سیاسەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سیاسەت
لقیgroup behaviour، adversarial process، activity
لێکۆڵینەوە لەلایەنزانستی سیاسی، interaction science، political sociology
بەستەری داتا دەرەکییەکانhttp://data.europa.eu/euodp/en/data/group/eurovoc_domain_100142
جێبەجێکارسیاسەتوان، citizen، village chief
بەستەری "ستاک ئێکسچەینج"https://politics.stackexchange.com

سیاسەت یان ڕامیاری (بە ئینگلیزی: Politics) پرۆسەیەک یا شێوازێکی وەرگرتنی بڕیارە بۆ گرووپەکان. ھەرچەند باوە کە ڕامیاری بە میرییەوە وابەستە بێ، بەڵام ڕامیاری لە ھەموو چالاکییەکانی مرۆڤدا و لە دامەزراوە ئەکادیمیایی و ئایینی و بازرگانییەکاندا بەدی دەکرێت.

زانستی ڕامیاری بریتییە لە توێژینەوەی ھەڵسوکەوتی ڕامیاری و پشکنینی چۆنییەتیی وەدەستھێنان و پێڕەوکردنی دەسەڵاتە، بۆ نموونە توانای سەپاندنی ویستی خۆت بەسەر کەسێکی تر. گریمانزانێک بەناوی ھارۆڵد لاسوێڵ بەم شێوەیە پێناسەی ڕامیاریی کردووە «کێ چی بەدەست دێنێت و کەی و چۆن؟»

دەوڵەتێکی سروشتی[دەستکاری]

لە ساڵی ١٦٥١دا، تۆماس ھۆبز بەناوبانگترین کتێبی خۆی بوو ناوی Leviathan بە چاپ گەیاند و، لەو کتێبە بۆ بەھانەھێنانەوە بۆ ھاتنەکایەوەی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ مودێلێکی پەرەسەندنی سەرەتاییی مرۆڤی خستە ڕوو. ھۆبز لەو مودێلە باسی لە دەوڵەتێکی نایابی سروشت دەکرد کە تێیدا ھەموو تاکەکان بەیەکسانی سوود لە سەرچاوەکانی سروشت وەردەگرن و لە بەکارھێنانی ھەر ئامرازێک بۆ گەیشتن بەو سەرچاوانە ئازادن. بۆ ھۆبز دەرکەوت کە ئەم جۆرە ڕێکخستنە بووە ھۆی پەیدابوونی «شەڕی ھەمووان دژی ھەمووان»یاخود بە لاتینی "bellum omnium contra omnes". جگە لەوەش، بۆی دەرکەوت کە مرۆڤەکان لەو حاڵتەدا دەچنە نێو حاڵەتێکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و دەستبەرداری مافی ڕەھای خۆیان بۆ ھەندێ جۆری پاراستن دەبن. لەکاتێکدا وا دیارە کە ھەڕەمەکانی زاڵبوون و ھاوکاریی کۆمەڵایەتی بوونیان بۆ سەردەمی بەر لە ھاتنەکایەی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە. مۆدێلی ھۆبز لۆژیکی ھێنانەکایەی کۆمەڵگەی مرۆڤ پیشان دەدات.

مێژوو[دەستکاری]

ڤی جی گلاید ئەو گۆڕانکارییەی کە بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤ کە لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠٠ی پێش زایینیدا ھات بە شۆڕشی شارستانی ناو دەبات. یەکێک لە ڕوخسارەکانی ئەم جۆرە نوێیەی شارستانیەتی، بەدامەزراوەکردنی چینایەتیی کۆمەڵایەتی، چێبوونی پیشە ناکشتوکاڵییەکان (لەوانە پیاوانی ئایین و پارێزەران) باجسەندن و، نووسینە کە ھەموویان پێویستیان بە بوون بە شوێنێکی پڕ لە دانیشتووان- یاخود شارەکانە.

وشەی ڕامیاری (politics) لە وشەی یۆنانیی «پۆلیس»ەوە (polis) سەرچاوەی گرتووە. ڕامیاریی بازرگانی و ئایینی و ئەکادیمیایی و ھەموو جۆرە سیاسەتێکی تر – بە تایبەتی ئەوانەی بەدەست کەم سەرچاوەیییەوە دەناڵێنن- ھەرەمێکی زاڵبون لەخۆیان دەگرن، کەواتە ڕامیارین. زۆربەی جار ڕامیاری لەڕووی پەیوەندیی بە بەڕێوەبردنی حکوومەتەکاندا دەخوێندرێ. کۆنترین شێوەی حکوومەت شێوەی ڕێکخراوی خێڵەکی بوو. حوکمی پاشایەتیی میراتگری، حوکمی گەورەپیاوانی خێل بوو و سیستەمێکی فیۆداڵ وەک ڕێکخستنێک کە تێیدا تاکە خێزانێک کۆنترۆڵی کاروبارە ڕامیارییەکانی گرووپێک دەکرد. کەواتە مێژووی سیستەمی پاشایەتی بۆ ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە بەردەوام بە شێوەیەک لە شێوەکان ھەبووە.

