پارێزگای خۆراسانی باکوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
پارێزگای خۆراسانی باکوور

پارێزگای خۆراسانی باکوور (بە فارسی:خراسان شمالی - Be kurdî: Xorasana Bakur) یەکێک لە پارێزگاکانی ئێرانە و کەوتۆتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە. ناوەندی ئەم پارێزگایە شاری بۆجنووردە. رووبەری پارێزگای خۆراسانی باکوور پتر لە ٢٨٬٠٠٠کم چوارگۆشەیە. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای خۆراسانی باکوور نزیکی ٩٠٠٫٠٠٠ کەسن.

خۆراسانی باکوور لە باشوور و ڕۆژھەڵات‌دا لە گەڵ پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە باکووردا لە گەڵ وڵاتی تورکمانستان، لە باشووری ڕۆژئاوادا لە گەڵ پارێزگای سمنان و لە ڕۆژاوا دا لە گەڵ پارێزگای گوڵستان ھاوسنوورە. دانیشتوانی خوراسانی باکور زورینە کوردن. لە راپرسی خویندن لە ناو نەتەوەکانی ئیران لە سالی ٢٠٠٩ نەتیجەی ئامارکە بم شیەوەیە بو

نەتەوەکانی خۆراسانی باکوور
نەتەوە ڕێژە
فارس
  
٢٧٫٨%
تورک
  
٢٠٫٦%
باکوری
  
٣٫٣%
کورد
  
٤٦٫١%
ئەوانی تر
  
٢٫٢%


کوردەکانی خوراسان (کوردخانە) ھێمای پارێزەری فەرھەنگ شەریف فەلاح

لە سەرەتای سەدەی شانزیەمی زایینی ئیمپراتۆری شیعە مەزھەبی سەفەویان، وەک رکابەرێک لە بەرانبەر ئیمپراتۆری سوننە مەزھەبی عوسمانیدا خۆی دەرخست و بە مەبەستی سەپاندن و ھەژمۆنیی ئایدۆلۆژیا و مەزھەبی شیعە و چەند ھۆیەکی دیکە، لەگەڵی کەوتە ململانێیەوە.

زێدی و نیشتمانی کورد لەم گێروکێشەیەدا کەوتە بەر پەلامار و ئیدیعای ھەردوو ئیمپراتۆرەکەوە. لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی، لە ناوچەی "چالدێران" کە ئێستە ناحیەیەکی سەر بە پارێزگای ورمێیە لە رۆژھەڵاتی کوردستان تێھەڵچوونێکی توند و خوێناوی لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆییەدا رووی دا کە بە "شەڕی چالدێران" ناسراوە، لەو شەڕەدا ئیمپراتۆری عوسمانی بەسەر ئێراندا سەرکەوت. لە ئەنجامدا نەتەوە و نیشتمانی کورد لەلایەن ئەو زلھێزەی ناوچەوە لێک ترازا و دابەش کرا و بەشێکی کەوتە بەر ئیمپراتۆری عوسمانی و ئەو بەشەکەی دیکەشی بە ئیمپراتۆریی سەفەوی بڕا.

ئێڵ و عەشیرە و ھۆزە کوردەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی شاعەباسی سەفەوی ساڵی ١٥٩٨ی زایینی، یان بەپێی سەرچاوەکانی دیکە ١٦٠٢ی زایینی (لە ناوچەکانی نێوان رۆژئاوای گۆلی ورمێ و دەوروبەری گۆلی وان و باشووری رووباری ئەرەس بۆ ناوچەی خوراسان لە باکووری رۆژھەڵاتی ئێران دوور خرانەوە و کۆچێنران).

دکتۆر "کەلیموڵلا تەوەحودی" کە بە باوکی مێژووی کورەکانی خوراسان ناسراوە، لە کتێبە بەنرخەکەی "حەرەکەتی مێژوویی کورد بۆ خوراسان"دا دەنووسێ: "ئەو پەنجا ھەزار ماڵباتە کورد لە ئێڵی گەورەی ١ـ زەعفەرانلوو ٢ـ شادلوو ٣ـقەراچورلوو و بەشێکیشیان لە ھۆزی جەلالی و عەشیرەی گەورەی شکاک بوون کە بەڕای ئەو مێژوونووسە ھۆکاری ئەو ھەڵکەندن و کۆچاندنەش بەتەواوەتی سیاسی بوو. ھۆز و عەشیرە کوردەکان نێردرانە خوراسان ھەتا لەلایەک لە بەرانبەر ھێرشە بەردەوام و یەک لەدوای یەکەکانی "ئۆزبەک"ەکاندا بەرگری لە پارێزگای خوراسان بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە جیاکردنەوەی و لێکترازانی کوردەکان لە یەکتر دەبووە ھۆی لاوازیی ھێزیان لە کوردستان کە ئەوکات ویست و داخوازییەکان جێگەی رەزامەندی و بە ویستی شاعەباس نەبووە.

