مێژووی عێراق
عێراق لە مێژوودا بە وڵاتی دوو ڕووبار ناسراوە مێژووی ئەم ناوچەیە بۆ ١٠ ھەزار ساڵ زیاتر دەگەڕێتەوە خاوەن میژوویەکی زۆر دوور و درێژە سۆمەرییەکان ئەکەدییەکان ئاشوورییەکان بابلییەکان لە نەتەوە دێرینەکانی ئەم وڵاتەن خاوەنی شارستانییەتییەکی بەرزبووە لە مێژووی خۆیدا چەندین جار تووشی داگیرکاری و ھێرشی نەتەوەکان بووەتەوە لە سەردەمە جیاوازەکانی ئەمەش بەھۆی بوونی شوێنی عێراق وەک ناوچەیەکی جوگرافی گرینگ. ھەریەکە لە ساسانییەکان سەفەوییەکان عوسمانییەکان مەغۆلەکان مەمالیکەکان ئینگلیزەکان بۆ ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەواییان لە عێراق کردووە دواین ھێرش بۆ سەر عێراق لە لایەن ڕێکخراوی داعشەوە بوو کە توانی بۆ ماوەی سێ ساڵ چەندین ناوچەی گرینگی عێراق داگیر بکات.
دەسەڵاتی سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان
[دەستکاری]سۆمەرییەکان[١] دەسەڵاتی زۆریان ھەبوو لە خوارو ناوەڕاستی عێراقی ئێستادا، لە سەروەش گەلانی تری لێ دەژیان. لە سەردەمی ئامورابی لە ١٧٥٠بۆ ١٧٩٢پێش زایین لەگەڵ زۆربەی بەشەکانی تری یەکتریان گرت و بابلیشیان بە پایتەخت دانا، لە سەروشەوە ئاشورییەکان خەریکی بازرگانی بوون لەگەڵ ئاسیادا.[٢] لە ١١٠–٥٠٠ پێش زایین بابل بەڕێوە دەچوو لەلایەن ڕۆژھەڵاتە ئاسیایەکان، لە سەرو شەوە ئاشورییەکان دەمێکی باش دەسەڵاتیان ھەبوو تا ئەوکاتەی موسڵ لەلایەن بابلییەکان و مێدەکان (کوردەکان) لە ساڵی ٦١٢پێش زایین دەستی بەسەر دا گیرا.
دەسەڵاتداری ئێرانی
[دەستکاری]بابل لە ژێر دەسەڵاتی شایەتی ئێران دا بوون تا ئەو کاتەی ئەسکەندەری گەورە[٣] گرتی و پایتەختەکەی لە ڕۆژھەڵاتی خواروی بەغدای ئێستا دا بوو.
گرتنی عێراق لە لایەن عەرەبەوە
[دەستکاری]دوای وەفاتی پێغەمبەر محەممەد لە ساڵی ٦٣٢ خەلیفەی یەکەم ئەبوبەکر ھێرشێکی کرد دژی ساسانییەکان و ڕۆما. ئەوە بوو خواروی عێراقیان داگیرکرد. و خالیدی کوڕی وەلید سەرکردەی ھێرشەکە بووە.[٤] لە ساڵی ٦٣٤–٦٤٤ زایینی لە ژێر دەسەڵاتی خەلیفەی دووەم عومەر ھێزی خۆیان لەم دوو شارە کۆکردە بۆوە. موسڵیش لە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان دەرھێندرا و لە نەھاوەندیش دۆڕان بەم شێوەیھعەرەبەکان دەسەڵاتیان لە ڕۆژ ئاوا و ناوە ڕاستی ئێران ھەبوو بێجگە لە تەواوی عێراق. پەیوەندی لە نێوان عەرەبە مسوڵمانەکان و خەڵکی ناوچەکە پەرەیەکی باشی سەند.
