سەقز

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سەقز
Saqqiz
سقز
—  شار  —
دیمەنێکی شار
سەقز لە کوردستان ھەڵکەوتووە
سەقز
جێگەی لە کوردستاندا
سەقز لە ئێران ھەڵکەوتووە
سەقز
جێگەی لە ئێراندا
پۆتانەکان: ٣٦°١٣′٢٤.٧٩″N ٤٦°١٦′٤.٧٨″E / ٣٦.٢٢٣٥٥٢٨°N ٤٦.٢٦٧٩٩٤٤°E / 36.2235528; 46.2679944پۆتانەکان: ٣٦°١٣′٢٤.٧٩″N ٤٦°١٦′٤.٧٨″E / ٣٦.٢٢٣٥٥٢٨°N ٤٦.٢٦٧٩٩٤٤°E / 36.2235528; 46.2679944
وڵات  ئێران
پارێزگا پارێزگای کوردستانی ئێران
شارستان شارستانی سەقز
ھۆکاری ناونران هۆکاری مێژوویی
بەرزایی ١٬٤٣٠ مەتر (٤٬٦٩٠ فووت)
ژمارەی دانیشتووان (٢٠٠٩)
 • سەرجەم ١٣٠٬٠٠٠
زمان و ئایین
 • زمان کوردی (سۆرانی )
 • ئایین شافعی
کۆد(ەکانی) تەلەفۆن ٠٨٧٤


شاری سەقز یەکێکە لە شارەکانی پارێزگای کوردستانی ئێران. سەقز له باکوور بە بۆکان، لە ڕۆژهەڵات بانە و لە ڕۆژاوا بە دیواندەرە و سنە ڕێگای هەیه. ژمارەی دانیشتوانی شاری سەقز بە پێی دوایین سەرژمێری فەرمی ١٣١،٣٤٩ کەس[١] دەبێت. زمانی خەڵکی سەقز کوردی سۆرانیە. شاری سەقز ٨ ھەرێمی لە خۆ گرتووە کە بریتین لە: میرەدێ، تورجان، تیلەکۆ، خوڕخوڕە، سەرشیو، زێویە، کوڵتەپە.

لە ناوچەی دەوروبەری سەقز دەیان شوێنی مێژوویی و کۆنی وەک ئەشکەوتی کەرەفتوو و قەڵای زێویە و گۆڕە بەردینەکانی قەپڵانتوو ھەن کە دەگەڕینەوە بۆ سەردەمی پێش ھاتنی ئارییاییەکان. دوای ھێرشی سەکاکان و گرتنی ناوچەکە بە ساکز یان سەکاکز ناونرا. دوای ھێرشی ھەڤەخشترە پاشای ماد، کە توانی سەکاکان لە ناو بەرێت، ئەم شارە بە ناوی سەقز مایەوە. شاری سەقز پایتەختی "ماناییەکان" (دەوڵەتێ لە دەوڵەتەکانی ماد) بووە.لە دوای دامەزراندنی حکوومەت بە شێوازت مۆدێرن لە ئێراندا بە ھۆی پێنە‌گەیشتن و نەدانی کەل‌و‌پەلی پێویست لە لایەن ڕژێمی حاکمەوە گوندنشینەکان بۆ گوزەرانی ژیانیان زۆرتر ڕوویان کردووتە شاری سەقز؛ کۆچ کردنی گۆندنشینەکان بوەتە ھۆی کەم بوونەوەی کاری کشتووکاڵ لەم ناوچەدا.