کوردە دوورخراوەکان بۆ خوراسان بەھۆی ئازایەتی و بەھێزی و شارەزایی لە شەڕدا، توانیان ھێرشبەرە ئۆزبەکەکان لە ناوچەکانی خوراسان دوور بخەنەوە و ئەو ناوچانەش کە داگیر کرابوون، کۆنترۆڵ بکەنەوە. کوردە دوورخراوەکان بۆ خوراسان پاش ئەو دەسکەوتانە لەوێ وەک سامان و نیشتمانی ھەقیقی و مافی سەرەکیی خۆیان و بە رەزامەندی و ھاندانی شاعەباسی سەفەوی نیشتەجێ بوون و لە بەرانبەر پاراستنی ئەو ناوچە سنوورییانەدا لەدانی باج و سەرانە بەری کران.

ناوچەیەکیان ھاوشێوەی خۆبەڕێوەبەری پێکەوە نا.

لەڕاستیدا کوردە دوور خراوەکان لەژێر ناوی پارێزەری شەرەف و کەرامەتی سنوورەکانی ئێران بۆ ھەمیشە لە خوراسان نیشتەجێ بوون و لە زێد و وار و کلتووری ھەزار ساڵەی خۆیان دابڕان و ئەو شوێنەی کە کوردی خوراسانی لی َدەژین لە ھەندێ سەرچاوەدا بە کوردخانە ناسراوە.

کوردخانە دەکەوێتە کوێی خوراسانەوە؟

خوراسان ناوچەیەکی گەورە و پانوبەرینە. نزیکەی ھەموو سنوری ڕۆژھەڵاتی ئێران دەگرێتەوە، واتە لەلای ڕۆژھەڵات، لە سنووری تورکمەنستان لە باکورەوە، بە درێژایی سنووری ئەفغانستان دادەکشێت، تا بۆ سنووری پاکستان درێژ دەبێتەوە. لە ڕۆژئاواش، بیابانی گەورە و قاتوقڕی (لووت)، لە ھەرێمەکانی دیکەی ناوەڕاستی ئێرانی دادەبڕێت. ھەرێمەکە کراوەتە سێ ئوستان: باکوری خوراسان، خوراسانی رەزەوی و خوراسانی باشوور.

کوردەکان بە زۆری لەوپەڕی باکوور، لە پارێزگای باکووری خوراسان، لە چەند شار و شارۆچکەیەک و دێھاتی تایبەت بەخۆیان دەژین. کوردەکان بۆخۆیان ژمارەی خۆیان بە پتر لە ٢ میلیۆن کەس دەخەمڵێنن.

کوردخانە:

کوردانی ئەو دەڤەرە، لە ٢٢ ھۆزی گەورە و ١٢٢ بنەماڵەی بچووکتر پێکھاتوون و ئەوان بە خاک و وڵاتی خۆیان دەڵێن (کوردخانە). ڕووبەری گشتیی خاکی کوردان، یان کوردخانە، بریتیە لە ٦٤٫١٤٤، شەست و چوار ھەزار و سەت و چل و چوار کیلۆمەتری چوارگۆشە. بۆ ئەوەی لە گەورەیی و پان و پۆڕی ئەو خاکە بگەین با لەگەڵ ڕووبەری چەند وڵاتێکی ناسراوی دنیا، بەراوردی بکەین. ڕووبەری قەتەر ١١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ڕووبەری تەیمووری ڕۆژھەڵات ١٤ ھەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. ھەروەک سلۆڤێنیا ٢٠ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە.

ئیسرائیل ٢١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەلبانیا ٢٩ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ئەرمەنستان ٢٩ ھەزار و ٨٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە. بەلجیکا ٣١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. مۆلداڤیا ٣٤ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. تایوان ٣٦ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. سویسرا ٤١ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. ھۆڵەندا ٤٢ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. دانیمارک ٤٣ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. کورواتیا ٥٧ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. وەک دەردەکەوێت، ھەموو ئەو دەوڵەتە ناسراوانەی سەرەوە، ھەروەک زۆری دیکەش، بە ڕووبەر لە کوردخانە بچووکترن.

