سەدەقییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سەدەقییەکان یان سەدەقییە (نزیکەی ٧٧٠‒٨٢٧/٨ی زایینی) بنەماڵەیەکی موسڵمانی کورد بوون کە لە باکووری ڕۆژاوای ئێران حوکمڕانییان دەکرد و ناوەندی حکوومەتەکەیان ورمێ بوو. خانەدانەکە کە لە بنەڕەتدا مەولایی[١][٢] بوون لە ھۆزی عەزد، لەلایەن سەدەقەی کوڕی عەلی، سەرۆک عەشیرەتێکی کورد، دامەزراوە، کە لە ساڵی ٧٧٠ لەگەڵ خەلیفەی عەباسی، ئەبوو جەعفەر مەنسوور لە ململانێدا بووە. سەدەقە لەگەڵ براکانی توانی ناوچەیەکی بەرفراوان لە موسڵەوە تا دەریاچەی ورمێ کۆنترۆڵ بکات. دوای گرتنی ورمێ[٣] چەند قەڵایەکی دروست کردووە و زیاتر بە ھەڵکەندنی خەندەقی بە دەوری قەڵادا دروست کردوە. دەسەڵاتی خۆی درێژکردەوە بۆ ناوچەکانی سەڵماس، شنۆ، لاجان و سندوس لە باکووری ڕۆژاوای ئێران (ڕۆژھەڵاتی کوردستان). لە سەردەمی ھاروون ڕەشیدی عەباسیدا، سەدەقییەکان توانیان زیاتر دەسەڵاتی خۆیان درێژ بکەنەوە و پارێزگاری تەبرێزیش دەسەڵاتەکەیانی پەسەند کرد. سەرکەوتنەکانی سەدەقییەکان عەباسییەکانی تووشی ترس کرد و دواتر سوپایەکی زۆریان نارد لەژێر فەرماندەیی ژەنەڕاڵێک کە بە خازمە ناسراوە. تەنیا توانی مەراغە داگیر بکات و زۆری نەبرد لەلایەن سەدەقییەکانەوە شکستی پێ ھێندرا. دوای مردنی سەدەقە، عەلی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست. عەلی توانی زیاتر دەسەڵاتی میرنشینەکە درێژ بکاتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ La Mission scientifique du Maroc, 1910, Revue du monde musulman: Volume 11, page 56, University of Michigan
  2. ^ Frédéric Macler, 1966, Revue des études arméniennes: Volume 3, Librairie Klincksieck, University of Michigan
  3. ^ M. Th. Houtsma, 1993, E. J. Brill's first encyclopaedia of Islam 1913-1936 - Page 1033, Brill