کۆبانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆبانی
شار
کۆبانی لە کاتی گەمارۆی ساڵی ٢٠١٤
کۆبانی لە کاتی گەمارۆی ساڵی ٢٠١٤
وڵات خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا
پارێزگاحەلەب
شارکۆبانی
دەسەڵات
 • جۆرخۆبەڕێوەبەری ناوچەیی
بەرزایی
٦٢٥ مەتر (٢٬٠٥١ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٦٢٬٦٣٤
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (باکووری)
 • ئایینئیسلام (سوننە) ، یەزیدی

کۆبانی یان کۆبانێ (بە عەرەبی دەوڵەتی: عین العرب (کانی عەرەبان)) باژێرێکی کوردنشینە لە ڕۆژاوای کوردستان لە دیوی چەپی ئاوی فورات، لە سەر تخووبی نێوان سوریا-تورکیا، ھاوسێی شارو دەشتی فرەوانی (سرووج)ـی ئورفایە. لە رووی ئیداریەوە ناحیەکە سەر بە پارێزگای حەلەبە و سەد وپەنجا کیلۆمەتر لێی دوورە. گوزەرانی زۆرینەی خەلکی کۆبانێ لە سەر چاندن و کشتکاریە. دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی سەرجەمیان کوردن. کەمینەیەکی عەرەبیش ھەن. پێشتر چەند ماڵە ئەرمەنی لێ بوو کە دواتر بەرەو حەلەب و ئەرمەنستان کۆچان. پێکھاتەی کوردان پێکھاتەیەکی عەشایەری وەرزێریە بریتیە لە دوو ھۆزی گەورە: "بەرازی" و "کێتکان" کە بۆ چەندان ھۆزو تیرەی بچووکتر دابەش دەبن.

ناو[دەستکاری]

ناوی کۆبانی لە دوو برگە پێک هاتووە (کۆ+بان) کە ناوێکی داڕێژراوی کوردیە لە زمانی کوردیدا بە واتای بانی بەرز دێت یاخود شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک دێت ئەم شارۆچکەیە لەکۆنەوە باژێڕ و زێدی کۆبوونەوەی گوندنشینانی ناوچەکە بووە.لەم ساڵانەی دوایی وەک هەوڵێک بۆ شێواندنی پێناسەی شارۆچکەکە چەند هەوڵێک دراوە بۆ بەلاڕێ دابردنی وەک ناونانی بە (عین العرب) و خواستنی وشەکە لە ووشەی (کۆمپانیا) کە گوایە لە وشەی کۆمپانیاوە ھاتووە چونکە لە ساڵانی ١٩١٠ تا ١٩٢٠ نووسینگەی کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی لێبوو کە پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر (بەرلین- بەغدا) ی جێبەجێ دەکرد،لە کاتێکدا کۆبانێ مەڵبەندێکی ئاوەدانی بووە بۆ سەدان ساڵ بەر لە دامەزراندنی ئەم نووسینگەیەی کۆمپانیای گواستنەوە. دەوڵەتی عەرەبی سوریا ناوەکەی دواتر گۆڕی بۆ (عین العرب) بە واتای کانیی عەرەبان وەک زۆربەی ناوی گوندە کوردنشینەکان وەک سیاسەتێکی شۆفینیانەی پەیڕەوکراو بۆ داپڵۆسینی بوونی کورد و پێدانی پاشخانێکی عەرەبی بە جوگرافیای سووریا.

جوگرافیا[دەستکاری]

رووبەری کۆبانێ (٣٠٠٠٬٢٣) کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ نزیکەی ٢٠٤ ھەزار کەس بوون. لە رووی خاکەوە خاکی کۆبانی بەشێکە سەر بە دەشتی سرووجی رەھا (ئورفا) ٣٠ کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئاوی فوراتە و ١٠٠ کیلۆمەتر لە ئورفاوە و ١٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە. لە باکوور: سنووری تورکیایەو لە یاشوور: سنووری پارێزگای (الرقە) یە لە رۆھەڵات: ھاوسنوورە لەگەڵ گرێسپی (تەل ئەبیەد) لە رۆئاوا: ھاوتخووبە لەگەڵ جەرابلس (کەناری فورات) و مەنبەج. زۆرینەی خاکەکەی دەشتاییەکی راستە. زوورگی کەمە بەرزاییەکانی بریتین لە: چیای مشتەنوور (٦٠٠مەتر) و چیای قەرەبەکر و خان مەحموود و چیای رەش. خاکەکەی کشتوکاڵیەو بە پیتە بەرووبوومی زۆری ھەیەو ھەندێکی رەوانەی دەرەوەی سووریا دەکرێت. کۆبانێ لە چوار ناحیە پێکھاتووە: ناوەند (دانیشتووان:٨١٬٤٢٤کەس)، شێخلەر (شیوخ تەحتانی ٤٣٬٨٦١ کەس)، سەڕین (٦٩٬٩٣١کەس) و جەلەبێ.[١] گرنگترین گوندەکانی بریتین لە: ھەلینج، تەلعەجیب، تەلخەزال، بۆزیک، خانمەمەد، سخور، قلحەدید، قنێ، قوملیخ، گرک، شەران و شێرانێ.

