فەیسەڵی دووەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فەیسەڵی دووەم
بە عەرەبی: فيصل الثاني
لەدایکبوون٢ی ئایاری ١٩٣٥
بەغدا، عێراق
مردن١٤ی تەممووزی ١٩٥٨(١٩٥٨-٠٧-١٤) (٢٣ ساڵ ژیاوە)
بەغدا، عێراق
ھۆی مەرگبرینی فیشەک
کوژراوە بە دەستیQ22934547
شوێنی ناشتنبەغدا
باوکغازی یەکەم
دایکعالییە کچی عەلی
خێزانھاشمییەکان
پیشەشا، سەرباز
پۆستەکانپاشای عێراق
پەروەردەقوتابخانەی ھارۆو، قوتابخانەی ساندرۆید
ئایینسوننە، ئیسلام
باری تەندرووستیئاسم
وەرزشجودۆ
لقی سەربازیھێزی ئاسمانیی شاھانە

شا فەیسەڵی دووەم بن غازی بن فەیسەڵ بن حوسێن بن عەلی ھاشمی (بە عەرەبی: الملك فيصل الثاني‎) (٢ی ئایاری ١٩٣٥ – ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨)، سێیەم و کۆتا پادشای عێراق لە بنەماڵەی ھاشمییەکان. لە ساڵی ١٩٣٩ دوای کۆچی دوایی باوکی بەناوی شا غازی، کرا بە پاشا و لەژێر سەرپەرشتی خاڵۆی بەناوی شازادە عەبدولئیلا بوو بە پاشا، تا گەیشتە تەمەنی یاسایی بۆ حوکمڕانی، لە ٢ی ئایاری ١٩٥٣ تاجی پاشایەتی لەسەر دانرا. شا فەیسەڵ بەردەوام بوو لە حوکمڕانی تا تیرۆرکردنی لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ لە کۆشکی شاھانەی ئەلریحاب لە پایتەختی بەغدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی شاھانە. بە تیرۆرکردنی ئەو دەسەڵاتی ٣٧ ساڵەی پاشایەتی ھاشمی لە عێراق کۆتایی ھات و دوای ئەوە سەردەمی کۆماریی دەستی پێکرد. بەڵام لقی ئوردنی بنەماڵەی ھاشمی مایەوە، کە بە خزمایەتی پەیوەندی بەوەوە ھەیە بەو پێیەی کوڕی ئامۆزای شا حوسێن بن تەلالی پاشای ئوردنە.[١]

ژیان[دەستکاری]

شا فەیسەڵی دووەم کاتێک تەمەنی ٥ ساڵ بوو

لە ٢ی ئایاری ١٩٣٥ لە بەغدا لە دایکبووە، لەوێ گەورە بووە و لەسەر دەستی مامۆستای تایبەت بە سەرپەرشتی زانا مستەفا جەواد زانست و بنەماکانی زمانی عەرەبی و وێژەی عەرەبی خوێندووە، تاکە کوڕی باوکییەتی بەناوی شا غازی، و دایکی شاژن عالییە کچی شا عەلی بن حوسێن، سەرپەرشتی پەروەردەکردنی دەکرد و بەخێوکەری ئینگلیزی (میس ڕۆزالیندا ڕیموس) ھاوکاری شاژنی دەکرد، بەڵام لە سەرەتای منداڵییەوە باوکی لەناو ئۆتۆمبێل تیرۆر کرا و میس ڕیموس لە ماوەی (١٩٤٣–١٩٤٦)دا بۆ بنەماڵەی شاھانە کاری دەکرد، ھەرچەندە ئەم ماوەیە کورت بوو، بەڵام بەس بوو بۆ ئەوەی فێری زمانی ئینگلیزی و ھەندێک ئەتەکێتی گشتی بکات لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوادا. شازادە بەدیعە (لە بیرەوەرییەکانی میراتگری تەختەکاندا) باسی لەوە کردووە کە شاژنە عالییە لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکاندا کۆچی دوایی کردووە، بەھۆیەوە شازادە عابیدییە، خوشکی شاژنە عالییە وەک دایکی شا فەیسەڵی دووەم بوو.

