ئەبووجەعفەری مەنسوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەبووجەعفەری مەنسوور
دووەم خەلیفەى دەوڵەتى عەبباسى
ماوەی حوکم(٧٥٤ – ٧٧٥) ز
لە دایکبوون٧١٤ز
شوێنی لە دایکبوونگوندی حەمیە،  ئوردن
شوێنی نێژرانماڵی عائیشە، تەنیشتی گۆڕی پێغەمبەر و ئەبوبەکر.
لە پێشیدا ئەبوعەباس سەفاح
جێگرمەهدى کوڕى ئەبوجەعفەرى مەنسوڕ
باوکمحەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس
ئایینئیسلام


ئەبووجەعفەری عەبدوڵڵا مەنسوور، ناوی تەواوی عەبدوڵڵا کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس کوڕی عەبدول موتەڵیب کوڕی ھاشم، دووەم خەلیفەی نەوەی عەبباسیە و لە بەھێزترینیانە، شەش ساڵ لە ئەبوعەباس سەفاح گەورەترە بەڵام کاتێک ئیمام ئیبراھیمی برای سەربازەکانی مەڕوان کوڕی محەمەد گرتیان پێشەوایەتی دایە دەست ئەبوعەباس لە باتی مەنسوڕ، ومەنسوڕ شاری بەغدای بنیاتنا کە دواتر بووە پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی، وخەلافەتی گرتە دەست لە دوای سەفاحی برای لە ساڵی ٧٥٤ز تا کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٧٥ز.

خەمی گەورەی مەنسوڕ لە ماوەی حوکمیدا بەھێزکردنی دەوڵەتی عەبباسیەکان بوو و ڕزگاربوونیان لە ھەر مەترسیەک کە ھەڕەشە لە دەسەڵاتیان بکات تەنانەت ئەگەر ھاوپەیمانی پێشوتریشیان بوو بێت وەکو ئەبوموسلیم خۆراسانی کە سەرکردایەتی شۆڕشی عەباسی کرد لە دژی ئەمەویەکان لە خۆراسان.

و ئەبوجەعفەر بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی دەوڵەتی عەبباسی دادەنرێت، و بێ شک ماوەی حوکمی مەنسوڕ بە یەکێک لە گرنگترین سەردەمەکانی خەلافەت دادەنرێت، نزیکەی ٢٢ ساڵ حوکمی کرد بە حوکمێکی بەھێز و ھەموو دەسەلاتەکانی دەوڵەت لە دەستیا بوون.

لە دایک بوون و پەروەردەبوونی[دەستکاری]

عەبدوڵڵا کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی عەباس لە دایکبووە ساڵی ٧١٤ز لە گوندی حەمیە لە باشوری ئوردن، و پەروەردە بوو لەناو گەورە پیاوانی بەنی ھاشم کە لە حەمیمە نیشتەجێبوون، گەورەبوو بە زانایی لە ژیاننامە و دەنگو باسدا و ھۆگربوو بە شیعر و پەخشانەوە، و باوکی مەنسوڕ ئەو کەسە بوو کە بانگەوازی عەبباسی ڕێکخست، و ئەو بابەتەی بە نھێنی و بێدەنگی ئەجوڵاند، وردبین بوو لە ھەڵبژاردنی لایەنگر و پیاوەکانی و ئەو شوێنانەی کە بانگەوازکارەکان تیایدا بجوڵێن، کە حەمیمە و کووفە و خۆراسانی ھەڵبژارد بۆ ئەو مەبەستە.

کاتێک بانگەوازی عەباسی سەرکەوت و دەوڵەتی ئەمەوی ڕوخاند، ئەبو عەباس سەفاح خەلافەتی گرتە دەست لە ساڵی ٧٤٩ز و پرس وڕای بە ئەبوجەعفەری برای دەکرد لە جەنگی لەگەڵ دوژمنەکانی و دەست گرتن بەسەر نەیارەکانی و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت، کە مەنسوڕ لە جێگەی ئەو گومان باشیەدا بوو، و کاتێک ئەبوعەباس نەخۆش کەوت وەسیەتی خەلافەتی کرد بۆ ئەبوجەعفەر لە ساڵی ٧٥٤ز کاتێک لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا بوو خەلافەتی گرتە دەست.