سەقز لە ھاویندا ڕۆژانی گەرم و شەوانی فێنکی ھەیە. بەلام لە زستاندا ھەوایەکی زۆر سارد و ئەستەمی ھەیە. دەرووبەری شاری سەقز چەن کێوی بەرزی لێیە، کە دەتوانین لە ناویاندا نەکەرۆز، وەنەوشە، ئاڵمەڵوو و کێوی مێرگەنەخشینە ناو بەرین. کێوەکانی شاری سەقز ھەر وەکوو بەشەکانی تری کوردستان دەوری سەرەکی لە شێوەی ژیانی ئاژەڵداری و کشت‌وکاڵ ھەیە. چۆمێک کە لە بەناو شاری سەقز تێپەڕ دەبێت ناوی چۆمی زێڕینەیە‌ و بە چەمی سەقز ناوی لێ‌دەبەن کە بە ھۆی گەورە بونەوەی شار دەتوانین بڵێن چۆمی زێڕینە شاری سەقز دەکات بە دوو لەتەوە. ڕۆژانی پشوودان جێگای سەیران و شادی و ھەڵپەڕکێ و یاری خەڵک بووە. ھەروەھا بۆ بەربەرەکانێ لە بەرانبەر داگیرکەراندا چیاکانی سەقز سەنگەڕێکی پۆڵاین بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی مرۆڤی ئەم ناوچە. لە ڕووبارەکانی سەقز ماسی سپی و قزەل‌ئالا دەژین. ماوەیەکە لە ‏چۆمەکانی ئەم ناوچە گەڕای ماسییە جۆراوجۆرەکان پەروەردە دەکەن، کە ئەمە دەبێتە ھۆی دروست بوونی جۆری زیاتری ماسییەکان.

ناو[دەستکاری]

ناوی ئەمڕۆی سەقز لە نێوی ھۆزی سەکە، یان سەکا، یان سێکز، بە خەڵات بۆ ئێمە ماوەتە‌وە و سەقز ھەمان ساکزە. لە دەورانی دەسەڵاتداری مادەکاندا، سەکاکان بە بەردەوامی ھێرشیان دەکردە ھەرێمی دەسەڵاتدارییان و شەڕیان پێدەفرۆشتن. سکاکان ھەندێک جار لە گەڵ ئاشوورییەکان دەبوون بە ھاوپەیمان، و ھەندێک جاریش لە گەڵ مادەکان ھاوپەیمانیان دەبەست و بە دژی ئاشوورییەکان شەڕیان دەکرد. پاش ھێرش کردنی سەر لە نوێی ئاشوورەکان بۆ سەر مادەکان، خشتیریە بۆ کۆتایی ھێنان بە ھێرشەکانی ئاشوورییەکان، پەیمانێکی گەورەی ھاوپەیمانی لە گەڵ ماناییەکان و سەکاکان بەست و بە کرەوە بەرەێکی گەورەی شەڕی دژ بە ئاشوورییەکان کردەوە. مێژووی سەقز لە دەوروبەری ساڵی ٦٥٠، دەسەڵاتی پاشایەتی مادەکان، دەوڵەتێکی گەورە و بە ھێز و ھاوسەنگ لە گەڵ ماناییەکان و ئورارتوو و عیلامییەکاندا بوو. پاش سەکاکان، کیمێریەکان کە یەکێکی دیکە لە ھۆزە سەحرا نشینەکانی باکوری قەوقاز (قەفقاز) بوون، ھێرشیان کردە سەر ئەم ناوچەیە کە ئێستا بە کوردستان دەناسرێت و لە سەر ڕێگەی خۆیان دە‌سەڵاتی دەوڵەتی ئورارتوویان، لە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ و ڕۆژھەڵاتی ئاناتۆلی، لە نێو برد. ھووخشترە، گەورەترین پاوشای مادەکان لە ١٠ ساڵی یەکەمی فەرمانڕەواییدا، توانی پەیوەندی خۆی لە گەڵ پاوشای سەکاکان بە نێوی (پڕۆتۆسیس)، بە ھاوپەیمانیێکی گەورە پەرە پێبدات. ھووخشترە، سپاکەی بە دوو بەشی پیادەی چەکدار کراو بە نێزە، و سواری چەکدار کراو بە تیروکەمان، دابەش بکات و دەوڵەتێکی بە ھێز بنیات بنێت. (شیاوی باسە کە ناوبراو ئەم شێوازە لە سەکاکانەوە فێر ببوو). مێژووی سەقز لە دەورانی حوکمڕانی ھووخشترە، پاش ئاگادار بوون لە بەستنی ھاوپەیمانەتی لە نێوان سکاکان و مادەکاندا، کۆمەڵێکی بەرچاو لە سەکاکانی بۆ ڕۆژئاوای دەوڵەتی ماد، بە زۆر کۆچێندران و ئەم ناوچە بە نێوی ئەوانەوە بە ساکز یان سێکز نێوبانگی دەرکرد و ھەنووکەش بە سەقز نێوی لێ دەبرێت.