باپیری بەناوی فەیسەڵی یەکەم کە پاشای سووریا بوو و دواتر بووەتە یەکەم پاشای عێراق، فەیسەڵی یەکەم کوڕی شەریف حوسێن بن عەلی ھاشمی شەریفی مەککە و سەرکردەی ڕاپەڕینی گەورەی عەرەبە لە دژی عوسمانییەکان. فەیسەڵی یەکەم برای شا عەبدوڵڵای یەکەم پاشای شانشینی ھاشمی ئوردنە. سەبارەت بە شا تەلال باوکی ش حوسێن بن تەلال، ئامۆزای شا غازی باوکی شا فەیسەڵی دووەمە، مەلیک حوسێن بن تەلال لە پەرتووکی «کاری من وەک پاشا»دا چیرۆکی سەردانەکانی بۆ لای شا فەیسەڵی دووەم گێڕاوەتەوە لە عێراق و پێی دەگوت ئامۆزام.

قۆناغی سەرەتایی[دەستکاری]

خوێندنگەی سەرەتایی لە خوێندنگەی ئەلمەئموونییە خوێندوویەتی، کە دەکەوێتە ناوچەی مەیدان لە نزیک ناوچەی باب ئەلمووعزەم، ھەروەھا دواتر لە کۆلێژی ئینگلیزی ڤیکتۆریا کە دەکەوێتە شاری ئەسکەندەریەی میسر، لەگەڵ خزمەکەی بەناوی حوسێن بن تەلال پاشای پێشووی ئوردن خوێندوویەتی. و لە ساڵی ١٩٤٧ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە.

قۆناغی ئامادەیی[دەستکاری]

شا فەیسەڵی دووەم بۆ خوێندن گەشت دەکات بۆ لەندەن، لەوێ پەیوەندی بە خوێندنگەی ساندوایسەوە کردووە، دواتر لە ٧ی ئایاری ١٩٤٩ پەیوەندی کردووە بە کۆلێژی ھارۆو، لە ٣٠ی ئازاری ١٩٥٠ گەڕاوەتەوە بەغدا، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ لەندەن بۆ ئەوەی خوێندنەکەی تەواو بکات، بەڵام ئەمجارەیان تەنیا نەبوو بەڵکو شاژنە عالییە لەگەڵیدا بوو، لەکاتێکدا کە یاوەری بوو، دایکی چارەسەری خۆی لەوێ تەواو دەکرد، چونکە نەخۆش بوو، ئەمجارە خوێندنەکەی لەگەڵ ئامۆزاکەی شا حوسێن بن تەلالدا بوو کە نزیک بوو لە تەمەنی خۆی و ھاوڕێیەکی نزیکی بوو و پەیوەندییەکی بەھێزیان ھەبوو تا لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٢ لەوێ دەرچوو و لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٢ گەڕایەوە بەغدا.

ھەر لە منداڵییەوە زۆر ئارەزووی لە سواربوونی ئەسپ ھەبوو، بەتایبەتی ئەو ئەسپانەی کە لە پێشبڕکێدا بەکاردەھێندرێن کە پێیان دەوترێت ئەسپی «سیسی»، بەڵام لە ئەنجامی نەخۆشی ڕەبۆ لە منداڵییەوە لێی قەدەغە کرا.

خوازبێنی[دەستکاری]

دەستگیرانی شازادە فادیلە کچی شازادە محەممەد عەلی بن محەممەد بن واحیدەدین بن ئیبراھیم بن ئەحمەد بن ڕیفعەت بن ئیبراھیم بن محەممەد عەلی کەبیر بوو و دایکی بریتییە لە: شازادە خان زادە، کچی شازادە عومەر فارووق، کوڕی خەلیفەی عوسمانی عەبدولمەجیدی دووەم، بەڵام بەھۆی کوشتنییەوە لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ ھاوسەرگیری لەگەڵدا نەکردووە.

یەکێتیی عەرەبیی ھاشمی[دەستکاری]

لە شوباتی ساڵی ١٩٥٨ شا حوسێن بن تەلال شای ئوردن داوای دامەزراندنی یەکێتییەکی ھاشمی عەرەبی کرد لە نێوان شانشینی ھاشمی عێراق و ئوردن بۆ پاراستنی ھاوسەنگی ھێز لە ناوچەکەدا لە دوای دروستبوونی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی لە نێوان میسر و سووریا، و ناویان نابوو «یەکێتیی عەرەبیی ھاشمی»، و ئەندامێتی کراوەیە بۆ ھەر وڵاتێکی عەرەبی کە بیەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی یەکێتییەکە و ئاماژەی بەوەشکردووە کە «ھەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی خاوەنی کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی سەربەخۆ و سیستمی فەرمانڕەوایەتی خۆی ھەیە»، ھەروەھا لە دەستووردا ھاتووە کە پاشای عێراق سەرۆکی یەکێتییەکەیە و بارەگای حکوومەتی یەکێتییەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک شەش مانگ لە بەغدا و شەش مانگ لە عەممان دەبێت، شا فەیسەڵی دووەم بووە پاشا یەکێتییەکە کە تەنیا شەش مانگی خایاند، چونکە لە ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨دا دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق ڕووخا.[٢]