ھاتنی ئەمەوییەکان بۆ عێراق
[دەستکاری]دوای کوشتنی خەلیفەی سێیەم عوسمان لە ساڵی ٦٥٦ ئاڵۆزی پەیدا بوو لە ناو خەلیفەکاندا. لە بەسڕە لە ساڵی ٦٥٦ کێشە دروست بوو لە ناو مسوڵماناندا. ئیمامی عەلی لە ساڵی ٦٦١ دا شەھید کرا.[٥] ھەر دوای ئەو فەرماندەی موئاویە لە سوریا بانگەوازی خەلافەتی خۆی کرد، ئەو بوو بەیەکەم خەلیفە لە ئەمەویەکان کە پایتەختەکەی دیمەشق بوو. لە ساڵی ٦٨٠ یەزید ھاتە سەر حوکم دوای مردنی موئاویە ئەوەش بوو بەھۆی ناڕەزایی چەند گروپێک و کەسێک لەوانە کوڕی دووەمی ئیمامی ئلی، حوسێن، کە لە پێشەوەی نارەزایەکان بوو. لە کەربەلا ئیمامی حوسێن لەگەڵ نزیکەی ٧٢ ئەسحابە شەھید کران.[٦]
خەلافەتی عەبباسی
[دەستکاری]لەکاتی خەلافەتی ئەمەویدا گەلێک کودە تا لە عێراق کران یەکێک لە نەوەکانی مامی پێغەمبەر عەباس (ئەبو موسلیم) کەپشت گیرییەکی زۆری ھەبوو لەلایەن ئەو ھێزانەی کە دژی خەلافەتی ئەمەوی بوون بەتایبەتی لە لایەن شیعەکانەوە. لە ساڵی ٧٤٧ ھێزی ئەبوو موسلیم لە یەکیاندا لەگەڵ ئەمەویەکان ئەوە بوو سەرکەوتن و عێراقیان گرت و بوو بە یەکەم خەلافەی عەباسییەکان لە بەغدا. لە ژێر دەسەڵاتی حەوت خەلافەتی یەکەمی عەباسیدا بەغداد بوو بە سەنتەری دەسەڵات، لەوێ زانست و فەیلەسوفی و ڕۆشنبیری و بازرگانی گەشەیەکی چاکی کرد. خەلافەتی عەباسی دەسەڵاتی جگە لە عێراق و ئسپانیا و باکووری ئەفریقا، سووریا، کەنداوی عەرەب، ئێران و گەلێک ناوچە لە ئاسیای ناوەراست و ھیند گرتەوە. لە ساڵی ٩٤٥ بە غدا داگیرکرا لە لایەن بویودییەکان کە شیعە بوون. لە ساڵی ١٠٥٥ تورکەکان (سەلجوقییەکان) کە سونی بوون دەستیان بە سەر بیودەکان داگرت. لە لایەن عەباسییەکانەوە سەرکردەی سەلجوقییەکان توغریل بەگ بە ناوی مەلیکی ڕۆژھەڵات ناو دەبرد. لەژێر دەسەڵاتی سەلجوقی بە سەرکردایەتی مالیک شا فەرمان ڕەوایەتی خۆی گەورە کرد بۆ ڕۆژھەڵاتی دەریایی ناوەڕاست و ئاسیای بچووک و گەلێک بەش لە کەنداوی عەرەب. لە ھەمان کاتدا عێراق لە پێش کەوتن دا بوو لە بارەی ڕۆشنبیری و زانستی دا لە دوای مردنی مالیک ویلایەتەکە ھەڵوەشایەوە[٧][٨]
ھاتنی مەغۆلەکان
[دەستکاری]لە ساڵی ١٢٥٨ مەنغولەکان ھێزی داگیرکەری خۆیان بەرەو بەغدا کەوتونەڕێ و داگیریان کرد.[٩] نەوەی جەنگیزخان، ھولاکۆ، دەستی کرد بەلەسێدارەدانی ئاخیر خەلیفەی عەباسی. و مرۆڤی زاناولێزان، نیگارکێش، شاعیر و مرۆڤی بە دینی لەسێدارەدان ھەروەھا شتەکانی لێتێکدان. عێراق بەڕێوە دەچوو لە تەورێزەوە لە ئێران. دوای سەرکردەی مەغۆل ئەبوسەئید لە ساڵی ١٣٣٥مرد، فەرماندەی جەلایل دەسەڵاتیان گرتە دەست لە عێراق تا ئەو کاتەی سەرکردەیەکی مەغۆلەکان تەیمورلەنگ بوو، بەغدای لە ساڵی ١٤٠١داگیر کردەوە. و زۆر لە خەڵکانی ئەوێی لە سێدارە دان. لەماوەی ساڵی ١٤٠٠ دا عێراق لە بارێکی سیاسی ئاڵۆزدا بوو لەڕووی ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی.