جگە لە کوردخانە، ژمارەیەکی زۆر کوردی ناوچەکە، بۆ ئیش و کار، یان ھۆکاری دیکە لە دەرەوەی کوردخانە و لە شارە گەورەکانی خوراسان دەژین. وەک مەشھەد، نیشابوور و سەبزەوار. ھەندێک سەرچاوە تەنیا ژمارەی کوردانی دانیشتووی (مەشھەد)، بە ٤٠٠ ھەزار کەس دەخەمڵێنن. دیارە زۆری دیش، بەھۆی خوێندن و کارەوە پەڕیوەی شارەکانی دیکە ئێران، وەکوو تاران بوون.

ئەگەر پێناسەی تۆپۆگرافیای کوردخانە بکەین، ئەوا دەڵێین ناوچەیەکی شاخاویی بە پیتە. دوو ڕووباری تێدایە. ئاست و ڕێژەی باران بارین، لە ناوچەکە بەرزە. کشتوکاڵ بە ڕێژەیەکی بەرز دەکرێت. لە ھەردوو ناوچەکانی قووچان و ڕاز، نەوت و گاز بە بڕێکی کەم دۆزراونەتەوە.

کوردانی خوراسان، ھەروەک کوردانی ناو کوردستان، خاوەنی سامانێکی گەورە و دەوڵەمەندی فۆلکلۆرین. ئەوان دابونەریت و فۆلکلۆری خۆیان، بە شێوەی جۆراوجۆر و، نەوە دوای نەوە، تا ئەمڕۆ پاراستووە. تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش، کوردانی ناوچەکە بەگشتی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، (شوانکارەیی) بوون. ئێستە لەوێش وەک ھەر شوێنێکی دیکە کار و پیشەی جۆراوجۆر سەریانھەڵداوە. لە شارەکانیشیاندا بەتایبەت قووچان و شیروانە، ھەروەھا بجنورد، ئەسفەرایین و تا ڕادەیەک شارەکانی دیکش، کار و پیشەی باوی شاری و فەرمانبەری لە دەزگاکانی دەوڵەت، شانبەشانی دووکانداری و بازرگانی، باوە. گەورەترین شارەکانی ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان بریتین لە: قووچان، بجنوورد، ئەسفەراین، چناران، فارووج، باجگیران، دەرەگەز، کەلات، لایین، مانە و سملقان، راز و رادکان، کە زۆرینە یان نزیک بە زۆرینەی گوند و لادێییەکانی سەر بەو شارانەش ھاووڵاتییانی کوردن کە زۆربەیان سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن.

بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوە ٦٠% لە سەدی کوردانی ئەوێ، ھێشتا لادێ نشینن و، کاری ئاژەڵداری و جوتیاری دەکەن. ٣٥% لە سەدی دانیشتوانیش، لە شارەکان نیشتەجێن. ھەروەک ٥%یان، ھێشتا بە ژیانی کۆچەری، یان ڕەوەندی دەژین و کوێستان و گەرمیان دەکەن. ئەم شێوە ژیانە سەرەتاییەی کوردان، لە لادێ و ئاژەڵداری، یان ڕەوەندی و کوێستان و گەرمێن کردن، ھۆکاری سەرەکیی پاراستنی زمان و دابونەریتی دیکە وەک جلوبەرگ و خواردن و ئاواز و گۆرانی و داستان و لاوکەکانیان بووە.

گرنگترین رووبار لەو ناوچەیە، رووباری "ئەترەک"ە کەلە کوێستانەکانی "ھەزار مەسجد"ەوە سەرچاوە دەگرن و دەڕێژتە زەریای خەزەرەوە. گەورە و بەرزترین کێو و شاخەکانی ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان بریتین لە: ھەزار مەسجد لە رۆژھەڵات، بینالوود لە باشووری رۆژھەڵات، شاجیھان لە باشوور، ئاڵاداغ لە ڕۆژاوا و کێوی گولیل لە باکوور کە ھاوسنووری وڵاتی تورکەمەنستانە.

ھەموویان بە شێوەزاری کورمانجیی سەروو دەئاخڤێن و بەو پێیەی کە ماوەی زیاتر لە ٤٠٠ ساڵە لە نیشتمان، زمان و کولتووری دایکیی خۆیان دوور خراونەتەوە، ھەروەھا چەند ھۆیەکی دیکەی وەک ھەڵاواردنی زمانی، فەرھەنگی ئابووری بەتەواوەتی لەلایەن دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانەوە پەراوێز خراون.