کۆتایی ئەبو موسلیمی خۆراسانی[دەستکاری]

بە ھۆی ئەو شوێنە تایبەتەی ئەبوموسلیم ھەیبوو لە دەروونی شوێن کەوتووەکانی و سوکایەتی کردنی بە خەلیفە مەنسوڕ، و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی لە مل کەچبوون بۆی، ئەبو موسلیم ڕۆژبەڕۆژ توندتر دەبوو و یارمەتیدەرانی بەھێز دەبوون و قسەی بەرز دەبوویەوە، و پێویست بوو یەکێک لە سنووری خۆی بیوەستێێت، لێرەدا ئەبوجەعفەر بیری کردەوە کە لەناوی بەرێت، ناردی بۆ لای ئەبوموسلیم تا پێی ڕابگەیەنن خەلیفە کردوویەتی والی میسر وشام، و دەبێت بڕوات بۆ میسر کە دەیویست بەم ڕێگەیە لە خۆراسان دووری بخاتەوە کە شوێنە جەماوەریەکەی بوو، و گومان خراپی ئەبوموسلیم لێرەدا دەرکەوت و دەرچوو لە فەرمانی خەلیفە و گوێی لە ئامۆژگاری کەس نەئەگرت، و مەنسوڕ لە خشتەی برد بەوەی ھەتا لە عێراقدا بیداتە دەستی، و کوشتی ساڵی ٧٥٦ز، و لەبەرئەوەی کوژرانی پیاوێکی وەک ئەبوموسلیمی خۆراسانی باس و خواسێکی زۆر ھەڵئەگرێت. مەنسوڕ لە وتارێکدا ڕاستی ھەڵوێستەکەی ڕوون کردەوە بۆ خەڵکی.

گرنگترین ئیشەکانی[دەستکاری]

هێڵکارى بنیاتنان وفراوانکردنى بەغدا لە نێوان ساڵى ٧٦٧و ٩١٢ دا

ئەبوجەعفەری مەنسوڕ لە دیارترین خەلیفەکانی عەباسیەکان بوو، ولە گرنگترین ئیشەکانی مەنسوڕ لە دەوڵەتی عەبباسی ئەمانەی خوارەوە بوون؛

  1. دەستگرتن بەسەر شۆڕش و پێکدادانە ناوخۆییەکان و بڵاوکردنەوەی ئاسایشی و جێگیربوون لە ھەموو لایەکی خەلافەتدا.
  2. بنیتنانی بەغدا و کردنی بە پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی، خەلیفە مەنسوڕ بەغدای بنیاتنا لە شێوە بازنەیدا و ناوی نا شاری ئاشتی یان (دار السلام) و بنیاتنانی شارەکە لە ماوەی چوار ساڵدا کرا (١٤٥-١٤٩)ک لە سەر شێوەی بازنەیی وچواردەورەکەی بە دیوار دەورە درابوو وچوار دەروازەی تیابوو، یەکەمیان ناونرا بە دەروازەی شام کە دەچووە سەر وڵاتی شام، و دووەمیان ناونرا بە دەروازەی کووفە کە دەچووە سەر شاری کوفە، وسێیەمیان ناونرا بە دەروازەی بەسڕە کە دەچووە سەر شاری بەسڕە و چوارەمیان ناونرا بە دەروازەی خۆراسان کە دەچووە سەر وڵاتی فارس و ئێران و لەناو شارەکەدا مزگەوتی مەنسوڕ ھەبوو کە لە شێوە چوارگۆشەدا بوو لەگەڵ دیوانەکانی حکومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک و سوپا.
  3. ھاندانی بۆ کۆڕی زانست و ئەدەب و ڕێزگرتنی لە زانا و ئەدیبەکان، بزوتنەوەی زناستی چالاک بوو و چەندین زانا دەرکەوتن لە زانستەکانی شیعر و فیقە و جوگڕافیا و مێژوو و کیمیا و بیرکاری و زمان و ئەدەب، وب ەغدا بووە گەورەترین ناوەندی زانستی وڕۆشنبیری ئەو سەردەمە.
  4. گرنگی دان بە کاروباری دارایی و کارگێڕی دەوڵەت و کردنی بە ناوەندێکی کارگێڕی.
  5. گرنگی دان بە سوپا و چەکدارکردنی بە شێوەیەکی باش، کە لەم سەردەمەدا ژمارەیەک سەرکردەی لێھاتوو دەرکەوتن کە دیارترینیان موعین کوڕی زائیدەی شەیبانی بوو، کە سەرکردەیەکی موسڵمان بوو ودەستی گرت بەسەر دوژمنەکانی دەوڵەتی عەبباسی.