سەفەوی و عووسمانی
[دەستکاری]لە سەرەتای ١٥٠٠ عێراق داگیرکرا لە لایەن تورکیاو فەرمانرەوای شیعەی تورکی (سەفەویەکان). لە ساڵی ١٥٣٤ عێراق داگیرکرایەوە لەلایەن ئیسلامە سونییەکانی عوسمانی کە ئەستەمبوڵیان پایتەخت بوو.[١٠] لە عێراق سێ ناوچە دروست بوو بەغدا، مووسڵ و بەسرە، کە بەڕێوە دەچوون لە لایەن سێ پاشاوە کە سوڵتان لە ئەستەمبوڵ بۆخۆی دەست نیشانی کرد بوون. بەڵام عوسمانییەکان وڵاتەکەیان بەشێوەیەکی کەم و کوڕی و بێسەروبەر بەڕێوە دەبرد بۆیە سەفەویەکان لە ساڵی ١٦٢٣ توانیان عێراق بگرنەوە. لە ساڵی ١٦٣٨ دیسانە کە عوسمانییەکان بە سەرکردەی عوسمان مرادی چوارەم، ھەرسێک ناوچەکەیان گرتنەوە. عوسمانییەکان لە عێراق بوون تا ساڵی ١٩١٨ بەڵام لە زۆر کاتدا، و لە زۆر شوێندا ناوچەی سەربەخۆ ھەبوو. لەوانە کوردەکان فەرمان ڕەوای بابان دەسەڵاتی خستە ژێر دەستی خۆی لە سەروی عێراق لە کۆتای ١٦٠٠ دا. لە ناوچەکانی بەسڕە دا زۆر ناوچە بە دەست شێخەکانی ناوچەکە دا بوون. لە ساڵی ١٧٠٤ حەسەن پاشا لە بەغدا سەرکردایەتییەکی ناوچەی دامەزراند، کە تا ساڵی ١٨٣١مایەوە. لە کۆتای ١٨٩٠ دا و لە سەرەتای ١٩٠٠ کێبەڕکێی گرنگی بریتانییەکان و ئەڵمانییەکان لە عێراق بوو. ئەڵمانییەکان ڕێگایان پێدرا بوو لە لایەن سوڵتانەوە لە ئەستەمبوڵ کە ھێڵی شەمەندەفەر ڕاکێشێ بۆ بەغدا. ئەوەش لە لایەن بریتانییەکانەوە وەکوو دژایەتییەک دەبیندرا دژی دەسەڵاتی خۆیان لە ھیند و ئەڤغانستان.[١١]
جەنگی جیھانی یەکەم و عێراق
[دەستکاری]بریتانییەکان لە شەڕی جەنگی جیھانی یەکەم وردە وردە عێراقی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.[١٢] لە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس لە ساڵی ١٩١٩ عێراق بوو بە ژێر دەستەی بریتانیا. و قەرارەکەش جێبەجێ کرا لە ساڵی١٩٢٠. بریتانییەکان قەراریان دا کە عێراق بکەن بەمەلیکییەت و مەلیک فەیسەڵیان دانا. مەلیک فەیسەڵ کە ھاوپەیمان بووە لەگەڵ بریتانییەکان دژی تورکەکان. ناوچەی موسڵ بوو بە پرسیارێکی ئاڵۆز لە نێوان عێراق و تورکیادا، بەڵام (نەتەوەیەکگرتووەکان) کردیان بە خاکی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥. لە جیاتی ئەوە بریتانیا داوای لە عێراق کرد لە قەرارێک کە لە ساڵی ١٩٢٣ دا ئیمزاکرا بوو کە بۆ ماوەی چوار ساڵ بریتانیا لەوێ بمێنێتەوە بەڵام دەیان ویست زیاد بکرێت بۆ ٢٥ ساڵ و پارێزگاری لە کوردەکان بکەن لە عێراق. دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق ھاتەدەستی عەرەبی سونی کە مایەتی، مەلیک فەیسەڵ سونی بووە و و بوونی ئەو چووەتەوە سەر ئایلەی ھاشمی. عەرەبی شیعەی زۆرینە دەسەڵاتی لێ کەم کرایەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا بەڵام کوردە سونییەکەمایەتییەکان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان پتەوتر کرد.
سیستمی پاشایەتی عێراقی