دەگوترێت کە ئەم شارە بە نێوی (ئیزیرتا)، لە یەکەمین یەکگرتنی مادەکاندا، پێتەختی ماد بووە. سەرکردەکانی ماد لە دەروبەری شاردا کۆمەڵێک قەڵا وسەنگەریان، ساز کردبوو کە گرینگترینیان زێویە و ئادامائیت ھەڵکەوتوو لە گوندی قەپڵانتووە. ھەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا لەو دەورانەدا سارگێنی دووھەم، پاشای ئاشوورییەکان ھێرشی کردە سەر مادەکان و پاش سەرکەوتن بە سەریاندا ئیزیرتا، زێویە و ئادامیت بە دەستی سوپاکەی وێران کران.

سەقز لە ئاوێنەی مێژوودا[دەستکاری]

ناوچەی سەقز بێ‌گومان یەکێکە لە کۆنترین و مێژوویترین شوێنەکان. لە زەمانی مادەکاندا سقز ناوی "ئەسکیت" بووە. دوای ھێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان و داگیرکردنی سەقز، ناوی ئەو ناوچە ئەگۆڕن بە "ساکز" یان "سەکاکز". دوای ماوەی ٣٠ ساڵ ھووەخشترە پاشای ماد توانی ھێرش کاتە سەر لەشکری دۆژمنان و وڵاتە داگیرکراوەکان بگەڕێنێتەوە سەر حکوومەتی ماد؛ بەڵام ناوی سەقز ھەر وەک خۆی ئەمێنێتەوە. ئەمڕۆکە لە ھەموان ڕوونە کە سەقز پایەتەختی ماناییەکان بووە و "مانا" یەکێک بووە لە تایفەکانی ماد. حکوومەتی مادەکان بە شێوەی پێکھاتە بووە؛ واتە لە نزیکی ٣٠ وڵات کە سیستمێکی حکوومی وەک فیدراڵی ئەمڕۆژی لە نێوانیان دا بوو.

شوێنی مێژووی شاری سەقز، لە ڕۆژھەڵاتی ئێستای شاردایە کە بە زەحمەت بڕێک لە نیشانەکانی ئەدۆزرێتەوە. گەورەترین بە جێ‌ماوی سەردەمی ماناییەکان، قەڵای زێویەیە و بە بڕوای ھەندێک لە مێژووناسەکان ھگمەتانەی بەناوبانگ نەک لە ھەمەدانی ئەمڕۆ بەڵکوو لە زێویەدا بووە.

لە ھێرشی ئاشووریەکان بۆ سەر مادەکان زۆرینەی قەڵاکان و بیناکانی ئەوسەردەمە ڕووخێنران کە ئێستاش وێرانەی ھەندێکیان لە دەور و پشتی شاری سەقز ماوتەوە. قەڵای زێویە کە لە نزیکی سەقزدایە بە وتەی "گیرشمن" خەزێنەی پاشایەتی ماناییەکان بووە. پێش پێکھاتنی ئیسرائیل و بەڕێ کەوتنی جوولەکەکان بۆ ئەو وڵاتە، بە سەدان بنەماڵەی جوو لە سەقز و دەور و پشتی ژیانیان ئەبردە سەر. لە چەن کتێب‌دا ھاتووە کە بە دۆزینەوەی چەن کاسە و گۆزەی بەنرخ لە بواری مێژوو ناسیەوە، بە دەیان جار لە لایەن چەن بازرگانی جوو و بە ھاوکاری دەستگا حکوومیەکانەوە ھەوڵی دۆزینەوە و بردنی ئەو نھێنیە پڕقیمەتەیان داوە و وا دیارە لەو کارەدا سەرکەوتوو بوون لە بەر ئەوەی ئێستا زێویە غەیری دار و دیوارەکەی چی دیکەی تێدا نەماوە. ئەو ھەوڵی بردن و دزین و نەھێشتن لە سەردەمی ئێستاش ھەر بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی ڕێگەی حکوومەتی پێش خۆی بەر نەداوە.