شۆڕشی سەنباد[دەستکاری]

لەوانەی کە توڕەبوون لەسەر کوژرانی ئەبوموسلیمی خۆراسانی، پیاوکی مەجوسی (ئاگرپەرست) بوو ناوی سەنباد بوو و زۆرێک لە خەڵکی خۆراسان لە دەوری کۆبوونەوە و ھێرشیان کردە سەر وڵاتی موسڵمانان لە نیسابور و قومس و ڕەی، ماڵەکانیان تاڵان کرد وپ یاوەکانیان کوشت و ژنانیان گرتن، پاشان ھەڵیاندایە و وتیان ئەڕۆن بۆ ڕوخانی کەعبە، مەنسوڕ سوپایەکی بۆ ناردن بە سەرکردایەتی جمھوری کوڕی میرار عەجەلی، تێکیان شکاندن و ماڵەکانیان گەڕاندەوە و ئەبوجەعفەر سونبادی لەناوبرد ساڵی ٧٥٦ز، ھەتا ڕووبەڕووی شۆڕشگێڕێک بووەیەوە کە داوای لابردنی مەنسوڕی ئەکرد، کە ئەویش (جمھوری کوڕی میرار عەجەلی) بوو کە سەرکردەی سوپاکەی مەنسوڕ بوو کە سونبادیان تێک شکاند.

کودەتای جمھوری کوڕی میرار عەجەلی لەسەر مەنسوڕ[دەستکاری]

کاتێک جمھور سونبادی تێک شکاند، و ماڵەکانی گێڕایەوە کە لە نێویاندا خەزێنەکانی ئەبوموسلیمی خۆراسانی تێدا بوو، جمھور تەماع گرتی، ماڵەکەی نەنارد بۆ خەلیفە مەنسوڕ تەنانەت بەیعەتەکەی ھەڵوەشاندەوە و داوای لابردنی مەنسوڕی کرد، مەنسوڕ سوپایەکی گەورەی نارد بە سەرکردایەتی (محەمەدی کوڕی ئەشعەس)، جمھوریان تیکشکاند وھەڵھات بۆ ئازەربایجان و ئەو ڕووداوە لە ساڵی ٧٥٦ز دا بوو.

شۆڕشەکانی خەواریجەکان[دەستکاری]

شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان بوون کە ھەڕەشەیان لە ژیان و جێگیربوون و ئاسایش دەکرد لە سەرەتای حوکمی عەباسیەکان، لەوانە شۆڕشی خەواریجەکان ک بووە سەرچاوەی بێزاری بۆ دەوڵەتی عەبباسی، ئەو کاتانە مولبید کوڕی حەرمەلەی شەیبانی لەگەڵ ھەزاران لە شوینکەوتووانی لە عێراق دەرچوو، و زۆر لە خەڵک دایانە پاڵی تا سوپاکانی مەنسوڕ توانیان بیشکێنن ساڵی ٧٥٧ز، وجارێکی تر خەواریجەکان جوڵان لە خەلافەتی مەنسوڕدا لە موسڵ کە ئەمجارەیان شکستیان ھێنا.

و خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسوڕ ڕووبەڕووی چەند شۆڕشێکی لادەرە تائیفەکانی تر بوویەوە، لە ساڵی ٧٥٩ز دا ڕووبەڕوی شۆڕشێکی تر خەواریج بوویەوە پێیان ئەوترا ڕاوندیە کە ئەچوونەوە سەر گوندی ڕاوندی نزیک ئەسفەھان، و باوەڕیان بە گواستنەوەی ڕۆحەکان ھەبوو، و ئەیانوت ڕۆحی ئادەم گواستراوەتەوە بۆ عوسمانی کوڕی نھیک و جوبڕەیل ھیسەمی کوڕی معاویەیە (پیاوێک بوو لەناویاندا)، بەلکو دەرچوون لە ئیسلام و ئەیانوت ئەو پەروەردگارەی کە نان و ئاویان ئەداتێ (ئەبوجەعفەری مەنسوڕ)ە، و سەردانی کۆشکەکەیان ئەکرد و ئەیانوت، ئەمە کۆشکی پەروەردگارمانە، وھیچ شتێک سوودی نەبوو لەگەڵ ئەوانە کوشتن نەبێت، مەنسوڕ کوشتنی تا دەستی بەسەر ھەموویاندا گرت لە کوفە.

شۆڕشی محەمەد (نفس الزکیە)[دەستکاری]

لە ترسناکترین شۆڕشەکانی ڕووبەڕوی مەنسوڕ بوویەوە دەرچوونی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا کوڕی حەسەن کوڕی حسەین کوڕی حەسەن کوڕی عەلی، کە لە بەڕێزەکانی بەنی ھاشم بوو لە زانست و پایەدا، وناونرا بوو بە (نەفس الزکیە) عەلەوی و عەباسیەکان کۆبوونەوە و موبایەعەیان پێدا لە کۆتاییەکانی دەوڵەتی ئەمەوی، لەوانەش کە موبایەعەیان پێدا بوو (مەنسوڕ) خۆی بوو، و کاتێک خەلافەتی گرتە دەست تەنھا خەمی ئەوەی بوو کە محەمەد داوای گوێڕایەڵی ئەوانە بکات کە پێشتر موبایەعەیان پێداوە، و لێرەدا محەمەد دەرچوو ساڵی ٧٦٣ز لە مەدینەوە، و زۆر لە ناوچەکان موبایەعەیان پێدا و ئیبراھیمی برای لە بەسڕە دەرچوو و زۆر لە زاناکان لە دەوری کۆبوونەوە و توانیان دەست بگرن بەسەر فارس و واسیت و کوفەدا، و لەم شۆڕشەدا شوێنکەوتووانی زۆر لە تائیفەکان بەشداریان کرد.

مەنسوڕ ناردی بۆ لای محەمەد نەفس زەکیە و پاراستن و ئاسایشی خستە بەردەمی بۆ خۆی و مناڵ و براکانی لەگەڵ دابین کردنی ماڵی پێویست بۆیان، و محەمەد وەڵامی دایەوە کە مەنسوڕ ئەبێت بە ئاینی خوا حوکم بکات و ناکرێت موسڵمان بە پارە بکڕێت، بەم شێوەیە تەنھا ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی چارەسەر بوو دوای ئەوەی ئەم گفتوگۆیانە شکستیان ھێنا، و سوپای ئەبوجەعفەر توانیان محەمەد بشکێنن لە مەدینە و کوشتیان و دەستیان گرت بەسەر شوێنکەوتووانی ئیبراھیمی برای لە گوندێکی نزیک کوفە و کوشتنیان.

شۆڕشی بێباوەڕی خۆراسان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٥٠ک یەکێک لە بێباوەڕەکانی خۆراسان دەرچوو و دەستی بەسەر زۆربەیدا گرت و زیاتر لە سێ سەد ھەزار کەس چوونە پاڵی، و ژمارەیەکی زۆریان لە موسڵمانان کوشت، و سوپاکانی ئەو وڵاتەیان تێک شکاند، خراپەکاریان بڵاوکردەوە لێرە و لەوێ و مەنسوڕ سوپایەکی چل ھەزاری بۆ ناردن کە دەستیان بەسەر ئەو دەرچووانەدا گرت و ئەمن و ئاسایشیان لە خۆراسان بڵاوکردەوە.