[دەستکاری]سەربەخۆ بوونی مەلیکایەتی لە عێراق لە ساڵی ١٩٣٢ دانی بەرەسمی پێدانرا، لە ساڵی ١٩٣٣ مەلیک فەیسەڵی یەک مردو کوڕەکەی غازی ھاتە جێگای ئەو.[١٣] غازی کێشەیەکی گەورەی ھەبوو لەگەڵ کوتلە ئاینییەکان و کەمەنەتەوەیەکان. غازی لە کارەساتێکی سەیارە دا لە ساڵی ١٩٣٩ گیانی لە دەست دا. کە فەیسەڵی دوو منداڵبوو بۆیە ئامۆزایەکی خۆی، ئەمیر ئەبدوڵڵا دانا بە مەلیک نوری سەئید کە ھاورێیەکی مەلیک فەیسەڵ بوو دەسەڵاتی وەزیرایەتی تەواوی لە دەست دا بوو لە سەردەمی مەلیکایەتیدا عێراق یەکێک بوو لە دامەزرێنەرەکانی نەتەوەیەگرتووەکانی عەرەب لە ساڵی١٩٤٥ و ھەمان ساڵ بوو بە ئەندام لە وڵاتە یەگرتووەکان. عێراق دژی پلانی دابەشکردنی فەڵەستین بوو لە وڵاتە یەکگرتووەکان و بەشداری بەھێزی چەکداری شەڕی عەرەب و ئیسرائیل کرد لە ساڵی ١٩٤٨. بەرھەم ھێنانی نەوت زیادی کرد و بۆڕی نەوت بۆ لوبنان و سوریا دروست کران لە نێوان ساڵەکانی ١٩٤٩بۆ١٩٥٢، ئەوەش بۆ ھۆی پەرەسەندنی ئابووری وڵاتەکە. ئەو ھێزانەی کە دژی ڕژێم بوون زۆر بەخێرایی لە زیاد بوون دا بوون، بەھۆی ناڕەزای دژی ڕژێم و بەڕازی نەبونی ھاوبەشیکردنی ڕژێم لە پەیمان نامەی بەغدا لە ساڵی ١٩٥٥. ھەروەھا لە بەر ئەوەی ڕژێمی نوری کەوتبۆ پارە خواردن و بەرتیل خواردن و خەڵکی سیاسی دژ بە ئەو ئازارو ئەشکەنجە دەدران. لە ساڵی١٩٥٨کودەتایەک دژی مەلیکایەتی فەیسەڵی دوو نوری سەحید بەرپا بوو کە ناوی بە شۆڕشی ١٤ی ئەیلوول دانرا. لە کودە تایەکەدا مەلیک فەیسەڵی دوو، و ئەمیر ئەبدوڵڵا کوژران و نوری سەئید لە ڕێگای ھەڵاتن دا کوژرا[١٤]
شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨
[دەستکاری]شۆڕشی ١٤ی جولا (گەلاوێژ) لە بنەچەدا کودەتای سەربازی لە ١٤ی جولای ١٩٥٨،[١٥] لە دژی سیستەمی پاشایەتی و لە دژی مەلیک فەیسەڵی دووەمی عێراق بەئەنجام گەیەنرا کە بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان لەم شۆڕشە بەکۆی گشتی ١٠٠ کەس کوژران، لە ئەنجامی شۆڕش یان کودەتاکە عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی ھێنراو ڕژێمی کۆماری لە عێراق ڕاگەیێنرا[١٦]
سەردەمی کۆماری ١٩٥٨
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٥٨ سەردەمی مەلیکایەتی ڕوخاو دەوڵەتی عێراق دروست بوو و عەبدولکەریم قاسم ھاتە سەر حوکم.[١٧] قاسم بانگەوازی بیروڕای ئازادی دەکرد و پەیماننامەی بەغدای لە ساڵی ١٩٥٩ ھەڵوەشاندەوە. قاسم، بارزانی بانگ ھێشت کردەوە بۆ خاکی عێراق لە وڵاتی دەربەدەری یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکاتە.[١٨] قاسم لە سەرەتادا ھاریکاری دەکرا لە لایەن عەرەبەکان و شوعییەکان ھەروەھا سەرۆک ھۆزەکانی کورد وەک بارزانی لە حکومڕانی خۆیدا. بەڵام ئەو ھاریکارییە زۆر تەمەنی کورت بوو. گرژی لە نێوان قاسم و بارزانی دا دروست بوو لە سەر بەڕێوە بردنی ئۆتۆنۆمی کوردستان. ھەروەھا لەگەڵ کۆمۆنیستەکان بارو دۆخی ئاڵۆز بوو تاوای لێھات قاسم لەکودەتایەکی سەربازی لە ساڵی ١٩٦٣ دا کوژرا. حکومەتێکی تازە بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف ھاتە سەر حوکم. عەبدولسەلام عارف لەکارەساتێکی کۆپتەردا لە ساڵی ١٩٦٦ دا کوژرا.[١٩] جەنەڕاڵ عەبدولرەحمان ئارف کە برای عەبدولسەلام بوو ھاتە جێگای ئەو. لە ساڵی ١٩٦٨ عەبدولرحمان لە کودەتایەک دا لە سەر حوکم لابردرا.[٢٠]
ڕژێم بەعس