یەکێیکی تر لە شوێنە ئاسەوارە مێژووییەکانی سەقز، ئەشکەوتی کەرەفتووە، کە ھەر لە نزیکی زێویەدایە. کەرەفتوو ئەگەرچی ئەشکەوتێکی سرووشتیە بەلام گۆڕانکاریەکانی مرۆڤی سەردەمی کۆنی تێدا ئاشکرایە. بە پێی ئەو نووسراوەی لە زێویەدا دۆزراوەتەوە، لە نێوان قەڵای زێویە و کەرەفتوو شەڕێک ڕووی داوە و بە زەحمەتێکی زۆر کەرەفتو داگیرکراوە. ھێندێ لە مێژووناسەکان دەڵێن کە ناوی کەرەفتوو ھەر "گرتوو" بووە و وا دیارە ناوی ئەو شوێنە لە ڕابردۆی نە زۆر دووردا، "گەرەفتوو" بووە.

ئایینی خەڵکی ناوچەی سەقز، ھەروەک زۆرینەی وڵاتەکانی ماد، زەردەشتی بووە ھەتا پارتەکان و پاش ئەو عەرەبەکان ھێرشیان کردە سەر ناوچەکە. خەڵکی زۆرێ لە شاران بۆ بەرگری لە شەڕ، ئایینی عەرەبەکان واتە ئیسلام وەر دەگرن، بەڵام خەڵکی شاری سەقز بۆ وەرنەگرتنی ئیسلام شارەکەیان جێ ھێشت و بەرەو کوێستان ڕی کەوتن. ڕۆژگارێکی ناخۆشیان بووە لەو سەردەمەدا ھەر بۆیە لە ناو چیرۆک و گۆرانیەکانی ئەو ناوچەدا یادگارەکانی ئەبینرێتوە:

ھەناسەی سـاردم سەنگـی تـاوانـو-- گەوڕی سەر کێوان منی لاوانـو

گەوڕەکان، زانایانی ئایینی زەردەشتی بوون.

دوای ھاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ناوچەکە، لە سەرەتادا کوردستان لە نێوان چەن ئاغا دابەش کرا و دەسەڵاتیان بەدەست ئەوان بوو. یەکێک لە تایفەکانی وا بۆ ماوەیەکی زۆر و بەسەر بەشێکی زۆری کوردستان حۆکمڕانیان کردە ئەردەڵانەکان بوون. ھەر چەن شاری سەقز کەمتر لە ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکاندا بوو بەڵام ئەردەڵان یەکێک لە تایفە ھەرە گرینگەکانی کوردستان بووە کە ئێستاش لەو بنەماڵە ھەر ماوە. لە دوای ھاتنی ئیسلام لە بەر سنووری بوونی ناوچەکە ھەر دەم کەسێک لە حکوومەتێکەوە دەسەڵاتدار بووە. ماوەیەک ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی، ماوەیەک ئێرانیەکان. لە چەن سەد ساڵی رابردووش‌دا یەکێتیی سۆڤیەت و بریتانیا کاریگەری خۆیان ھەبووە لە سەر ناوچەکە.

خەباتی سیاسی لە سەقز[دەستکاری]

مزگەوتی حەزرەتی عومەر لە گەڕەکی شاناز

ئەگەر لە مێژووی نەزۆر دووری سەقز بڕوانین، لە کاتی دامەزرانی کۆماری مەھاباددا واتە ساڵانی ١٩٤٦و ١٩٤٧، شاری سەقز و دەور و پشتی، یەکێک لەو ناوچانە بوون وا کەوتنە بەشی کۆمارەوە. لە پێک‌ھێنان و پاراستنی کۆمار خەباتگەرەکانی سەقز دەوریان ھەبوو لەبەر ئەوەی شاری سەقز وەک دەروازەی باشووری شاری مەھاباد، پایەتەختی کۆماری مەھاباد بوو. ھەربۆیە کاتی ڕووخانی کۆماری مەھاباد بەشێک لەو ھێزانەی ئەرتەشی ئێران لە باشوورەوە و لە ڕیگەی سەقز ھێرشیان کرد بۆ گرتنی مەھاباد.