مردن[دەستکاری]

گۆڕی فەیسەڵی دووەم لە گۆڕستانی شاھانە لە شاری ئەعزەمییە لە بەغدا

شا فەیسەڵی دووەم خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بەرەبەیانی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بە یاوەری عەبدولئیلای خاڵی و نووری سەعید سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشت بکات بۆ تورکیا، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی پەیمانی بەغدا، دوای ئەوەش تورکیا بەجێدەھێڵێت و دەڕوات بۆ لەندەن بۆ ئەوەی چاوی بە دەزگیرانەکەی بکەوێت، شا فەیسەڵ ڕۆژی ٨ی تەممووزی ١٩٥٨ی وەک ڕێکەوتێک دیاری کردبوو بۆ گەشتەکەی و زیاتر حەزی لە چاوپێکەوتنی دەزگیرانەکەی بوو نەک ناکۆکی وتارە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەی پەیمانەکەدا. بەڵام لە ٧ی تەممووز وەزیری دارایی داوای لێکرد گەشتەکەی بۆ ٩ی تەممووز دوابخات، بۆ ئەوەی یاسای خزمەتی ناچاریی و یاسای یەکگرتنی دراو و بانکی ناوەندی وڵاتانی پەیمانی بەغدا واژوو بکات، بۆیە پاشا پاش پێداگری ڕازی بوو، و لە ڕۆژی گەشتەکەیدا واتە ٨ی تەممووز، شای ئێران تەلەگرامێکی نارد و ڕای گەیاند کە زانیاری ھەیە و دەیەوێت بیگەیەنێتە ئەنجومەنی پەیمانی بەغدا، ھەروەھا پێشنیاری کۆبوونەوەی کرد لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی پەیمانەکە و سەرۆک وەزیرانیان لە ئەستەمبوڵ لە ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، بۆیە پاشا ناچار بوو گەشتەکەی بۆ جاری دووەم لە ٩ی تەممووزەوە بۆ ١٤ی تەممووز دوابخات.

بەرەبەیانی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ پاشا بە دەنگی تەقە لە خەو ھەستا. ھەمووان ترسان. ئەندامانی پاسەوانی شاھانە چوونە دەرەوە بۆ باخەکانی کۆشکەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی تەقەکان. و تەقەکان زیاد بوون و فیشەکەکان ڕوویان لە کۆشکەکە دەکرد. پاسەوانەکان سەرەتا سەرچاوەی تەقەکانیان نەدۆزییەوە. پاشان یەکێک لە خزمەتکارەکان ڕایکرد بۆ لایان تا پێیان بڵێت گوێم لە ڕادیۆ بووە کە شۆڕشێک ڕادەگەیەنرێت. عەبدولئیلا لە باڵکۆنێکی نزیکەوە داوای لە پاسەوانەکان کرد بچنە دەرەوەی کۆشکەکە تا بزانن چی ڕوویداوە. پاسەوانەکان گەڕانەوە تا پێیان بڵێن ژمارەیەک سەربازیان بینیوە کە دەوری کۆشکەکەیان داوە. پاش ئەوەی پاشا پرسیاری لە بارودۆخەکە کرد، فەرماندەی پاسەوانی شاھانە پێی گوت کە فەرمانیان بۆ دەرچووە کە کۆشکەکە گەمارۆ بدەن و خۆیان لە بەردەمیدا جێگیر بکەن.

عەبدولئیلا بەخێرایی ڕادیۆکەی داگیرساند تا گوێی لە یەکەم لێدوانی بزووتنەوەکە بێت و دەنگی عەبدولسەلام عارف وەک برووسکە لە گوێیدا دەنگی دایەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەخێرایی لێدوانەکانی شۆڕش دەستیان کرد بە گوتنی زانیاری و ناوی ئەو ئەفسەرانەی بەشداربوون لە بزووتنەوەکە. فەرماندەی پاسەوانی شاھانە بە پاشای ڕاگەیاندبوو کە یەکەکانی سوپای یاخیبووان خاڵە سەرەکییەکانی بەغدایان کۆنترۆڵکردووە و کۆمارییان ڕاگەیاندووە و داوا لە بنەماڵەی شاھانە دەکەن خۆیان ڕادەست بکەن.