[دەستکاری]حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست[٢١] و جەنەراڵ ئەحمەد حەسەن بەکر بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق.[٢٢] دروشمی حزبی بەعس ئەوە بوو «یەکێتی حزبی سۆسیالیستی عەرەبی بوو، لە دویشدا نیشتیمانی عەرەبی قسەی سەر زاریان بوو. دان پێدانان بەڕەسمی بەمافەرەواکانی کورد و ناوچە کوردییەکان، ئەوە بوو بەیانی ١١ ئازاری ١٩٧١لێ کەوتەوە،[٢٣] بەڵام ڕژێمی بەعس لە پەیمانەکانی خۆی پاش گەز بۆوە پەیمانی جەزائیریان لە ساڵی ١٩٧٤ مۆر کرد لەگەڵ ئێران.[٢٤] لە پاش مردنی (کوشتنی) ئەحمەد حەسەن بەکر لە ساڵی ١٩٧٩سەددام حوسێن ھاتە سەر حوکم، کە دەمێک بوو دەسەڵاتی سەرەکی لە دەست دابوو.[٢٥]
شەری عێراق و ئێران
[دەستکاری]شەڕەکە لە نێوان ئێران و عێراق دا ڕوویدا ئێران بەسەرکردایەتی ئایەتوڵا خومەینی و عێراق بەسەرکردایەتی سەدام حوسێن، لە ساڵی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨ شەڕەکە ٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٦ ڕۆژی خایاند.[٢٦] لە ساڵی ١٩٨٠ عێراق دەیەویست، سنوری شەتلعەرەب بگێرێتەوە بۆ خۆی کە لە ساڵی ١٩٧٤ عێراق دابووی بە ئێران لە بری ئەوەی ئێران ھاریکاری کوردەکان نەکات. عێراق ھاریکارییەکی تەواوی ھەبوو لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانەوە دژی شیعەی ئێران. لە شەرەکەدا ئەورووپا و یابان وڵاتی دورگەی عەرەبی بەتایبەتی سعودییە ھاریکاری عێراقیان دەکرد بەپارە (قەرز) بە نزیکەی ٨٠ میلیارد دۆلاری ئەمریکی. دوای ڕاوەستانی شەڕ،[٢٧] وڵاتەکان دەیان ویست قەرزەکانی خۆیان لەگەڵ عێراق باس بکەن. بەڵام عێراق خۆی لە گێلی دەدا. ئەمریکا کە قەرزی نەدابوو بە عێراق لە جیاتی ئەوە قەرزی پێداو یارمەتی خواردەمەنی بە عێراق دەدا. ئەمریکا گەلێک کومپانیای نەوتی عێراقی کڕی و ھاوکاری ئەمریکا و عێراق زۆر گەرم بوو تا ئەو کاتەی عێراق لە ساڵی ١٩٩٠ کوێتی داگیر کرد، و لە ھەمان ساڵ دا پەیمانی ئاشتی لە نێوان ئێران و عێراق مۆر کرا. دوو سەبەبی ھێرشی عێراق بۆ سەر کوێت، یەکەم: عێراق دەی گوت کوێت سەر بە عێراق بووە و یەکێکە لە ناوچەکانی بەسڕە و. سەبەبی دووەم: داواکردنی کوێت لە قەرزەکانی کە دابووی بە عێراق دژی شەڕی ئێران.[٢٨] ئەوە بوو ئەمریکا بە ڕەزامەندی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ ھاوپەیمانییەکانی کە بریتانیا، فەڕەنسا و پێنج وڵاتەکەی کەنداوی عەرەبی، میسر، سوریا و مەغریب ھێرشیان کردە سەر عێراق. ئازاد کردنی کوێت لە ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ دەستی پێکرد و لە ٢٨ ی مانگی شوباتی ھەمان ساڵ شەڕ ڕاوەستا. ھاوپەیمانەکان کوێتیان بە عێراق بەجێھێشت و سەرکەوتن، عێراق بە ھەموو مەرجێکی ئەمریکا ڕازی بوو. لەو مەرجانە نەمانی زۆری ھێزی سەربازی، داپڵۆساندنی چەکی قورس و دان پێنان بە وڵاتی کوێت.
ڕاپەرینی کوردەکان و شیعەکان
[دەستکاری]لە خواروی عێراقەوە شیعەکان و لە کوردستانیشەوە کوردەکان ھەلیان قۆستەوە بە کزبوونی ڕژێم و دەستیان کرد بە ڕاپەڕین. لە کوردستان لە ٥ ی مانگی ئازاری ١٩٩١ گەلی کورد بە ھاوکاری پێشمەرگە ڕاپەڕینی خۆیان دەست پێکرد لە شاری ڕانیەوە.[٢٩] گەلی کورد ئەوەندە تامەزرۆی ئازادی بوو یەکگرتنەکی تەواوی خەڵکانی گرتپۆوە، ھەمووی یەک دەنگ یەک ھەڵوێست بێ ئەوەی بیر لە تەسکایەتی حزبی یان کەسایەتی بکاتەوە. دروشمی خەبات و ئازادی بوو بۆ کوردستان. بۆ ماوەیەکی کەم گشت ناوچە کوردییەکان ئازاد کران بە کەرکوکیشەوە.
