قەڵای زێویە
Coordinates: 36°15′44″N 46°41′16″E / 36.26222°N 46.68778°E قەڵای مێژوویی زێویە لە ٥٥ کیلۆمێتری باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندی زێویە و لە سەر تەپۆڵکەێک ھەڵکەوتوە.
ڕووبەری ئەم قەڵا، پتر لە ٤ ھێکتارە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری ٩٠ تا ١١٠ میتر دەبێت و ھەر ئەم ئاستی بەرز بوونە وایکردوە کە جوان بە چوار دەوری خۆیدا بڕوانێ و بەرجەوەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی ھەیە.
پێرست |
مێژوو [دەستکاری]
زێویە یا ئیزیپیە یا زیپیا لە سەدەی ھەشتەمی پێش زایینی مەسیح، یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری ھۆزی ماننا بووە و لە کتێبە ئاشوورییەکان بە ناوی گەلی مێننی، ناوی لێبراوە وتێیدا ھاتوە کە ئەم شوێنە زۆر جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ئاشوور و ئورارتوو، ھێرشی کراوەتە سەر، بەڵام ئەم گەلە ھیچکات نەبەزیوە و قەڵاکەی بە دەستەوە نەداوە. شایانی باسە کە یەکەم جار ناوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووھەمدا تۆمار کراوە.
ناوبراو پاش ھێرش کردن بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ماناییەکان و پاش ئەوەی پێتەختی ماناییەکانی داگیر کرد و پاشاکەیانی بە ناوی ئیرانزوو بەزاند، دوو قەڵای گرینگی ناوەندی ھەرێمی مانای بە ناوی زیپیە (ئیزیپییە ئیزیپنا) و ئارماسیت، داگیر کرد، کە زۆربەی نووسەران و پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئاسەوارە مێژووییەکان، پێیان وایە کە ئەو زیپییە، ھەر ئەم زێویەی سەقزیە، و لەوانەشە کە شوێنی قەڵای ئارماسیتیش لە گوندی قەپڵانتوو بێ، کە لە ٥ کیلۆمێتری زێویە ھەڵکەوتووە.
لەوەیدا کە قەڵای زێویە، قەڵاێکی دەسەڵاتدارەتی گرینگ و جێگە سەرنج بووە ھیچ شک و دوو دڵیێک لە نێوان شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاسەوارە دێرینەکان نیە و تا ئێستا زۆربەی نووسەران و ئاسەوارناسان لە سەر قەڵای زێویە لێکۆڵینەوەیان کردووە و لەم بارەوە لێدوانیان داوە. یەکێک لەو کەسایەتییانە پرۆفسۆر گیرنێس، لێکۆڵەر و ئاسەوار ناسی بە ناوبانگی فەڕانسەیی و نووسەری پەرتووکی ھۆنەری ئێران لە دەورەی ماد و ھەخامەنشی، پێیوایە کە قەڵای زێویە، قەڵاێکی حوکمڕانی بووە و ناوبراو ھەموو ئەو ئاسەوارە مێژوویی و بە نرخ و بێ وێنانە کە لەم قەڵا پەیدا بوە بە میراتی پاشاێکی سەکایی دەزانێت کە بە حورمەتی ئەوەوە لە گەڵیدا لە گۆڕ نراوە.
بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕانی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری کوردستان، ئاسەوارە قوڕینەکان و باقی ئاسەوارەکانی زێویە ئەوە نیشان ئەدەن کە لە ناوەڕاستی سەدەی ھەشتەمی پێش زایین تا سەرەتاکانی دەسەڵاتداری ھەخامەنێشییەکان، ژیان لەم قەڵا بەردەوام بوە و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی داریوشی ھەخامەنشی و ھێرش کردن بۆ سەر ناوچەی سەقز، ژیان لەم قەڵادا کۆتایی پێھات.
دۆزینەوەی قەڵا [دەستکاری]
گرینگی و ناوبانگی جیھانی قەڵای زێویە بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە کە ساڵی ١٩٤٧ (١٣٢٥ کۆچیی ھەتاوی)، بە ھۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە قەڵاکە دادڕووخێت و خۆی دەردەخات و بەم ھۆیەوە سەدان پارچە ئاسەواری دەگمەن و بە نرخ لەم قەڵادا پەیدا کرا. پاش ئەو ڕووداوە کەسێک بە ناوی ئەیووب ڕبنۆ کە دەگوترێت جوولەکە بووە، ئیزنی دەرھێنان و گەڕان بە دوای ئاسەوارەکانی ئەم قەڵا لە دەسەڵاتدارانی رژیمی پەھلەوی وەردەگرێت و ناوبراو ٨ ساڵ بە شێوازی بەردەوام ٩٥٪ قەڵاکە و زەوییەکانی دەوروبەری و گۆڕستانی مێژوویی زێویە ژێر و ژوور دەکات و ھیچ ئاسەوارێک لەم قەڵا و لە پارچە ئاسەوارە بە نرخ و بێ وێنەکانی ئەم شوێنە ناھێڵێتەوە و بە ھاوکاری دەست و پێوەندەکانی خۆی ولە ژێر چاوەدێری کاربەدەستانی ڕژیمی پاشایەتیدا، ھەموو ئاسەوارە گرینگەکان لە کوردستان ئاودیوی دەرەوی وڵات دەکات و بە مۆزەخانەکانی بە ناوبانگی جیھانی دەفرۆشێت.
ھەنووکە ئاسەوارەکانی قەڵای مێژوویی زێویەی سەقز، ڕازێنەرەوەی مۆزەخانە بەناو بانگەکانی دنیا وەکوو: لووڤر لە فەڕانسە، مۆزەخانەی لەندەن، ڕمیتاژ لە لێنینگراد و مۆزەخانەی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و مۆزەخانەی نیویۆرک، فیلادێلفیا و دەیان مۆزەخانەی گرینگی دیکە لە جیھاندان و تەنھا بەشێکی بچووک و کەم لە ئاسەوارە زێڕەکان، زێوەکان و قوڕینەکان لە دەستی ڕێکخراوەی میراتی کولتووری کوردستاندایە.
ئەیووب بەم کارە، زەبرێکی کاریگەری لە جەستەی مێژوو و ڕەسەنایەتی ناوچەی سەقز و کوردستان وەشاند و ھەنووکەش ئاسەواری کردەوە تێکدەرانەکانی ئەیووب پاش ئەو ھەموو ساڵە ھەرماوە و بە ھۆی ئەو کاول کاریانە، لە زۆربەی بەشەکاندا بە ھیچ شێوەێک ناتواندرێت درێژە بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بدرێت و پرۆسەی دەرھێنانی ھەموو قەڵاکە لە گەڵ تەنگ و چەڵەمە بەرەو ڕوو دەبێت.
سەرچاوەکان [دەستکاری]
- قەڵای مێژوویی زێویھ - ماڵپەڕی ناوەندی ھەواڵنێریی سەقز
بەستەری دەرەکی [دەستکاری]
|
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||