وەگەڕ نەخستنی دەسمایەی حکوومەتی لەو ناوچانەی کە کوردی تێدا دەژی، پشتگوێ خستنی بەرپرسانی حکوومەتی بوونەتە ھۆی ئەوەی کە گەشە و بووژانەوەی ئەو ناوچانە بگاتە کەمترین ئاستی خۆی، لە بەرانبەردا دێوەزمەی ھەژاری، تووشبوون بە مادە ھۆشبەرەکان و بێکاری و خەسار و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان باڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا بکێشێ. ھەرچەند ئەو گرفت و دیاردانە لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بەدی دەکرێن، بەڵام سیاسەتی دوژمنکارانە لە ھەندێ ناوچە بە ئەنقەست رەچاو دەکرێت.

ماوەی نزیک بە دوو دەیەیە کوردانی خوراسان لەژێر کاریگەری و ھێژمۆنیی گوتاری نەتەوەیی و بووژانەوەی فەرھەنگی نەتەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەتی گەشە و بووژانەوەی کولتووری لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستیان داوەتە بزاوت و راسانێک و لەسەر بنەما و ریشەی ئەدەبیات و زمان و کولتووری دێرینی نەتەوەیی بەدوای ناسنامەی خۆیانەوەن. ئەم جووڵانەوە فەرھەنگییە لەئاستی میدیا کوردییەکاندا بە زەقی دەبنینرێ، بۆیە کەوتوونەتە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی توندی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی حکوومەت و چالاکانی فەرھەنگی، مەدەنی و سیاسی و ھونەریی کوردی خوراسان دەگیرێن و لەژێر زەخت و گوشار دان و ھەتا ئێستە دەیان چالاکوانی فەرھەنگی، مەدەنی، نووسەر، شاعیر، ھونەرمەند و خوێندکاری کوردی خوراسان دەستبەسەر و راپێچی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکان کراون.

ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، رێکخراو و دامەزراوەی سیاسی و مەدەنیی کورد و تەنانەت غەیرە کوردیش لەو ناوچانە بەتەواوەتی قەدەغەن و لەگەڵ ئەو کەسانەی ھەوڵی رێکخستنی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بدەن، بە توندی ھەڵسوکەوت دەکرێت.

گرتنەبەری ئەم سیاسەتانە لەڕاستای ئاسمیلاسیۆنی کولتووری و زمانیدا دەکرێن ھەتا زیاتر لە رەگ و ریشە و ناسنامەی خۆیان دوور کەونەوە و لەناو کولتوور و زمانی باڵادەستدا بتوێنەوە.

ئەوەی گرنگە و دەبێ جەختی لەسەر بکرێتەوە، سەرەڕای ئەو زەخت و گوشارانەی بە درێژایی ٤٠٠ ساڵ لەلایەن حکوومەتە جۆراوجۆرەکانەوە لەباری کولتووری و سیاسییەوە لەسەریان بووە، بەڵام پێداگرییان لەسەر پاراستنی زمان و ئەدەب و کولتووری خۆماڵی و رەسەنی خۆیان کردووە.

فۆلکلۆر و زمان و ئەدەبی زارەکی، پاراستنی دابونەریت و کولتوورە رەسەن و دێرینەکان یەک لەو بوارانەیە بە نھێنی و شاراوەیی کاریان لەسەر کردووە و بە گیان و دڵ پاراستوویانە.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا شان بەشانی رەوت و جمشتی رۆشنبیری و بووژانەوەی فەرھەنگی و زمانی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، لەوێش جموجۆڵ و بووژانەوەی فەرھەنگی لە ئاستێکی بەریندا دەستی پێکرد.

بە چوونی رێژەی زۆری خوێندکارانی کوردی ئەو ناوچانە بۆ زانکۆکانی مەشھەد و تاران و ئاشنابوونیان لەگەڵ خوێندکارانی دیکەی کورد و دامەزرانی پەیوەندیی لە نێوان نووسەر، رۆشنبیر و نوخبەکاندا ئیتر گوتاری نەتەوەیی و دۆزینەوەی ناسنامە لەلایان بووەتە بابەتی سەرەکی و ئەم پرسە لەناو زۆربەی توێژەکانی کوردانی خوراساندا رووی لە گەشەکردن کرد.

ئەگەرچی کوردەکانی خوراسان بە سنوور و جوغرافیا لە چەقی پرسەکانی کوردستان دوورن، بەڵام زەخت و گوشار و دووری نەیتوانیوە ناسنامەی کوردایەتییان لێ زەوت بکات و ھەردەم بیر و خەیاڵیان لەلای زێد و نیشتمانی دایکیی خۆیان کوردستان.

