, New York: Cornell University Press, ١٩٨٧.
  • Pausanias (geographer), Description of Greece. W. H. S. Jones (translator). Loeb Classical Library. Cambridge, MA: Harvard University Press; London, William Heinemann Ltd. (1918). Vol. 1. Books I–II: ISBN 0-674-99104-4

. Vol. 4. Books VIII.22–X: ISBN 0-674-99328-4 .

  • Thucydides; History of the Peloponnesian War. London, J. M. Dent; New York, E. P. Dutton. 1910. 
  • Vlastos, Gregory (1991). Socrates, Ironist and Moral Philosopher. Ithaca: Cornell University Press. ISBN 0801497876. 

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. سلبیی