بیاتنانی بەغدا[دەستکاری]

دیمەنی ڕووباری دیجلە لە بەغدا

خەلیفە ئەبوجەعفەر حەزی بە بنیاتنانی پایتەختێکی نوێ کرد بۆ دەوڵەتەکەی دووربێت لەو شارانەی کە دەرچوونیان لە خەلافەت زۆر بوو وەک کوفە و بەسڕە، و کەش وھەوا وشوینێکی باشی ھەبێت، بەغدایان ھەڵبژارد لە کەناری دیجلە، و یەکەم بەردی بناغەی بە دەستی خۆی دانا لە ساڵی ٧٦٢ز، و زۆر لە ئەندازیارە گەورەکانی دانا بۆ سەرپەرشتی کردنی ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر بیناساز و پیشەسازەکانی بۆ ھێنا، زۆر بە ھەوڵ و ھیمەت ئیشیان کرد تا ساڵی ٧٦٦ز تەواویان کرد، و خەلیفە گواستیەوە بۆی لەگەڵ دیوانەکانی دەوڵەتدا، لەو کاتەوە بەغدا بوو پایتەختی دەوڵەتی عەبباسی و ناویان نا شاری سەلام (ئاشتی) بە ناوی دار سەلام کە یەکێکە لە ناوەکانی بەھەشت یان بە گەڕانەوە بۆ ناوی ڕووباری دیجلە کە ناوئەبرا بە ڕووباری سەلام، و مەنسوڕ بە بنیاتنانی شارەکە نەوەستا لە کەناری ڕۆژئاوای دیجلەدا بەڵکو ئیشی لەسەر فراوانکردنی کرد ساڵی ٧٦٨ز شارێکی تری لای ڕۆژھەڵاتیەوە دامەزرند کەناونرا ڕەسافە، و کردیە بارەگا بۆ کوڕەکەی و جێگرەوەی خەلافەتەکەی (مەھدی) و دیوار و خەندەق و مزگەوت و کۆشکی بۆ دروست کرد پاشان فراوان بوو و خەڵک لێی نیشتەجێ بوون.

ڕاپەڕینی ئابوری[دەستکاری]

لەگەڵ گرنگی دانی مەنسور بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و ھاندانی بۆ خاوەن ئیش و پیشەکان، ھێڵەکانی بازرگانی پاراست لە کەنداوی عەرەبیەوە تا چین لە مەترسی قەڕاسینەکان کە ڕێگە بازرگانیەکانیان ئەبڕی و بازرگانەکانیان ئەکوشت و دەستیان بە سەر ماڵی خەڵکدا ئەگرت، سەرکردەکانی مەنسوڕ چوون بۆین وئەو ڕێگرانەیان بێدەنگ کرد، ولە سەردەمی ئەمدا دووبارە فەتحی شاری تەبڕستان کرایەوە لە ساڵی ٧٥٩ز لە وڵاتی ئەودیو ڕووبار.

کۆچی دوایی مەنسوڕ[دەستکاری]

خەلیفە مەنسوڕ رۆیشت بۆ حەج ساڵی ٧٧٥ز، و مەھدی کوڕی چوو تا ماڵئاوایی لێبکات ئەویش مەھدی ڕاسپارد تا حەق و ڕۆزی و پایەیان بدات بە سەرباز و خەڵکی و چاکە بکات لەگەڵ خەڵک و قەرزەکەی بۆ باتەوە کە بڕەکەی ٣٠٠،٠٠٠ دەرھەم بوو و ئاگاداری برا بچوکەکەی بکات، دواتر لە ڕێگە مەنسوڕ نەخۆش کەوت و پێش ئەوەی بگاتە مەککە لە دەرگاکانیدا وەفاتی کرد.

سەرچاوەکان[دەستکاری]