کۆڕەوی ١٩٩١
[دەستکاری]ڕژێمی بەغدا لە خواروی عێراقەوە کەوت بۆ سەر گیانی شیعەکان و کوشتن و برین و بەکۆمەڵ کوشتن. لە خووارو ڕاپەرینی شیعەی تواندەوە و ھەموو ھێزەکەی خۆی کۆکردەوە بۆ سەر کوردستان، بەکۆپتەر و تۆپ و لەشکرەوە ھێرشی ھێنا، ئەوە بوو کۆڕەوە بەکۆمەڵەکەی چەند ملیۆنی لێ کەوتەوە. دەتوانین بڵێین خۆش بەختانە لەرێگەی میدیاکانەوە کارەساتە دڵتەزێنەکە گوێزرایەوە بۆ سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکان لە گشت جیھاندا. ھێزە ھاوپەیمانەکان دوو ھێزی دژە فڕۆکەیەکانی عێراقیان دروست کرد، کە عێراق نەتوانێ جموجۆڵی سەربازی و فڕۆکەیی لەم ناو چانەدا بەکار بھێنێ، ئەویش ھێڵی ٣٢ لە خوارەوە، و ھێڵی ٣٦لە سەرەوە.[٣٠]
مێژووی عێراق لە ٢٠٠٣- تا کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١
[دەستکاری]ساڵی ٢٠٠٣ وڵاتی عێراق قۆناغێکی نوێی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد ئەویش دوای ئەوە لەلایە ئەمریکاوە بەھاوکاری ژمارەیەکی بەرچاو لە دەوڵاتە ھاوپەیمانەکانی ھێرشی کرایە سەر کە بووە ھۆی کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی بەعس و سەرۆک کۆمارەکەی کە سەددام حوسێن بوو.[٣١] ئەمریکا توانی بە ماوەی چەند مانگێک تەواوی عێراق کۆنتڕۆڵ بکات و ھێزەکانی عێراق تیک بشکینێت ئەم شەڕە بە چەند ناوێک ناوبانگی دەرکردووە لەوەنە (پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق، جەنگی عێراق، جەنگی داگیرکردنی عێراق، ڕووخانی ڕژێمی بەعس) ھەر دوای ھێرشەکە بنەماڵەی سەدام ڕوویان لە ئوردن کرد سەددام و ھەردوو کورەکەی لە عێراق خۆیان حەشاردا دواتر پۆل برێمەر بە حاکمی عێراق دانرا تا ساڵی ٢٠٠٤بڕیاری ھەڵوەشانەوەی حیزبی بەعس و سەرجەم یەکە سەربازییەکانی دەرکرد.[٣٢] لە مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٠٣ سەددام لەناو چاڵیک کە لە نزیک گوندێکی ناوچەی تکریت بوو لەلایەن ھێزێکی مارێزی ئەمریکا دەستگیرکرا ئەم دەستگیرکردنە بەشێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەلایەن میدیا جیھانی و عەرەبی و ناوخۆیییەکان بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەی ھەبوو دوای چەندین دادگایی دواجار لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە ساڵی ٢٠٠٦ حوکمی لە سێدارەدانی بۆ درەچوو و پاشان لە سێدارەدرا.[٣٣]
ئاکامەکانی ئەم جەنگە
[دەستکاری]ئاکامەکانی ئەم جەنگە بۆ عێراقییەکان جێگای دڵ خۆشی نەبوو وەک ئەوەی چاوەڕوانیان دەکرد چونکە دای تێپەربوونی چەندین ساڵ بەسەر ھێرشەکە و لەناو چوون و ھەڵوەشانەوەی حیزبی بەعس بەڵام نەتوانرا ژیانێکی جێگیر و سەقامگیر دابین بکرێت بۆیان بەڵکو ڕووبەرووی چەندین شەڕ و ململانێی ناوخۆی و مەزھەبی و گرووپە توندڕەوەکان بوونەوە کە وای کرد عێراق ببێتە مەترسیدارترین شوێن بۆ نیشتەجێ بوون و سەردانی کردن بە شێوەیەک ئاماری کوژراوان تا ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە ١٢٣ ھەزار ھاوڵاتی عێراقی بوو[٣٤][٣٥]
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
[دەستکاری]لەڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ بەڕێوەچوو، لەھەمان ڕۆژدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم ھەڵبژاردنە بۆ درووستکردنی حکوومەتێکی ئینتقالی بوو، ٢٧٥ ئەندام مافی ئەوەیان پێدرا کە لەنووسینەوە دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق بەشداربن لەدوای دەستێوەردانی دەرەکی و لابردنی دەسەڵاتەکانی سەددام حوسەین. ھاوپەیمانی عێراقی یەکگرتوو بەڕێبەرایەتی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراقی عەلی سیستانی زۆرینەی دەنگەکان بەڕێژەی ٤٨٪ بەدەستھێنا، ھاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان بەپلەی دووەم توانی ٢٦٪ ڕێژەی دەنگەکان بەدەستبھێنێت، ھەروەھا لیستی عێراقی بەسەرکردایەتی ئەیاد عەلاوی ڕێژەی ١٤٪ دەنگەکانیان بەدەستھێنا. لەکۆی گشتی ١٢ حیزب توانیان کورسی پەرلەمان بەدەستبھێنن. ڕێژەی بەشداریکردنی سوننەی عەرەب کەمبوو لەم ھەڵبژاردنەدا، لە پارێزگای ئەنبار تەنیا ٢٪ خەڵک بەشداربوون[٣٦] لەکاتی ھەڵبژاردنەکە زیاتر لە ١٠٠ ھێرشی چەکداری ڕوویدا، بەلانی کەم ٤٤ کەس کووژران کە نۆ کەسی خۆکووژبوون بە بۆمب، لەنێو قوربانییەکان ٢٠ کەس لە بەغدای پایتەخت بوون.
ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار
[دەستکاری]ساڵی ٢٠٠٥ بە شێوەیەکی کاتی غازی یاوەر بووە سەرۆک کۆمار عێراق تاکاتی ھەڵبژاردنەکان[٣٧] پاشان بە ھەڵبژاردنێکی ڕاستەوخۆ جەلال تاڵەبانی بە شێوەیەکی ڕەسمی بووە سەرۆک کۆماری عێراق ئەمەش یەکەم جار بوو لە مێژوودا کوردێک ببێت بە سەرۆک کۆمار تا ساڵی ٢٠١٤ لە پۆستەکەی مایەوە بەڵام بەھۆی نەخۆش کەوتنی دەستی لەکار کێشایەوە[٣٨]
کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ٢٠١١
[دەستکاری]ھێزەکانی ئەمریکا پاش ئەوەی ھێرشیان کردە سەر عێراق بۆماوەی ٦ ساڵ لە عێراق مانەوە بۆ ئەوەی کار و بارەکانی ئەم ولاتە ڕێکبخات ئەم مانەوەیە زۆرە بۆ بەشێکی عێراقییەکان جێگای قبوڵ نەبوو بۆیە بە داگیرکار ناویان برد و لەڵایەن گروپە توندڕەوەکانەوە زۆرترین جار دەکرانە ئامانجی ھێرشەکانیان بۆیە ئیدارەی ئەمیرکا بەتایبەت دوای ئەوەی باراک ئۆباما بوو بە سەرۆک کۆمار پڕۆسەی کشانەوەی ھێزەکانیان لە خاکی عێراق دەست پێکرد تا ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ دوای زیاتر لە چوار ھەزار کوژرا و بریندار بوونی دەیان ھەزار سەرباز ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە خاکی عێراق دەرچوون ئەم کشانەوەیەش بێ زیان نەبوو چونکە بووە دەرفەتێک بۆ گروپەکان تا لە نەبوونی ئەمریکا ھەژموونی خۆیان زیاتر بکەن بە تایبەت ئەو گروپانەی سەر بە ئێران بوون و دواین دەرئەنجامی ئەم کشانەوەیە ھێرشی گروپی چەکداری داعش بوو بۆ سەر عێراق[٣٩][٤٠]
مێژووی عێراق لە ٢٠١١ تا ئیستا
[دەستکاری]ئەم بەشە واڵایە. دەتوانیت بە زیادکردنی یارمەتیی بدەیت. |
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ سۆمەریەکان ناونیشانی وتارێک لە ماڵپەری مێژووی کورد (ئەرشیف٢٠١٦)
- ^ کتێبی کۆمەڵایەتی قۆناغی ٧ی بنەڕەتی بەشی میژوو (ئاشورییەکان)
- ^ کتێبی ئەسکەندەری مەکدۆنی نوسینی ھارۆڵد لمپ وەرگێرانی علی ئەکبەر مەجیدی چاپی سێیەم خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما٢٠١٣
- ^ عیراق مێژوویەک لە خوێن نوسینی ھەژار جەمال ناونیشانی وتارێک لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێ (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ کتێبی خەلیفەکانی ڕاشدین لە نێوان جێنشی بوون و شەھید بووندا دانانی:دکتۆر سباح عبدالفتاح وەرگێرانی فاتح محمد سەنگاوی
- ^ زیاتر لە ١٣٨٠ ساڵی تەواو بەسەر کوژرانی ئیمام حوسێندا تێپەڕی ناونیشانی ڕاپۆرتیک لە ماڵپەری nrt(ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ پوختەی مێژووی ئیسلامی، نووسینی/ د. سھیل طقوش
- ^ بەغداد ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.: پایتەختی کەوتنە مێژوویییەکان
- ^ ھۆلاکۆ لە ساڵی (1285ز) توانی بەغداد داگیربکات و کۆتایی بە خەلافەتی عەباسی بھێنێت
- ^ کتێبی مێژووی کۆنی عێراق (بەزمانی عەرەبی)
- ^ کتێبی مێژووی پۆلی ١٢
- ^ کتێبی چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێراق دانانی چارڵز تریب وەرگێرانی (محەممەد حوسێن ئەحمەد، عبدلقادر کەڵھوڕی) چاپی سێیەم٢٠١٣
- ^ مەلیک و سەرۆکەکانی عێراق
- ^ کتێبی چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی عێراق دانانی چارڵز تریب وەرگێرانی (محەممەد حوسێن ئەحمەد، عبدلقادر کەڵھوڕی) چاپی سێیەم٢٠١٣
- ^ ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ شۆڕش بوو یان کودەتا؟ بابەتێک لە ماڵپەڕی ڕووداو (ئەرشیف٢٠١٣)