ماوەیەک پاش ئەوە، واتە ساڵانی ١٩٦٠ و دوای ئەوە، کوردستان بە گشتی بووە شوێنی پێک‌ھاتنی بزووتنەوە سیاسیەکان. ھەروا سەقزیش بێبەش نەبوو لەوە؛ کۆمەڵە یەکێک بوو لەو بزووتنەوانە کە ھەم لە بوار سیاسەت و ھەم خەباتی چەکداری چالاک بووە و بەشی گرینگ بووە لە خەباتی خەڵکی کورد بۆ مافە ڕەواکانیان. کاک حەمەحسەین کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، خەڵکی شاری سەقز بووە.

ھەروا کۆمەڵەی ژ-ک کە دامەزرێنەری کۆماری مەھاباد بوو و دوای کۆمار ناوی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕدرا لە ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠ دەورێکی گرینگی ھەبووە لە خەباتی گەلی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و لە شاری سەقز لایەنگرانی ئەم حیزبە مەزنە کەم نین ئاوا کە لە ڕۆژانی ٢٢ پووشپەڕی ھەموو ساڵێک، کە ڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانە، خەڵکی شاری سەقز ھەروەک شاری مەھاباد، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان، شار بە تەواوی دادەخرێ.

ئابووری[دەستکاری]

سەقز

ئەگەرچی سەقز وەک شارەکانی دی کوردستان دەبەر سیاسەتی تایبەتی دەسەڵاتی ناوەندی ئێران، چ لە سەردەمی پەھلەوی چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، بەر غەزەب کەوتووە و لا نەگونجاوترین دۆخی ئابووری بەسەر دەبات، بەڵام بازاڕی شاری سەقز بە گەورەترین بازاڕی سەرگیراوی ڕۆژئاوای ئێران دەزانن.

کشت‌وکاڵ بە ھۆی کۆچی خەڵکی لادێ بۆ شار، بەرەو نەمان دەڕوا بەڵام، لە رابردووی نە زۆر کۆن‌دا، بەرەی گەنمی سەقز بەناوبانگ بووە.

ناوی گەڕەکە بەناوبانگەکان[دەستکاری]

بازاڕی جووەکان لە سەقز بەشێکە لە بازاڕی سەرۆ

سەقز لە دوو بەشی کۆن و تازە پێک دێت، لە ساڵانی پێش لە شۆڕشی ئیسلامیدا خەڵکی ناوشاری سەقز لە بەشی کۆنی ئێستادا دەژیان و پێشەیان ئاسنگەری و بازرگانی بوو، هەروەها هەندێک لە ئاغەواتە دەوڵەمەندەکانیش لە بەشی کۆندا دەژیان. بەشە کۆنەکەی سەقز، ئەم چەن کۆڵانە لە خۆی دەگرێت:

ناوقەڵا، بازاڕ سەرۆ، ساحلی، دەباغی، کاروانسەرای تاژەوانچی، حەمام شێخ، حەمام خان، کەوەسوار، کانی ئاشقان، کانی گەرمکاو، سەر پەچە، کانی ‌حەمەو بەو

گەڕەکە تازەکانی سەقزیش ئەمانەن:

حەماڵاوا، قەرەچیاوا، شەهرەک دانژگا، بەردبڕان، تەپ ماڵان، تازاوا، کەریماوا، سەرچنار، ماڵە گولان، شاناز، سەعدی، سیلۆ، ڕوودەکی، تەپەی شافێعی

وێنەکانی سەقز[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. "ژماردنی فەرمیی ساڵی ٢٠٠٦". Archived from the original on 2012-09-19. ، سەرچاوەی ویکیپیدیا بۆ وەرگرتنی ئامارەکان

سەرچاوەکان[دەستکاری]