ناکرێ باسی مێژوو، زمان و ئەدەب و فەرھەنگی کوردانی خوراسان بکەین و باسی رۆڵ و کاریگەریی رۆشنبیر و نووسەرانی دڵسۆز و خۆنەویستی کوردی ئەو ناوچەیە نەکەین. یەک لەو نووسەر و مێژوونوسە پشوودرێژانە "کەلیموڵلا تەوەحودی"یە کەلە بووژانەوەی زمان و ئەدەب و پێگەیاندنی لاوان و خوێندکاران و ھاندانی چالاکانی فەرھەنگی و بەگشتی زیندووکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی خوراساندا رۆڵی کارا و پێشەنگی گێڕاوە.

لەباری مۆسیقا رەسەنەوە کوردەکانی خوراسان خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندن و لەم بارەوە چەندین گۆرانیبێژ و ژەنیاری میللیی و نوێخوازییان ھەیە و ئێستە چەند گرووپێک لەو ناوچەیە سەرقاڵی کارن کە گرووپی "کوات" ناسراوترینیانە.

لێرەدا ئاماژە بەناوی ھەندێ لە ئوستوورەکانی بواری شیعر، مێژوو، ئەدەب و ھونەری کوردەکانی خوراسان دەکەین.

لە سەردەمی ئەفشاریە و زەندییەکان: کەسێکی وەک میزا حەبیبوڵلا مستەوفی شاعیری حیماسیی ناسروی کوردە و دیوانی "مەحموود نامە" بەرھەمی ئەوە. لە دەوری قاجارییەکان کەسێکی وەک "جەعفەر قولی زەنگلی" شاعیر و ھونەرمەندی میللی بواری مەقام و ئوستوورەیی کوردەکانی خوراسان سەرھەڵدەدات کە بە ھۆنراوە و میللی، حیماسی و ئوستوورەییەکانی بە زاراوەی کورمانجیی سەروو مێژووی رووداو و کارەساتەکانی ناوچەکە و ئێرای تۆمار کردووە. لە دەورەی دووەمی قاجارییەکاندا دەتوانین ئاماژە بە "مەلا ئیسماعیل بوغانلوو" و مەلا "عەلی رازی" ناسراو بە (بێچارە) و "حاج محەمەد بوغانلوو" بکەین. لە دەرەی سێیەمی قاجارییەکاندا کەسێکی وەک "سەردار عیوەز خان" سەرھەڵدەدات کە سەرۆکی ئێلی جەلالی بووە و کەسێکی شۆڕشگێر و قارەمان بووە و لە بواری ئەدەب و شیعریشدا دەستی بالای ھەبووە. ھەروەھا "ئاھەنگ حەجۆ خان"، "ئاھەنگ خوداوەردی سەردار".

لە سەردەمی پالەویدا کەسانێکی وەک: "حەیدەر رشوانلوو، ھەیبەتوڵلا ناتقی، عەلی مێھرەو پەیدا بوون کەل بورای ئەدەب و شعر و زمانی کوردیدا چالاک بوون.

سەردەمی کۆماری ئیسلامی: کەلیموڵڵا تەوەحودی (کانیماڵ) نووسەر، مێژوونوس کە بە خۆی و ماڵبات و کەسوکارییەوە ھەموو ژیانیان لەپێناو بووژانەوەی فەرھەنگ و مێژوو و ھونەری کوردانی خوراساندا تەرخان کردووە و لەم بارەوە جیا لە کتێبی ٦بەرگیی "حەرەکەتی مێژوویی کورد بۆ خوراسان" چەندین پەرتووکی دیکەی لە بواری جیاجیادا چاپ و بڵاو کردووەتەوە. لەناو نەوەی ئێستاشدا دەتوانین ئاماژە بە ناوی ئەم کەسانە بکەین: "سمایل حوسێنپور، حەسەن رەوشەن، عەلی جەلایر، جەواد رەزایی، حەمید حوسێن عەلی پور، مەحموود فەرخوندە، عەلی رەحمەتی، حەمید نەجەفزادە، ئیبراھیم شمشێریان، کیان ەەبانی، غوڵامڕەزا محەمەدی، حوسێن قیاسی ئابادی، کەریم ئەکبەرزادە، فەرامەرز رۆستەمی، بەرات سەعادەتزادە، رەزا موسەلڕەزایی، محەمەد بەراتیان، غوڵامحسێن عەباسزادە، و خاتوون قەیتاقی، سەعادەتزادە، قادری فەرخوندەو... ھتد بە سوپاسەوە وەرگیراوە لە ماڵپەڕی کوردپا، ئاژانسی ھەواڵدەریی کوردستان http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/witar/19483