پاشا تەسلیمبوونی خۆی ڕاگەیاند و داوایان لێکرا لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیدان بچنە دەرەوە، شازادە عەبدولئیلا و دایکی شاژنە نەفیسە، داپیرەی پاشا و شازادە عەبدییە، خوشکی عەبدولئیلا، لەگەڵ پاشا چوونە دەرەوە، پاشان شازادە ھیام، ھاوسەری عەبدولئیلا، و ئەبیگایل ڕازیقییە و چێشتلێنەرێکی تورک و یەکێک لە خزمەتکارەکان و دوو ئەندامی پاسەوانی شاھانە.

دوای ئەوەی خێزانەکە لە حەوشەیەکی بچووکی ناو باخچەکەدا کۆدەبنەوە، عەبدولستار عەبووسی بەبێ ھیچ فەرمانێک تەقە دەکات و دوو فیشەک لە سەر و ملی پاشا دەدات و شازادە عەبدولئیلاش پشتی بریندار دەبێت، دواتر ئەویش گیان لەدەستدەدات. شاژنە نەفیسە و شازادە عەبدییە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، شازادە ھیامیش لە ڕانیدا بریندار بوو. ھەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ڕووداوی تەقەکردنەکە بە ھەڵە لە پاسەوانی شاھانەدا بووە، کە ھێرشبەرەکان وەڵامیان داوەتەوە لەکاتێکدا خێزانی شاھانە لە ناوەڕاستی ھێڵی تەقەکردندا بوون. سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە دۆخی خوێن گەرمی و سەرلێشێواوی وای کردووە ھەندێک ئەفسەری نا ڕێکوپێک و پلە بچووک کە سەر بە بیرووباوەڕی مارکسی بوون دەست بکەن بە تەقەکردن.

ھەندێک لەوانەی کە لەو کارەساتە بە ئازارەدا ئامادەبوون، دەیگێڕنەوە کە شا فەیسەڵی دووەم قورئانی بەسەر سەری خۆیدا ھەڵگرتووە و ئاڵای سپی بە دەستەوە بوو و بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆی ڕادەست بکات و بۆ ئەوەی خێزانەکەی لە لەناوچوون بپارێزێت، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا و ئەو بەیانییە کوژرا و دواتر لە گۆڕستانی شاھانە لە ئەعزەمییە لەگەڵ دایکی و باوکی و باپیرە و داپیرەی بەخاکسپێردرا.

تەرمەکانی دیکە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی ئەلڕەشید، جگە لە تەرمی شازادە عەبدولئیلا کە ڕاکێشرا و دواتر بە دەرگای وەزارەتی بەرگری ھەڵواسرا پێش ئەوەی تەرمەکانی دیکە بسوتێنرێن و فڕێبدرێنە ناو ڕووباری دیجلە. و دەوترێت کە پاشماوەکانی دیکەی شازادە عەبدولئیلا لە گۆڕستانی شاھانە نێژراون.

بەم شێوەیە ڕووداوەکانی بەرەبەیانی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ کۆتایی بە سەردەمی پاشایەتی ھێنا لە عێراق، کە بەھۆیەوە ژیانی شا فەیسەڵی دووەمی کردە قوربانی، و لە ھەندێک سەرچاوەی مێژووییدا بە پیاوێکی داماو وەسف دەکرا کە ھیچ تاوانێکی نەبوو، ئەو کاتەی کە کوژرا تەمەنی تەنیا ٢٣ ساڵ بوو، بەھۆی ئەم کۆمەڵکوژییە کە بووە ھۆی لەناوچوونی بنەماڵەی شاھانە، دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراقدا ڕووخا و ڕژێمی کۆماریی جێی گرتەوە، ڕژێمە نوێیەکە ئامێرێکی کارامەی حکوومی بۆ مایەوە بە سیستمێکی ئابووریی ئازاد و گەشەسەندوو و بوودجەیەکی ھاوسەنگ (ڕاگەیەندراو)، پاشەکەوتکردنێکی زەبەلاح، و ئەنجومەنێکی ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەمەند بە ئەزموون و شارەزایی، کە ٧٠٪ی داھاتی زۆری نەوتی بۆ تەرخانکرابوو، لەگەڵ ئامێرێکی پلاندانانی ئاست بەرز.[٣] [٤] [٥]

پێشانگەی وێنە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]