شوێنی کۆبانی ل‏‏‏ە‏‏‏ ناو پارێزگای حه‌ل‏‏‏ە‏‏‏ب (به‌ر‏‏‏ە‏‏‏نگی زه‌رد)

ئابووری[دەستکاری]

ئابووری دەڤەرەکە زیاتر کشتوکالیەو گوندەکانی کە نزیکەی ٣٢٠ گوندن ھەر کای چاندن و جوتیاریی دەکەن. گرنگترین بەرھەمەکانیان بریتین لە: پەمۆ(قوتن)، گەنم، نیسک، نۆک، باینجان، جۆ، گارس (ھەرزن)، کونجی، کەمون (زەردەچەو) و شووتی و گندۆر. ھەروەھا ل زۆر شوێن فستق و میوەی قەیسی و ترێ و ھەنجیر و ھەنار بەرھەم دەھێنرێت.

چاند[دەستکاری]

دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی زۆربەیان کوردن، بە کورمانجی دەئاخڤن، جلوبەرگی ژنانیان پێکھاتووە لە کراس و قەفتان و بەروانک و سوخمەو عەبا. سەریان بە ھەوری و شارو کۆم و کۆفی دەپۆشن. پیاوەکانیش جلوبەرگی عەرەبان دەپۆشن بە حوکمی ھاوسێیەتی و دژواری ناوچەکە: کە بریتیە لە کراس و کۆفیەو عەقاڵ. بەلام شاڵ و شەپکی کوردەواریش لەبەر دەکرێت. کلتووری کۆبانی نزیکە لە کوردانی ئورفا (رەھا) بە حوکمی ئەوەی لە یەک پێکھاتەی کلتووری و خێلەکین. نەریتی کوردەواری لە ناو خەڵکەکەدا زاڵە چ موسڵمان بن و چ ئێزیدی. عەشیرەتی گەورەی "بەرازی" و عەشیرەتی "کێتکان" زۆرینەی دانیشتووان پێک دەھێنن. لە دەورانی دوامینی عوسمانی "بۆزانبەگ" سەرناسی ناوداری عەشیرەتی بەرازی بوو. لە ھۆزی "کێتکان"یش ئەوسا "بەسراوی ئاغا" دەناسرا. بۆزانبەگ نوێنەری روھا بوو لە "مەجلیسی میللی مەزنی" ئەنقەرە. کوڕە برایەکەی ھرچۆ (شاھین شاھین) لە ساڵانی ١٩٥٠ نوینەری پەرلەمانی سووریا بوو لە دیمەشق. ھرچۆ لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی خۆیبوون بوو. رێبەری نەقشبەندی لە کۆبانێ ناوی شێخ ساڵح بوو کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاموودا بوو. ھونەرمەند و رۆشنبیرو دەنگبێژ و سازبەندی کۆبانێ زۆرن وەک: مشۆیێ بەکەبوورێ، باقی خدۆ، رەشید سۆفی، مچۆ کەندەش، ئەحمەد چەپ، کاردۆخ بەیرۆ، سیامەند ئۆسکوللی ھەروەھا پۆلات جان و جاندۆست لە رۆشنبیرانی ئەو دەڤەرەن. له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی کۆبانیش ساڵح موسلیم سه‌رۆکی پێشووى پارتی (پەیەدە) هه‌ره‌ ناسراوه‌کانی کۆبانێیه‌.

ساڵح موسلیم سەرۆکی پێشووى حیزبی پەیەدە

ھۆزەکان[دەستکاری]

دیارترین ھۆز لە کۆبانی و ھەرێمی باشووری ئورفا "بەرازی" یە کە لە مێژووی کوردان دا رۆڵی دیاریان ھەبووە. لە ناو بەرازی عەشیرەتی تر ھەن کە کاتی خۆی سەر بە کۆنفدراسیۆنی خێلەکی بەرازی بوون، شاھین بەگ ناوێک لە بەرەبابی بەگزادەی میران (بەگلەر) سەرۆکایەتی دەکرد. ھۆزەکانی تر بریتین لە:

  • "میران" (Mîran)، "کێتکان"(Kêtikan)، "شێخان" (Şêxan)، "ئؤخیان" (Oxî)، "زروار" (Zirwar)، "ئەلێدینان" (İlêdînî)، "شەدادی"، "مەعاف"، "دنان"، قەرەبەرکیران، "پیژیان" و "بێسکان" و زۆری تر.

کۆبانێ ئەمرۆ[دەستکاری]

پاش رووداوەکانی سووریا کۆبانێ لە ١٩ تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ەوە بەدەست شۆرشگێرانی کوردەوەیە، یەکێکە لە سێ کانتۆنەکانی خۆسەری رۆئاوای کوردستان کە لەلایەن پەیەدەوە راگەیەنراوە. ئێستا کۆبانێ سەنگەرێکی خۆراگری کوردانە دژ بە دیکتاتۆریەتی رژێمى بەشار و دوژمنکاریەکانی چەتە توندرۆیەکان و هەڕەشەى دراوسێکان و درووشمێکى خۆڕاگریە بەرامبەر بە تیرۆرى داعش.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "وەشانی ئەرشیڤکراو". Archived from the original on 15ی Decemberی 2019. Retrieved 13ی Julyی 2014. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help) ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.