پێناسەکان[دەستکاری]

  • ھێز (Power) توانای سەپاندنی ویستی خووەتە بەسەر کەسێکی تر. ڕەنگە سەپاندنەکە توانای ھێز یان توندوتیژییشی لەگەڵدا بێت.
  • دەسەڵات (Authority) ھێزی سەپاندنی یاساکان و مسۆگەرکردنی ملکەچی و سەرکردایەتیکردن و دەستنیشانکردن و حوکمکردن.
  • شەرعییەت (Legitimacy) خەسڵەتێکی حکوومەتە کە بە ڕێگەی وەدەستھێنان و پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی ھێز بەپێی پرەنسیپ و پێوەری دانپیانراو و قبووڵکراو وەری گرتووە.
  • حکوومەت ئەو دەستەیە کە دەسەڵاتی ھەیە یاسا دەر بکات و بیانسەپێنێ.

ھێزی ڕامیاری[دەستکاری]

ڕستە بەناوبانگەکەی ساموێل گۆمپەرز «دۆستەکانت خەڵات بکە و دوژمنەکانت سزا بدە» باس لە دوو جۆر لە پێنج جۆرەکەی ھێز دەکات کە زانایانی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی باسیان لێوە دەکەن، یاخود با بڵێین ھێزی ھاندەر incentive power (دەسەڵاتی خەڵاتکردن) و ھێزی خورتی coercive power (دەسەڵاتی سزادان). ھەرسێ ھێزەکەی تریش لەم دووانە ھەڵدەقوڵێن. ھێزی شەرعیانە، ھێزی پۆلیس یاخود ناوبژیوان، ئەو دەسەڵاتەیە کە بە تاکێک بەخشراوە و بەو پێیە دەتوانێ پێوەری ھەڵسوکەوتەکان بسەپێنێ. ھێزی شەرعیانە لە ھێزی خورتی دەچێ بەوەی کە ھەڵسوکەوتی نابەجێ بە غەرامە یاخود سزایەکی تر سزا دەدات. ھێزی ناوبژیوان ھێزێکە کە لەبەر چاکی، دەستکەوت، یاخود ھەڵوێست، بە کەسانێک دەبەخشرێت. تێرکردنی حەزی ھەستکردن بە وێکچوون لەگەڵ ناودارێک یا قارەمانێک خەڵاتی ملکەچبوونە. ھێزی پسپۆڕ ھێزێکە لە خوێندن یا ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە. زۆر جار جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکانی ڕاھێنەرێکی بەئەزموون سەرکەوتنی وەک خەڵات لێ بەرھەم دێت. ھێزی پسپۆڕان بە بارودۆخەکانەوە بەندە، چونکە نەشتەگەرێکی مێشک ناتوانێ بۆرییەکانی ئاوی ماڵەکەت بۆ چاک بکاتەوە.

دەسەڵات و شەرعییەت[دەستکاری]

ماکس وێبەر سێ سەرچاوەی شەرعییەتی بۆ دەسەڵات دەستنیشان کردووە کە بە (پۆلینکردنی سێ لایەنەی دەسەڵات) ناسراوە. ھەروەھا، سێ ھۆی پێشنیار کردووە کە لەبەر چی خەڵک ئەو فەرمانانەی کە پێیان دەدرێ، جێبەجێی دەکەن:

تەقلیدی[دەستکاری]

دەسەڵاتە تەقلیدییەکان پشتیوانییان ھەیە چونکە بەردەوامن و پشتیوانی لە بەھا ھەبووەکان و حاڵی حازر status quo دەکەن. دەسەڵاتی تەقلیدی درێژترین مێژووی ھەیە. کۆمەڵگەی باوکسالاری (و لەوەش دەگمەنتر دایکسالاری) سەرچاوەی پاشایەتیی بۆماوەیین کە تیایاندا دەسەڵات بە وەچەکانی سەرکردەکانی پێشوو دەدرا. شوێنکەوتوانیش ملکەچی ئەم جۆرە دەسەڵاتە دەبن چونکە دەڵێن «ئێمە ھەر فێری ئەم شێوازە بووینە.» نموونەی دەسەڵاتدارانی تەقلیدی پادشاکان و شاژنەکانن.

کاریزمایی[دەستکاری]

دەسەڵاتی کاریزمایی بۆ جوانی و ڕۆحسووکیی کەسێک یاخود ھێزی کەسایەتیی تاکێک دەگەڕێتەوە (بۆ نموونەی ھەرە توندڕەو بڕوانە کەسایەتیپەرستن). ڕژێمە کاریزمایییەکان بە تەمەنکورتی ناسراون و بەدەگمەن لەپاش مردنی ئەو کەسانەی بەڕێوەیان دەبەن، دەمێنن.

یاسای ھوشیارانە[دەستکاری]

دەسەڵاتە یاسایی و مەعقوولەکان تواناکانیان لە سەپاندنی ھەڵسوکەوت لەو پۆستەی کە ھەیانە، وەردەگرن. ئەو جۆرە دەسەڵاتە پێویستی بە ملکەچی بۆ پۆستەکەیە نەک بۆ خاوەنپۆستەکە. دیموکراسییە مۆدێرنەکان نموونەی ڕژێمی یاساییی ھۆشیارانەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]