- ^ ٦١ساڵ بەسەر کۆتایی ھاتنی سیستمی پادشایەتی لە عیراقدا تێدەپەڕێت ١٤ی ئابی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. بابەتێک لە ماڵپەڕی ڕاچڵەکێن (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ چواردەی تەممووزی 1958 دەسەڵات لە پاشایەتییەوە گۆڕا بۆ کۆماری[بەستەری مردوو](GKئةرشیف2018)
- ^ چەند زانیارییەک لەسەر ژیان و مێژووی مستەفا بارزانی ٣ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. لە ماڵپەڕی dailykurdistan(ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ عەبدولسەلام عارف[بەستەری مردوو] ئەفسەرێکی سەرکێش بەجلوبەرگی سەرۆکەوە ماڵپەڕی شارپرێس (ئەرشیف2019)
- ^ سەددام چۆن کوودەتای بەسەر عبدولڕەحمان عارف کرد ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی دیپلۆماتیک (ئەرشیف ٢٠١٨)
- ^ حزبی بەعس و دەسەڵات لە ماڵپەڕی peyserpress و دەسەڵات
- ^ ئەحمەد حەسەن بەکر ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. لە مامۆستایییەوە بۆ سەرۆک کۆمار
- ^ ٤٥ ساڵ دوای ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار ناونیشانی بابەتێک لە ماڵپەڕی سپێدە
- ^ ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازار بۆچی سەرکەوتوونەبوو
- ^ سەددام حوسێن لە عۆجەوە بۆ بەرپەتی سێدارە ماڵپەری مێژووی کورد (ئەرشیف٢٠١٦)
- ^ عێراق و ئێران جەنگێک لە سەر ساجی علی بابەتێک لە ماڵپەڕی سپێدە (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ ڕاگرتنی شەرٍی سەدە بابەتێک لە ماڵپەڕی peyserpress (ئەرشیف٢٠٢٠)
- ^ داگیرکردنی کوێت ئەو یادەوەرییە تاڵەی لە بیری عێراقی و کوێتییەکان ناچێتەوە بابەتێک لە ماڵپەڕی ڕووداو (ئەرشیف٢٠٢٠)
- ^ یەکەم تەقەی ڕاپەرینی بەھاری ۱۹۹۱[بەستەری مردوو] ڕاپۆرتێک لە ماڵپەڕی دیپلۆماتیک (ئەرشیف ٢٠١٨)
- ^ کۆڕەو کۆچی ملوێنی ماڵپەری سپیدە (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ ٣٥ ساڵ دەسەڵات بەرگەی ٢١ رۆژی نەگرت بابەتێک لە ماڵپەڕی دیپلۆماتیک (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ ساڵەکەم لە عێراق - بیرەوەرییەکانی پۆل بریمەر لە عێراقدا
- ^ بۆچی سەددام لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا ١٨ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. لە سێدارە درا
- ^ ١٤ ساڵ دوای کەوتنی بتەکە[بەستەری مردوو] ناونیشانی بابەتێک لە ماڵپەری PUKMEDIA(ئەرشیف٢٠١٧)
- ^ کێ براوەی جەنگی رووخانی ڕژێمی بەعس بوو ؟[بەستەری مردوو] بابەتێک لە ماڵپەڕی دیپلۆماتیک (ئەرشیف٢٠١٩)
- ^ ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ساڵی ٢٠٠٥ ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ غازی عەجیل ئەلیاوەر”ی یەکەمین سەرۆککۆماری عێراق دوای سەدام حسێنی نوچە نێت(ئەرشیف٢٠١٥))
- ^ ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال[بەستەری مردوو] لە ماڵپەڕی میللەت پرێس (ئەرشیف٢٠١٧)
- ^ سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق – چوار ھەنگاو بەرەو دواوە، دوو ھەنگاو بۆ پێشەوە
- ^ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ھەڵەیەکی ستراتیژییە (ئەرشیف٢٠١٧)
- بەشداربووانی ویکیپیدیا، «تاریخ العراق»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە مێژووی عێراق تێدایە. |
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە تەممووزی ٢٠٢٤
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە ئایاری ٢٠٢٢
- وتارەکان بە بەستەرە دەرەکییە مردووەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
- مێژووی عێراق
- مێژووی شام
- مێزۆپۆتامیا
- مانگیلەی بەپیت